مەی ٦٨ لەنێوان فەرەنسا و تونس‌دا
دیمانەیەک لەگەڵ میشێل فۆکو
ڕووداوەكانی مەی (ئایار)ی ١٩٦٨ی پاریس، ڕەنگدانەوەی تێكۆشانی قوتابیانی بەشداری بووی خۆپیشاندانەكانی فەرەنسا بوو، وەك ئەزموونێكی نایابی مێژوویی، هەموو سنوورەكانی كاروباری ڕۆشنگەری و سیاسی دنیای سەر لە نوێ داڕێژتەوە، لانیكەم تا ساڵی ١٩٧٠ بەردەوامی هەبوو. (ترامبادۆری) پاش دە ساڵ لەسەر مەی ٦٧ لەنێوان فەرەنسا و تونس ئەم دیمانەیەی لەگەڵ میشێل فوکۆ فەیلەسوفی فەرەنسی سازکرد:
ترامبادۆری: ئێستا تۆ چۆن ئەو ڕووداوانەی ئەوسای ١٩٦٨ هەڵدەسەنگێنیت.؟
میشێل فوكۆ: هەر وەك چۆن لە كاتی جەنگی جەزائیردا لە فەرەنسا نەبووم و بەسەرهەمان ژێی ڕووداوەكانەوە هەنگاوم نەناوە، ئاوها لەو ساڵەشدا-واتە ١٩٦٨- لە پەراوێزی ڕووداوەكاندا بووم، پاش گەڕانەوەم بۆ فەرەنسا، هەرچیم لەسەر ئەو ڕووداوانە بنووسیایە، وەك پەراوێزێكی بێ بایەخی لێ دەهاتن، ئەوەشم لە یاد ناچێتەوە كە لە (ماركۆزە)یان پرسی بوو: داخۆ بۆچی فۆكو له‌ناو ڕووداوه‌كاندا هیچ ڕۆڵێكی بەرچاوی نەبووە.؟ ڕاستیەكەی من لەو كاتانەدا له‌ناو ئه‌زموونێكی پرِ بایه‌خی فيكریدا ده‌ژیام، ئه‌وه‌ش كاتێك بوو كه له وڵاتی (تونس) نیشته‌جێ بوو بووم، هه‌ندێك جار له ژیانمدا به‌خت یاوه‌رم بووه، به نموونه: ئەو ساڵانەی كە له وڵاتی (سوید) بووم، سیستمێكی ناوازەی سۆسیال دیموكراتيم بینی، كه به باشی كاروباره مرۆییەكانی بەڕێوە دەبردن، كەچی له (پۆڵه‌ندا) ڕێڕەوی میللیانه‌ی دیموكراتییه‌ت چەوت و چەوێڵی تێدا بوو، له سه‌ره‌تای شه‌سته‌كانیشدا له نزیكه‌وه ڕاسته‌وخۆ په‌ره‌سه‌ندنی ئابوورییانه‌ی (ئه‌ڵمانیای فیدراڵ)یم ناسی، دواجاريش له (تونس)ی سەر بە جیهانی سێیه‌مدا گیرسامه‌وه و ماوه‌ی دووساڵ و نیوێك ژیانێكی سه‌یر وسهمهرانەم تێدا گوزەراندن، به‌ر له ڕووداوه‌كانی مەی به چه‌ند مانگێك ڕاپەڕینێكی پڕ لە توندوتیژی و سەركوتکردن له‌وێ به‌رپا بوو، هه‌ڵمه‌تی گرتن و ڕاوەدوونانی قوتابیان ده‌ستی پێكرد بوو، پۆلیس هه‌ڵیانده‌كوتایه سه‌ر زانكۆكان و ده‌ستدرێژییان ده‌كرده سه‌ر قوتابیان، جگه له زامداركردنی هه‌ندێكیان، زۆری تریان لێ خزاندبوونه ناو زیندانه‌كان، هه‌ندێكيان به هه‌شت ساڵ و نۆ ساڵ و ده ساڵ و ته‌نانه‌ت چوارده ساڵیش حوكم درابوون، به حوكمی ئه‌وه‌ی مامۆستای زانكۆ بووم و به ڕه‌گه‌زیش فه‌ره‌نسی، ئه‌مه وای له دهسهڵَاتدارانی ناوخۆی تونس كرد بوو، هیچ حه‌قیان به‌سه‌رمه‌وه نه‌بێت، لەبەر ئەوە له جووڵه و چالاكیدا ئازاد بووم، له‌ولاشه‌وه حكومه‌تی فه‌ره‌نسیی له به‌رانبه‌ر ئه‌م كارانه هه‌ڵوه‌سته‌ی هه‌بوو، ئەو كات یەقینم هەبوو كە له زانكۆكانی جیهاندا و له زۆرجێی تری دنیادا ڕووداوی هاوشێوه ڕووده‌ده‌ن..
ترامبادۆری: دەتەوێ بڵێیت خۆتان ڕاسته‌وخۆ به كار و چالاكی سیاسیيه‌وه هه‌ستابێتن؟
میشێل فوكۆ: به‌ڵێ؛ هه‌ر له ساته‌وه‌ختانی پێوه‌ندی کردنم به حزبی کۆمۆنیستی فه‌ره‌نسایی و هەتا ڕوودانهكانی ساڵاَنی دواتریش، ته‌نیا شتێكم له‌و ئەزموونە سیاسییهم بۆ مابێته‌وه، تێڕامانكاری بووە. لێتانی ناشارمه‌وه، له گه‌رمه‌ی جه‌نگی (جه‌زائیر)یشدا نه‌متوانی ڕاسته‌وخۆ له رووداوه‌كاندا به‌شداریم هه‌بێت، بهڵاَم له تونس‌دا خۆم له حاڵێكدا دیته‌وه كە ناچار بووم لایه‌نگری قوتابیان بم و هاوكارییان بكه‌م، سه‌رپێچیم له هه‌موو ئه‌و هه‌رایانه ده‌كرد كه له لایه‌ن داموده‌زگاكان و خوتبەخوێنە سیاسییه‌كانه‌وه دژ به قوتابیان ده‌كران.
پیشەی ئه‌و ماركسیزمەی سه‌ره‌تای ساڵاَنی په‌نجاكان له‌و ماركسیزمەی ناو پۆلۆنیا نه‌ده‌چوو كه بە لای گه‌نجانی پۆلۆنیاییەوە بوو بووه جێی بێزراويی، ماركسیەت له پۆلۆنیا وه‌ك خوێندنی ئایینی ئه‌زبه‌ر ده‌كرا، لە ساڵانی شێستەكاندا ديالۆگەكانیان زۆر سارد و سڕ بوون، كه‌چی له تونس‌دا به پێچه‌وانه‌وه، هەرهەمووان وێڵی دوای ماركسیزمێكی پڕ شەوق و ڕادیكاڵانە بوون، ئەوە باشترین رِێگهچارهی واقیعیانه بوو بە لایانەوە، ئەوە بە ڕای ئەوان، هاوكات بزوێنه‌ری وزه و چالاكیی بوونگهرییانەیان بوو، كاتێك كاره‌كانی قوتابییه ماركسیه تونسییهكانم به‌و دیسكۆرسانە به‌راورد ده‌كرده‌وه كه له‌سه‌ر چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی ره‌وته ماركسییه‌كانی ئه‌وروپایی ده‌مدانه‌وه، بێ ئومێدی ئەوكی دەگرتم. له تونس به بۆچوونه‌كانمدا هاتمه‌وه، ئەم بەخۆداچوونەوەیە به‌ره‌و گه‌نگه‌شه‌ی سیاسی بردمیانن، ئه‌و كاتانه له مەی ٦٨ی فه‌ره‌نسا نه‌بووین، به‌ڵكو له مارسی ٦٨ی ناو جەرگەی وڵاتێكی سه‌ر به جیهانی سێیه‌مدا بووین.
ترامبادۆری: تۆ وه‌ك چالاكییه‌كی بوونگه‌رییانه، بایه‌خ به ئه‌زموونی سیاسيی ده‌ده‌یت، ڕه‌نگه له‌به‌رئه‌وه بێت كه ئه‌م ڕێگهیەت بە ته‌نیا زامنكارێكی ڕاستگۆیی و ڕه‌سه‌نایه‌تیت بێت؟ ئایا له‌و بڕوایه‌دایت به لای قوتابیانی تونسه‌وه له‌نێوان هه‌ڵبژاردنی ئیدیۆلۆژیایه‌ك و مكوڕبوونیان بۆ راپهرِین خاڵی هاوبه‌ش هه‌بووبێت؟
میشێل فوكۆ: له جیهانی ئەمڕۆدا چ شتێك پێویسته بكرێت و مرۆڤ دەخاتە سه‌ر ئه‌و بڕوا و توانایه‌ی كە بە بێ ئه‌وه‌ی بیر له قازانج و دهسهڵَاتێكی دیاریكراو بكاته‌وه؛ ڕه‌هایانه قوربانی به‌خۆی بدات؟ له تونس ئا ئه‌و شته‌م بینی، لەو بڕوایەدام پێوەندی بە پێكهێنانی ئه‌فسانه‌كانی میتاوه هەبێت يان ئەوە گەڕان بێت به شوێن ڕه‌هه‌نده ڕۆحییه‌كان و هه‌روه‌ها كاردانه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ندیانه بێت له به‌رانبه‌ر سه‌رجه‌م بنه‌ما داچهقیوهكانی كه سه‌رمایه‌داری و داگیركاران به هه‌ردوو شێوازی كۆن و نوێ چه‌سپاندویانه، وه‌ك زهڕورهتێك له‌م جۆره تێكۆشانه‌ی قوتابیاندا ڕاسته‌وخۆ به جه‌سته و وجوده‌وه مه‌سه‌له‌ی پابهندێتيی ده‌لكێت، بەڵام له تێكۆشانی قوتابییه‌كاندا پشتبه‌ستن به ماركسییه‌ت وه‌ك ئایكۆن و مه‌رجه‌عیه‌تێك.! بۆ ئه‌وەیان له‌و بڕوایه‌دام هیچ بزوێنه‌ری سه‌ره‌كی لە پشتەوە نه‌بێت، با ڕوونتر بدوێم: پێكهاته‌ی ماركسیزم لای قوتابیانی تونس، نه هێنده پته‌و و ڕه‌گ داكوتاو بوو، نه هێنده ڕوون و ئاشكرا بوو تا به ئاڕاسته‌ی تێكۆشانه‌كه‌یان ببات، دایه‌لۆگه‌كانیان له‌سه‌ر ڕەوڕەوەی ستراتیژیه‌ت و ته‌كتیكی چه‌ند ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بوون و فره هێرمۆنتیك له بۆچوونه‌كانیاندا هه‌بوون، كاره‌كه‌یان پێوه‌ندی به شتێكی ته‌واو جیاواز لە ئیدیۆلۆژیای سیاسی هه‌بوو، گه‌رچی هه‌ستكردنیش به ڕۆڵی تیۆرییانه و شێوازه زانستییه‌كه‌ی ئیدیۆلۆژیا بۆ ڕاپه‌ڕین وه‌ك (سه‌رپۆشێك)ە و زۆر پێویستە، بەڵام نه‌ك وه‌ك ڕێبازێكی ڕاست و دروست.
ترامبادۆری: ئه‌و ئاماژانه‌ی له به‌شداریكردنی ڕاسته‌وخۆ و زیندووی ئه‌زموونه‌كه‌ی تونس‌دا بۆتان ده‌ركه‌وتبوو، له فه‌ره‌نساشدا هەر هه‌مان ئاماژه بوون؟ ئه‌و دوو ئه‌زموونه چ پێوه‌ندییه‌ك پێكه‌وه‌یان ده‌به‌ستێته‌وه؟ له‌دوای مەی چۆن بڕیارتان له‌سه‌ر پێوه‌ندیكردن به تێكۆشانی گه‌نجانه‌وه دا، ئه‌و دایه‌لۆگ و بیروبۆچوونانه چی بوون كه له زۆربه‌ی بۆنه‌كاندا وای لێ كردن هه‌ڵوێستتان له پاڵ بیریارانی وه‌ك سارته‌ر و جۆنماری و مۆریس كلاڤال یه‌ك بخه‌ن و له‌سه‌ر بزاڤه‌كانی ((گرووپی ڕاگه‌یاندنی زیندانیان))و بارودۆخی ناو زیندانه‌كان بدوێن؟
میشێل فوكۆ: كاتێك له نۆڤه‌مبه‌ری ١٩٦٨ بەرەو فه‌ره‌نسا گەڕامەوە، به جۆرێك له جۆره‌كان تووشی په‌شۆكان و داچڵه‌كان و نائومێدی بووم، له‌و كاته‌دا دیمه‌ن و تێكۆشانه‌كانی تونسم به‌وه‌ی فه‌ره‌نسا به‌راورد ده‌كردەوە، جمه و شه‌پۆلی تێكۆشه‌رانی (کارتیە لاتە- گەڕەکی لاتە) و ژیان خستنه‌سه‌ر له‌پی ده‌ست و گوێنه‌دان به پازده ساڵ حوكمدان له تونس شتێك بوو، قه‌به‌كردنه‌وه‌ی ماركسییه‌ت و دابارینی تیۆر و ئاڵوگۆڕینه‌وه‌ی رڕق و له‌عنه‌ت و بڵاَوبوونهوهی دیارده‌ی بێزاربوون له ژیانی ته‌نزیمات له فه‌ره‌نسا شتێكی ته‌واو جیاوازتر بوو له‌وه‌ی تونس، ئه‌م دوو ئه‌زموونه له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هاوبارگه و هاوئاهه‌نگ نه‌بوون، له فه‌ره‌نسا ماركسییه‌ت كه‌وتبووه ناو دیارده‌ی هه‌ڵئاوسان و خوێن بەربوون و بەلەفیڕەی ئه‌و خیتاباتانهوه كه له ساڵی ١٩٦٩وه بوو بوون به مۆده‌یه‌كی باو و له زانكۆكانی هاوشێوه بە زانكۆی ((فانسان))دا تەشەنەیان سەندبوو. ئه‌وكات ده‌مه‌ویست به داڕشتنه‌وه‌ی چه‌ند كهتهگۆریایهكهوه پابه‌ند بم، چونكه ده‌مزانی بە بێ شرۆڤەكردنی دۆخه ئاڵۆزكاوه‌كان ناتوانرێت چاره‌ی گونجاو بۆ كێشه‌كان بدۆزرێنه‌وه، هه‌ر بۆیه به قووڵی و چالاكانە له ناو گرووپی ڕاگه‌یاندنی زیندانییه‌كاندا كه‌وتمه كاركردن، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێك بوو بۆ چاوخشانه‌وه به‌و تیۆریانەی پێوه‌یان سه‌رقاڵبووم؛ له‌وانه‌ش مێژووی شێتی و زایه‌ندی و له دایكبوونی نۆرینگه كه له میانه‌ی ئه‌و دیمه‌ن و ڕووداوانه‌ی له تونس‌دا بینی بووم؛ بیرۆكهكانمیان ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌كردن.
ترامبادۆری: كاتێك باس له مەی ٦٨ ده‌كه‌ن و به‌م شێوه‌یه‌ی كه لێی ده‌دوێن، له ڕه‌هه‌ندی ڕووداوه‌كه‌ی ڕوویداوه كه‌مبایه‌خی ده‌كه‌ن، واته ئێوه ته‌نیا له ایهنه هه‌زه‌لییه ئیدیۆلۆژییهكهیدا كورتی ده‌كه‌نه‌وه. له‌و بڕوایه‌دام به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ده‌بوایه ئاماژه به سنووری ئه‌م بزاڤه بده‌ن و ئاوها كه‌م بایه‌خانه ڕێكخراوه پهرتوبڵاَوهكانیتان باس نه‌كردایه، چونكه ئه‌مانه دواتر بوونه بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی و سه‌رتاپای ئه‌وروپای تەنی.
میشێل فوكۆ: بێگومان مەی ٦٨ بۆ خۆم پڕ به دنیایه‌ك بایه‌خی هه‌بووه، ئەگه‌ر ئه‌و ڕووداوانه نه‌بوونایه نه‌مده‌توانی ئه‌و كاره فكرییانه ئه‌نجام بده‌م كه له‌سه‌ر چه‌مكه‌كانی زیندانیان و زایه‌ندی و تاوان نووسیومن، له كه‌شوهه‌وای به‌ر له‌و ڕووداوانه‌دا به‌و شێوازه بیرم نه‌ده‌كرده‌وه كه له دێپاتهكانمدا دواتر هاتوون، ته‌نیا مه‌به‌ستم بووه بڵێم هه‌ندێك له‌و دیارده بینراوانه‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌ی ساڵانی ٦٨ و سه‌ره‌تاكانی ٦٩دا سادهگۆییان پێوه دیاربوون، بۆ من نامۆ بوون.
ئه‌و شتانه‌ی هۆكار و ئاراسته ڕاسته‌قینه‌كانی ڕووداوه‌كه بوون چ له تونس یان له فه‌ره‌نسادا هه‌ندێك گۆڕانكارییان خسته ناو بیركردنه‌وه‌كانم، بوونه جێی بایه‌خ بۆم، ئه‌وه‌ی ڕوویدا وای له فه‌ره‌نسا كرد بۆ دواوه بگه‌ڕێته‌وه و دیارده‌ی ڕێکخستنی بچووك بچووكی تێدا دروست ببێته‌وه و ماركسییهتیش بۆ چه‌ند پارچه‌یه‌كی هه‌رزاڵ هه‌رزاڵ بووی وا كه یه‌كترییان ده‌دایه به‌ر له‌عنه‌ت و جنێوی ناشیرین په‌رتوبڵاو ببنه‌وه، گه‌ر قووڵتر لێكت بدایه‌ته‌وه شته‌كان زۆریان له گۆڕانێكی سه‌یردا بوون، به شێوازێك كە له‌چاو جاراندا هه‌ستم به حهوانهیهكی فيكری ده‌كرد، ئه‌و شتانه‌ی لە ته‌وه‌ره‌ی بایه‌خی مندا بوون كه‌وتنه ناو ته‌وه‌ره‌ی بایه‌خپێدانی گشتی خه‌ڵكه‌وه، به تایبه‌ت ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه پێشتر لای كه‌س ده‌نگدانه‌وه‌یان نه‌بوو، ته‌نیا له ئه‌نتی پزیشكی ده‌روونیدا نه‌بێت، كه‌چی ئێستا گوتارەكانی ئه‌و بواره جێی باس و خواسێكی گه‌رمن، به‌مه توانیم توێكڵه‌ی به كلسبووی بۆگه‌ناوی وتووێژه نه‌زۆكه‌كانی ته‌نزیماته گچكه‌كان تێپه‌ڕێنم و له زه‌مینه‌یه‌كی تردا بگیرسێمه‌وه، كه بۆ كاری هاوبه‌شی نێوان ڕۆشنبیران و خه‌ڵكانی ئاسایی له بیركردنه‌وه‌دا شێوازێكی نوێی پێوه‌نديی له‌نێوانیان دروست بێت.
دواتر بۆ بنەما و گوتار و ناوه‌ڕۆكێك دەگەڕام كه ئه‌م جۆره پێوه‌ندییانه‌ی تێدا قاڵ ببنه‌وه، چونكه گوتارە ههمهشێوهكان بۆ تێگه‌یشتن له یه‌كتر، له‌نێوان خۆیاندا هه‌مان زمانی هاوبه‌شیان نییه، خۆشحاڵم كه ئه‌مڕۆ كه‌سانێكی زۆر ده‌بینم دڵگه‌رمانه گوێ ڕاده‌دێرن، كاتێك له‌سه‌ر خانه‌ی كهمژیران و زیندانه‌كان و شار و پزیشكی و مه‌رگ و ژیان ده‌دوێم و له ڕووی تیۆرییه‌وه زۆر پرسیاریان له لا ده‌وروژێنم..
ترامبادۆری: ئه‌و دیسكۆرسەی له كۆلێژی دی فرانس پێسکەشتان کردبوو و دواتر به ناونیشانی سیستمی گوتار بڵاَوتان كرده‌وه، ئەوە بۆ ساڵی ١٩٧٠ ده‌گه‌ڕێته‌وه. تۆ له شیكردنه‌وه‌ت بۆ میكانیزمه‌كانی كه ته‌حه‌كوم به گوتارەوه ده‌كه‌ن، بیرۆكه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان مه‌عریفه و گوتارت داڕِێژاوهتهوه ، بابه‌تی هه‌ژموونكردنی ده‌سه‌ڵات بهسهرحهقیقهتتدا، هه‌روه‌ها بابه‌تی ئیراده‌گه‌ریی له گه‌یشتن به حه‌قیقه‌ت، قۆناغێكی نوێی گرنگی بیركردنهوهته. چۆن ئه‌م گرفتانه‌ت له رووی فكرییه‌وه گه‌مارۆ دا؟ چۆن بە هۆی ته‌وژمه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گه‌نجان له ٦٨دا دەسەڵات خۆی ده‌رخست؟
میشێل فوكۆ: له خۆم ده‌پرسم به درێژایی ژیانم چیم به‌سه‌رهات ؟ ئه‌و دڵه‌ڕاوكێیانه‌ی له به‌رانبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی سویدی هه‌مبوون واتایان چی بوون؟ هه‌مان دڵه‌ڕاوكێش له پۆلۆنیا چۆن بوون؟ ده‌پرسم واتای چی بوو ئه‌و ڕاپەڕینە ڕهگاژۆیهی قوتابیان له تونس پێی هه‌ستان و له پێناوی چیدا؟ له‌م هه‌موو دیارده‌یه‌دا چ بابه‌تێك جێی پرسیار بوون؟ هه‌موویان به هۆی ئه‌و ئامڕاز و ڕێگایانهوهن كه دەسەڵات پیاده‌یان ده‌كه‌ن، نه ته‌نیا دەسەڵاتی ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ت به‌ڵكو دەسەڵاتی داموده‌زگا ههمهشێوهكانی كه ڕۆژانه و به به‌رده‌وامی شێوازه‌كانی چه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن، چی وای لێده‌كردین چاوپۆشی له‌و دەسەڵاتانە بكه‌ین كە له ناو بونیادی گشتی كۆمه‌ڵگه‌دا ڕسكاون و چه‌ندین كه‌ناڵ و ده‌زگایان له ده‌وروبه‌رمان دامه‌زراندووه؟
ئه‌مانه ته‌نیا له ناو یاساكانی ده‌وڵەتدا كه بۆ به‌ڕێوه‌بردن دایڕشتونه‌ته‌وه بوونیان نییه، به‌ڵكو زۆربه‌یان جڵه‌وی ژیانی ڕۆژانه‌یان لێ وهرگرتوینهتهوه و به ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ به‌ڕێوه‌مان ده‌به‌ن، له‌و ده‌زگایانه‌ش هۆیه‌كانی ڕاگه‌یاندن به نموونه؛ كاتێك كتێبی مێژووی شێتی و له‌دایكبوونی پزیشكیی نۆرینگهییم داده‌نا، بیرم له مێژووی مه‌عریفه ده‌كرده‌وه، ته‌نیا و ته‌نیا سه‌ره ده‌زووی نێوان هه‌موو شته‌كانم له مه‌سه‌له‌ی دەسەڵاتدا ده‌بینییه‌وه .
له راستیدا من ته‌نیا له‌و دهزگایانهم ده‌ڕوانی و بە دواداچوونم بۆ دەكردن كه به ناوی لۆژیك و په‌یماننامه و ڕێكه‌وتنه‌وه كار و كرده‌وه و وته‌ی خه‌ڵكانیان له مه‌نگه‌نه ده‌دا و هه‌موویان بۆ چه‌ند چه‌مكێك و چه‌ند ڕێسا و یاسایه‌ك خانەبهندیی ده‌كردن و لە قاڵبیان دەدان، من ته‌نیا مێژووی دەسەڵاتم ده‌خسته‌وه به‌ر محه‌ك، به كورتییه‌كه‌ی له مەی ٦٨ دا ڕاپه‌ڕینێكم بینی، دژ به زنجیره‌یه‌ك شێواز و ڕه‌فتاری دەسەڵات، له هه‌ندێك ناوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراودا فشاری توندیان خستبووه سه‌ر چه‌ند توێژیكی گه‌نجان.
له‌میانه‌ی ئه‌و ئه‌زموونانه و له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ش ئه‌زموونه‌كه‌ی خۆمه‌وه ته‌نیا وشه‌یه‌كم بۆ ده‌رده‌كه‌وت، هه‌ر وه‌ك چۆن وشه‌یه‌ك به مه‌ره‌كه‌بی نهێنی له‌سه‌ر كاغه‌زی سپی نووسرابێته‌وه و بە هۆی بەسەردا ڕشتنی مەرەكەبی دەرخستنیەوە دەمدۆزییەوە، ئه‌و وشه‌یه‌ی كه دۆزیمەوە بریتی بوو لە وشەی دەسەڵات.
*ساڵی ١٩٧٨ له لایه‌ن دكتۆر ترامبادوری ئه‌م دیالۆگه له‌گه‌ڵ میشێل فوكۆ سازدراوه، دواتر ساڵی ١٩٨٠ له یه‌كه‌مین ژماره‌یدا(( گۆڤاری كۆنترێبوتۆ)) بڵاوی كردۆته‌وه.