ڕووناکبیرانی چەپ و کورد: نموونەی ئێدوارد سەعید، حەمید دەباشی و تارق عەلی

یەکێک لە دیارترین نیشانەکانی گوتاری ڕووناکبیریی چەپ تاوانبارکردنی هێزە ڕۆژئاواییەکانە بەوەی کە سەرچاوەی ئەو هەموو خراپەکارییانەن وا لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا ڕوو دەدەن. ئەم خراپەکارییانە زۆرتر لەژێر ناوی ئەمپریالیزم، کۆلۆنیالیزم، نیۆلیبرالیزم، داگیرکاری، ڕاهێنانی تیرەگەری ئایینی، شەڕ، چەوسانەوەی ئابووری و هتد باس دەکرێن.

ئەم هەڵوێستە چەپییە لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا ئاشکراتر بەر چاو دەکەوێ، چون دەبینین نووسەران و توێژەرانێکی وەک ئێدوارد سەعید، تارق عەلی و حەمید دەباشی زۆر جاران و بە ئارەزووی خۆیان چوونەتە بەرەی فەلەستینیەکان و دژ بە ئەمریکا و ئیسراییل هەڵوێستیان گرتووە، بەڵام بە دەگمەن باسی ئازارە سیاسییەکانی حەشیمەتی زۆری کوردانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیان کردووە؛ حەشیمەتێک کە کەوتۆتە بەر هەڵاواردنی ئێتنیکی، کۆمەڵکوژی، زمانکوژی و توانەوەی فەرهەنگی.

ئەوەی زۆر جێی تێڕامانە ئەوەتە کە ئەگەرچی هێزە کۆلۆنیالییەکانی وەک بریتانیای مەزن و فەڕەنسا بوون کە سەرەتا سنوورە گرێبەستییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینی هاوچەرخیان کێشا، بەڵام ئەویترە سەردەستەکانی کورد بریتانییەکان، فەڕەنسییەکان، ئەمریکییەکان یان ئیسراییلییەکان نین، بەڵکوو حکوومەتی تورکی، ئێرانی، سووری و هەتاکوو ئەم دواییانەش عێراقییە.

ئەم حکوومەتانەن کە گەلی کوردیان خستۆتە ژێر ڕکێفی فەرهەنگی، سیاسی و ئابووری خۆیان.

تارق عەلی، حەمید دەباشی، ئێدوارد سەعید

لەحاڵیکدا کە بەشێکی زۆر لە نووسەران و ڕووناکبیرانی چەپ بەردەوام پەسنی بزووتنەوەگەلێکی ناسیۆنالیستی وەک بزووتنەوەی فەلەستینی دەدەنەوە و بە بزووتنەوەیەکی دژەئەمپریالیستی/دژەڕەگەزپەرستی/دژەکۆلۆنیال ناوزەدی دەکەن، هەندێکیان بە بێ ئەوەی پارچەپارچە کردنی شوناسی کوردی بە درێژایی مێژوو ببینن هەوڵی ئەوە دەدەن کە بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکانی کورد وەک کێشەی ناوخۆیی حکوومەتە پێوەندیدارەکانیان لێک بدەنەوە و بەمجۆرەش بیخەنە پەراوێز و دەنگی کپ بکەن.

ئەم ڕووناکبیرانە (بۆ نموونە تارق عەلی و حەمید دەباشی) زۆرتر لایەنگری پاراستنی باڵادەستیی حکوومەتە دەسەڵاتدارەکانی ئێستای ناوچەکەن (حکوومەتگەلێک کە خۆیان بە دەستی هیزە ئەمپریالیستی و کۆلۆنیالەکان چێ بوونە) تاکوو ئەوەی بیانەوێ ئەم حکوومەتانە بگۆڕن یان پشتیوانیی لە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد بکەن.

تەنانەت پتر لەمەش، بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکانی کورد زۆربەی کات وەک بریکاری پلانی ئەمپریالیستی و زایۆنیستی دژی حکوومەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین سەیر دەکرێن. ئێران، عێراق، سووریە، و تورکیا زۆر جاران ئەم گوتارەیان بۆ پشتگوێ خستنی داخوازییە سیاسی، ئابوورییەکانی گەلی کورد و مافە فەرهەنگییەکانیان بە کار بردووە.

نووسەران و ڕووناکبیرانی بەناوبانگی چەپ وەک نوام چامسکی، هارۆڵد پینتێر و داریۆ فۆ زۆر گشتگیرتر و ڕێک‌وپێکتر لە کەسانێک وەک تارق عەلی، ئێدوارد سەعید و حەمید دەباشی بارودۆخی گرووپە چەوساوە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیان نواندووەتەوە.

چامکسی کە پشتیوانێکی تەواوی دۆزی فەلەستین و هاوڕێی سەعیدی کۆچ کردوویش بووە بەردەوام هەم سیاسەتە نەگریسەکانی حکوومەتی تورکیای دژی کوردان ئیدانە کردووە هەم بازرگانیی چەک‌وچۆڵی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا.

چامکسی کە پشتیوانێکی تەواوی دۆزی فەلەستین و هاوڕێی سەعیدی کۆچ کردوویش بووە بەردەوام هەم سیاسەتە نەگریسەکانی حکوومەتی تورکیای دژی کوردان ئیدانە کردووە هەم بازرگانیی چەک‌وچۆڵی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا. پینتێریش هەر زۆر زوو لەگەڵ بزووتنەوەی دژەئاپارتاید کەوت و بەرهەڵستکارێکی توندوتۆڵی هێرشی بە ڕێبەری ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ بوو، بەڵام هاوکاتیش پشتیوانیی لە مافە زمانییەکانی کورد دەکرد و لە بەر ئەمەش کەوتە بەر ڕقی تورکیا.

داریۆ فۆ“ش بەمجۆرە ڕۆژنامەکانی تورکیای دواند: “کوردستان دەژیت. کوردستان ئاگرێکە کە لە مێشکی تەک بە تەکی ئەو ٣٥ ملوێن کەسەی کە شوناسەکەیان لێ دزراوە و لە تورکیا، عێراق و ئورووپا کراونەتە پەنابەر بڵێسە دەستێنێ. بڵێسە دەستێنێ و لە ئاگرەکانی نەورۆزدا دەبووژێتەوە و دەژیت، لەو زیندانانە دەبووژێتەوە کە ١٢٠٠٠ زیندانی سیاسییان لە زیندانە تاکەکەسییەکانیدا حەشار داوە. ئاگرێکە کوردستان و لە بیرەوەری هەموو ئەوانەدا دەژیت کە بێ‌سەر‌و‌شوێن‌ کەوتوون، ئاگرێکە کوردستان و لە جێی برینەکانی هەموو ئەوانەدا دەژیت کە بێ‌سەروشوێن کەوتوون، ئاگرێکە کوردستان و لە جێی برینی هەموو ئەوانەدا دەژیت کە ئەشکەنجە کراون. ئاگرێکە کوردستان و لە چیاکانی بەرخۆدانی جەماوەریدا، ئەوەی دنیای ڕۆژئاوا ناوی لێ ناوە تێرۆریزم، بڵێسە دەستێنێ و شەماڵە دەکا”.

پێچەوانەی چامکسی، پینتێر و فۆ، ئێدوارد سەعید نە تەنها مافە نەتەوەییەکانی کوردی دانیشتووی دوو وڵاتی ژێر دەسەڵاتی عەرەبی عێراق و سووریای خستە پەراوێزەوە، بەڵکوو تەنانەت کاتێک ڕژیمی سەدام لە دەیەی ١٩٨٠دا کوردانی کیمیاباران کرد هەڵس‌وکەوتێکی لێبوردخوازانەی گرتە بەر. تاقە جارێکیش کە ئێدوارد سەعید پشتی بەستۆتە ڕاپۆرتی سی ئای ئەی کاتێک بوو کە  ڕاپۆرتەکە گومانی خستبووە سەر ڕاست بوونی ئەو هەواڵانەی دەیانوت ڕژیمی سەدام چەکی کیمیایی دژی کورد بە کار بردووە و سوپای ئێرانی بە تاوانباری ئەم کارەساتە ناو دەبرد.

سەعید لە گۆڤاری لاندن ڕێڤیوو ئاف بۆکسدا نووسیبووی ئەو “بانگەشەیە کە گوایە عێراق هاووڵاتیانی خۆی کیمیاباران کردووە زۆرجار دووپات بۆتەوە. بەڵام ئەو پەڕی بانگەشەیەکی گوماناوییە.”

ئەوە جێی سەرسووڕمانە کە ئاکام‌بەندییەکەی سەعید لەگەڵ بەرژەوەندی ئەمریکا یەکی دەگرتەوە، ئەو کات بەرژەوەندی ئەمریکا لەوەدا بوو کە دەنگی نێونەتەوەیی لە بەرانبەر تاوانەکانی ڕژێمی سەدام دژی کورد و شیعەی عێراق کپ بکات.

هەڵوێستی سەعید کە لە سەرەتادا گشتگیر دەینواند، لە ئاکامدا دەرکەوت کە تەنیا ڕای تایبەتی خۆیە چونکوو تەنیا ئەو بوو کە یان لە ڕووی نەزانییەوە یان خود ئاگایانە و بە ئەنقەست لایەنی ڕژیمی دیکتاتۆری سەدام حوسەینی گرتبوو، ڕژیمێک کە قارەمان و نوێنەری شوناسی توندئاژۆی عەرەبی بوو.

هەڵوێستی سەعید کە لە سەرەتادا گشتگیر دەینواند، لە ئاکامدا دەرکەوت کە تەنیا ڕای تایبەتی خۆیە چونکوو تەنیا ئەو بوو کە یان لە ڕووی نەزانییەوە یان خود ئاگایانە و بە ئەنقەست لایەنی ڕژیمی دیکتاتۆری سەدام حوسەینی گرتبوو، ڕژیمێک کە قارەمان و نوێنەری شوناسی توندئاژۆی عەرەبی بوو.

لە بەر ئەوەی توێژینەوەی پۆستکۆلۆنیال لە ژێر کاریگەری قورسی سەعیددا بووە، زۆرێک لە بیرمەندانی پۆستکۆلۆنیالیش بە نەوبەی خۆیان شوێن پێی سەعیدیان گرتووە و وەک ئەو چوونەتە بەرەی دژی زایۆنیزم و لە سەر فلەستین وەک سەمبۆلی ئەجندەی چەپ و دژەئەمپریالیسم نووسیویانە.

هاوشێوەی سەعید، حەمیدی دەباشیش لە کتێبەکەیا “ئێران: گەلێکی هەڵئاوساو” چیرۆکێ دەگێڕێتەوە کە باسی ئێرانی دوو سەدەی ڕابردوو دەکات، ئەویش بە شێوەیەک کە لە حەز و ئارەزووی ئەکادیمی و هیوای ئێرانێکی بیرفراوان ئاخنراوە، لە حاڵێکدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ڕەخنە لە ڕەگەزپەرستی فارسی دەگرێ بێ ئەوەی لەسەر ئەم کارەی شێلگیر و بەردەوام بێ.

لە کتێبەکەی دەباشیدا، دوو زاراوەی فارسی [1]و ئێرانی [2]هاوواتای یەک دانراون و ڕەخنە و پرسیار لە پێگەی گشتگیری زمانی فارسی کە بەرهەمی توانەوەی فەرهەنگی گەلانی تر و توندوتیژیی سەمبۆلیکی داسەپاوە ناگیرێت.

لە مەڕ بارودۆخی کورد لە مێژووی ئێراندا، دەباشی ئاماژە بە کورد دەکات و دەڵێ کە چلۆن کورد لە کۆتایی دەیەی ١٩٧٠، واتە زەمانی دامەزرانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەملاوە هەشت جار و بێ ئەوەی بکرێ لێکی بدەینەوە هاتووەتە مەیدانی سیاسیی مێژووی ئێرانەوە.

نواندنی کورد لە کتێبەکەی دەباشیشدا کێشەدارە، چونکوو هەرگیز ماف یان فەزای دەربڕینی ئازارە سیاسییەکانی پێنادرێت. لەجیاتیی زۆر بێهەستانە ئاماژە بە کورد دەکرێت، وەک کەسانێک کە “بۆ خودموختاری شەڕ دەکەن” (لاپەڕەی ١٦٥) یان “بزووتنەوەی جیایی‌خوازی کورد” (١٦٦) و گرووپێکی “ناوچەیی” کە ئەتوانێت نەتەوەی بەناو بیرفراوانی ئێرانی دابەزێنێتە ئاستی پێکهاتەیەکی عەشیرەیی و لە ئاکامیشدا ببێتە هۆی دابەش کردن و دۆڕانی ئێرانییەکان.

کاتێک دەباشی هەوڵی وێنا کردنی فەرهەنگی بیرفراوانی ئێرانی دەدات، ڕستەگەلێک سەبارەت بە کورد و ئێران دەنووسێت کە تەواو بێ بنەمان و دەتوانن هەموو خوێنەرانی ئاگا تووشی شۆک بکەن: “ئەگەر بێت و کورد خۆیان لە ئێران، تورکیە، عێراق و سووریە جودا کەنەوە و وڵاتێکی یەکسەر کوردی دابمەزرێنن، مۆتەکەی ئەم دەوڵەت-نەتەوە پاکتاوکراوە ئێتنیکییە تەنیا کارێک کە دەیکات بەرەو خراپەتر بردنی مۆدێلی عەشیرەگەرایی ئاخوندییە کە ئێستا بە سەر ئێراندا حوکم دەکات، و “دەوڵەت-نەتەوەی ئێران، تەنانەت پاش بیست و پێنج ساڵ لە ئیسلامیزەبوونی سەرکەوتووی دامەزراوە سیاسییەکانی هێشتاش لانەی فەرهەنگێکی سیاسی بیرفراوانە.

دەباشی لە نووسینەکانیدا ویستی کورد بۆ دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی خۆی شایەنی سزا دەزانێت چونکوو پێی وایە ئاکامی دەبێتە “مۆتەکە” یان “پاکتاو کردنی ئێتنیکی”.

لەوە باوەرنەکردنی‌تر ئەوەتە کە دەباشی خەباتی کورد بۆ سەربەخۆیی سیاسی بەوە تاوانبار دەکات کە دەسەڵاتی ئاخووندی لە ئێراندا ڕاگرتووە.

ئەوەی دەباشی بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە کورد دەیەوێ ئەوەتە کە دەنگی ناڕەزایەتی کپ بکات و بەرهەڵستکاری حکوومەتی فارسی نەکات، ئەویش حکوومەتێک کە لەنێوان گرووپە غەیرەفارسەکان و فارسدا جیاوازی دادەنێت.

بۆیە ئەوەی دەباشی بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە کورد دەیەوێ ئەوەتە کە دەنگی ناڕەزایەتی کپ بکات و بەرهەڵستکاری حکوومەتی فارسی نەکات، ئەویش حکوومەتێک کە لەنێوان گرووپە غەیرەفارسەکان و فارسدا جیاوازی دادەنێت.

دەباشی قسە لە ئێرانێکەوە دەکات کە لانەی فەرهەنگێکی سیاسی بیرفراوانە و ئەم ئاکام‌بەندییە خەوشدارە پیشان دەدات کە چەن لە ڕاستیی کۆمەڵگای ئێرانی دوورە. کۆمەڵگایەک کە تێیدا ئەمپریالیزمی فەرهەنگیی فارسی شەرمی فەرهەنگیی بردۆتە مێشکی گرووپە غەیرەفارسەکانەوە و ڕێگەی لەوە گرتووە کە کوردان ناوی کوردی لە منداڵەکانیان بنێن یا بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن.

ئەگەر ئەم نابەرابەرییانە ئاکامی فەرهەنگی سیاسی بە ناو بیرفراوانی ئێرانە، دەی کەواتە بیرفراوانیی ڕەمزێکە بۆ شاردنەوەی باڵادەستیی فارس.

وادیارە کە بۆ دەباشی ئاساییە زۆرینەی گەلانی دنیا چێژ لە مافە نەتەوەییەکانیان ببەن و لەو لاشەوە گوتاری بنەماشکێنانە لە سەر ناسیۆنالیزم لە نێوچەوانی کوردی بێ‌دەوڵەت بدات.

ئەم یەک بان و دوو هەوا بوونە ناپەسەندە کاتێ ڕوونتر دەکەوێتە بەر چاو کە ناسیۆنالیزمی نەتەوە ژێردەستەکان لەبەر هەڵکردنی ئاڵای نەتەوەکەیان و گەیشتن بەو ئامانجانەی نەتەوە سەردەستەکان پێشتر وە دەستیان خستووە و دەستیان بە سەردا گرتووە بە خەستی دەخرێتە ژێر پرۆسەی کێشەسازی و بنەماشکێنی.

وایان داناوە کە ناسیۆنالیزمی گرووپە ژێردەستەکان جیایی ساز دەکا، بەڵام پشتیوانیی لە ناسیۆنالیزمی گرووپە سەردەستەکان دەکەن چوونکە پێیان وایە پێکەوەنووسانی کۆمەڵایەتی، برایەتی و لەنێو گرووپە جیاوازەکانا یەکێتی چێ دەکات لە حاڵێکدا لە ڕاستییدا ناسیۆنالیزمی نەتەوە سەردەستەکان بە چێ کردنی نابەرابەری سیاسی، فەرهەنگی و ئابووری مەودای گەورەی سیاسی دەئافرێنێت.

لەم دواییانەدا تارق عەلی ڤیدیۆیەکی لە پشتیوانی ئەو “تورکان”ە دانا کە گوایە وێراویانە دژی حکوومەتی دیکتاتۆری سەرۆک وەزیرانی تورک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان خەبات بکەن و بە قسەی ئەو ئاگری هیوا لە دڵی هەموو کیشوەری ئەورووپا دابگیرسێنن.

عەلی ئەم ناڕەزایی دەربڕینانە بە شێوەیەکی تێکەڵ بە سووکایەتی لەگەڵ ڕووداوەکانی سپانیا، پۆرتوگال، و یۆنان هەڵدەسەنگێنێ و ئەم ئورووپاییە ناسراوانە دەبنە خاڵی پێوانەیی ئەم هەڵسەنگاندنە. بەڵام ئێمە پێویستە بە شێوازێکی جدی لە سەر هەڵوێستی عەلی بیر بکەینەوە.

ئەو ڕژیمە دیکتاتۆرییەی تورکیا کە عەلی باسی دەکات لە دەیەی ڕابردوودا هەزاران لاوی کورد لە ڕێگەی بزووتنەوەی کۆمەڵگای سیڤیل و خۆپیشاندان بەرخۆدانیان لە بەرانبەردا کردووە و لەو خۆپیشاندانەکانیشدا ڕووبەڕووی توندوتیژی بێبەزەییانەی پۆلیس و بەند کردن بوونەتەوە.

کەواتە بۆ عەلی باسی بوێری ئەم گەنجە کوردانە ناکات؟

ئایا بەرخۆدان و ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی ئەم گەنجە کوردانە هەرگیز، ئەگەر بە ڕادەیەکی زۆر کەمیش بووبێ لە دێرەکانی وتار، دەق و کتێبی عەلی لە سەر چەپ، فەلەستین و ئەمپریالیزمدا خراونەتە بەر باس؟

کاتێک کوردان ناڕەزایەتی دەردەبڕن وەک کەسانی توندڕەو، تێرۆریست و جیایی‌خواز سەیر دەکرێن چون بە قسەی ئەوان ناڕەزایەتی دەربڕینەکانیان تەنیا گوزارشت لە بەرژەوەندی کوردان دەکات. وە کاتێکیش یەکپارچە نەبنە ناڕەزایەتی یان تا ڕادەیەک پەیوەستی ناڕەزایەتیەکان بن، تاوانباریان دەکەن بەوەی کە گوێڕایەلی ڕژیمە لەسەرکارەکانن.

هەڵوێستی تیۆریکی عەلی، دەباشی و سەعید پیشان دەدات کە ئەم کەسانە بێلایەن نین و شوناس‌گەران و هەڵوێستەکانیان شێوازێکی تایبەت لە ڕوانین بۆ دنیا دەخاتە بەر چاو، کە لە بەستێنێکی ئێتنیکی، فەرهەنگی، ئیدئۆلۆژیک و سیاسی تایبەتدا شکڵی گرتووە.

ئاگایی بە ناو ڕەخنەگرانەی سەعید نە تەنیا نەیتوانیوە لەسەر ئەو کارەساتانەی بە سەر کورددا هێناویانە دەنگ هەڵبڕێ بەڵکوو تەنانەت ڕاستییەکانیشی چەواشە کردووە و کەوتۆتە خزمەت دەسەڵاتێکی سەرکوتکەر.

بۆیە ناتوانن بانگەشەی ئەوە بکەن کە هەڵوێستەکانیان هەڵوێستگەلێکی گشتگیری جیهانییە، بەڵکوو هەڵوێستگەلێکی گشتگیری تایبەتییە کە لە خزمەت بەرژەوەندی گرووپێکی تایبەتدایە.

ئاگایی بە ناو ڕەخنەگرانەی سەعید نە تەنیا نەیتوانیوە لەسەر ئەو کارەساتانەی بە سەر کورددا هێناویانە دەنگ هەڵبڕێ بەڵکوو تەنانەت ڕاستییەکانیشی چەواشە کردووە و کەوتۆتە خزمەت دەسەڵاتێکی سەرکوتکەر. پارادۆکسەکە ئەوەتە کە سەعید ڕۆڵی ڕووناکبیری بەم جۆرە لێک داوەتەوە: کەسێک کە “بە زمانی حەقیقەت لەگەڵ دەسەڵاتدا دەدوێت”. کەس ناتوانێ بە بیانووی ئەوەی  کە گوایە سەعید زانیاری یان ئاگایی تەواوی لەسەر بارودۆخی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا نەبووە پاساو بۆ چەواشەکارییەکانی سەعید بێنێتەوە. نەزانیی بێ‌تاوانیی نییە، بەڵکوو دەبێ سزا بدرێت کاتێک لەگەڵ پێکهاتەی دەسەڵاتێک دەکەوێت کە داهێنەر و پارێزەری نابەرابەرییە لە دنیا.

ڕەنگە بۆ کوردان وا بێ کە ئەگەر دەیانەوێ عەلی و دەباشی وەک نوێنەرانی حەقیقەت و بەها گشتگیرە جیهانییەکان پەسنیان بدەنەوە و بە باڵایانا هەڵبڵێن دەبێ “مەرگ و نەمان بۆ ئەمریکا و ئیسراییل” و/یا کاپیتالیزم/نێئۆلیبرالیزم بنێرن، جا ڕەنگە ئیدی ڕێگە بدەن کوردیش بێتە نێو ماڵی گوتاری چەپی بوێر و خودان بەرخۆدانی ڕاستەقینە!

سەرچاوە:

https://www.meforum.org/campus-watch/21048/leftist-intellectuals-and-the-kurds-the-cases

[1]Persian

[2] Iranian

سەرنجێک بنوسن