ژنەفتن ژنەفتن
وتار و بۆچوون

کولتووری بەکاربەر

(كاتێك مەعریفە دەگۆڕێت)

بێگومان کاریگەرییە قووڵەکانی سیستمی تەكنۆلۆژیا و كۆمەڵگای بەکاربەر لەسەر عەقڵی تاک و نەوە هاوچەرخەکان، جگە لە فەرامۆشكردنی داهێنانی تاكەكەسی، شێوانی (ناسنامە)یشی لێ دەكەوێتەوە! ئەگەر لەپشت فەرامۆشكردنی داهێنانی تاكەكەسی، ئاژاوەی زانیارییەكان وەستابێ، ئەوە بێ ناسنامەیی لە خێراییی پەیوەندیكردندا گیری خواردووە! لە سیستمی دیجیتاڵییدا ناسنامەی كولتووری، هاونیشتیمانیبوون، هاووڵاتیبوون هیچ مانایەکی بۆ نامێنتەوە و پێگەكانی خۆی لە نە گەیشتندا لە دەست دەدات.

 بەم جۆرە دەنگی مۆدێرن لەلایەك كۆی ماناكانی ژیانی کۆمەڵایەتی لەڕێگای دروستبوون و کارلێکی زانیارییە دیجیتاڵییەكاندا فەراهەم دەكات، بێ ئەوەی ئاوڕ لە خەیاڵی داهێنەرانەی تاكەكەسی بداتەوە، چونكە پێی وایە لە دەرەوەی مەعریفەی سەردەم، بوون و گۆڕان دەكەوێتە بۆشایییەوە؛ لەلایەكی دیكەوە پەیوەندییە مرۆیییەكان لە شێوازی بێ هەست و سۆزی پەیوەندییە تەكنۆلۆژییەكاندا هەڵواسراوە، بێ ئەوەی ئاوڕ لە هەست و پەرۆشییە دەروونییەکانی تاك بداتەوە كە لەژێر ئەم هەلومەرجەدا دووچاری شێوانی تووند دەبنەوە.

 كەواتە نەوەی نوێ (دەنگی مۆدێرن، مەعریفەی سەردەم) جگە لە جیهانێکی گەورەی گەڕانی پڕ لە وێنەی خێرا و ناوەڕۆک بەتاڵ هیچی دیكە نابینێ؛ جیهانێک كە لە قووڵایییەكانی مرۆڤی سادە و پەرۆشی گەڕانەوە بۆ بیرەوەرییەكانی ناگات؛ جیهانێک كە دەكەوێتە دەرەوەی ماف و بەرپرسیاری یاسایی و بیركردنەوەی ڕەخنەیی و نەرێنییەوە؛ جیهانێکی سیخناخ بە ئاژاوەی زانیاری و پەیوەندییە بێ سۆزە هەنووکەیییەکان…

پارەی زمان/ خەیاڵی زمان

چی لە بانک پاشەکەوت دەکەیت، کاتت بۆ دەگەڕێتەوە؟! زانیارییەكانی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، یان ئەو کاتە خاوانەی لە ڕابردوودا بەسەرت بردوون، یان ئەو پەیوەندییە سارد و خێرایانەی كە وەک پارەی زمان بەكارت دەهێنێت؛ هەڵبەتە كۆی سیستمی پاشەكەوتكردن لەلایەک پەیوەندی بە گەڕان و گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی گواستنەوەی خێرایی (ڕێگاكانی سوودگەرایی و چێژبردنەوە) هەیە و لە زمانی کات و شوێندا دەردەكەوێت؛ لەلایەكی دیكە پەیوەندی بە (فەزای دەروونی و ئەزموونی تاکەكەسییەوە) هەیە و لە زمانی داهێناندا چەكەرە دەكات؛ بەڵام ئایا نهێنیی زمان و بەهای داهێنان لە سندوقی پاشەكەوتدا جێی دەبێتەوە؟ هەڵبەتە، ئەگەر (کلیلی گونجاو) بدۆزینەوە، بەر لەوەی نهێنییەکان بە کاڵا بكرێن؛ بەڵام لە سەردەمی ئەمڕۆدا بەهای ئەو كاتە كەڵەكەبووانەی لە سندوقی پاشەکەوتكردندایە، کراوەتە پارەی زمان؛ لە سیستمی تەكنۆلۆژییدا پارەی زمان لە ئاژاوەی زانیارییەكان و خێراییدا كورت دەكرێتەوە.

پرسیار ئەوە نییە لە سەردەمی كۆمەڵگای تۆڕی (چەمكی ناسنامە، هاونیشتیمانی، هاووڵاتیبوون) هیچ مانایەکی نییە، چونكە کۆمەڵگای تۆڕی وەک ڕێكارێک بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگای زانیاری بەكار براوە؛ لەو لاشەوە كۆمەڵگای تۆڕی بەهۆی گۆڕانکارییەكانی بواری پەیوەندییە خێراکان و كۆكردنەوەی زانیارییەوە چەمكی (جیهانگیری) لێكەوتۆتەوە و هەر لەوێشەوە چەمكی ناسنامە، هاونیشتیمانی، هاووڵاتی تێدەپەڕێنێت؛ بە مانایەكی دیكە ئەم تۆڕبەندییە لەبری ئەوەی هەستی ناسنامە و کۆمەڵگای زانیاری و خێراییی پەیوەندییەكان بەیەكەوە بگونجێنێ، بۆ سفری یەكەمیان كار دەكات و بۆ دووەمیان بەپێی بیركردنەوەی ژیان ڕێگایە، نەک كۆتایی، دەجوولێتەوە! لەسەر ئەو بنەمایە دۆخی (دوای نەتەوەیی و دوای بەسفركردن) بووەتە پێویستییەکی بەپەلە بۆ سوودگەرایی و چێژبردنی بوون و گۆڕان؛ بەو مانایەی كە تەكنۆلۆژیا لە قازانجی کۆمەڵایەتیی زۆرتریندایە، بۆیە هەموو کەسێک لە بازاڕی تەكنۆلۆژیادا بەدوای بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیدا دەگەڕێت.

كەواتە (جیهانگیری) كۆمەڵگای زانیارییەكان واتە تێپەڕاندنی هاونیشتیمانیبوون و هاووڵاتیبوون و ناسنامە و بەدیهێنانی دۆخی دوای نەتەوەیی؛ ئەمڕۆی تەكنۆلۆژیا هەموو ئەوانە لە هێنانەدی ژیانێکی بەختەوەرانەدا كۆ دەكاتەوە؛ بەو مانایە لەباربردنی تاک بە هیچ شێوەیەک نوێ نییە، بەڵكە پڕۆژەیەكە لەدوای نەتەوەیی، لەدوای بە سفركردنی ئەزموون و مانا بەرهەم هاتووە؛ لێرەوە بۆ تێگەیشتن لە ژیانێکی بەختەوەر و دۆخی دوای نەتەوەیی و دوای بە سفركردنی ئەزموون و مانا، هەوڵدەدەم پەیوەندیی نێوان (پارەی زمان) و (خەیاڵی زمان) ورد بكەمەوە.

 ئەگەر چاوێک بە پرۆسەی زمانی تاكەكەسی لە داهێنانی ئەدەبی و پارەی زمان لە ئێستای تەكنۆلۆژیادا بخشێنینەوە؛ دەبینین لە ئێستادا خۆشگوزەرانی تەنها لە پارەدا دەردەكەوێت، نەك لە داهێنانی ئەدەبی و هونەرییدا… بێگومان (پارەی زمان) لە تەكنۆلۆژیادا وەك بابەت مامەڵەی پێ دەكرێ، بابەتێک كە دەتوانرێت ببینرێت یان ببیسترێت و دەستلێبدرێت؛ بەڵام زمانی تاكەكەسی بریتییە لەو جیهانەی كە (خەیاڵی زمان) دروستی دەكات؛ یەكەمیان زمان وەك سوود و چێژێكی ڕێگا خێراكان و ئامرازێكی ماددی دەبینێ و دووەم زمان وەك بەهایەكی مەعریفی و درووستكردنی مانای جیاواز هەڵدەگرێتەوە! پارەی زمان جەستەی زمانە، خەیاڵی زمان ڕۆحی زمانە… بەكورتی زمان لەهەر یەكێكیان بێ ئەویدیكە تەنها دەنگێكی بێ مانا یان خەیاڵێكی بێ چێژە!.  

كەواتە (سوود و چێژی ئەرێنی) ئامرازە تەكنۆلۆژییەكان و (مانا و چێژی نەرێنی) خەیاڵی مەعریفی وەک پەیوەندیی نێوان کات و بەهایە؛ ئەگەرچی کاتە بابەتییەكان بە شت و کاڵا دەكرێن، بەڵام کارکردن لە کاتی خۆیدا بەها بەرهەم دەهێنێت! لێرەوە پرسیاری چی لە بانک پاشەکەوت دەکەیت، کاتت بۆ دەگەڕێتەوە؟ دەبێتە چی لە كات پاشەكەوت دەكەیت، بەهات بۆ دەگەڕێنێتەوە؟

 مرۆڤ بۆ ئەوەی بگاتە ئەو کاتە تێکڕایەی كە ژیانێکی خۆش و بەختەوەر دەخاتەوە، پێویستە لە خودی کات بە مانا زانستی و فەلسەفییەكەی بگات؛ بەكورتی دەكرێ كات لە بانکی پاشەکەوتكردندا خاو بکرێتەوە، وەكـ چۆن دەتوانرێت بە بەکارهێنانی تەکنیکەکان خێراتر بکرێت و بگۆڕدرێت، بەڵام لەبیرت نەچێت مێشکی مرۆڤ هەر چەندە بەشێوەیەكی زانستی هۆڕمۆنی خۆشی (دۆپامین) دەردەدات، بەڵام بەشێوەیەكی فەلسەفی خۆشی لە مانا نابێتەوە؛ بەم جۆرە لەنێوان خۆشی كیمیاوی و خۆشی فەلسەفیدا مێشکی سەركەوتوو پێویستی بە گونجاندنی خاوبوونەوە و خێرابوونەوە هەیە.

 مێشک لە خاوبوونەوەدا ئامانجێك بەدەست دەهێنێ؛ لە خێرابووندا شتێكی نوێ فێر دەبێت؛ بەو مانایەش هەستكردن بە سەركەوتن تەنها لەڕووی زانستییەوە بە ئەنجام ناگات، خۆشیی بوونی (مانا)یشی پێویستە! بەدیوەكەی دیكە دەمەوێ بڵێم خۆشی كاتێک تەواو (كامل) دەبێت كە كیمیای مێشک و مانای ژیان یەك دەگرنەوە؛ لەو هەلومەرجەدا پرۆسەی خێرابوون و خاوبوونەوە پێویستی بە پێداچوونەوە و بیرکردنەوەی ڕەخنەی فەلسەفی و ڕێگای دروستبوونی تەكنۆلۆژیا هەیە؛ ئەگەر بیرکردنەوەی ڕەخنەی پێویستی یە گەڕانەوە (خاوبوونەوە) هەبێ، ئەوە ڕێگای دروستبوونی نوێ پێویستی بە داهاتوو (خێرایی) هەیە؛ بە مانایەكی دیكە چاوەڕوانی خۆشی پێویستی بە (خەیاڵێكی بەرفرەوان) و (لێهاتوویی تەكنۆلۆژی) هەیە، نەک زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی (ئەمفیتامین) بۆ ئاسانتركردنی تەکنیکەکان.  

(بیل گەیتس) لە نامەیەکدا بۆ (تۆماس زایبێرک)ی زمانناس و نیشانەناس نووسیویەتی: شۆڕشی دیجیتاڵی بە تەواوی ئامرازگەلێکە بۆ ئاسانتركردنی مانای شتەکان. بڕوانە:www.tajrishcircle.org  (زمان، شتاب و خشونت- فرانکو براردی (بیفو) ترجمه‌ی سامی آل‌مهدی). لێرەدا بیل گەیتس کێشەكانی پەیوەندیی نێوان تەكنۆلۆژیا و فەلسەفە، چێژ و بەها، زەق دەكاتەوە! بەو مانایەش سیستمی دیجیتاڵی بۆیە شتەکان ئاسان دەكات، تاكو خەڵكێكی زۆر بەدواییدا بێن؛ بەو مانایەش كۆمەڵگای بەکاربەر وەک پێویستییەکی بەپەلە بۆ سوود و چێژبردن و گۆڕینی مەعریفەی سەردەم خۆی نمایش دەكات؛ كۆمەڵگای بەکاربەر لە بنەڕەتدا شانۆیەكە بۆ ئاسانکردنی شتەکان و دیكتاتۆریەتی ئەرێنیبوونی زانستی. دەمەوێ بڵێم سیستمی تەكنۆلۆژیا خۆشی مانا لەبیر دەباتەوە و خۆشی زانستی لە جووڵەی بەردەوامدا دەهێڵێتەوە.

نەوەی دیجیتاڵی لەبری ئەوەی گوێڕایەڵی زمانی دایک بێت، لە ئامێرێکەوە گوێڕایەڵی وەردەگرێت؛ ئەو نەوەیە لێرەدایە، لێرە لە زێدەیی دیجیتاڵیدایە؛ بەكورتی ئەو نەوەیە پەیوەندییە پڕ لە کێشەکانی نێوان زمان و جەستە، زمان و ڕۆح، پەیوەندییە پڕ لە کێشەکانی نێوان (وشە- ئامراز) و (سۆز- خەیاڵ) بەردەوام بە سوود و چێژبردنی خێرا و ئاژاوەی زانیارییەكان پڕ دەكاتەوە؛ ئەگەرچی بەرە بەرە ئەو تەكنیكە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی هەستی خۆشیی قووڵ و درێژخایەن.

بەگشتی نەوەی دیجیتاڵی زمان لە جەستەی دایک و لە ڕۆحی دایک دادەبڕێت؛ بیر لەوە ناكاتەوە كە هەمیشە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا زمان لە ترسی متمانەکردن بە جەستە و نیگەرانییەكانی جەستە لە جیهانێكی شپڕزەدا ژیاوە! پێویستە لە دۆخێکی وادا بۆ تێپەڕاندنی ئەو شپڕزەییە توانای بەستنەوەی زمان و ئارەزوو، جەستە و جەستە، لە جەستە و ڕۆح، لە زانست و فەلسەفەدا چالاک بکەینەوە؛ دەشێ لە دۆخی جەستە و جەستە بەشێوەیەكی تەكنیكی پەیوەندییەکان خێراتر بكرێن، بەڵام لە جەستە و ڕۆح هەمیشە شپڕزەیی مانا و خەیاڵی لێ دەكەوێتەوە!.  

کاتی ئەلیکترۆنی/ فەزای دەروونی

نەوەی نوێی دیجیتاڵی نەوەی (ئەلفا) کە بە قسەی توێژەری کۆمەڵایەتیی ئوسترالی (مارک مەکریندڵ) نەوەیەكە لە دوای ساڵی ٢٠١٠ تا ساڵی ٢٠٢٥ لەدایک دەبن؛ لە گەشەسەندنی تەکنۆلۆژییدا بەشدارن، لە هەمان کاتدا لە ژەنینی نیگەرانانەی چەمكی سفری مانادا دەژین! دوای ئەوەی تەواوی چیڕۆك و فانتازیا و یۆتۆپیاكان شکست و بێتواناییی خۆیان لە بەدیهێناندا سەلماند؛ نەوەی نوێ ملکەچیی بەكاربردن و زێدەییەكان و شپڕزەیی بۆتەوە؛ ئەو نەوەیە دوور لە دنیای مانا، لەدنیای دیجیتاڵییدا دەژی؛ دنیایەك کە سنوورەکانی نێوان واقیعی و مەجازی قووت داوە.

بێگوماندیكتاتۆریەتی ئەرێنیبوونی زانستی و چەمكی بە سفركردنی مانا کۆمەڵێک نەخۆشی دەروونی و کۆمەڵایەتی لێكەوتۆتەوە؛ بەو مانایەش مرۆڤی ئێستا بە (خێرایی كات) و (سفر مانا) گەمارۆ دەدرێت؛ کاتی ئەلیکترۆنی بێ سنوور گەشە دەکات، بەڵام فەزای ماناش داخراو نییە! ئەگەرچی بێ سنووری زانیارییەكان، خێرایی پەیوەندییەكان لەگەڵ فەزای دەروونی نایەتەوە؛ ئەگەرچی لەمیانی كاتی ئەلیكترۆنییدا بوون لەگەڵ ئەویتر بێ بایەخ دەكەوێتەوە… کرێکارە مەعریفییەكان لە گۆڕەپانی زێدەییەكاندا بێ پسانەوە چەمكی سفر مانا دەژەنن و دەبنە هۆی سنوورداربوونی ئەو ژیانەی کە بۆ سەرنجدان و خۆشەویستی و چێژ و هاوسۆزی پێویستە.  

ئۆتیزم، ناڕێکی خوێندنەوە، سفر مانا، نیشانەکانی ترس و تێکچوونی سۆزداری کۆمەڵێک نەخۆشیین کە لە ئەنجامی خێرابوونی سووڕانەوەی زانیارییەکان و خێرایی پەیوەندییەكانەوە سەریان هەڵداوە؛ لە لایەکی دیکەوە چالاکییە دەروونییەکان لە ئێستادا دوای کەمبوونەوەی ئەو کاتەی کە لەبەردەستدایە بۆ بەخۆداچوونەوە و لەخۆوردبوونەوە و پشوودان؛ یان دوای کەمبوونەوەی فەزای دەروونی بە هۆی كاتی ئەلیكترۆنی و کەمبوونەوەی قووڵایی ئەزموون و یادەوەری، بە هۆی خێرایییەوە، پاڵەپەستۆیەكی گەورەی بۆ مرۆڤی ئێستا دروست كردووە؛ كەواتە بنەمای نەخۆشییەكانی ئەمڕۆ شاردنەوە نییە، بەڵکە زۆر بینین و تەقینەوەی زیادەڕۆییە لە ئاژاوەی زانیارییەكان و ماندووبوونی هاندەرە دەمارییەکانی زانیاری و خێراییی پەیوەندییە ئەلكترۆنییەكان.

فەیلەسووفی ئیتاڵی (فرانکۆ پیڤۆ بێراردی) لە كتێبی (معزوفة مقلقلة: السميورأسمالية وأمراض جيل ما بعد ألفا، ترجمة أحمد حسان- دار هن للنشر والتوزيع)دا دەڵێت: دنیای زانین و چێژ لەپێشکەوتندایە، بەڵام ئەو دنیایە لە دامرکاندنەوەی ئازار و ڕەشبینی و خەمۆکی كەم توانایە! دەیەوێت بڵێت كات لە سەردەمی ڕابردوودا هێلێكی ئاسۆیی و یەکدەنگی هەبوو، لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە سەقامگیریی ژیان بەشێوەیەكی بەرفراوان دەهاتە پێشەوە؛ بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشبردنی ئابووریی بەردەوام و داڕشتنەوەی دووبارە و پشتبەستن بە خێراییی پەیوەندییەكان و بێ سنووری زانیارییەكان. ئیتر هێلی ئاسۆیی و ڕێگای دیاریکراو نەما و مرۆڤەکان لە فەزا دەروونی و پەیوەندییە قووڵە مرۆیییەكان و سەقامگیری و ئامانجە درێژخایەنەکان بێبەش بوون و مرۆڤی ئێستا لە ڕێگایە، نەك لە ئەنجام.

كەواتە ئەگەرچی مەعریفەی مرۆڤ، وەک پڕۆژە، لە خۆشیی ماناوە دەستی پێ کرد؛ بەڵام لە ئێستادا ئەو مەعریفەیە، ئەو ئازادییە، لەژێر ڕۆشناییی خۆشی و سوودی دیجیتاڵیدا هەوڵدەدا کۆتایی بە مانا بهێنێ و وەک ڕێگا، گەڕان، تاقیکردنەوە، شوێنی مانای بوونی مرۆڤ بگرێتەوە! بۆیە چیتر مرۆڤەکان وەرناگرن و بە دیجیتاڵیبوون پێویستی بە ئامادەبوونی کەس نییە، پێویستی بە کڕینی کاتی ئەلیكترۆنییە؛ ئیتر سەردەمی کۆنترۆڵکردنی هەسارەکان بەسەرچوو، ئەمڕۆ بە تەواوی لە دەرەوەی ئەم سنوورەداین؛ کاتی ئەلیكترۆنی هیچ مانایەک بۆ ئازادیی تاکەکان و فەزای دەروونی نەهێشتۆتەوە؛ ئەمڕۆ ترس و شپڕزەیی و دڵەڕاوکێی هەسارەیی فەزای دەروونی مرۆڤی داگیر كردووە.

تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی لەسەر بنەمای کاری ماددی و بەكاربردنی بازنەی زانیارییەكان و خێراییی پەیوەندییە ئەلیكترۆنییەكان وەستاوە، هەموو ئەوانە كۆمەڵە ڕێكارێكن کە چیتر ناتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێن یان دژایەتی بکرێن؛ تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی بووەتە سیستمێکی میکانیزمی تەکنۆ-ئابووری کە مرۆڤ ناتوانێت لێی دوور بکەوێتەوە؛ بەم جۆرە ژیان ڕێگایە، نەك كۆتایی، بەڵام ناچار كراوە لە هەلومەرجی وابەستەییی ڕەهادا و لەڕێگای سەرمایە تەكنۆلۆژییەكانەوە بجووڵێتەوە؛ ئەوەش بەگشتی واتە گۆڕینی یاسا بە کۆد و بەردەستکردنی خاوەندارێتی بە کۆدکردن بۆ خاوەن پشکەکان؛ دواجار ئەو خاوەن پشکانە ئەلگۆریتمی کۆدکردن بۆ پاراستنی کۆنترۆڵی سەروەت و سامانەکانیان بەکار دەهێنن.

بەم جۆرە هاونیشتمانی و هاووڵاتی ئەوانە نیین كە دانیشتووانی یەک نیشتمانن، بەڵكە دانیشتووانی ئەو خاڵانەن كە تێیدا خاوەن پشکن؛ واتە لەو خاڵە دیاریكراوانەدا خاوەن پشک دەسەڵاتی ڕێژەییان دەبێت، دەسەڵاتێک كە لەگەڵ بەهای ئەو پشکانەی خاوەنیانن و بەهۆی کلیلی کۆدکراوەوە دەستیان پێدەگات؛ كەواتە سنووری یاسای وڵات خاوەن پشکەكان ناگرێتەوە؛ سەپاندنی یاسا بە مانای دانانی سنوور نییە لەلایەن دەەسەڵاتی وڵاتانەوە، بەڵكە دانانی سنوور بەهۆی پشكەكان و کلیلی کۆدکراوەکانەوەیە.

هەولێر 25/2/2026

blank
دەربارەی نووسەر
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە