پێکەنین لەگەڵ کافکا
هۆکارێک بۆ ئامادەییم کە بەئاشکرا دەربارەی بابەتێک بدوێم کە بە جۆرێک ناشایستەم بۆی، ئەوەیە دەرفەتێکم پێدەدات کە کورتە چیرۆکێکی کافکاتان بۆ بگێڕمەوە کە ئیتر وازم لە وانەبێژی هێناوە لە پۆلە وێژەییەکاندا و دەرفەتی خوێندوەیم بە دەنگی بەرز لەدەستداوە. ناونیشانە ئینگلیزییەکەی “داستانێکی بچووک”ە:
مشکەکە گوتی” جەخار، هەموو ڕۆژێک دونیا بچووکتر دەبێتەوە. لە سەرەتادا هێندە گەورە بوو کە دەترسام، بەردەوام ڕام دەکرد و ڕام دەکرد، دڵخۆشبووم کە لە کۆتایدا لە دوورەوە دیوارەکانم دەبینی لە چەپ و ڕاستەوە، بەڵام ئەم دیوارە بەرزانە هێندە بە خێرایی تەسکبوونەوە کە خۆم لە ژووری کۆتاییدا بینیەوە، لە سووچەکەش ئەو تەڵەیە دانرابوو کە دەبوو بچمە سەری. ” تەنها پێویستە ئاڕاستەکەت بگۆڕیت.” پشیلەکە لەکاتێکدا کە دەیخوارد وای گوت.
خوێندنەوەی کافکا بۆ خوێندکارانی زانکۆ جۆرێک دەردەسەری بۆ من هەیە، چونکە ئەستەمە وایان لێ بکەم ببین کە کافکا هەزەلییە… نەک هەر تەنیا ئەوەی پێزانینیان هەبێت بۆ ئەوەی کە هەزەلیبوون بەستراوە بە هێزی ناوازەی چیرۆکەکانییەوە. بێگومان، لەبەرئەوەی کورتە چیرۆکە مەزنەکان و نوکتە باشەکان خاڵی هاوبەشیان زۆرە. هەردووکیان بەندن لەسەر ئەوەی کە هەندێکجار تیۆریستەکانی پێوەندییەکان پێی دەڵێن “زانیاری پێشوەختە”، کە ڕێژەیەکی دیاریکراوی زانیاری گرنگ لابراوە، بەڵام بەهۆی گفتوگۆوە بە جۆرێک دەوروژێنرێت کە دەبێتە هۆی تەقینەوەی جۆرێک لە ڕایەڵەی پەیوەندیدار لەنێو ناخی بەردەنگدا. ئەگەری هەیە هەر ئەمە بێت کە کاریگەری کورتە چیرۆک و نوکتە زۆرجار هەستی لەپڕ و قایلکەری هەیە، وەک کردنەوەی شێرەیەکی لەمێژە ـ گیربوو. لەخۆڕا نییە کافکا دەربارەی وێژە وەک “تەورێک کە بە هۆیەوە دەریا بەستووەکانی ناخمانی پێ دەشکێنین” دەدوا. بە ڕێککەوتیش نییە کە زۆرجار بە دەستکەوتە تەکنیکییەکانی کورتە چیرۆکە مەزنەکان دەگوترێت “پەستاوتن” ـ چونکە هەم پەستان و هەم بەردان پێشوەختە لە ناخی خوێنەردان. ئەوەی وادیارە کافکا دەتوانێت لە هەر کەسێکی تر باشتر بیکات ڕێکخستنی زیادبوونی ئەو پەستانەیە بە شێوەیەک کە ڕێک لەساتی دەردانیدا لە تاقەت بەدەر بێت.
سایکۆلۆژیای نوکتەکان یارمەتیمان دەدەن لە ڕوونکردنەوەی گرفتی وانەبێژی لەسەر کافکا. هەموومان دەزانین بۆ بەتاڵکردنەوەی نووکتەیەک لە سیحرە سەمەرەکەی هیج شێوازێک خێراتر لە ڕوونکردنەوە نووکتەکە نییە، بۆ نموونە، لۆو کۆستێلۆ[1] ناوی گشتی ” کێ”ی لێ تێکدەچێت لەگەڵ جێناوی پرسی ” کێ” ، هتد. هەموومان ئاشناین بەو کینە سەیرەی ئەو جۆرە ڕوونکردنەوانە تێماندا دروستی دەکات، هەستێک کە هێندەی ئازارمان دەدات هێندە بێزارمان ناکات، وەک ئەوەی دەربارەی شتێک کوفرێک کرابێت. ئەمە زۆر لە هەستی ئەو مامۆستایە دەچێت کە چیرۆکێکی کافکا دەباتە نێو ئاستە ستانداردەکانی کۆرسێکی شیکاریی وێژەیی زانکۆ – گرێچن بۆ هێڵکاری، هێماکان بۆ کردنەوە، هتد. بێگومان، کافکا لە پێگە دەگمەندا دەبێت بۆ پێزانین بە لاقرتێی پێشکەشکردنی کورتە چیرۆکەکانی بۆ ئەم جۆرە ئامێرە ڕەخنەییە چوست و چالاکە. لە وێژەدا وەک ئەوە وایە بۆ پارچە پارچە کردنی پەڕەکان و هاڕینی و خستنە ژێر سپێکترۆمەتری[2] گیراوەکەی بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە بۆ گوڵەباخ بۆنی ئاوا خۆشە. دواجار، فرانز کافکا، ئەو نووسەرەیە کە لە چیرۆکەکەی “پۆسایدن”[3] وێنای خوداوەندی دەریا دەکات کە هێندە سەراسیمە بووە بە کاغەزبازی ئیداری کە هەرگیز ناپەرژێتە سەر ئەوەی کەشتیوانی یان مەلە بکات، هەروەها لە چیرۆکی “لەنێو کۆڵۆنی سزاداندا” وێنای وەسف وەک سزا و، ئەشکەنجە وەک پەند و، ڕەخنەگری کۆتایی وەک گاسنێکی دەرزیدار کە کۆتا لێدانی تیخێکە بەنێو تەوێڵدا، دەکات.
لەمپەرێکی تر، تەنانەت بۆ بەهرەدارترین خوێندکارەکانیش، ئەوەیە کە – بە پێچەوانەی بابڵێین جۆیس و پاوندەوە – ئەو ڕایەڵە زانیارییە پێشوەختانەی کارەکەی کافکا دروستی دەکات، دەقئاوێزان نین یان تەناتەت مێژوویش نین. لەبری ئەوە وێنەکانی کافکا، نائاگایانەن و زۆر ئاسایین، ئەو شتۆکە منداڵانەیانەن کە لە ئەفسانەکانەوە سەرچاوە دەگرن؛ هەر لەبەر ئەمەیە کە بە سەمەرەترین چیرۆکەکانیشی دەڵێین دێوەزمەیی لەبری سوریالی. لەوەگەڕێین کە ئەو جۆرە دیاریکراوەی هەزەلیبوون کە کافکا دایدەمەزرینێت بە تەواوی نامۆیە بۆ ئەو منداڵانەی کە درکی هزرییان ئەمریکییە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەزەلیەتی کافکا بەنزیکەیی هیچ لەو شێوە و کۆدە هاوچەرخە دیاریکراوانەی نییە کە لە سەرگەرمیی ئەمریکیدان. هیچ دووبارەبوونەوەیەکی گەمەی وشەسازی یان شیرین زمانی نییە، دوور لە شێوازی قسەی نەستەق یان پلاری کەسیی. گاڵتەی ناوەڕۆکیی لە کافکادا نییە، نە دوو واتایی سێکسی، نە هەوڵدانی شێوازدار بۆ یاخیبوون بە لەکەدارکردنی نەریتەکان. کۆمیدیای شەرمەزاربوونی پینچیەنی[4] بە توێکڵە مۆز یان تێشووی لیمفاوی دڕندە بوونی نییە. ئاڵۆشی سێکسی بەرپێنەگیراوی ڕۆسی[5] و لاساییکردنەوەی بارسی[6] یان کەوانەی سکاڵاکەری ودی ئالێنی[7] بوونی نییە. هیچ بادانەوەیەکی با – بینگ با – بانگی سیتکۆمە[8] مۆدێرنەکانی تێدا نییە؛ نە منداڵگەلی قسە زل یان داپیرە و باپیرەی سیکیۆلار یان هاوکارگەلی یاخی و خۆپەرستی تێدا نییە. ڕەنگە لە هەمووی نامۆتر، کەسایەتییە سەرەکییەکانی کافکا هەرگیز تەنیا قۆشمەیەکی کلۆر نین بۆ ئەوەی گاڵتەیان پێ بکرێت، بەڵکو هەمیشە و هاوکات ئەبزۆرد و ترسناک و خەمگینن، وەک ئەفسەرەکەی نێو چیرۆکی “لەنێو کۆڵۆنی سزاداندا”.
مەبەستم ئەوە نییە کە هزری زۆر ئاڵۆزە و خوێندکارە ئەمریکییەکان تێیناگەن. لە ڕاستیدا، تاکە ستراتیژێکی نیوە کاریگەر بۆ بەرباسدانی هەزەلیبوونی کافکا لە پۆلدا بەکارم هێنا ئەوەیە لە لە پێشنیارکردنی ئەوە بۆ خوێندکارەکان کە زۆرینەی هەزەلیەتییەکەی لەڕاستیدا جۆرێکە لە نائاڵۆزی، یان دژە ـ ئالۆزی. بانگەشەکەم ئەوەیە هەزەلیبوونی کافکا بەندە لەسەر جۆرێک بەکەتوارکردنی ڕادیکاڵانەی ئەو ڕاستیانەی کە ئێمە وەک خوازەیی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین. پێیان دەڵێم کە قووڵترین و بەهێزترین هەستە خۆڕسکەکانمان وادیارە کە تەنها لە ڕێی ڕەوانبێژیەوە دەتوانرێت گوزارشت بکرێن، هەر لەبەر ئەوەیە بەو ڕەوانبێژیانە دەڵێین ” گوزارە.” دواتر لەبارەی بە بەدگۆڕانەوە، دەکرێت خوێندکارەکانم بانگهێشت بکەم بۆ بیرکردنەوە لەوەی کە بەڕاستی چی گوزارشت کراوە کاتێک بە ” تۆقێنەر” یان ” دزێو” ئاماژە بۆ کەسێک دەکەین یان دەڵێین کەسێک ناچارکراوە “گوو بخوات” لەسەر کارەکەی. یان دووبارە “لەنێو کۆڵۆنی سزاداندا” بخوێنینەوە لەژێر ڕۆشنایی گوزارشتگەلی وەک “داشۆرین بە جوێن” یان “گومانم نییە کونە قونێکی تازەم بۆ دادەدڕێت” یان کورتیلە گوتەی “لە تەمەنێکی دیاریکراودا، هەموو کەسێک ئەو ڕووخسارەی دەبێت کە شایەنیەتی.” یان لە “هونەرمەندی برسێتی” بکۆڵینەوە لە ڕووی زاراوەگەلی وەک ” تینووی دەرکەوتن” یان ” تینووی ئەوین” یان دوو واتایی لە زاراوەی “خوودـ نکۆڵی” یان تەنانەت ئەو گوزارشتە بێتاوانە بووە ـ ڕاستییەشی کە ڕیشەی وشەی “ئەنۆرۆکسیا”[9] بە ڕێکەوت وشەی یۆنانییە بۆ تاسوق و بیرکردن.
بەگشتی لە کۆتاییدا خوێندکارەکان بەهۆی ئەمەوە لە بابەتەکەوە دەگلێن، کە ئەوەش زۆر چاکە. بەڵام مامۆستاکە هێشتا بەهۆی جۆرێک لە هەستی تاوانبارییەوە خۆی دەخواتەوە، لەبەرئەوەی تاکتیکی کۆمیدی –وەک– بەکەتوارکردنی – خوازە ڕەنگدانەوەی ئەو ئەلکیمیە قووڵترە نییە کە کۆمیدیای کەفکا هەمیشە تراژیدیشە، ئەو تراژیدییەش هەمیشە شادییەکی مەزن و بوژێنەرەوەیە. بەگشتی ئەمە سەر دەکێشێت بۆ ئەو سەعاتە بە ئازارەی کە دەکشێمەوە و پەرژین دەکەم و هۆشداری بە خوێندکارەکان دەدەم، کە لەگەڵ هەموو زیرەکی و زانیارییە پێشوەختەکانیاندا، چیرۆکەکانی کافکا لە بنەڕەتدا نوکتە نین، هەروەها ئەو پێکهاتە هەزەلییە خەمئەنگێزە کە زۆرینەی دەربڕینە کەسییەکانی کافکا دیاری دەکات – شتگەلی وەک “هیوا هەیە، بەڵام بۆ ئێمە نا” ـ ئەوە نییە کە چیرۆکەکانی دەربارەی دەدوێن.
ئەوەی چیرۆکەکانی کافکا هەیانە بەجۆرێک کۆمیدیایەکی پیس و دڵڕفێنە و بەگشتی ئالۆزییەکی مۆدێرنە. هەزەلیەتی کافکا – نەک تەنها هەستیار و دڕدۆنگانە نییە، بەڵکو دژی ئەوەشە، بوێرانە ژیرانەیە ـ دواجار گاڵتەیەکی ئایینیئە، بەڵام ئایینییە بە شێوازی کیرکەگارد و ڕیلکە و سروودە ئایینییەکان. ڕۆحانیەتێکی خەمگین دژی ئەوەی کە تەنانەت پیرۆزییە نەفرەتیەکەی خاتوو ئۆکۆنۆریش هیچ نییە لە چاویدا، ڕۆحەکان پێشوەختە بە ئەستوونەکانەوە هەڵواسراون.
پێموایە ئەمەیە کە ژیری کافکا درکنەکراو دەکات بۆ ئەو منداڵانەی کلتوورەکەمان ڕای هێناون کە نوکتە وەک سەرگەرمی ببینن و سەرگەرمیش وەک دڵنیابوونەوە. بابەتەکە ئەوە نییە خوێندکاران لە هەزەلیەتی کافکا تێناگەن، بەڵکوو ئەوەیە کە فێرمان کردوون گاڵتە وەک شتێک ببینن کە بەدەستی دەهێنیت – بە هەمان ئەو شێوازەی کە فێرمان کردوون خوود شتێکە کە تەنیا هەتە – مایەی سەرسامی نییە کە لە کرۆکی ڕاستەقینەی نوکتەی کافکا ناگەن ـ کە تێکۆشانی ترسێنەری بۆ دامەزراندنی خوودێکی مرۆیی کە دەرئەنجامەکەی خوودێک بێت کە مرۆڤایەتی بۆی جیانەکرێتەوە لەو تێکۆشانە ترسێنەرە. کە گەشتی ئاستەم و بێکۆتاییمان بەرەو ماڵ لە ڕاستیدا گەشتەکە ماڵمانە. بڕوا بکەن، زەحمەتە ئەمە بە وشەکان لەسەر تەختەڕەشەکە بنووسرێ. دەتوانی پێیان بڵێت کە ڕەنگە باشتر بێت لە کافکا تێنەگەن. دەتوانیت داوایان لێ بکەیت کە وێنای هونەرەکە کافکا بکەن وەک دەرگایەک. وێنای ئێمەی خوێنەر بکەن کە دێین و دەرگاکە دەکوتین، دەیکوتین و دەیکوتینەوە، نەک تەنها دەمانەوێت بچینە ژوور بەڵکو پێویستمانە، نازانین کە چییە، بەڵام دەتوانین هەستی پێ بکەین، ئەمە شێلگیریەکی تەواوەتیە بۆ چوونە نێو، دەرگا کوتان و پاڵنان و شەق وەشاندن، هتد. لەکۆتاییدا کاتێک دەرگاکە دەکرێتەوە… بەرەو دەرەوە دەکرێتەوە: لەنێو ئەوەدا بووین کە هەر لە سەرەتاوە ویستومانە تیایدا بین: ئەوە کۆمیدیایە.[10]
سەرچاوە: https://harpers.org/archive/1998/07/laughing-with-kafka/
پەراوێزەکانی وەرگێڕ:
[1]نازناوی ئەکتەری کۆمیدی ئەمریکی ، لویس فرانسیس کریستیلۆیە ( ١٩٠٦ – ١٩٥٩).
[2]ئامێری زانستی بۆ پشکنینی پێکهاتە شەبەنگیە نادیارەکانی مددەکان.
[3]خوداوەندی دەریا لە ئەفسانەی یۆنانیدا.
[4]تۆماس پنچیەن، ڕۆماننوسی ئەمریکی ( ١٩٣٧ -….).
[5]فلیپ رۆس ( ١٩٣٣ – ٢٠١٨) ڕۆماننووس و چیرۆکنووسی ئەمریکی، وێنەی و تێمای سێکسی لە کارەکانیدا بێ کۆت و بە روونی هەیە.
[6]جۆن بارس ( ١٩٣٠ – ….) نووسەری پۆستمۆدێرنی ئەمریکی، ناسراوە بە لاساییکردنەوەی کارە وێژەییەکانی نووسەرانی تر.
[7]ودی ئالێن ( ١٩٣٥ – ….) دەرهێنەر، ئەکتەر و نووسەری ئەمریکی
[8]کۆمیدیای بارودۆخ، ئەو زنجیرە تەلەفیزیۆنە کۆمیدیانەی کە دەربارەی دۆخی کۆمەڵگان.
[9]Anorexia
نەخۆشیەکی بەدخۆراکییە، نیشانەکانی کێشێکی لە رادەبەدەر کەمی جەستە، ترسێکی گەورە لە قەڵەوبوون و تێگەیشتنێکی شێوێنراو دەرباری کیش.
[10]ئەم ڕستەیە بە ئەڵمانی نووسراوە