سەبارەت بە ڕەخنەی ئەدەبی
ئەم وتارە، وەڵامی (د. محەمەد تاتانی)ی نووسەر و لێکۆڵەرە بۆ پرسیارێکی تەوەری ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری ماڵپەڕی ژنەفتن.
پێش ئەوەی باسی ڕەخنەی کوردی بکەم، دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم ڕەخنەی ئەدەبی بە شێوە گشتییەکەی مێژوویەکی زۆر دوور و درێژ و دێرینی هەیە و لە پێش زایینەوە لە یۆنانییەکانەوە بە ئەرستۆ دەستی پێ کردووە. ئەگەرچی لەم بوارەدا ناوی ئەفڵاتۆنیش دێت، کە کۆمەڵێک سەرنج و بۆچوونی هەیە لەسەر هونەر و ئەدەب و شاعیر و بە سەرەتای ڕەخنە دادەنرێن و لێرەو لەوێ لە گفتوگۆکانیدا هەن. بەڵام کۆی ئەو ڕەخنەیەی لەو مێژووە درێژەدا هەیە تا نزیک سەدەی هەژدە، بە پلەی یەک لەسەر بنەمای بۆچوون و سەرنجەکانی ئەفلاتۆن و ئەرستۆ دارێژراوە و بە درێژایی نزیکەی دوو هەزار ساڵ نەتوانراوە ئەو بۆچوونانە تێبەپڕێنرێن. بۆیە هەموو ئەو ڕەخنەیە پشتی بە تیۆری لاساییکردنەوە لای ئەفلاتۆن و ئەرستۆ بەستووە و بە ڕەخنەی کلاسیک ناودەبرێت.
بەڵام لە سەدەی هەژدە و بە تایبەتیش لە سەدەی نۆزدەدا و لەگەڵ دەرکەوتن و سەرهەڵدانی ڕێبازی ڕۆمانتیک، ئیتر ڕەخنەش گۆڕانی بەسەردا هات و لەژێر هەژموونی سەرنج و بۆچوونەکانی ئەرستۆ دەرچوو. لە سەدەی نۆزدە تا سەرەتاکانی سەدەی بیست ڕەخنەیەکی جیاواز لەوەی پێشتر سەری هەڵدا و بە ڕەخنەی نوێ ناودەبرێت. ئەم ڕەخنەیە بە میتۆدی مێژوویی و کۆمەڵایەتی دەستی پێکرد، کە میتۆدی مێژوویی لەسەر دەستی کەسانی وەک (فردیناند برۆنتێر) و (سانت بێڤ) و (هیبۆڵیت تەین)ی فەڕەنسی و (بێن جۆنسۆن) و (درایدن)ی بەریتانی سەری هەڵدا. میتۆدی کۆمەڵایەتیش لەسەر دەستی مەدام دی ستایل و لە ڕێگەی کتێبەکەیەوە بە ناوی (پەیوەندیی ئەدەب بە سیستەمە کۆمەڵایەتییەکانەوە) هاتەئاراوە و پاشان بە پشتبەستن بە تیۆر و بۆچوونەکانی مارکس ئەم میتۆدە زیاتر پەرەی سەند.
دواتریش لەسەر دەستی فرۆیدی دەروونناس و چەند دەروونناسێکی تری وەک یۆنگ و ئەدلەر سەرەتاکانی میتۆدی دەروونی دانران و دواتر نووسەرەکانی وەک ئەرنست جۆنز و ڕیچاردز لە ئینگلتەرا برەویان بەم میتۆدە داو لەڕێگەیەوە خوێندنەوەیان بۆ دەقی ئەدەبی دەکرد. لێرەدا بواری ئەوە نییە وردەکاری و بنەماکانی ئەم سێ میتۆدە باس بکەین، بەڵام لە هەر سێ میتۆدەکەدا نووسەری دەقەکە سەنتەرە نەک خودی دەقەکەی، واتە بە مەبەستی تێگەیشتن لە دەقەکە ئەوەندەی بەدواداچوون بۆ مێژووی نووسەرەکە و لایەنە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی دەکرێت، ئەوەندە گرنگی بە خودی دەقەکەی نادرێت. بۆیە ئەم سێ میتۆدە بە میتۆدە دەرەکییەکان دادەنرێن. چونکە کار لەسەر دەرەوەی دەق دەکەن، نەک لەسەر ناوەوەی دەق.
لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و وردتر لە ساڵانی ١٩١٥ بە دواوە لە ڕوسیا کۆمەڵێک نووسەری وەک (یاکۆبسن و پرۆپ و مەکارۆڤسکی و شکڵۆڤسکی و ئیخنباوم و تینیانۆڤ) وەرچەرخانێک لە ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبیدا ئەنجام دەدەن و لە جیاتی گرنگیدان بە نووسەر، گرنگی بە خودی بەرهەمە ئەدەبییەکەی دەدەن. واتە لای ئەمان دەق دەبێتە سەنتەر و نووسەر پەراوێز دەخەن. ئەم کارانەی ئەمان بە فۆڕمالیستی ڕووسی دەناسرێت و دەبێتە بنەمایەک و ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ سەرهەڵدانی شێوازگەری و بونیادگەری بە هەموو جۆرەکانییەوە . ئەم جۆرە کارکردنە لەسەر دەق و ئەم میتۆدانە، بە میتۆدە ناوەکییەکان دەناسرێن، چونکە کار لەسەر ناوەوەی دەق دەکەن و گرنگی بە نووسەر نادەن و فەرامۆشی دەکەن.
دواتریش و بە تایبەتی لە نیوەی دووەمی سەدەی بیست بە دواوە، ئاڕاستەی ڕەخنە دەگۆڕێت و کۆمەڵێک میتۆد و ئاڕاستەی جیاواز سەرهەڵدەدەن، کە گرنگترینیان بریتین لە (هەڵوەشاندنەوەگەرایی) و (ئێستاتیکای خوێندنەوە و تیۆری وەرگرتن) و (سیمۆلۆجیا) و (هێرمۆنۆتیکا)… بە تایبەتی ئاڕاستەی (ئێستاتیکای خوێندنەوە و تیۆری وەرگرتن) لەسەر دەستی دوو تیرۆرداڕێژی ئەڵمانیدا سەری هەڵدا، کە بریتین (یاوس) و (ئایزەر)ن و تیایدا گرنگی بە خوێنەری دەق دەدرێت، بەڵام نەک هەموو خوێنەرێک، بەڵکوو ئەو خوێنەرەی (ئایزەر) بە خوێنەری زیرەک ناوی دەبات. جگە لەمە میتۆدی هەڵوەشاندنەوەگەرایی و هیرمۆنۆتیکاش تیایاندا ئەوەندەی وەرگر ڕۆڵی هەیە لە لێکدانەوە و واتابەخشین بە دەق، ئەوەندە نووسەرەکە و خودی دەقەکەش ڕۆڵیان نییە.
لە میتۆدە دەرەکییەکاندا لە ڕوانگەی کۆمەڵگە و دەرەوەی دەقەوە لە واتای دەق دەڕوانرێت، لە میتۆدە ناوەکییەکاندا لە ڕوانگەی خودی دەقەکەوە سەیری لایەنی ئێستاتیکی و داهێنان دەکرێت لە دەقەکەدا، لە ڕوانگەی تیۆری وەرگرتن و خوێندنەوەوە و میتۆدەکانی پاش بونیادگەریدا وا لە دەق دەکۆڵرێتەوە، کە هەر یەک لە دانەکانی چەند واتایەکیان هەیە، واتایەک کە لە کۆمەڵگەدا باوە، واتایەک کە خودی نووسەرەکە دەیبەخشێت پێی، لێرەدا دەکرێت خوێنەری زیرەکیش واتایەکی تر بە دەق ببەخشێت، کە جیاواز بێت لەو دوو واتایەی پێشوو…
ئەگەر بێینە سەر باسکردنی ڕەخنە لەناو کورد و لە ئەدەبی کوردیدا، ئەوا بە درێژایی ئەو مێژووە درێژەی ڕەخنە، کە باسکرا، تا سەدەی بیست، ئێمە لە دەرەوەی ئەو مێژووەی ڕەخنەدا بووین و هیچ ڕۆڵێکمان نەبووە تیایدا. تەنانەت پێش سەدەی بیست بەرهەمی بە پەخشان نووسراومان زۆر کەمە و بەرهەم و کاری ڕەخنەییمان نەک هەر کەم بووە، بەڵکو هەر نەمانبووە.
من لەگەڵ ئەوەدا نیم، کە نەبوونی ڕەخنە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی دەقی ئەدەبی، چونکە هەمیشە ڕەخنە دوای دەق دەکەوێت. واتە دەبێت سەرەتا دەق هەبێت، ئنجا ڕەخنە لەسەر دەق ئەنجام دەدرێت.
سەبارەت بەوەی کە ئایا نەبوونی ڕەخنە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی دەقی ئەدەبی؟ من لەگەڵ ئەوەدا نیم، کە نەبوونی ڕەخنە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی دەقی ئەدەبی، چونکە هەمیشە ڕەخنە دوای دەق دەکەوێت. واتە دەبێت سەرەتا دەق هەبێت، ئنجا ڕەخنە لەسەر دەق ئەنجام دەدرێت. بۆیە دابەزینی ئاستی دەقی ئەدەبی ئەوەندەی پەیوەندیی بە خودی دەقنووسەکەوە هەیە، ئەوەندە پەیوەندیی بە نەبوونی ڕەخنەی ئەدەبییەوە نییە. بۆ نموونە شاعیرە کلاسیکییەکانی وەک جزیری و نالی و مەحوی و … هتد. توانیویانە بەپێی ڕۆژگار و سەردەم و ڕۆشنبیریی خۆیان دەقی شیعریی بەرز و جوان بنوسن، کەچی لەو سەردەمانەی ئەواندا ڕەخنەی ئەدەبیش نەبووە.
لەگەڵ ئەمەشدا هەبوونی ڕەخنەی ئەدەبی گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە دەبێتە هۆی دیاریکردنی ئاستی دەق و دەستنیشانکردنی ئەو دەقانەی لە ئاستێکی بەرزدان و لەڕووی ستاتیکی و داهێنانەوە نوێگەرییان تیایە و توانیویانە وەرچەرخان ئەنجام بدەن و جیاکردنەوەیان لەو دەقانەی هیچ داهێنان و نوێگەرییەکیان تێدا نییە. بەم پێیە ئەرکی ڕەخنەی ئەدەبی کارکردنە لەسەر ئەو دەقانەی پێشتر نووسراون یاخود لە ئێستادا دەنوسرێن، لەو ڕووەوەی ئایا لە چ ئاستێکی ساتیکیدان و تا چەند توانیویانە دەقەکانی پێش خۆیان تێپەڕێنن؟ ئایا داهێنانیان تێدایە، یان نا؟ …هتد.
سەبارەت بەوەی ئاخۆ ئێمە ڕەخنەمان هەیە، یان نیمانە؟ بێگومان ڕەخنەمان هەیە، بەڵام ئەو ڕەخنەیەی هەمانە دەتوانین بڵێین لە دوو ڕەهەندی سەرەکیدا خۆی دەبینێتەوە: ڕەهەندێکیان ئەو ڕەخنەیەیە، کە لەناو کایە ڕۆشنبیرییە گشتییەکەدا و بە تایبەتیش لە ناو ڕۆشنبیر و نووسەرەکاندا لەسەر دەقی ئەدەبی و بەرهەمە ئەدەبییەکان دەنووسرێت. ڕەهەندەکەی تریشیان ئەو ڕەخنەیەیە، کە لە ناوەندەکانی زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکاندا لە ڕێگەی نووسینی تێزی دکتۆرا و نامەی ماستەرەکانەوە لەسەر دەقی ئەدەبی و بەرهەمە ئەدەبییەکان بە گشتی دەنووسرێن.
ئەو ڕەخنەیەی لە هەر یەکێک لەو دوو ڕەهەندەدا هەیە، هەر یەکەیان کۆمەڵێک ئاریشەیان هەیە یاخود تێدایە. ئەو ڕەخنەیەی لەناو کایە ڕۆشنبیرییەکەدایە زۆرجار کێشەکەی ئەوەیە زیاتر ڕەخنەیەکی خودییە و پەیوەندیی نێوان ڕەخنەگر و نووسەری دەقەکە ڕۆڵی هەیە لە چۆنیەتی ئەنجامدانی ڕەخنەکەدا لەسەر دەقە ئەدەبییەکە. بۆ نموونە ئەگەر ڕەخنەگرەکە لەگەڵ نووسەری دەقەکەدا میانەی باش بێت و نزیک بن لە یەک، ئەوا ڕەخنەکەی لەبارەی دەقی نووسەرەکەوە بەردەوام ڕەخنەیەکی پۆزەتیفە و زیاتر پیاهەڵدان و بەرزکردنەوەی دەقەکەیە. بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر لەگەڵ نووسەری دەقەکەدا میانەی خۆش نەبێت، ئەوا ڕەخنەکەی زیاتر بەلای ئەوەدا دەشکێتەوە دەقەکە بە نزم لە قەڵەم بدات و بیشکێنێت. لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڕەخنەی ئەدەبی لەناو کورددا لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمەوە تا ئێستاش، بەشێکی بەرچاوی ڕەخنەی ئەدەبیی کوردی گرفتاری ئەم کێشەیە و نەیتوانیوە خۆی ڕزگار بکات لێی. تەنانەت گەر چاو بە کارە ڕەخنەییەکاندا بخشێنین، دەیان نمونەی لەم جۆرەمان دەست دەکەوێت، کە بە پێویستی نازانم لێرەدا ئاماژەیان پێ بکرێت.
ئەو ڕەخنەیەی لای ئەم جۆرە نووسەرە هەیە، لە سێ گۆشەی (نوسەر، دەق، خوێنەر)دا، تەنها نووسەرەکە بەلایەوە سەنتەرە و لە ڕوانگەی ئەوەوە لە دەقەکە دەڕوانێت. تەنانەت خودی نووسەرەکە ڕۆڵ و کاریگەرییەکی زۆری لەوەدا هەیە، کە ئەم کار لە سەر دەقەکەی دەکات. جا چ بە پیاهەڵدان و بەرزکردنەوەی دەقەکەی بێت، کە دەیەوێت لەڕێگەی ئەمەوە نووسەری دەقەکە بەرز بکاتەوە، یان بە شکاندن و لەکەدارکردنی دەقەکە بێت، کە مەبەست لێی شکاندن و نزمکردنەوەی خودی نووسەرەکەیە لەڕێگەی شکاندنی دەقەکەیەوە.
پاشان لە دەرەوەی ئەمەدا هەندێک نووسەریش هەن، کە لە ڕووی ڕەخنەییەوە کاریان لەسەر دەقە ئەدەبییەکان کردووە و ناسین و نەناسینی نووسەری دەقەکە ڕۆڵێکی وای نەبووە لە کارە ڕەخنەییەکەیاندا. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بەشێکی زۆری ئەم جۆرە ڕەخنەیەش زیاتر ڕەخنەیەکی ئینتیباعییە و کەمیان هەیە لە کارە ڕەخنەییەکەیدا پشتی بە میتۆدی ڕەخنەیی و بنەما ڕەخنەییە نوێکان بەستبێت. بۆیە ڕەخنەکەیان لە چوارچێوەی کۆمەڵێک سەرنج و تێڕوانین لەسەر دەقە ئەدەبییەکەدا دەمێنێتەوە.
هەندێک نووسەر یاخود ڕەخنەگریش هەن، کە کارە ڕەخنەییەکەیان لەسەر دەق لایەنی خودی و چوارچێوەی ئینتیباعیی تێپەڕاندووە و توانیویەتی بە پشتبەستن بە تیۆر و میتۆدی ڕەخنەیی کار لەسەر دەقی ئەدەبی بکات و ڕاڤە و لێکدانەوەی ورد و قوڵ و جوان بۆ دەقەکە بکات. بەڵام ژمارەی ئەم جۆرە ڕەخنەگرە و ئەم جۆرە کارە ڕەخنەییانە زۆر کەمە و نەبووەتە هۆی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی لە کایەی ڕەخنە و کاری ڕەخنەییدا هەمانە.
سەرەڕای هەموو ئەوەی باسکرا هەندێک نووسەر یاخود ڕەخنەگریش هەن، کە کارە ڕەخنەییەکەیان لەسەر دەق لایەنی خودی و چوارچێوەی ئینتیباعیی تێپەڕاندووە و توانیویەتی بە پشتبەستن بە تیۆر و میتۆدی ڕەخنەیی کار لەسەر دەقی ئەدەبی بکات و ڕاڤە و لێکدانەوەی ورد و قوڵ و جوان بۆ دەقەکە بکات. بەڵام ژمارەی ئەم جۆرە ڕەخنەگرە و ئەم جۆرە کارە ڕەخنەییانە زۆر کەمە و نەبووەتە هۆی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی لە کایەی ڕەخنە و کاری ڕەخنەییدا هەمانە.
سەبارەت بەو ڕەخنەیەش، کە لە زانکۆکاندا لە ڕێگەی تێزەکانەوە دەنووسرێت، ڕەخنەیەکی چوارچێوەدارە و تا ڕادەیەکی زۆر بە کۆمەڵێک کۆت و بەند و ڕێنمایی بۆ نووسینی تێزەکان دەورە دراوە. ئەم ڕەخنەیە کە لەڕێگەی تێزی دکتۆرا و نامەی ماستەرەکانەوە لەسەر دەق و بەرهەمە ئەدەبییەکان دەنووسرێت، ئەمیش لە چەند ئاستێکدایە: بەشێکی زۆری نامەی ماستەر و تێزەکانی دکتۆرای بەشە کوردییەکانی زانکۆکان و نووسەرەکانیان کەسانێکی بێ ئاگان لە ڕەخنەی ئەدەبی و تیۆر و میتۆدەکانی ڕەخنە و کارەکەیان تەنها بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی ماستەر یان دکتۆراکەیە و لە ڕەفەی کتێبخانەکانی زانکۆکاندا دەکەوێت و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبی نییە، تەنانەت دەتوانین بڵێین بوون و نەبوونییان هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی یان نەرێنیی نییە و هیچ شتێک ناگۆڕن. بەڵام لەپاڵ ئەمانەدا هەندێک نامە و تێزی دکتۆراش هەن، نووسەرەکانیان ئاگاداری تیۆر و میتۆدە ڕەخنەییەکانن و هەبوونی کۆت و بەندەکانی نووسینی توێژینەوە، نەبوونەتە ڕێگر لەبەر دەم ئەوەی کارە ڕەخنەییەکانیان بەپێی میتۆدە نوێیەکانی ڕەخنەی ئەدەبی بنووسن و خوێندنەوەی قووڵ بۆ دەقەکان بکەن. ئەم جۆرەیان ئەگەرچی لە ڕووی چەندێتییەوە ژمارەیان زۆر کەمە، بەڵام توانیویانە ئەو جۆرە لێکۆڵینەوە سادە و ڕووکەشییانە تێپەڕێنن، کە بەشێکی زۆری نامە و تێزە زانکۆییەکان پێوەی دەناڵێنن.
لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بڵێم بە گشتی ڕەخنە لای ئێمەی کورد لەم خاڵانەدا پوخت دەبێتەوە:
١. نووسەر و ڕەخنەگرەکانی ئێمە هیچ ڕۆڵێکییان نەبووە لە دانان و هێنانە ئارای هیچ تیۆر و میتۆدێکی ڕەخنەییدا.
٢. بەشێکی زۆری ئەو ڕەخنەیەی لە کایەی ڕۆشنبریی ئێمەدا هەیە لە چوارچێوەی ڕەخنەی خودی و ڕەخنەی ئینتیباعیدا دەخولێتەوە.
٣. ئەو ڕەخنەیەی، کە پشتی بە میتۆدێکی ڕەخنەیی بەستبێت، لەناو ئێمەدا یان کەمن، یان بە کەمی توانیویانە وەک پێویست میتۆدەکە بەسەر دەقەکەدا پراکتیک بکەن. ئەمەش لەوێوەیە مەرج نییە ئەو میتۆدە ڕەخنەییانەی لە ئەدەبی ئەوروپی و ڕۆژئاواییدا سەریان هەڵداوە، دەقاودەق بۆ ئەدەب و دەقە ئەدەبییەکانی ئێمە بگونجێن. واتە نووسەرو ڕەخنەگرەکانی ئێمە بە تیۆر و میتۆدی ڕەخنەیی هاوردە، دەقە خۆماڵییەکان دەخوێننەوە.
٤. لەو خاڵەی پێشووەوە دەگەینە ئەوەی نووسەر و ڕەخنەگرەکانی ئێمە بەگشتی دەستەوسانن لەوەی بتوانن تیۆر و میتۆدی ڕەخنەیی وا بهێننە ئاراوە، کە پڕ بە پێستی دەقە ئەدەبییەکانمان بن و بتوانن لەڕێگەی ئەو تیۆر و میتۆدەوە دەقەکان بخوێننەوە.
٥. هۆکاری سەرەکیی سەهەڵدان و هاتنەئارای تیۆر و میتۆدی ڕەخنەیی پاشخانی مەعریفی و فەلسەفییە، بەبێ پاشخانی مەعریفی و فەلسەفی ڕەخنە و تیۆری ڕەخنەیی سەرهەڵنادەن. ئێمەی کوردیش لەم دوو بوارەدا زۆر کۆڵەوارین، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەمە هۆکارێکی سەرەکیی لاوازیی ڕەخنەیە لە ئەدەبەکەماندا.
٦. لە کۆتا خاڵدا دەتوانین ئەوە بڵێین، نووسەر و دەقنووسمان زۆرە، چ شاعیر، چ چیرۆکنووس، چ ڕۆماننووس و …هتد، بەڵام بەشێکی کەمی دەقەکان بەرز و جوانن و لە ئاستی پێویستدان. گەر لەهەمان ئەم ڕوانگەوە سەیری ڕەخنەش بکەین، ئەوا چۆن لە چاو ئەو هەموو دەقە زۆرەی هەمانن، دەقە بەرز و جوان و داهێنەرانەکانمان کەمن، بەهەمان شێوە ڕەخنەکەشمان لەچاو ڕێژە و ژمارەی دەقەکانمان زۆر کەمە و نەک هەر لە ئاستی پێویستدا نییە، بەڵکو زۆر لە خوار ئاستی پێویستەوەیە.