دیمانەیەک لەگەڵ سووزان سۆنتاگ

لەمەڕ وێنەگری و نووسین

لە ئینگلیزییەوە: مسلم ئەحمەدی
سووزان سۆنتاگ ١٩٩٤ (پۆرترێت ژوان باستۆس)

جێفری مۆڤیەس: لە یەکێک لە وتارەکانتان لەسەر وێنەگری لە گۆڤاری نیۆیۆرک ڕێڤیوو ئاف بۆکس[i]دا نووسیوتانە “هیچ بەرهەمێکی ئەدەبیاتی خەیاڵکرد ناتوانێ بە قەد بەڵگەیەک[ii] جێی باوەڕ و متمانە بێ” و “لە ئەمریکا هەر شتێک کە بە ئەدەبی دایبنێن، گومانێکی ڕقاوی بەرانبەری ساز دەبێت.” ئایا ئێوە بیر دەکەنەوە ئەدەبیاتی خەیاڵکرد لە حاڵی لەناوچوونە؟ ئایا نووسین گەیشتۆتە کۆتایی تەمەنی خۆی؟  

سووزان سۆنتاگ: کێشەی جێی باوەڕبوون، نووسەرانی ئەدەبی چیرۆکی تووشی دڵەڕاوکێیەکی زۆر کردووە. زۆرێکیان پێیان خۆش نییە ئەدەبی خەیاڵکرد بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەکار بێنن و لە جیاتی هەوڵ دەدەن سرووشتێکی ناخەیاڵکرد بە چیرۆکەکانیان ببەخشن. “ژیانم وەک پیاوێک[iii] بەرهەمی فیلیپ ڕاس نموونەیەکی نوێی ئەم بابەتەیە، ئەم کتێبە لە سێ کورتەڕۆمان پێک هاتووە: بە ڕواڵەت گێڕەرەوەی یەکەم کەسی کورتەڕۆمانی سێهەم، دوو کورتەڕۆمانی هەوەڵ و دووەمی نووسیوە. ڕەنگە جێی باوەڕتر بوونی بەڵگەی کەسێتی و ئەزموونی خودی نووسەر لە چیرۆکی سازکراو لەم وڵاتە لە هەموو شوێنی تر بەربلاوتر بێ و ئەمەش دەرخەری ئەوەتە کە ڕوانینە دەروونناسانەکان بۆ دنیا لێرە سەرکەوتوون. من هاوڕێگەلێکم هەیە کە پێم دەڵێن لە چیرۆکنووسان تەنها کتێبی نامە و بیرەوەرییەکانیان سەرنجیان ڕادەکێشێ.

مۆڤیەس: ئایا بیر دەکەنەوە ئەم ڕووداوە لە بەر ئەوەتە کە خەڵک هەست دەکەن پێویستیان بەوەتە لەگەڵ ڕابردوودا پێوەندی دابمەزرێنن – جا چ ڕابردووی خۆیان چ هی خەڵکی تر؟  

سۆنتاگ: بە ڕای من زۆرتر لە بەر نەبوونی پێوەندی لەگەڵ ڕابردوودایە تاکوو ئەوەی حەزیان لە ڕابردوو بێ. زۆر کەس پێیان وایە کەس ناتوانێ چیرۆکی دنیا و کۆمەڵگا بگێڕێتەوە، بەڵکوو مرۆڤ تەنیا دەتوانێ چیرۆکی خۆی بگێڕێتەوە، واتە، “دنیام چۆن دیت.” ئەوان وای دادەنێن کە کاری نووسەر گەواهی دانە، ئەگەر نەڵێین دانپیانان، و بەرهەمی نووسەریش باسی ئەوە دەکا کە نووسەرەکە چۆن دنیا دەبینێ و خۆی دەخاتە ڕوو. لە چیرۆکیش چاوەڕوانی ئەوە دەکرێ کە “ڕاست” بێ. وەک چلۆن وێنە وایە.

مۆڤیەس: خەیرومەند[iv] و جانتای مەرگ[v] خۆژیاننامە نین.  

سۆنتاگ: لەم دوو ڕۆمانەمدا، بابەتی داهێنراو لەوانەی ژیانی خۆم بەرچاوتر بوون. هەنێک لەم چیرۆکانەی دوایی، وەک “پرۆژەی گەشت بۆ چین” لە ئاڤریلی ١٩٧٣ی  مانگ‌نامەی ئاتلانتیک، لەسەر ژیانی خۆم بنیات نراون. بەڵام من مەبەستم ئەوە نەبووە بڵێم حەز لە گەواهی دانی شەخسی و دانپیانان، جا چ ڕاستەقینە و چ خەیاڵکرد، تەنیا حەزی سەرەکییە کە خوێنەران و نووسەرانی ناوبانگخواز هان دەدات. حەز لە داهاتووناسی، یان پێشبینیش لانیکەم بە هەمان ڕادە گرنگە. بەڵام ئەم حەزەش ناڕاستی بوونی ڕاستیی ڕابردووی مێژوویی پشتڕاست دەکاتەوە. هەنێک لەو ڕۆمانانەی کە چیرۆکەکەیان لە ڕابردوودا ڕوو دەدات، وەک کارەکانی توماس پینچن، لە ڕاستییدا بەرهەمگەلێکی زانستیی خەیاڵیین.

مۆڤیەس: جیاوازی دانانی ئێوە لەنێوان نووسەرانی خۆژیاننامەیی و زانستیی خەیاڵیی دەمخاتەوە بیر بەشێک لە وتارێکتان لە نیۆیۆرک ڕێڤیوودا، لەوێ نووسیبووتان هەنێک لە وێنەگرەکان خۆیان وەک زانا ڕێک دەخەن، ئەوانی تریش وەکوو ڕەوشتخواز. زاناکان “دنیا پۆلێنبەندی دەکەن،” لە حاڵێکدا کە ڕەوشتخوازەکان “دەپڕژێنە سەر حاڵەتە دژوارەکان.” بە ڕای ئێوە وێنەگرە ڕەوشتخوازەکان دەبێ لە ئیستادا بپڕژێنە سەر چ بابەتگەلێک؟  

سۆنتاگ: من پێم خۆش نییە نوسخە پێچمەوە بۆ کەسێک کە دەبێ چی بکا و چی نەکا، چونکوو هیوای ئەوەم هەیە هەمیشە زۆر کاری جۆراوجۆر بکەن. جێی سەرنجە سەرەکییەکانی وێنەگرانی ڕەوشتخواز شەڕ، هەژاری، بەڵا سرووشتییەکان، ڕووداوەکان، کارەساتەکان و خراپە و گەندەڵییەکانن. کاتێک وێنەگرانی ڕۆژنامەکان دەڵێن “هیچمان بۆ وێنەگرتن نەدۆزییەوە،” مەبەستیان ئەوەتە کە هیچ شتێکی ناخۆش و خراپیان نەدۆزیوەتەوە.

مۆڤیەس: ئەی زاناکان چی؟  

سۆنتاگ: پێم وا نەریتی سەرەکی وێنەگری ئەوەتە کە ناڕاستەوخۆ دەڵێ ئەگەر وێنەت لە شتێ گرت کەواتە دەتوانێ جێی سەرنج بێ. ئەمەش باسی کەشف کردنی جوانی دەکا، جوانییەک کە دەتوانێ لە هەموو شوێنێک بێ، بەڵام دەڵێن بە تایبەت لە شوێنگەلی گۆترە و بێبایەخدایە. وێنەگری دوو چەمکی “جوان” و “جێی سەرنج و بایەخ” یەک دەخا. وێنەگری شێوازێکە بۆ وێناکردنی جوانیناسانەی هەموو دنیا.

مۆڤیەس: هۆکاری نووسینتان لە سەر وێنەگری چی بوو؟  

سۆنتاگ: چونکوو من ئەو ئەزموونەم هەبووە کە وێنەکان فکروخەیاڵم بە خۆیانەوە سەرقاڵ کەن و چونکوو بە ڕاستیی هەموو کێشە گرنگەکانی جوانیناسی، ڕەوشتی و سیاسی – خودی پرسی “مۆدێرنیتە” و حەزی “مۆدێرنیستی” – لە مێژووی بە نیسبەت کورتی وێنەگریدا هاتۆتە ئاڕاوە. ویلیام کەی. ئێرڤینز دەڵێ لە ماشینی چاپ بەملاوە گرنگترین داهێنانی مرۆڤ کامێرا بووە. ئەگەر لە بواری گەشەی هەست و تێگەیشتنەوە لێی بڕوانین، ڕەنگە داهێنانی کامێرا تەنانەت گرنگتریش بێ. هەڵبەت شێوازەکانی بەکارهێنانی کامێرا لە فەرهەنگەکەمان و لە کۆمەڵگای مەسرەفیدایە کە وێنەگری ئەوەندە سەرنجڕاکێش و کاریگەر کردووە. لە کۆماری گەلی چیندا، خەڵک “وێنەگرانە” ناڕوانن. چینییەکانیش وەک ئێمە لە یەکتر و لە شوێن و ئاسەوارە بەناوبانگەکان وێنە دەگرن. بەڵام کاتێک دەبینن کەسێکی بیانی پەلەپەل هەوڵی وێنەگرتن لە دەرگایەکی کۆن، تێکشکاو و داماڵڕاوی ماڵێکی ناو کێڵگە دەدا تووشی سەرسووڕمان دەبن. ئیدەی ئەوان لە “پیکارێسک [vi]” وەک ئەوەی لای خۆمان نییە. ئەوان لە وێنەگری وەک ڕێگەیەک بۆ دەست بەسەر ڕاستییدا گرتن و – پارچەپارچە – گۆڕینی تێناگەن، بۆیەشە تێناگەن ئەم ڕوانینە بۆ وێنەگری تەنانەت بوونی بابەتی نەشیاو یان بێبایەخ بۆ وێنەگرتنیش ڕەت دەکاتەوە. وەک لە ڕیکلامێکی پۆلارۆید  [vii] SX-70دا هاتبوو: “ڕێگەتان پێ نادا بوەستن. لەناکاو تێدەگەن هەر کوێ سەیر کەن وێنەیەکی تێدا دەبینن.”

مۆڤیەس: وێنەگری چلۆن دنیا دەگۆڕێ؟  

سۆنتاگ: لەڕێگەی پێبەخشینی ئەزموونێکی زۆر چڕوپڕەوە کە لە حاڵەتی “ئاسایی”دا ناتوانین وە دەستی بخەین. و لە ڕێگەی سازکردنی هەڵبژاردەیەک لە ئەزموون کە زۆر لایەنگرانە و ئیدیۆلۆژیکیشە. ئەگەرچی بە ڕواڵەت هیچ شتێک نییە کە وێنەگری نەتوانێ قووتی بدا، بەڵام هەر شتێک کە نەتوانین وێنەی لێ بگرین گرنگیی کەمتر دەبێتەوە. ئیدەی مۆزەخانەی بێ دیواری مالرۆ ئیدەیەکە لە مەڕ دەرکەوتەکانی وێنەگرییەوە: واتە ئێستا وێنەگرییە کە شێوازی ڕوانینی ئێمە بۆ نیگار و پەیکەرتاشی دیاری دەکات. ئێمە نە تەنیا دنیای هونەر و مێژووی هونەر، سەرەتا لەڕێگەی وێنەکانەوە دەناسین بەڵکوو بە جۆرێکیش دەیانناسین کە کەس پێش وێنەگری نەیدەتوانی بیانناسێ. چەن مانگ پێش کە بۆ هەوەڵ جار لە ئۆرڤیێتۆ بووم، چەندین کاتژمێر بەس لە نمای کاتێدراڵەکەم ڕوانی؛ بەڵام تەنیا حەفتەیەک دواتر بوو کە بە ڕاستی کاتێدراڵەکەم بینی، بینین بە مانا مۆدێرنەکەی، ئەویش کاتێک بوو کە کتێبێکم لە سەر کاتێدراڵەکە کڕی. وێنەکانی کتێبەکە ئەو توانایەی پێ بەخشیم بە جۆرێکی تر ببینم، جۆرێک کە بە چاوی “ڕووت” قەت نەمدەتوانی کاتێدراڵە “ڕاستەقینە”کە ببینم.

مۆڤیەس: ئەمە پیشان دەدات کە وێنەگری دەتوانێ بە مانای ڕاستەقینەی وشە شێوازێکی یەکسەر جیاوازی بینین بخولقێنێ.

سۆنتاگ: وێنە بەرهەمی هونەری دەکاتە پاژی زانیاری. ئەم کارەش بە هاوتا و هاوشان کردنی بەش و گشت دەکا. کاتێک لە ئۆرڤیێتۆ بووم، ئەگەر لە دوورەوە بوەستایەم دەمتوانی هەموو نماکە ببینم، بەڵام ئەوسا نەمدەتوانی وردەکارییەکان ببینم. دەشمتوانی بچمە پێشەوە و ئەو وردەکارییانە ببینم کە، بڵێین، لە دوو مەتر و نیو بەرزتر نەبوون بەڵام بە هیچ شێوازێک نەمدەتوانی تەواوی نەماکە بخەمە چاومەوە. کامێرا جێگەوپێگەیەکی تایبەت بە پارچەکان دەبەخشێ. وەک مالڕۆ ئاماژە دەکات، وێنە دەتوانێ پارچەیەک لە پەیکەرێک پیشان بدات – سەری پەیکەرەکە، دەستی پەیکەرەکە -کە بە تەنیا خۆشی نایاب دێتەبەرچاو و دەکرێ ئەم پارچەیەش لە پاڵ شتێ تر دابنرێت کە دە جاریش گەورەتر بێ بەڵام، لە قاڵبی کتێبدا، هەر بە یەک ڕادە جێگە بگرن. بەم شێوەیەیە کە وێنەگری تێگەیشتنی ئێمە لە پێوەر لە ناو دەبات.  

هەروەهاش کاری سەیروسەمەرە لەگەڵ تێگەیشتنمان لە زەمان دەکات. لە مێژووی مرۆڤایەتییدا هەرگیز خەڵک پێشتر نەیاندەزانی بە منداڵی شێوەیان چۆن بووە. دەوڵەمەندەکان ڕایاندەسپارد نیگاری منداڵەکانیان بکێشن، بەڵام داب‌ونەریتی نیگارکێشی لە ڕۆنێسانسەوە تا سەدەی نۆزدە بە قووڵی لە ژێر کاریگەری ئیدەی چینایەتی بوو و بۆیەش ئەو وێنەیە ئەم نیگارانە پیشانیان دەدا زۆر بۆ خەڵک جێی متمانە نەبوون.

کامێرا پێوەندییەکی نوێ و تەواو هەست‌‌بزوێنی لەنێوان خەڵک و خۆیان، ڕواڵەتیان، تێپەڕینی تەمەنیان، پیر بوون و بەرەو مەرگ چوونیاندا چێ کردووە.

مۆڤیەس: هەنێ جار ئەم نیگارانە جەستەی کەسێ تر بوون و سەری ئێوەیان لەسەر دادەنا.  

سۆنتاگ: وایە. و زۆرینەی هەرەزۆری خەڵک، ئەوانەی پارەی کێشرانی نیگاریان نەبوو، هیچ ڕێگەیەکیان نەبوو شێوازی منداڵییان ببینن. ئەمڕۆکە بەڵام ئێمە هەموومان وێنەی تەمەنی شەش ساڵانمان هەیە، لەو تەمەنە کە ڕوخسارمان کەم کەم دەری دەخا لە داهاتوودا چ شێوازێ بە خۆیەوە دەگرێ. هەمان زانیاریشمان لەسەر باوک و دایک و باوەگەورە و دایەگەورەمان هەیە. و خەم و حەسرەتێکی زۆریش لەم وێنانەدا هەیە؛ ئەم وێنانە تێماندەگەیەنن کە ئەمانیش زەمانێک منداڵ بوونە. ئەوەی کە بتوانی منداڵیی خۆت و باوک و دایکیشت ببینی ئەزموونێکە تایبەت بە دەورانی ئێمە. کامێرا پێوەندییەکی نوێ و تەواو هەست‌‌بزوێنی لەنێوان خەڵک و خۆیان، ڕواڵەتیان، تێپەڕینی تەمەنیان، پیر بوون و بەرەو مەرگ چوونیاندا چێ کردووە. ئەم پێوەندییە هەست‌‌بزوێنە پێشتر هەرگیز لە ئاڕادا نەبووە. 

مۆڤیەس: بەڵام شتێک لە قسەکانی ئێوەدا هەیە کە لەگەڵ ئەو ئیدەیە کە وێنەگری لە ڕووداوگەلی مێژوویی دوورمان دەخاتەوە یەک ناگرنەوە. لە ڕووی ستوونی ئانتۆنی لوییس لە ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزی ئەم بەیانییەدا ئەم قسەیەی ئەلێکساندێر وۆدسایدم نووسیوەتەوە، وۆدساید پسپۆڕی چین-ڤیەتنام‌ناسییە لە زانکۆی هارڤارد. ئەو دەڵێ: “بە ئەگەری زۆر ڤیەتنام یەکێکە لە پەتیترین نموونەگەلی کۆمەڵگای سەر بە مێژوو، مێژووتەوەر لە دنیای ئەمڕۆژییدا … ئەمریکاش بە ئەگەری زۆرەوە پەتیترین نموونەی کۆمەڵگای دنیای ئەمڕۆیە کە بە کردەوە هەوڵی لەناوبردنی مێژوو دەدا، هەوڵ دەدا خۆی لە تێفکرین لە چوارچێوەی مێژوو ببوێرێ و وا دەری بخات کە چوست و چالاکی کۆمەڵگا لە فەرامۆشییەکی پێشتر پلان بۆ داڕێژراوەوە دێت.” ئەوەم بە مێشکدا هات کە ئێوەش لە وتارەکانتاندا باسی ئەوە دەکەن کە ئێمەی خەڵکی ئەمریکا ڕیشەکێش بووینە – واتە ئێمە خاوەنی ڕابردووی خۆمان نین. بۆیەشە ڕەنگە لە تۆمارکردنی وێنەکانماندا وارسکەیەکی ڕزگاریبەخش لە کاردا بێ.  

سۆنتاگ: جیاوازی نێوان ئەمریکا و ڤیەتنام لەوە بەرچاوتر نابێ. لە گەشت بۆ هانۆی، ئەو کتێبە کورتەی لە پاش هەوەڵ سەفەرم لە ساڵی ١٩٦٨ بۆ ڤیەتنامی باکوور نووسیم، باسی ئەوەم کردووە کە چلۆن حەزی ڤیەتنامییەکان لە سازکردنی پێوەندی و هەڵسەنگاندنی مێژوویی تووشی سەرسووڕمانی کردم، هەرچەندیش ئەم پێوەندی و هەڵسەنگاندنانە بە چاوی ئێمە سادە و خاو‌ و خلیچ بنوێنێ. ڤیەتنامییەکان کاتێ باسی هێرشی ئەمریکایان دەکرد دەگەڕانەوە بۆ کارێک کە فەڕەنسییەکان کردبوویان یان ڕووداوێک کە لە کاتی هێرشی هەزاران ساڵەی چین ڕووی دابوو. ڤیەتنامییەکان خۆیان لە بەستێنێکی نەپچڕاوی مێژووییدا پێناسە دەکەن. ئەم بەستێنە مێژووییە دووپات بوونەوەش لە خۆی دەگرێ. ئەمریکییەکان بەڵام ئەگەر بیر لە ڕابردووش بکەنەوە، هیچ حەزیان لە دووپات بوونەوە نییە. ڕووداوە گرنگەکانی مێژووی ئەمریکا وەک شۆڕشی ئەمریکی، شەڕی ناوخۆ، بێبازاڕیی هەموویان وەک ڕووداگەلێکی تاقانە، نائاسایی و جیاواز سەیر دەکرێن. ئەمە پێوەندییەکی جیاواز لەگەڵ ئەزموونمان پیشان دەدات: واتە هیچ هەست بە دووپات بوونەوەیەک لە ئاڕادا نییە. ئەمریکییەکان – ئەگەر ئەسڵەن مێژوویەکیان هەبێ – مێژوو بە شێوازی هێڵی دەبینن. 

مۆڤیەس:  ئەوکات ڕۆڵی وێنەگری لەم نێوەدا چییە؟  

سۆنتاگ: سرووشتی پێوەندی ئەمریکی لەگەڵ ڕابردوودا ئەوەتە زۆری لێ نەخاتە سەر شانی خۆی. ڕابردوو ڕێگە لە چالاکی دەگرێ، هێز و وزە کەم و کز دەکا. بارێکی قورسە چون یا گەشبینی دەگۆڕێ یان دژی دەوەستێتەوە. ئەگەر وێنەکان پێوەندیی ئێمە لەگەڵ ڕابردوو بن، کەواتە پێوەندییەکی سەیر، شکستەنی و پڕ لە هەست و سۆزن. تۆ کاتێک دەتەوێ شتێک لە ناو ببەی لە پێشدا وێنەی لێ دەگری. واتە وێنە، بوونی پاش مەرگیەتی.

ئەمریکا وڵاتێکی “ڕاستەقینە” نییە، بەڵکوو ساختەیە

مۆڤیەس: ئێوە بۆ پێتانوایە ئەمریکییەکان هەست دەکەن ڕابردوو بارە بە سەر شانیانەوە؟  

سۆنتاگ: چونکوو، پێچەوانەی ڤیەتنام، ئەمریکا وڵاتێکی “ڕاستەقینە” نییە، بەڵکوو ساختەیە، ویستوویانە سازی کەن و سازیان کردووە، مێتاوڵاتە. زۆرینەی ئەمریکییەکان منداڵ یاخود نەوەی کۆچەرانێکن کە زۆرتر لە بەر دابڕان لە ڕابردووی دۆڕاویان بڕیاری کۆچ و هاتن بۆ ئێرەیان داوە. ئەگەریش ئەم کۆچەرانە شتێکیان لە وڵات یان فەرهەنگی بنەڕەتیی خۆیان پاراستبێ زۆر ئاگایانە هەڵیان بژاردووە. وارسکەی سەرەکی ئەوە بووە کە هەموو شتێک لە بیر بکەن. من جارێک لە دایکی باوکم، کە کاتێ حەوت ساڵان بوون گیانی سپارد، پرسی، خەڵکی کوێیە. وتی: “ئەورووپا.” من شەش ساڵان بووم بەڵام تەنانەت ئەو کاتیش تێگەیشتم باش وڵامی نەداومەتەوە. وتم “بەڵام کوێی ئەورووپا دایەگەورە؟” بە  تووڕەییەوە دووپاتی کردەوە “ئەورووپا.” بۆیە تا ئەمڕۆش من نازانم دایەگەورە و باوەگەورەی دایکییم لە کام وڵاتەوە هاتوون. بەڵام وێنەیانم هەیە و زۆریش لام ئازیزن، وەک بڵێی یادگاری پڕ ڕەمزوڕازی هەموو ئەو شتانەی بن کە هیچیان لە سەر نازانم.

مۆڤیەس: ئێوە بە جۆرێک باسی وێنە دەکەن وەک بڵێی پارچەگەلێکی بەهێز، لەبەردەست، جیاواز و “تەمیس”ی زەمان بن. ئایا پێتان وایە کە ئێمە وێنە زۆر باشتر لە فیلم هەڵدەگرین؟  

سۆنتاگ: بەڵێ

مۆڤیەس: بۆ پێتوایە کە ئێمە وێنە باشتر لەبیرمانە؟  

سۆنتاگ: پێم وایە پێوەندی لەگەڵ سرووشتی زەینی بینەییدا هەیە. من نە تەنیا وێنەکان باشتر لە فیلمەکان لە بیرمدا دەمێننەوە بەڵکوو ئەوەش کە لە فیلمەکانەوە لە بیرمدا دەمێننەوە هەڵبژاردەیەک لە وێنەکانن. دەتوانم چیرۆکەکە، ڕستەکانی وت‌ووێژەکان و ڕیتمی فیلمەکە وەبیر بێنمەوە. بەڵام ئەگەر لە بواری بینەییەوە باسی بکەین تەنیا هەندێ چرکەی هەڵبژاردەم بیر دێتەوە کە لە ڕاستیشدا تا ئاستی وێنە دابەزیون و ئیدی ناجووڵێن. لە ژیانی خۆشماندا واین. بیرەوەرییەکانی زەمانی منداڵیمان، یا هەر بیرەوەرییەک کە لە ڕابردووی زۆر نزیکدا نەبێ، زۆرتر لەوەی وەک پارچەفیلمێک بێ، وەک وێنەیەکی وەستاو وایە. و وێنەگری بەم شێوازی بینین و وە بیرهێنانەوەیە شکڵی داوە.

مۆڤیەس: ئایا ئێوە “وێنەگرانە” دەبینن؟  

سۆنتاگ: بێگومان.

مۆڤیەس: وێنەش دەگرن؟  

سۆنتاگ: من کامێرام نییە. من گیرۆدەی وێنەم بەڵام نامەوێ خۆم وێنە بگرم.

مۆڤیەس: بۆ؟

سۆنتاگ: ڕەنگە لە بەر ئەوەی دەترسێم یەکسەر پێوەی بم.

من وا بیر دەکەمەوە کە ئینتیمای وێنەگر بۆ دنیا لەگەڵ شێوازی ڕوانینی نووسەردا لە کێبڕکێدان.

مۆڤیەس: ئەوە خراپە؟ ئایا بەو مانایەیە کە لە نووسەر بوونەوە دەگوێزنەوە بۆ بوون بە شتێکی تر؟  

سۆنتاگ: من وا بیر دەکەمەوە کە ئینتیمای وێنەگر بۆ دنیا لەگەڵ شێوازی ڕوانینی نووسەردا لە کێبڕکێدان.

مۆڤیەس: جیاوازییان چییە؟  

سۆنتاگ: نووسەر پرسیاری زۆرتر دەکات. بۆ نووسەر سەختە لەسەر ئەو گریمانەیە کار بکات کە هەموو شتێک دەتوانێ جێی سەرنج بێ. زۆرێک لە خەڵک وا ژیانیان ئەزموون دەکەن وەک بڵێی کامێرایان هەبێ. بەڵام ئەگەرچی دەتوانن بیبینن ناتوانن بە زاریدا بێنن. کاتێک باسی ڕووداوێکی سەرنجڕاکێش دەکەن، گێڕانەوەکەیان زۆر جار دەوەستێ و دەچێتە سەر وەخت ڕستەی “خۆزگە کامێراکەم پێ بوایە.” واتە بە گشتی لێزانین لە چیرۆک گێڕانەوە لەنێو خەڵکدا تووشی داڕمان بووە و ئێستەکانێ ئەو کەسانەی بتوانن بە باشی چیرۆک بگێڕنەوە ژمارەیان کەمی کردووە.

مۆڤیەس: ئایا ئێوە پێتان وایە ئەم داڕمانە لەگەڵ سەرهەڵێنانی وێنەگرییدا هاوکات ڕووی داوە، ئایا پێتان وایە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ و ئاسایی لە نێوانیاندا هەیە؟  

سۆنتاگ: گێڕانەوە شێوازی هێڵی هەیە. وێنەگری دژەهێڵییە. خەڵک ئێستا زۆر باش لە پرۆسە و بە سەر چوونی کات تێدەگەن بەڵام چی دی لە دەستپێک، ناوەڕاست و کۆتایی تێناگەن. ئیدی کۆتایی یان بەرئەنجام بە چاوێکی گوماناوییەوە سەیر دەکرێت. گێڕانەوەکان وەک چارەسەرە دەروونییەکان بێکۆتایی دێنە بەر چاو. بۆیەشە هەر جۆرە کۆتاییەک وەک کارێکی نابەجێ و زۆرەملی خویا دەکا و خۆی پێناسە دەکا، ئێمە لەگەڵ ئەو جۆرە تێگەیشتنە هەست بە ئاسوودەیی دەکەین کە تێیدا شتەکان وەک پاژ یان پارچەگەلی شتێکی گەورەتر و بێکۆتایی سەیر دەکرێن. من پێم وایە ئەم هەستیارییەی ئێمە لەوەوە هاتووە کە ئێمە هیچ دەرکێکمان لە مێژوو نەماوە، ئەوەی کە پێشتر باسمان لێوە کرد. ئەوەی منی تووشی سەرسووڕمان و دڵساردی کردووە ئەوەتە کە ئیستا زۆرینەی خەڵک زۆر زەینی سەیری دنیا دەکەن واتە هەموو شتێک تا ئاستی کەڵکەڵە و گرنگ بوونی بۆ خۆیان، دادەبەزێنن. بەڵام ڕەنگە دیسانەوە ئەمەش تایبەت بە ئەمریکا بێ.

ژیانی من سەرمایەی منە، سەرمایەی هێزی خەیاڵی منە و بەڵام من حەزم لە داگیرکردنی سەرمایەی خەڵکانی ترە.

مۆڤیەس: هەموو ئەمانەش دێتەوە سەر بێمەیلی ئێوە بەوەی کە لە چیرۆکنووسیدا تەنیا پشت بە ئەزموونی خۆتان ببەستن.  

سۆنتاگ: بە ڕای من ئەوەی کە لە سەر خۆت بنووسی شێوازێکی ناڕاستەوخۆی نووسینە لەبارەی ئەوەی کە دەتەوێ بینووسی. ئەگەرچی گەشەی من وەک نووسەرێک بەرەو لای ئازادی زۆرتر لە دەربڕینی “من”دا بووە و بە کارهێنانی زۆرتری ئەزموونە تایبەتەکانم بەڵام من هەرگیز قایل نەبوومە کە حەزەکانی من، خۆشبەختی و بەدبەختییەکانم سرووشتێکی نموونەیی و تایبەتیان هەیە. ژیانی من سەرمایەی منە، سەرمایەی هێزی خەیاڵی منە و بەڵام من حەزم لە داگیرکردنی سەرمایەی خەڵکانی ترە.

مۆڤیەس: ئایا کاتێک کە دەنووسن ئاگاداری ئەم پرسانە هەن؟  

سۆنتاگ: کاتێک دەنووسم، هیچ ئاگاداری هیچیان نیم. کاتێک لەمەڕ نووسین قسە دەکەم، بەڵێ هەم. نووسین کارێکی پڕ ڕەمزوڕازە. مرۆڤ دەبێ لە قۆناغگەلی جیاوازی پلان داڕشتن و جێبەجێکاریدا بێ، لە ئەوپەڕی وشیاری و ئاگایی و هاوکاتیش لە بارودۆخی ساویلکەیی و بێئاگاییدا بێ، ئەگەرچێ ڕەنگە ئەمە بۆ هەموو جۆرەکانی تری هونەریش ڕاست بێ، بەڵام بۆ نووسین ڕاستترە چونکوو نووسەر – پێچەوانەی نیگارکێش یان مۆسیقادانەر – لە زماندا کار دەکا، واتە مێدیۆمێک کە هەمیشە و لە ژیانی بێدارییدا بە کاری دێنێ. کافکا دەیوت: “وت‌ووێژ؛ گرنگی، جدی بوون و حەقیقەت لە هەموو بیرکردنەوەکانم دەستێنێتەوە.” پێم وایە زۆربەی نووسەران بە گومانەوە سەیری وت‌ووێژ و بەکارهێنانی ڕۆژانە و ئاسایی زمان دەکەن. خەڵک بە شێوازگەلی جۆراوجۆر ڕووبەڕووی ئەم شتە دەبنەوە. هەنێ کەس بەزەحمەت قسە دەکەن. هەنێکیش بە زمان کایە دەکەن، قسە دەشارنەوە یان ڕاستەوخۆ و بە ئاشکرا دانی پیادەنێن، وەک چلۆن من ئێستا وام لەگەڵ ئێوە. مرۆڤ هەر تا ڕادەیەک دەتوانێ شتەکان دەربخات. لە بەرانبەر هەر خۆدەرخستنێکیشەوە، دەبێ خۆشاردنەوەیەکیش هەبێ. تەرخان کردنی تەمەنێک بۆ نووسینیش مانای پێکهێنانی هاوسەنگییەک لەنێوان ئەم دوو پێویستییە ناتەبایەیە. بەڵام من پێم وایە مۆدێلی نووسینی خۆدەربڕین زۆر خاو و خلیچکە. ئەگەر من پێم وا بوایە کاتێ دەنووسم خەریکم خۆم دەردەبڕم تایپ ڕایتەرەکەم لە کۆڵی خۆم دەکردەوە و وازم دەهێنا. ئەمە شتێک نییە بمتوانیبایە لەگەڵی بژیم. نووسین ئیشێکی زۆر لەوە ئاڵۆزترە. 

وێنەگری شێوازێکی زۆر زۆردارانە و سەپێنەرانەی ڕوانین بۆ دنیا دەخاتە بەردەم مرۆڤ

مۆڤیەس: ئایا ئەم بابەتە دەمانهێنێتەوە سەر دوو هەستی ناکۆکی ئێوە بەرانبەر بە وێنەگری؟ ئێوە شەیدای وێنەگرین بەڵام هاوکاتیش پێتان وایە ئەوەندە سادە و ساکارە کە مەترسیدارە.  

سۆنتاگ: من پێم وا نییە کێشەی وێنەگری سادە و ساکاربوونی بێ، بەڵکوو ئەوەتە کە وێنەگری شێوازێکی زۆر زۆردارانە و سەپێنەرانەی ڕوانین بۆ دنیا دەخاتە بەردەم مرۆڤ. کاتێک وێنەگری وەک باری سەرنج گشتگیر دەبێ – کە ئێستا لە فەرهەنگی ئێمەدا وای لێ هاتووە – ئەوسا دەبینین هاوسەنگیی نێوان “ئامادە” بوون و “نائامادە” بوون بە ئاسانی بە دەست دێ. بەڵام من دژی ئەو سادەییە نیم. ئاڵوگۆڕێکی دیالێکتیکی لەنێوان سادەیی و ئاڵۆزیدا هەیە، وەک چلۆن لەنێوان خۆدەرخستن و خۆشاردنەوەشدا هەیە. یەکەمین ڕاستی ئەوەتە هەموو بارودۆخەکان لەڕادەبەدەر ئاڵۆزن و بۆیەش مرۆڤ لە هەرچی تێبفکرێ ئاڵۆزتریش دەبێ. هەڵەی سەرەکی خەڵک لە کاتی بیرکردنەوەدا، جا چ بیر لە ڕووداوێکی مێژوویی بکەنەوە چ ڕووداوێکی ژیانی تایبەتی خۆیان، ئەوەتە کە نابینن لەگەڵ چ ئاڵۆزییەکدا سەروکاریان هەیە. دووەم ڕاستیش ئەوەیە کە مرۆڤ ناتوانێ لەگەڵ هەموو ئەو ئاڵۆزییانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە بژیت و ئەگەر بیەوێ بە زیرەکی، باشی و ڕێک و پێکی و هەست و سۆزەوە بجووڵێتەوە و ئیش بکا پێویستی بە سادەکردنەوەیەکی زۆرە. بۆیەش هەنێ جاران مرۆڤ دەبێ تێگەیشتنە ئاڵۆزەکانی لە بیر بکا – یان دەنگی کپ کا و بە سەریانا تێپەڕێ. 

ئەم وتووێژە هەوەڵ جار لە ژمارەی ژووەنی ١٩٧٥ی بۆستۆن ڕێڤیوودا چاپ بووە.


[i] The New York Review of Books

[ii] Document: بەڵگە بەو مانایە کە گوزارشت لە ڕاستیی دەکا

[iii] My Life as a Man

[iv] The Benefactor

[v] Death Kit

[vi] پیکارێسک واتە شتێک یان دیمەنێک کە زۆر شیاوی وێنەگرتنە، ئەوەندەی کە ناخوداگا کامیراکە هەڵدەگری و وێنەی لێدەگری

[vii] جۆرێکی کامێرای کۆمپانی پۆلارۆیدە کە لە ساڵەکانی ١٩٧٢ تا ١٩٨١ بەرهەم دەهات

لەم سەرچاوەیەوە وەرگێڕدراوە:

https://bostonreview.net/susan-sontag-interview-geoffrey-movius?utm_source=Boston+Review+Email+Subscribers&utm_campaign=16256ee921-MC_EMAIL_Reading+List_9_15_19&utm_medium=email&utm_term=0_2cb428c5ad-16256ee921-41050305&mc_cid=16256ee921&mc_eid=e9aa9b1426