لەبارەی هزر و بەرهەمی ‘داریوش شایگان’ەوە
لەلای خوێنەرانی جیددی تێکست و بەرهەمە کەم و دانسقەکانی ‘داریوش شایگان’، ئەوە شاراوە نییە کە ناوبراو بیریار و توێژەر و ئەکادیمیستێکی گەورەی فەرەنسی بە ڕەچەڵەک ئێرانییە، کە خاوەنی مەعریفە و ڕووناکبیرییەکی ئینسایکلۆپیدی و بیرکردنەوەیەکی تیۆری و ئەکادیمی فرە ڕەهەندە، چونکە ئەو بە درێژایی زیاتر لە شەست ساڵ سەرقاڵی خوێندن و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە و وانەوتنەوە و نووسینی تیۆری بووە. زەنگینی و فرە ڕەهەندیی سەرچاوە فیکری و مەعریفییەکانی وایان لێکردبوو، سڵ لە تێپەڕاندنی بۆچوون و ئایدیا و بیرکردنەوەیەک نەکاتەوە، کە لە ڕابردوودا بۆ ماوەیەکی کورت یان درێژ بە ئایدیا و بیرکردنەوەیەکی دروستی زانیووە و بەرگری لێکردووە. بەڵام گەر دواتر نادروستی هەمان بیرکردنەوەی بۆ دەرکەوتبێت، ئەوا سڵی لەوە نەکردووەتەوە، کە بەر لە ڕەخنەگران، بکەوێتە ڕەخنەگرتن لە کوڕییەکانی بیرکردنەوە و ئایدیاکانی ڕابردووی و تەنانەت ڕەتیشیان بکاتەوە. لەبەر ئەوەی ئەم بیرمەندە لەیەک کاتدا، شارەزای زمانە سەرەکییەکانی خۆرئاوا: ئینگلیزی و فەرەنسی و ئەڵمانی و تەنانەت زمانی لاتینی و زمانەکانی خۆرهەڵاتی نزیک و دوور: فارسی و تورکی و عەرەبی و سانسکریتی بوو، ئەمەش بە سەرێک وایکردبوو، ئاشنای هەر سێ ژیارییە سوننەتییەکەی خۆرهەڵات: (ئیسلام، هیندستان، چین) و ئاگاداری بیری: کلاسیک و نوێگەری و هاوچەرخی خۆرئاوا بێت. دیارە لەم ڕووەوە، توێژینەوەیەکی گرنگی دەربارەی هەر سێ ژیارییەکەی خۆرهەڵات لە بەریەککەوتن و ڕوبەڕوبوونەوەیاندا لەگەڵ بیری نوێگەری خۆرئاوا، بە زمانی فەڕنسی و بەناوی (شۆڕشی ئایینی چییە؟ ژیارییە سوننەتییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی مۆدێرنەتیدا، ١٩٨٢) چاپ و بڵاوکردەوە، کە تا ئێستاش لە چەندین ڕەهەندەوە هەنووکەیی بوونی خۆی پاراستووە. لێرەوە بە مەبەستی تێگەیشتن و ئاشنابوون بە بیری شایگان و ئاوڕدانەوە لە تێکستە سەرەکییەکانی هەوڵدەدەم بیری شایگان، لەم سێ وێستگە و قۆناغە جیاوازەدا بخەمە ڕوو:
١. گەڕان بەدوای حیکمەتی نەمردا
شایگان پێیوابوو ژیانی مەعریفی و زانستی ئەو لە ناوەڕاستی دەیەی پەنجاکانی سەدەی بیستەمەوە دەستپێدەکات. واتە پاش ئەوەی لە شاری لەندەن بڕوانامەی ناوەندی بەدەست دەهێنێت و لە ساڵی ١٩٥٤دا لە سەر ڕاسپاردەی باوکی بۆ خوێندنی پزیشکی، ڕوودەکاتە سویسرا. بەڵام لە نیوەی ساڵی یەکەمی خوێندنی پزیشکیدا لەوە تێدەگات، کە ئەو حەزی لەو بوارە نییە و ئارەزووی خوێندنی بواری فەلسەفە و هونەر و ئەدەبیات دەکات، بەڵام خواستی باوکی ڕێگربوو، بۆیە وەک چارەسەر ڕوو لە کۆلێژی ماف و یاسا دەکات و باوکیشی بە ناچاری مل دەدات. ئەو سەرەڕای خوێندنی لە یاسادا، هاوکات لە هەردوو ڕشتەی فەلسەفە و زمانیشدا دەخوێنێت. حەزی لە ڕادەبەدەری ئەو بۆ ناسینی ژیاری هیندستان و کەلەپوورە دەوڵەمەندەکەی و ئاشنابوونی بە زمانی سانسکریتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم قۆناغەی خوێندنی لە سویسرا. پاش ئەوەی ئاشنای هەردوو توێژەری گەورەی ئەو قۆناغەی ئەوروپا ‘ژان پیاژێ و کارل گۆستاف یۆنگ‘ و بیرکردنەوەیان دەبێت، بەهۆی بەشداریکردنییەوە لە وانەبێژییەکانی ‘جان هیربەر‘دا ئاشنای ئەفسانەکانی هیندستان و پاشان لە ڕێگەی ئامادەبوونیشیەوە بۆ ماوەی دووساڵ، لە وانەبێژییەکانی ‘هێنری فرای‘ دەربارەی زمانی سانسکریتی، بە جۆرێک ئاشنای ئەو زمانە دەبێت کە تێکستە پیرۆزەکانی هیندستان دەخوێنێتەوە. قوڵبوونەوەی لە ئایینەکان و کولتووری دەوڵەمەندی هیندستاندا وایان لەم بیرمەندە کرد، کتێبێک بە زمانی فارسی لەم بارەیەوە بنووسێت، کە لە ساڵی ١٩٦٧دا، بە دوو بەرگ و لە ژێر ناوی (ئایینەکان و فێرگە فەلسەفییەکانی هیندستان)دا چاپ و بڵاوکرایەوە. پاش تەواوکردنی زانکۆ و گەڕانەوەی بۆ تاران لە کۆتایی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، لە بەرامبەر باڵادەستی و پەلهاویشتنی بیرکردنەوەی زانستی و تەکنیکی مۆدێرنی خۆرئاوادا وەک بەشی بەرچاوی نووسەران و ڕووناکبیرانی وڵاتەکەی و جیهانی ئیسلامی، لە لایەکەوە بایەخێکی زیاتر بە حیکمەتی نەمر و گەڕان بە ناو ڕۆحانییەتی خۆرهەڵات بە گشتی و بیری عیرفانی ئیسلام بە تایبەتی دەدات، یان وەک خۆی دەیگوت:[1] لە ناو میراتی بیرکردنەوەیەکدا قووڵ دەبوومەوە، کە وەک (یادەوەری ئەبەدی لێهات بوو)، هەروەها لەسەر ئاستی بیری هاوچەرخی سەردەمەکەشی هێشتا نەگەڕابووەوە وڵات کە هەندێ بیروبۆچوونی کارل گۆستاف یۆنگ سەرنجیان ڕاکێشا و بە دیاریکراویش کەوتە ژێرکاریگەری بۆچوونی ئەم دەرونشیکارەوە دەربارەی نائاگایی کۆگەلی و تێڕوانینی دەربارەی زمان و ئایدیالە ئەبەدییەکان. دواتر هەر لەم قۆناغەدا بە تەواوەتی کەوتە ژێر کاریگەری فەیلەسوفی فەرەنسی ‘ڕینێ گینۆن‘ەوە، چونکە ئەم بیریارە پێی وابوو کە جیهان و بیرکردنەوەی مۆدێرنی خۆرئاوا، بە هۆی باڵادەستی بیری زانستی و تەکنیکییەوە، لە قەیرانێکی بنەڕەتیدا دەژی، بۆیە سەرەڕای ڕەخنەگرتن لە بیری نوێگەری، گینۆن دەکەوێتە ستایشکردنی مانەوییەتی خۆرهەڵات و بیری عیرفانی ئیسلام. بەڵام شایگان چەند ساڵێک دواتر نەک هەر لە ژێر کاریگەری ئەو بیریارە دێتە دەر، بەڵکوو بە شێوازێکی ڕەخنەگرانە، لە بارەیەوە دەڵێ:[2] «سەرەڕای ئەوەی ‘گینۆن‘ بیری دۆگماتیزم و دەمارگیری کلاسیکیانەی ڕەتدەکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ خۆی دەمارگیرانە لایەنی کەلەپووری دەگرت. گەرچی ئەو بیرکردنەوەی دیکارتی قبووڵ نەدەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا میتۆدی شیکردنەوە بیرکردنەوەی، دیکارتیانە بوو».
هەر لە قۆناغی یەکەمدا، پەیوەندی بە بازنەی (هاوڕێیانی هیرمۆنتیکا)وە کرد و بۆ یەکەمین جار لەڕێگەی ‘سەید حوسەین نەسر‘ی هاوڕێیەوە، لە ماڵەکەی تەباتەبایی ئاشنای بیریار و خۆرهەڵاتناسی فەرەنسی ‘هێنری کوربان‘ بوو، کارئەکتەرێک کە دواتر کاریگەری بەرچاو لەسەر ڕێڕەوی ژیان و بیرکردنەوەی شایگان بەجێدەهێڵێت. بازنەی هاوڕێیانی هیرمۆنتیکا لە پێنج شەش کەس پێکهاتبوون، کە تیایدا هەر یەک لە هێنری کوربان و عەلامە محەمەد حوسەین تەباتەبایی دەکەوتنە دیبەت و دیالۆگی قووڵ دەربارەی عیرفان و ئەزموونە ڕۆحانیی و فەلسەفییەکان، کە ڕۆژهەڵاتناسەکە بە زمانی فەرەنسی و تەباتەبایی بە فارسی دەدوان و گەلێ جار سەید حوسەین نەسر دەبووە وەرگێڕیان، تا جاری یەکەم لە غیابی سەید نەسردا، شایگان ڕۆڵی وەرگێڕی نێوان ئەو دوانەی دەبینی، بەڵام بە هۆی هەژارییە مەعریفییەکەی، لە میراتی ڕۆحانی و عیرفانی ئیسلام و کەمی شارازیی لە زاراوە و چەمکەکانیدا، دووچاری ئاستەنگی بوو. ئەم حاڵەتە وای لە شایگان کرد لە ئاییندەدا پەرە بە دەوڵەمەندکردنی ئەم لایەنەش بدات. دیارە بە هۆی ئامادەیی بەردەوامی شایگان لە گفتوگۆی نێوان ئەو دوو کەسایەتییە و پتەوکردنی پەیوەندییە مەعریفییەکەی لەگەڵ عەلامە تەباتەبایی و بەشێوەیەکی هەمەلایەن و بەردەوامیش لەگەڵ “هێنری کوربان”دا، کە شارەزایی ئەو ڕۆژهەڵاتناسە، تەنیا لە عیرفان و ڕۆحانییەتی ئیسلامدا قەتیس نەدەبوو، بەڵکووو ئەو پسپۆڕی بیری ڕۆحانی هیندی و ئاشنای فەلسەفەی ئەڵمانیش بوو، بەجۆرێک دەوترێت پسپۆڕی کوربان لە بیری ئیشراقی ‘شەهابەدینی سوهرەوەردی‘ و شارازایی و ناسینی بیری ‘مارتن هایدیگەر‘ و دۆستایەتییەکەی لەگەڵ ئەم بیریارەدا، هانی ئەویانداوە کە ڕۆڵی پردی بە یەکگەیشتنی بیری هەر دوو بیریارەکەی خۆرهەڵات و خۆرئاوا ببینێت. لێرەوە هەندێک لە شارەزایانی بیری سوهرەوەردی پێیانوایە لەوانەیە هایدیگەر لەڕێگەی ‘هێنری کوربان’ی هاوڕێیەوە، ئاشنای فەلسەفە ئیشراقییەکەی سوهرەوەردی کوژراو بووبێت، بەڵام بۆچوونەکانی هێنری کوربان، لە دیدارێکیدا لەگەڵ ڕادیۆی فەرەنسا پێچەوانەی ئەو بۆچوونە دەسەلمێنێت، کە هایدیگەر بەر لە بڵاوکردنەوەی بیرکردنەوەی لەبارەی بوون و بوونەوەر، یان دەربارەی کەشفکردنی پەردەپۆشکراو، ئاشنای بیری ئەو حەکیمانەی خۆرهەڵات بووبێت و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەریان لەسەر ئەو لایەنەی بیری ئەو دانابێت، بەو واتایەی کە سوهرەوەردی و مەلا سەدرا و هەتا ئیبن عەرەبیش بەشێوازێک کە نزیکە لەوەی هایدیگەر کاریان لەسەر بوون و بوونەوەر کردووە، لەم بارەیەوە کوربان دەڵێ:[3] «ئەوەی لەلای هایدیگەر عەوداڵی بووم و پەیم پێبرد هەمان شتبوو، کە لە بیرکردنەوەی میتافیزیکی ئیسلامی ئێرانیدا بۆی گەڕام و دۆزیمەوە…». پاشان هێنری کوربان هانی شایگان دەدات کە گەڕانی قووڵ و توێژینەوەی بەراوردکارانە لەنێوان ئایین و کولتووری هیندستان و ئیسلامدا بکات و هەروەها خۆی شارەزای ئەو دەقە کلاسیکییە سانسکریتییانە بکات، کە لە قۆناغی زێڕینی هەردوو سەدەی دەیەم و یانزەهەمدا تەرجەمەی فارسی کرابوون. لە ساڵی ١٩٦٥دا جارێکی دیکە شایگان وڵاتەکەی بەجێدەهێڵێت و بە ڕێنمایی و سەرپەرشتی هێنری کوربان ڕوودەکاتە فەرەنسا، تاکو لە زانکۆی سۆربۆن لەبارەی ئایینی هیندۆسی و تەسەوفی ئیسلامییەوە بخوێنێت. کە دواتر شایگان لە کۆتایی شەستەکاندا، بە نووسینی تێزە بەراوردکارییەکەی بەناوی (پەیوەندی نێوان هیندۆسییەت و تەسەوفی ئیسلام، بەپێی گێڕانەوەی مەجمەع ئەلبەحرەینی دارا شوکوە) بڕوانامەی دکتۆرای لە سوربۆن بەدەستهێنا و گەڕایەوە ئێران. پاش گەڕانەوەی لە شاری تاران چووە ڕیزی گرووپی (گینۆنییە ئێرانییە موسڵمانەکان)ەوە، ئەم گرووپە لە کۆمەڵێ نووسەر و ڕووناکبیری ئەو قۆناغەی ئێران پێکهاتبوو، کە لەژێر کاریگەری ڕوانگە و بیرکردنەوەکانی ‘ڕینێ گینۆن’دا بوون و باوەڕیان وابوو، کە بیرکردنەوەی ئەم بیریارە فەڕەنسییە – کە دواجار هاتە میسر و موسڵمان بوونی خۆی ڕاگەیاند و ناوەکەشی گۆڕی – لە توانایدایە لە قەیرانەکانمان بەو سیفەتەی کە قەیرانگەلی کۆمەڵگەی سوننەتین، ڕزگارمان بکات. نووسەرانی سەر بەم گرووپە لە وتار و دانراوەکانی ئەو سەردەمەدا بە تەواوەتی بیری نوێگەری خۆرئاوایان ڕەتدەکردەوە و لە بەرامبەریشدا بە دروشمی گەڕانەوە بۆ یادەوەری و سەرچاوەکانی خود ستایشی کەلەپووری ڕۆحانی و بیری عیرفانی ئیسلامیان دەکرد. هەر لەم قۆناغەشدا، شایگان چووە ڕیزی (هایدیگەرییە ئێرانییەکان)، کە ئەوانیش گرووپێک لە نووسەر و وەرگێڕ و ڕوناکبیری ئێرانی بوون، کە لە دەوری سەرپەرشتیاری گروپەکە ‘ئەحمەد فەردید‘ کۆدەبوونەوە و هەرجارە و دیالۆگیان لەبارەی کتێب و تێکستێکی فەلسەفی سەر بە بیری هاوچەرخ یان سەر بە کەلەپوور دەکرد و بیروڕایان لە بارەیەوە دەگۆڕییەوە. ساڵانێک دواتر شایگان لە کتێبەکەیدا (شۆڕشی ئایینی چییە؟ ١٩٨٢) دان بەوەدا دەنێت کە کاتی خۆی هەڵەبووە چووەتە ڕیزی ئەو دوو گرووپەوە:[4]«لەوکاتەدا وەک ئەوانیتر بە فریوی نۆستالژی بۆ میراتی ڕابردوو هەڵخەڵەتاین و چووینە ڕیزی گینۆنییە ئێرانییەکان و گروپی هایدیگەرییە ئێرانییە موسڵمانەکانەوە.»، هەر بەهەمانشێوە، لەدیدارێکی ساڵانی دواتریشدا لەبارەی تێڕوانینی فەردید بۆ هایدیگەر دەڵێ: «فەردید، هایدیگەری لە ئێران گۆڕیبوو بۆ ژەهر!.»، لە وێستگەی یەکەمدا شایگان خاوەنی ئەم دوو کتێبە چاپکراوەیە (بتەکانی هزر و یادەوەری ئەبەدی، ١٩٧٦) و (ئاسیا لە بەرامبەر خۆرئاوادا، ١٩٧٧). لە وتاری (بتەکانی هزر و یادەوەری ئەبەدی)دا، کە هاوکات ناونیشانی کتێبەکەشە، شایگان دەگەڕێتەوە سەر گریمانەکەی ‘فرانسیس بایکۆن’ی بیریاری بەریتانی، لەبارەی (بتەکانی هزر) تاکوو لەناو کەلەپوور و میراتی ئایینی و کولتووری ژیارییە سوننەتییەکانی ئاسیادا، بەشێوەیەکی تایبەت ئاماژە بە هاوشێوەکانی ئەو بتانە بدات و هەروەها بەشێوەیەکی هەمەلایەنیش تیشک بخاتە سەر دەرئەنجامی ترسناکی کارێک، کە شایگان بەلادانی بتەکانی هزر، یان ڕاستتر بە شکاندنیان لەسەر دەستی بایکۆن ناوی دەبات، بەو پاساوەی کە بایکۆن بڕوای وابوو کە ئەم بتانە بەشێوەیەکی نیگەتیڤ پێشیان بە ڕێڕەوی بیرکردنەوە گرتووە و پەکیان خستووە. بەم پێیە شایگان لە سەرەتای وتاری ناوبراودا دەنووسێت: «گەر بە هەڵسەنگاندنەوە، بڕوانینە گریمانەی (بتەکانی هزر)ی بایکون، ئەوا هاوشێوەی ئەم بتانەی هزر، ئەو شتانەیە کە لە ناو یادەوەری کۆگەلی ژیارییە کۆنەکانی ئاسیادا بەدیدەکرێت. لێرەوە دەکرێ بڵێین، کە قەلاچۆکردنی یادەوەری، یەکێکە لە ڕەگەزە هەژموونگەرەکانی نێو میتۆدی بیرکردنەوەی مۆدێرنی خۆرئاواییەکان، کە بەر لە هەمووشتێک هەوڵدەدات لەسەر بە شت کردنی حەقیقەتە بەرجەستەکان بونیادبنرێت». بە دەربڕینێکی دیکە لەم کتێبەدا شایگان هەستاوە بە تەوزیفکردنی گریمانەکەی بایکۆن، بەڵام بەشێوەیەکی پێچەوانە. لەبەر ئەوەی گەر بایکۆن لە گریمانەی بتەکانی هزردا، درکی بە کاریگەرییە نێگەتیڤە پەکخەرەکەی ئەم بتانە کردبێت و پاشان هەستابێت بە بانگەشەکردن بۆ لە ڕەگوڕیشە دەرهێنانیان، ئەمەش بە واتای کارکردنی ئەو بیریارەی خۆرئاوا بێت، بۆ بەگژاچوونەوەی یادەوەری ئەبەدی، ئەوا لە بەرامبەردا شایگان پێیوایە هاوشێوەی بتەکانی هزری بایکۆن لە بیری خۆرهەڵاتدا، بە (ئەمانەت) ناو دەبرێت، کە پێکهاتووە لە پەیامێکی پووکاوە، کە لەناو یادەوەری نەتەوەییدا پارێزراوە. لێرەوە ناکرێ خۆرهەڵات ڕەسەنایەتیی خۆی بپارێزێت، گەر سیمبولی کلیلەکانی ئەم ئەمانەتە نەپارێزێت و لەگەڵ یادەوەرییە هەمیشەییەکەیدا لە پەیوەندیدا بێت. هەروەها بانگەشەکەی بایکۆن بۆ لە ڕەگوڕیشە دەرهێنانی بتەکانی هزر بە مانای لە ڕەگوڕیشە دەرهێنانی یادەوەری مرۆڤایەتی دێت، واتە وێرانکردنی گەنجینەی وێنە ئەفسانەییەکان، کە دروستکەری حیکمەتی نەمرە. هەروەها دابڕان لە یادەوەری ئەبەدی، دەبێتە مایەی دابڕان لە ڕەگوڕیشە و نامۆبوون، کە کەسی نامۆ بوو هەڵدەداتە نێو خەرەندی نەهلیزم! پاشان لە سەروبەندی کۆتایی وێستگەی یەکەمدا، شایگان کتێبی (ئاسیا لەبەرامبەر خۆرئاوادا، ١٩٧٧) بڵاودەکاتەوە، کە ئەویش بەرهەمێکە زیاتر ئەو توێژینەوانەی شایگان لەخۆ دەگرێت، کە باس لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی ناو کۆمەڵگە سوننەتییەکانی ئاسیا دەکەن. هەروەها کتێبەکە لە دوو بەش پێکدێت، لە بەشی یەکەمدا شایگان باس لە نەهلیزم و کاریگەرییەکەی دەکات لەسەر قەدەری مێژوویی، ژیارییەکانی ئاسیا. لە بەشی دووەمیشدا شایگان بنەما مانەوییە هاوبەشەکانی هەر سێ ژیارییە سوننەتییەکەی ئاسیا دەداتە بەر باس و دواتریش تیشک دەخاتە سەر ئەو پاشەکەوتە ناوازەیە، کە ژیارییەکانی ئاسیا لەبەرامبەر خۆرئاوادا دیاری دەکات. هەروەها لەم بەرهەمەی ساڵی ١٩٧٧دا سەرەتای گۆڕان لە بیری شایگاندا دەردەکەوێت، بە تایبەتیش پاش ئەوەی دەگاتە ئەو باوەڕەی کە جیاوازییەکی ئۆنتۆلۆژی لەنێوان کۆمەڵگاکانی خۆرهەڵات، واتە لەنێوان جیهانی (ئیسلام، بودیزم، هیندۆسییەت) و خۆرئاوادا بوونی هەیە، ئیدی لەوە زیاتر دەڕوات و پێیوایە کە جەوهەری فەلسەفە و زانست لەهەر دوو ژیاری خۆرهەڵات و خۆرئاوادا بە تەواوەتی جیاوازە، چونکە فەلسەفە لە خۆرئاوا پشت بە فۆرمی بیرکردنەوەی ئەقڵانی دەبەستێت، لە کاتێکدا فەلسەفە لە خۆرهەڵات لەسەر پەیبردن و ئیمان دامەزراوە. لێرەوە شایگان لە هەمان کتێبدا باس لە جیاوازی پێگەی زانست دەکات لەهەر دوو شارستانییەتی خۆرهەڵات و خۆرئاوادا و لەم ڕووەوە دەڵێت: «لەناو ژیارییە گەورەکانی خۆرهەڵات وەک ژیاری ئیسلام و هیندۆسیەت و بودیزمدا هەمیشە زانست پاشکۆی ئایین و فەلسەفە بووە، چونکە زانست هەرگیز لەناو ژیارییەکانی خۆرهەڵاتدا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستی سەربەخۆیی و هەژموونەی، کە لە خۆرئاوا پێیگەیشت و بووە هۆی یاخیبوونی دژ بە ئایین و فەلسەفە و کردنی مرۆڤ بە تەنیا خاوەنی جیهان. کەواتە لە خۆرهەڵات هەرگیز زانست بە مانا خۆرئاواییەکەی دەرنەکەوتووە، لەبەرئەوەی جیهان نەکراوەتە جیهانێکی دونیایی و سیکولار و هێشتا سرووشتیش لەو ڕۆحە جیا نەبووەتەوە کە دەسەڵات و هەژموونی هەیە لەسەری. هەروەها تەجەللابوونی ڕۆحی ئیلاهی لەسەر شانۆی ژیان، لە خۆرهەڵات هێشتا ڕووی لە نەمان و ئاوابوون نەکردووە. بە واتایەکی دیکە هەرگیز خۆرهەڵات فەلسەفەیەکی بۆ مێژوو نەخولقاندووە، چونکە بوون هەرگیز نەگۆڕاوە بۆ کاریگەریی و ڕێڕەو، هاوشێوەی بوون لە فەلسەفەکەی هیگڵدا. دەرکەوتنی جیهان بەردەوام بۆ ئێمەی خۆرهەڵاتی دەرکەوتنێکی ڕاستەقینەی متمانەپێکراو بووە، بەڵام سەرەڕای دەرکەوتنی، جیهان داپۆشراویش بووە. نهێنی بوونی جیهانیش لە داپۆشرانیدایە، لە شەوی دەیجووری عەدەم دا».[5]
٢. ڕەخنەگرتن و بەخۆداچوونەوە
سەرەتای دەرکەوتنی قۆناغی دووەمی بیرکردنەوەی شایگان لە کتێبی (ئاسیا لەبەرامبەر خۆرئاوادا) بە ڕوونی دەبینرێت. بەڵام بەشێوەیەکی هەمەلایەن دەرکەوتنی ئەم قۆناغە، دەکەوێتە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و گرتنە دەستی دەسەڵات، کە بە هۆیەوە شایگان بە یەکجاری لە تاراوگە نیشتەجێ بوو. لەم قۆناغەدا سەرەڕای بە خۆدا چوونەوە، هاوکات بە قووڵی ئاشنای وەرچەرخان و گۆڕانکارییە هەمەلایەنەکانی بیری نوێگەری خۆرئاوا دەبێت. بۆیە ئەم بیرمەندە دەستبەرداری ئەو گرووپە فیکریانە دەبێت، کە لەشاری تاران چووبووە ڕیزیانەوە وهەلومەرجی سەردەمەکە وای لەم بیرمەندە و زۆرێک لە بیریار و دەستەبژێرانیی ئێران و جیهانی ئیسلامی کردبوو، لەناو یادەوەری و حیکمەتی نەمردا بکەونە گەڕان و پشکنین، بە ئومێدی دۆزینەوەی بیرکردنەوەیەک، کە ببێتە مایەی پاراستنی کولتوورەکەیان لە پەتای خۆرئاوایی بوون!. بەڵام پاش ئەوەی بە قووڵی پەی بەو گۆڕانکارییانە دەبات، کە بیری نوێگەری لە خۆرئاوا هێنانییە ئارا، ئەوسا دان بەوەدا دەنێت کە مێژووی چەند سەدەیەک لە نوێگەری و سیکولاریزم، هەروا مەسەلەیەکی بێکەڵک نییە بۆ مرۆڤایەتی. بۆیە لە هەنگاوی یەکەمدا شایگان نەک هەر دەستبەرداری ئەو گرووپانە دەبێت، بەڵکووو ڕەخنەشیان لێدەگرێت. پاشان پەی بەو ڕاستییەش دەبات، کە سەردەمی ڕاوەستان و چەقبەستنی هەر سێ ژیارییە سوننەتییەکەی خۆرهەڵات، هاوکات سەرەتای سەردەمی ئەفراندن و گۆڕانکارییە لە شارستانییەتی خۆرئاوادا. لەبەر ئەوەی کاتێک لە ژیارییە گەورەکانی ئاسیا: جا گەر ژیاری ئیسلام یان هیندستان یاخود چین ڕابمێنین، پەی بەوە دەبەین کە لە سەدەی حەڤدەی زاییندا، تەقریبەن توانای داهێنان لەهەر سێ ژیارییەکەدا دەگاتە پایان و کۆتایی پێدێت. بۆیە گەر بە پێوەری ئێرانی ئەمە سەردەمی مەلا سەدرا بێت و لە هیندستان زەمەنی دواهەمین پڕۆژەی مەزنی هیندی بێت و لە چینیش بە زەمەنی ئاوڕدانەوە و گەڕانەوە-(بەو مانایەی کە هیچی تر نییە بکرێت)- بەرەو کەلەپوور ئەژمار بکرێت. ئەوا لەوە سەیرتر، لە خۆرئاوا سەدەی حەڤدە بە سەرەتای دەرکەوتنی بیری دیکارت دەناسرێت، بەجۆرێک ئەم قۆناغە وەک سەردەمی ئاوابوونی پڕۆژەگەلێک لە نێو چوارچێوەیەکی کولتووری و شارستانی لەلایەک و سەرەتای سەرهەڵدانی پڕۆژەگەلێکی دیکەی نوێ لە چوارچێوەی ژیاری و کولتوورێکی جیاوازدا، دێتە بەرچاو.
شایگان پێیوایە لە گەوهەری ئایینەکاندا پێشڕەوانی ڕۆحانیی و عیرفان توانای بەرخورد و تێگەیشتنیان هەیە لە یەکتری، واتە گەر هەریەک لە ‘ئیبن عەرەبی‘ و ‘ماستەر ئیکهارت‘ و ‘شانکارا‘ و هاوشێوەکانیان پێکەوە کۆبکەینەوە، ئەوا بەشێوەیەکی ئاسایی دیالۆگ و بەرخورد و لێک تێگەیشتن ئاسایی لە نێوانیاندا فەراهەم دەبێت. بەڵام گەر یەک پلە یان زیاتر لە ئاستی بیروڕای ئەو پێشڕەوانە، دابەزینە خوارەوە، پەی بە پێکدادان و ململانێی هەمەجۆر دەبەین، جا گەر لۆکاڵی بێت وەک ململانێی ئایینزاکانی سەر بە هەمان ئایین، یان لەنێوان ئایینەکاندا بێت. بەڵام بە بۆچوونی شایگان، توندوتیژی و پێکدادانی لۆکاڵی لەنێوان پەیڕەویکاران و شوێنکەوتوانی بودیزم و هیندۆییزمدا نابینرێت، بەڵکوو شوێنکەوتوانی هەر دوو ئایینەکە، لە جیاتی ئەوەی وەک پەیڕەویکارانی هەر دوو ئایینزا سەرەکییەکەی مەسیحییەت: پرۆتستانت و کاتۆلیک مەزهەبەکان یان وەک هەردوو ئایینزای شیعە و سوننەی ئیسلام ، بۆ چارەسەری گرفتەکانی نێوانیان پەنا بەرنە بەر توندڕەوی و جەنگ و پێکدادان، پەنایان بردووەتە بەر دیالۆگ و گفتوگۆ… هەڵبەت لەم وتارەدا نیازی ئەوەمان نییە پوختەی بیری شایگان نمایش بکەین، یاخود بیرکردنەوەی ئەو کورت بکەینەوە، چونکە لەلایەکەوە بیرکردنەوەی ئەو کورت ناکرێتەوە و لەلایەکی تریشەوە بۆ دیاریکردنی هەر قۆناغێکی بیرکردنەوەی ئەو، پێویستە کۆمەک لە بەرهەمێک یان زیاتری ئەو وەربگرین. لێرەوە بە مەبەستی ئاشنابوون بە قۆناغی دووەمی بیرکردنەوەی شایگان، کۆمەک لە سەرنج و تێڕوانینەکانی کتێبە ناودارەکەی (شۆڕشی ئایینی چییە؟) وەربگرین، کتێبە سەرەکییەکەی ساڵی ١٩٨٢، کە لە فۆرمی دیکە و سیاقی هەندێ تێکستی دواتریدا دووبارەی کردوونەتەوە. شایگان پێیوایە جیاوازییەکی ئۆنتۆلۆژی لەنێوان کۆمەڵگاکانی خۆرهەڵات و خۆرئاوادا هەیە و لەو بڕوایەدایە کە گەوهەری زانست و فەلسەفە لەنێوان ژیارییەکانی خۆرهەڵات و خۆرئاوادا جیاوازە، بەو پێیە کە فەلسەفەی خۆرئاوا پشت بە بیرکردنەوەی ئەقڵانی دەبەستێت، لە کاتێکدا بنەمای فەلسەفەی خۆرهەڵاتی لەسەر کەشفکردن و ئیمان دامەزراوە. هەروەها بە بەردەوامی زانست لەنێو ژیارییەکانی خۆرهەڵاتدا پاشکۆی فەلسەفە و ئایین بووە، واتە زانست لە خۆرهەڵات هەرگیز نەیتوانیوە ئەو سەربەخۆیی و دەسەڵاتە بەدەست بهێنێت، کە لە خۆرئاوا بەدەستی هێنا و توانی بەگژ ئایین و فەلسەفەدا بچێتەوە و ئینسان بکاتە تاکە خاوەنی جیهان. لە خۆرهەڵات هەرگیز فەلسەفەیەک بۆ مێژوو لە ئارادا نەبووە، واتە بوون هەرگیز هاوشێوەی بوون لە فەلسەفەکەی هیگڵ نەگۆڕاوە بۆ کاریگەری و ڕێڕەو. بۆیە دەرکەوتنی بوون و جیهان بۆ ئێمەی خۆرهەڵاتی گەر هەمیشە دەرکەوتنێکی ڕاستەقینەی دڵنیاکەر بووبێت، ئەوا دەکرێ بڵێین دەرکەوتنێکی پەردەپۆشکراویش بووە، واتە دەرکەوتنی بوون لەنێو تاریکە شەوی عەدەمدا شاردراوە و پەردەپۆشکراوە. هەروەها بەهۆی باڵادەستی بیری نوێگەری خۆرئاواوە، کە ڕۆحی لە بیرکردنەوە و خودی لە بابەت و فەلسەفەی لە ئایین دابڕیوە، ڕێڕەوێک سەریهەڵداوە کە شایگان بە (هەژاری ئۆنتۆلۆژی بۆ جیهان و ئینسان) ناوی دەبات، ئەمەش لە ڕوانگەی ئەم بیریارەوە بەواتای ڕووتکردنەوەی زەمەن لە فۆرمە میتۆلۆژییەکەی و سرووشت لە فۆرمە ئەفسووناوییەکەی و ئاساییکردنەوەی مرۆڤ و کردنی ئەقڵ بە ئامراز دێت بە تەنیا. بەدوای ئەمەشدا دەکرێ ئەو پۆلێنە نوێیە لە مرۆڤ: (ئینسانی دروستکەر) و جیهانەکەی وەک خاڵی بەیەک گەیشتی چوار ڕێڕەوە داکشاوەکە لێکبدرێتەوە، کە وەک چۆن مەعریفە و جیهان لەخۆ دەگرێت، بەهەمانشێوە ئینسان و مێژووش دەگرێتە خۆی و کورتەکەیان پێکهاتووە لە:
١. بە تەکنیککردنی بیرکردنەوە: گواستنەوە لە تێڕوانینی شایەتیدەرانەوە بەرەو بیرکردنەوەی تەکنیکی، نەرێکردنەوەی تەواوی هەموو سەرچاوەیەکی مەعریفی تێڕامانگەری گەواهیدەرانە، ئەوەی کە لە مانەوییەتی خۆرهەڵاتیدا بە کەشفکردن و زانستی ئامادەکارانە ناسراوە. هەروەها گۆڕینی پەیوەندی نێوان ئینسان و بوون بۆ ڕێژەی چەندایەتی و ماتماتیکی.
٢. بە جیهانگیری “عەولەمە”کردنی جیهان: هاتنەخوارەوە لە وێنەی جەوهەرییەوە بۆ تێگەیشتنی میکانیکیانە، کە بووە مایەی ئەوەی سروشت لە چلۆنایەتییە ڕەمزییەکانی و لە خەسڵەتە سیحرییەکانی ڕووتبکرێتەوە و دابماڵرێت.
٣. ئاساییکردنەوەی ئینسان: لێژبوونەوە لە جەوهەرە ڕۆحانییەکانەوە، بەرەو پاڵنەرە غەریزی و پسایکۆلۆژییەکان.
٤. ڕەتکردنەوەی ئەفسانەکان: گواستنەوە لە مەبەستگەرایی و ئەودونیاگەرییەوە، بەرەو مێژووگەرایی و زەمەنگەراییەک کە بەتاڵ بێت لە هەموو قیامەتگەراییەک. لێرەوە ئایدیا و بیرۆکەیەک کە لە هەندێ بەرهەمی دواتری ئەم بیرمەندەدا دووبارە دەبێتەوە و لەم بەرهەمەشدا بیرۆکەیەکی جەوهەرییە و دەکرێ لەم تێڕوانینەدا کورتی بکەینەوە: جیهانی خۆرئاوا و خۆرهەڵات هەردووکیان لە ناو تەڵزگە و قەیراندا دەژین، لەبەر ئەوەی بیرکردنەوە لە خۆرئاوا وازی لەوەهێناوە کە بیرکردنەوەیەکی فەلسەفی بێت، وەکچۆن لە خۆرهەڵایش دەستبەرداری ئەوە بووە کە بیرکردنەوەیەکی ئایینی بێت. لێرەوە ئەوەی لە ئێستادا خۆی سەپاندووە، شێوازێکە لە بیرکردنەوە، کە نە فەلسەفییە بە مانای تەواوی وشەکە و نە بیرکردنەوەیەکی ئایینییە، بەڵکووو پێکهاتەیەکی فیکرییە لەنێوان هەردووکیاندا، لە دینەوە ئینرژی و وزە ویژدانییەکەی وەردەگرێت و لە فەلسەفەشەوە ڕواڵەتە ئەقڵانی و ئارکۆمێنتییەکەی بەدەست دەهێنێت. شایگان دەڵێ:[6] «ئەم شێوازە تێکەڵە بریتییە لە ئایدۆلۆژیا. ئایدۆلۆژیا بەو پێیەی کە هۆشیارییەکی ساختەیە، کە داکشانە بەرەو چوونییەکی و هاوشێوەیی بوون، کە گوتارێکی مانیفێستانە و بونیادێکی دوالیزمانەی کورتکەرەوەیە. بە کورتی ئایدۆلۆژیا بەو پێیەی کە خراپەی پەتییە». پاش ئەم دەستپێکە دەکرێ کۆی کتێبی (شۆڕشی ئایینی چییە؟) کە ئەم ناونیشانە لاوەکییەشی هەیە: (کۆمەڵگا سوننەتییەکان لەبەرامبەر نوێگەریدا) و سەرەڕای پێشەکی وەرگێڕی عەرەبی، کتێبەکە پێشەکی نووسەر و شەش نەسک لەخۆ دەگرێت، کە لەو سێ بەشەی خوارەوەدا چڕی دەکەینەوە:
١. بەشی یەکەم؛ کە لە هەر سێ نەسکی یەکەمی کتێبەکە پێکهاتووە، کە شایگان بە “تەنیا دەرکردنی” دەزانێت، بۆ ئاسانکردنی ئەرکی خوێنەر، تاکوو بە باشی لە شۆڕشی ئایینی تێبگات، لە ئاسۆی ژیارییە سوننەتییەکاندا.هەروەها ناوەڕۆکی بەشی یەکەم هاوکات بونیادە مەزنەکانی بیرکردنەوەی سوننەتی دەخاتەوە یادی خوێنەر، بونیادگەلێک کە لەگەڵ دەرکەوتنی سەردەمی زانستی و تەکنیکیدا داڕمان، لە سەدەی پازدە و شازدەی زاینییدا. ئەمەش گۆڕانێکی سەرسامکەری لە هوشیاری مرۆڤ بە خودی خۆی و بە سێنترالیزەبوونی لەنێو جیهاندا هێنایەئارا. بەجۆرێک کە شایگان ئەم گۆڕانکارییە بە گۆڕانکاری دووەم ناو دەبات، لە کاتێکدا کە پێیوایە، وەرچەرخانی یەکەم لەنێوان هەردوو سەدەی پێنجەم و حەوتەمی پێش زاییندا ڕوویداوە. هەروەها وەرچەرخانی دووەم، مرۆڤایەتی لە بیری تێڕامانگەرەوە بۆ بیری تەکنیکی، لە شێوازە جەوهەرییەکانەوە بەرەو چەمکگەلی تەکنیکی و ماتماتیکی، لە جەوهەرگەلی ڕۆحانییەوە بەرەو پاڵنەرە ڕەمەکییە سەرەتاییەکان و لە قیامەتگەراییەوە بۆ مێژووگەرایی، گواستەوە. بەم پێیەش چیتر مرۆڤ پێگە سێنترال و نەگۆڕەکەی پێشووی نەما، لەبەر ئەوەی جیهان بوونی سەقامگیر و جێگیری خۆی لەدەستدا. بە کورتی بەهۆی گۆڕانکاری دووەمەوە، تێڕاوانینی پلەبەندی جیهان و هەردوو کەوانەی هەڵکشان و داکشان و بونیادی سێینە و بیری لاهوتی نێگەتیڤ و وێناکردنە دیاردەیەکانی خەیاڵ داڕمان و تێکشکان. بەم شێوەیە زەمەنگەل و فەزاگەلی درێژبووەوەی ئەندازەیی چوونییەک، جێگەی زەمەنگەل و فەزاگەلی تاکڕەهەندیان گرتەوە. هەروەها ڕێژەییبوونی فیزیکی جێگەی سیمبولیزمی زەمەنگەرایی گرتەوە و دوالیزمی ڕۆح و جەستە شوێنیان بە بونیادی سێینەیی بیرکردنەوە لێژ کرد و لە کۆتاییشدا نووسین جێگای سیمبولی گرتەوە.
بە وردی قەیرانەکە لەوەوە دێت، کە ئەم بونیادانە پاساوی بوونی خۆیان لەدەستداوە بەهۆی پەلاماری نوێگەری خۆرئاواوە، یاخود بەهۆی بەشداری نەکردنی ئەم ژیارییە سوننەتیانەوە لە پڕۆسەی نوێگەریدا.
٢. بەشی دووەم، کە هەردوو نەسکی چوارەم و پێنجەمی کتێبەکە دەگرێتە خۆی و تیایدا تەرکیز خراوەتە سەر هەلومەرجی هەنووکەیی ژیارییە سوننەتییەکان. بەو پێیەی کە ژیارییە سوننەتییەکان لەناو قەیرانێکی ڕاستەقینەدا دەژین، کە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە ئەم ژیاریانە بونیادە مەزنەکانی بیرکردنەوەیان لە دەستداوە. یان بە وردی قەیرانەکە لەوەوە دێت، کە ئەم بونیادانە پاساوی بوونی خۆیان لەدەستداوە بەهۆی پەلاماری نوێگەری خۆرئاواوە، یاخود بەهۆی بەشداری نەکردنی ئەم ژیارییە سوننەتیانەوە لە پڕۆسەی نوێگەریدا. چونکە بە پێچەوانەی گۆڕانکاری یەکەمەوە کە لەنێو هەرسێ ژیاری دێرینی (یۆنانی، هیندی، چینی)دا ڕوویدا، گۆڕانکاری دووەم تەنیا بواری جیۆگرافی خۆرئاوای گرتەوە. هەروەها ژیارییە سوننەتییەکان بەبێ هیچ ڕەخنەگرتنێک لە بونیادە گەورەکانیان، هەوڵیاندا مومارەسەی چەند کردارێکی مێژوویی بکەن، لەکاتێکدا بەهۆی بونیادە مەزنەکانیانەوە، ئەوان هێشتا دەکەونە دەرەوەی مێژووەوە، هەر بۆیە بەهۆی نەبوونی هیچ هەوڵێکی ئەوانەوە، بۆ ڕەخنەگرتن لە بونیادە فیکرییە بە میرات بۆ ماوەکانیان، ئامانج لە کردارە مێژووییەکانی ئەم ژیارییە سوننەتییانە ئەوەبووە کە چەمکەکانیان هاوتای چەمکەکانی خۆرئاوا بکەن، واتە ئەوان بەم کارە، بۆ نموونە ویستویانە: نوێژ بکەنە وەرزش و دەستنوێژ بە تەندروستی و شورا بە دیموکراسییەت و…هتد. بەو پێیەی کە (بە ئایدۆلۆژیی کردنی میراتی ئایینیی) لە بوار و کایەی تایبەت بە خۆی دەهێنێتە دەرێ و ئیدی دەکەوێتە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جیهان. بەم جۆرە ئایین بە تۆبزی دەگۆڕێت بۆ ئایدۆلۆژیا، تەنیا بە کردنی ئایینیش بە ئایدۆلۆژیا، ئایین دەکاتە شوێنگەی لەخۆ گرتنی جۆرەها ئافات! لەبەر ئەوەی ئایدۆلۆژیاکان شوێنی لەخۆگرتنی جۆرەها ئافات و مەترسین. هەروەها لەم پڕۆسەیەدا ئایین پەلکێش دەکرێت و دەبرێتە نێو ململانێی ئایدۆلۆژیاکانەوە. سەرەڕای ئەوە، ئەم بیرمەندە هۆشداری دەدات، کە پڕۆسەی بە ئایدۆلۆژیاکردنەکە، دونیاگەری ئایینی لێناکەوێتەوە، بەو مانایەی کە ئەمە نابێتە هۆکاری لەدەستدانی پۆتانسێلی ڕەمزی لەناو ڕێوشوێن و سرووت و مومارەسەکردنە ئایینییەکاندا و دواتریش بەمانای بەهەدەردانی ئایین و بەتاڵکردنەوەی لە ناوەرۆکە مەعنەوییەکەی نایەت. چەمکە ئایینییەکان گەلێ وردن، گەر لە سنووری تایبەتی خۆیان برانە دەرەوە، ئەوا قابیلییەت و توانایان لە دەستدەدەن. بۆ نموونە گەر وادابنێین ئامانج لە دەستنوێژ پاکوخاوێنی و تەندروستییە، ئەوا گەر کاریگەری تەندروستیشی هەبێت، کاریگەرییەکی زۆر کەمە و دواتریش دەستنوێژ بۆ خۆی مومارەسەیەکی ئایینیی پەتییە. واتە کردارێکی تەندروستی نییە، بەڵکوو کردارێکی ڕەمزییە، کە کردمانە کردارێکی تەندروستی، ئەوا مۆرکە ڕەمزی و ئایینییەکەمان لێداماڵیووە. لێرەوە شایگان، بۆ نموونە ئاماژە بە ‘عەلی شەریعەتی’ دەدات وەک ئایدیالێک کە هەموو هەوڵی خۆی و بەرهەمەکانی تەرخانکردووە بۆ بە ئایدۆلۆژیاکردنی میراتی ئایینیی. چونکە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان لەلای عەلی شەریعەتی دەگۆڕێن بۆ چەمکگەلی بیروباوەڕی. یەکێتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و شەریک پەیداکردن و ململانێی کۆمەڵایەتی و سیاسی، تەعبیر لە یەکتاپەرستی و شەریک لە بۆ پەیداکردنی ئایینی دەکەن. واتە یەکێتی ڕاستەقینە لەنێوان گرووپەکان و چینەکاندا، بریتییە لە گوزارشتکردن لە یەکتاپەرستی. لەلایەکی دیکەوە شەریعەتی ئیلهامی لە بنەما سەرەکییەکانی مارکسیزم وەرگرتووە و بونیادی ئیسلامیانەی لەسەر دامەزراندووە. هەموو بنەما و پڕەنسیپەکانی مارکسیانەن، هەروەها ناکرێ لەلای شەریعەتی تێڕانینێکی قووڵی ئیسلامی بدۆزینەوە. ئاخر کەی و لە کوێ ئیسلام ژێرخان و سەرخانی هەبووە؟ ئەدی لەکوێی ئیسلامدا چەمکی مێژوو بەو مانایەی شەریعەتی لەبارەیەوە دەدوێت، دەدۆزینەوە؟ تێکەڵاوکردنی ئەو هەموو چەمکە پێکەوە لەناو پێکهاتەیەکی هاوشێوەدا، کارێکی سەخت و ئەستەمە. شەریعەتی وەڵامی ئامادەی بۆ هەموو پرسیارێک لە لایە، ئەوە نموونەی حاشاهەڵنەگرە، کە گوزارشت لە تێڕوانینی بەرتەسک دەکات. هەموو شتێک لەلای ئەو بە دەستەواژەی مارکسیزمانە ڕاڤە دەکرێت، بەپێی بونیادی سەرخان و ژێرخان، بە تێڕاوانینی دوالیزمانە بۆ مێژوو، بەپێی تاڤگەیەک لە شوناسگۆڕکێی زنجیرەیی. هەروەها شایگان لەمە پتر دەڕوات و پێیوایە کە بیری شەریعەتی لە تێکەڵاوکردنی دوو ڕەگوڕیشە پێکهاتووە، کە یەک ئەویتریان ڕشاوەتەوە. لە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی پڕۆسەی (بە ئایدۆلۆژیاکردنی ترادیسیۆندا) ئەوەی وەک بیرکردنەوە بەرهەم هات لە ژیارییە سوننەتییەکاندا، بیرکردنەوەیەکە بە بێ بابەت، پاشان ئەوەی وەک هونەر بەرهەم هاتووە، بریتییە لە هونەرێکی بێ پێگە. دواتریش ئەوەی وەک ڕەفتار بەدەست گەیشت، بریتییە لە ڕەفتارێکی بێهوودە و پوچگەرا.
٣. دوابەشی ئەم دابەشکردنەی ئێمە، پێکهاتووە لە نەسکی شەشەمی کتێبەکە و تیایدا شایگان پێشنیاری دەرچوون لە قەیران و تەڵزگە مێژووییەکە دەکات، دەرچوونێک کە بە کورتی لەم دوو خاڵەدا دەیخەینە ڕوو: لە خاڵی یەکەمدا بیرمەندەکە باس لە جیاکردنەوەی هەردوو کۆنتێکستە کولتوورییەکەی خۆرئاوا و خۆرهەڵات دەکات لە یەکتری، ئەویش بەو پێیەی کە هۆشیاری ئەوەمان هەبێت، کە ئایین، ئایدۆلۆژیا نییە. هەروەها یاساکانی مێژوو ملکەچی ئەو پێوەرانەیە، کە پێوەرگەلی گەڕانەوەی ستونی نین، بۆ بوون. مەبەستی شایگان ئەوەیە لە سەردەمی نوێگەریدا لە خۆرئاوا، هاوشێوەی خۆرهەڵات ئایین ئایدۆلۆژیا نییە و پێوەرەکانیش پێوەرگەلی گەڕانەوەی ستونی نین بۆ بوون.
هەروەها لە خاڵی دووەمدا باس لە ئەنجامدانی گەشتی پێچەوانە دەکات، ئەویش بەو مانایەی کە خۆرئاواییەکان، لەڕێگەی کارئەکتەری ‘هێنری کوربان’ەوە، ئەو گەشتەیان بۆ خۆرهەڵات ئەنجام داوە. کوربان کە جارێکی تر، وێنەی ئەو دووری و مەودایەی کێشاوە، کە لە ‘مارتن هایدیگەر’ەوە دەگەڕێتەوە بۆ سوهرەوەردی. بەو پێیەی کە کوربان یەکەمین وەرگێڕی فەڕەنسی بەرهەمەکانی مارتن هایدیگەر و یەکەمین شاگردی ڕۆحانی، خۆرئاوایی ‘سوهرەوەردی’یە. هەربۆیە پێویستە خۆرهەڵاتییەکانیش بە ئاراستەی پێچەوانە گەشت بکەن.
شایگان سەرنجدەدات کە ئەم بیرکردنەوەیە لە ڕووی مێژووییەوە پەکی کەوتووە، دوای ئەوەی درک بەوە دەکات، کە لە ئاراستەکردنی پرسیاردا گەلێ هەژار و لە بوونی وەڵامی حازریشدا زۆر دەوڵەمەندە.
٣. ناسنامەی چل ڕوخسار و بیری ڕاگوزەر
لە قۆناغی سێیەمدا، سەرچاوەکانی بیرکردنەوەی شایگان زیاتر و هەمەچەشنترن، بە بەراورد بە سەرچاوەکانی قۆناغی یەکەم و دووەمی بیرکردنەوەی. چونکە ئەم بیرمەندە لەم سەردەمەدا ئاشنای زۆربەی بەرهەمە گرنگەکانی فەیلەسوفان و ئەدیبان تەنانەت بەشێک لە هونەرمەندانی هاوچەرخی خۆرئاوا دەبێت، لێرەوە گەر ئەم قۆناغەی بیرکردنەوەی شایگان بە درێژکراوەی قۆناغی دووەم دابنێین، ئەوا لەبەر ئەوەیە کە پەی بەوە دەبەین، کە تێڕوانینی ڕەخنەیی ئەم بیریارە، هەم فراوانتر و هەم سەرچاوە و باکگراوندەکانی بیرکردنەوەی زیاتر بوون. بە جۆرێک کە ئەو توانای بینینی قەیران و کێشەی کۆمەڵگا سوننەتییەکانی خۆرهەڵات و هەتا کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی خۆرئاواشی هەیە. هەروەها بە تەواوەتی دەستبەرداری بیرکردنەوەک دەبێت کە بەڵێن و مژدەی ڕزگاری و قوتاربوون دەدات بە مرۆڤ، لە ژیارییە سوننەتییەکاندا و وەک میراتێکی ڕەمزی و ڕۆحانیی لە گەنجینەدا پارێزراوە. لەبەرئەوە شایگان سەرنجدەدات کە ئەم بیرکردنەوەیە لە ڕووی مێژووییەوە پەکی کەوتووە، دوای ئەوەی درک بەوە دەکات، کە لە ئاراستەکردنی پرسیاردا گەلێ هەژار و لە بوونی وەڵامی حازریشدا زۆر دەوڵەمەندە. لەگەڵ ئەوەشدا بۆچوون و تێڕوانینەکانی لەبارەی ئەم ژیارییە سوننەتیانەی خۆرهەڵاتەوە بۆ خوێنەر کاتێک وەک کۆمەڵێ بۆچوونی دروست وێنا دەکرێن، کە درک بەوە بکات کە هێشتا ژیارییە سوننەتییەکان لەنێو کەلەپوور و میراتی چەندین ساڵەدا نیشتەجێن، بە جۆرێک بە دەست ڕاکێشانی یادەوەری ئەبەدییانەوە، بەرەو هەنووکە ماندوون. لێرەوە ئەم بیرمەندە لە بارەی هەر سێ ژیارییە گەورەکەی ئاسیا (هیند، چین، ئیسلام)ەوە دەڵێت؛ ئەوەی لە هەرسێ ژیارییەکەدا بۆ من مایەی گرنگی پێدانە ئەوەیە کە هەر سێ ژیارییەکە، تاڕادەیەکی نزیک لە سەدەی حەڤدەهەمدا بەیەکەوە توانای داهێنانیان نامێنێت و دەگاتە کۆتایی. بەمانایەکی دیکە ئەم ژیارییانە لەو کاتەوە گەیشتوونەتە بەرزترین خاڵی پەرەسەندن و پاشان ڕوویان لە داکشان کردووە بەرەو خوارەوە، واتە هاوشێوەی باڵەخانەیەکی مەزن، کە بۆ دواجار بە کارەکانیدا بچینەوە و کەموکوڕی تێدا بەدی نەکەین و کەمێک لێی دوور بکەوینەوە بە مەبەستی تێڕامان و سەرنجدانی وردتر. لێرەوە درک بەوە دەکەین کە هەموو کولتوورێکی ناو ئەم ژیارییە سوننەتیانە، ئاراستەیەکی پەرچەکردارئاسای لەخۆ گرتووە، کە مەیلی لە ڕاڤەردنی میراتی کۆن و نوێ و دواتریش حەزی لە تەفسیرو ڕاڤەی ڕاڤەکردنەکانە، بەم کارەش تێدەگەین، کە لە دوای گەڕانەوە بۆ میرات و کەلەپوور، لەنێو ژیارییە سوننەتییانەدا ئەوەی بەرهەم هاتووە و چین لەسەر چین کەڵەکە کراوە تەنیا لێکدانەوەی لێکدانەوەیە.
لەم سەردەمەی بیرکردنەوەیدا، وەک لە کتێبی[7] (ناسنامە بە چل ڕوخسارەوە) بە دیدەکرێت ئەم بیرمەندە ڕەخنە لە شوناسی ڕەسەن، وشک، بێگەرد، ئەبەدی، سەقامگیر، نیشتەجێ، سادە و ساکار، تاکڕەهەند و داخراو دەگرێت و کار بۆ هەڵوەشاندنەوە و قڵپکردنەوە و هەڵگێڕانەوەی دەکات. لە بەرامبەریشدا، چەمکێکی دیکە بۆ شوناس فۆرمالیزە دەکات، کە لە سەردەمە هاوچەرخەکەمان داڕێژراوە لەگەڵ ئەوەی کە تیایدا باو و باڵادەستە، لە (ئەنتۆلۆژیای دارماو) و(هاوزەمەنی کولتوورە هەمەچەشنەکان) و (چۆن جیهان لەم سەردەمەدا بووەتە تارمایی). شایگان بۆ وەسفکردن و ناساندنی ناسنامەیەک، کە باسی دەکات دەستەواژەی (شوناسی چل تیکە، یان چل پارچە)ی بەکار بردووە، کە مەبەست لە شوناسێکی پێکهاتوویی، چنراوە لە تۆڕێک لە وابەستەییە وردەکان. وەک پۆشاکێک وایە کە لە چل پارچە قوماش دورابێ بە هەزار ڕەنگەوە. فرە کولتووری تێکەڵاوبوونی نەتەوەکان و کۆکتێلی بیرکردنەوەکان و هەموو تێکەڵاوبوونە پشێوەکان وا لەم بیرمەندە دەکەن، بۆ ئەم شوناسە پێکهاتەییە ئامادەیی تێدابێت. لە وتاری (شوناسێک بە چل ڕوخسار)ەوە، کە هاوکات ناونیشانی کتێبەکەی قۆناغی سێیەمیئەم بیرمەندەیە، کە تیایدا ئاماژە بەوە دراوە، کە شایگان دەستەواژەی (چل پارچە)ی لەناوی ئارلوكان Arlecchionی هونەرمەندەوە وەرگرتووە، کە هونەرمەند و ئەکتەرێکی شانۆی ناوداری ئیتالی بوو، کە جۆرە پۆشاکێکی دەپۆشی، کە لە چل پارچە قوماش دوورابوو، بە چەندین ڕەنگەوە، کە هیچ جۆرە هارمۆنی و گونجانێک لەنێوان ڕەنگەکاندا نەبوو. سەرەڕای ئەوە، ئەم بیرمەندە هەندێ میتافۆر یان بیرۆکەی لە بیری هاوچەرخ خواستووە، تاکو بتوانێت ناسنامەیەک کە لە بارەیەوە دەدوێت، ئاشنا بکات بە خوێنەر. لە سەرەتای وتارەکەدا بیرۆکەی بوونی کارئەکتەرگەلێکی مرۆیی لە ناوەوەی هەر تاکە کەسێکدا، ئایدیایەکە، کە شایگان لە توێژەری ئیتالی ‘ئێری دی لوکا‘ی وەرگرتووە، ئەم توێژەرە ئیتالییە لە کتێبی (نهۆمی زەمینی)دا دەڵێ: «هەر یەکێکمان لە ناوەوەیدا کۆمەڵێک مرۆڤی شاردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی بە تێپەڕبوونی کات هەر یەکێک لە ئێمە حەزمان بە گۆڕینی ئەو فرەیییە یەکێتییە، یان تاکگەراییە، وشکەیە چونکە هەر یەکێکمان ناچارە وەک تاکێک دەربکەوێت، کە خاوەنی ناوێکە و بە تەنیا بەرپرسیارییەتی ئەو هەڵدەگرین. لەبەرئەوە هەر یەکێکمان مرۆڤەکانی ناوەوەمان لەسەر بێدەنگی و هێوری بارهێناوە، لە کاتێکدا نووسین کۆمەکمان دەکات بۆ سەرلەنوێ دۆزینەوەی ئەم مرۆڤانەی ناوەوەمان».
خۆ قەتیس کردن لە ناو ناسنامەیەکی پاکیزە و وشک و داخراودا کارئەکتەری مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ کارئەکتەرێکی بەتاڵ و دەگمەن کە توانای دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی مرۆڤی هاوچەرخی نییە بۆ خۆی.
وادیارە میتافۆری توێژەرە ئیتالییەکە لە پەیوەندیدا بە مرۆڤی سەردەمی هاوچەرخەوە، گەلێ گرنگ و گوزارشتکەرێکی دروستیشە. چونکە مرۆڤی سەردەمی هاوچەرخ چیتر ناتوانێت پارێزگاری لە بوونی خۆی بکات، لە ناو سنوورەکانی ناسنامەیەکی دیاریکراودا. لەبەر ئەوەی تاکو زیاتر جەخت لەسەر شوناسەکەمان بکەینەوە و زیاتریش بە دەنگی بەرز بڵێین ئێمە سەر بەم گرووپە یان بەو کۆمیونیتی، یاخود سەر بەو نەتەوە دیاریکراوەین، لە ڕابردوو زیاتر گوزارشت لە فشەڵی ناسنامەی خۆمان دەکەین. هەنووکە ئازارەکانی مرۆڤ کە لە قەیرانی شوناسەوە دێن، لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە، کە ناسنامە خۆی چیتر گرووپێکی وشک و برینگ نییە، لە بەهاگەلی جێگیر و ڕەها، چونکە بۆ نموونە شوناسی فەڕەنسی لە هەنووکەدا سنوورەکانی فەڕەنسای بڕیوە و بە ناو پانتایی ئەوروپا و هەتا خۆرئاواشدا درێژبووەتەوە. بۆیە تێڕوانینە دروستەکە لێرەدا بریتییە لەوەی کە شوناسی وشک و بێگەرد، کە ناسنامەی گەلێک و نەتەوەیەک یاخود ئایین یان ئایینزایەکی دیاریکراو و داخراوە، تەنیا لە ڕەتکردنەوەی بەرامبەرەکانیدا چێ دەبێت. بەڵام ئەوەی گوتمان بەو مانایە نایەت کە مرۆڤی هاوچەرخ هەنووکە لەناو پێکهاتەیەکدا تواوەتەوە، کە خاوەنی هیچ شێوە و ڕوخسار و ناونیشانێک نییە. بەڵکوو مەبەستمان لەوەیە کە خۆ قەتیس کردن لە ناو ناسنامەیەکی پاکیزە و وشک و داخراودا کارئەکتەری مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ کارئەکتەرێکی بەتاڵ و دەگمەن کە توانای دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی مرۆڤی هاوچەرخی نییە بۆ خۆی. پاشان شایگان تیشک دەخاتە سەر بۆچوونی ‘ئیدوارد گلیسانت‘ شاعیری فەرنسی بە ڕەچەڵەک مارتینیکی لە بارەی تێکەڵاوبوونی ئیتنیکی و کولتوورییەوە، ناوبراو پێیوایە تێکەڵاوبوونەکە مێژوویەکی درێژی هەیە هەروەها پێیوایە: هەموو شوناسێکی وشک و بێگەرد وەک پێویست دژایەتیکردنی بەرامبەرە. ئەم تێڕوانینەی گلیسانت بۆ ناسنامە، لە خودی خۆیدا دژ بە ناسنامەیەکە، کە هەنووکە ناسنامەی واقیعی کولتووری پێکهاتەییە. لێرەوە هەموو ناسنامەیەک جا لایەنگرییە نەتەوەیی و ئیتنیکیەکەی هەرچییەک بن، لە هەموو حاڵەتێکدا بریتییە لە پێکهاتەیەکی تێکەڵاو کە خاوەنی پاشماوەی هەموو شێوازەکان و هەموو ئەو چینە سایکۆلۆژیانەیە، کە لە پێکداچوونەکانی ڕابردوو بەرهەم هاتوون، هەروەها لە ناوەوەیدا نیشتەجێبوانی ڕابردوو بوونیان هەیە، کە لە چوارچێوەیەکدا پەرەیان پێدەداتەوە. ناسنامە داخراوەکان بۆ ئەوەی نەبنە شوناسی چل تیکە لەسەردەمی هاوچەرخدا، هاوشێوەی منداڵێکی کەم توانا و ناسک مەیلیان لە سینگ و باوەشێکی گەرمە، کە نوێنەرایەتی تاکە یەک ئینتما دەکات بۆیان و ڕێگەش نادەن بە ئەوانیتر بێنە ناوی. هەروەها ناسنامەی چل تیکە، لە ڕەهەندێکی تری بیری شایگاندا بریتییە لە کۆمیونیتی گەلی ناڕێکخراو، کە پێکهاتوون لە چەندین پارچە و تیکەی پێکەوە نووساو بەتەنیشت یەکەوە، کە پێکەوە لکانەکەیان بەشێوەیەکی ئاسۆیی ئاسانترە، لە ستونی. بە دەربڕینێکی دیکە ناسنامەی چل پارچە فەزاگەلی هەمەچەشن و پێکهاتوویی لەخۆ دەگرێت، کە لەڕووی مێژوویی و جیوگرافییەوە، هەرێمگەلی هەر یەکەمان چێ دەکەن، بەڵام ئەم هەرێمانە هەموویان لە یەک ئاستدا نین، بەڵکوو هەر یەکێکیان نوێنەرایەتی ئاستێک لە ئاستەکانی هوشیاری دەکات.
لە کۆتایی ئەم گەشتەدا باس لە شێوازی ڕیزۆمییانەی ناسنامە دەکەین، بەو پێیەی کە لە ڕابردوودا حەقیقەتە مەزنەکان پایەی ئۆنتۆلۆژیاکان بوون، بەڵام لە ئەمڕۆ و سەردەمی هاوچەرخدا، هیچ پێگەیەکیان نەماوە. لێرەوە بوونی داڕماوی ئەوان دەگۆڕێت بۆ پڕۆسەیەکی ناکۆتا لە ڕاڤەکردنە هەمەچەشنەکاندا مانیفێست دەبێت. لێرەوە لە سەردەمی هاوچەرخدا هەموو مرۆڤێک بە پێی بەهاکانی هزری خۆی توانای لێکدانەوەی لایەنە جیاوازەکانی بوونی هەیە. لەسەر ئاستی ناسنامەش، وابەستەیی و پەیوەندی لەگەڵ بەرامبەر لەناو دیاردەیەکدا دەردەکەوێت، کە دەکرێ بە چل پارچە، ناوی بەرین، کە ئەویش لە فرەچەشنی و فراوانی ناسنامە فرەکانەوە سەرهەڵدەدات و گەشە دەکات، کە بە خەسڵەتگەلی هاوسێیەتی و کەڵەکەبوونی هۆشیارییەکی فرەچەشن دەناسرێتەوە، بە جۆرێک کە لە ناویدا هیچ کولتوورێک ناتوانێت بە تەنیا خۆی ، دەنگدانەوەی فراوانی ئاگاییە مرۆییەکە فەراهەم بکات. بەم پێیە شایگان بەم جۆرە ناسنامەی ڕیزۆمی بە شێوەیەک ڕاڤە دەکات، کە بریتییە لە کۆمەڵێک ڕەگوڕیشە کە بە پیر ڕەگوڕیشەی دیکەوە دەچن. لەم هەلومەرجەشدا سەربەخۆیی ڕەگوڕیشەکان و وەفاداری و دڵسۆزی ئازاد و ڕهایان گرنگ نییە، بەڵکوو ئەوەی گرنگە بریتییە لە شێوازی نزیکبوونەوەیان لە ڕەگوڕیشەکانی تر. بە دەربڕینێکی دیکە پەیوەندی وابەستەیی ڕەگوڕیشەکان گرنگە لەگەڵ ڕەگوڕیشەکانی تردا. لێرەوە بەر لەوەی بچینە ناو باسەکەوە، پێویستە هەر لە سەرەتاوە، بپرسین: ئایا واتای ناسراو و ئاسایی ڕیزۆم چییە و ئەدی واتا فەلسەفییەکەی لەو ڕووەوە کە پەیوەستە بە ناسنامەوە چییە؟ داخۆ دوای ئەفراندنی هیچ گۆڕانکارییەکی لە ناو سیستمی بیرکردنەوەی خۆرئاوادا خولقاند؟ بەو پێیەی کە لە بۆچوونی بیریاری فەڕنسی هاوچەرخ ‘ژیل دۆلوز’ و هاوڕێ دەرونشیکارەکەی ‘فلیکس گواتاری’دا فەلسەفە بریتییە لە داهێنانی چەمکەکان، ئەوا لێرەدا و لەڕێگەی شایگانەوە تاڕادەیەک ئاشنای چەمکی و سەرەتایەک لەبارەی کارکردنی ڕیزۆم دەبین، کە لە زۆر ڕەهەندەوە فۆڕمی کارکردنی ڕیزۆم و سیستمەکەی پێچەوانە یاخود دژ بە شێوازی کارکردنە سوننەتییەکەی سیستمی درەختیییە. هەڵبەت چەمکی [8]ڕیزۆم Rhizomatique قەدی جۆرێک لە ڕووەک دەگرێتەوە، کە بە گڵ داپۆشراوە و بەرپرسیارێتی گەشەکردنی ڕووەکەکەی لەسەر شانە. ڕیزۆم هەموو ساڵێک بە ڕادەیەکی دیاریکراو و بە ئاراستەی ئاسۆیی گەشە دەکات و بەشی تازەی لێوە پەیدا دەبێت. لێرەوە بە پێچەوانەی درەختەوە کە بە هۆی ڕەگەکانییەوە جێگیرە و توانای جوڵەی نییە و پابەندی زەوییە. ڕیزۆم پابەندی زەوی نییە، بەڵکوو بەسەریدا دەڕوات، بۆیە گەر بە مشاریش بڕیمان ئەوا ئەم کردارە نابێتە هۆی مردن و لەناوچوونی ڕیزۆم، بەڵکوو لە دوای بڕینیش بەشی دیکەی سەربەخۆ سەرهەڵدەدەن. لە واتای ئاسایی چەمکەکەدا پەی بە خەسڵەتێکی گرنگی ڕیزۆم دەبەین، وەک چەمکێکی فەلسەفی، ئەویش ئەوەیە کە ڕیزۆم بە سروشتی خۆی فرەیە و ئەم فرەبوونەشی ئازاد و ڕەهایان کردووە، لە هەموو ڕێگری و بەربەستێکی یەکێتی و یەکبوون و ناوەندگەرایی، چونکە سیستمەکەی کە لەسەر فرەیی پارچەکانی دامەزراوە، نوێنەرایەتی ڕیزۆم دەکات، کە جیاوازە لە ڕەگوڕیشەی درەخت و لق و پۆپەکانی، کەواتە بەم پێیەش ڕیزۆم فاکتەری لەدایکبوون و وابەستەیی و پەیوەندییە، بە جۆرێک دەتوانێت تۆڕێکی ناکۆتا لە پەیوەندی دروست بکات، چونکە هەموو خاڵێکی سەر بە ڕیزۆمێک توانای وابەستەگی و پێکداچوونی هەیە لەگەڵ خاڵەکانی دیکەی سەر بەو ڕیزۆمەدا. هەروەها ڕیزۆم بە بڕینی یاخود بە شکان، یان دوای دادڕان، لەناو ناچێت، بەڵکوو دەتوانێ سەرلەنوێ بژێتەوە و بە ئاراستەیەکی دیکەدا گەشە بکات. سەرەڕای ئەوەی ڕیزۆم پێویستی بە شوێنە و پێکهاتووە لە چینەکانیش، کەچی توانای دابڕانی هەیە لە زەوی و هەروەها دەتوانێت بەسەریدا بڕوات و تۆڕی دیکەی پەیوەندی بدۆزێتەوە. ئەمەش وایکردووە، کە ڕیزۆم تێپەڕ و ڕاگوزەر بێت و لە وەرچەرخان و گۆڕانی هەمیشەییدا بێت. سەرەڕای ئەوانە ڕیزۆم توانای دروستکردنی پەیوەندی هەیە لەنێوان سیستمە زۆر جیاوازەکان، یاخود لەنێوان ئەو سیستمانەشدا کە پێکەوە ناگونجێن. واتە لەنێوان ئەو سیستمانەدا کە هیچ هاوشێوەبوون و گونجانێک لەخۆ ناگرن، هەر بۆیە ڕیزۆم لە یەکێتی جیاوازەکان پێکنایەت، بەڵکوو پێکهاتووە لە کۆبوونەوەی لایەنگەل و کۆمەڵێ ڕێڕەوی جیاواز. لێرەوە ڕیزۆم نە سەرەتای هەیە و نە کۆتایی و بەردەوامیش ڕاگوزەرە و بە ڕێگاوەیە. واتە ماهییەتی ڕیزۆم بەردەوام لە جۆڵە و گۆڕاندایە، بەبێ ڕاوەستان، کەواتە بەم واتایە دەکرێ بڵێین، ئەو لە مەحاڵێکی ئەبەدیدا دەژی. دیارە لە درەختیش ناچێت، لەو ڕووەوە کە ڕیزۆم بەرهەمی پێکداچوون نییە و دژ بە هەموو ڕەگوڕیشە و نەسەبێک و شەجەرەنامەیەکە. هەروەها یادەورەی ڕیزۆم بە جۆرێک کورتە، کە دەکرێ بڵێین ئەو هاوکات دژ بە یادەوەریشە. ڕیزۆم سیستمێکە کە ناوەندگەری و سەنتەریزم و هیچ پلەبەندییەکی تێدا نییە. ئەو بەتاڵ و خاڵییە لە هەموو ڕێنمایی و پێشڕەوایەتی و ئاراستەکردنێک. هەروەها ڕیزۆم شێوازێکە بۆ پەیوەندی و وابەستەیی لەنێوان چەندین و گەلێ مەسەلەدا، کە ماهیەتەکەی بە هاوسەنگی لەگەڵ زۆربوونی وابەستەیی و پەوەندییەکانیدا دەگۆڕێت. بەم واتایە و بە پێی تێڕوانینەکانی شایگان بۆ ناسنامە و شێوازە ڕیزۆمییەکەی کارکردنی، شوناسی بێگەرد و پاکیزە لەسەردەمی ئێستاماندا، بوونێکی بابەتیی نییە، بە هۆی داڕمانی فەزاگەلێکەوە، کە ناسنامەی پاکیزە و سوننەتیی چێدەکەن. دواتریش گەر شوناس بە کۆمەڵێ بەربەست و ڕێگری بێگەرد و پەتی و بە وەفا تەوق بدرێت، ئەوا گەلێک جار ئەم ڕێگریانە بەرەو جێگیربوون و چەقبەستنی دەبەن.
دیارە هەریەک لە سپینوزا و هیوم و نیچە، بە بیریارگەلێک دادەنرێن، کە بە گژ بیری ڕۆشنگەری و هەروەها ڕووبەڕووی سیستمی درەختیی بوونەتەوە و ڕەخنەیان لێگرتووە، بۆ دۆلوز- یش ڕەخنەگرتن لە بەهاکان و بیرکردنەوەی ڕۆشنگەری بە یەکێک لە ڕەهەندە سەرەکییەکانی بیری ئەو و هاوڕێ دەرونشیکارەکەی دادەنرێت و هاوکاتیش ئەوان چەمکی ڕیزۆم وەک لە کتێبی (هەزار ئاست)دا بەرجەستەی دەکەن و بە درێژی باسیدەکەن و بەواتای سیستمێک بەکاری دەهێنن، کە پێچەوانە و دژە لەگەڵ سیستمی باوی درەختیدا. بێگومان ئەو بیریارانەی سەرەوە لەگەڵ چەند بیرمەندێکی دیکەی وەک لۆکریتیوس و کلایستدا بە ئەندازیارانی سەرەتای بیری ڕیزۆمیی دادەنرێن، کە هەستاون بە دژایەتیکردنی سیستمی بیری درەختی، بەو پێیەی کە سیستمی درەختی، بیرکردنەوەیەکی فەرمییە، کە بەردەوام بەڕێوەبەرانی ئەقڵ پشتی پێدەبەستن. ئەویش بە ئەفراندنی دەسەڵاتێکی ڕەها کە بە تەنیا لە سنووری هزردا دەستبەکارە. ئایا پەیامی ئەو بیریارانە، بەرجەستەکردنی ئیرادەی فەرمانڕەوا و دروستکردنی تاکە هزرێکی وشک و برینگ و ناسنامەیەکی ئاسنین کۆمەڵێ حەقیقەتی تۆتالیتێر نەبوو؟ بەمشێوەیە بیرکردنەوەی ئەوانە لەگەڵ مەرامەکانی دەسەڵاتدا دەگونجێت، واتە ئەو بیرکردنەوەیە، شوێن واتای هەژموونگەر و پێداویستییەکانی سیستمە باوەکان کەوتووە. هەریەک لە دۆلوز و گواتاری لە کتێبی ناوبراودا، ڕەخنە لەو سیستم و ئایدیالە درەختییە دەگرن، پێیانوایە بیری خۆرئاوا بە درێژایی چەندین سەدە لەژێر قورسایی ئایدیالە درەختییەکەدا ناڵاندوویەتی. لەبەر هەموو ئەمانەش بە بڕوای دۆلوز و گواتاری لەبەرامبەر سیستمی درەختی دا ڕیزۆم و فرەیی ڕاوەستاون، چونکە ڕیزۆم بە سرووشتی خۆی فرەیە و فرەبوونەکەشی، ئازاد و ڕەهایە لەهەر بەربەستێکی یەکبوون و ناوەندگەرایی.
سەرچاوەکان:
[1] لە وتاری ” بتەکانی هزر و یادەوەری ئەبەدی” دا، شایگان بە شێوەیەکی پێچەوانە دەگەڕێتەوە سەر گریمانەکەی “فرانسیس بایکۆن”ی بیریاری بەریتانی، لەبارەی “بتەکانی هزر” تاکو لە ناو کەلەپور و میراتی ئایینی و کولتووری ژیارییە سوننەتییەکانی ئاسیادا، بەرامبەری ئەو بتانە بدۆزێتەوە. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە، کتێبی: *الاصنام الذهنية والذاكرة الابدية، داريوش شايغان….ترجمة: حيدر نجف…دار الهادي، ط١لسنة٢٠٠٧…ل٣١ تا ل٥٣
[2] زیر آسمانهای گفتگوی داریوش شایگان با رامین جهانبگلو، تهران: فرزان..چاپی ١٩٩٧. وەرگێڕەی فارسی: نازی عظیما..ل٦٠-٦١
[3] حوار الاذاعة الثقافية الفرنسية مع المفكر والمستشرق هنري كوربان..مجلة فصلية عربية ( الاستغراب ) عدد ٥ ل٢٤
[4] داريوش شايغان: ما الثورة الدينية، الحضارات التقليدية في مواجهة الحداثة.ت: محمد الرحموني. ل١٦٣.منشورات دار الساقي..ط١..سنة٢٠٠٤
[5] داریوش شایغان: اسیا در برابر غرب..تهران، امیر کبیر..ط٤ ساڵی ٢٠٠٣ل٣..
[6] هەمان سەرچاوەی ل١١-١٢
[7] داريوش شايغان، كتاب ” هوية باربعين وجها..” ت:حيدر نجف..دار التنوير…سنة ٢٠١٦ ل١٠٥
[8] هەمان سەرچاوەی پێشوو ل١٠٩-١٠٨