یادەوەریی و شوێن لەناو فۆرمی ھونەریدا

پێشەکی

ئەرکی پاراستنی یادەوەری، بابەتێکی قورس و ئاڵۆزە، بەتایبەت ئەگەر پرسەکە پەیوەندیدار بێت بە ھونەرەوە، لەبەر ئەوەی بێگومان شڵەژانی دەروونی دروست دەکات لەنێوان ئەو شتەی کە ئاوەزی کەسی و ئەو ڕاستییە بابەتییە، یان ئەو ڕووداوەی مەبەستە وێنا بکێشرێ، تەنانەت ھەتا نەخشەیەکیش لە تاکە دیدگایەکەوە کێشرا بێت، ئەوا نادروست دەبێت. (تەیت، ٢٠١٥)

پڕۆسەی خوڵقاندنی کاری ھونەری لەسەر بنەمای پەیوەندی نێوان عەقڵ و سۆز بەندە، ھەروەھا لەسەر بنەمای ڕاستی دەرخستنی ئەو پەیوەندییەیە بۆ ناو شتێکی ماددی. یادەوەری بەتەواوی خۆی دەداتە ئەو پرۆسەیە، لەکاتێکدا مێشک ئەو ژینگە ئەزموونیانەی بیر دەکەوێتەوە کە بەردەوام کاریگەری لەسەر ھونەرمەند ھەبووە و ھەیە. لەم وتارەدا پەیوەندی نێوان چەمکی شوێنی یادەوەریی(پیری نورا) و ھونەری شێوەکاری  پوخت دەکەمەوە. وتارەکە گرنگی دەربڕینی ھونەرە کە چۆن شوێنێکی یادەوەری دەکاتە تیۆر، وەک نورا دەڵێت: چیدیکە ژینگەی ڕاستەقینەی یادەوەری بوونی نییە، لەکاتی جینۆساید و شەڕوپێکدادان، یان پێشکەوتنی بەردەوامی گوند و شارۆچکەکان، یان وێرانبوون و گۆڕانی شارەکان. وتارەکە تاوتوێی چەمکی شوێنی یادەوەری ( lieux de memoire)ی نۆرا دەکات، چەمکە تیۆرییە سەرەکییەکان لەناو بابەتەکەمدا بەکارھاتوون، ھەروەھا وتارەکە پەیوەندی شوێنەکانی یادەوەری بە چەمکی پۆست یادەوەری (ماریان ھیرسچ)ەوە دەبەستێتەوە. ئەو یادەوەرییانەی لە دایک و باوک و ئەندامانی خێزانە کۆنەکەی ماونەتەوە، ھەروەھا سەرچاوەکانی میدیاش بەگشتی. دوای یادەوەری (پۆست یادەرەوەری) چەقی سەرەکی ژمارەیەکی زۆر لەکاری ھونەرمەندانی کوردە، ئەوانەی کارەکانیان -وەک کارەکانی خۆم-، بەشێوەیەکی بەرچاو بە شوێن و کەشی جینۆسایدی کورد کاریگەرن، لەھەمانکاتدا دەبنە شوێنێکی سەرەکی یادەوەری و یادەوەرییەکی تراومایی بە زیندوویی دەھێڵێتەوە. بەشی (A) ئاماژە بە کرۆکی چەمکی (شوێنی یادەوەری)ی نۆرا دەکات. بەشی (B) باس لە (پۆست یادەوەری) و یادەوەریی گواستراوە دەکات. بەشی (C) تیۆری یادەوەریی تراوما. بەشی (D) لەنێوان یادەوەریی تاک و  یادەوەریی بەکۆمەڵ. بەشی (E) چۆن ھونەر دەبێتە شوێنێکی یادەوەری. هەروەها ئەو پرسیارانەش دەکرێن، ئاخۆ کاری ھونەری بەشێوەیەکی کاریگەرانە داواکارییەکانی ڕەھەندی شوێنەکانی یادەوەری بەجێ دێنێت یان نا، بەتایبەتی لە حاڵەتی دووەم (پۆست یادەوەری) یان یادەوەرییە گەیشتووەکان، ئاماژە بەو ئارگۆمینتە دەکات کە ئاخۆ ھونەری شێوەکاری تەواو کاریگەرانە خۆی لەم میانە دەبینێتەوە.

بەشی (A): شوێنەکانی یادەوەری

بیرۆکەی (شوێنەکانی یادەوەری) لە کارێکی حەوت بەرگی و لەلایەن پیێری نۆرا دامەزراوە و بۆ یەکەمجار لەنێوان ساڵانی ١٩٨٤ و ١٩٩٤ بڵاوکراوەتەوە (Nora, ١٩٨٤-١٩٩٤). پێناسەکەی، کە وەک لە وتاری (بەشی یەکەم) بەرگی یەکەم دەردەکەوێت، ئەو شوێنانە دەنوێنێت کە “یادەوەری لێدروست دەبێت و خۆی تێدا نیشان دەدات”(Nora, ١٩٨٩, ٧). ئەو شوێنانەی کە سەرمایەداری تیایاندا چر دەبێتەوە، شەکەت و ماندووکەرن بۆ یادەوەریی بەکۆمەڵ کە گوزارشتی لێبکات (Erll,٢٠١١,٢٣). لە پێشەکی بەرگی یەکەمی شوێنەکانی یادەوەری (Les Lieux de mémoire)دا، نۆرا ئەو دۆخانە ڕوون دەکاتەوە کە ڕووداوێک یان شتێک دەبێت بێتەدی بۆ ئەوەی دەستنیشان بکرێت وەک شوێنێکی یادەوەری. بە بۆچوونی نۆرا سێ ڕەھەندی (شوێنەکانی یادەوەری) ھەن کە دەتوانرێن پۆلێن بکرێن بۆ ماددە و ئەرک و ھێمایی(Memory in Culture ٢٠١١, ٢٤). سەبارەت بە ماددە، شوێنی یادەوەری لەوانەیە شوێنێکی وەک (مۆزەخانە، ئەرشیف، یادەوەری، کەنیسە، گۆڕستان) بێت. چەمک و ئەزموونەکان (یادکردنەوە، نەوەکان، ھوتافەکان و نەریتەکان) و شتەکانیش (سەروەت و سامانی بەجێماو، مۆنیۆمێنتەکانی یادەوەری، دەستنووسەکان، دروشمەکان و تێکستە سەرەکییەکان و نیشانەکان) (Holtorf, ٢٠٠٢). ئەوانە تەنیا ئەو شتانە ناگرێتەوە کە بەرجەستەیین وەک تابلۆ و کتێب، بەڵکوو ڕووداوەکانی ڕابردووش دەگرێتەوە و تەنانەت چرکەساتەکانی یادەوەری و بێدەنگ نیشاندانی ڕەھەندێکی ماددیش. لەکاتێکدا ئەوان ھەروەک نورا ڕوونیدەکاتەوە بەمانای وشە پشوودانی بەردەوامییەکی کاتین (Erll,٢٠١١,٢٣). ڕەھەندە ماددییەکە یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکییەکانی گواستنەوەی بیرۆکەی بابەتێکی خودی، وەک یادەوەری بۆ ناو شت، لەبەر ئەوە شوێنەکانی یادەوەری ڕوونن لە میانی مادە جۆربەجۆرەکان. نۆرا داوا دەکات کە (ئۆبجێکتیڤەیشنە) بابەتە ئەبستراکتە ماددییەکە ئەرکێکی ناو کۆمەڵگە بەجێدەھێنێت، ئەرکەکە ڕوونە، بۆ نموونە ئەرکی مۆزەخانەیەک ئەوەیە نیشاندانی ناوچەکان و پارچە کۆنەکانی ڕابردوو دەستەبەر بکات، کە ناوەندێکی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیە بۆ مرۆڤناسی. ھەموو شوێنەکان ھاوبەشی ئەرکی ئامادەکردنی یادەوەرییەکە دەکەن کە ئەو شوێنانە نوێنەرایەتی دەکەن. لەبەرئەوە شوێنی یادەوەری لەوانەیە چەند ئەرکێکی ھەبێت لە کۆمەڵگەدا. لە کۆتاییدا دەبێت ئۆبجێکتیڤەیشن(بابەتیانە) بێت، جگە لە ئەرکی خۆی، مانای نیشانەیی(ڕەمزی)یشی ھەبێت (Erll,٢٠١١ ٢٤). ئەمە کەیسەکەیە، بۆ نموونە کاتێک ھەنگاو و کردارەکان دەبنە نەریت یان شوێنەکان بە کەش و ژینگە ھێماییەکان دادەپۆشرین(Nora ١٩٨٩, ١٩). ئەم نیشانە(ھێما) نێودەوڵەتییە مانادارە داواکراوە بۆئەوەی شتە کولتوورییەکان بگوازێـتەوە بۆ ناو شوێنەکانی یادەوەری (Erll ٢٠١١،٢٤). لەلایەکی دیکەوە ئەوەی کە شوێنی یادەوەری دروست دەکات بریتییە لە کارلێکردنی یادەوەری و مێژوو. ھەر لەسەرەتاوە دەبێـت ویست و ئارەزووی بیرکەوتنەوە ھەبێت، بۆیە نۆرا دەڵێت ئەگەرنا شوێنەکانی یادەوەری تەنیا وەک شوێنە مێژووییەکان دەمێننەوە. مەبەست لە شوێنەکانی یادەوەری بریتییە لە ڕاگرتنی کات و وەستاندنی کاری لە بیرچوونەوە (Nora ١٩٨٩, ١٩). توێژەران ئاماژەیان بە پێشنیارەکەی نۆرا کردووە، کەوا شوێنەکانی بەر لە مێژوو و شوێنەوارەکان  لەدەرەوەی پۆلێنی شوێنی یادەوەرین، لەبەر ئەوەی بەپێودانگی پێناسەکانیان ئیرادە و ویستی بەبیرھاتنەوەیان تێدا نییە، “بنەڕەتگەرایی” کێش و قەبارەیی زیادەڕۆیی سەپێنراو بەسەریاندا، بەھۆی کات، زانست، خەونەکانی مرۆڤ” (Nora ١٩٨٩, ٢٠f).

لە دوو بەرگەکەی تردا، چەمکەکە فراوانتر کرا بۆ لەخۆگرتنی ھەموو یەکە گرنگەکان، ئینجا چ ماددی یان چ بەرنامەیەکی نموونەیی بێـت، کە ویست و ئیرادەی مرۆڤ یاخود کاریگەری کات، توخمە ھێماییەکانی میراتی و بۆماوەیی یادەوەریی کۆمەڵگەی دروستکردووە. (Erll, ٢٠١١, ٢١) بەمشێوەیە پێویستییە ڕەھەندییەکانی ماددەگەرایی و ھێماگەرایی کەم کرایەوە، لەوکاتەی کە نۆرا  فراوانکردنی چەمکی شوێنەکانی یادەوەری پەیڕەو کرد کە ھێمای نموونەیی خستە ناوی و ھەروەھا زیاتر گرنگی دا بە مانا ھێماییەکە، کە لەوانەیە لە ئەنجامی ویستی مرۆڤ یاخود کاریگەری کاتەوە بێت.

لە دەقی ساڵی١٩٨٤ی مێژوویی نۆرادا کە بە یادکردنەوە دەستیپێکرد و بەرەو بیرەوەری گەڕایەوە و کاردانەوەی لەسەر پەیوەندی نێوان یادکردنەوە و مێژوو دروستکرد و سەلماندی کە نیشاندانی ئەو بیرەوەرییە مێژوویەکی ھەیە (Montano, ٢٠٠٨). نۆرا لە تەوژمی بیرەوەرییدا ھەستی بەوە کرد کە بیرۆکەی یادەوەری و شوێن بووەتە بەڵگەیەک لە فەرەنسا و وڵاتانی دیکە بۆ شیکردنەوە و دەستنیشانکردنی دەرئەنجامەکانی ئەوەی کە چۆن مێژوو نووسراوە و چۆن کاری مێژوونوسان لە فەرەنسا ئەنجام دراوە (Montano, ٢٠٠٨). نۆرا لە زاراوەی بیرەوەری بۆ مێژوو دەرچوو و بۆی دەرکەوت کە مێژووی نەتەوەیی فەرەنسا زۆر قووڵ بووە، یادەوەرییەک بە فلتەرە مێژووییەکەدا تێپەڕی، یادەوەرییەکی متمانەپێکراویش گۆڕا بۆ مێژوو. بەمجۆرە ئەمە پەیماننامەیەکە کە دوای نیشاندانی ناسنامە لە پرۆژەی قوتابخانەیەکی فەرەنسی (نیشاندانی بەڵگە لە پەیوەندی نێوان پەرتوکی مێژوویی و یادەوەریی نیشتمانی)  بە دوای ئەوەدا دەگەڕێت مێژووی نیشتمانی بە داستانەکانی و نوێنەرانی شیبکاتەوە (Montano, ٢٠٠٨). بەڵام شوێنەکانی یادەوەری ناتوانن وەک یادەوەریی بە کۆمەڵ بەردەوام بن، ھەروەک لەلایەن (ھالبارگ) پێناسە کراوە، کە کۆمەڵە نووسینێکی ھەیە لەنێوان جەنگەکان و لەسەر سروشت و دەستوری بیرەوەرییەکانی تاکەکان، ھەروەھا ناو خێزان و پلە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکاندا. تیۆری ھالبارگ بۆ یادەوەری دەتوانرێت ڕوون بکرێتەوە نەک تەنیا بە سووربوونی لەسەر سروشتی بەکۆمەڵی یادەوەری، بەڵکوو بەشێوەیەکی زیاتر دیاریکراو لەسەر بنەمای زمانەوانی بۆ ئەم بەکۆمەڵیەیە ( E,Wells, ١٩٩٢).  لەکاتێکدا نورا ڕوونیدەکاتەوە کە لێرەدا شوێنەکانی یادەوەری ھەن، چونکە چیدیکە ناوەندی یادەوەری نین (Memory in culture ٢٠١١, ٢٣). بەپێی نۆرا کۆمەڵگەی ئەمرۆ لە قۆناغی گواستنەوەدایە، لەم ماوەیەدا پچڕانێک لە پەیوەندی ژیاندا ھەیە و گروپ و نەتەوە دیاریکراوەکان و ناسنامەی ڕابردوو پێکدەھێنن. بەمجۆرە ئەرکی شوێنی یادەوەری وەک جۆرێک لە ھەڵگری شوێنی دەستکردی بیرەرەوەی بەکۆمەڵی نیشتمانییە کە چیتر بوونی نییە (Montano, ٢٠٠٨).

blank
بەرهەمی کریستیان بۆلتانسکی فەرەنسی.

بەشی (B): چەمکی پۆست یادەوەری

ماریانا ھیرسج لەسەرەتای نەوەدەکان زاراەوەی ( پۆست)ی داڕشتووە. پۆست یادەوەری وەسفی پەیوەندییەکی ئاڵۆز دەکات کە نەوەی لە دایکبووی پاش ڕووداوێکی تراوماتیکی، ئەزموونی بەکۆمەڵیان ھەیە کە کاریگەری تراوماتیکی کولتوورییان لە سەرە (Shoah and postmemory ٢٠١٢-١٦). بە بۆچوونی ھیرسچ، ئەزموونی ئەو کەسانەی کە تراومای بە کۆمەڵیان بینیوە وابەستە بوونە بە ژیانی منداڵەکانیان و نەوەکانیان، بە “پۆست نەوە”ش ناسراوە(Hirsch ٢٠١٢, ١٠٦ ). ھیرسج دەڵێت “پۆست یادەوەری ھاوتا (یەکسان) نییە بە یادەوەری، ئەوە ڕابردووە یادەوەرییەکانی یەکەمجار بینراوە (یان نەوەی یەکەم) گوستراونەتەوە بۆ نەوەی دواتر بە ھۆکارەکانی وەک چیرۆکەکان و ھونەر و ئەدەبیات و کولتوور و ڕەفتار و نەریتەکان (ھیرسچ، ٢٠١٢، ١٠٦). لێرەدا جیاکەرەوەیەکی ڕوون لەنێوان یادەوەرییەکانی یەکەم نەوە و پۆست یادەوەری و وەچەکانیاندا ھەیە.

لەکاتێکدا ھیرسج دەڵێت: ئەم ئەزموونانەی تراومایی بەکۆمەڵە، بەشێوەیەکی قووڵ و کاریگەر گواستراونەتەوە بۆ نەوەی دواتر، کە پێدەچێت یادەوەرییەکان بە مافی خودی خۆیان ببنە بەشێک و دروست بن. بەمشێوەیە لەڕاستیدا پەیوەندی پۆست یادەوەری بە ڕابردووەوە بە بیرکردنەوە نێوانی نەکراوە، بەڵکو لەڕێگەی وەبەرھێنانی خەیاڵی و جێکەوت و خوڵقاندنەوەیە (The Generation ,١٠٦-١٠٧). بەمجۆرە نەوەکانی دووەم و دواتر دەبێت دەرک بە مەودای (ماوە) نێوان یادەوەرییەکانیان و ڕووداوی ڕاستەقینەی تراوما بکەن. ھیرسج بە نەوەکانی شایەدحاڵی تراومای بەکۆمەڵ دەڵێت (پۆست نەوە). پۆست نەوە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە دایک و باوکیان یان باپیرانیان لە ڕووداوی تراومای بەکۆمەڵدا ژیاون و ئەزموونیان گواستراوەتەوە بۆ مناڵ و نەوەکانیان. ھەروەک ھیرسج ئەمە ڕوون دەکاتەوە کە ئەندامانی نەوەی نوێ تەنیا میرات نین بۆ تایبەتمەندییە ڕەگەزییەکانیان، بەڵکوو میراتن بۆ ئەزموونەکانی تراومای پێشینەکانیشیان، دەکرێت دوانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو بلکێندرێت بە یادەوەریی نەوەی پێشووتری خۆیان لە ڕابردوو، کە پێویستیانە داوای ئەو پەیوەندیی یادەوەرییە بکەن، لە دۆخێکی زۆر سەختدا بتوانرێـت یادەوەرییەکە بگوازرێتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە بەڕاستی لە ڕووداوەکەدا نەژیاون(Hirsch ٢٠١٢, ١٠٥-١٠٦).

دوای نەوە (پۆست نەوە) ئەزمونی ژیانی ڕووداوە تراوماتیکیەکانی نییە، لەبەرئەوە یادەوەرییەکانی ئەندامانی پۆست نەوە تەواو جیاوازن لەوانەی شایەتحاڵی یەکەمن. گوتراوە کە دوا یادەوەرییەکان کە زۆر ڕاستەقینانە بابەتیانە ھەستیان پێبکرێـت ئەوا کاریگەری بەرجەستەیان لەسەر ئەو وەچەی تراومایی ڕاستەقینە دەبیّت. ھەروەھا (پۆست) لە پۆست یادەوەری زیاترە لە جیاوازی نەوەیی یان کاتی. بە ھەمان شێوەی (پۆست) لە پۆست کۆلۆنێڵ (دوای داگیرکردن) یان پۆست مۆدێرن ئەمە پێویستی بە پەیوەندییەکی قووڵ ھەیە لەگەڵ ڕابردوو وەک لەوەی لێی جیا ببیتەوە. ھەروەک پێشتر گفتۆگۆیی لە سەر کرابوو، تراوما دەتوانرێت کاریگەرییەکی دواکەوتنی لەسەر خەڵک ھەبێـت، ئەمە بۆ ھەریەک لە شایەتحاڵی یەکەم و بۆ دوای نەوەش دەچێت. بۆ نموونە، کاریگەرییەکانی سەر ڕزگاربووانی ھۆلۆکۆستی جولەکەکان دەرنەکەوت تاکو چەند ساڵێک دوای تەواوبوونی شەڕ. بە ھەمان شێوە، چیرۆکەکان و سیفەتە ڕەفتارییەکانی ڕزگاربووانی ھۆلۆکۆست دەتوانرێن کاریگەری دواخراویان لەسەر نەوەکانیانەوە ھەبێت. پۆست لە پۆست یادەوەری، بە دواکەوتوویەکەی لە کات جیاکراوەتەوە، بەڵام لەوەش گرنگتر، ئاماژە بە کاریگەرییەکانی دواییش دەکات و بەردەوامیش دەبێـت لەگەڵ تراوماکە (Shoah and postmemory ٢٠١٢-١٦) .

ھیرسج جەخت دەکاتەوە، کە پۆست یادەوەری لێکچوون نییە لەگەڵ مانا مشتومڕ لەسەرەکەی یادەوەری. جگە لەمە پۆست یادەوەری، ئەو یادەوەریانەی تێدایە کە لە ڕێگەی وێنە و ئەدەب و ڕەفتار دەگوازرێتەوە. یادەوەریی بەکۆمەڵ لەمەدا ڕۆڵ دەگێڕێت، بەڵام لە تیۆری پۆست یادەوەری ڕۆڵی خێزان جەختی لەسەر کراوەتەوە. خێزانەکان ڕۆڵێکی گرنگ لە پەیوەندییەکی ئاڵۆزی نێوان یادەوەریی تاک و یادەوەریی بەکۆمەڵ دەگێڕن، بەتایبەتی لە دەقی پۆست یادەوەری.

ھەر یەک لە (ھیرسج و ئالێیدا و جان ئاسمان) سوورن لەسەر ئەوەی خێزان وەک ناوەندێکی گرنگی گواستنەوەی یادەوەرییە. لە جیاکردنەوەی یادەوەریی خێزانی و پۆست یادەوەری، لەکاتێکدا یەکەمیان (یادەوەریی خێزانی) وەسفی ستونی گواستنەوەی ڕووداوە شۆکەکان دەکات ڕاستەوخۆ لە پێشینەییەکانەوە بۆ نەوەکانیان، دووەمیان (پۆست یادەوەری) گواستنەوەی ئاسۆییە لە پێشینەییەکانەوە بۆ ئەو کەسانەی کە نەوەکانیان بە دوای پەیوەندیکردن بە ڕووداوەکانی ڕابردووەوەن (Erll ٢٠١١,٢٨). لە ئەنجامدا پۆست یادەوەری ھاوکاری ئەندامانی پۆست نەوە دەکات کە پەیوەندیان بە ھەمان پۆست نەوەوە ھەیە. ھەروەھا گرنگە پۆست یادەوەری لە وشەیی (حرفی) نەوەی دووەم جیا بکرێتەوە. ھیرسج ئەم جیاکەرەوە بەمشێوەیە ڕوون دەکاتەوە:

“پۆست یادەوەری یارمەتی خوڵقاندنی یادەوەرییەک دەدات، کە ناتوانێ یادەوەری ڕاستەقینە بگەڕێنێتەوە، کردە خوڵقێنەرەکە یارمەتی یادکردنەوەی تراوماکە و مامەڵەکردنی سایکۆلۆژی دوای کاریگەری تراوما دیاریکراوەکە دەکات. ڕۆڵی ھونەر لە پرۆسەی شۆک پشتیوانیکراوە لەکاتێکدا ھونەر چالاکانە پۆست یادەوەرییەکان لەنێوان ئەندامانی پۆست یادەوەریی و ئەندامانی دیکەی ئەو کۆمەڵایەتییە دەگوازێتەوە. ھەروەھا خەیاڵ وەک ھونەری بینراو (شیوەکاری) بریتی نییە لە مێژوو، بەڵام دەتوانێت یادەوەری دروست بکات. ئەمە دەبێتە ھۆی گفتوگۆی بەشی (C)، کە پەیوەندی نێوان شوێنی یادەوەری و پۆست یادەوەری و ھونەری بینراو(شیوەکاری) تێدا تاوتوێکراوە.

blank
بەرهەمێکی ئانا مێندیەتا (١٩٤٨-١٩٨٥) هونەرمەندی کوبایی-ئەمریکایی

بەشی (C): تیۆری یادەوەریی تراوما

بۆ ئەوەی لە پرسە سەرەکی و گرنگەکانی یادەوەریی تراوما تێبگەین، یەکەمجار دەبێ لە پێچەوانەی مێشکی مرۆڤ بۆ ڕووداوێکی تراومایی تێبگەین. کاریگەرییەکانی تراوما و بە دروستیش شەڕ، زیاتر لە مشتومڕێکی تیۆری و ڕەگەزی لەسەر پەیوەندییەکی پەیوەستی تراوما و یادەوەری و لە قسەکانی ھیرسج  و کردەکانی گواستنەوەی نێوان نەوەکان ورووژاندووە (Hirsch, Writing and Visual, ٢). چەمکی تراوما جۆرە گشتگیرییەکی لە بوارە تیۆرییە جۆربەجۆرەکاندا، شان بەشان لەگەڵ توێژینەوەی ئەدەبیدا ھەیە، لەکاتێکدا کاریگەرییەکەی لەسەر ژیانی خەڵک زۆرە. لێکۆڵینەوەی تراوما دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و ژیانەوەی لە ساڵانی نەوەدەکان ئەو سەدەیە پێبەخشی (Jolande Withuis Introduction  page, ١). ئەوکاتە، توێژینەوەکانی تراوما جەختیان دەکردە سەر کاریگەرییە سایکۆلۆژییە درێژخایەنەکانی ھۆلۆکۆست وەک ئەزموونێکی تراومایی. پەیوەندیدار بەمە، چەمکی یادەوەری لەم بوارەی توێژینەوەیەدا سەریھەڵدا. پەیوەندی نێوان مێژوو و یادەوەری ئاڵۆزە، بەتایبەتی کاتێک یادەوەرییە بەکۆمەڵ و تاکەکان لێک نزیک دەبنەوە (بەیەک دەگەن). بەرلەوەی بچینە سەر بەیەکگەیشتنی فۆرمە جیاوازەکانی یادەوەری، گرنگە درێژە بە زاراوەی تراوما و ڕێگەی دووبارە دروستبوونەوەی لە چەمکێکی تەواو پزیشکی بۆ چەمکێکی تێکەڵە (پێکھاتوو) کە دەتوانێت ھەردوو فیزیکی وەک لادانی گۆڕانی سایکۆلۆجی ھەبێت. لە مانایەکی ئیتمۆلۆجیکی، تراوما لە وشەی (τραῦμα) (trauma) دارێژراوە، کە وشەیەکی کۆنی یۆنانییە، بەمانای برین یان شکان دێت. دوای ئەوە تراوما دەستیکرد بە بەرجەستەکردنی کاریگەرییە سایکۆلۆژییە درێژخایەنەکانی ئەزموونە بە ئازارەکان (ڕووخان، تێکشکان، وێران بوون، زیان)، کە بەھۆی ئەزموونەکانی تراوماتیکی دروست بوون، برینێکی کراوە لە مێشکی کەسێک دەخوڵقێنێت. ڕووداوە مێژووییە تراوماتیکیەکان بوونەتە حەز و ئارەزوو کەسانێک کە توێژینەوەی دەروونی مرۆڤ دەکەن. لەسەدەی بیستەمدا، کاریگەرییە سایکۆلۆژییەکانی ھۆلۆکۆست بەشێوەیەکی سەرەکی تیۆری تراوما دەنوێنێت. بیرۆکە سەرھەڵدراوەکە کە ئەزموونێکی یەکجار نەرێنیە، وەک شەڕ، کە “دواتر دەبێتە هۆی داڕمانێکی تەندروستی جەستەیی و دەروونی درێژکراوە ھەتا ھەمیشەیی” (Withuis ١).

لە کتێبە بڵاوکراوەکەیان، سیاسەتەکانی شەڕی تراوما، (جۆلاندی ویزیوس و ئانێت مۆیی) تاوتوێی کاریگەرییەکانی تراوماتیکیان کردووە کە جەنگی جیھانی دووەم لە سەر ژمارەیەک کولتووری جیاوازی ئەوروپا ھەیبووە و ھەروەھا باسی ڕێگە جیاوازەکانیان کردووە کە چۆن خەڵک مامەڵەی لەگەڵ تراومای شەڕدا کردووە. ھەر سەبارەت بەمەش ویزیوّس گفتوگۆی دەرەنجامەکانی دوای جەنگی جیھانی دووەم دەکات، کاتێ ڕوون بووەوە کە ئەو شەڕە نزیکەی چارەگە سەدەیەک بوو کە کۆتایی ھاتبوو، بەڵام ڕزگاربووانی کەمپ و چەکدارانی بەرگریکار و قوربانیانی دیکە ھێشتا بە دەست خەمناکی و بەتاڵبوونەوەی نیشانەکانیەوە دەناڵێنن(Jolande Withuis Introduction  page, ٢). دواتر تراوما مانایەکی دەبێت کە زیاتر برینیّکی فیزیکی (جەستەیی)یە. جگە لەمە، تراوما، بەتایبەتی لە حاڵەتی شەڕ کاریگەری جەستەیی درێژخایەنی لەسەر ڕزگاربووان دەبێت. بیرۆکەکە کە کەسانی پێگەیشتووی جێگیر لە ڕووی دەروونییەوە (عەقڵیەوە)، بەشێوەیەکی دەروونی بەھۆی تراوماوە تووش نابن، لە زەمینەی بوارە ئەکادیمییەکاندا نەماوە و نەخۆشییە دەروونی درێژخایەن (مزمن) وەک کاریگەری شەڕ دانیان پێدانراوە (Jolande Withuis Introduction  page ٢). لە کۆتاییدا، پۆست نەخۆشی سترێس (فشار)ی تراوماتیکی وەک زنجیرەیەک نەخۆشی لە ساڵی ١٩٨٠ دانی پێدانرا (Withuis Introduction  page.٢). کەواتە بەمجۆرە کاریگەری و شوێنەواری شەڕ کاریگەری فراوان و تراوماوی لەسەر ڕزگاربووان دەبێت. تێبینی ئەوە کراوە کە ناتوانرێت پۆست نەخۆشی فشاری تراوماتیکی وەک پۆست یادەوەری دابنرێت یان یەکسان بن. ئەزموون و یادەوەرییەکانی شایەتحاڵی تراوما بۆماوەیی، جیاوازن لە ئەزموون و یادەوەرییەکانی نەوەکانی دواتر. شتێکی زۆر نامۆڕاڵی دەبێت یادەوەرییەکانی نەوەی یەکەم لەگەڵ یادەوەرییە وێناکراوەکانی نەوەکانی دواتر بەیەک بچوێنیت. بەپێی ڤان دێر و کۆڵک و وایتفیڵد: یادەرەوەییە تراوماییەکان یان بەلایەنی کەم فۆرمە دیاریکراوەکانی تراوما، بە پرۆسەکانی وەک سەرکوتکردن و ھەڵوەشانەوە کۆد کراون، کە وایانلێدەکات سەخت بێت وەک گێرانەوەیەکی زارەکی پەیوەست بگێڕدرێتەوە. ئەنجامەکە بریتییە لەوەی کە یادەوەرییە تراوماوییەکان بەشێوەیەکی سەرەکی وەک پارچەکانی دابڕاو و نازارەکی و ھەستی و بزوینەر و سۆز ھەبن. ئەگەر ئەم دەرەنجامە ھەبوو( ١٩٩٧ , p,٧٤).

لەگەڵ ئەوەشدا، بینیومانە کە شەڕ ئەزموونێکی تراوماتیکی لە ڕادەبەدەرە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک و نەوەکان. یادەوەرییەکانی ئەم ڕووداوە تراوماتیکیانە دەتوانرێت بەشێوەیەکی ئاشکرا بگوازرێنەوە بۆ نەوەکانی دواتر (داھاتوو) بە ڕێگەیەک کە شەڕ دەکاتە شتێکی پەیوەندیدار، ھەتا بۆ ئەو خەڵکانەش کە یەکەمجار بە ئاسانی ئەو ئەزموونەیان نەبووە. بەتایبەتی ئەو کۆمەڵگانەی کە ھێشتا شوێنەواری شەڕیان بەسەرەوە ماوە و دەکرێ نەوە گەنجەکان بە ئەزموونەکانی دایک و باوکیانەوە گرێ بدرێن. بۆ نموونە، زۆرجار ھۆلۆکۆست بە حاڵەتێکی ئیستیسنایی تراوما و بیرخستنەوە ناسراوە (دەستنیشانکراوە) و بەشێکی زۆری تیۆری تراوما جەختی کردبووە سەر دووبارە کاردانەوەی تراومای ھۆلۆکۆست لە ئێستادا. جێبەجێکردنی توێژینەوەی تراوما دەتوانرێت بەشێوەیەکی فراوان لەسەر ڕووداوە مێژووییەکان و تراوماتیکیەکان جگە لە ھۆلۆکۆستیش جێبەجێ بکرێت. ئەوە ھەڵە دەبێت ئەگەر جەنگی جیھانی دووەم لەگەڵ شەڕی (بیافرا)ن بەراورد بکرێت. ھێشتا شوێنەوارەکانی شەڕی ناوخۆیی نێجیریایش دەتوانرێت شیبکرێتەوە. گرنگە جەخت بخرێتە سەر جیاوازییە بچوکەکانی ھەموو ڕووداوە تراوماتیکیە تایبەتییەکان و جەخت لە پەیوەندی ئێتنیکی (نەژادی) نێوان تراوما و کردە یادەوەرییەکانی بیرخستنەوە بکات. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەوە کە نیشانەکانی تراوما چۆن دەتوانرێت لە شایەدحاڵەکانەوە بۆ نەوەی دواتر بگوازرێتەوە، پێویستە چاو بخشێندرێت بە پەیوەندی ئاڵۆز و گرنگی نێوان یادەوەریی بەکۆمەڵ و یادەوەریی کەسی. لێرەدا چەند پرسیارێک دروست دەبن.

١. بە کام ڕێگەیانە یادەوەرییەکانی ئەزموونە تراوماتیکییەکان، لە ڕووداوە ئاساییەکان جیاوازن؟

٢. ئایا گۆڕانی بەشەکانی یادەوەریی تراوماتیکی و کارەکتەرەکەی دەگۆڕێت بەتێپەڕبوونی کات، ھەروەک زانراوە گێڕانەوەکە ئەوە دەکات؟

٣. ئایا دەکرێت پەنجە ھەستییەکان لە شێوەی بەشی (پارچە)ی زیندوو یان گەڕانەوە بۆ دواوە (فلاشباک) و وێنە و دەنگ و بۆن و جەستە و ھەست و کاریگەری بە تەواوی وەک یادەوەری پۆلێن بکرێن؟

٤. ئایا  دەکرێت پەنجە ھەستییەکان ھەبن کە بزر دەبن و دواتر وەک نواندنێکی تازە (نوێنەرێکی نوێ)ی ئەوەی کە بە ڕاستی ڕوویداوە بگێڕدرێنەوە؟ 

blank
بەرهەمی (جین فاریری)

بەشی (D): لەنێوان یادەوەریی تاکی (کەسی) و یادەوەریی بەکۆمەڵ

تێگەیشتن و چوارچێوەی (سنوورەکانی) گواستنەوەی نێوان یادەوەریی کەسی و یادەوەریی بەکۆمەڵ پێویستی بە تێگەیشتنی تەواوی ھۆکاری پۆست یادەوەری ھەیە. لیکۆڵینەوەیەکی گشتگری پەیوەندی پشت بەیەکتربەستنی یادەوەریی بەکۆمەڵ و کەسی ھاوکار دەبێت بۆ “دیاریکردنی ئەوەی کە چۆن شکانی دەرەنجامی گواستنەوە لە ڕووداوەکانی تراوماتیکی مێژوویی پابەندی فۆرمەکانی بیرخستنەوە دەبێـت کە دووبارە ڕیشاڵی یادەوەری نێوان نەوەکان بەیەکەوە دەلکێنێت و بەرجەستەیان دەکاتەوە کە بە کارەسات لێکترازاوە” (Hirsch, Writing and Visual ٣٢). پەیوەندی نێوان یادەوەریی کەسی و یادەوەریی بەکۆمەڵ ھەمیشە جێگەی سەرنج  ۆ تیڕامان بووە، بەڵام لەگەل ئەوەشدا ئاڵۆزیشە. (جان ئاسمان) دەڵێت کە یادەوەری بەندە لەسەر بنەمای پەیوەندی ڕۆژانەی کەسەکان یاخود دوو کەس(Assman and John, ١٩٩٥:١٢٦). یادەوەری پەیوەندی (گەیاندن) دەتوانرێت وەک یادەوەری تەمەن کورت دابنرێت، چونکە ئەم جۆرە یادەوەرییە لەنێوان دوو لە تاکەکان ڕوو دەدات، بۆ نموونە، نوکتە و پاشەملە باسکردنی کەسەکان (غەیبەت) و ئەمجۆرانە. لەبەرئەوە ئەمجۆرە یادەوەریانە تەقریبەن ھەر زوو ون دەبن. بەگوێرەی ئەم چەمکە یادەوەری بەکۆمەڵ، ماوریس ھالبورگ ڕێز لە یادەوەری تاک دەگرێت وەک مێژوویەکی دەنگی (شەفەیی)، کە ئەو (ھالبورگ) پەیوەندی بەو گروپانەوە ھەیە کە لە ڕێگەی گفتوگۆ و پەیوەندی ھەر تاکێک یادەوەری دروست دەبێت. چونکە یادەوەری ھەر تاکێک دەتوانێت کارلێک لەگەڵ ئەوانی دیکە بکات، ھەم ئەوانەی تر دەتوانن بە گروپەکانی دیکەوە بلکێن، ئەو گروپانەی لەڕێگەی وێنە ھاوبەشەکانی یادەوەری یەکێتییەک (یەکگرتووییەک) و تایبەتمەندییەک وێنا دەکەن(Ibid, ١٩٩٥:١٢٧). کارەکتەری پشت بەیەکبەستووی ئەم پەیوەندییە لە توێژینەوەی پۆست یادەوەری گرنگە. لەسەرەتای ساڵی ١٩٩٧، جان ئاسمان تیۆرەکەی لەسەر بیرخەرەوەی بە کۆمەڵ لە پەرتوکی (Daskulturelle Gedächtnis ) تاوتوێ کرد. تیۆرەکەی لەسەر بیرخەرەوەی بەکۆمەڵ لە بناغەی ھەموو کارە تاکەکەسییەکانی خۆی و ھەموو ئەو کارانەی کە لەگەڵ خێزانی ئالێیدا ئاسمان بڵاویان کردوونەتەوە، پێک دێت. وێنەکێشان لەسەر کاری (ئابی واربێرگ) ئابی واربێرگ ھونەرمەندێکی مێژوویی بوو کە چووە پشت سنوورەکانی یادەوەرییەکانی کەسی و زاراوەی و، (یادەوەریی کۆمەڵایەتی) داڕشت کە ڕەخنەگرتنی کولتووری وەک ھەڵگری یادەوەری بینران (Assmann,“Communicative” ١١٠).

ھەروەھا ماوریس ھالبورگ، کۆمەڵناسێکی فەرەنسی بوو کە لە توێژینەوەکەی جەختیکردە سەر یادەوەریی بەکۆمەڵ. ھالبورگ سەلماندی کە یادەوەری لە دەقێکی کۆمەڵایەتی شی بکرێتەوە و کە ئەمە پشت دەبەستێت بە یەکترناسین و گفتوگۆ و پەیوەندی (Assmann, “Communicative” ١٠٩) . جان ئاسمان جیاوازی و لێک جوداکردنەوە لەنێوان دوو جۆری بیرخەرەوەی بەکۆمەڵ دەکات، ئەوانیش یادەوەری پەیوەندی (اتصال) و یادەوەریی کولتوورین. یادەوەریی کولتووری بریتییە لە شێوە و فۆرمێکی دامەزراوەیی (شکل مۆسسی) یادەوەری، کە ئەمە لەنێوان گروپێکی خەڵکدا ھاوبەشی پێدەکرێت کە ھەمان ناسنامەی کولتووریان ھەبێت (Assmann, “Communicative”١١٠).  ئاسمان دەڵێت کە یادەوەرییەکانمان نەک تەنیا لە کارلێککردن لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکەدا ھەیە، بەڵکو لەگەڵ سیمبوڵە دەرەکییەکانیشدا ھەیە، کە یارمەتیدەرە بۆ گواستنەوەی یادەوەرییەکان لەسەرتاسەری نەوە جیاوازەکان و بارودۆخەکان. ئەو دەڵێت بۆ ئەوەی بتوانرێت لە زنجیرەی نەوەکان دووبارە جەستە دروست بکرێـتەوە، یادەوەریی کولتووری، جیا لە یادەوەریی پەیوەندی، ھەروەھا بوونی ھەیە لە فۆرمی ناڕێک و نایەکسان و داوای دامەزراوەکانی پاراستن و دووبارە بەرجەستە کردنەوە( بە جەستەکردنەوەی) دەکات (Assmann, “Communicative” ١١١). بۆ نموونە دورکایم، یادەوەریی بەکۆمەڵی وەک ناوەندی دووبارە بەرھەمھینانەوەی کۆمەڵگە پێناسە کردووە، بەوەی کە گروپەکە لە ناسنامەکەی سەبارەت بە کات وشیار دەبێـتەوە و تاکیش ئەو یادەوەریانەی بیر دەکەونەوە کە لە ماوەی ئەندامیەتی (ئەندامبوونی) لەناو کۆمەڵگەکە.

blank
بەرهەمێکی ئانسلیم کیەفەر (١٩٤٥- ..) هونەرمەندی ئەڵمانی، کە بەرهەمەکانی داڕمانی فەرهەنگی ئەوروپای پاش جەنگە

ھالبورگ، ئەم یادەوەریانەی وەک یادەوەریی مێژوویی پێناسە کردووە. ھالبورگ زیاتر پیداگیری لەوە دەکات و دەڵێت کە قوربانیانی ڕاستەوخۆی ڕووداوەکان، ڕووداوەکانیان بیر ناکەوێتەوە، بەڵکوو لەڕێگەی خوێندنەوە و گوێگرتن یان یادکردنەوە یان بۆنەکانی فیستیڤاڵ کاتێک خەڵک کۆدەبنەوە بۆ یادکردنەوەییەکی ھاوبەش، و جێبەجێکردنی کار و چالاکی  ئەندامانی گروپەکە کە ماوەیەکی زۆرە ڕۆیشتوون( لە ژیاندا نەماوەن) بیریان دەکەوێتەوە(Halbwaches and Coser, ١٩٩٢:٢٤). ھالبوەگ ئاماژە بەوەش دەکات کە ھەموو ئەو یادەوەریانەی لەلایەن گروپێکی کۆمەڵایەتی تایبەتییەوە بە یەکدی دەبەسترێنەوە، بۆ ماوە و کات کورت دەکرێنەوە (سنووردار دەکرین). ئەو کاتە یادەوەریی کولتووری بریتییە لە فۆرمێکی یادەوەریی بەکۆمەڵ کە ئەرشیف کراوە لە سیمبولە دەرەکییەکان یان دامەزراوەکانی وەک کتێبخانەکان و مۆنیۆمێنتەکان یان مۆزەخانەکان. لەلایەکی دیکەوە، یادەوەریی پەیوەندی ئەم کارەکتەرە دامەزراوەییەی نییە. لە بری ئەوە بە کارلێکردن و پەیوەندییە ڕۆژانەییەکانەوە دروست بووە. بەھۆی ئەوەی کە کارەکتەری دامەزراوەیی نییە، یادەوەریی پەیوەندی قوڵیەکی کاتی کورتی ڕێژەیی ھەیە: زیاتر نییە لە ھەشتا بۆ سەد ساڵێک. ئەمە بە شێوەیەکی سادەیی ماوەیەکی کاتییە بۆ سێ نەوە، بەڵام (ئاسمان) دان بەوەدا دەنێت کە خۆڕاگری (مانەوەی) یادەوەرییەکانی پەیوەندی پشت دەبەستن بە بەھێزی پەیوەندیی چوارچێوە کۆمەڵایەتییەکان. لەمەشدا خێزان ڕۆڵی گرنگ دەگێرێت، کە دەبێتە نموونەی کاری (ئالێیدا ئاسمان). ئالێیدا ئاسمان درێژە بە کارەکەی جان دەدات بەناوی چوار فۆرمە جیاوازەکەی یادەوەری: یادەوەریی تاک و یادەوەریی کۆمەڵایەتی و یادەوەریی سیاسی و یادەوەریی کولتووری.

blank
بەرهەمی کریستیان بۆلتانسکی (١٩٤٤-…) هونەرمەندی فەڕەنسی کە بەرهەمەکانی بەرجەستەکەری یادەوەریی جەنگن

بەشی (E): چۆن ھونەر دەبێتە شوێنی یادەوەری؟

بۆچی ئێمە شوێنی یادەوەریمان ھەیە؟ بە پێی نۆرا، پێویستی بوونی شوێنی یادەوەری بەھۆی داخورانی ژینگەی یادەوەرییە (‘Nora ١٩٨٩, ٧)، ئاماژەدان بە شوێنی ڕاستەقینەی بینا و خاسیەتییەکانی ژینگە لەو کاتەدا ھەیە کە تۆ یادەوەرییەکی تایبەتی وینا دەکەی کە لەسەری خوڵقاوە (دروست بووە). بەمجۆرە، بۆ نموونە، کاتێک گوندەکان تەخت دەکرێن و بیناکان دادڕمێن یان وێران دەبن، بەھۆی تۆڵەی شەڕەوە، یاخود شارەکان دووبارە نوێ دەکرێنەوە و گەشەکردن ڕوو دەدات، ئەوا ئەو ژینگانە کە یادەوەرییەکانی ئێمەی تێدا دروستکراون، بەتایبەتی لەحاڵەتی یادەوەری تراوماتیکی کە لە شەڕ و پێکدادانەکان ڕوو دەدەن، بە تێپەڕبوونی کات دادەخورێن.

نۆرا دۆخەکان ڕوون دەکاتەوە کە ڕووداوێک یان شتێک پێویستە ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی وەک شوێنێکی یادەوەری دەستنیشان بکرێـت  (Erll ٢٠١١ , ٢٤). ھەروەک لەسەرەوە ئاماژەی پێکراوە، شوێنی یادەوەری پێویستی بە سێ داواکاری ڕەھەندی ھەیە: ماددە و ئەرک و ھێما ( سیمبوڵ). ھونەری بینراوەکان لەگەڵ ئاستی مەتریاڵەکان مامەڵە دەکەن، بۆ ئەوەی چەمکی یادەوەری بەرجەستە بکەن کە ھەوڵ دەدەن ئامادەی بکەن. ھونەرمەندان ھەوڵ دەدەن بیرۆکەکانیان بگوازنەوە ناو ماددەکان، بۆ نموونە کانڤاس و قوماش و میدیای تێکەڵ بەکاردێنن، ھەموو ئەو شتانەی دەبنە بەشێکی کارە ھونەرییەکە، کە چەمکەکانی ھونەرمەندان دەنوێنێت بۆ پێکھێنانی ئەمە لە پارچەیەکی ھونەری تێکەڵ. لەڕێگەی ئەمەوە، یادەوەری یان پۆست یادەوەری خۆی لەناو فۆرم و شتێکدا دەردەخات. بەتایبەتی بە بۆچوونی نۆرا شوێنی یادەوەری دەکرێت کارێکی ھونەری و کارێکی دەستکردی و مۆنیۆمێنتێک یان شوێنەکانی ڕووداوەکانی تراوماتیکی بن، وەک کەمپەکانی ئەڵمانیا و پۆڵەندا بن یان وەک حاڵەتی من شوێنە بەرجەستەکانی جینۆسایدی ئەنفال کە ھەموو دەبنە شوێنی یادەوەری.

ھەروەھا کارە ھونەرییە بینراوەکان دەبنە نوێنەرێکی سیمبوڵی (نیشانەیی، ھێمایی) یادەوەری، ھەروەھا وەک نوێنەرێکی مادەیی. بۆ نمونە، دیزاینی ئاڵا دەبێتە سیمبوڵی نەتەوەیەک، تەنیا وەک قوماش دەتوانێت ببێتە سیمبولی ناسنامەی گروپێک، بەھەمان شێوەش کارە ھونەرییە بینراوەکان دەتوانن لە سیمبولگەرایی دەوڵەمەند ببن، کە ئەرکی ورووژاندنی یادەوەرییەکی تایبەتی ھەیە بۆ بینەرانی. سەبارەت بە ئەرکەکەی، ھونەری بینراو ھەر تەنیا ئەم داوکارییە نوێنەرایەتییە جێبەجێ ناکات، بەڵکو دەتوانێت زۆر کاریگەر بێت لە ئەرکەکەی. بە گشتی ئەرکی ھونەری بینراو بریتییە لە ئامادەکردن و ورووژاندنی کاردانەوەی بینەر. سروش (وحی) بۆ کارێک دەتوانرێت لە سەرچاوەی جۆربەجۆر بکێشرێـت. ھەروەھا ئەم ئەرکە بەئەنقەست چوارچێوەی ڕابردوو بە ڕێگەی جیاواز یان چاوەڕواننەکراو دەکێشێت ۆ بینینی ڕووداوە مێژووییەکە لەلایەنێکی دیاریکراوەوە، ئەمەش بۆ گۆڕینی ئەو ڕێگەیەی ئێمە کە لە ڕووداوی یادەوەرییەکە بیری پێ دەکەینەوە یان بۆ ھونەرمەندان بۆ کاردانەوەی یادەوەری کەسایەتی خۆیان بۆ ڕوودانەکە (Tate  ٢٠١٥).

ھەروەک لە سەرەوە تاوتوێی کرا، یادەوەری شایەتحاڵەکانی یەکەمین یان نەوەی یەکەمین لەڕێگەی چیرۆک و ھونەر و ئەدەب و کولتوور و ڕەفتارەکانەوە گواستراوەتەوە بۆ نەوەکانی دواتر (Hirsch, ٢٠١٢ ١٠٦). لێرەدا جیاوازییەک و لێک جیاکردنەوەیەکی ڕوون ھەیە لەنێوان یادەوەری یەکەمین نەوە و پۆست یادەوەری وەچەکانیان. ھەروەک ھیرسچ ڕایدەگەیەنێت ئەم ئەزموونانەی تراومای بەکۆمەڵ بە قوڵی و کاریگەری بۆیان گواستراونەتەوە ھەروەک پێدەچێت پێکھێنان و دروست بوونی یادەوەرییەکان لەناو مافی خودی خۆیان بن. ئەندامانی پۆست نەوە دەتوانن ئەندامانی نەوەی دووەمی تیپی (حرفی) سەبارەت بە پۆست یادەوەرییەکانی و یادەوەرییەکانی وەچەکانیان زیاتر ئاگادار بکەنەوە بە ھۆکارەکانی وابەستەی پۆست یادەوەری. وابەستەی پۆست یادەوەری فۆرمێکی چەند مەبەستی بگرێتەوە وەک وێنەگرتن و وێنەکێشان یان ھۆنراوە.

ھیرسچ ئاماژە بە ژمارەیەک ناوەندی گواستنەوەی یادەوەری وەک کردەکانی وێناکردنی خوڵقاندن دەکات کە یادەوەری ڕووداوێکی تراوما بەھێز دەکات و لە کۆتاییدا یارمەتی خەڵک دەدات بەرگەی تراوما بگرن. ئەوە گرنگە جەخت لە ھەنگاوی خوڵقاندن بکرێـتەوە کە وەک ھاوکارە بۆ مانا پێدانی ڕابردوو، کە ئامانجی کۆتایی پۆست یادەوەرییە.

پۆست یادەوەری بە بیرهێنانەوەی ڕابردوو جیا نەکراوە، بەڵکوو بە پابەندبوونی بە تیۆری (جان و ئالێیدا ئاسمان) لەسەر یادەوەری ئەرشیفی بە دامەزراوەکراوە لەڕێگەی خوڵقاندن و دابەزاندنی خەیاڵ. کارە ھونەرییەکانی وەک وێنەکان یان ئەدەب، ھەموویان دەتوانن فۆڕمی ناوەندی گواستنەوە بن (Erll ٢٠١١,٢٧).

ھەروەھا ئەو ڕووداوانەی ڕابردوو یان پۆست یادەوەری بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆی یان ناڕاستەوخۆ لەڕێگەی کارە ھونەرییەکان، ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ پۆست یادەوەری یان یادەوەری گواستراوە لە خێزانەکەی یان ئەو ناوچەیەی لێی گەورە بوون، خۆیان دەردەخەن و دەردەکەون. کاتێک قسە لەسەر پۆست یادەوەری دەکەین، زۆر جار ھونەرمەندان خۆیان ھیچ ئەزموونێکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ڕووداوی یادەوەرییەکە نەبووە، بەڵام چیرۆکەکە لە ڕێگەی نەوەکانی پێشوو گواستراوەتەوە، چ لەڕێگەی دایک و باوک و خزمەکانی دیکە بێت یان لەڕێگەی میدیا کە کاریگەری لەسەر خوڵقاندنی ھونەری بینراو ھەیە. بە دڵنیاییەوە، دەرخستن و نیشاندانی پۆست یادەوەری وەک شوێنی یادەوەری سەختییەکی زیاتری ھەیە لە جێبەجێکردنی داواکارییە ڕەھەندییەکانی شوێنی یادەوەری، لە کاتێکدا زۆرجار ھونەرمەند ئەرکی ئەوەی پێدەسپێردرێت یادەوەرییەک دەرخات کە ئەو (کوڕ) یان (کچ) بەشێوەی شەخسی ئەو ئەزموونەی نەبووە. ھەندێ کەس دەپرسن کە ئاخۆ چۆن کارێکی ھونەری دەبێتە نیشاندەرێکی یادەوەری.

blank
بەرهەمی کریستیان بۆلتانسکی (١٩٤٤-…)، ئەو ڕۆحانەی ورتەورت دەکەن

بەڵام بە بۆچوونی ھیرسچ، پۆست نەوە دەتوانرێت بە قوڵی بە بیرکەوتنەوەی ڕابردووی نەوەی پیشووترەوە بلکێندرێت کە پێویستیان بەو پێکەوەلکان و گرێدانەی یادەوەری ھەیە و بەمجۆرە، لە بارودۆخە ناخۆشە تایبەتییەکان، ھەروەھا یادەوەری دەتوانرێت بگوازرێتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە بە ڕاستەقینە لەوێ نەبوون تا لەگەڵ ڕووداوێکدا بژین Hirsch ٢٠١٢ ,١٠٥-١٠٦)  ). لەبەرئەوە دەرخستن و نیشاندانی پۆست یادەوەری ھەروەک وەک شوێنی یادەوەری کاریگەر بێت ئەگەر لەلایەن ھونەرمەندانەوە بۆ یەکەمین نەوە دروستیان کردبێت.

لێرەدا ژمارەیەک ھونەرمەندی بەناوبانگ ھەن کە کار لەسەر ھونەری بینراو دەکەن و مامەڵە لەگەڵ پۆست تراوما و یادەوەریی گواستراوە دەکەن، ھونەرمەندانی وەک ئانسێڵم کیێفیەر، میڵدرێد ھاوەرد، سیگرید سیگوردسن، ئان و پاتریک پۆیریەر و کریستینا بۆڵتانسکی. بەتایبەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ مەتریاڵی دیاریکراو کە پەیوەندیدارن بە ئەزموونی ھۆلۆکۆست، سەرەڕای ئەوەی ھونەرمەندەکە لە ساڵی ١٩٤٤ لە دایکبووە. بەکارھێنانی وێنەی قوربانیانی ھۆلۆکۆست و بەکارھێنانیان لە کاری ھونەری، بۆڵتانسکی یادەوەری لەگەڵ کارەکانی لێکداوە کە گوازراونەتەوە بۆ ناو شوێنەکانی یادەوەری، مامەڵە لەگەڵ یادەوەریی گواستراوەی ڕووداوەکانی ڕابردووی تراوماتیکی دەکەن. ھەندێک لە شوێنە یادەوەرییە ھەرە گرنگەکانی لەسەر شێوەیەکی ھونەری، قوماشی تێدا بەکارھاتوون، کە یادەوەری پەیوەندیدار بە کەمپەکان و بە شێوەیەکی گشتی ھۆلۆکۆست دەردەخەن، کە پۆست یادەوەریی کۆکراوەی چیرۆکەکانی دایک و باوکی و بەشێوەیەکی سەرەکیش سەرچاوە میدیاییەکانی تێدا بەرجەستەکراوە.

blank
پۆستەری پیشانگایەکی هونەرمەند (عەلی ڕەزا)، نووسەری ئەم باسە

پوختە

لە پوختەدا، پێموایە کە ھونەر ھاوکار دەبێت بۆ دووبارە بەرجەستەکردنەوە و دووبارە بە تاکردنەوەی یادەوەرییەکان، بەتایبەتی یادەوەرییە تراوماتیکییەکان کە کاریگەری فراوانی لەسەر ژمارەیەکی زۆر نەوەکان ھەبووە. ھونەر توانا دەداتە خەڵک ھەست بە ڕابردوویەک بکەن کە ناگەڕێتەوە، ھەتا دوای ئەوەی کە ھەموو ڕزگاربووانیش مردوون. ھونەری پۆست یادەوەری، وەک کارەکانی کریستینا بۆڵتانسکی تەنیا شێوەیان بە پۆست یادەوەرییە تراماتیکییەکان نەداوە، بەڵکو ژیانی درێژتر دەداتە خاوەنەکانی ئەو یادەوەریانە. دواتر یادەوەری تەنیا بە تێپەڕبوونی نەوەکان کۆتایی نایەت، بەڵکو بە پێچەوانەوە یادەوەری بەردەوام دەبیت بۆ شێوەگرتنی کۆمەڵگەیەک و بابەتەکانی بە ھاوکاری ھونەر. ھیرسچ جەخت لە گرنگی ڕابردوو دەکاتەوە، کە دەتوانێ کاریگەری بەردەوامی لەسەر ڕانەبردوو ھەبێت. بەتایبەتی لە کاتەکانی تراوما، یادەوەری دەتوانرێت بگوازرێتەوە (ھەڵبگیرێت) بۆ نەوەکانی دواتر بە ڕێگەیەکی تایبەتی. ئەمە نموونەیەکە لە پرۆسەی پۆست یادەوەری کە پەیوەندییەکی قوڵ لەخۆ دەگرێت کە پۆست نەوە لەگەڵ یادەوەرییە تراوماتیکییەکانی باب و باپیرانیاندا ھەیانە. خێزان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێرێت لە پۆست یادەوەری، چونکە شوێنی سەرەکییە کە یادەوەری تێیدا بۆ کەسانی دیکە دەگوازرێتەوە.

لە کۆتایدا چەند پرسیارێک سەرھەڵدەدەن، بۆ نموونە: ئایا چۆن ھونەرمەند مامەڵە لەگەڵ شوێنی یادەوەری و پۆست یادوەری دەکات؟ ئایا چۆن ھونەر مامەڵە لەگەڵ پۆست یادەوەری دەکات؟ ئایا چۆن ھونەر شوێنێکی یادەوەری دەنوێنێتەوە کاتێک ژینگەکە بە جینۆساید و شەڕ و پێکدادانەکان وێران کرابێت؟ ئایا ھونەرمەند یادەوەری دەگوازێتەوە بۆ نەوەی پێشووتر لە ڕێگەی ھونەرەکەیەوە؟ ئەگەر وایە بەشێوەیەکی کاریگەر ئەوەیان کردووە؟ ئایا ماس میدیا چۆن کار دەکات لە گواستنەوەی یادەوەری بۆ ھونەرمەندانی هاوچەرخ (تازە) و پۆست نەوەکان؟ ئایا ھونەرمەندان چۆن لە کارەکانیاندا بوونەتە پردی زانیاری لەنێوان کارەکانیان و بینەرانیان لە گواستنەوەی یادەوەری و پۆست یادەوەری؟ .

سەرچاوەكان

  • Erll, A. (2011) Memory in Culture. New York: Palgrave Macmilla. Palgrave Macmillan; 2011 edition (November 15, 2011)
  • E.Wells (1992). Maurice Halbwache on collective memory Lewis a Coser, Chicago, university .
  • Assmann, Jan. “Collective Memory And Cultural Identity.” New German Critique 65 (1995) 125-133. Print.
  • Hirsch, M. (1997) Family Frames, Photography, Narrative, and Postmemory. Cambridge and London: Harvard University Press.
  • Hirsch, M. (2012) The Generation of Postmemory: Writing and Visual Culture after the Holocaust. New York: Colombia University Press.
  • Holtorf, (2002) sites of memory. (Tspace. Library) 
  • https://www.khanacademy.org/partner-content/tate/archives-memory/art-and-memory/a/what-role-does-memory-play-in-art
  • Montaño (2008) Places of memory. Is the concept applicable to the analysis of memorial struggles? The case of Uruguay and its recent pas
  • Nora, P. (1989). Between Memory and History: Les Lieux de Mémoire 1984-1989. Representations. 26. 7-24.
  • Shoah and postmemory (2012). First digital edition: January 2012 © 2012 by Edizioni Sonda, Casale Monferrato (Al), Italy All rights reserved ISBN 978 88 7106 426 0
  • The Politics of War Trauma,(2010) Aksant, Amsterdam

سەرنجێک بنوسن