تیۆری خوێندنەوە و ئێستاتیکای وەرگر
“بەگشتی دەق ئامێرێکی تەمەڵە، خوێنەر دەیخاتە گەڕ”
ئیمبرتۆ ئیکۆ
ئەم وتارەی دەیخوێننەوە وەڵامی (دلێر محەمەد)ی نووسەر و وەرگێڕە بۆ پرسیارێکی تەوەری ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری ماڵپەڕی ژنەفتن.
لە سەرەتای ئەم وتارەدا، دەکرێ بە ڕاشکاوی بڵێم، من تەنیا وەڵامی بەشێکی پرسیاری تەوەرەکەی ئێوە دەدەمەوە، کە پەیوەستە بە خوێندنەوەی دەقە ئەدەبییەکانەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەی کە برادەرێکی بەشداری تەوەرەکە پێش من بە خێرایی، مێژووی سەرهەڵدانی تیۆرەکانی ڕەخنەی ئەدەبی تاڕادەیەک بەسەر کردووەتەوە و بە دیاریکراویش لەبەر ئەو هۆکارەی کە دەرکەوتنی تیۆرەکانی خوێندنەوەی دەق و وەرگر، زۆر کۆن و لە مێژینە نییە و نەک هەر پێویست بە گەڕانەوە بۆ سەردەمی کلاسیکی یۆنان و بە نموونە کتێبی شیعری ئەرستۆ ناکات، یان تەنانەت پێویست ناکات بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی سەردەمی نوێگەری و دواتریش پێویستمان بەوە نییە لە سەدەی نۆزدەهەمی خۆرئاوا، بە دوای تیۆرێکی ئەدەبییدا بگەڕێین، کە لە ڕەخنەدا، خوێنەری وەک بەگەڕخەری دەق وێنا کردبێت و بە شێوەیەکی سەرەکی بایەخی پێدابێت. لێرەوە دەکرێ بڵێین بە درێژایی ئەو چەندین سەدەیە، لە ڕەخنەی ئەدەبیدا بە شێوەیەکی سەرەکی ڕەهەندەکانی دەرەوەی دەق دەکرانە میحوەری ڕەخنە و ڕاڤەکردنی دەق، بە دەربڕینێکی دیکە ڕەخنەگران بە پلەی یەکەم تێکستی ئەدەبی و ناوەڕۆکەکەیان، لەبەر ڕۆشنایی واقیعی ژیانی نووسەر و ئایدۆلۆژیاکەی و ئەو قۆناغە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و پسایکۆلۆژییەی کە نووسەر تێیدا ژیاوە و دەقەکەی تێدا ئەفراندووە، ڕاڤە دەکرد. ئەم شێوازە لە ڕەخنە تاکوو ساڵانی سەرەتای سەدەی بیستەم و خوێندنەوەی هەندێ ئاماژەی ناو چەند وتارێکی کەمی ڕەخنەیی هاوشێوەی ئاماژە ڕوونەکەی شاعیر و ڕەخنەگری فەڕەنسی داهێنەر “پۆل ڤالێری[1]” کە لە وتارێکیدا دەکەوێتە دژایەتیکردنی ئەو هەوڵەی کە ئیمزاکەر، یانی نووسەری تێکست و بەرهەمی ئەدەبی بە تەنیا کەس دادەنێت کە درک بە واتای دەق بکات. ڤالێری لەم بارەیەوە دەنووسێت: «دەق مانایەکی ڕاستەقینەی نییە و نووسەریش هەژموون و دەسەڵاتدار نییە بە سەرییەوە، چونکە نووسەر گەر ویستی گوتن و نووسینی شتێکی هەبێت، ئەوا هەر ئەوە دەنووسێ، کە نووسیویەتی. هەر بۆیە کاتێک دەقێک چاپ و بڵاودەکرێتەوە، ئیدی وەک ئەو ئامێرەی لێدێت، کە دەکرێ هەر یەکێکمان بە ئارەزووی خۆی، یاخود بە پێی ئامرازەکانی بەردەستی، بەکاری بەرێت. لەبەر ئەمە نازانین و لەوە دڵنیا نین، کە داخۆ دانەری ئامێرەکە، لەوانیتر باشتر و چاکتر ئامێرەکە بەکار دەهێنێت. لێرەوە بەرهەمی ئەدەبی بە جۆرێک لە بووندا بەردەوام دەبێت، کە بتوانێت، بەشێوازێکی جیاواز، لەوەی نووسەر و دانەرەکەی دەربکەوێت». هەروەها لە ساڵانی کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەمدا فۆرمالیستە ڕووسەکان، لە ڕەخنەی ئەدەبیدا، بە پێچەوانەی تەوژمی باوەوە، کەوتنە بایەخدان بە ڕەهەندەکانی ناوەوەی دەق و بە هۆی کاریگەری ئەفراندنەکانی ئەم گرووپە و پاشان بازنەی زمانەوانی “پراگ“ەوە، دەرگای وەرچەرخانەکانی تری نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم کەوتە سەرپشت. یەکێک لەو تیۆرانەی کە لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی بیستەمدا دەرکەوت، بریتی بوو لە (تیۆری خوێندنەوە و ئێستاتیکای وەرگر)[2]، کە سەرەتا لەلایەن هەر دوو ڕەخنەگری پێشڕەوی ئەڵمانی “هانس ڕۆبەرت یاوس” و “وۆڵفگانگ ئایزەر” دامەزرا، کە دواتر تیۆری هەر دوو ڕەخنەگرەکە، بە ئاراستەی قوتابخانەی کۆنستانس ناسرا. کە یەکەمیان واتە یاوس لە ڕێگەی تیۆری وەرگر و ستاتیکای خوێنەرەوە، ناوبانگی دەرکرد. هەرچی ئایزەریش بوو بە هۆی تیۆری خوێنەری ناوەکی و پەنهانەوە ناسرا. بەڵام بەگشتی یەکێک لەو پڕەنسیپە سەرەکی و گرنگانەی کە تیۆرەکەی لەسەر دامەزرا، پڕەنسیپی گرنگیدانە بە خوێنەر، بەو پێیەی کە خوێنەر یەکەمین لایەنە کە بایەخ بە دەقی ئەدەبی دەدات و هەروەها بەو پێیەش کە تیۆریزەکەران هەر لە سەرەتاوە پێیانوابوو، کە خوێنەر لایەنێکی میحوەری و بنەڕەتی ناو پڕۆسەی خوێندنەوەی دەقی ئەدەبییە، چونکە خوێنەر ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو کارلێککردن لەگەڵ دەق و فۆرمەلەکردنی ماناکەیەوە. هەروەها فینۆمینۆلۆژیا و هیرمۆنتیکا، واتە دیاردەگەرایی و لێکدانەوە ئەو دوو ئاراستە فیکرییە بوون کە کاریگەری گەورەیان لەسەر دەرکەوتنی تیۆری ڕەخنەیی وەرگر هەبووە. لێرەدا دەستبەرداری کاریگەری لێکدانەوە دەبم و ئەوەندەش بەسە کە ئاماژە بەوە بدەم کە لە فینۆمینۆلۆژیای ئینگاردن دا خوێنەر بە پایەیەکی بنەڕەتی دادەنرا بۆ پەیبردن و درککردن بە کاری ئەدەبی و پاشان دیاردەگەرایی بیرمەندی ناوبراو بنەمایەکی بابەتییانە و مەتەریالانەی بەخشی بە درککردنەکەی خوێنەر، سەرەڕای جەختکردنەوەی لەسەر ڕۆڵی خوێنەر لە دیاریکردنی مانا، لە بەرهەمی ئەدەبیدا. هاوکات ئاماژەی بە ڕۆڵی خوێنەریش داوە، کە بەشێوەیەکی فەنتازی دەکەوێتە پڕکردنەوەی درز و بۆشایی بەرهەمە ئەدەبییەکە، لە دەقێکی گریمانەییدا، کە دەبێتە تەواوکەری بەرهەمە ئەدەبییەکە. ڕەخنەگری فەڕەنسی “ڤینسۆن جۆڤ“ی نووسەری کتێبی «خوێندنەوە»[3] یەکێکە لەو توێژەرانەی، کە بایەخێکی تیۆری و ڕەخنەیی گەورە بە تیۆری وەرگردەدات، ئەم توێژەرە لە پێشەکی کتێبی ناوبراودا، جگە لە ئاراستەی کونستانس، تئشکی خستووەتە سەر سێ ئاراستەی دیکەی تیۆری، کە ئاراستەی دووەم، بریتییە لە ڕاڤەکردن و لێکدانەوە سیمۆلۆژییەکەی “ئیمبرتۆ ئیکۆ“ی ڕەخنەگر و ڕۆماننووسی ئیتالی، کە تیایدا خوێندنەوە و ڕاڤەکردنێکی بەشداریکەرانە بۆ خوێنەر پێشنیار دەکات. هەرچی ئاراستەی سێیەمە پێکهاتووە لە توێژینەوە سیمۆلۆژییەکەی هەر یەک لە فلیپ ئامون و ئوتن، کە تیایدا کە هەردووکیان دەسەڵات بە خوێنەر دەبەخشن، تاکوو لە ڕێگەی بەش یان پەرتەکانی دەقەوە، یاخود بە لەبەر چاوگرتنی تەفاسیلەکانی، لە دەقی ئەدەبی تێبگات. هەرچی ئاراستەی چوارەمە بریتییە لە ئاراستەی تیۆری ڕیالیستی خوێنەر لە لای میشێل بیکاری ڕەخنەگری فەڕەنسی، کە تیایدا ڕەخنە لەو خوێندنەوە ڕەخنەییە تیۆریانە دەگرێت، کە خوێنەرانی ئەبستراکت ئەنجامیان داوە، ئەوانەی کە بانگەشە بۆ خوێندنەوەی ڕیالیستی و بەرجەستە دەکەن. ئەم ئاراستە تیۆریانەی کە لە سەرەوە بە کۆمەکی نووسەری کتێبی خوێندنەوە خرانە ڕوو، جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکەنەوە، کە لە پڕۆسەی خوێندنەوەدا سەپاندنی تیۆرێکی دیاریکراو کارێکی سەخت و ئەستەمە، چونکە خوێندنەوە بە تەنیا پڕۆسەیەک نییە بۆ خوێندنەوە و ڕاڤەکردنی دەق و هەتا دۆزینەوەی ماناکان تیایدا. بەڵکوو پڕۆسەکە گەڕانە بەدوای ئەو ئاراستانەی کاریگەریدا کە دەق بەشێوەیەکی بەرچاو لەسەر خوێنەر بەجێیان دەهێڵێت. چونکە دەکرێ دەق خوێنەر تووڕە بکات یان فریوی بدات، یاخود بیگریێنێت، یان بیتۆقێنێت. ئەمەش بەو پێیەی کە کاریگەری خوێندنەوە، لەسەر ئێمەی خوێنەر دەکەوێتە سەروو تێگەیشتنمانەوە بۆ دەق، ئەمەش ئەو شتەیە، کە هەندێک جار بە کاریگەری ئەدەب ناوی دەبەین و لە هەمانکاتیشدا وادەکات، کە دەقە ئەدەبییەکان، تەنیا بە کۆمەڵێک دەربڕین و دەلالەتی زمانەوانی ناو نەبەین، بەڵکوو هاوکات دەق بە ئامرازی کاریگەریش وێنا بکەین، بەو مانایەی کە دەق هەندێک جار پاڵمان پێوە دەنێت، کە هەندێک کار ئەنجام بدەین. ئەمەش ئەو توانایەیە، کە وامان لێدەکات پەی بە مانا شاراوەکانی دەقی ئەدەبی بەرین. هەروەها خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی پڕۆسەیەکە بە ئاراستەی دۆزینەوەی چەندین مانا، یاخود فرە مانایی لە دەقدا، کە ڕەخنەگری گەورەی فەڕەنسی ڕۆڵان بارت لە سەرەتای کتێبی: (ئیس/زێد یاخود سارازین)دا ئەم فرە ماناییە بە سەرلەنوێ خوێندنەوە ناو دەبات. ئەویش بەو واتایەی کە سەرلەنوێ خوێندنەوە دەق ڕزگار دەکات، لە دووبارەبوونەوە. کە بە هۆی فرەییەکەیەوە کەشف دەکرێت، وەک ئەوەی یەکەم جاری بێت کە بخوێنرێتەوە، بەشێوەیەکی تایبەت و زیاتریش گەر بەرهەمە خوێنراوەکە، بەرهەمێکی کلاسیک بێت. هەموو سەرلەنوێ خوێندنەوەیەکی بەرهەمی کلاسیکی، پەیبردن و دۆزینەوەیە، وەک ئەوەی یەکەمجار بێت بخوێنرێتەوە. لەگەڵ ئەوەی کە ڕۆڵان بارت سەرەتا گومانی لەوە بوو کە دامەزراندنی تیۆرێک لە خوێندنەوەدا شیمانە بێت و لەم بارەیەوە، دەنووسێت[4]: «دڵنیا نیم و نازانم، کە دامەزراندنی تیۆرێک لە بواری خوێندنەوەدا پێویستە، کە ئەسڵەن خوێندنەوە جگە لە کایەیەکی فرەچەشن، بۆ مومارەسە فرە و پەرتپەرتەکان، کە خاوەنی کاریگەرییەکانی خۆیەتی و کورت ناکرێتەوە، چیترە. هەروەها گەر خوێندنەوەی خوێندنەوە، یان گەر میتاخوێندنەوە، جگە لە پەرتگەلی بیرکردنەوەکان و مەترسییەکان و حەزەکان و چێژەکان و فشارەکان، چیترە کە ڕەنگە ئەوە گونجاوبێت، کە جورعە بە جورعە لەبارەیەوە بدوێین». بەڵام هەر ئەم ڕەخنەگرە دواتر خۆی بە پێویستی زانی کە مەرگی نووسەر ڕابگەیەنێت، بۆ ئەوەی خوێنەر لە دایک ببێت. ئەمەش لەبەر ئەوەی کە لە پڕۆسەی خوێندنەوەدا مەحاڵ بوو کردارێکی دروست بەدی بکەین، بە بێ ڕەواندنەوەی ئەو دەسەڵاتەی نووسەر کە بانگەشەی هەژموونی لەسەر دەق دەکرد. هەروەها خوێندنەوەکان هاوسەنگ نین و خاوەنی هەمان ئاست نین، لەم ڕووەوە بیرمەندی فەڕەنسی “لوی ئاڵتوسێر” لە ڕابردوودا دوو جۆر خوێندنەوەی لە یەکتری جیا کردووەتەوە: کە ئەوانیش خوێندنەوەی بەرکار و خوێندنەوەی کاریگەر بوون. خوێندنەوەی بەرکار لەبەردەم دەقدا نێگەتیڤانە و وەک وەرگر ڕادەوەستێت. سەرەڕای ئەوە کردەیەکی ئەفسووناوی سادەی دەقەکە لێکدەداتەوە، کە مەتەریالی نووسراو ڕەتبکاتەوە، بۆ زاڵبوون بە سەر ڕۆحی دەقدا و بۆ ئەوەی دزە بکاتە ناو قووڵاییەکانی و گوێ لە سەداکانی بگرێت و ماناکانی بدۆزێتەوە. بە کورتی خوێندنەوەی بەرکار، لەسەر مەعریفەی ڕاستەوخۆ و میتافیزیکای ئامادە دادەمەزرێت، کە لە کۆتاییدا دەبێتە لێدوان و شیکردنەوەی دەق، بەو پێیەی کە ئامانجی ئەم خوێندنەوەیە، گەیشتنە بەوەی کە نووسەر گوتوویەتی و پەیبردنە بەوەی کە لە دەقدا جێگر کراوە. کەواتە ئەمە جۆرێکە لە خوێندنەوە، کە هەوڵ دەدات دزە بکاتە نێو قووڵاییەکانی دەق، بۆ ئەوەی پەی بەو حەقیقەتانە بەرێت، کە هەڵیگرتوون. خوێندنەوەی بەرکار، هەمان جۆری خوێندنەوەیە کە ڕۆلان بارت بە خوێندنەوەی مردوو ناوی بردووە، ئەویش شێوازێکە لە خوێندنەوە کە ملکەچ و گوێڕایەڵی دووبارەکردنەوە و قاڵبە زەینییەکان و ئەو وشانەیە کە فەرماندەرن. بەڵام بە بۆچوونی بارت خوێندنەوە زیندووەکانیش لە ئارادان، خوێندنەوەی زیندوو جۆرێک بەرهەم و تێکستە، کە لەگەڵ نووسینی گریمانەیی خوێنەردا دەگونجێت. کە لەلای ئاڵتۆسێر بە خوێندنەوەی کاریگەر ناو براوە. کە ئەویش خوێندنەوەیەکی بەرهەمهێن و وەرچەرخێنەرە، کە دەبێتە هۆی لەدایکبوونی دەقێکی نەنووسراو یان گریمانەیی، کە ناکرێ بواری نووسین لە ئاماژەیەک لەبارەیەوە یاخود لە نیشانەیەک لە نیشانەکانی زیاتر بێت. ئەمەش هەر ئەو خوێندنەوەیەیە، کە لە ڕابردوودا بیرمەندێکی وەک نیچە بە خوێندنەوەی (دەستنیشانکەری نیشانەکان) ناوی بردووە. چونکە هەڵدەستێت بە پشکنینی دەق و لەلای نیشانەکانی ڕادەوەستێت. بۆ ئەوەی نەدۆزراوە و پەیپێنەبراو بدۆزێتەوە لە دەقێکدا کە دەیخوێنێتەوە، پاشان دەیگێڕێتەوە بۆ دەقێکی دیکە، کە بە پێداویستی نائامادەیی خۆی لەناو دەقی یەکەمدا ئامادەیە…” ئەم خوێندنەوەیە، دەقەکە بەو شێوەیە تەماشا ناکات، کە کتێبێکی کراوەیە و بە ئاسانی ماناکانی خۆی دەدات بە دەست خوێنەرەوە، بەڵکوو بەو سیفەتە وێنای دەق دەکات، کە لە خۆی هەڵهاتووە و دوورکەوتووەتەوە لە خۆی، هۆکارەکەش بۆ کەموکوڕی خوێنەر و هەرزەییە تیۆری و مەعریفییەکەی ناگەڕێتەوە.. . پاشان ئەم خوێندنەوەیە لە ڕەهەندێکی دیکەدا خوێندنەوەیەکی گومانگەرایە، کە هەموو ڕەهەندێکی ڕاستەوخۆ تۆمەتبار دەکات و گشت بەڵگەنەویست و نەگۆڕێکیش ڕەتدەکاتەوە. ئەم خوێندنەوەیە، لەناو سپییەتی دەقدا هەوڵی دۆزینەوەی دەستنووسەکەی دەدات، بەو پێیەی کە لەودیو سپییەتی دەقەوە خۆی شاردووەتەوە. بەو ئومێدەی کە دەستنووسی دەقەکە بژێنێتەوە و هەوڵی سەر لەنوێ بەرهەمهێنانەوەی کردەی نووسینی دەقەکە بدات. بەڵام کردەیەک کە بانگەشەی خستنەڕووی خاوەندارییەتی دەق و تاکە مانای ڕاستەقینە و ڕەها لە دەقەکەدا ناکات. کەواتە ئەم کردەی خوێندنەوەیە، لەسەر مەعریفەی ناڕاستەوخۆ دادەمەزرێت و لەگەڵ پێشبینی سەرەتاییدا نییە و ئەوە نەرێ دەکاتەوە کە لەگەڵیان بێت. لەناو ئەم کردەی خوێندنەوەیەدا پێشبینی پێدراوی یەکەم و سەرەتایی ناکرێت و هەروەها یەکەمین مەعریفەش لە ئارادا نییە، بەڵکو هەموو مەعریفەیەک بریتییە لە پێچەڵپێچ و خاوەندارییەتیکردنی ماناش، کۆتایی و پایانی ڕێگاکەیە و داپۆشین و پەردەپۆشکردنیش بریتییە لە دەستنیشانکردنی هەموو ڕاستییەک.
تیۆرەکەی ئیکۆ لەسەر ئەو پڕەنسیپەش دامەزراوە، کە دەڵێ: دەق، بە شێوەیەکی گشتی ئامێرێکی تەمەڵە، پێویستی بە خوێنەرە تاکو بیخاتە گەڕ. لەگەڵ ئەوانەشدا هاوکات، لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی هیرمۆنتیکیش لە تیۆرەکەی ئەم ڕەخنەگرە ئیتالییەدا مانیفێست دەبێت.
خوێنەر لە خوێندنەوە ڕاڤەکارییەکەی ئیکۆ’دا
خوێندنەوە بەو سیفەتەی کە پڕۆسەی ڕاڤەکردن و خوێندنەوەی دەقە لەلای ڕەخنەگری ئیتالی ئیمبرتۆ ئیکۆ، بەو پێیەی کە لە پڕۆسەکەدا دەق هەڵدەوەشێنرێتەوە و سەرلەنوێ پێکدەهێنرێتەوە، بە مەبەستی تێگەیشتنی، ئەوا ئەم پڕۆسە ڕەخنەییەی ئیکۆ جگە لەوەی کە لە ڕیزبەندی تیۆری وەرگردا پۆلێن دەکرێت، هاوکات پێویستە لەناویدا ئاشنای پەیوەندی دژواری نێوان خوێنەر و دەق، یاخود بکەر و بابەتێک ببین، کە ڕاڤە دەکرێت و دەخوێنرێتەوە. لە ڕەخنەی کلاسیکدا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، تیۆرەکان لەسەر چەمکی ناوەندی نووسەر، بینادەکران. چونکە لە ڕابردوودا نووسەر وەک ناوەند و سەنتەری پڕۆسە ئەدەبی و ڕەخنەییەکە دەبینرا، بەم پێیەش لە تیۆری مێژوویی و سۆسیۆلۆژی و پسایکۆلۆژی و تیۆرە کولتوورییەکان و بیۆگرافییدا، پڕۆسە ڕەخنەییەکە کورت دەکرایەوە بۆ ئەوەی کە بە دەسەڵاتی نووسەر ناو دەبرا. بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی بونیادگەریدا، بەتایبەتیش لە تایپە سەرەتاییەکەیدا دەق جێگای نووسەری گرتەوە و ئیدی لە بواری ڕەخنەی ئەدەبیدا ئەوەی کرایە سەنتەر و گرنگییەکی زۆری پێدرا بریتیی بوو لە دەق. تاکوو دواجار لە تیۆرەکانی خوێندنەوەدا، شوێنی دەق درا بە خوێنەر. بۆیە تیۆری ڕاڤەکردن و خوێندنەوەی دەقی ئەدەبیش لەلای ئیمبرتۆ ئیکۆ، هەمان کاری کرد، بە جۆرێک ئەم ڕەخنەگرە، لە هەندێ بەرهەمیدا بە دیاریکراویش لە تێکستی ناوداری (خوێنەر لە حیکایەت یان گێڕانەوەدا) ئەو پێگە ناوەندییەی بەخشیووە بە خوێنەر، کە ستراکچرالیزمەکان لە سەرەتادا بەخشیبوویان بە دەق. بەڵام ناکرێ وەک بەرنامە و ڕەچەتەیەکی ئامادە بۆ پڕاکتیکردن، وێنای تیۆرەکەی ئیکۆ بکەین، یاخود وەک شێوازێکی ئامێریانە بیری لێبکەینەوە، بەڵکوو ئەو پێیوایە کە خوێندنەوە هونەرێکە، لەسەر بلیمەتی و ئەزموونی خوێنەر و ڕاڤەکار ڕاوەستاوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆچوونی وایە «کە خوێنەر و ڕاڤەکار دەزانێت چۆن بەرخورد لەگەڵ دەقدا بکات و چۆنیش تێکەڵاوی ببێت، تاکو ئەو پەردەی تەمەڵییەی لەسەر لابەرێت، دەست بە وەبەرهێنانی دەڵالەتە هارمۆنی و هاوسەنگەکانی بکات.»[5] جگە لە پێگە ناوەندییە کاریگەرەکەی خوێنەر، تیۆرەکەی ئیکۆ لەسەر ئەو پڕەنسیپەش دامەزراوە، کە دەڵێ: دەق، بە شێوەیەکی گشتی ئامێرێکی تەمەڵە، پێویستی بە خوێنەرە تاکو بیخاتە گەڕ. لەگەڵ ئەوانەشدا هاوکات، لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی هیرمۆنتیکیش لە تیۆرەکەی ئەم ڕەخنەگرە ئیتالییەدا مانیفێست دەبێت. ئەو دەربڕینەی ئیکۆ: دەق ئامێرێکی تەمەڵە، بەو واتایە دێت، کە دەق لە قووڵاییدا پێدراوێکی نوقسان و ناتەواوە، پێدراوێک بە کەمووکوڕی زۆرەوە، تاکوو سپییەتییەکان لە خۆی بگرێت. تاکوو بکەوێتە ناوچەیەکی دیارینەکراوەوە و لەوێ چاوەڕانی خوێنەرێکی گونجاو بکات، بۆ ئەوەی بێت و سپییەتییەکانی پڕ بکاتەوە، بەشێوەیەکی هیرمۆنتیکی ئاراستەی بکات. چونکە وەک خۆی دەڵێ:[6] «دەق دەیەوێت دەستبەرداری دەستپێشخەرییە هیرمۆنتیکییەکە بێت، بۆ خوێنەر…»، یاخود بەو پێیەی کە دەڵێ «دەق پێویستی بە یارمەتی خوێنەرێکە، تاکوو بە گەڕی بخات…»، بەڵام خوێنەرێک کە ڕەخنەگرەکە لەبارەیەوە دەدوێت، خوێنەرێکی نموونەیی و ئایدیالە، کە دانەر پێشبینی دەکات، کە خۆی وەک بەشێک لە بونیادی دەقە ئەدەبییەکە پێشکەش بکات. خوێنەر، بوونەوەرێکی گرنگ و کاریگەرە، کە دەیەوێ لە پرۆسە و ڕێڕەوی خوێندنەوەدا وەک بزوێنەر و بەگەڕخەری تێکست و بەرهەمە ئەدەبییەکان بەشداربێت. لە کن خوێنەری ئایدیال و نموونەیی، هاوڕێ لەگەڵ چێژبینیندا، خوێندنەوە بە مانای پرسیارگەلێک دێت بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی تێکستەکە و پەیبردن بە هەرچی زیاتری ڕەهەندە نادیارەکان دەق و ئەو کاریگەریانەی تێکستە ئەدەبییە کە لە ناوەوەیدا بەجێیهێشتوون و هەستیان پێدەکات. خوێندنەوە پرۆسەیەکی فیزیکی و هزری و مەعریفی و سۆزداری و ئارگۆمێنتیی و سیمبولیک “ڕەمزی”یشە. گەر ئەوە خوێندنەوە بێت، ئەدی خوێنەر، یاخود خوێنەری ئایدیاڵ کێیە؟ ..
شاعیری ناوداری ئەڵمانی “گۆتێ” لە نامەیەکیدا بۆ فرەدریش ڕۆشڵیتزی هاوڕێی، ئاماژەی بەوە کردووە کە «خوێنەر سێ جۆری هەیە، جۆری یەکەم: ئەوانەن چێژ لە دەق وەردەگرن بەبێ هەڵسەنگاندنی، جۆری سێیەمیش ئەوانەن: تێکست هەڵدەسەنگێنن بە بێ ئەوەی چێژی لێوەربگرن. بەڵام جۆری دووەم، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی دوو جۆرەکەی ترەوە، خوێنەرێکە: کە لە کاتی هەڵسەنگاندنی دەقدا چێژ وەردەگرێت و لە کاتی چێژوەرگرتنیشدا هەڵسەنگاندن بۆ دەقەکە دەکات. بە بڕوای گۆتێ ئەم جۆرەی دوایی لە خوێنەر تێکستەکە لە فۆرمێکی تازەدا بەرهەم دەهێنێتەوە. بەڵام ژمارەی ئەم چەشنە لە خوێنەر کەمە.[7]
تا ئێرە گەر جۆرێک لە وێناکردنمان لە بارەی پڕۆسەی خوێندنەوە و هەروەها خوێنەر و خوێنەری ئادیال لەلا گەڵاڵە بووبێت، هەنووکە دەکرێ بپرسین، داخۆ ئێمە خاوەنی پڕۆسەی خوێندنەوەی دەقی ئەدەبین، ئایا خوێنەرێکی لەو چەشنەمان هەیە، کە لەسەرەوە باسمانکرد؟ بێگومان وەڵامەکە گەر نیگەتیڤ بێت، ئەوا ناکرێ نیگەتیڤێکی ڕەها بێت، چونکە ئێمە بە کەمی و خوێنەرێکی ڕەخنەگری لەو چەشنەمان لە بواری ڕەخنەی ئەدەبیدا هەیە، بەڵام کەمە و لە ئاستی پێویست و چاوەڕوانیدا نییە. بە بڕوای من لەوەدا کە پەیوەندی بە ڕەخنەوە هەیە، ناکرێ چەمکەکە لە واتا هەمەلایەن و گشتگیرەکەیدا فەرامۆش بکەین، چونکە ڕەخنە پڕۆسەیەکی هەمەلایەن و گشتگیرە و پێویستە لەیەککاتدا لەسەرجەم کایەکانی زانستە مرۆڤایەتییەکاندا پەرەسەندن و پێشکەوتن بە خۆیەوە ببینێت، لە هەموو ئەو کایانەدا بخرێتە سەر و هەموو شتێکەوە و وەک تاکە چەکێکی گشتگیر و ئەفسووناوی وێنابکرێت، کە لە دەستدانی یانی شکستی حەتمی! یان کانت وتەنی پێویستە سەر لەبەر هەموو شتێک لە سەرجەم کایەکاندا بە ڕەخنە بسپێرین. دەنا ئەزموونی میللەتانی دەوروبەرمان، ئەوەمان پێدەڵێت، ئێمە ناتوانین، بەبێ پەرەسەندنی ڕەخنە لە کایەی سۆسیۆلۆژیا و سیاسەت و تیۆلۆژیا و کایەکانی دیکەدا ببینە خاوەنی ئەدەبیاتێکی کوردی پەرەسەندوو، یان هەتا ببینە خاوەنی ڕەخنەیەکی ئەدەبی زیندوو، کە ببێتە فاکتەری سەرەکی بۆ پێشخستنی ئەدەب و هونەری کوردی.
*سەرچاوەکان:
[1] بڕوانە کتێبی: القراءة رافعة راسها، عبدالسلام بن عبدالعالي، دار توبقال، ط١ لسنة ٢٠١٩..ص٦.
[2] هانس روبرت ياوس: جمالية التلقي.ت: رشيد بن حدو، المجلس الاعلى للثقافة ط١لسنة ٢٠٠٤. پێشەکی کتێبەکە بە قەڵەمی وەرگێڕی عەرەب، ص٧-١٧
[3] القراءة : فانسون جوف.ت: محمد ايات لعميم، شكير نصرالدين. منىشورات الرؤية٢٠١٦. ل5-6..
[4] كتاب (س/ز) رولان بارت..ت: محمد بن رافة البكري، دار الكتاب الجديدة المتحدة..٢٠١٦ ل ٤٤
[5] امبرتو ايكو: القارىء في الحكاية..ف: انطوان ابو زيد..دار الساقي..١٩٩٦.لە ٢٨-٢٩
[6] هەمان سەرچاوەی پێشوول٣٠
[7] مع بورخیس. البیرتو مانغویل..ترجمە:احمد م. احمد..دار الساقي ..٢٠١٥. ل٩-١٠