کێ سالە شێتی کوشت؟
گێڕانەوەیەکی نیمچە بێکۆتا لە جوگرافیای گێڕانەوەی کوردیدا
«مەنووسن؛ بە نووسین دەچنە نێو دنیایەکی پڕ لە نەهامەتی و تەنهاییەوە، هەروەها جۆرێکیش لە خۆشاردنەوە لە دنیا.. کردەی نووسین وەک ئەوە وایە لە گروپێکی ئایینییەوە فەرمان وەربگریت.. بە کورتی و پوختی نووسین دەردە…!؟»
پۆڵ ئۆستەر
عەلی کەریم دانەری ڕۆمانی ‘کێ سالە شێتی کوشت’، لە دواییەکانی تەمەنیدا بە قەولی پۆڵ ئۆستەر دەچێتە نێو دنیا پڕ لە نەهامەتی و دەردئامێزەکەی نووسینەوە و لە پەنجاونۆ ساڵیدا لە مۆسکۆ دەبێتە هاوڕێی عومەر بابەکر سەلیم و هەر ئەویش لە پێشەکی بەرگی یەکەمی ڕۆمانەکەدا نووسیویەتی:
«بە هۆی تامەزرۆیم لە خوێندنەوەی کوردی و کۆڕی شیعری لەو کاتانەدا باسەکان هێنایانە سەر ڕۆمانەکەی دکتۆر عەلی و پێیوتم کە بێتاقەتی شتێکی نووسیوە و حەز دەکات بیخوێنمەوە و بزانم چۆنە، هەر لەم خاڵەوە تا ٢٠١١ ئەگەر بڵێم ئەم ڕۆمانە زیاتر لە ٣٠ جار نووسراوەتەوە و گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە لەلایەن خودی دکتۆر عەلی’یەوە و بۆ خۆشم دەیان جار تۆماری دەنگیم بۆ کردووە تا لە ڕستەکان و دەربڕینەکان دڵنیاببمەوە و دەربڕینەکان سادە و بێکێشە بن. هەر کاتێک تێبینییەکم دەدایە، ئەو نەدەهات ئەو خاڵە ڕاست بکاتەوە یان بیگۆڕێت، بەڵکوو لە سەرەتاوە ڕۆمانەکەی دەنووسییەوە، تا هەستم پێکرد، ئیتر وازم لە تێبینییەکان هێنا و تا تەواوی نەکرد پێیدا نەچوومەوە و تەنها وشە عەرەبییەکانم کە هەندێک جار هەبوون، لە ڕستەکاندا دەگۆڕینەوە بە وشە کوردییەکان».
جێگەی ئاماژە پێدانیشە، کە نامەیەکی عەلی کەمال بۆ عومەر بابەکر سەلیم، لە پێشەکی بەرگی یەکەمدا بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: «یەکەم.. باسی کوشتنی سالە شێت؛ لە کۆتایی بەرگی دووهەمدا تەواو دەبێت.. لە بەرگی سێهەمدا سالە لە ئاسمانە و بووە بە مەلائیکەت لە بەهەشت، لە هەموو تەنگ و چەڵەمەیەکدا ڕۆحی سالە پەیا ئەبێت، بۆ یارمەتی دانیشتوانی سلێمانی…. کاک عومەر، بڕوام پێبکە بەرگی سێهەم ئەمەندە بەرزە خۆم سەرم لێدەرناچێ، چۆن شتی وا خۆش و پڕ لە نوکتە و پێکەنینم بە خەیاڵدا هاتووە.»
لەم سەرەتایەوە، ئەگەر منی نووسەری ئەم کورتە خوێندنەوەیەش شتێکی ئەوتۆ نەدرکێنم؛ ئەوە خوێنەری زیرەک دەتوانێت هێدی هێدی لە پەنهان و نهێنی کۆدەکانی ئەم دانەرە و هاوڕێکەی بگات و کەمێک لە ماجەراکانی پشت کەوالیسی کردەی گێڕانەوەی “کێ سالە شێتی کوشت” حاڵی ببێت!؟
هەروەها دەشێت خوێنەر، چەندین پرسیاری تریشی لا دروست ببێت و ئیدی ئەوەی ئێمەش لێرەدا مەبەستمانە وەک خوێنەرێکی ئەم گێڕانەوە تولانییە، ورووژاندنی چەشنە پرسیارێکە؛ دووربێت لە شارچێتی و بەرزکردنەوە و پێداهەڵدانی کوێرانە، یان لێدان و دژایەتی کردنێکی بێمانا.
حەقیقەتی ئەم گێڕانەوەیە؛ دواجار قابیل بە هەموو جۆرە خوێندنەوە و تێڕوانین و بگرە و بەردە و قووڵ بوونەوە و گرتنەخۆ و ڕەتکردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم چەمکە ئەبستمۆلۆژیی و تەفکیکییەکانە. سەرباری پێویست بوون بە هەڵسەنگاندێکی جدی و کاریگەر، چونکە ناکرێت ماندووبوون و هەوڵدانی بەردەوامی دانەرەکەی لە دواییەکانی تەمەنیدا بە هەند وەرنەگیرێت و زۆر بە وردی لەوە تێنەگەین بۆ ئەم پیاوە، لەو کاتەوە کە دەزانێت کەسێک گوێگریەتی یان با بڵیین خوێنەرێتی، بە فیعلی هەوڵی نووسینەوەی گێڕانەوەیەکی نیمچەبێکۆتا دەدات وەک عومەر بابەکر سەلیم-ی هاوڕێی ئاماژەی پێدەدات:
«هەر کاتێک تێبینییەکم دەدایە، ئەو نەدەهات ئەو خاڵە ڕاست بکاتەوە یان بیگۆڕێت، بەڵکوو لە سەرەتاوە ڕۆمانەکەی دەنووسییەوە، تا هەستم پێکرد، ئیتر وازم لە تێبینییەکان هێنا و تا تەواوی نەکرد پێیدا نەچوومەوە و…»
کەواتە دانەر لە تەمەنێکدا کە زۆرێک لە خەڵکی لەو تەمەندا، تووشی لەبیرچوونەوە و ئەزهایمەر دەبن، کەچی ئەم بە پێچەوانەوە لە بەرزترین ئاستی گەنجێتی یادەوەرییەکانیدا بووە و بە زیادەوە هەموو ئەوەی ساڵانێک لە زاکیرەی خۆیدا پاراستوونی؛ لەمیانی گێڕانەوەی بەسەرهات و ڕووداوەکاندا هەڵیڕشتوون!؟ بەڵام ئاخۆ ئەم هەڵڕشتنە، لەو جۆرە تێکستانەی هێناوەتە بوون کە تەنها لە قاڵبێکدا ڕادەوەستن؛ ئیتر ناشێت دەستکاریان بکەیت و دەبێت لەو فۆرمەدا پارێزراو بن و گونجاو نییە بە شێوەیەکی تر ئەندێشەیان بکەیت.. یان پێچەوانەکەیەتی و ئاشکراشە هەر لە پێشەکی ڕۆمانەکەوە دیارە کە پێچەوانەکەیەتی!؟
دەکرێت ئەم ڕۆمانە وەک تێکستێکی دەرەوەی گێڕانەوەی تا ئێستا بڵاوکراوەی نێو ئەدەبیاتی کوردی بخوێنرێتەوە و بە جۆرێک لە جۆرەکان، لە جۆری چەشنی تەنز و گاڵتەوگەپ و قۆشمەچێتییەکی هاوشێوەی ‘ڕشتەی مرواری’ و ‘قووتووی عەتار’ و زۆرێک لە شیعرەکانی ‘شێخ ڕەزا’ و کۆمەڵێک لە نوکتە و قسەوباسە نووسراو و نەنووسراوە سێکسییەکانە.. وەک پۆلێنکردنیش هەن ئەم جۆرە تێسکتانە دەخەنە نێو کایەی ئەدەبیاتی میللییەوە؛ ئەگەر دروست بێت وای ناو بنرێت یان…؟
پۆڵ ئۆستەر دەڵێت کەمجار خۆم وەک نۆڤێللانووس دێتە پێشچاو و زیاتر خۆم بە گێڕەڕەوەی حیکایەتەکان و خۆم بە حیکایەتخوان دەزانم!؟
دەشێت بە سانایی لەم تێڕوانینەی پۆڵ ئۆستەر-ەوە بگەینە گرنگی و بەرزی توانستی گێڕانەوە و بوون بە گێڕەڕەوە، کەواتە ناوهێنانی ئەم تێکست و ئەو تێکست بە هەر ناوبراوێک، لە کورتە نێرەیتیڤ Narrative –سەرد- ەوە تا نۆڤێڵ و نۆڤێللا و ڕۆمان.. هیچ نین، ئەگەر توانای گێڕانەوە و ڕاکێشانی خوێنەر نەگاتە پلەیەکی باڵا، ئەلحەقی ئەمەش بە تەواویی و بە تایبەتیش لەبەرگی یەکەمی کێ سالە شێتی کوشت-دا، بە ئاشکرا زاڵە و دەزانیت، گێڕەڕەوەکەی بە فیترەت گێڕەڕەوەیە و ئیدی ئامادەیە هەموو کەرستەکانی جەزبکردنی خوێنەر بەکار بهێنێت، ئەگەر بەمەش زمان بهێنێتەوە ئاست زمانی بازاڕ و لگاوخانە و مەلها و گوزەری نێربازان و چەقۆکێشەکان و خوێڕی و نامەرد و ناکەس بەچەکانیش.. بەم ئاماژەیەشمان؛ نە مەبەستمانە ئەم دوو بەرگی ڕۆمانە حەوا بدەین و نە گەرەکیشمانە لە هەڵدێر هەڵیدەینە خوارەوە!؟ بەڵکو دەشێت بڵێین ئەوەی عەلی کەریم کردوویەتی، وەک نووسەرێکی دەرەوەی نووسەرە پرۆفیشناڵ و تەقلیدییەکان، بە تەواویی نووسینەوەیە بە زمانی خەڵکی ئاسایی ڕەشۆک و نەخوێندەوار و سادە و ساکارەوە، بە ڕیتمی “ڕشتەی مرواری” و هاوچەشنەکانی کە بەمەش بە ناچاری لە زۆربەی جومگەکانی ڕۆمانەکەدا لەپێناو نەدۆڕاندنی ئاستی بازاڕێتی ئاخافتن و دیالۆگەکاندا، قوربانی بە تەکنیک و بەهای ڕۆمانەکەی داوە.. چونکە هەر لەسەرەتاوە مەبەستی نووسەر خستنە پێکەنینی خوێنەر-ەو وەک لە پێشەکییە ئاماژە پێدراوەکەماندا هاتووە:
«کاک عومەر، بڕوام پێبکە بەرگی سێهەم ئەمەندە بەرزە خۆم سەرم لێدەرناچێ، چۆن وا شتی خۆش و پڕ لەنوکتەو پێکەنینم بەخەیاڵدا هاتووە.»
باشە ڕەنگە یەکێک بپرسێت؟ ئەی ناشێت ئێمەش ڕۆمانی هەزەلی و کۆمێدی هاوشێوەی گێڕانەوە میللیەکانی هەندێک لە میللەتانمان هەبێت!؟ بێگومان دنیای نووسین فراوان و دەرکەی نووسینیش واڵایە. ئەم زاتە دانەرە، لە کاتی نووسینەوەی ڕۆمانەکەیدا و بە هەڵهێنجان لە بینینی فیلم و خوێندنەوەی گێڕانەوە پۆلیسییەکانی سەردەمانی گەنجێتی خۆی؛ هەر لە شێڕلۆک هۆڵمزەوە بۆ ئەجاسا کریستی و ئەوانەی تر، بە تایبەتیش ماجەرەکانی شێڕڵۆک هۆڵمزی نووسەری ئۆسکۆتلەندی ئارسەر کۆنان دوێل کە بە ئاشکرا و شاراوە، بە شێوازێکی تر و ئیشپێکردنێکی خۆماڵییەوە هێناویەتە نێو ڕۆمانەکەیەوە و هەرچەندە مەبەستی ئێمە لێرەدا ئەوە نییە کە بڵێین ئەم جۆرە ئەدەبە کەمایەسییە لەچاو ژانرەکانی دیکەی دنیای گێڕانەوە و نووسینی کورتە نەرەیتیڤ-سەرد- و نۆڤێڵ و نۆڤێللا و ڕۆماندا؟! بەڵکوو مەبەستمان ئەوەیە بڵێین، ساڵانێکی دوور و درێژی ئەم زاتە لە یەکێتی سۆڤێتی جاران، ئەگەر خوێنەرێکی جدی بووایە، ئەوە بێگومان دەیتوانی لە ڕێی خوێندنەوە و دیراسەکردنی هەندێک نموونەی ئەدەبیاتی تەنزئامێزی نووسەرانی ڕووسەوە، بە تایبەتیش گۆگۆڵەوە؛ هەمان بەسەرهات و سەرگوزشتەی سالە شێت و خەڵکەکانی ترمان لەنێو ئەندازەسازییەکی دیکەی تەکنیکە گێڕانەوەیەکی ئەدەبیانەی باڵادا بخاتە پێشچاو!؟
نووسەری ڕۆمانی ناوبراو، زۆر خۆڕسکانە و لە تەمەنێکی هەڵکشاوی نزیکە کۆتایدا، دەکەوێتە جۆرە گێڕانەوەیەکی جیاواز و جودا لەگەڵ چەشن و شێوازی گێڕانەوەی باوی ئەدەبیاتدا و لە هەمووشی گرنگتر توانای تەواویەتی لە بەکارهێنان و دروستکردنی دیالۆگی بەردەوامدا! باڵانەبوون و پتەونەبوونی دیالۆگ؛ کەموکوڕییەکی زۆربەی گێڕانەوەکانی پێشووتری ئەدەبیاتی کوردی بووە، واتە ئەدەبیاتی سەردی- نێرەیتیڤ-ی کوردی زیاتر وەسفی بووە و کەمجار توانیویەتی لەڕێی دیالۆگی لۆژیکی و جالیبەوە خوێنەر کەمەندکێش بکات. ئەم جۆرە دیالۆگەی کە نووسەر لە دوو بەرگی بەردەستی ڕۆمانەکەیدا بەکاری هێناوە، زیاتر لە سیناریۆ دەچێت و زێدەتریش هەر لەو ڕێیەوە دنیایەک بەسەرهاتی بێکۆتا و لەبن نەهاتووت بۆ دەگێڕێتەوە و ئەمەش ڕاستییەکە و ناکرێت نکووڵی لێبکرێت، ئەگەر زۆر هەڵە و کەموکوڕیش لە خۆ بگرێت، بەڵام دواجار زیندوویەتی دەق لەوەدایە قابیل بە جەدەل و بگرە و بەردە بێت، بەجیا لە پێداهەڵدان و لێدان و بەرزکردنەوەی، شتێکی تر بێت!؟
بەڕاستی ڕۆمانی کێ سالە شێتی کوشت؟! بە هەموو ئەو بێزارییەی کە وەک خوێنەرێک لە خوێندنەوەیەدا ڕووبەڕووی بوومەوە، یاخود لەگەڵ زۆر دیمەن و بەسەرهاتی کاڵوکرچ و نەشاز و بێمانای تێکترنجاوی نێو ڕۆمانەکە نامۆ و تەریک مامەوە، بەڵام ناشێت توانای گێڕانەوەی نیمچە بێکۆتای دانەرەکەی نەبینین. دانەر؛ لە توخمی ئەو حیکایەتخوانانەیە، کە بە منداڵی لە بەساڵاچووەکانەوە بیستبووم، کە چۆن چۆنی لێرە و لەوێی هەندێک لە شوێنەکاندا هەبوون و تەنانەت هەندێکیان لە فڵانە قاوەخانە و فیسارە مەجلیسدا بوونی نیمچە بەردەوامیان هەبووە. ئیتر وەک بۆیان دەگێرامەوە، هەبوون ئەوەندە ڕۆچوونەتە نێو دنیای گێڕانەوەکان و هێندە بەرجەستەی کەسایەتییەکانیان کردووە، کە جار جارە گێڕانەوە و نواندنیان تێکەڵ کردووە و جار هەبووە دارعەساکەی دەستیان لێبۆتەوە شمشێر و لە کاتی وەشاندنیاندا گۆزە و شەربەئاوێکی نزیکە دەستیان شکاندووە!؟
ئێمە لێرەدا خوێنەرین و ڕەنگە بتوانین بەپێی ئەم خوێندنەوەی ئێستامان ئەمەی ئێستای لەبارەوە بڵێین و دەشێت لە خوێندنەوەکانی تریشماندا بۆ هەمان ڕۆمان ئەگەر کاتمان بۆ ڕەخسا، شتی نوێ و جیاوازتر بڵێین.. کەواتە ئەوەی خوێنەر دەیڵێت، ناشێت وەستاو بێت و وەک سوێندی خواردبێت؛ تا سەر و دوای چەندین خوێندنەوە هەر ئەوە بێت، چونکە ئەم جۆرە دەمارگیرییە لە سەپاندنی ڕا و بۆچوونێکی دیاریکراودا، دۆگمایە و هەر ئەمەشە حاڵی ئەدەبیاتی میلۆدرامییانەی کوردی. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، بۆ دەبێت لە دنیای گێڕانەوەدا، هەر ئەوانە هەبن کە هەن و هەر ئەوانەش بخوێنرێنەوە و ناویشیان وەک بەسامترین و جوانترین و گەورەترین گێڕەڕەوەی کورد بهێنرێت و چەند دام و دەزگایەکیش کار بۆ ناساندن و ڕیکلام کردن بۆ ئەو جۆرە نووسەرە پێشتر هەڵبژێردراو و دیاریکراوانە بکەن!؟
ئەوەتا عەلی کەریم ئەم نەخشەیە دەشێوێنێت و بە تەمەنێکی گەورە و لە دەرەوەی ئەم دنیای ڕیکڵام و گەورەکردنەی ئێستای واقیعی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردییەوە، دێت و بە چەشن و شێوازێکی جودا، جۆرە گێڕانەوەیەکی تر دەهێنێتە نێو دنیای ئەدەبیاتی گێڕانەوەی کوردییەوە. هەرچەند ئێمەی خوێنەر ناتوانین، هیچ زیاد و کەمێک بخەینە سەر ئەم تێکستە نووسراوە ناوبراوە.. بەڵام دەشێت هەندێک تەمەننامان هەبێت و بتوانین بڵێین خۆزگە دانەر، بە چەشنی گۆگۆڵ، بابەتێکی زۆر سانای وەک پێداویستی کاراکتەری تێکستی پاڵتۆ –ئەکاکی ئەکاکیڤیچی بۆ پاڵتۆیەک کردبایەتە بابەتێکی تەفکیکی زۆر کاریگەر…!؟
بێگومان بمانەوێت و نەمانەوێت کۆمێدیا تەڵخەکەی گۆگۆڵ، دیوەکەی ئەودیوی شتەکانمان پیشان دەدات و ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیاری ویژدانی و ئەخلاقی زۆر کاریگەرمان دەکاتەوە، بەڵام لە ڕۆمانی کێ سالە شێتی کوشت؛ وەک نووسەرەکەشی ئاماژەی پێدەدات و بۆ خستنەپێکەنینی خوێنەرە. باشە خۆ دەشێت خوێنەر، بە خوێندنەوەی تێکستە گێڕانەوەکانی عەزیز نەسینیش پێبکەنێت.. بەڵام ئاخۆ ئەو تێکستانەی ئەو تا چەند لەکۆمەڵە جومگەیەکدا دەبنەوە بەیەکپارچە گێڕانەوەی سەرزارەکی کاڵوکرچ!؟ بێگومان نابن و هیچ زیاد و کەمییەک لەبەکارهێنانی وشە و دەستەواژە و دیمەن و درێژکردنەوە و یان کورتکردنەوەی گێڕانەوەکاندا نییە، گێلەپیاوەکەی عەزیز نەسین و زووربەی تێکستەکانی تریشی.. کاتێک دەتخەنە پێکەنین و وات لێدەکەن لە پێکەنیندا دەست بکەیتە گریان، پێویستیان بەوە نییە، ئەدەب دابەزێنە ئاست نوکتەبازاڕییە سێکسییەکان، یاخود زمانی نووسین پڕ بکەن لە جوێن و جۆرێک لە بە کەم زانین و سووک سەیرکردنی ئەوانی تر!؟ ڕاستە؛ گەر ئەم ڕۆمانەی‘عەلی کەریم یادەوەریی بووایە، ئەوە لەڕووی مێژووییەوە، گواستنەوەی ئەو هەموو جوێن و دزێوی و شزوز و ناشیرینییە، بەجۆرێکی تر مامەڵەی لەگەڵ دەکرا، بەڵام مەسەلەکە لێرەدا ناوهێنانی هەزارودووسەد و قسوور لاپەڕەی ئەم دوو بەرگەیە بە ڕۆمان و دیارە بەرگی سێیەمی تەواوکراو یان نەکراویش؛ درێژەی هەمان گێڕانەوەی دانەرە.
لەکۆتایی ئەم کورتە خوێندنەوە سادەیەشماندا دەڵێین؛ ئەوەی لێرەدا وتومانە، نە بۆ هێنانە خوارەوەی ئاستی ڕۆمانی کێ سالە شێتی کوشت و نە بۆ بەرزکردنەوەی بێزەمینە و لەخۆڕاشیەتی؟! یان با بڵێین، ناشێت خوێندنەوەی ڕاستەقینە و جدی بۆ هیچ کام لەم دوو مەرامە بێت؛ بەڵکو خوێندنەوە هەر ئەوەیە کە تۆی خوێنەر لەماوەیەکی دیاریکراوی خوێندنەوەی خۆتدا پێی دەگەیت و نە ڕاستە و نە هەڵەشە، نە عەلی کەریمیش لە نووسینەوەی زنجیرە گێڕانەوەکانیدا بە هەڵەدا چووە، بەڵکوو ئەوەی ئەو نووسیویەتی، جۆرە گێڕانەوەیەکی نیمچە بێکۆتای نێو جوگرافیای گێڕانەوەی کوردییە و وەک پۆڵ ئۆستەریش دەڵێت؛ ئەگەر پاڵنەرێکی توند و پتەوت بۆ نووسین نەبێت، ئەو دەم پێویست ناکات بنووسیت.
ژێدەر: کێ سالە شێتی کوشت/ ڕۆمان ٢بەرگ/ لە بڵاوکراوەکانی کتێبخانەی وشە/٢٠١٩
Youssef Ezzeddine
The writer and novelist published the following books for him;
1-A bed of blood – narratives/aras2008
2-Just a cold day – novella/ mukriyan2008
3- Another face of unwritten tales –novella/slemani2006
4-The adventures of Persian Salman –novella/slemani2009
5-Virtual mazes of memories- novella /slemani 2009
6-Illusion and Identity – Interviews and Articles/slemani2012
7-Infarar – translation by the Amazigh language of some of my narratives / by Saeed Bulgrabi – Morocco – Al-Kabdani Publishing House-2015
8- Absolutely hangman and always the victim-
Articles, interviews, and translations/slemani-2020
9- Secret in the middle of the river- Novella and Narrative/ slemani2020