هەر شوێنێک لە دەرەوەی دنیا

وەرگێڕانی: دلاوەر رەحیمی

ئەم ژیانە لە نەخۆشخانەیەک دەچێ کە هەموو نەخۆشێک حەز دەکات پێخەفەکەی بگۆڕێت. ئەمەیان دەیەوێ لەبەرانبەر زۆپاکە ئازار بکێشێ، ئەوەشیان پێیوایە کە لەلای پەنجەرە چاک دەبێتەوە. 

پێموایە کە هەمیشە لەو شوێنەی کە لێی نیم، باشم، ئەم پرسی شوێنگۆڕکێ و گوێزانەوەیە، لەو پرسانەیە کە لەبارەیەوە بێوچان لەگەڵ دڵ و ڕۆحمدا دەدوێم.

“بڵێ ڕۆحی من، ڕۆحی داماوی هەناسەسارد، نیشتەجێبوون لە ‘لیسبۆن‘ت پێ چۆنە؟ دەبێ کەشوهەواکەی گەرم بێت و تۆش وەک مارمیلکەیەک پڕ دەبی لە وزە و کەیف خۆش دەبی. ئەم شارە کەوتووەتە نزیکی ئاو; دەڵێن لە بەردی مەڕمەر دروستکراوە و خەڵکەکەی وەها ڕقیان لە گیا و سەوزاییە کە هەموو درەختەکان لە ڕەگەوە هەڵدەکێشن. ها ئەو دیمەنە لەگەڵ سەلیقەی تۆ دێتەوە، دیمەنێک کە تێکەڵەیەکە لە ڕووناکی و کەرستەی کانزایی و شلەمەنی بۆ ورشەدەرکان.” 

ڕۆحم وەڵام ناداتەوە.

“تۆ کە هێندە ئاسوودەییت خۆشدەوێ و حەزت لە نمایشە جوڵەییەکانە، دەتەوێ بڕۆینە هۆڵەندای خوشبەختی جاویدانی بژین؟ ڕەنگە لەم دەڤەرە وەختێکی خۆش بگوزەرێنی، کە زۆرجار ستایشی وێنای ئەوێت لە نێو مۆزەخانەکاندا کردووە. ئەی ‘ڕۆتردام‘ت پێ چۆنە؟ تۆ کە حەزت لە دارستانە تاریکەکان و بەلەمەکانی پاڵ خانووەکانە.”

ڕۆحم هەر بێدەنگە

“ڕەنگە باتاڤیا پتر کەیف خۆشت بکات، لەوێ ڕۆحی ئەوروپا دەبینین کە بەستراوە بە جوانی خولگە گەرمەکانی زەوییەوە.”

یەک وشە ناڵێ، تۆ بڵی ڕۆحم مردبێت.

“یانی تۆ گەیشتوویتە ئەو ئاستە لە بیرکولی کە تەنیا لەنێو ئێش و ئازارەکانتدا دڵخۆشیت؟ ئەگەر وایە، با بڕۆین بەرەو ئەو وڵاتانەی کە لە چەشنی مەرگن.

– دڵی داماو! من کەلوپەلەکانمان کۆدەکەمەوە و بە جانتاکانمانەوە دەڕۆینە بۆرنێۆ، هێشتا دوورتر، بەرەو ئەوپەڕی بەڵتیک. ئەگەر بشێ هێشتا دوورتر لە ژیان، گەر کرا لەوپەڕی جەمسەری زەوی بسرەوێین. لەوێ هەتاو بە چەماوەیی لە زەویی دەدات و کاوەخۆیی ڕۆژ و شەو، هەمەچەشنی لەنێو دەبات و برەو بە یەکڕیتمی دەدات، ئەمەش نیوەی عەدەمە. لەوێ دەتوانین ماوەیەکی درێژ لەنێو تاریکایی مەلە بکەین، لەکاتێکدا کە بۆ سەرنج ڕاکێشانی ئێمە زەردەپەڕە باکوورییەکان دەسکە گوڵەکانیان کە لە تیشکدانەوەی یارییەکی ئاگرینی دۆزەخ دەچێ، بەرەو لای ئێمە دەنێرن.”

دواجار دڵی من دەخرۆشێ و عاقڵانە بەسەرمدا هاوار دەکات: “هەر شوێنێک! هەر شوێنێک! بە مەرجێک لە دەرەوەی ئەم دنیایە بێت.”

photo_٢٠٢٠-١١-٢٤_١١-٥٩-١٦

سەرنجێک بنوسن