ئایا ئێمه ئاماده‌ین بۆ “حه‌پی ئه‌خلاق”؟
له‌گه‌ڵ ئاگاتا ساگان
له ئۆكتۆبه‌ری ڕابردوودا، له شاری فوشانی چین، ئۆتۆمبێلێكی بارهه‌ڵگر كچۆڵه‌یه‌كی منداڵی دوو ساڵانی كرد به ژێره‌وه. شۆفێره‌كه نه‌وه‌ستا. له حه‌وت خوله‌كی دوای ئه‌وه‌شدا، به پێ یان به سواری بایسكیلهكانیانەوە زیاتر له ده‌رزه‌نێك خه‌ڵك به لای ئه‌و منداڵه برینداره‌دا تێپه‌ڕبوون. پاشان ئۆتۆمبێلێكی دیكه منداڵه‌كه‌ی شێلا. له كۆتاییدا ئافره‌تێك منداڵه‌كه‌ی ڕاكێشایه قه‌راخ شه‌قامه‌كه. پاشان دایكی گه‌شت. منداڵه‌كه له نه‌خۆشخانه ژیانی له ده‌ستدا. ته‌واوی ئه‌و دیمه‌نه به ڤیدیۆ تۆماركرا، دوای ئه‌وه‌ی له ته‌له‌فزیۆن و ئه‌نته‌رنێت بڵاوكرایه‌وه ورووژانێكی گه‌وره‌ی دروست كرد. ڕووداوێكی هاوشێوە له ساڵی ٢٠٠٤ له له‌نده‌ن ڕوویدا، وه‌ك زۆری دیكه كه ڕوویانداوه، به‌ڵام دوور له چاوی كامێرا‌كان.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵكی، وه‌ك زۆرجاریش وا ده‌كه‌ن، ده‌توانن به شێوه‌یه‌كی ته‌واو جیاواز ڕه‌فتار بكه‌ن.
گه‌ڕانێك به ناو هه‌واڵه‌كاندا له ڕێگه‌ی نووسینی وشه‌ی ((پاڵه‌وانێك ڕزگاری ده‌كات)) هه‌میشه به چیرۆكگه‌لێكی ئه‌و ڕێبوارانه‌ی كه ڕووبه‌ڕووی شه‌مه‌نده‌فه‌رێك ده‌بنه‌وه كه خه‌ریكه ده‌گات، شه‌پۆلێكی توند، ئاگرێكی به‌ربڵاو له‌پێناوی ڕزگاركردنی نه‌ناسراوه‌كان له تووشبوونیان به ئازار و چه‌رمه‌سه‌ری. كرده‌وه زۆر به سۆزه‌كان، لێپرسراوێتی و به‌خشنده‌یی، هه‌روه‌ك دژه‌كانی، به شێوه‌یه‌كی جیهانی بڵاوبوونه‌ته‌وه.
باشه بۆچی خه‌ڵكانێك هه‌ن ئاماده‌ن خۆیان بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه له‌پێناو ڕزگاركردنی ژیانی نه‌ناسراوێك، له كاتێكدا ئه‌وانی تر ته‌نانه‌ت ناوه‌ستن بۆ داواكردنی ژماره‌ی فریاكه‌وتنیش؟
زاناكان بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ده‌یه به دوای ئه‌و پرسیاره‌وه‌ن. له شه‌سته‌كان و سه‌ره‌تای حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی ستانلی میلگرام و فیلیپ زیمباردۆ ئاماژه‌یان به‌وه كرد كه زۆرینه‌مان له هه‌لومه‌رجی دیاریكراودا ده‌بینه هۆكاری ئازاری گه‌وره بۆ خه‌ڵكانی بێ‌تاوان. له هه‌مان ئه‌و ماوه‌یه‌دا جۆن دارلی و سی دانییل باستون ئه‌وه‌یان خسته ڕوو، ته‌نانه‌ت قوتابیانی قوتابخانه ئایینییه‌كانیش، ئه‌گه‌ر له ڕێگای چوونیاندا بۆ پێشكه‌شكردنی موحازه‌ره‌یه‌ك بۆ نموونه له باره‌ی سامری چاكه‌كاره‌وه، ئه‌گه‌ر زانییان دواكه‌وتوون، ئه‌وا ئاماده‌ن به ته‌نیشت كه‌سێكه‌وه تێپه‌ر بن كه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه پاڵكه‌وتووه و له تاو ئازاردا ده‌ناڵێنێت. لێكۆڵینه‌وه‌كان تازه‌ترین شتیان له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه بۆ ئاشكرا كردووین كه چی ڕووده‌دا له‌ناو مێشكدا، كاتێك خه‌ڵكی بڕیاره ئه‌خلاقییه‌كان په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئایا هیچ پێشكه‌وتنێكمان له‌باره‌ی تێگه‌شتن له‌و كرده‌وانه به‌ده‌ستهێناوه كه ڕه‌فتاره ئه‌خلاقییه‌كانمان ئاراسته ده‌كات؟
فه‌رموون هه‌ندێك له‌و گفتوگۆیانه‌ی نێو ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی كه به‌سه‌رماندا تێپه‌ڕیون: هه‌ندێك خه‌ڵك كاری دروستیان ئه‌نجامداوه. وا دیاره یه‌كێك له‌و تاقیكردنه‌وه نوێیانه (كه له‌باره‌یانه‌وه هه‌ندێك تێبینی ئه‌خلاقیمان هه‌یه) له زانكۆی شیكاگۆ تیشكێكی تازه‌ی خستۆته سه‌ر هۆكاره‌ی ڕوودانی ئه‌وه.
توێژه‌ره‌كان هه‌ر جاره و دوو مشكیان دەهێنا كه پێشتر له‌نێو یه‌ك قه‌فه‌سدا بوون، یه‌كێكیان ده‌خسته نێو بۆرییه‌كه‌وه كه تەنیا له ده‌ره‌وه ده‌كرایه‌وه. مشكه ئازاده‌كه هه‌میشه هه‌وڵی ده‌دا كه ده‌رگاكه‌ی بۆ بكاته‌وه، له كۆتاییدا ده‌یتوانی ئه‌وه بكات. گه‌رچی مشكه ئازاده‌كان ده‌یانتوانی هه‌موو شكۆلاتهكه به ته‌نها بخۆن، پێش ئه‌وه‌ی مشكه به‌ندكراوه‌كه ئازاد بكه‌ن، به‌ڵام زۆرینه‌یان هه‌وڵیان ده‌دا كه هاوڕێ به‌ندكراوه‌كه‌ی نێو قه‌فه‌سیان ئازاد بكه‌ن. توێژه‌ره‌كان ده‌ڵێن ده‌رئه‌نجامی ئه‌م تاقیكردنه‌وانه ده‌رخه‌ری بوونی هاوسۆزییه له لای مشكه‌كان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر باره‌كه به‌مشێوه‌یه بێت، ئه‌وا ئه‌وه‌شیان ده‌رخست كه مشكه‌كانیش له‌نێوان خۆیاندا جیاوازن، چونكه ته‌نها ٢٣ له كۆی ٣٠ مشك هاوڕێ بهنكراوهكانیان ئازادكرد.
هۆكاری جیاواز هه‌ڵسوكه‌وتكردنی مشكه‌كان، هه‌ر ده‌بێت له‌نێو مشكه‌كان خۆیاندا بێت. وا دیاره مرۆڤه‌كانیش به ته‌واوه‌تی هه‌روه‌ك مشكه‌كان، هه‌مه‌جۆرن له ئاستی ئاماده‌ییان بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌وانی تر. لێكۆڵینه‌وه زۆر كراوه له‌سه‌ر مرۆڤه نائاساییه‌كان، وه‌ك سایكۆباتییهكان، به‌ڵام هێشتا پێویستمان به‌وه‌یه زیاتر بزانین له‌باره‌ی جیاوازییه جێگیره ڕێژهییهكانمان (كه پێده‌چێت له‌ناو جیناتماندا ڕه‌گی داكوتابێت) له لای به‌شی هه‌ره زۆری خه‌ڵكی.
گومانی تێدا نیه هۆكاره زهرفییهكان ده‌توانن جیاوازییه‌كی مه‌زن بهێننه ئاراوه، بیروباوه‌ڕه ئه‌خلاقییه‌كانیش ده‌توانن هه‌مان شت بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ره‌كو مرۆڤه‌كان به ته‌واوه‌تی له ڕووی ئاماده‌باشییه ئهخلاقییهكانیانهوه جیاواز بن، ئه‌وا پێویسته زیاتر بزانین له‌باره‌ی ئه‌و جیاوازیانهیانهوه. ته‌نها ئه‌و كاته ده‌توانین تێگه‌شتنێكی گونجاو به‌ده‌ستبهێنین له‌باره‌ی هه‌ڵسوكه‌وته ئهخلاقییهكانمانهوه، له نێویشیاندا هۆكاری جیاوازی ئه‌و ڕه‌فتارانه له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی تر، و ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ش ئایا هیچ شتێكمان له توانادایه بیكه‌ین له‌و باره‌یه‌وه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێكۆڵینه‌وه به‌رده‌وامه‌كانی بواری مێشك ئه‌وه‌ی ده‌رخست، بوونی جیاوازییه كیمیای زینده‌ییه‌كان (biochemical) له مێشكی ئه‌وانه‌ی یارمه‌تی ئه‌وانی تر ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و مێشكانه‌ی ئه‌وه ناكه‌ن، ئایا ئه‌مه ده‌مانگه‌یه‌نێت به دروستكردنی ((حه‌پی ئه‌خلاق))- به مانای دروستكردنی ده‌رمانێك وامان لێ بكات زیاتر مه‌یلی یارمه‌تیدانمان هه‌بێت؟ به چاوخشاندنه‌وه به‌و لێكۆڵینه‌وه زۆرانه‌ی تر كه بارودۆخه كیمیاوییه زینده‌ییه‌كان ده‌به‌ستێت به میزاج و ڕه‌فتاره‌وه، و به زۆربوونی ئه‌و ده‌رمانه دروستكراوانه‌ی كه كار له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه ده‌كه‌ن، ئه‌وا ئه‌و بیرۆكه‌یه زۆر دووره‌ده‌ست نییه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه ڕوویدا، ئایا خه‌ڵكی ئاماده‌ن به‌كاری بهێنن؟ ئایا تاوانباره‌كان سه‌رپشك ده‌كرێن، بۆ جێگره‌وه‌ی زیندان، به‌وه‌ی كه ده‌رمانه‌كه‌یان پێ بدرێت كه وایان لێ بكات كه‌متر مه‌یلی ئازاردانی ئه‌وانی تریان هه‌بێت؟ ئایا حكومه‌ته‌كان ده‌ستده‌كه‌ن به پشكنینی خه‌ڵكی تا ئه‌وانه بدۆزنه‌وه كه مه‌یلی تاوانكارییان هه‌یه؟ واش پێده‌چێت ئه‌وه پێشنیار بكرێت بۆ ئه‌وانه‌ی كه زیاتر ئه‌گه‌ری تاوانكارییان هه‌یه تا ئه‌و حه‌پی ڕه‌وشته بخۆن، ئه‌گه‌ر ڕه‌تیانكرده‌وه، ئه‌وه ئه‌و ئامێری به‌دواداچوونه‌یان لێ ده‌به‌سترێت كه پیشانی ده‌دات بۆ كوێ چوون له هه‌ر كاتێكدا، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن كه ئه‌گه‌ر تاوانێكیان كرد ئه‌وه ئاشكرا ده‌بن.
په‌نجا ساڵ لهمهوپێش، ئه‌نتۆنی بۆرگیس ڕۆمانی “پرته‌قاڵی ئالی “A Clockwork Orange”” نووسی، كه ڕۆمانێكی ئاینده‌ییه له باره‌ی سه‌رۆكی باندێكی دڕنده كه نه‌شته‌رگه‌ری ده‌كرێت تا وای لێ بكرێت چیتر نه‌توانێت توندوتیژی بكات. فیلمه‌كه‌ی ستانلی كوبریك ساڵی ١٩٧١ كه له‌و ڕۆمانه‌وه وه‌رگیرا بوو، بوو به هۆی سه‌رهه‌ڵدانی گفتوگۆیه‌كی توند كه زۆر كه‌س مشتومڕی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه ئێمه هه‌رگیز مافێكی وامان نییه مرۆڤێك له ویستی ئازادانه‌ی دابڕیین، هه‌رچه‌نده بتوانین به‌و كاره‌مان ڕێگر بین له هه‌ر توندوتیژییه‌كی ترسناك. بۆیه گومانی تێدا نییه كه پێشنیازكردنی گه‌شه‌پێدان به حه‌پی ڕه‌وشت هه‌مان به‌رهه‌ڵستی ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر كیمیای مێشكمان كاریگه‌ری له سه‌ر هه‌ڵسووكه‌وتی ئه‌خلاقیمان دابنێت، ئه‌وا پرسی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و هاوسه‌نگییه به شێوه‌یه‌كی سروشتی ڕێكخراوه یان له‌ڕێگه‌ی چاره‌سه‌رییه پزیشكییه‌كانه‌وه، هیچ جیاوازییه‌ك دروست ناكات له سه‌ر ئاستی ئازادی ههڵسووكهوتكردنمان. ئه‌گه‌ر به ڕاستی جیاوازی كیمیای زینده‌یی له نێوانماندا هه‌بێت و ده‌توانرێت به‌كاربهێنرێت بۆ پێشبینیكردنی ئاستی ئه‌خلاقی بوونی ئه‌وه‌ی دهیكهیین، ئه‌وا ئه‌و جیاوازییانه یان ڕێكده‌كه‌وێت له‌گه‌ڵ ویستی ئازادانه‌مان، یاخود به‌ڵگه‌یه له سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌سمان، لانی كه‌م له بواری ڕه‌فتاره ئهخلاقییهكانماندا، هه‌رگیز خاوه‌نی هیچ ویستێكی ئازادانه نین. به هه‌ر حاڵ، ئه‌گه‌ر خاوه‌نی ویستی ئازادانه بیین یان نا، پێده‌چێت به‌مزوانه ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌ی تازه ببینه‌وه كه بمانه‌وێت له ڕێگایانه‌وه كاریگه‌ری له سه‌ر ڕه‌فتار دابنێت به‌ره‌وه باشتر.
سەرچاوە: اخلاقیات عالمنا الواقعی، ٨٦ ماقالآ موجزآ عن اشیاء تهمنا. بیتر سینغر، ترجمە، احمد رضا