بیرکردنەوە لەگەڵ نیتچەدا

ئەبوبەکر حەسەن

‎  دەکرێت بڕێكی زۆر هاوڕا و كۆك بین لەگەڵ كەسانێك كە لەو بڕوایەدان نیتچە نایەتە ژێر بار، بە واتایەكی تر نیتچە هێندە خزە، هێندە سركە كە ناكرێت بیهێنینە ژێر باری بیرلێكردنەوە، بەڵكوو هاوڕێی بین و لەگەڵی بیربكەینەوە. بیركردنەوەش لەگەڵ نیتچەدا واتە كۆچەریبوون و بیركردنەوەی كۆچەری. بیركردنەوە لەگەڵ نیتچە بیركردنەوەیە لە ڤیتالیتە و زیندوویەتی ژیان و چۆنیەتی ژیان، بە هەڵشاخان و هەڵزنان بە سەر جەستەی تەواوی ئەو تەڵەزگانەی ژیان پێناسە دەكەن، ئامانج و خاڵی سەرەتا و كۆتایی بۆ ژیان و ژین دەنەخشێنن. بە واتایەكی تر ژیانكردن لەناو سەیرورە و ئەو هێڵانەی فیچقەكردن و قوڵپدانی ئارەزوو كە لە خۆیاندا ناچنەوە سەر گرتن و گەمارۆدان و دیلكردنی ژیان. لەگەڵ نیتچە واتە لەگەڵ ژیان كە گیرۆدەی دەستی وەهمگەلێك نەبێت و، ژیانێك كە بارگاوی نەبێت بە جەبر و ناچاری مێژوویی جا هەر ناوێكی هەبێت. لەگەڵ نیتچە ژیان و بیركردنەوە واتە ئەزموونكردنی ئەو ناڕێكی و ئەو نائاسایی بوونەی كە پڕن لە ژیان و، لەلایەن گوتارگەلێكەوە، چ میتافیزیكی و غەیبانییەوە بێت، چ ئەقڵانی كە ڕوویەكی دیكەی میتافیزیكە، گەمارۆدراون، دوورخراونەتەوە و كراون بە حەرام و حەڵاڵی گوتاریی. لێرەوە ژیان و بیركردنەوە لەگەڵ نیتچە ژیانێكە لە ڕیسك و سەركێشیدا، ژیانێكی پڕ لە ڕیسك و سەركێشی گەمارۆنەدراوە بە جەبرگەلێك كە هیچ نین جگە لە مۆراڵی كۆیلە و، ژیان و ستایلی ژیانێكی كۆیلە كە بە كەڵكی ژیان نایەت. بیركردنەوەش ڕزگاركردنی ژیان و ژین و ژیانكردنەوە بەو زیندوویەتی و ڤیتالیتی و دینامیكیەتەی كە پێناسە و پۆلێن و ڕیزبەندی وەرناگرێت، بەڵكوو ژیانە وەك ژیان.

كردەی ژیانكردن وەك ئەوەی دەبێت هەبێت و بژین، كردەیەكە لەناو ململانێ و شەڕی دەستەویەخە دژ بە هەڕ كۆدكردنێكی ژیان جا هەر ناوێكی هەبێت. بەرگەگرتنی ئەو نیهیلیزمەی كە هەیە و خولقاندنی فۆرمگەلێك لە ئیتیكی باڵا و ژیاندۆست بۆ ژیان دوور لە هەر جەوهەرگەرایی و تەڵەزگە و تەڵەگەلێك كە پێمان دەڵێت ژیان چییە و ژیان چی نییە، ئەمەش لەناو پێرسپێكتیڤێكی هێز و ململانێی هێزەكان و ئەو لێكەوتانەی كە لە جەنگی هێزەكان دەكەونەوە.

‎لێرەدا زیاتر ناڕۆین، بەڵكوو كۆچەرییانە دەتانسپێرین بەو پرس و كێشانەی كە لەم کتێبەدا خستومانەتە ڕوو. لەم كتێبەدا كە بەر پرسگەلێكی زۆر دەكەوین و لێرەولەوێ دووبارەبوونەوە دەبینین، ئەڵبەتە ئەو بەشانە لە كاتی جیاوازدا نووسراون، ماوەیەكی زۆریشی بە سەردا تێپەڕیوە.

دەتوانن لەسەرەوە ئەم کتێبە دابگرن.