ژانەسەر و چەند شیعرێکی تر

لە تورکییەوە: دڵشاد هیوا

بەجێهێشتنی شارێك

لەم شارەدا، ئەكرێ لەژێر بارانا پیاسە بكەی.

سەیری كەشتییەكانی بەندەر بكەی،

شەوانە، لەژێر لێوەوە گۆرانی بچڕی.

ئەم شارە، كۆڵانی زۆری تیایە،

هەزاران كەس بە كۆڵانەكانیدا هاتوچۆ ئەكەن.

هەموو ئێوارەیەك ئەوەی چایەكەم بۆ دێنێ

سەرباری ئەوەی ژنە ڕووسێكی سپیكەلانەیە،

كاركەرێكی لەبەردڵانیشە و لەم شارەیە.

لەنێو بەزمی سەماخانەكاندا،

پیانیستێكی پیر هەیە كە بەدەم ژەنینی شومان و برامسەوە

جار جارە ئاوڕێكم لێ ئەداتەوە.

تەنانەت ئەو كەشتییانەی

كە لێرەوە ڕێبواران دەگوازنەوە

بۆ ئەو گوندەی كە تیایدا لەدایك بووم، هەر لەم شارەن.

بیرەوەرییەكانم هەر لەم شارەن.

خۆشەویستەكانم،

مەزاری مردووانم..

لەم شارەدایە، كارم، بارم،

پارەی شەوم…

لێ لە جیاتی هەموو ئەمانە و

دیسانەوە ئەمەیە، وا بە هۆی

ژنێكی ترەوە،

من شارێكی ترم جێهێشت.

***

وەڵام

ـ لە پشیلەی كەبابچییەكەوە بۆ پشیلەیەكی لاكۆڵان ـ

دەم لە باسی برسێتی ئەكوتی؟

كەوایە كۆمۆنیستی تۆ.

كەوایە ئەوەی هەموو بیناكانی سووتاندن تۆی.

ئەوانەی ئەستەموڵ تۆ.

ئەوانەی ئەنقەرە تۆ..

چ بەرازێكی، تۆ!

***

ژانه‌سه‌ر

1

ڕێگاكان هه‌رچه‌نه‌ جوان بن،

شه‌و هه‌رچه‌نە‌ فێنك بێ،

ماندوو ئه‌بێ، لەش.

لێ ماندووێتی ناناسێ، ژانەسەر.

2

ئه‌گه‌ر ئێستا بڕۆمەوە ماڵه‌یشه‌وه‌

ڕه‌نگه‌ پاش كه‌مێ هەر دەربچمه‌وە،‌

مادامەكێ ئه‌م جل و پێڵاوانه‌ هی منن‌ و

كۆڵانه‌كانیش هی كه‌س نین.

***

سەرچیا

لەسەر چیایەكیت؛

خەو و خۆراكت لێ بۆتە حەسرەت،

ئێوارەیە و

خۆر ئاوا بووە.

گەر نەخۆیەوە، چ غەڵەتێكت پێ ئەكرێت؟

***

شتێكی تیایە

هەموو ڕۆژێ هێندە جوانە، ئەم دەریایە؟

هەموو وەختێ وا خۆ ئەنوێنێ، ئاسمان؟

هێندە دڵڕفێنن هەمیشە

ئەم شتانە، ئەم پەنجەرە؟

نا،

بە خودای نا،

شتێكی تیایە ئەم ئیشە.

***

دابڕان

بە شوێن ئەو كه‌شتییه‌دا ئەوق بووم، كه‌وا چوو؛

به‌ڵام خۆم فڕێ ناده‌مه‌ ده‌ریاوه‌، جوانه دنیا‌؛

پیاوه‌تی له‌ئارادایه‌، هه‌رگیز ناگریم.

***

بانگێشت

چاوەڕێم،

لە هەوایەكی وادا وەرە،

پەشیمانبوونەوە دادت نەدا.

***

ئارەزووەكان و یادەوەرییەكان

ئارەزووەیل شتێكن،

یادەوەریییەكان شتێكی تر.

لە شارێكی خۆرنەدیتوودا،

تۆ بڵێ، چۆن بەسەردەبرێ ژیان؟

photo_٢٠٢٠-١٢-٠٢_٠٥-٢٦-٠٦

سەرنجێک بنوسن