ئایا هیچ شتێك گرنگه؟
ئایا ده‌كرێت بڕیاره ئه‌خلاقییه‌كان دروست یان هه‌ڵه بن؟ و ئایا ئه‌خلاق له جهوههرییدا به بابه‌تێكی خودی په‌تی داده‌نرێت كه تاكه‌كان هه‌ڵیده‌بژێرن، یان پێده‌چێت په‌یوه‌ندیدار بێت به كولتووری ئه‌و كۆمهڵگایهوه كه مرۆڤ تێیدا ده‌ژیی؟ ده‌شێت هه‌ر ئێستا گه‌شتبین به وه‌ڵام.
له سییه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوه‌وه ئه‌و ڕایه باوه به‌سه‌رچوو، كه له‌نێو فه‌یله‌سوفه‌كاندا هه‌بوو، بڕوای وابوو كه بڕیاره ئه‌خلاقییه‌كان به‌ستراون به ڕاستینه بابهتییهكانهوه، ئه‌ویش له‌و كاته‌وه كه پۆزه‌تیڤیسته لۆژیكییه‌كان دووپاتیانكرده‌وه كه هیچ ڕێگایه‌ك نییه بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستی بڕیاره ئه‌خلاقییه‌كان بسه‌لمێنێت، به‌و شێوه‌یه ئه‌خلاق هیچ نییه جگه له ده‌ربڕینی هه‌ست و هه‌ڵوێسته‌كانمان.
بۆیه، بۆ نموونه، كاتێك ده‌ڵێین “پێویسته له‌و منداڵه نەدەی”، ئه‌وا ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌ین ته‌نها ده‌ربڕینی ڕهتكردنهوەمانه بۆ لێدانی ئه‌و منداڵه، یان هاندانمانه بۆ ئه‌وه‌ی له لێدانی ئه‌و منداڵه بووه‌ستین. و هیچ ڕاستییه‌ك نییه له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه ئایا شتێكی گونجاوه له‌و منداڵه بدرێت یان نا.
هه‌رچه‌نده ئه‌م تێگه‌شتنه ئه‌خلاقییه زۆر ڕووبه‌ڕووی به‌رهه‌ڵستی بوویه‌وه، به‌ڵام زۆرینه‌ی ئه‌و به‌رهه‌ڵستیانه له‌لایه‌ن بیرمهندانێكهوه بووه كه له په‌یڕه‌وانی فه‌رمانه‌كانی خودا بوون. ئه‌م جۆره مشتومڕانه سه‌رنجێكی كه‌م ڕاده‌كێشن له نێوه‌ندی فه‌لسه‌فی ڕۆژئاواییدا كه ڕوخسارێكی تا ئاستێكی گه‌وره سیکۆلاری له خۆ گرتووه.
به‌رگرییه‌كانی دیكه‌ش كه له ڕاستی بابه‌تی بوونی ئه‌خلاق ده‌كران زۆر به دڵی ئایین نه‌بوون، به‌ڵام هیچ پێشكه‌وتنێكی جێگای باسیشی له دژی میزاجی باوی فه‌لسه‌فی به‌ده‌ستنه‌هێنا.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، مانگی ڕابردوو ڕووداوێكی فه‌لسه‌فی گرنگی به خۆیه‌وه بینی: په‌رتوكه‌كه‌ی دێریك پارفیت بڵاوبووه‌وه بە ناوی “له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه گرنگه“، كه ماوه‌یه‌كی زۆر بوو چاوه‌ڕوانی ده‌كرا. هه‌تا ئێستا، پارفیت كه ئه‌ندامی فه‌خری كۆلێجی ئۆڵ ساوڵزه له ئۆكسفۆرد، ته‌نها یه‌ك كتێبی نووسیبوو به ناونیشانی “هۆكاره‌كان و كه‌سه‌كان“، كه له ساڵی ١٩٨٤دا بڵاوبووبووه‌وه و، بوویە جێگایی ڕه‌زامه‌ندییه‌كی گه‌وره.
گشت مشتومڕه ته‌واو سیکۆلارییەکانی پارفیت و هه‌روه‌ها ئه‌و شێوازه گشتگیرییه‌ی كه باس له هه‌ڵوێسته ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌كان ده‌كات، له ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوه‌وه بۆ یه‌كه‌مجاره، ئه‌وانه‌ی بابه‌تیبوونی ئه‌خلاقی ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه ده‌خاته هه‌ڵوێستێكی به‌رگرییه‌وه.
كتێبی “له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه گرنگه“، قەبارە و درێژییه‌كی ترسناكی هه‌یه، كه له دوو به‌رگی قه‌باره گه‌وره پێكهاتووه[1]، كه به سه‌رجه‌میان له ١٤٠٠ په‌ڕه زیاتره، ده‌قێكی پڕ موشتومڕه. به‌ڵام جهوههڕی مشتومڕه‌كه له ٤٠٠ په‌ڕه‌ی سه‌ره‌تادایه، ته‌حه‌دییه‌كی ئه‌سته‌م نییه بۆ ئه‌وانه‌ی مه‌راقێكی فكرییان هه‌یه – و به تایبه‌ت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پارفیت، كه پابه‌نده به باشترین نه‌ریتی فه‌لسه‌فی زمانی ئینگلیزییه‌وه، هه‌میشه كۆشش ده‌كات له‌پێناوی ڕوونیدا، هه‌رگیز قسه‌یه‌كی ئاڵۆز به‌كار ناهێنێت ئه‌گه‌ر ئاسانه‌كه ئامانج بپێكێت.
هه‌روابێته‌وه هه‌موو ده‌ربڕینه‌كانی ڕاسته‌وخۆن، به‌ڵگه‌كانیشی ڕوونه، هه‌میشه نموونه‌ی زیندوو به‌كار ده‌هێنێت بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی تێبینییهكانی. پاشان كتێبه‌كه چاره‌سه‌رێكی فكرییه بۆ هه‌ر كه‌سێك كه نایه‌وێت تێبگات له‌وه‌ی “چی گرنگه”، به قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی بیه‌وێت، تێبگات ئایا ده‌كرێت هیچ شتێك به ڕاستی گرنگ بێت له ڕووی بابه‌تییه‌وه.
زۆر كه‌س وا مه‌زه‌نده ده‌كه‌ن كه هه‌میشه عه‌قڵانیه‌ت ئامرازییه: عه‌قڵ ته‌نها ده‌توانێت ئه‌وه‌مان پێ بڵێت چۆن ئه‌وه به ده‌ست بخه‌ین كه ده‌مانه‌وێت، به‌ڵام پێویستی و ئاره‌زووه سه‌ره‌كییه‌كانمان بازنه‌ی بیركردنه‌وه تێده‌په‌ڕێنن. پارفیت مشتومڕی ئه‌وه ده‌كات كه ئه‌وه ڕاست نییه.
هه‌ر چۆن ده‌توانین ده‌ركی ئه‌وه بكه‌یین كه ١+١=٢، كه‌واته ده‌شتوانین ببینین كه من هۆكارێكم هه‌یه بۆ خۆ به‌دوورگرتن له ئێش و ئازار له كاتێك له كاته‌كاندا له داهاتوودا، ئه‌مه به چاوپۆشین له‌وه‌ی كه ئایا ئێسته هیچ باكم هه‌یه به‌وه یان هیچ ئارهزووییهكم هه‌یه له‌وه‌ی له ئاینده‌دا تووشی ئازار ده‌بم له‌و كاته‌دا.
هه‌روه‌ها ده‌كرێت هۆكارمان هه‌بێت (هه‌ر چه‌نده هه‌میشه هۆكارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ش نه‌بێت) بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بده‌ین ئه‌وانی تریش تووشی ئازاركێشان نه‌بن. ئه‌م ڕاستییه ڕوونه نۆرماتیڤانه بنچینه‌ی بهرگریكردنهكانی پارفیت له بابه‌تی بوونی ئه‌خلاق فه‌راهه‌م ده‌كه‌ن.
یه‌كێك له به‌ڵگه گه‌وره‌كانی دژ به بابه‌تیبوونی ئه‌خلاق ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵكی به شێوه‌یه‌كی زۆر توند جیاوازن له‌وه‌ی چی به دروست و چی به چه‌وت ده‌زانن، ئه‌م ناكۆكیانه‌ش درێژبۆته‌وه تا ئه‌و فه‌یله‌سوفانه‌شی گرتۆته‌وه كه ناكرێت تۆمه‌تبارییان بكه‌ین به نه‌زانین یاخود سه‌رلێشێوان. ئه‌گه‌ر فه‌یله‌سوفانێكی گه‌وره‌ی وه‌ك ئیمانوێڵ كانت و جێرمی بنتام جیاواز بووبن له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه كه پێویسته چی بكه‌ین، ئایا به ڕاستی ده‌كرێت وه‌ڵامێكی ڕاسته‌قینه‌ی بابه‌تی بۆ ئه‌و پرسیاره هه‌بێت؟
وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پارفیت بۆ ئه‌و مشتمومڕه پاڵی پێوه‌ده‌نێت بۆ بانگه‌شه‌كردنێك كه له‌وه ده‌چێت زۆر بوێرانه‌تر بێت له به‌رگریكردنی له بابه‌تیبوونی ئه‌خلاق.
ئه‌وه سێ له تیۆره سه‌ره‌كییه‌كانی بواری پێویسته له سه‌رمان چی بكهینی وه‌رگرتووه- یه‌كێكان له كانت و ئه‌ویتریان له نه‌ریتی په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی لای هۆبز و لۆك و ڕۆسۆ و فه‌یله‌سوفانی هاوچه‌رخی وه‌ك ڕاوڵز و ت.م. سكانلۆن، ئه‌ویتریشیان له سوودگه‌رایی بنتام– مشتومڕی ئه‌وه‌ش ده‌كات كه پێویسته چاوبخشێنینه‌وه به تیۆره‌كانی كانت و تیۆره‌كانی په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی تا بتوانین به‌رگرییان لێ بكه‌ین.
پاشان مشتومڕی ئه‌وه ده‌كات كه ئه‌م تیۆره چاوپیاخشێنراوانه گونجاوه له‌گه‌ڵ جۆرێك له جۆره‌كانی ئه‌نجامگیری، ئه‌ویش تیۆرهیهكه كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌مان خێزانی به‌رفراوانی سوودگه‌رایی. له كاتێكدا ئه‌گه‌ر پارفیت پێكابێتی، ئه‌وا دژبه‌رییه‌كی كه‌متر هه‌یه له نێوان ئه‌و تیۆره ئه‌خلاقیانه‌دا كه وا دیار بوو لامان زۆر دژ به یه‌ك بووبێتن. به پێی ده‌ربڕینه به‌هێزه‌كه‌ی پارفیت، به‌رگرییكارانی ئه‌و تیۆرانه وا داده‌نرێن كه، “به سه‌ر هه‌مان چیادا سه‌رده‌كه‌ون، به‌ڵام له ئاراسته‌ی جیاوازه‌وه”.
ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی به دوای وه‌ڵامی پرسیاری ناونیشانی كتێبه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێن “له‌باره‌ی شته گرنگه‌كانه‌وه” تووشی نائومێدی ده‌بن. گرنگی پێدانی سه‌ره‌كی پارفیت له بهرگریكردنیدایه له به‌رامبه‌ر خودگه‌رایی (subjectivism) و پوچگه‌رایی (nihilism). ئه‌گه‌ر نه‌توانێت دروستی بابه‌تی بوونی ئه‌خلاق بسه‌لمێنێت وه‌ك خۆی باوه‌ڕی وایه، ئه‌وا هیچ شتێك گرنگ نییه.
كاتێك پارفیت دێته سه‌ر پرسیاری ئه‌وه‌ی “چی گرنگه” ئه‌وا وه‌ڵامه‌كه‌ی وا ده‌رده‌كه‌وێت به شێوه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر ڕوون بێت. ئه‌و پێمان ده‌ڵێت، بۆ نموونه، ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه ئێستا “ئێمه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌ست له هه‌ندێك خۆشگوزهرانییهكانمان هه‌ڵگرین، وازبێنین له بوون به هۆكاری گه‌رمبوونی به‌رگه هه‌وای زه‌وی، به ڕێگای دیكه خه‌می ئه‌م هه‌ساره‌یه بخۆیین، بۆ ئه‌وه‌ی پشتگیریكردنی ژیانی زیره‌ك به‌رده‌وام بێت”.
زۆر له ئێمه به ڕاستی گهشتوویین به‌و ده‌رئه‌نجامه. ئه‌وه‌ی له‌و پهرتوكهوه ده‌ستمان ده‌كه‌وێت تواناداری به‌رگریكردنه له‌و داخوازییه ئه‌خلاقیانه و هی دیكه‌ش، به‌و پێیه‌ی ڕاستییه‌كی بابه‌تین.
سه‌رچاوه:
بيتر سينغر، أخلاقيات عالمنا الواقعي، ت:أحمد رضا، ٨٦ مقالاً موجزاً عن أشياء تهمنا.
[1]له كاتی نووسینی ئه‌م وتاره‌دا كه ساڵی ٢٠١١ بووه دێریك پارفیت ته‌نها ئه‌و دوو به‌شه‌ی یان موجهڵهدهی له كتێبه‌كه‌ی بڵاوبووبوه‌وه، به‌ڵام له ساڵی ٢٠١٧ دا به‌رگی سێیه‌می كتێبه‌كه‌ی پارفیت بڵاو بووه‌وه پێش ماوه‌یه‌كی كه‌م له مردنی، به‌مه هه‌مان كتێبی له‌باره‌ی شته گرنگه‌كانه‌وه ده‌بێت به سێ به‌رگ(و).