ڕانانێک بۆ ڕۆمانی “کێ سالە شێتی کوشت؟”

ڕۆمان لەنێو ناوەندی ئەدەبی کوردیدا لەگەڵ ئەوەی مێژوویەکی درێژی نییە، بەڵام لە پاش ساڵانی هەشتای زایینەوە بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی بە خۆیەوە بینیوە و بەرەو پێشەوە چووە و توانیویەتی لە ئاستی خوێنەر لەنێو کۆمەڵگەی کوردی-باشوور- تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتن بە دەست بهێنت، لە دەرەوەش دەتوانم بڵێم زۆربەی هەرە زۆری ئەو ڕۆمانانەی وەرگێڕانیان بۆ کراوە توانیویانە لەسەر ئاستی بۆچوونی ڕەخنەگران جێگەی تێڕامان بن. ئەمەوێ بڵێم ڕۆمانی کوردی لەچاو تازەیی لەنێو ڕۆشنبیری و نووسینی کوردیدا لە ئاستێکی باشدایە. بەڵام هەمیشە لەگەڵ ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری کتێب خوێنانی کورد خوێنەری ڕۆمانن و ڕۆمانیش تا ئێستا زۆرترین فرۆشی هەیە، بەڵام لە ڕووی تێۆر و ڕەخنەوە بە تەواوی لاواز و پەراوێز خراوە. هەر بۆیە لەنێو ئەو ژمارە زۆرەی ڕۆمان کە نووسراون تا ئێستا ئێمە هیچ دەستەبەندییەکمان بۆ ئەو ڕۆمانانە نییە و دەستنیشان نەکراون سەر بە چ ژانرێکی ڕۆمانن و زۆربەی هەرە زۆری ڕۆمانەکانیش لەنێو بێدەنگییەکی کوشندەدا خۆڵیان لە سەر دەنیشێت.

گومانم نییە لەوەی ئەگەر ڕۆمانی “کێ سالەشێتی کوشت” لە نووسینی “عەلی کەریم” بە هەر زمانێکی تر بوایە و لەنێو هەر کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنبیری تر بێجگە کۆمەڵگەی ڕۆشنبیری ئێمە لە باشوور بوایە ئەوا دەبووە ڕووداوێکی گەورەی ئەدەبی و سەدان توێژینەوەی لەبارەوە بەرهەم دەهات.

لەگەڵ ئەوەی ناوی ڕۆمانەکە “کێ سالە شێتی کوشت” ناتوانێت تا ئاستێکی زۆر خوێنەر بۆ خۆی ڕاکێشێت و وا بکات خوێنەر بێئەوەی هیچ زانیارییەکی دەربارەی ڕۆمانەکە هەبێت دەستی بۆ ببات و بیخوێنێتەوە، ناوی نووسەرەکەش بە تەواوی بۆ خوێنەرانی کوردی زمان تازەیە و هیچ پاشخانێکی پێشوەختەی نییە تا وابکات خوێنەر بە دڵنیاییەوە لە سەر پێشینەی بۆ نووسەر دەست بۆ ڕۆمانێکی قەبارە گەورەی دوو بەرگی ببات. بەڵام کاتێک دەست دەکەی بە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە ئیتر هەتاوەکوو زیاتر بچیتە پێشەوە و کارئەکتەرەکان بناسیت و ڕووداوە زۆرە نەبڕاوەکانی ڕووبەڕووت ببنەوە زیاتر تۆ تامەزرۆ دەبیت. من هەتاوەکوو ڕۆمانەکەم تەواو کرد چەندین جار پرسیم دەبێت عەلی کەریم کێ بێت؟ پیاوێک بەم جۆرە قوڵە شارەزای سایکۆلۆجیا و تاکی کورد بێت و بڕواتە نێو قوڵایی و بیناسێت چۆن دەبێت تا ئێستا هیچ کتێبێکیم نەخوێندبێتەوە. بۆ نووسەرێکی بیانی کاتێک ئەم پرسیارانە یاخود هەر پرسیارێکی ترت لە سەری لای دروست دەبێت  زۆر بە ئاسانی لە ڕێگەی ئینتەرنێت و تۆڕە جۆربەجۆرەکانی ناوییەوە دەتوانی هەموو شتێکت دەست بکەوێت، من چەندین جار بۆ نووسەری کێ سالە شێتی کوشت گەڕام، هیچ زانیارییەکم چنگ نەکەوێت، پرسیارم لە ژمارەیەک نووسەر و خوێنەر کرد هیچ کەسێک نەبوو زانیارییەکی ئەوتۆی لەسەری هەبێت. ئەمە بووە تەلیسمێک بۆ من کە نووسەرێک بەو توانا گەورەیەوە کەس نازانێت کێیە؟ چ کارەیە؟ لەگەڵ ئەوەی چەند زانیارییەکی کورت لە سەر لەدایک بوون و خوێندن و مردنی لە سەرەتای بەرگی یەکەمی ڕۆمانەکە هەبوو، بەڵام بۆ من قایلکەر نەبوو.

بە شێوەیەکی گشتی دەتوانم بڵێم بۆ منی خوێنەر ئەم ڕۆمانە هەنگاوێکی تەواو گەورەیە لەنێو دنیای ڕۆمانی کوردی باشووردا، ڕۆمانێکە بە مەعریفە و پاشخانێکی ئێجگار گەورەی شارەزابوون لە مێژوو و سایکۆلۆژییەتی تاکی کوردی و کۆمەڵگای کوردی بە تایبەت سلێمانی نووسراوە.

ئێمە لە ڕێگەی ئەم ڕۆمانەوە دەتوانین وەڵامی زۆر پرسیارمان لەسەر شێوازی تاک و پەروەردەی خەڵکی سلێمانی هەبێت و، ئەو وەهمە ڕۆشنبیری و پاڵەوانبازییەی لە سەرەتای دروست بوونی سلێمانییەوە تا ئێستا لە شێتێکەوە بۆ ڕۆشنبیرێک لەم شارەدا.

ئەو دۆخەی بۆ نموونە لە ئێستای کۆمەڵگای کوردی دەگوزەرێت ئەوەی کارەساتبارترین دۆخ دەگۆڕێت بۆ نوکتە و پێکەنین.

ئەم ڕۆمانە چەندە ناساندنی تاکی کورد و دانیشتوانی سلێمانییە هێندەش وەک توێژەرێکی کۆمەڵناسی دەردەکانمان بۆ دەستنیشان دەکات. سەرەڕای ئەوانەش پێمخۆشە لە ڕووی پێکهاتە و فۆرمی ڕۆمانەکەوە قسەیەکی لە سەر بکەم.

بە شێوەیەکی گشتی ڕۆمانەکە بە زمانێکی میللی “بازاڕی”، بەڵام بە کوالێتییەکی زۆر بەرزی هونەری گێڕانەوە، چیرۆکی ژیانی کۆمەڵە کەسێکە کە لەنێو گەڕەکێکی شاری سلێمانیدا “حاجی خان” دەژین.

بە شێوەیەکی ڕیالیستیانەی دوور لە هەر گرێ و کۆڵەیە، هەروەها بە زمانێکی تەواو پاراو لە ڕێگەی کوژرانی سالەشێتەوە دەچێتە نێو پانتایی ژیانی دانیشتووانی ئەو گەڕەکە و لەوێوە بۆ دۆخی ژیانی دانیشتوانی سلێمانی و پاشان تاکی کورد. بە زمانێکی ساتیری پڕ لە گاڵتەوگەپ و ڕابواردن دەست دەخاتە سەر زۆر برینی کورد کە تا ئێستا بە دەستییەوە دەناڵێنین ئەڵبەت نەوەک لە سەر زەوی، بگرە لە ئاسمان و لەنێو بەهەشتیتش ئەم دەرده کوردیانە باوە.

کارەکتەرسازی لەنێو سالەشێت:

یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی ڕۆمانی کوردی مەسەلەی کارەکتەرسازییە، نووسەری کورد زۆڕجار ڕۆمانێک دەنووسێت سەرجەم کارئەکتەرەکانی لە یەک دەچن، وەک یەک بیر دەکەنەوە، وەک یەک دەدوێن، وەک یەک ڕووبەڕووی کێشەکان دەبنەوە، بە جۆرێک خوێنەر لەو یەک ڕەنگییە ماندوو دەبێت.  کارەکتەرسازی بە یەکێک لە بنەڕەترین خاڵەکانی سەرکەوتنی ڕۆمان دێتە ژماردن، چونکە ئێمە لە ڕێگەی کارەکتەرەوە دەتوانین بچینە نێو پانتایی ڕۆمانەوە. لە کێ ساڵەشێتی کوشت سەرنجڕاکێشترین خاڵ بۆ من بوونی ئەو هەموو کارەکتەرە خۆڵەمێشیەیە لە ڕۆمانەکەدا و، هەر یەکێکیش تەواو جیاوز و سەربەخۆیە لە کارەکتەرێکی تر. لەم ڕۆمانەدا بە شێوەیەکی گشتی پاڵەوانی یەک جەمسەرە بوونی نییە “پرۆتاگۆنیس” و، هیچ دژە پاڵەوانێکیش نییە “ئەنتاگۆنیس”، هەروەها هیچ کارەکتەرێک نییە لە ساتێکدا دەرکەوێت و ئێمه نەزانین لە کوێوە هاتووە و بۆ کوێ دەڕوات و چی بەسەر دێت، سەرجەمی ئەو کارەکتەرانەی کە هەن ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەنێو ڕۆمانەکەدا پەیوەندییان پێکەوە هەیە، بەشێکن لە ڕووداوەکان، دەبنە ئەڵقەیەک بۆ بەستنەوەی ڕووداوەکان بە یەکەوە. لەم ڕۆمانەدا خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش دروست کردنی کارەکتەری غەیرە مرۆییە، واتە کارەکتەری ئاژەڵ، نووسەر زۆر بە وردی ژمارەیەک کارەکتەری ئاژەڵیی هێناوەتە ڕۆمانەکەوە کە ڕۆڵیان هەیە لە بەرەو پێشبردنی ڕووداوەکان بگرە لە یەکلاکردنەوەشیاندا یاخود تەواوکەری کارەکتەرەکانی دی بۆ نموونە سەگەکەی سالە یاخود پشیلەکانی خاڵە، یان ئەو تەیرەی خاڵە دەباتە بەر دەرگای بەهەشت.

دیالۆگ:

ئەرستۆ کاتێک وانە تایبەتەکەی لە سەر شیعر-شانۆنامە- گوتەوە “پۆیەتیکا“، دیالۆگی وەک خاڵێکی بنچینەی و یەکلاکەرەوە دەستنیشان کرد، چونکە ئێمە لە ڕێگەی دیالۆگەوە کارەکتەرەکان دەناسین، پێیان ئاشنا دەبین و، هەر لە ڕێگەی دیالۆگەوە کارەکتەرەکان ڕووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و ڕووداو دروست دەبێت. لە ڕۆمانی کێ سالەشێتی کوشت دیالۆگ یەکێک لە بنچینەکانی ڕۆمانەکەیە کە وای کردووە بیکاتە ڕۆمانێکی تەواو جیاواز و سەرنجڕاکێش لەنێو ڕۆمانی کوردیدا، هەموو کارەکتەرێک خاوەن زمانێکی تایبەت بە خۆیەتی کە بە پێی شوێن و پێگەی کۆمەڵایەتی و پەروەردە و ئەزموونی ژیانییەوە دەپەیڤێت، ئێمە لەم ڕۆمانە قەبەیەشدا بۆ تەنها یەک جاریش نابینین دوو کارەکتەر وەک یەک و بە یەک شێوە زمان بپەیڤن و، ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە. لەلایەکی ترەوە لە ڕێگەی دیالۆگەوە ئێمە بە زمانی ڕۆمانەکە ئاشنا دەبین کە زمانێکی تەواو میللییە، نووسەر زۆر وشیارانە بۆ ئەوەی چوارچێوە کۆمیدییەکەی بپارێزێت کە مەبەستێتی پەنای بۆ ئەم زمانە بازاڕییە بردووە و، لە ئاگاییەکی تەواوەوە ئەم کارەشی کردووە، چونکە وەک باسمکرد ئەو بە تەواوی ئاشنای کارەکتەرەکانە و بە وردی کارەکتەرسازی کردووە و ئەو ڕووداو و شوێنەی کە نووسەر دەیەوێت بیگێڕێتەوە بەها بە شێوەی گێڕانەوەی ڕۆمانەکە دەدات. بە دڵنیاییەوە ئەگەر زمان بەم شێوە میللییە بازاڕییە نەبوایە بۆ ئەو کارەکتەرانە و ئەو ڕووداوانەی کە دەیگێڕێتەوە لە سەد لاپەڕەی یەکەم خوێنەر ڕۆمانەکە فڕێ دەدا.

هیوم پێیوایە ناسنەمای تاک لەنێو کۆمەڵگە لە ڕێگەی یادگەی تاکەوەیە، شێوازی گێڕانەوە لەم ڕۆمانەدا لە سەر هەر دوو شێوەی گێڕانەوەی باوی کارەکتەرسازییە  لەنێو ڕۆماندا کە جۆری یەکەم گێڕانەوەیە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن خودی کارەکتەرەوە یاخود گێڕانەوەیە لە ڕێگەی ناڕاستەوخۆ واتە لە ڕێگەی ئەوی دییەوە، لەم ڕۆمانەدا بۆ زاڵبوون بە سەر ناسنامەی هەر یەک لە کارەکتەرەکان بە وردی سوودی لە هەر دوو شێوازەکە بینیوە، و هەر یەک لەمانە پێکەوە کۆمەڵگەیەکیان پێکهێناوە کە ئێمە لە ڕێگەیەوە ناسنامەی کارەکتەرەکان دەناسین. وەک وتم بۆ زیاتر ناسینی کارەکتەرەکانیش بە تەنها نەهاتووە لە ڕێگەی ڕاستەوخۆوە پێمان بناسێنێت بەڵکوو زۆرجار پەنای بردووەتە بەر ئەوانی تر بۆ ناسینییان.

خاڵێکی تر لە ڕۆمانەکەدا مەسەلەی کردارە واتە “درام یان فیکشن”. کە دیسان ئەمە بۆ ڕۆمانی کوردی زۆر نوێیە و لای من یەکەم نووسەرە بەم شێوە چڕه کار لەسەر ئەم ڕەگەزە گرنگەی ژانرێکی وەک ڕۆمان بکرێت. درام جۆرێک لە کردار و ڕووبەڕووبوونەوەیە کە تێیدا کارەکتەرەکان ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە لە جێی ئەوەی بە وشە کێشەکانیان چارەسەر بکەن پەنا بۆ جوڵە دەبەن ئەمەش وادەکات ڕۆمان لە وەڕەسی گێڕانەوە “سرد” ڕزگار بکات و، خوێنەر لە جێی ئەوەی وشەکان ببیستێت وێنەی جوڵاو لە چەشنی فیلمێکی سینەمایی دەبینێت. نووسەری کورد زۆر کات لەبەر ئەوەی توانای نییە له پیشاندانی چیرۆکەکەی پەنا بۆ گێڕانەوەی نەبڕاوە دەبات و وشە دەکاتە بەدیل.

* کێ سالەشێتی کوشت، عەلی کەریم، ڕۆمان ٢ بەرگ، بڵاوکراوەی کتێبخانەی وشە ٢٠١٩