ئیستاتیکای بوون

چاوپێکەوتن لەگەڵ میشێل فوکۆ

لە فەڕەنسییەوە: ئەبوبەکر حەسەن
میشێل فوکۆ

فۆنتانا: حەوت ساڵ بە سەر بڵاوبوونەوەی کتێبی ویستی زانیندا تێپەڕی، دەزانم ئەم دوا کتێبەتان ڕووبەڕووی کێشەی کردنەوە و بەر چەندین ئاستەنگ کەوتن. پێم خۆشە لەبارەی ئەو بەربەست و ئاستەنگانەوە و، ئەو گەشتەتان لەناو جیهانی گریکۆـ ڕۆماندا قسەم بۆ بکەن، ئەگەر بۆ ئێوە نادیار و بزر نەبێت، بە لای کەمەوە تۆزێک نامۆیە.

بۆ هەندێک کەس، نووسینی کتێبێک هەمیشە ڕیسککردنە بە شتێکەوە. بۆ نموونە، سەرنەکەوتن لە نووسینیدا، کاتێک پێشوەخت دەزانین دەگەینە کوێ، ڕەهەندێکی ئەزموونکردن هەیە کە نیمانە و نوقسانە، ئەوەی کە بە وردی پەیوەندی بە نووسینی کتێبکەوە هەیە لەناو ڕیسککردن کە نەگەیت بە کۆتایی.

فوكۆ: بەربەست و ئاستەنگەکان لە خودی پرۆژەکەوە دێن، ئەوەی دەیەوێت بە دەقیقی خۆی لێیان بپارێزێت… لەناو ڕێکخستنی کارەکانمدا، لەناو چەندین بەرگدا کە پێشتر لە پلانێکدا ئامادەم کردبوو، بە خۆمم وت ئێستا کاتی نووسینیەتی بە بێ کێشە، بە ئاسانی هەستم بە ڕێکخستنی ئەوەی لە مێشکمدایە لە ڕێگەی ساغکردنەوە و یەکلاکردنەوەی لە مەیدانی توێژینەوەی پراتیکی و ئەزموونیدا کرد. لەگەڵ نووسینی ئەم کتێبانەدا لە تاو توندی و بە تینیی نیگەرانی، خەریک بوو دەمردم: هاوشێوەی ئەوانەی پێشوو بوو. بۆ هەندێک کەس، نووسینی کتێبێک هەمیشە ڕیسککردنە بە شتێکەوە. بۆ نموونە، سەرنەکەوتن لە نووسینیدا، کاتێک پێشوەخت دەزانین دەگەینە کوێ، ڕەهەندێکی ئەزموونکردن هەیە کە نیمانە و نوقسانە، ئەوەی کە بە وردی پەیوەندی بە نووسینی کتێبکەوە هەیە لەناو ڕیسککردن کە نەگەیت بە کۆتایی. بەم شێوەیە تەواوی پرۆژەکەم گۆڕی؛ لەو شوێنەی دەستمکرد بە لێکۆڵینەوە لەبارەی سێکسواڵیتێوە لەناو سنووری مەعریفە و دەسەڵاتدا، هەوڵمدا بە شێوەیەکی دوورمەودا بزانم چۆن بیناکراوە، بۆ خودی خۆی، ئەزموونی سێکسوالیتێکەی وەک ئارەزوو. بۆ دەرخستن و بە ڕووخستنی، بە دیارخستنی ئەم گیروگرفت و پرۆبلیماتیکە ناچار بووم زۆر لە نزیکەوە بگەڕێمەوە سەر تێکستە دێرینەکان، لاتینی و گریکی، ئەمەش داوای هەوڵ و خۆ ئامادەکردنی زۆری لێدەکردم، لە زۆر جێگەدا بڕێکی زۆر لە دڵەڕاوکێی و دۆشدامان  تا کۆتایی.

فۆنتانا: هەمیشە بڕێک لە مەبەستخوازی لە کارەکانتدا هەیە کە زۆرجار لە دەستی خوێنەران دەردەچێت، مێژووی شێتی لە قوڵاییدا مێژووی فۆرمیولەبووی ئەو مەعریفەیە کە ناوت ناوە پسیکۆلۆژی؛ وشەکان و شتەکان ئارکیۆلۆژیای زانستە مرۆییەکانە؛ چاودێری و سزا دەرخستنی فۆرمیولەبوونی دیسپلینەکانی جەستە و ڕۆحە. وایدەبینم ئەوەی کە چەق و سێنتراڵە لە دوا کتێبەکانتدا ئەوەیە کە ناوتان لێناوە “گەمەکانی حەقیقەت”.

فوکۆ: لەو بڕوایەدا نیم کە جیاوازییەکی گەورە هەبێت لە نێوان ئەم کتێبانە و کتێبەکانی پێشوو. کاتێک کتێبگەلێکی وەک ئەمانە دەنووسین، ئارەزوویەکی زۆر دەکەین هەموو ئەو شتانەی کە بیری لێدەکەینەوە گۆڕانکاری بە سەردا بێنین و دەستکاری بکەین و، لە کۆتاییدا شتێکمان دەستگیر ببێت کە زۆر جیاوازە لە دەسپێک. پاشان، لە کۆتاییدا لەوە تێدەگەین کە زۆر بە کەمی دەستکاریمان کردووە. ڕەنگە گۆشەنیگا و دیدگاکەمان گۆڕی بێت و دەسکاریمان کردبێت، بە دەوری هەمان کێشەدا سوڕابێتینەوە کە بەردەوام هەمان کێشەیە، واتە پەیوەندییەکانی نێوان سوژە، حەقیقەت و بیناکردنی ئەزموون. من گەڕاوم بە دوای شیکردنەوە و شیکاری ئەوەی کە چۆنچۆنی مەیدان و پانتاییگەلێکی وەک شێتی، سێکسوالیتێ، لادان دەتوانرێت بخرێنە ناو گەمەکانی حەقیقەتەوە، لەلایەکی دیکەوە لە ڕێگەی ئەم چوونە ناوەوە لە پراتیکە مرۆییەکاندا، لەناو ڕەفتارەکانی ناو گەمەکانی حەقیقەتدا، سوژە خۆی وەک کارتێکراوێک دەبینێتەوە. هەر ئەمە بوو کێشەی مێژووی شێتی و سێکسواڵیتێ.

فۆنتانا: لە قوڵاییدا کارەکە سەروکار نییە لەگەڵ ژینیالۆژیایەکی نوێی مۆراڵ؟

فوکۆ: ئەگەر باس لە گرنگیی ناونیشان و مۆرکێکی گەورەی نیتچە بکەین بە سەرییەوە، دەڵێم بەڵێ.

فۆنتانا: لە نووسینێکدا کە لە گۆڤاری (لۆ دیبا، گفتوگۆ)، لە نۆڤەمبەری ۱۹۸۳ بڵاوکرابووەوە، سەبارەت بە سەدە کۆنەکان قسەتان لە مۆراڵێکی وەرچەرخاو بۆ ئیتیک و، مۆراڵێکی وەرچەرخاو بۆ کۆد کردووە. لێرەدا دابەشبوون هەیە لە نێوان مۆراڵی گریکۆ ـ ڕۆمان و  ئەوەی لەگەڵ کریستیانیزمدا لە دایک دەبێت؟

فوکۆ: لەگەڵ کریستیانیزمدا ئێمە گۆڕانکارییەکی خاو و لەسەرخۆ، هێواش و بەرە بەرەمان بینی لە بەرانبەر مۆراڵی کۆن و دێریندا، کە بە شێوەیەکی جەوهەری پراتیکێک بوو، ستایلێکی ئازادی بوو. سروشتییە کە لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک نۆرمی ڕەفتاری هەبوو کە  تاکی ئاراستە دەکرد، ڕێنمایی تاکی دەکرد. بەڵام ئیرادەی بوون بە سوژەیەکی مۆراڵی و، گەڕان بە دوای ئیتیکێک بۆ بوون بە شێوەیەک پرەنسیپیی لە کۆندا هەبوو، هەوڵدانێک لەپێناو ئەداکردنی ئازادیدا تا فۆرمگەلێک ببەخشێتە ژیانی، تا لە سایەی ئەو فۆرمانەدا و لە ڕێگەیانەوە بتوانێت خۆی و ئەوانی دیکەش بیناسێتەوە و نەوەکانی داهاتووش نموونەیەک ببیننەوە. ئەم ڕێوشوێن گرتنەبەرە لەبارەی ژیانی تایبەتی خۆیەوە وەک کارێکی هونەریی تاکەکەسێ، سەرباری ئەوەی ملکەچە بۆ یاسا و ڕێسای کۆلێکتیڤی، من وایدەبینم ئەمە لە چەق و ناوەندی ئەزموونی مۆراڵیدا، لە ئیرادەی مۆراڵدا، لە کۆندا وا بووە. لە کریستیانیزمدا، لەگەڵ تێکستە ئایینییەکان و ئایدیای ئیرادەی خوداوەندا، پرەنسیپی ملکەچبوون، مۆراڵ زیاتر فۆرمێکی کۆدی یاسایی وەرگرتبوو، (لەگەڵ زانینی ئەوەی پراتیکگەلێکی زوهدی زیاتر گرێدراو بووە بە مومارەسەکردنی ئازادییەکی کەسییەوە). لە سەردەمی کۆنەوە بۆ کریستیانیزم، ئێمە لە مۆراڵێکەوە دەگوێزینەوە کە بە جەوهەری گەڕان بووە بۆ ئیتیکێکی کەسی بۆ مۆراڵێک وەک ملکەچبوون بۆ سیستەمێکی ڕێساکان. ئەگەر من گرنگی بە سەردەمی کۆن دەدەم لەبەر زنجیرەیەک هۆکارە، ئایدیای مۆراڵێک وەک ملکەچبوون بۆ کۆدێکی ڕێساکان کە لە ئێستادا لە سەروبەندی ونبووندایە، یاخود بە تەواوی ون بووە. لە سەر بنەمای ئەم ئاوابوون و ونبوونەی مۆراڵ، پێویستە وەڵامێک هەبێت بۆ گەشت و گەڕانێک کە ئێستاتیکایەکی بوونە.

فۆنتانا: تەواوی مەعریفە کەڵەکەبووەکانی ئەم ساڵانەی دوایی لەبارەی جەستەوە، لەبارەی سێکسوالیتێوە، لەبارەی دیسپلینەکانەوە، پەیوەندی ئێمە بە ئەوانی دیکەوە، بوونمان لە جیهاندا ڕێک بخات؟

فوکۆ: ناتوانم ئەوە ڕەدبکەمەوە کە زنجیرەیەک باس و خواس بهێنمە ناو گفتوگۆوە، ئەگەرچی بە سەربەخۆیی لە بژاردە سیاسییەکاندا لەبارەی  فۆرمگەلێکی بوون و ڕێساگەلێکی ڕەفتار و هتد، زۆر بەرهەمدار بوو: پەیوەندی لەگەڵ جەستە لەنێوان ئافرەت و پیاو، لەگەڵ سێکسواڵیتێ.

فۆنتانا: کەواتە ئەو مەعریفانە هاوکار و یارمەتیدەرمانن بۆ ژیانێکی باشتر، بۆ ئەوەی باشتر بژین؟

فوکۆ: کارەکە تەنیا گۆڕانکارییەکی سادە نەبوو لەناو سەرقاڵییەکاندا، بەڵکوو گۆڕانکارییەک بوو لەناو گوتاری فەلسەفی، تیۆری و ڕەخنەییدا هتد. لە ڕاستیدا لەناو زۆربەی شیکار و شیکردنەوە ئەنجامدراوەکاندا ئێمە پێشنیاری ئەوە بۆ خەڵک ناکەین تا ببن بەوە و یان پێویستە ببن بە چی و پێویستە چی بکەن و، پیویست بێت بڕوای پێبهێنن و بیری لێبکەنەوە. کارەکە زیاتر پەیوەندی بە دەرخستنی چۆنێتی کارکردن و توانای میکانیزمە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە تا سنووری ئێستا و توانیویانە یاری بکەن، چۆنچۆنی فۆرمەکانی فشار و سەپاندن و ملکەچکردن کاریان کردووە و جووڵاون. پاشان، لێرەوە و لەم سۆنگەیەوە وایدەبینم پێویست بێت واز لە خەڵک بێنین تا ئیمکانی بڕیاردان و هەستان بەوەی کە گونجاوە بۆیان، هەڵبژاردنی شێوازی بوون، لەناو مەعریفە و ناسینیی تەواوی ئەمانەدا، ئەنجام بدەن.

فۆنتانا: بۆ پێنج ساڵ دەچێت ئێمە بەردەوام شوێنکەوتەی کۆرسەکانتین لە کۆلێژ دۆ فڕانس، بە خۆمانمان وت فوکۆ لەناو بیرکردنەوە و تێفکرینیدا سەبارەت بە لیبڕالیزم، کتێبێکمان لەبارەی سیاسەتەوە دەداتێ. لیبڕالیزمیش وا دەردەکەوێت وەرچەرخانێک بێت لەپێناو دۆزینەوە و کەشفکردنی تاک لەودیو میکانیزمەکانی دەسەڵاتەوە. ئێمە ئاگاداری نەیاربوون و دژایەتی ئێوەین بەرانبەر سوژەی فینۆمینۆلۆژیی. لەو کاتەدا قسە و باس سەبارەت بە سوژەی پراتیک هاتەگۆڕێ و، سەرلەنوێ خوێندنەوەی لیبڕالیزمیش کەمێک لە دەورووبەری ئەمە دەسووڕایەوە. بۆ کەس نامۆ و نهێنیی نییە کە زۆر جاران دەڵێین: سوژە لە کارەکانی فوکۆدا نییە. سوژەکان هەمیشە ملکەچن، ئەوان پنتی چاوخستنە سەر و پنتی چڕبوونەوەن لەلایەن تەکنیکەکانەوە، لەلایەن دیسپلینە پێوەرگیرەکانەوە، بەڵام سوژەکان هەرگیز سوژەی سەروەر و خاوەن سەروەری نین.

من وا بیردەکەمەوە کە سوژەیەکی سەروەر بوونی نییە، فۆرمێک لە سوژەی گەردوونی کە بتوانین لە هەموو شوێنێک بیبینینەوە بوونی نییە. من زۆر گومانم هەیە و تەواو نەیار و دژم بەم تێگەیشتنە لەبارەی سوژەوە

فوکۆ: پێویستە جێ بکرێنەوە. پێش هەر شتێک من وا بیردەکەمەوە کە سوژەیەکی سەروەر بوونی نییە، فۆرمێک لە سوژەی گەردوونی کە بتوانین لە هەموو شوێنێک بیبینینەوە بوونی نییە. من زۆر گومانم هەیە و تەواو نەیار و دژم بەم تێگەیشتنە لەبارەی سوژەوە. بە پێچەوانەوە، وا بیر دەکەمەوە کە سوژە لە ڕێگەی پراتیکەکانی ملکەچبوونەوە خۆی بینا دەکات، یاخود بە شێوازێکی زیاتر ئۆتۆنۆم، لە ڕێگەی پراتیکەکانی ئازادی و ئازادبوونەوە وەک ئەوەی لە سەردەمی کۆندا هەبووە، ئەڵبەتە بە دڵنیاییەوە لە سۆنگەی کۆمەڵێک یاسا و ڕێساوە، لە ڕێگەی ستایلگەلێکەوە، لە ڕێگەی کۆمەڵێ پەیمانبەستنەوە کە ئێمە لەناو پانتاییە کولتوورییەکاندا دەیبینینەوە.

فۆنتانا: ئەمە ڕاماندەکێشێتە ناو ئەکتوێلیتێ و ئێستای سیاسەتەوە،  زەمەنەکان قورس و سەختن: لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی پەیمانی ماڵتا و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دوو جەمسەر و بلۆکەکە؛ لە سەر ئاستی ناوخۆ  تارمایی قەیران. لە بەرانبەر هەموو ئەمانەشدا، وایدەبینین لە نێوان چەپ و ڕاستدا تەنیا جیاوازی ستایل هەیە، چۆن بڕیار بدەین لە بەرانبەر ئەم واقیعەدا، کە وا دەردەکەوێت بێ ئەلتەرناتیڤێکی مومکین بێت؟

فوکۆ: وایدەبینم پرسیارەکەتان لە یەک کاتدا ڕاستە و تۆزێکیش توند و زبرە. پێویستە بکرێت بە دوو نەزمی جیاوازی پرسیارکردن: لە یەکەمیاندا ئەوەیە کە پیوستە قبوڵی بکەین یان قبوڵی نەکەین؟ دووەم، ئەگەر قەبوڵمان نەکرد، دەتوانین چی بکەین؟ سەبارەت بە پرسیاری یەکەم، پێویستە بە بێ هیچ لێڵی و تەمومژاوییەک وەڵام بدەینەوە: نە پاشماوەکانی جەنگ، نە  درێژکردنەوەی هەلومەرجێکی تایبەتی و دیاریکراوی ستراتیژیی لە ئەوروپادا، نە نیوەی ئەوروپاش ملکەچ و ژێر دەستە بێت. پاشان پرسیاری دووەم دێت: “دەتوانین چی بکەین دژ بە دەسەڵاتێک وەک ئەوەی یەکێتی سۆڤیەت، وەکو دەوڵەتی تایبەتی خۆمان، لەگەڵ گەلاندا کە دیوارێکی ئاسنین لە نێوانیاندا دروستکراوە؟” سەبارەت بە یەکێتی سۆڤیەت شتێکی گەورەمان پێناکرێت، تەنیا پاڵپشتی و یارمەتیدانێکی کارا و چالاک تا ئەو شوێنەی مومکین بێت بۆ ئەو کەسانەی لە هەمان شوێندا لە ململانێدان، لە شوێن و جێگەی خۆیاندا لە خەبات و کێشمەکێشدان. سەبارەت بە دوو ئامانجەکەی دیکە، دەتوانرێت پێداگیریی و جەخت لەوە بکرێتەوە کە کارێکی زۆر هەن پێویستە پێی هەڵسین و ئەنجامی بدەین، نانەکە بە سەر ساجەوەیە.

ڕاستە کە ناتوانرێت داوا لە حکومەتێک بکەین ڕاستی بڵێت، هەموو حەقیقەت و هیچی تر جگە لە حەقیقەت. لە بەرانبەر ئەمەدا، دەکرێت و مومکینە داوا لە حکومەتەکان بکەین جۆرێک لە حەقیقەت سەبارەت بە پرۆژەگەلێکی دیاریکراو، کۆمەڵێک بژاردە سەبارەت بەو تاکتیکانەی گیراوەتە بەر، ژمارەگەلێک لە خاڵی دیاریکراو لەناو پرۆگرامەکەیاندا، بخاتە بەردەستمان

فۆنتانا: کەواتە ناتوانین هەلومەرجێک قەبوڵ بکەین و لە کۆڵی بنێین، کە بکرێت پێی بڵێین هیگڵی، تەحەمولکردن و ناڵان لە ژێر هەلومەرجێکی دروستکراو وەک ئەوەی کە هەیە و وەک ئەوەی دەخرێتە پێشچاومان. و کۆتا پرسیار: “ئایا حەقیقەتێک لە ناو سیاسەتدا هەیە؟”

فوکۆ: لەو بڕوایەدام بڕێکی زۆر لە حەقیقەت، تا خۆمان ناچار نەکەین بڵێین حەقیقەتگەلێکی جیاواز و ڕێگا و شێوازی جیاوازی وتن و گۆکردنی. ڕاستە کە ناتوانرێت داوا لە حکومەتێک بکەین ڕاستی بڵێت، هەموو حەقیقەت و هیچی تر جگە لە حەقیقەت. لە بەرانبەر ئەمەدا، دەکرێت و مومکینە داوا لە حکومەتەکان بکەین جۆرێک لە حەقیقەت سەبارەت بە پرۆژەگەلێکی دیاریکراو، کۆمەڵێک بژاردە سەبارەت بەو تاکتیکانەی گیراوەتە بەر، ژمارەگەلێک لە خاڵی دیاریکراو لەناو پرۆگرامەکەیاندا، بخاتە بەردەستمان: ئەمەش پاریزیای (قسەی ئازاد و ڕاشکاو) حکومڕانیکراوەکان کە دەتوانرێت، یاخود پێویستە بە ناوی مەعریفە و بە ناوی ئەو ئەزموونەی کە هەیانە، پرسیار لە حکومەت بکرێت و بخرێتە بەردەم پرسیارەوە، بەو پێیەی هاونیشتمانییەکە سەبارەت بەوەی ئەوانی دیکە لە حوکومڕانان ئەنجامی دەدەن، سەبارەت بە مانای کردە و ئەکسیۆنەکەی و، سەبارەت بەو بڕیارانەی دراون. لە بەرانبەردا، دەبێت وشیار و بە ئاگا بین لەو فێڵ و تەڵەکەیەی کە حوکومڕانان دەیانەوێت ڕووناکبیرانی تێ بهاون و بیانخەنە ناوییەوە، زۆر جار دەکەونە ناوییەوە و، دروشمی: (خۆتان بخەنە شوێنی ئێمە و پاشان پێمان بڵێن چی دەکەن). ئەمە پرسیارێکە ئێمە لە ئان و ساتی وەڵامدانەوەیدا نین. بڕیار وەرگرتن و بڕیاردانێک سەبارەت بە پرسێکی دیاریکراو، پێویستی بە مەعریفە و زانینی دۆسیەگەلێکە کە ڕەدکراوەتەوە، شیکاریی و شیکردنەوەی بارودۆخێک کە ئێمە ئیمکانی ئەنجامدانیمان نەبووە، کەواتە ئەمە تەڵەیەکە. بە لایکەمەوە هیچ نەماوەتەوە بۆمان وەک ئەوەی حکومڕانیکڕاوین، جگە لەوەی بە تەواوی مافی ئەوەمان هەیە   پرسیارەکانی حەقیقەت بکەین (چی دەکەن بۆ نموونە کاتێک دژ و نەیارن بەو موشەکانەی ئەوروپا تێدەپەڕێنن، یان بە پێچەوانەوە کاتێک پاڵپشتییان لێدەکەن، سەبارەت بە قەیرانی ئاسن و کانزای لۆرێن، کاتێک دۆسیەی  پەروەردە و فێرکردنی تایبەت واڵا دەکەن؟)

فۆنتانا: لەناو ئەم کەوتن و سەرەولێژبوونەوەدا بەرەو دۆزەخ کە تێڕامانێکی قوڵ و گەڕان و توێژینەوەیەکی درێژە، دابەزین و لاربوونەوەیەک کە تێیدا سەروکارمان لەگەڵ گەڕان و توێژینەوەی حەقیقەتدایە، ئێوە دەتانەوێت لەگەڵ چ جۆر و تایپێک لە خوێنەر بە یەک بگەن؟ ئەوە ڕاستییەکە کە ڕەنگەدانەری باشمان هەبن، لە بەرانبەردا  بەرە بەرە کەمبوونەوەیەکی  خوێنەری باشیشمان هەیە.

فوکۆ: من دەڵێم خوێنەر، ڕاستە چیتر ناخوێنینەوە، کتێبی یەکەم کە دەنووسرێت دەخوێنرێتەوە، چونکە نەناسراوین، چونکە خەڵکی نازانن ئێمە کێین، وەک چۆن لەناو جۆرێک لە بێنەزمی و شپرزەیی و تەمومژاویدا دەخوێنرێتەوە، ئەمەش بۆ من باش دەڕوات. هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی نەک تەنیا بۆ ئەوەی کتێب بنووسین، بەڵکوو بۆ یاسای کتێبیش. تەنیا یاسایەک تەواوی خوێنەرە مومکینەکانن. هیچ نەرێنی و خراپەیەک بەدی ناکەم کاتێک کتێبێک بە شێوازی جیاواز دەخوێنرێتەوە. ئەوەی کە کێشە و مەترسییەکی گەورەیە، ئەوەیە کاتێک کتێب دەنووسین چیتر ناخوێنرێنەوە، لە ڕێگەی خوێندنەوەی خراپەوە، لە تێکدانێکەوە بۆ تێکدانێکی تر. ئێمە خەریکین وێنەیەکی تەواو شێواو دەدەینە کتێب. لێرەدا کێشەیەکی زەق خۆی دەردەخات: ئایا پێویستە بچینە ناو ئەم چەلەحانێیەوە و بەرانبەر هەر بە لاڕێدابردن و شێواندنێک وەڵاممان هەبێت، لە دواجاریشدا یاسا بۆ خوێنەران دابنێین، ئەمەش من لێی هەڵدێم، یان لێیگەڕێین و، ئەوەی من دیسانەوە لێی هەڵدێم ئەوەیە کە کتێب بە شێوەیەک بشێوێنرێت تا کتێبەکە ببێت بە نوسخەیەکی کاریکاتێری خۆی. تەنیا ڕێگەچارەیەک دەبێت؛ تەنیا یاسایەک بۆ چاپەمەنی، تەنیا یاسایەک بۆ کتێب، ئەوەیە یاسایەک دانرێت کە دووجار بەکارهێنانی ناوی دانەر قەدەغە بکات، لەگەڵ مافی لە بیرکردنی ناوی نووسەر یاخود هەڵبژاردنی ناوێکی خوازراو بۆ ئەوەی هەر کتێبێک بۆ خودی خۆی، واتە بۆ کتێبەکە بخوێنرێتەوە. هەندێک کتێب هەیە ناسینی دانەرەکەیان کلیلێکە بۆ ڕوونیی و ئاشکرایی. بەڵام بەدەر لە چەند دانەرێکی مەزن و گەورە، بۆ زۆربەی زۆری دیکە، ئەم ناسینە بە دەقیقی هیچ ناگەیەنێت. تەنیا خزمەت بە پیشاندان و بەرچاوڕوونی دەکات. بۆ کەسێکی وەک من کە دانەرێکی گەورە نیم، بەڵکوو تەنیا کەسێکم کە کتێب دروست دەکەم، دەمانەوێت کتێبەکان بۆ خودی خۆیان بخوێنرێنەوە بە هەموو نەنگی و ناتەواویی و نوقسانی یاخود باش بوونییەوە.

سەرچاوە:

«Une esthétique de l’existence» (entretien avec A. Fontana), Le Monde, 15-16 juillet 1984, p. XI.

Dits Ecrits tome IV texte n°357