- ڕێگه بده با له ده‌ستپێکی ئاشنابوونت به فه‌لسه‌فه‌وه ده‌ست پێ بکه‌ین، وه‌ک خوێندکارێک، چ فه‌یله‌سووفێک له‌و کاته‌دا که له سه‌ره‌تای گه‌شته فه‌لسه‌فییه‌که‌تدا بوویت، زۆرترین کاریگه‌ری له‌سه‌رت هه‌بووه؟ چۆن وه‌سفی ئه‌و کاریگه‌رییه ده‌که‌یت؟
سینگه‌ر: کاتێک خوێندکاری زانکۆ بووم، کاریگه‌رترین فه‌یله‌سووف له‌سه‌رم “هنری جۆن مه‌ککلۆسکی-H.J. McCloskey” بوو، که یه‌که‌مین کۆرسی ئه‌خلاقی پێ وتم. ئه‌مه‌ش له به‌شی فه‌لسه‌فه‌ی له زانکۆی مێلبۆرن بوو، که زۆر کاریگه‌ریی ڤیتگنشتاین و جۆن ئۆستن و فه‌لسه‌فه‌ی “زمانی ئاسایی” له‌سه‌ر بوو، که بریتییه له شیکردنه‌وه‌ی واتای وشه‌کان. مه‌ککلۆسکی له‌سه‌ر ته‌رزی کۆن ئه‌ژمار ده‌کرا، چونکه له‌و کاته‌دا هێشتاکه بڕوای وابوو که مشتومڕکردن له‌سه‌ر پرسه جه‌وهه‌رییه‌کانی ئه‌خلاق و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی، کارێکی سوودبه‌خشه. به‌لای منه‌وه، ئه‌وه زۆر مایه‌ی گرنگیپێدان بوو -له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به پێچه‌وانه‌ی شیکردنه‌وه‌ی زمانه‌وانییه‌وه، ده‌کرێت جیاوازییه‌ک له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا درووست بکات. هه‌رچه‌نده زۆر ناکۆک بووم له‌گه‌ل مه‌ککلۆسکی له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته ئه‌خلاقییه جه‌وهه‌رییانه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بوایه، پێ نه‌ده‌چوو له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌دا به‌رده‌وام بم.
- له ماوه‌ی گه‌شته فه‌لسه‌فییه‌که‌تدا که ده‌گاته ٥٥ ساڵ، ئه‌و ڕووداوه (یان ڕووداوانه) چی بوو که به‌هۆیه‌وه ده‌رکت به‌وه کرد که له ڕێگادای به‌وه‌ی ببیته زیاتر له فه‌یله‌سووفێکی ئاسایی؟ پڕۆفیسۆر سینگه‌ر، چۆن مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌شه ژیانتدا کرد؟
سینگه‌ر: ڕووداوه یه‌کلاکه‌ره‌وه‌که له ساڵی ١٩٧٠دا ڕووی دا، کاتێک خوێندکاری خوێندنی باڵا بووم له زانکۆی ئۆکسفۆرد. خوانێکی نێوه‌ڕۆ به ڕێککه‌وت، له‌گه‌ڵ ڕیچارد کیشن – که خوێنکارێکی که‌نه‌دیی خوێندنی باڵا بوو- ژیانی گۆڕیم، چونکه کاتێک مه‌عکه‌رۆنیی سپاگێتی بۆ پێشنیاز کرا، پرسیاری کرد ئایا گۆشت له ناو سۆسه‌که‌دایه، کاتێک پێی وترا به‌ڵێ تێیدایه، ڕه‌تی کرده‌وه قاپه‌که وه‌ربگرێت. من پێشتر ڕێککه‌وتی هیچ ڕووه‌کخۆرێکم(vegetarian) نه‌کردبوو، بۆیه پرسیارم لێ کرد بۆچی گۆشت ناخوات. پێی گوتم شتێکی درووست نییه ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵاندا ده‌یکه‌ین پێش سه‌ربڕینیان بۆ خواردن. سه‌رم سوڕما. بێگومان ده‌مزانی ئاژه‌ڵه‌کان سه‌ر ده‌بڕدرێن بۆ دابینکردنی گۆشت بۆمان، به‌ڵام هیچ زانیارییه‌کم نه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که زۆربه‌ی ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی که بۆ خواردن به‌خێو ده‌کرێن تێده‌ته‌پێنرێنه نێو گه‌وڕ و ته‌ویله‌کانه‌وه، که ئه‌مه‌ش وایان لێ ده‌کات ژیانێکی مه‌ینه‌تبارانه بژین، که به هیچ به‌شێوه‌یه‌ک ناگونجێت له‌گه‌ڵ پێویستییه‌کانیاندا. ئه‌مه‌ش پاڵی پێوه‌نام که بیر بکه‌مه‌وه له ئه‌خلاقیبوونی مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵه‌کاندا، ده‌رکم به‌وه کرد که من ناتوانم به‌رگری له‌وه بکه‌م. له‌و کاته‌دا خوێندکاری خوێندنی باڵا بووم له فه‌لسه‌فه‌دا، و به‌تایبه‌تی ته‌رکیزم له‌سه‌ر ئه‌خلاق بوو، که‌چی هه‌موو ڕۆژێک شتێکم ده‌کرد که چیتر نه‌مده‌توانی پاساوی بۆ بهێنمه‌وه. بۆیه وازم له خواردنی گۆشت هێنا و بۆ یه‌که‌مین جار به‌شێوه‌یه‌کی ڕیشه‌یی بیرکردنه‌وه‌م له‌باره‌ی ئه‌خلاقه‌وه گۆڕا، نه‌ک ته‌نیا بیروڕام، به‌ڵکوو ژیانی ڕۆژانه‌شم. ئه‌مه‌ش منی له “فه‌یله‌سووفه ئاسایییه‌کان” جیا کرده‌وه، وای لێ کردم ببمه یه‌کێک له داکۆکیکه‌ره سه‌ره‌تایییه‌کانی “ئه‌خلاقی کرده‌یی-پراکتیکی”.
- پڕۆفیسۆر سینگه‌ر، با که‌مێک بچینه نێو گفتوگۆوه له‌باره‌ی کاره فه‌لسه‌فییه‌کانت. زۆربه‌ی کاره فه‌لسه‌فییه‌کانت له‌باره‌ی ئه‌خلاقه‌وه‌یه، بۆچی ئه‌خلاق له پێشینه‌ی کاره‌کانه لای تۆ؟
سینگه‌ر: من له ڕاستیدا هه‌ندێک سه‌ره‌داوم له‌باره‌ی ئه‌و پرسیاره‌وه پێ دایت. ئه‌خلاق له پێشینه‌ی کاره‌کانمه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به‌و شێوازه‌ی که پێویسته ژیانی پێ به‌ڕێ بکه‌ین. جیاوازییەک لە ژیانماندا درووست دەکات و لە ڕێگەی کردارەکانمانەوە کاریگەری لەسەر جیهانیش دادەنێت. چ بوارێکی تر هه‌یه به‌و شێوازه ژیان بگۆڕێت وه‌ک ئه‌وه‌ی خوێندنی ئه‌خلاق ده‌یگۆڕێت؟

- بێگومان، ئه‌خلاق جیاوازییه‌ک له ژیانماندا دروست ده‌کات، به‌ڵام هێشتاکه سه‌رم سوڕماوه بۆچی پێت وایه تێگه‌یشتن له‌وه‌ی “پێویسته چۆن بژین” کاریگه‌ریی زیاتره له‌سه‌ر ژیانمان تا تێگه‌یشتن له‌وه‌ی “چۆن پێویسته بزانین” -بۆ نموونه- یان له تێگه‌یشتن له‌وه‌ی “چۆن له واقیعدا ده‌ژین و ده‌زانین”؟
سینگه‌ر: ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت له ده‌ربڕینی “تێگه‌یشتن له‌وه‌ی چۆن پێویسته بزانین” تێگه‌یشتن بێت له‌وه‌ی کام ڕێگه‌یه دروسته پشتی پێ ببه‌سترێت بۆ ناسینی ئه‌وه‌ی که ڕاسته، و کامه‌شیان وا نییه، ئه‌وا ئه‌مه پرسیارێکی زۆر سه‌رنجڕاکێش و گرنگه. ستیڤن بینکه‌ر به‌م دوایانه کتێبێکی نایابی له‌باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه بڵاو کرده‌وه، به ناوونیشانی “عه‌قڵانیه‌ت: چییه؟ بۆچی ده‌گمه‌ن ده‌رده‌که‌وێت؟ و بۆچی گرنگه؟“، که من پێشنیاری ده‌که‌م بۆ خوێنه‌ران. ڕه‌نگه ئه‌م بواره له فه‌لسه‌فه و ده‌روونناسیشدا، به هه‌مان شێوه‌ی بواره ئه‌خلاقییه‌که بتوانێت ژیان بگۆڕێت. له لایه‌کی تره‌وه، له‌و بڕوایه‌دام تێگه‌یشتن له‌و شێوازه‌ی که له واقیعدا پێی ده‌ژین، چاوه‌ڕوان ناکرێت ژیانمان بگۆڕێت، یان لانی که‌م دووره له‌وه‌ی بیگۆڕێت مه‌گه‌ر هاوشان بێت له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستێکی ئه‌خلاقیدا. ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتن له چۆنیه‌تیی ژیانمان بابه‌تێکی وه‌سفییه (Descriptive). که ئه‌و پرسیاره ناوروژێنێت: ئایا ئه‌مه باشترین شێوازی ژیانه؟ خستنه‌ڕووی ئه‌م پرسیاره، ئه‌رکی بواره ئه‌خلاقییه‌که‌یه.
- پڕۆفیسۆر سینگه‌ر، با بچینه سه‌ر ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌ی که ڕه‌نگه له‌سه‌ر گرنگیدان به بواری ئه‌خلاق بخرێنه ڕوو. هه‌ندێک که‌س ده‌شێت دژی گرنگیدان به ئه‌خلاق بن، به تایبه‌تی وانه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌خلاق، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و گریمانه‌یه‌ی که خه‌ڵکی بڕیاره ئه‌خلاقییه‌کانیان له‌سه‌ر بنه‌مای بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌خلاقی داده‌ڕێژن، له کاتێکدا زۆرێک له توێژینه‌وه‌کانی ده‌روونناسیی ئه‌خلاق ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن که بڕیاره ئه‌خلاقییه‌کانمان زۆربه‌یان له‌سه‌ر بنه‌مای حه‌دسه ئه‌خلاقییه‌کانمان بونیاد نراون، ته‌نانه‌ت کاتێکیش بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌خلاقیش به‌کار ده‌هێنین، ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌کی پاشه‌کی (بعدی) به‌کاری ده‌هێنین، بۆ پاساوهێنانه‌وه بۆ حه‌دسه ئه‌خلاقییه‌کانمان. به‌م شێوه‌یه، وا دیاره که وانه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌خلاق کارێکی کاریگه‌ر نه‌بێت، ماده‌م توانا‌مان له به‌کارهێنانی بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌خلاقیدا سنوورداره. چۆن به‌رسڤی ئه‌مه ده‌ده‌یته‌وه؟
سینگه‌ر: وه‌ڵامی ئه‌م ئاڵه‌نگارییه‌م به سه‌لماندنی پووچه‌ڵییه‌که‌ی داوه‌ته‌وه، یان له باشترین دۆخدا، ته‌نیا به‌شێکه له ڕاستی. بواری ئه‌خلاق شێوازی ژیانی خه‌ڵکی ده‌گۆڕێت. بێگومان هه‌مووان به بواری ئه‌خلاق کاریگه‌ر نابن، به‌ڵام هه‌ندێک پێی کاریگه‌ر ده‌بن. ئه‌مه‌شم ده‌مێ ساڵه زانیوه، چونکه که‌سانێک که کتێبه‌کانی منیان خوێندۆته‌وه یاخود هاتوونه‌ته پۆله‌کانمه‌وه ئاگاداریان کردوومه‌ته‌وه که چۆن تێفکرینه‌کانم ژیانیانی گۆڕیوه. ئه‌مه‌ش له ڕاستیدا ته‌نیا چیرۆکگه‌لێکن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ دوو هاوپیشه‌م، ئه‌وانیش ئێریک شویتزگێبڵ و برادفۆرد کۆکلێت، له دوو توێژینه‌وه‌ی توند کۆنتڕۆڵکراودا، پیشانمان دا که ئه‌و خوێندکارانه‌ی که به شێوه‌یه‌کی هه‌ڕه‌مه‌کی هه‌ڵبژێردرابوون بۆ به‌شداریکردن له پۆلێکی گفتوگۆکردن له‌سه‌ر ئه‌خلاقیاتی خواردنی گۆشت، دواتر داوای ئه‌و ژه‌مانه‌یان کردبوو که گۆشتی که‌متر تێدابوو، به به‌راورد به کۆمه‌ڵه خوێندکارێکی هاوشێوه که گفتوگۆیان له‌سه‌ر بابه‌تێکی جیاواز له‌گه‌ڵدا کرابوو. بڕوانه ئه‌م دوو توێژینه‌وه‌یه: “ئایا بابه‌ته‌کانی ئه‌خلاق کاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕه‌فتاری خوێندکاران داده‌نێت؟ لێکۆڵینه‌وه‌ی حاڵه‌ت: وانه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌خلاقیاتی خواردنی گۆشت“، cognition، به‌رگی ٢٠٣، (ئۆکتۆبه‌ری ٢٠٢٠)، (له‌گه‌ڵ ئێریک شویتزگێبڵ و برادفۆرد کۆکلێت)، و “خوێندکاران بڕێکی که‌متر گۆشت ده‌خۆن دوای خوێندنی ئه‌خلاقیاتی گۆشت“، پێداچوونه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه و ده‌روونناسی (Review of Philosophy and Psychology)، ٦ی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠٢١، (له‌گه‌ڵ ئێریک شویتزگێبڵ و برادفۆرد کۆکلێت).
- ئایا پێت وایه هۆکاره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی به‌ڵگه‌هێنانه‌وه -وه‌ک کاریگه‌ریی یاریده‌ده‌رانی وانه‌وتنه‌وه- بووبێته هۆی گۆڕێنی ڕه‌فتاری خواردن لای ئه‌م خوێندکارانه؟
سینگه‌ر: ئێمه له دووه‌م توێژینه‌وه‌یه ئه‌و دوو توێژینه‌وه‌یه‌ی که باسمان کرد، ئه‌و بابه‌ته‌مان تاقی کرده‌وه، وادیاره وه‌ڵامه‌که نه‌خێره، ئه‌وه پاڵنه‌ری گۆڕانکارییه‌که نه‌بووه.
- ئایا پێت وایه درووست بێت که ئه‌و ئه‌نجامه‌ی له‌باره‌ی ئه‌خلاقیاتی خواردن له‌و دوو توێژینه‌وه‌یه‌دا پێی گه‌یشتوون، به‌سه‌ر بواره‌کانی تری ئه‌خلاقدا بگشتێنرێت؟ چۆن؟
سینگه‌ر: پێده‌چێت وابێت. به‌پێی که‌سییه‌کانه‌وه، زۆر له خه‌ڵکی پێیان ڕاگه‌یاندووم که له‌ژێر کاریگه‌ریی ئه‌و کۆرسانه‌ی که ده‌یانڵێمه‌وه، هاندراون تاوه‌کوو زیاتر ببه‌خشن به‌و که‌سانه‌ی که که‌متر له‌وان به‌ختیان هه‌یه، واته ئه‌وانه‌ی له هه‌ژارییه‌کی ڕه‌هادا ده‌ژین. هه‌روه‌ها ڕێکخراوی (ئه‌و ژیانه‌ی که ده‌توانیت ڕزگاری بکه‌یت-The life you can save) -که دامه‌زراوه‌یه‌کی خێرخوازییه، خۆم داممه‌زراندووه، به ئامانجی هاندانی خه‌ڵکی بۆ کۆمه‌ککردن به‌و دامه‌زراوه خێرخوازییه زۆرتر کاریگه‌رانه له هاوکاریکردنی ئه‌وانه‌ی له هه‌ژارییه‌کی ڕه‌هادا ده‌ژین- پیشانی داوه، که به‌ڵگه ئه‌خلاقییه‌کان بۆ یارمه‌تیدانی هه‌ژاران، هاوشان له‌گه‌ڵ ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌باره‌ی باشترین ڕێگاکانی ئه‌نجامدانی ئه‌و کاره، ده‌کرێت ببێته هۆی زیادبوونی ژماره‌ی به‌خشه‌ران، به جۆرێک که ده‌یان ملیۆن دۆلاری زیاتر بۆ هاوکارییکردنی هه‌ژاران فه‌راهه‌م ببێت.
- له وه‌ڵام به ته‌نگه‌ژه‌ی ئاواره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی پاکستان له ساڵی ١٩٧٢دا، وتاره به‌ناوبانگه‌که‌ت نووسی به ناوونیشانی: “قاتوقڕی، خۆشگوزه‌رانی و ئه‌خلاق”، له‌و کاته‌وه تۆ به توندی پابه‌ندی به‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌وه، مه‌به‌ستم فه‌لسه‌فه‌ی “ئه‌ویتردۆستی کاریگه‌ر”ه. ده‌کرێت به کورتی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ویتردۆستی کاریگه‌رمان بۆ شی بکه‌یته‌وه؟
سینگه‌ر: ئه‌ویتردۆستی کاریگه‌ر فه‌لسه‌فه و بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه. له ڕووی فه‌لسه‌فییه‌وه، بیرۆکه‌که به واتای کردنی جیهان به شوێنێکی باشتر پێویسته ببێت به یه‌کێک له ئامانجه‌کانمان له ژیاندا. ئه‌مه به واتای ئه‌وه نایه که تاکه ئامانجی ژیانمان بێت، که‌مینه‌یه‌ک له خه‌ڵکی له قه‌دیسه‌کانن (پیاوچاکان-saints). به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه گرنگ بێت به‌لامانه‌وه، و مانا و ئاسووده‌گی به ژیانمان ببه‌خشێت. ئه‌مه به‌شی په‌یوه‌ست به “ئه‌وتردۆستییه” له چه‌مکی “ئه‌ویتردۆستی کاریگه‌ر”. به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به به‌شی “کاریگه‌ر”ه‌وه، ئه‌وه زۆر به ساده‌یی، بریتییه له به‌ده‌ستهێنانی باشترین به‌های گونجاو له هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌ک که ته‌رخانی ده‌که‌یت بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ی که خۆی له کردنی جیهان به شوێنێکی باشتردا ده‌بینێته‌وه. ئه‌مه‌ش ئه‌و بنه‌مایه‌یه که زۆربه‌مان له‌به‌رچاوی ده‌گرین کاتێک شمه‌کێکی به‌کاربردن ده‌کڕین، که‌مێک به‌دواداچوون ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له‌وه خه‌رج نه‌که‌ین که پێویستمانه له کاتی کڕینی مۆبایلێک، کۆمپیوته‌رێک یاخود ئۆتۆمبێلێکی نوێ‌دا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره، کاتێک بۆ کاره خێرخوازییه‌کان ده‌به‌خشین، که‌مینه‌یه‌ک له خه‌ڵکی ئه‌و بنه‌مایه جێبه‌جێ ده‌که‌ن، زۆربه‌یان به هه‌ڕه‌مه‌کی پاره خه‌رج ده‌که‌ن، به بێ زانینی بڕی ئه‌و سووده‌ی که ده‌شێت به‌خشینه‌کانیان به‌دی بهێنێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، توێژینه‌وه‌کان ده‌ریده‌خه‌ن که باشترین دامه‌زراوه خێرخوازییه‌کان، ڕه‌نگه سه‌د هێنده زیاتر له دامه‌زراوه خێرخوازییه ئاسایییه‌کان کاریگه‌رییان هه‌بێت. بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به باشترین دامه‌زراوه خێرخوازییه‌کان، ده‌توانیت سه‌ردانی ماڵپه‌ڕی https://www.thelifeyoucansave.org/ بکه‌یت.
- ئایا ئه‌مه به واتای ئه‌وه‌یه که که‌سی خاوه‌ن باڵاترین ڕه‌وشت، زیاتر گرنگی ده‌دات به کردنی جیهان به شوێنێکی باشتر؟ ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌که به‌م شێوه‌یه بێت، ئه‌وا ژیانی ئه‌خلاقیی ته‌واو، به بڕوای من، ژیانێکی زۆر سه‌رنجڕاکێش نابێت. چونکه که‌سێک که زۆر گرنگی ده‌دات به‌وه‌ی جیهان بکات به شوێنێکی باشتر، کاتی پێویستی نابێت بۆ شادی و هاوڕێیه‌تی و خولیاکانی..، هتد. ئایا له‌و بڕوایه‌دا نیت شتێکی هه‌ڵه له‌م تیۆرییه ئه‌خلاقییه‌دا هه‌بێت که جۆره تێگه‌یشتنێک له‌سه‌ر ژیانی ئه‌خلاقیی ته‌واو به‌رهه‌م ده‌هێنێت؟
سینگه‌ر: به‌ڵکوو به پێچه‌وانه‌وه، پێم وایه ئه‌مه ئه‌وه به دیار ده‌خات که شتێکی هه‌ڵه له‌و جیهانه‌دا هه‌یه که ئێمه تێیدا ده‌ژین: زۆر شت هه‌ن که ده‌توانین بیانکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی جیهان بکه‌ین به شوێنێکی باشتر، که‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆربه‌ی خه‌ڵکی نایکه‌ن! هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه، من هاوڕا نیم له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕوانگه‌یه‌دا که ده‌ڵێت، بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ به شێوه‌یه‌کی ئه‌خلاقی بژی، پێویسته ده‌ستبه‌رداری شادی و هاوڕێیه‌تی ببێت. که‌مینه‌یه‌ک له ئێمه له قه‌دیسه‌کانین، به‌بێ بوونی سروشتێکی قه‌دیسانه‌ی ڕاسته‌قینه و زۆر ده‌گمه‌ن، مه‌حاڵه بتوانین خۆمان به ته‌واوی ته‌رخان بکه‌ین بۆ پرسه چاکه‌کارییه‌کان به جۆرێک واز له هه‌موو چێژه‌کان بهێنین، و چیتر هیچ کاتێکمان بۆ هاوڕێکانمان نه‌بێت. زۆر خه‌ڵکم بینیوه که هه‌وڵیان داوه به‌و شێوازه بژین، به‌ڵام زۆربه‌یان بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ خۆیان ڕانه‌گرتووه و هێزیان له‌به‌ر بڕاوه، هه‌ر بۆیه، کاریگه‌ریشیان زۆر که‌متر بووه‌ته‌وه به‌راورد به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر که‌مێک پشوویان بدایه.
- پڕۆفیسۆر سینگه‌ر، ئه‌وه‌ی سه‌رنجڕاکێشه له گرنگیدانی تۆدا به ئه‌ویتردۆستیی کاریگه‌ر، ئه‌وه‌یه که ته‌نیا له ڕێگه‌ی تێڕامانه فه‌لسه‌فییه‌کانته‌وه ڕه‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه، به‌ڵکوو له ڕێگه‌ی چالاکییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیشته‌وه به‌رجه‌سته بووه. چۆن ده‌کرێت تێڕامانی فه‌لسه‌فیی فه‌یله‌سووفێک و چالاکییه‌کانی پێکه‌وه هه‌ڵبکه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌کێکیان ئه‌ویتر بشێوێنێت و وزه‌که‌ی په‌رت بکات؟
سینگه‌ر: فه‌یله‌سووف و چالاکوان ده‌کرێت له‌ناو یه‌ک که‌سدا کۆ ببنه‌وه، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا نا. وه‌ک مامۆستایه‌کی فه‌لسه‌فه، هه‌میشه هه‌وڵ ده‌ده‌م خوێندکاره‌کانم له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌رگۆمێنته‌کان په‌روه‌رده بکه‌م. بۆیه، ئه‌و بابه‌تانه‌ی که ده‌یانڵێمه‌وه هه‌رچییه‌ک بن، من هه‌م ئه‌و به‌ڵگانه ده‌خه‌مه ڕوو که پاڵپشتی له‌و هه‌ڵوێسته ده‌که‌ن که خۆم گرتوومه‌ته به‌ر، و هه‌م ئه‌و به‌ڵگانه‌ش که دژ به ڕاکانی منن. من خۆم به بێلایه‌ن نیشان ناده‌م، ئه‌مه کارێکی ڕاستگۆیانه نییه، و به‌هه‌ر شێوازێک بێت خوێندکاره‌کانم به خێرایی ئه‌وه‌ی ده‌دۆزنه‌وه که نووسیومه. به‌ڵام داوایان لێ ده‌که‌م ڕه‌خنه له‌وه بگرن که نووسیومه، وه دڵنیا ده‌بمه‌وه له‌وه‌ی بزانن نمره‌کانیان به‌ستراوه‌ته‌وه به ئاستی کوالێتی و جۆری گفتوگۆکانیانه‌وه، و ئه‌وان ئه‌نجامێکی زۆر باشتر به‌ده‌ست ده‌هێنن ئه‌گه‌ر بتوانن به‌ڵگه‌ی به‌هێز دژ به ڕاکانی من بدۆزنه‌وه، به به‌راورد به‌وه‌ی که ته‌نیا هه‌ستن به دووباره داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی من نووسیومه. له کتێب و توێژینه‌وه فه‌لسه‌فییه‌کانمدا، هه‌وڵ ده‌ده‌م سه‌رنجه دژه‌کان و ڕه‌خنه‌یییه‌کانی سه‌ر ڕاکانی خۆم به ویژدانانه‌ترین شێوه بخه‌مه ڕوو. ته‌نانه‌ت وه‌ک چالاکوانێکیش، مامه‌ڵه‌کردنی نه‌یاره‌کان به ڕاستگۆیی و دادپه‌روه‌رییه‌وه شتێکی زۆر گرنگه، به‌ڵام ڕوونه ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه‌نووسێک داوای لێدوانم لێ بکات، و بزانم که ته‌نیا لێدوانێکی ده‌نگیی کورتم پێ ده‌درێت که پێکهاتووه له هه‌شت چرکه، ئه‌وا ناچارم ته‌نیا ئه‌و قسانه بکه‌م که پێم وایه زۆر ڕاست و له هه‌موو شتێک گرنگترن، له‌وکاته‌دا چیدیکه کاتێکی وا نییه بۆ ده‌ربڕینی وه‌رده‌کارییه‌کانی بابه‌ته‌که، که هه‌میشه ئاره‌زوو ده‌که‌م له‌و بۆنانه‌دا پێشکه‌شی بکه‌م که ده‌رفه‌تی زیاترم هه‌یه بۆ قسه‌کردن.
- پڕۆفیسۆر سینگه‌ر، کاتێک خه‌ڵکی ده‌چنه نێو چالاکییه‌که‌وه به ئامانجی داکۆکیکردن له دۆزێک، زۆرجار په‌یوه‌ندییه‌کی سۆزداریی به‌هێز له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆزه‌دا دروست ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش وایان لێ ده‌کات زیاتر ڕووبه‌ڕووی “بیرکردنه‌وه‌ی پاڵنه‌رئامێز- Motivated Reasoning– التفکیر المتحفز” ببنه‌وه، ئایا پێت وانییه کاتێک یه‌کێک بیه‌وێت ڕۆڵی فه‌یله‌سووف بگێڕێت، مه‌ترسییه‌ک هه‌یه ڕووبه‌ڕووی زه‌حمه‌تی ببێته‌وه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م کاریگه‌رییه نه‌رێنییه له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه؟ ئه‌گه‌ر دۆخه‌که به‌م شێوه‌یه بێت، ئایا هاوڕایت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که فه‌یله‌سووفه‌کان به‌رپرسیارێتیی ئه‌وه‌یان ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ که خۆیان به‌دوور بگرن له‌و شتانه‌ی که وا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ببنه هۆی خراپتربوونیان له ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکه‌کانیاندا؟
سینگه‌ر: سه‌رباری ئه‌و مه‌ترسییه ڕاسته‌قینه‌یه‌ی که ئاماژه‌ی بۆ ده‌که‌یت، پێم وایه که ده‌کرێت، به‌ڵکوو په‌سه‌ندتریشه له هه‌ندێک دۆخدا، فه‌یله‌سووفه‌کان چالاکوانیش بن. ئه‌مه‌ش به بڕوای من له‌به‌ر دوو هۆکاره په‌سه‌نده، یه‌که‌م: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌یله‌سووفه‌کان ده‌توانن داکۆکی له‌و دۆزه بکه‌ن که تێیدا چالاکن، ئه‌مه‌ش له ڕێگای هاوکارییکردن دیاریکردنی پاساوه‌کانی ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ی که هه‌وڵ ده‌ده‌ن به شێوه‌یه‌کی زۆر ڕوونتر و توندوتۆڵ‌تر به‌دی بهێنن. دووه‌م: کاتێک خوێندکاره‌کان ده‌بینن مامۆستاکانیان له واقیعدا گرنگی به‌و پرسانه ده‌ده‌ن که گفتوگۆیان له‌سه‌ر ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش لانی که‌م پاڵ به هه‌ندێک له خوێندکاره‌کانه‌وه ده‌نێت که ده‌رک به‌وه بکه‌ن که فه‌لسه‌فه ته‌نیا ڕاهێنانێکی فیکری بێ ئامانج نییه، وه‌ک چاره‌سه‌کردنی مه‌ته‌ڵێکی شه‌تره‌نج-، به‌ڵکوو بابه‌تێکی به‌ڕاستی گرنگه. ئێستا، وه‌ک پێشتریش ددانم پێدا نا، ده‌شێت مه‌ترسی ئه‌وه هه‌بێت که چالاکوانێک له ڕووی سۆزدارییه‌وه به‌شێوه‌یه‌ک وابه‌سته بێت که ببێته هۆی دابه‌زینی کوالێتیی بیرکردنه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌و دۆزه‌ی که داکۆکی لێ ده‌کات. به‌ڵام پێویسته فه‌یله‌سووفه‌کان ده‌رک به‌م مه‌ترسییه بکه‌ن، به‌تایبه‌تی له کاتی وانه‌وتنه‌وه‌یاندا، وه دڵنیاببنه‌وه له‌وه‌ی هه‌میشه ته‌نیا به خستنه‌ڕووی ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ی که خۆیان پاڵپشتی ده‌که‌ن سنووردار نه‌که‌ن، به‌ڵکوو هه‌روه‌ها پێویسته ئه‌و به‌ڵگانه‌ش بخه‌نه ڕوو که نه‌یاره‌کانی ئه‌و ڕوانگه‌یه ده‌یانهێننه‌وه، ناکرێت پۆلی فه‌لسه‌فه ببێته مه‌یدانێک بۆ چالاکوانی، به‌ڵکوو له‌بری ئه‌وه، به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌کانیان هه‌ڵبسه‌نگێنرێن، نه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاده‌ی هاوڕابوونیان له‌گه‌ڵ بیروبۆچوونی مامۆستا‌کانیاندا.
- پڕۆفیسۆر سینگه‌ر، با بڕۆینه سه‌ر بوارێکی تری ئه‌خلاق، وه‌ک ده‌زانیت، “ژیریی ده‌ستکرد” شێوازی ژیان و کارکردنمان ده‌گۆڕێت. به بڕوای تۆ، ژیریی ده‌ستکرد چ کاریگه‌رییه‌ک له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌خلاقیمان داده‌نێت، و ده‌رئه‌نجامێکی بۆ بواری ئه‌خلاق به گشتی چین؟
سینگه‌ر: ببووره، به‌ڵام ئه‌مه بابه‌تێکی ته‌واو جیاواز و فراوانه و ئێستا کاتم نییه گفتوگۆی له‌باره‌وه بکه‌م.
- ئه‌گه‌ر ته‌نیا یه‌ک ئامۆژگاریت هه‌بێت بۆ فه‌یله‌سووفه لاوه‌کان، ئه‌و ئامۆژگارییه چی ده‌بێت؟
سینگه‌ر: بگه‌ڕێن به‌دوای ئه‌و بابه‌ته گرنگانه‌دا که ده‌تانه‌وێت گفتوگۆی له‌باره‌وه بکه‌ن، بابه‌تگه‌لێک که ده‌توانن گۆڕانکاریی تێدا درووست بکه‌ن. توانای عه‌قڵانی خۆتان به‌کار بهێنن، به‌شێوازێکی ڕه‌خنه‌گرانه له‌و بیرۆکانه بکۆڵنه‌وه که خه‌ڵکانی تر وه‌ک یه‌کلابووه‌وه (به‌ڵگه‌نه‌ویست) لێیان ده‌ڕوانن.
- پڕۆفیسۆر سینگه‌ر، سه‌رقاڵییه‌کانی ئێستات چین، بابه‌تی کتێبی داهاتووت له‌سه‌ر چییه؟
سینگه‌ر: خه‌ریکی پێداچوونه‌وه‌ی کتێبی “ئازادکردنی ئاژه‌ڵ-Animal Liberation”م، نوێکردنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه له‌مێژه کاتی هاتووه. ئارگۆمێنته فه‌لسه‌فییه‌کانی به درێژاییی ساڵان به به‌هێزی ماونه‌ته‌وه، به‌ڵام زۆرێک له‌و ڕاستییانه‌ی که له‌وێدا باسم کربوون گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه. من هێشتاکه گرنگی به‌و پابه‌ندییانه ده‌ده‌م که ئێمه‌ی خۆشگوزه‌ران له ئه‌ستۆماندایه به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی که له هه‌ژارییه‌کی ڕه‌هادا ده‌ژین. هه‌روه‌ها جاروبار کار له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه ده‌که‌م که په‌یوه‌ندیدارن به بایۆئه‌خلاق (Bioethics)، چه‌ندین وتارم له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه نووسیوه که په‌تاکه (کۆرۆنا) وروژاندی. زۆر له وتاره کورته گشتییه‌کانی خۆشم به ناوونیشانی “ئه‌خلاق له جیهانی واقیعیدا-Ethics in the Real World” کۆ کراونه‌ته‌وه، و ئێستا خه‌ریکی ئاماده‌کردنی چاپێکی نوێی ئه‌و کتێبه‌م.
سه‌رچاوه: https://mana.net/peter-singer/
* حه‌سه‌ن ئه‌لشه‌ریف مامۆستای فه‌لسه‌فه له زانكۆی تیبه، هاودامه‌زرێنه‌ری سه‌نته‌ری سعودییه بۆ فه‌لسه‌فه و ئه‌خلاق (سكۆپ-) ئه‌م گفتوگۆیه‌ی له‌گه‌ڵ پیته‌ر سینگه‌ر ساز كردووه و له به‌رواری ٧ی ئاداری ٢٠٢٤ له ماڵپه‌ڕی عه‌ره‌بی مانا نێت- https://mana.net/ بڵاوبووه‌ته‌وه.