دینۆ بۆتزاتی؛ هێشتا کەس لە قەڵای کافکادا ماوە؟

دینۆ بۆتزاتی (١٩٠٦-١٩٧٢) ڕۆماننوسی ئیتالی

ئایا پێویستە بۆ ئەوەی قسە لە ئومێد بکەین، بگەڕێینەوە ناو نائومێدی. بۆ دۆزینەوەی هیوا، بە دوای بێهیواییدا بگەڕێین. یان دەبێت قسە لە جەنگ بکەین، بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار ببێت.

فرانز کافکا، یەکێکە لەو نووسەرانەی کە زۆرینەی ڕەخنەگران، کارەکانی لە خانەی ڕەشبینی و نائومێدیدا پۆلێن دەکەن. لە خانەی نامۆبوونی مرۆڤ لە ژیان، پرسیاری سەرەکی ئازار، گەڕان بە دوای چارەنووسی نادیاری مرۆڤدا.

ڕۆمانی قەڵا[1] (١٩٢٦) یەکێکە لە ڕۆمانە تەواونەکراوەکانی، لەم ڕۆمانەدا لە ئێوارەیەکی درەنگدا، کەسێک بە ناوی ک، کە پیشەی ڕووپێوە، بە ئەرکێک دەچێتە گوندێک، کە قەڵایەکی دێرینەی تێدایە، کاروباری گوندەکە، لە هەموو ئاستەکاندا لەو قەڵایەوە جێبەجێ دەکرێن.

دانیشتوانی ناوچەکە، هیچ شارەزاییەکی وردیان لەسەر شێوازی کار، کارمەندەکان و ئیشەکانی تری قەڵا نییە. وەک ئەوەی قەڵا بۆ خۆی شوێنێکی دەست پێڕانەگەشتوو بێت و، دەستی ڕابگات بە هەمووان.

ک دەیەوێت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای قەڵادا، گفتوگۆ بکات. بەڵام جگە لەوەی هەموو جارێک لەلایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە بێ ئومێد دەبێت، بۆ خۆشی هەرگیز ناتوانێت بە تەواوی بچێتە ناو قەڵاکە و ئاگاداری کاروبارەکانی ناوی بێت، تەنانەت بە پلەبەندییەکی زۆر و زنجیرەیەکی درێژی هەوڵدان، ئینجا دەگاتە ئەوەی کارمەندێکی ئاسایی قەڵا ببینێت.

گەیشتی ک بۆ گوندەکە لە ئێوارەیەکی ساردی زستاندا دەبێت، گوندەکە لەژێر کەشێکی بێبەزەییانەی هەمیشەیی بەفردایە، شەقامەکان و خانووەکانی بە بەفر داپۆشراون. بەڵام بە داخەوە، ئێمەی خوێنەر ناگەین بە کۆتایی ئەم شاکارە ئەدەبییە، چونکە کافکا ڕۆمانەکە بە ناتەواوی بەجێ هێشتووە، لێ ئەوەی گرنگە و دەتوانین لێوەی هەڵێنجین، هەوڵی بەردەوامی ڕووپێوێکە بۆ ئەوەی بگاتە ناو قەڵاکە، و هەموو هەوڵەکان، بەفێڕۆ دەڕۆن.

ئێمە و ک لە بازنەیەکی دووبارەی گێڕانەوەیەکی وەڕسکەردا، وەک خودی ژیان، لەناو دێڕەکانی ئەم ڕۆمانەدا خول دەخۆین، مامەڵە لەگەڵ کارەکتەرێکدا دەکەین، هیچ کات ناگات بە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خۆی و، ناتوانێت ئەرکەکەی جێبەجێ بکات، هەرچەندە ناشزانین ک لەلایەن چ کەس و لایەنێک و بە چ مەبەستێک نێردراوە، لێرەدا لێکدانەوەکان زیاد و ناپێویست دەبن.

لە بەرامبەردا ئێمە دوای نزیکەی  ١٤ ساڵ و پاش ڕوودانی جەنگی جیهانی دووەم و، دەرکەوتنی کاری ئەدەبی زیاتر لەمەڕ بێ ئومێدیی و چارەنووسی نادیاری مرۆڤایەتی، کە دواتر دەبێتە شێوازێکی ناسراوی کارە ئەدەبییەکان و تا نزیکەی کۆتایی حەفتاکان درێژ دەبێتەوە. دوای نزیکەی ئەم ماوەیە، بە یەکێکی تر لە شاکارە ئەدەبیەکان ئاشنا دەبین، ئەویش ڕۆمانی سەحرای تەتەران[2] لە ساڵی (١٩٤٠) بڵاو دەبێتەوە.

ئەم شاکارە لەلایەن نوسەری ئیتالی دینۆ بۆتزاتییەوە دەنوسرێت.

جیۆڤانی درۆگۆ کە تازە دەرچووی یەکەی سەربازییە، لەلایەن فەرماندەکانییەوە، ڕەوانە دەکرێت بۆ ئەوەی یەکەمین دەست بەکاربوونی لە قەڵایەکدا دەست پێ بکات. قەڵای باستیانی

 ئەو شوێنەیە کە دەکەوێتە سەر سنووری وڵاتێک، بە هەمان شێوە نازانین چ وڵاتێکە. هێندە دەزانین هەر چوارلای ئەم قەڵایە بیابانە و ڕۆژگارێکی دوور ڕەوگەی تەتەرەکان بووە، هەرچەندە ئێستا ئەم چیرۆکە وەک ئەفسانەیەک سەیر دەکرێت لەلایەن دانیشتوانی قەڵاوە.

 قەڵاکەی بۆتزاتی، دەکەوێتە ناوچەیەکی نەناسراوەوە، بە کۆمەڵێک شاخ و دۆڵی ڕک و ناو تاوێردا لەگەڵ درۆگۆدا بە ڕێ دەکەوین، قەڵاکە، وەک قەڵا کۆنەکانی دیکە نییە کە هەر لە دوورەوە دیار بێت و ڕەمزی هێز و دەسەڵات بێت، بەڵکوو تەنانەت، دانیشتوانی ئەو ناوچانەش، بڕوا بە هەبوونی قەڵایەکی لەم جۆرە ناکەن لەو ناوەدا.

دواجار درۆگۆ، بە یارمەتی ئەفسەرێکی قەڵا، کە لەگەڵ بۆ پیاسە و گەڕان هاتووەتە دەرەوە، ڕێگەی قەڵا دەدۆزێتەوە.

درۆگۆ، شار، دایک، هاوڕێ و خۆشەویستانی بەجێ هێشتووە و لە قەڵا دەژی، قەڵایەک لە بیابانێکی بەرینی ڕووتەندا.

بۆتزاتی لە قەڵای کافکادا

کارکردنی کافکا لە ڕۆمانەکەدا، ڕاستەوخۆ خوێنەر ئاشنا دەکات بە قەڵایەک، واتە ئێمە لەگەڵ شوێنێکدا مامەڵە دەکەین وەک ڕەگەزی سەرەکی لە ڕۆمانەکەدا.

و، لێ بۆتزانی، بە ناڕاستەوخۆ، دەمانباتە ناو قەڵا، واتە جگە لەوەی قەڵا شوێن و رەگەزی سەرەکییە کە ڕۆمانەکەدا، بەڵام کارکردن و ئەرکی قەڵا، یان نهێنی بوونی قەڵا، بۆ پاراستنی سنوورەکانە لە هێرش و مەترسی تەتەرەکان.

لێرەوە ئەرکی جیاوازی هەر دوو ئاراستەکەمان بۆ دەردەکەوێت،

بەڵام ئەوەی درۆگۆ جیا دەکاتەوە لە ک، ئێمە دەزانین لە چ لایەنێکەوە هاتووە، هەروەها خۆشی دەبێتە سەرباز و، دواتر ئەفسەری باڵا و تا نزیک بوونەوەی خانەنشینی، لەو قەڵایەدا دەمێنیتەوە. دواجار بە هۆی نەخۆشی و پیریی و ماندووییەوە، لەوێ مۆڵەتی دەدەن و لە قەڵا دەردەکرێت، بۆ ئەوەی دواجار، لە نزیک گوندێکی نزیک قەڵا بمرێت.

ئەوەی بۆتزاتی دەیەوێت ڕوونی بکاتەوە، خوو گرتنی مرۆڤە بەو تراویلکانەی ئومێدی پێی هەیە. مانەوەیەتی لە جوغزێکی بۆشی ئەفسانەییدا کە بە درۆ ئومێدی لەسەر هەڵدەچنێت، درۆیەک کە دەزانین هەرگیز بەدی نایەت، بەڵام دڵنیا نین و دەکرێت لە هەموو چرکەیەکدا، هێرشەکە ڕوو بدات و زەنگی مەترسی لێ بدرێت.

خاڵی لەیەکچوونی بەهێز لە قەڵای کافکا و قەڵای بۆتزاتیدا، وەرگرتنی ئەفسانە و درۆکانە وەک شتێکی ئاسایی، ڕاهاتنی ک و درۆگۆیە لەسەر خۆخەڵەتاندن، لە هەمووی ترسناکتر لەم جۆرە کاراکتەرانەدا، بوونی ئومێدە لەناو نائومێدیدا، هەرچەندە ک لای کافکا، بە ئومێدی چاوپێکەوتن و هاتنەناوەوەی قەڵادایە، بەڵام لای درۆگۆی بۆتزاتی، هێرشی تەتارەکان و هەڵگیرسانی جەنگە، جەنگێک کە هەرگیز نایەت، نە پێش هاتنی درۆگۆ و نە دوای ڕۆشتنی درۆگۆش، بەڵکوو لەوەش خراپتر، زانیاری ئەفسەرە باڵاکانی قەڵایە، کە باش دەزانن، قەڵا هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە.

blank
ڕۆمانی سەحرای تەتەران، دینۆ بۆتزاتی، وەرگێڕانی؛ د. موحسین ئەحمەد عومەر، ٢٠١١

ک دەیەوێت بێتە ناو قەڵا، رۆتیناتی کارەکان بزانێت و، ئەرکەکەی خۆی بە جێ بگەیەنێت، بەڵام دوای چوارساڵ، درۆگۆ واسیتەش دەکات بۆ ئەوەی دوور بکەوێتەوە لە قەڵا، بگەڕێتەوە شار، لای دایکی، هاوڕێ و ماریا و کچە جوانەکانی تر. ئەوەی دەبێتە جێگەی تێڕامانی ئێمە، دواجار بڕیاری یەکلاکەرەوەی درۆگۆیە بۆ مانەوە لە قەڵادا، بۆ شێوەیەک لە فریودانی خود.

یەکێکی تر لەو سەرنجانەی لە بەراوردی ئەم دوو ڕۆمانەدا دەبێت بچینە سەری، کێشەی نامۆبوونی مرۆڤە لە هەردوو شاکارەکەدا.

نامۆبوونی ک لە ناو دانیشتوانی گوندەکەدا، هەمیشە ئەم کارەکتەرە بەدوای شوناسی خۆیدا دەگەڕێت، جارێک لە تاقە کافتریا و میوانخانەی گوندەکەدا، هەوڵی پەیوەندی و یەکترناسین دەدات لەگەڵ فرێدای کچە خزمەتکار. جارێکیش بە گەڕان بەناو ماڵەکانی گونددا و قسەکردن و تێکەڵ بوونی لەگەڵ چەند ماڵێکدا، وەکوو هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی پەیوەندییەک لە نێوان گوند و قەڵا و دواجار ئەنجامدانی ئەرکەکەی خۆی.

بە هەمان شێوە جیۆڤانی درۆگۆ سەرەتا لە ڕێگەی ئەفسەر ئۆرتیزەوە شوێن و ڕێگەی قەڵا دەدۆزێتەوە و هەر ئەمیش دەبێتە ڕێنیشاندەری بۆ ناو قەڵا،

بەڵام درۆگۆ لە قەڵادا نزیکەی چوار ساڵی سەرەتای تەمەنی، ناتوانێت لە کۆتی ئەو مرۆڤە دەربازی ببێت کە هەمیشە هەست دەکات لە شوێن و کاتی خۆیدا نییە. بە تایبەتی ماوەی پاش مۆڵەت وەرگرتن و هاتنەوەی بۆ قەڵا. لە کۆی ئەو مەنەلۆگ و هەستە شاراوانەی کارەکتەرەوە، گومانی ئەوەمان لا دروست دەبێت، ئەم کارەکتەرە دەیەوێت هەڵبێت لەم شوێنە، تەنانەت لە دیمەنەکانی سەرەتادا، پێشنیاری ئەوەی دەدرێتێ کە خۆی نەخۆش بخات، تا بەم هۆیەوە، لە قەڵا دەربچێت.

پاش تەواوبوونی مۆڵەت و گەڕانەوەی بەرەو قەڵا، بۆی دەردەکەوێت، هاوڕێ ئەفسەرەکانی خیانەتیان لێ کردووە و هەریەکەیان هەوڵی بێوچانی خۆی دەدات و واسیتە و کار دەکات، بۆ ئەوەی چی زووترە لەو قەڵایە ڕزگاریان ببێت، بە شاردنەوەی داواکارییەکان بۆ گواستنەوە.

درۆگۆ لە قەڵا، لە ماوەی سی ساڵدا، هەست بە نامۆیی و لێکترازانی ناوەکی دەکات، تەنانەت دوای ئەو ماوە درێژەش، تەنها دەتوانێت لەگەڵ ئەفسەر سیمۆنیدا ببنە هاوڕێ، ئەم هاوڕێتییەش دواجار بە ناردنە دەرەوە و دوورخستنەوەی درۆگۆ کۆتایی دێت لەسەر دەست و بە نەخشەی ئەفسەر سیمۆنی.

خاڵێکی تری جەوهەری لەم دوو ڕۆمانەدا، ئاستی نامۆبوونە. ڕەخنەگران جەخت دەکەنەوە کە حاڵەتی ک حاڵەتێکی تاکڕەوانەیە. واتە خودییە و تەنها ک خۆی لە کێشەی قەڵا و ڕۆشتن ەناو و نزیک بوونەوە دەدات. لە کاتێکدا دانیشتوانی تری شار، ئەم کێشەیەیان نییە.

لە دۆخی درۆگۆدا حاڵەتەکە گشتی و دەستەجەمعییە. واتە کۆی ئەو سەرباز و ئەفسەرانەی دانیشتوانی ناو قەڵا، لە سەرەتای هاتنەوە، هەوڵی ڕزگار بوون و هەڵاتن دەدەن، وەک ئەوەی درۆگۆ ئامۆژگاری ئەفسەری تازە مۆرۆ دەکات، کاتێک بە هەمان دیمەنی خۆی، پێشوازی لەم ئەفسەرە تازەیە دەکات و ڕووداوەکان دووبارە و چەند بارە دەبێتەوە.

ئەوەی گرنگە لەم بەراوردەدا، مێژووی دەرچوونی هەر دوو کارەکەیە، بە تایبەتی ڕۆمانی سەحرای تەتەران، کە ڕاستەوخۆ دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم دەردەچێت. ئەمەش درێژەدانە بە هەمان شەپۆلی نائومێدێ و لەیەکترازانی کەسێتی و نامۆیی مرۆڤ، دواجار شکستی دۆزینەوەی شوناسی مرۆڤی هاوچەرخ. ئەم شەپۆلی شکست و نائومێدییە ناوەستێت، هەرچەندە جەنگە جیهانییە گەورەکان دەوەستن. بەڵام دەبینین هێشتا نووسەران، زیاتر درێژە بەم دۆخی نائومێدییە دەدەن و کاری زیاتری کەسەر دەکەن. بە شێوەیەک کە لە سەر دەستی ساموێل بیکێت لە شانۆگەری لە چاوەڕوانی گۆدۆدا دەگاتە ئەوپەڕی پلەی گەشانەوە، کە پاش ١٣ ساڵ و لە ساڵی ١٩٥٣دا بۆ یەکەمین جار نمایش دەکرێت.


[1] القلعه. فرانز کافکا، ترجمە: ابراهیم وطی، ٢٠١٤

[2] سەحرای تەتەران، دینۆ بوتزانی، وەرگێڕانی د. موحسین ئەحمەد عومەر. وەشانی؛ ڕەخنەی چاودێر، ٢٠١١