موزیکی من موزیکێکی خوداییە

هەڤپەیڤینێک لەگەڵ هونەرمەند ڕەشۆ'دا

لە تورکییەوە: وریا غەفووری
هونەرمەند ڕەشۆ لە کاتی ژەنینی ساز و گۆرانی چڕیندا

ڕەشۆ زەردەشت ئەو هونەرمەندە کوردەی کە خاوەن موزیکێکی شێتە و کەمتر ناسراوە و لە هیچ ماڵپەڕێکی ئینتەرنێتیدا هیچ ئاماژەیەک بە ژیانی نەکراوە… لێرە و لە وت‌ووێژێک لەگەڵ خۆیدا باشتر خۆی و موزیکەکەی دەناسین:

پ: ڕەشۆ کێیە؟

ڕەشۆ: پرسیارێکی سەیرە، ئەم پرسیارەت لە کوێوە هێنا (پێدەکەنێت) ئەم پرسیارەیان جارێکی دیکە کە تەلەڤزیۆن لێ پرسیم.

ساڵی ١٩٥٩ لە گوندێکی سیواسی سەر بە کۆچگری (دێرسیم) لە دایک بووم. لە تەمەنی پانزە ساڵییەوە بە شێوەیەکی پڕۆفێشناڵ، شۆڕشگێڕیم دەست پێکرد. ژیانی خوێندم لە نێو شۆڕشگێریی پڕۆفێشناڵدا تێپەڕی. خوێندن بۆ من ڕەهەندێکی دیکە شۆڕشگێڕی بوو. هەر بۆیە ڕەهەندی دیپلۆم و پەروەردەی زانکۆ، ئەوەندە سەرنجی ڕانەدەکێشام. دیارە لە دەبستان(سەرەتایی) خوێندم، بەڵام کاتێک چوومە زانکۆ بۆ تێکۆشانێکی شۆڕشگێڕانە چووم.

ئەوەی لە ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠وە تا ١٩٩٠ بە سەر هەر گەنج و هاووڵاتییەکی ئەم وڵاتەدا هات، بە سەر ڕەشۆشدا هات. ساڵانی نێوان ١٩٨٠-١٩٩٠ ساڵانی ون بووە. ئەشکەنجە، زیندان… ١٩٩٠ بە دواوە “ئازادی”. ڕەشۆ سەربازیی کردووە، ئەشکەنجەی دیوە، زیندانیی کێشاوە.

پ: یەکەمجار کەی دەرکەوتیتە سەر سێن؟

ڕەشۆ: ساڵانی ١٩٧٤-١٩٨٠ لە مەیداندا مامەوە. بە هۆی ئەندامەتی پارتی کۆمۆنیستی تورکیا و خوێندنی گۆرانی کوردیی، سزا درام و کەوتمە زیندان.

 پ: دووبارە کەی هاتیتەوە مەیدان؟

ڕەشۆ: پێشتر کارەکانم دەدایە حەسرەت گوێن‌تەکین، ڕووداوەکەی سیواس (سووتانی ئۆتێلی مادماک) بووە هۆی گەڕانەوەم بۆ مەیدان. ساڵانی ١٩٩٨-١٩٩٤ لە هۆڵێکی مووزیکدا کاری مۆسیقام دەکرد.

لە فستیڤاڵی موزیکی جازی ساڵی ١٩٩٨ بەڕێوبەرایەتییەکەی بەربەستی لەبەر دەرکەوتنم دروست کرد.

دیارە ئەگەر بتەوێ شاد بیت دەبێ بە زمانی خۆت شاد بیت و شادی بکەیت.

پ: کەی لە وڵات هاتیتە دەرەوە؟

ڕەشؤ: ١٩٩٩-٢٠٠٠چوومە ڕۆژ تی‌ڤی. لەو بەروارە بە دواوە بەردەوام بەشداری کۆنسێرت و فستیڤاڵەکان بووم. لەگەل کوردانی تورکیا و کوردانی تەواو وڵاتان تێکەڵ بووم و پێیان ئاشنا بووم. ساڵی ٢٠٠٠ بەشداری فستیڤاڵی حەسەن‌کەیف بووم. ساڵی ٢٠٠٢ بۆ بەڕێوەبردنی کۆنسێرتێک هاتمەوە بۆ باتمان.

پ: ئەمەیان پرسیارێکە کە دەبێ ڕەخنەگرانی بواری موزیک بیپرسین؛ بەڵام من ناچارم لە ئێوەی بپرسم، چونکە موزیکی کوردی ڕەخنەگری وەهای زۆر نییە. ڕەشۆ، مۆسیقای خۆی چۆن پێناسە دەکات؟

ڕەشۆ: لە ١٩٩٤ بەملاوە چوار کارم کردووە. زەردەشت ١، زەردەشت ٢، زەردەشت ٣ و زەردەشت ٤. ئێستاش سەرقاڵی زەردەشت پێنجم.

ئەگەر لە من بپرسیت موزیکی ڕەشۆ، هی ڕەشۆ نییە. بۆ ئەوەی موزیکی کوردی بکێشمە نێو ڕەهەندی گەردوونییەوە، ئاڵقە بچووکەکانی لێک دەتەنم. بە گشتی ئۆرژیناڵ بوونێک نادۆزیتەوە، بەڵام بە گشتی جازێکی ئەورووپایی یان ئامریکاییش نادۆزیتەوە. ڤێرژێنی جیاوازی جاز، بلووس و ڕاک هەیە؛ بەڵام بە دڵنیاییەوە شتێکی ئۆرژیناڵ هەیە.  کاتێک لە گۆرانییە فۆلکلۆرە کوردییەکان دەکۆڵیتەوە، بێ ئەوەی ئۆرژیناڵ بوونەکەی تێک بدەی، خۆی بەرەو جاز یان بلووس دەکشێت. هەندێک ڕووکاری سۆفیستیشی تێدایە.

لە موزیکی ڕەشۆدا، دەتوانی موزیکێکی خودایی ببینیتەوە. هەر بۆیە ناوی زەردەشتم لە کارەکانم ناوە. سۆفیستی بوونی موزیکی من پێدەچیت بەرهەمێکی کۆمەڵایەتی، کاریگەریی ژیانی کۆمەڵایەتی بێت. کوردبوونی زەردەشت کاریگەریی ئەوەی لە سەر موزیکی من زیاتر کردووە. ئەوەی کە سەدا شەستی زەند – ئەڤێستا بە زاراوەی زازاکی ئەمڕۆییە، و هەر سێ ئایینە مەزنەکە کە زەردەشت و ئەڤێستا کەریگەرییان وەرگرتووە، بە شێوەیەکی سروشتی کاریگەرییەکی وەهای لە سەر موزیکی ڕەشۆ داناوە کە بانگەوازێکی لەم چەشنە لە گۆرانییەکانیدا بەدی دەکرێت: “بگەڕێنەوە بۆ ڕیشەی خۆتان واتا بگەڕێنەوە بۆ زەردەشتی.” سۆفیستی بوونی مووزیکی من لێرەوە دێت.

لای هەندێک ئایین نیگارکێشی و موزیک قەدەغەیە، بەڵام زەردەشتی پێغەمبەر کاتێک لە چیای ئەبروو دابەزی، بیروڕاکانی خۆی بە ژەندنی ساز و خوێندنی بەیت دەگەیاندە جەماوەر. ئەمڕۆ لە وڵاتانی ئیسلامیدا جگە لە کوردان، هیچ میللەتێک بەیت ناخوێنێت، کە ئەمەش لە ژێر کاریگەریی زەردەشتیدایە. عەرەبەکان و فارسەکان بەیتیان نییە.

خۆ ئێوە پێتان وانییە بەیت، شێوازێکی ئیسلامی بێت، وا نییە؟ بەیت شێوازی هێنانە سەر زاری بیرۆکەی زەردەشتییە. شێوازی پارچەی دووانەیە. لە موزیکی ڕەشۆدا فەلسەفەی زەردەشت هەیە. لە موزیکی ڕەشۆدا ئەمە هەیە: ئێوە لە منتان وەرگرت؛ بەڵام من بە هیچ دەزانن. ئەو ڕێزەی ئێوە لە منتان نەگرت، من لە ئێوەی دەگرم. لە موزیکی ڕەشۆدا لایەنی خودایی هەیە و هەندێکیش سیاسەتی ئاوێتەیە.

پ: ئەی دەنگ‌بێژیی؟

ڕەشۆ: تەمەنی دەنگبێژی لە موزیکی کوردیدا ١٥٠ تا ٢٠٠ ساڵە. بەڵام بەیت سێ هەزار ساڵ مێژووی هەیە.

blank
هونەرمەند ڕەشۆ زەردەشت

پ: دەڵێن دەنگبێژیی لە سەردەمی سۆمەرییەکانەوە هەیە و وەک وتەی راهیبە سۆمەرییەکان دەناسرێت. ئەمە ڕاستە؟

ڕەشۆ: نا نا شتی وا نییە. بۆ مەگەر راهیبە سۆمەرییەکان لە کوێ ژیاون؟

پ: لە بەغدادی ئەمڕۆ، لە بابل؛ بەڵام کاریگەری وەرگرتنێکی کولتووری هەیە.

ڕەشۆ: ئایا لەو شوێنانە دەنگبێژیی هەیە؟ نا؛ بەڵام بڕۆ بۆ هۆرۆسان، لەوێ بەیتی سێ هەزار ساڵە هەیە. دەنگبێژی کەی دروست بووە؟ میرنشینە کوردەکان بۆ پێکدادانە ناوخۆییەکانیان دەنگبێژەکانیان بە کار هێناوە. لە باتمانەوە تا سیڤەرەک، ناوچەی ئێزدییەکان بووە. پاش کۆمکوژیی ئێزدییەکان لە ساڵانی ١٨٧٦-١٨٣٠دا دەنگبێژیی سەری هەڵداوە. دەنگبێژیی لە ناوچەی باتمان زۆر باوە. سەرەتای وتەی دەنگبێژەکان بە “هێی هێی سوڵتانەکەم” دەست پێدەکات. من هەموویم تۆمار کردووە. کاتێک گوێی لێدەگرم گریانم دێت. کێ کێی کوشتووە؟ برا برای کوشتووە. مەدحی ئەمە بۆ سوڵتان دەکات. بۆ ئەوەی خۆبەدەستەوەدەریی میرنشینە کوردەکان لە دوو سەدەی دواییدا بشارنەوە، دەنگبێژیی سەری هەڵداوە. چوار سەد ساڵ بەر لە ئێستا ئاغا ڕەعیەتی خۆی نەدەکوشت و بە شوان و سەپانەوە سەرقاڵ نەدەبوو. لە چیرۆکی مەم و زیندا؛ میر دەڵیت من پێویستیم بە کەسانی وەک بەکر هەیە، بەڵام میر لەگەڵ شوانی خۆی دادەنیشێت و شەترەنج دەکات. ناڵێت تۆ شوانیت و کچی خۆمت نادەمێ. لەنێو کورداندا شتی وەها نییە. بەو هۆیەی شەترەنجەکەی دۆڕاندووە، خوشکەکەی پێ نادات. ئەو فێڵەش کاری بەکر بوو.

blank
ڕەشۆ زەردەشت

پ: ئایا ئەو هاوارەی کە گۆرانی و موزیکی ئێوەدا هەیە، دەربڕینی ڕق و کینە کەڵەکە بووەکانە؟

ڕەشۆ: ڕق و کینەی دەروونی من لەوەوە دێت کە ئایینەکان ئێمە بە نەبوو لە قەڵەم دەدەن. ڕەشۆ ئەم نکۆڵی کردنە دەبینێت و هاوار دەکات، ڕەشۆ بۆ ئەو هەمووە زوڵمەی لە گەلەکەی دەکرێت دەنگ هەڵدێنێت و هاوار دەکات.

پ: موزیک بۆ ئێوە چییە؟

ڕەشۆ: موزیک بۆ ڕەشۆ تەنیا نۆتەکان نییە. موزیک لە بەرهەمهێنانەوە تا بەرخۆرییەکەی، چاوی داهاتووە. ڕەشۆش چاوێکە لە ڕابردووەوە بۆ داهاتوو. باش دەکات یان نا نازانم، بەڵام مەبەستی ئەمەیە. لانیکەم لە کاتێکدا هەوڵ دەدات ئەمە بکات، هاوار دەکات و دەنگ هەڵدەبڕێت. بە ڕاستی لەنێو موزیکدا ئەشکەنجە دەبینێت.

پ: لە موزیکی ئێوەدا سەرهەڵدان هەیە بەڵام تکا و لاوەش هەیە، ئێوە گوتتان موزیکی سۆفیستی. کاتێک باسی موزیکی سۆفیستی دەکەی، دەبێ موزیکێک بێت کە ئینسان هێور دەکاتەوە. ئایا موزیکی ئێوە سۆفیستیکە؟

ڕەشۆ: سۆفیستیکێکی لەناوبرا و قڕ کرا و هەەی. ئەگەر ئەو پارچە گۆرانییەی زەردەشت کەمێک ئارامتر بکەیتەوە، شتێکی خودایی تێدایە.

“پیری من زەردەشتە

شوێنی ئەو بەهەشتە”

کاتێک ئەمە بە ئارامی بخوێنیت، دەنگی خودای تێدا دەبیستیت. لە موزیکی مندا ئەمە هەیە، موزیکی من موزیکێکی خوداییە.

blank
ئەم وتووێژە پێشتر لە ژمارە سفری گۆڤاری (شی)دا بڵاوکراوەتەوە.