بایبڵی دڕاو

١

نیوەشەوێکی سامناک؛ دەنگی تەپەتەپ لە ژوورەکەی ئەودیو بەئاگای دێنێ. لەنێو پێخەفەکەی ڕادەپەڕێ و پتر گوێ ھەڵدەخا. دەنگ بەردەوامیی ھەیە. کارەبا بڕاوە، تروسکاییەک نییە بدرەوشێتەوە.

دوای پەلکوتانێکی هەڕەمەکیی بەسەر مێزەکە، بە ئەستەم دەتوانێ چەرخ بدۆزێتەوە. پەیتا پەیتا ڕووەو فانۆسەکە ھەنگاو ھەڵدێنێ. فانۆس ھەڵدەگیرسێ.

بەنێو داڵانەکەدا دەچێتە ژووری غەڵبەغەڵبەکە. دوودڵە لە واڵاکردنی دەرگە و دڵۆپە ئارەقەیەکی شین بەسەر لووتیەوە شۆڕ بووەتەوە. دەستەکانی لەرزیان تێ گەڕاوە و ھێندەی نەماوە فانۆسەکە بەربێتەوە.

پاش بڕێ ڕاڕایی، دەرگەکە دەکاتەوە. چەشنی داھۆڵ وشک دەبێتەوە بەو دیمەنەی دەیبینێ: پەنجەرەیەکی لەسەر پشت ڕاکشاو، ڕەشەبا لێوەی دێتە ژوورێ و پڕ بە ھۆدەکە دەزریکێنێ؛ لەگەڵیدا لاپەڕەگەلێ بە ھەواوە دەخولێنەوە. تەپەتەپێکی توند لە دیوارەکەوە دەردەپەڕێ. کابرایەکی پرچئاڵۆسکاوی ڕدێندرێژ، بە جلێکی یەکپارچەی درێژی سپییەوە، تنۆکەخوێن لە سەری دەچۆڕێ.

٢

-دایکم… بمبە بۆ لای.

ھێشتا ڕووداوەکانی دوێنێ شەوی لە ھزر نەسڕاونەتەوە، وەختێ گوێ بۆ ئەم وشە ناڕوونانەی ڕادەدێرێ. بەڵێنی دەداتێ بیباتە لای دایکی؛ بەڵام کام دایک؟ تەنانەت ناوونیشانی نازانێ! ناشزانێ ئاخۆ ئەم، لە شارێکی دیکەوە ھاتووە یاخۆ ھاوشاریەتی؟

-ئاخر چۆن دایکت بناسمەوە؟

بەلایەوە سەیرە کە بەرەو ساقۆ چڵکنەکەی دەڕوا و لەنێو گیرفانە بچووکەکەی دیوی ناوەوە، وێنەیەک دەردێنێ!

لێی ورد دەبێتەوە: وێنەیەکی ڕەشوسپی ناڕوونە، بە ئاستەم سیمای خانمێکی خانەدانی تێدا دەردەکەوێ. لە دیوی پشتەوەی وێنە، شوێنەواری ناوێک بە لێڵی دەبیندرێ: (یەھودا و ….).

ھەڵدەستێ. نەختێ پەشۆکاو و هەناسەسوار، دەیەوێ بڕوا. پێی ڕادەگەیەنێ ڕەنگە تا شەوێکی درەنگ نەیەتەوە، چونکە بەدوای دایکیدا دەگەڕێ. پێش ئەوەی بڕواتە دەرەوە، لە تەنیشت دەرگەکە، کتێبێکی کەوتوو بە بەرگێکی چەرمی پتەوەوە دەبینێ کە لاپەڕەکانی دڕاو، پەرشوبڵاو بەملاولادا کەوتوون.

٣

ھەر دەگەڕێ و دەگەڕێ، بێھوودەیە. ھیچ کەس ھاوشێوەی خانمی وێنەکە نادۆزێتەوە. لە چەقی بازاڕدایە. بەوپەڕی شەکەتییەوە، لەسەر یەکێک لە سەکۆ دارینەکان دادەنیشێ. ھەر بیر دەکاتەوە: لە کێ سۆراغی بکا؟ نازانێ. کەللەسەری خەریکە ھەڵدەتۆقێ. ترشەڵۆکێک لە گەدەیەوە تا ناو دەمی دێ؛ دواتر دەگەڕێتەوە. بۆ چەند چرکەیەک زەنگی مۆبایل دەبیسترێ. دەست دەخاتە باخەڵی و لێی ورد دەبێتەوە: ژمارەیەکی نامۆ.

-ئەلوو…

-سڵاو، جەنابت…

دەنگی ئافرەتێکە. ماندوویەتییەکەی پشتگوێ دەخا. ھەڵبەت لەمێژە گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە ئافرەتیش ھەروەک مار، لە توانایدایە لەگەڵ وشەکانی، شتێک ھاوشێوەی ژەھر دەربدا؛ بەڵام یان سڕکەرە، یاخۆ دۆخی سڕبوون لا دەبا.

گوێی لەو وشانەی دوایی نەبوو، ھەر ھێندەی یەکسەر گوتی:

-بەڵێ، فەرموو.

-جەنابی (یەھودا) ئێستا لە نەخۆشخانەیە، تکایە گەر بکرێ سەردانی بکەی.

تەلەفۆنەکە دادەخرێ. ھەڵدەستێتە سەر پێ. بلەز دەڕوا. بەلایەوە سەیرە چۆن ژمارەی ئەمیان وەدەست کەوتووە؟ واز لەو پرسیارە دێنێ و پرسیارێکی لەوە گرنگتر قووت دەبێتەوە: (یەھودا) چی بەسەر ھاتووە؟

٤

دەگاتە نەخۆشخانە. بۆنی ناخۆشی ڕاڕەوەکە سووکە ھێڵنجێکی پێ دەدا. پەشۆکاو، دەپرسێ:

-بە یارمەتیت خانم، (یەھودا) لە چ ژوورێکە؟

یەک دوو خولەکی دەوێ تا لە کۆمپیوتەرەکەی بەردەمییەوە بەدوایدا دەگەڕێ.

-نھۆمی سێیەم، ژووری ژمارە ٨٧.

بە پلیکانەکاندا هەڵدەزنێ تا دەگاتە بەردەم ژوورەکە. ھێدی ھێدی دەرگە دەکوتێ.

ئێستا لە چەقی ژوورەکەدایە. دەڕوانێ: پەرستارێک دەرزییەکی ئاخنیوەتە قۆڵی (یەھودا) و خەریکە دەرمانەکەی تێدا بەتاڵ دەبێتەوە.

بێ ھیچ پرسیارێک، لە شوێنی خۆی سەراسیمە دەمێنێتەوە!

(یەھودا) لە چەند شوێنێکی جەستەیەوە، ڕووشان و برینی گەورە دەبیندرێ- ئاسەواری ئەشکەنجەیەکی بێشومار.

بێدەنگیی باڵە قوڕسەکانی ڕادەخا.

٥

بۆ ئەوە چووە دەرێ تا بە شوێن دایکی ھەڤاڵەکەی بگەڕێ؟ نا؛ ڕاستیی حیکایەتەکە ئەوەیە کە بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە ڕابردووی (یەھودا) چووە دەرێ. ھێندەی زانی وا کەوتووەتە ناو حەشاماتی بازاڕ.

ھەراوزەنا بەرز دەبێتەوە. خەڵکەکە ھەریەک بەرەو ئاراستەیەک غار دەدەن، ئەمیش خەریکە وەک بێچووە پشیلە دەکەوێتە بن پێیان.

ھاوار بەردەوامە:

-ھێێێێێێێی.

چەند سەربازێک بە بەردەمی تێدەپەڕن. پۆشاکی سوور و کڵاوی مسیان لەسەر و دەستیشیان ڕم یان شمشێری تێدا. جیا لەوەی هەندێکیشیان لە دەستەکەی دیکەیان، قەڵغانێکی پۆڵایین. لەنێویاندا، پیاوێکی سەدە دێرینەکان، ڕووتوقووت، بە سیمای تژی لە بەرائەتییەوە، شەڵاڵی خوێنە و پێیەکانی بە ئەرزەوە بەند نابێ. خاچێکیان خستووەتە سەر شانی و بەردەوامن لە پاڵدانی بەرەو پێش.

ھەرچەند سەر بەرز دەکاتەوە، ناتوانێ بە ڕوونیی لێوەی دیار بێ، تەنێ تەماتە و بەرد و ھێلکە- کە لە ئاسمان دەفڕن و دەنیشنەوە- دەبیندرێ. پێدەچێ ھەر بۆ ئەو کەسە تێ بگیرێ کە خەریکە بەرەو لەخاچدان ڕاپێچی دەکەن.

پیاوێک لە پشتەوە، توند خۆی پێدا دەکێشێ و نەرمە ئازارێک بە شانی دەگەیەنێ. ھەردووک تەماشای یەک دەکەن؛ ھیچیان بۆ ئەوی دیکەیان نامۆ نین، بەڵام بێدەنگیی بەسەریاندا باڵادەست دەبێ. ھاوزەمان بە تەنیشتییەوە کۆمەڵێ ئافرەت ڕوخساریان لەنێو سەرپۆشەکانیان حەشارداوە؛ دەگریین.

بڕیار بدا بچێ یا نا؟ ھێشتا نازانێ. بەڵام پاش نەختێ، بەگەڵ ئەو جەماوەرە دەکەوێ و شەقامە بەرینەکە تەی دەکا. لەو کاتەدا زەنگی تەلەفۆن بەرز دەبێتەوە.

-ئەلوو.

-لە بنکەی پۆلیسەوە پەیوەندییت پێوە دەکرێ. سەردانمان بکە.

بنکەی پۆلیس بۆ؟ پێی سەیرە! ھەرچۆنێ بێ، دەڕوا.

٦

کەوتووەتە ناوەندی ئاپۆرەیەک. ھاوارێکی لێوانلێو لە شادی بەرز دەبێتەوە:

-ھێێێێێێێی…

بەرد و ھێلکە و تەماتە بە ئاسمانەوە دەلەنگێنەوە.

سەرنج دەداتە دەوروپشتی: دەشتاییەکی فراوان.

ئاسمان ئاماژە دەدا بەوەی نیوەڕۆ بێ. لەناکاو ھەمدیسان ھاوارێکی بەجۆشتر بەرز دەبێتەوە:

-ھێێێێێێێی… بمرێ ناپاک.

سەر بەرز دەکاتەوە: پیاوێک وا لەخاچ دراوە و سەرتاپێی جەستەی خوێنە. ملی بەسەر شانیدا لار بووەتەوە و لە گیانەڵادایە. گەرمایەکی بەتینە، گشت دەست بە ناوچەوانەوە چۆڕەی ئارەقەیان دێ، لەگەڵ ئەوەشدا بێ بڕانەوە بەردەوام بەردەوام ھانی بە سزا گەیاندنی ناپاکەکە دەدەن. کێیە ئەو ناپاکە؟ ھەرچەند دەکا ناتوانێ بە تەواوی بیبینێ. ئەوەتا لەگەڵ سەر بەرزکردنەوە، ھەتاو ھورووژم بۆ چاوانی دێنێ. دیمەنەکان بە خاوێنی خۆیان پێشان نادەن، بەڵام ھێشتا گێژاوی ھەستێکی سەیر لوولی داوە، بەوەی پێی وانییە ئەم سیمایە نامۆ بێ. ھەست دەکا لە زەمانێکی دوور دوور بینیویەتی.

-لەگەڵ ئێوە قسە دەکەم.

پەتی بیرکردنەوەی پچڕاند. تەماشا دەکا ئەفسەر بە کەمێک توڕەییەوە ئەو پەیڤانە دەدرکێنێ.

-ببوورە بەڕێز… فەرمووتان ئەمە کەی ڕوویداوە؟

ئەفسەر ھەناسەیەکی تژی لە بێزاریی دەردەدا.

-ئەم بەیانییە.

-واتە چۆن؟ ئێوە دڵنیان؟ تکایە…

تۆنی دەنگی ئەفسەر، گڕ. بە تانەوە:

-بۆ گاڵتەکردن لێرە دانەنیشتووین.

-ببوورە مەبەستم ئەوە نەبوو، بەڵام دڵنیام ھەڵەیەک هەیە! من ئەم نیوەڕۆیە، بە چاوی خۆم دیتم! حەمکەیەک ئینسانی سەردەمی کۆن، وابزانم بەرەو لەخاچدانی کابرایەک دەچوونە ئەو دەشتاییە. دیارە ئێوە دوو کەستان لەگەڵ یەکدی لێ تێکەڵ بووە.

-واتە تۆ، ئەم نیوەڕۆیە، ئەو سەرھاتە و خەڵکی سەردەمێکی کۆنت بینیوە؟

دوابەدوای گوتنی ئەمە، بۆ ساتێ قاقا دەبیسترێ.

کە حەپەساویی ئەو دەبینێ، بەسەر خۆیدا دەشکێتەوە. هەست دەکا زێدەڕۆیی کردووە. ھەوڵ دەدا دۆخەکە ھێورتر بکاتەوە و لێک تێبگەن.

-نا قوربان، ھەڵەی؛ ئەوە تۆی دوو کەست لێ تێکەڵ بووە. ئەم نیوەڕۆیە ئەمە ڕوویداوە. بابەتەکە شتێکی دیکەیە بۆی دانیشتووین. پزیشکەکان بۆیان دەرکەوتووە (یەھودا) نەخۆشی دەروونیی ھەیە و چیتر ناکرێ لە ماڵەکەی ئێوە بمێنێتەوە. پێویستە ببردرێتە شوێنی گونجاوی خۆی.

گەرووی، خەریکە وەک فوارە دەتەقێ. خەمێکی قووڵ بە دەروونیدا ھاموشۆیەتی، وەختێ بیر لە حاڵی ئەو بەستەزمانە دەکاتەوە. بۆ ساتێ، دوو دەستی لەیەک گرێدراو. تەواو. ئەمێستا بەرەو نەخۆشخانە.

٧

داواکردنی قاوەیەک لە کافتریای نەخۆشخانە.

قاوەکە کەفی کردووە، ھێڵە پێچاوپێچەکان دیمەنگەلی شریتئاسای سەیر دەنوێنن. سەرنجی کێش دەکەن.

کاتژمێرێک لەمەبەر، ئەفسەر لە کۆمپیوتەرەکەیەوە ڤیدیۆیەکی پێشان دا کە بە مۆبایلێکی کامێراتەڵخ تۆمار کرابوو: ناو بازاڕ، لای میوەفڕۆشێک، (یەھودا) دەست دەداتە سێوێک و قەپاڵێکی لێ دەگرێ.

بە کابرا دەڵێ: خوا بتباتەوە، سێوی کرمگرتوو دەفڕۆشێ!

میوەفڕۆش تووشی ھێستریا دەبێ. کەللەی (یەھودا) لەنێو دەستەکانیدا ئەملاولایەتی. مێزەکە- بە سێوەکانیشەوە- بەسەر سەریدا دەکێشێ.

-ناوت چییە لەعنەتی؟

(یەھودا)، تۆقیو، دەگری… زۆر دەگری:

-(یە.. ھو… دا)

-ڕووڕەشی ناپاک، بەو ناوە گەنیوەتەوە ھاتووی گاڵتەشمان پێ دەکەی؟

پەیتا پەیتا کۆبوونەوەی خەڵک، لەقینی کامێرا، ھاوار و لێدان. دەنگ بەبێ وێنە:

-ھێێێێێێێی… بمرێ ناپاک.

ھەر ھێندە و تەواو. کۆتایی ڤیدیۆکە.

ئەوەی کە بینی، ھەر ئەوە بوو کە خۆی لەناو بازاڕ، حەشاماتێک بەدوای پیاوێکی خاچ لەسەر شان، لەش خوێناوی و ھەڵواسراو کەوتبوون؟

 ورتەیەکی ھێواش:

-ناکرێ!

٨

ھەنگاوە خوارەکانی تا لای “EXIT”ـە بە سوور نووسراوەکەی دەبەن. پیاوێک لە پشتەوە توند خۆی پێدا دەکێشێ و نەرمەئازارێک بە شانی دەگەیەنێ. ھەردووک تەماشای یەک دەکەن. پیاوەکە بە جلێکی یەکپارچەی تا خوار ئەژنۆ درێژ و ڕزیوی پڕ پینە، ڕوخسارێکی شەرمەزار؛ وەک بیەوێ خۆی بشارێتەوە. ھیچیان بۆ ئەوی دیکەیان نامۆ نین، لەگەڵ ئەوەشدا پەنجەکانی بێدەنگی لە گەروویان دەئاڵێ. خێرا خێرا ڕادەکا.

تەماشاکردنی دەوروبەر: لای دەستە چەپ، چوار مێز، دوویان بەتاڵ. لای ڕاستیش بەھەمان شێوە. مێزەکانی ناوەڕاست کە سێ مێزن، ھەموویان گیراون.

ساتێ ڕاوەستان. پەرداخە سەفەرییەکەی قاوەکە بۆ تەنەکەی خاشاک. بە “EXIT”دا چوونەدەرەوە.

لە مێشکی خۆی بیری لێ دەکاتەوە: پاش دەمێکی دی دەچێتە ژووری ژمارە ٨٧، لەوێ پزیشکەکان کۆبوونەتەوە و ئامێرێکیش بە دەنگێکی بێزارکەرەوە:

-تیییییییییت…