خۆڵەمێش و پەپوولە
لە ماڵی ئێمەدا چیرۆکێک هەبوو، هەمیشە وەک مۆتەکەیەک دووبارە دەبووەوە: چیرۆکی کتێبە سووتاوەکان. من کچێک بووم لەناو دووکەڵی گێڕانەوەکانی باوکمدا گەورە بووم؛ چیرۆکی ئەو لاپەڕانەی پێش هاتنی جەلادەکان، دەبوونە خۆڵەمێش.
ئێستا نیوەشەوە. سوکنای کچم سەری لەسەر قۆڵمە و بەدیار چیرۆکی “نەرەمۆڵ؛ ئەو کرمەی دەبێتە پەپوولە”، خەو بردوویەتەوە. ئەو نووستووە، بەڵام من لەناو لاپەڕەکاندا ڕاوەستاوم و سەیری دووکەڵی ساڵانی دوور دەکەم. هەرکات باوکم باسی ئەو کتێبانەی دەکرد، دەنگی دەلەرزا؛ وەک ئەوەی ناوی هاوڕێیەکی نزیکی بهێنێت کە لەسێدارە دراوە. دەیگوت: «هەموویان کرد بە خۆڵەمێش…». من نەمبینیبوو کتێب چۆن دەسووتێت، بەڵام بۆنی کاغەزی سووتاو ببووە بەشێک لە هەناسەم. لە خەیاڵمدا هەمیشە دەستم بۆ ناو ئاگرەکە درێژ دەکرد تا ڕستەیەک، وشەیەک لە نەزانی ڕزگار بکەم.
ئەو ساڵانە هەر جارێک کە پێنووسم دەگرتە دەست، پەنجەکانم دەلەرزین؛ دەترسام نووسینەکانم ببنە دووکەڵ. ئێستا کە دەست بە قژی کچەکەمدا دەهێنم، ئەو نازانێت کاتێک دایکی چیرۆکی بۆ دەخوێنێتەوە، بۆچی پەنجەکانی دەلەرزن.
ئەو هەینییە شوومەی کە “ترس” لە چیرۆکەوە بوو بە ڕاستی و ڕژایە ناو ماڵەکەمان، هەرگیز لە یادم ناچێت. حەوشەکەمان بەهۆی دەستە ڕەنگینەکانی باپیرمەوە، پڕ بوو لە بۆنی ڕێحان و نەعنا. باپیرم هەمیشە دەیگوت ئەم باخچەیە هێشتا «گریک»ی تێدا ماوە و زستانی تێپەڕاندووە. ئەو ڕۆژەش ئەو لە لای ئێمە بوو. نانی نیوەڕۆمان خوارد و باوکم بۆ کارێکی کتوپڕ چوو بۆ دەرەوە. ئێمە خەریکی تەماشای کارتۆن بووین و دایکم و باپیرم لە حەوشە خەریکی باخچەکە بوون.
لەناکاو دەرگا بە توندی کوترا. منداڵێکی دراوسێمان بە هەناسەبڕکێوە خۆی کرد بە ماڵدا و تەنیا یەک ڕستەی گوت: «گرتیان… بردیان…». دایکم ڕەنگی پەڕی. بەپەلە جانتایەکی ڕەش و بۆخچەیەکی لەناو کارتۆنێک دەرهێنا و دایە دەستم: «بڕۆ… لە دیوارەکەی پشت حەوشەوە سەرکەوە و ئەمانە بگەیەنە دراوسێی ئەوبەر».
من لەسەر ئەو بلۆک و ئاجوورانەی بۆ ڕۆژی تەنگانە کۆ کرابوونەوە، سەرکەوتم. ئەوەی من هەڵمگرت جانتایەک نەبوو، مێژوویەکی قورسم لەسەر شان بوو. بەپەلە ڕۆیشتم، بەڵام ترس لە هێزی من گەورەتر بوو. خزام… کەوتم… و خوێن لە چەناکەمەوە ڕژا. ئەو ڕۆژە ئازار و ترس و وشەکانی باوکم تێکەڵ بە خوێنی من بوون. برینی سەر چەناکەم بوو بە مۆرێکی هەمیشەیی کە پێم بڵێت: نووسین باجی هەیە. یادگاریی ئەو ڕۆژە هێشتا لەژێر پێستمدا ماوە.
ئەو کات «ئۆڵدوز»م دەخوێندەوە. لە خەیاڵمدا، من و ئەو هەردووکمان لەژێر سێبەرێکی ڕەشی ستەمدا دەژیاین؛ ئەو لە دەست زڕدایک و من لە دەست ئەو نەزانییەی کتێبی دەسووتاند. دراوسێکەمان لەو بەری دیوارەکەوە من و ئەمانەتەکانی باوکمیان لە ئامێز گرت. من لە سووچێک کزۆڵەم کردبوو، لەناو ئازاری جەستەمدا چاوەڕوانی هەواڵێکی ماڵەوە بووم.
بەڵام ئێستا کات گۆڕاوە. من چیتر ئەو کچە ترساوە یازدە ساڵانە نیم کە لەسەر دیوارەکە دەخلیسکێت. من ئێستا دایکم. سەیری کچەکەم دەکەم و کاتێک دەبینم چۆن بە هێمنی نووستووە؛ دەزانم کە من ئەو چیرۆکە سووتاوەم گۆڕی. من نەمێشت وشەکان بببنە خۆڵەمێش؛ من وشەکانم پاراست تا بیکەم بە لایەلایەیەک بۆ خەوی کچەکەم. بیری ئەم شیعرە دەکەومەوە:
“ئاگر هانێ باڵەکانم
پێی هەڵفڕە
لەوپەڕ جەنگەڵ
تاریکایی دەستی تا لای خودا چووە…”
باوکم ڕاستی دەکرد، هەموویان کرد بە خۆڵەمێش… بەڵام پێی نەوتم کە لەناو ئەو خۆڵەمێشەدا، پەپوولەیەک لەدایک دەبێت کە چیتر لە سێبەری هیچ دیوارێک و هیچ ئاگرێک ناترسێت. منیش ئیتر لە نووسین ناترسم؛ من ئێستا پاسەوانی وشەکانم.