بەکاڵابوونی مرۆڤ لە فەلسەفەی بوونخوازی سارتەردا

ژان پۆل سارتەر (١٩٠٥-١٩٨٠) فەیلەسوفی بوونگەرای فەرەنسی

بەکاڵابوونی مرۆڤ لە فەلسەفەی ژان پۆل سارتەردا پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە بوونی (کەسانیتر)دا هەیە. هەرچەندە سارتەر لە کتێبی (بوون و نەبوون)[1]دا کەسانیتر وەک پێویستییەک بۆ ناسینەوەی بوونی خۆی وێنا دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا وەک بەربەستێک لە هەمبەر ئازادی مرۆڤەکاندا دەبینێت. کاتێک ئەویتر لە من دەڕوانێت خۆی وەک سوبێکتێک (Subject) و منیش وەک ئۆبێکتێک (Object) بەرجەستە دەکات. بەم شێوەیە لە ڕێگەی نیگاوە بڕیارم لەسەر دەدات و من وەک کاڵایەک وێنا دەکات. سارتەر لە پێناسەی کەسانیتردا دەڵێت: «ئەویتر کەسێکە بەردەوام لێم دەڕوانێت»[2].

بە بڕوای سارتەر، دایک و باوک لە پێگەی (کەسانیتر)دا، بە یەکەمین نیگا هەژمار دەکرێن، کە ئازادی تاکەکەسی منداڵ سنووردار دەکەن و هەستی بەکاڵابوونی پێ دەبەخشن. دایک و باوک وەک خولقێنەری منداڵ، بە پلەی یەکەم، دەسەڵاتی تەواویان بە سەریدا هەیە و ئەوان بە پێی دۆخی کۆمەڵایەتی و بیر و باوەڕەکانیان نەک ڕابردوو، بەڵکوو داهاتووی منداڵەکەش دیاری دەکەن. بەم پێیە، بە لەدایکبوونی هەر تاکێک سیستەمێکی تایبەت و پێشوەختە، لەلایەن دایک و باوکەوە چاوەڕوانی دەکات. ئەم جۆرە سیستەمەی، کە دایک و باوک خاوەندارێتی دەکەن، لەگەڵ کرۆکی فەلسەفەی سارتەردا، کە ئازادی هەڵبژاردن و هەروەها وتە باوناوبانگەکەی (بوونی مرۆڤ، دەکەوێتە پێش ماهییەتییەوە) لەخۆ دەگرێت، یەک ناگرێتەوە. لێرەدا هیچ جۆرە هەڵبژاردنێک لە ئارادا نییە جگە لەوەی، کە دایک و باوکی بۆی دیاری دەکەن. هەروەها ماهییەتێکی پێشوەختە لەلایەن دایک و باوکەوە بە سەر منداڵدا دەسەپێت. سارتەر لە کتێبی (وشەکان)دا، دەڵێت:«بوونی من لە ژێر دەستی گەورەکاندا بوو، فێر ببووم لە گۆشەنیگای ئەواندا خۆم ببینم، منداڵکارێک بووم و گەورەکان لە هەوڵی ئەوەدا بوون (بە پێی بیروباوەڕیان) دێوێکم لێ دروست بکەن»[3]. تەنانەت لە دەستدانی باوکی لە تەمەنی دوو ساڵیدا بە بەخت و چانسێک دەزانێت: «گەر باوکم لە ژیاندا بووایە، بە بێ هیچ گومانێک تۆوی دژایەتی و ڕق و قینم لە دڵدا دروست دەبوو و ئاکار و ڕەوشتیم بە بنەمای بیر و باوەڕەکانم دادەنا…»[4]. هەرچەندە باپیری سارتەر شوێنی باوکی دەگرێتەوە و تاڕادەیەک دەیخاتە ژێر ڕکێفی خۆی، بەڵام سارتەر ئازادی خۆی لە مەرگی باوکیدا دەبینێت، «گەر باوکم لە ژیاندا بووایە، ماف و ئەرکەکانی خۆم دەناسی، بەڵام مردووە و من لێی بێ ئاگام.»[5]

بە بڕوای سارتەر «گەورەکان وەک کاڵایەک لە منداڵ دەڕوانن، ئەوان پێش ئەوەی منداڵ فێری بەکارهێنانی جێناوی (من) بێت، جێناوی (ئەو)ـی بۆ بە کار دەبەن و بە تێپەرینی کات منداڵەکە خۆی وەک کەسی سێیەم وێنا دەکات و هەڵگری هەمان تایبەتمەندی دەبێت، کە گەورەکان بۆیان دیاری کردووە.»

نموونەی ئەم جۆرە بەکاڵا بوونەی مرۆڤ لە ژێر کاریگەری بیر و باوەڕی دایک و باوکدا، لە چەندین بەرهەمی ئەدەبی سارتەردا ڕەنگی داوەتەوە. چیرۆکی درێژی منداڵی بەرێوەبەرێک (L’enfance d’un chef)[6] ڕەنگە لە نموونە هەرە باشەکاندا بێت. هەرچەندە ئەم چیرۆکە، دەکرێت لە کۆمەڵێک ڕوانگەی تری، دەروونناسی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و بوونخوازی لێک بدرێتەوە، بەڵام بابەتی بەکاڵابوونی کارەکتەری سەرەکی چیرۆکەکە بە درێژایی گێڕانەوەکەدا هەستی پێ دەکرێت. چیرۆکەکە باس لە گەورەبوونی منداڵێک بە ناوی لوسییەن (Lucien Fleurier) دەکات، کە لە ژێر کاریگەری هیوا و ئاواتەکانی باوکیدا گەورە دەبێت. باوکی وەک خاوەن کارگەیەکی گەورە هەر لە منداڵییەوە لوسییەن فێری ئەوە دەکات چۆن وەک بەرێوەبەرێک ڕەفتار بکات و لە دوای مەرگیدا ئەرکی بەرێوەبردنی کارگەکە لە ئەستۆ بگرێت. بەم هۆیەوە لوسییەن بە دوای هیچکام لە ئاواتە تایبەتەکانی خۆی ناکەوێت و هەموو کات لە هەوڵی ئەوەدایە وەک ئەو وێنەیە ڕەفتار بکات، کە ئەوانیتر بۆیان دروست کردووە. لە کۆتایی چیرۆکەکەشدا لوسییەن دەبێتە ئەو کارەکتەرەی، کە باوکی هیوای بۆ دەخواست و وەک بەرێوەبەرێک شوێنی دەگرێتەوە. بەم پێیە منداڵ بۆ ڕازیکردنی دڵی دایک و باوکی هیچ چارەیەکی جگە لە ملکەچبوون بۆ بڕیارەکانیان نییە و بەم شێوەیە، دایک باوک ڕۆڵی خودا لە ژیانی منداڵدا دەگێرن. بە بڕوای سارتەر «گەورەکان وەک کاڵایەک لە منداڵ دەڕوانن، ئەوان پێش ئەوەی منداڵ فێری بەکارهێنانی جێناوی (من) بێت، جێناوی (ئەو)ـی بۆ بە کار دەبەن و بە تێپەرینی کات منداڵەکە خۆی وەک کەسی سێیەم وێنا دەکات و هەڵگری هەمان تایبەتمەندی دەبێت، کە گەورەکان بۆیان دیاری کردووە.»[7]

سارتەر دەڵێت: «ئێمە لە پەیوەندی سێکسدا، لە هەوڵی ئەوەداین جەستەی ئەویتر تا ئەو ڕادەیە داگیر بکەین، کە خۆی خاوەندارێتی دەکات.»

دووەمین لایەنی بەکاڵابوونی مرۆڤ لە فەلسەفەی سارتەردا، خۆشەویستییە. لە خۆشەویستیدا دوو لایەن هەن، کە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان یەکتری داگیر بکەن. سارتەر خۆشەویستی بە مەترسییەک دەزانێت، کە ئازادی مرۆڤ پێشێل دەکات. «بە وتەی سارتەر لە خۆشەویستیدا وەک تێکرای پەیوەندییە مرۆییەکانیتر، ئامانجی ئێمە بە کۆیلەکردن یان بوونە کۆیلەی ئەویترە، لە پێگەی ماسۆشی (masochism) و سادیسمدا (sadism)». کاتێک من ئازادی ئەویتر لەناو دەبەم و ئەویتر ئازادی من لەناو دەبات، یەکەمیان سادیزم (چێژ لە ئازاردانی ئەویتر) و دووەمیان ماسۆشیزم (چێژ لە خۆئازاردان)، وەردەگرم، واتا خۆشەویستی لە بەردەم دوو جۆر دایە، یان خۆشەویستییەکە بە شێوەی ماسۆشیستییانە، یان بە شێوەی سادیستییانە دەبێت[8]. بەم پێیە لە خۆشەویستیدا یان من دەبێت ئەویتر بکەم بە کاڵای خۆم و چێژ لە ئازاردانی ئەویتر (سادیسم) وەربگرم، یان بە ناچاری کاتێک دەزانم توانای داگیرکردنی ئەویترم نییە، بە بێ هیچ بەرگرییەک ببم بە کاڵای ئەو و بەرگەی ئەو ئازارە (ماسۆشیسم) بگرم. لەگەڵ ئەمەشدا، دڵدار (عاشق) دەیەوێت لە ڕێگەی جەستەوە خاوەندارێتی دڵبەر (مەعشوق) بکات. سارتەر دەڵێت: «ئێمە لە پەیوەندی سێکسدا، لە هەوڵی ئەوەداین جەستەی ئەویتر تا ئەو ڕادەیە داگیر بکەین، کە خۆی خاوەندارێتی دەکات.» بە دەربرینێکتر کەسی سادیسم کە لە جەستەی خۆی بێزارە، تەنیا لە هەوڵی خاوەندارێتی جەستەی ئەویترە، ئەو بە ئازاردانی کەسی بەرامبەری چێژ وەردەگرێت و بەم شێوەیە شوناسی بۆ دەگەرێتەوە. بە پێچەوانەوە کەسی ماسۆشیزم خۆی لە بەرامبەر ئەویتردا بە تاوانبار دەزانێت و دەیەوێت لە ڕێگەی پەیوەندی سێکسییەوە خۆی ئازار بدات، تاکوو بەم شێوەیە تۆڵە لە جەستەی خۆی بکاتەوە.[9] بە بڕوای سارتەر حەزی سێکسی دواجار بە شکست کۆتایی دێت، چونکو لە لوتکەی چێژدا کۆتایی دێت و هیچ کات ڕەزامەندی تیدا بە دەست نایەت.

خۆشەویستی پارادۆکسە! چونکو مرۆڤ ناتوانێت هەم ئازاد بێت و هەم ئازاد نەبێت، هەم کۆیلە بێت و هەم کۆیلە نەبێت. چوونە ناو پەیوەندی خۆشەویستی بە واتای چوونە ناو ململانێ و کێشمەکێشێکی بێ کۆتا و بێ ئەنجامە.

لە ڕوانگەی سارتەردا، خۆشەویستی بریتییە لە خاوەندارێتی و دەستەمۆکردنی کەسێک بە بێ ئەوەی هیچ جۆرە، کاریگەریەکی لەسەر ئازادی ئەویتردا هەبێت و، بۆ ئەوەی ئەم خۆشەویستییە بگاتە ئەنجام، پێویستە ئەویتریش ئەوڤیندار بێت و پارێزگاری لە ئازادی کەسی بەرامبەریدا بکات[10]، بەڵام سارتەر ئەم جۆرە پەیوەندییە بە شتێکی مەحاڵ دەزانێت و دەڵێت، دڵدار ناچارە بە جۆرێک لە نیگای دڵبەرەکەیدا دەربکەوێت، کە خۆی نییە و بەپێی حەز و ویست و ئارەزووەکانی ئەو خۆی نمایش بکات. ئەمەش جۆرێکە لە خۆ فریودان. ئەوان لە ڕێگەی زمانەوە تەنیا لە پێناو ڕاگرتنی دڵی یەکتر خۆیان فریو دەدەن. خۆشەویستی پارادۆکسە! چونکو مرۆڤ ناتوانێت هەم ئازاد بێت و هەم ئازاد نەبێت، هەم کۆیلە بێت و هەم کۆیلە نەبێت. چوونە ناو پەیوەندی خۆشەویستی بە واتای چوونە ناو ململانێ و کێشمەکێشێکی بێ کۆتا و بێ ئەنجامە. «من لە خۆشەویستیدا خەریکی سنووردارکردنی ئازادی ئەویترم، من ئەوم بۆ خۆم دەوێت و فەرمانی پێدەکەم، کە تەنیا منی بوێت.»[11]

تاکەکان لە ڕێگەی نیگاوە بەردەوام لە هەوڵی سنووردارکردنی ئازادی یەکتردان و شەڕی سوبێکت و ئۆبێکت بوون دەکەن و بڕیار لەسەر یەکتری دەدەن، بەڵام ئەم ململانێیە لەگەڵ خوادا تاک لایەنەیە.

لایەنی سێیەمی بەکاڵابوونی مرۆڤ لە فەلسەفەی بوونخوازی سارتەردا، بۆ پەیوەندی نێوان خودا و مرۆڤەکان دەگەڕێتەوە. تاکەکان لە ڕێگەی نیگاوە بەردەوام لە هەوڵی سنووردارکردنی ئازادی یەکتردان و شەڕی سوبێکت و ئۆبێکت بوون دەکەن و بڕیار لەسەر یەکتری دەدەن، بەڵام ئەم ململانێیە لەگەڵ خوادا تاک لایەنەیە. چونکو خودا لە هەموو کەسێک دەڕوانێت و دەیکات بە ئۆبێکتی خۆی، بەڵام کەس ناتوانێت ئەو ببینێت بیکات بە سوبێکت. خودا بوونێکە دەبینێت، بەڵام نابینرێت. خودا سوبێکتێکە هەرگیز نابێت بە ئۆبێکت. ئەو بە شێوەیەکی تاک لایەنە بڕیارمان لەسەر دەدات و بە شێوەیەکی بەردەوام پێویستە ئۆبێکتی ئەو بم.

بوونی هەمەلایەنی خودا وەک چاودێرێک، کە هیچ شتێکی لە دەست رزگار نابێت، مرۆڤ ناچار دەکات هەمووکات بە ترس و دڵەڕاوکێوە بژیت. سارتەر پەیوەندی نێوان خودا و مرۆڤەکانی بە پاشایەکی ستەمکار و گەلێکی گویڕایەڵ شوبهاندووە. پاشا لە ڕێگەی سیخوڕ و چاودێرەکانی، ئاگاداری گشت دۆخی وڵاتەکەی دەبێت و لەم ڕێگەیەوە زیاتر دەسەڵاتی خۆی پتەو دەکات. ئەو گەلەکەی وەک کۆیلەیەک دەخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و بڕیارەکانیان بە سەردا دەسەپێنێت. خوداش بە هەمان شێوە پاشای زەوی و ئاسمانەکانە، ئەویش لە ڕێگەی سیخوڕیکردن و چاودێرییەوە خۆی بەرێوە دەبات. هیچ کەسێک ناتوانێت خۆی لەو نیگایانەدا بدزێتەوە، کە تا قوڵایی ناخی مرۆڤەکاندا دزە دەکات. مرۆڤ بە هیچ شێوەیەک بەرگەی نیگایەک ناگرێت، کە بەردەوام چاودێری بکات، هەر بۆیە بەردەوام هەست بە شەرم دەکات، چونکو دەزانێت بۆ هەر کردەوە یان قسەیەک، لە ئاسمانەوە بڕیارێکی لەسەر دەدرێت. هەر بۆیە سارتەر دەڵێت: «مرۆڤ لەبەردەم خوایەکی وەهادا هەست بە شەرم دەکات و شوناسی خۆی لەدەست دەدات و ئەمەش، سەرچاوەی ترسی مرۆڤە لە خوا.»[12]

بە بڕوای سارتەر مەرجی ئازادی مرۆڤە لەوەدایە، کە ڕەفتاری پێشبینی نەکراو بێت و تەنانەت خوداش نەزانێت، کە لە داهاتوودا چ جۆرە ڕەفتارێکی دەبێت.

سارتەر دەڵێت، خودا بەو زانین و زانستە ڕەهایەی کە هەیەتی، هەموو جۆرە ڕاستییەک لەسەر ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی من دەزانێت و هەموو کردەوەکانمی لە ئەزەلەوە پێشبینی کردووە. من ناتوانم ڕەفتارێکم هەبێت کە لە دەرەوەی زانینی خودایە. کەسێک، کە زانین و دەسەڵاتی لە سەروو ئێمەدایە، ئێمە دەکاتە کۆیلەی خۆی. بە بڕوای سارتەر مەرجی ئازادی مرۆڤە لەوەدایە، کە ڕەفتاری پێشبینی نەکراو بێت و تەنانەت خوداش نەزانێت، کە لە داهاتوودا چ جۆرە ڕەفتارێکی دەبێت. ئەگەر من بزانم پێشتر ڕەفتارم دیاری کراوە، ئیتر بەرپرسیارەتی ئەو کارانە هەڵناگرم، کە ئەنجامیان دەدەم. لە ڕاستیدا خودا بەرپرسیاری ڕەفتارەکانی من دەبێت. بە وتەی سارتەر، مرۆڤ لەم دۆخەدا بە هیچ شێوەیەک خۆی ئازاد نابینێت و وەک کۆیلەیەک دەردەکەوێت لە دەستی خوادا و لە لایەکیتر مرۆڤ لە بەردەم ڕووداوە تراژیدییەکاندا ئاسایی دەردەکەوێت، چونکە ئەم ڕووداوانە بە بەشێک لە ویست و ئیرادەی خودا هەژمار دەکات.[13]

وەک لە کۆتایی باسەکەدا دەردەکەوێت، هەر سێ لایەنی، بەکاڵابوون یان کۆیلایەتی مرۆڤ لە فەلسەفەی سارتەردا، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئازادییەوە هەیە، دایک و باوک وەک کەسانی باڵادەست منداڵ بەپێی حەز و ئارەزوو و تەنانەت ئایدۆلۆژیایی خۆیان پەروەردە دەکەن و ئازادی هەڵبژاردنی منداڵەکە بە تەواوی پێشێل دەکرێت. خۆشەویستیش بە هەمان شێوە بریتییە لە بە کۆیلەکردن یان بوونە کۆیلەی ئەویتر لە پێگەی سادیسم و ماسۆشیزمدا. کاتێک مرۆڤ دەکەوێتە پەیوەندی خۆشەویستییەوە، یان دەبێت بەپێی حەز و ئارەزووەکانی ئەویتر ڕەفتار بکات یان بە پێچەوانە ئەویتر ناچار بکات، گوێڕایەڵی بێت. بەم شێوەیە ئازادی هەر دوولا سنووردار دەکرێت. هەروەها بوونی خواش لە فەلسەفەی سارتەردا هەموو کات وەک بەربەستێک لە بەردەم ئازادی مرۆڤەکاندا دەردەکەوێت، بەڵام سارتەر بۆ بەرگریکردن لەو ئازادییەی کە کۆڵەکەی فەلسەفە بوونخوازییەکەی لەسەر بنیات نابوو، دەستی خوای لە پەڕەی رۆژگار دوورخستەوە و مرۆڤی خستە شوێنی. بە بڕوای سارتەر مرۆڤەکان بە درێژایی مێژوو، بۆ هەڵاتن لە ئازادی و بەرپرسیارەتی سەر شانیان لە ناخیاندا خوایەکیان ئەفراندووە تا هەموو گەمژایەتی و بڕیارە هەڵەکانی خۆیانی بخەنە سەر. لە ڕاستیدا دەکرێت بڵێین، باس و خواستی مرۆڤ لە فەلسەفەی سارتەردا لە پاش مەرگی خوداوە، سەر هەڵدەدات. ئەگەر لە ڕابردوودا ڕووداوەکان لەسەر دەستی خوادا واتایان وەردەگرت، ئەمرۆکە مرۆڤ ئەو واتایەیان پێ دەبەخشێت.

پەراوێزەکان:


[1] Sartre-Jean-Paul, L’être et le néan, 1943.

[2] علوی تبار، هدایت، نگاە مطلق خدا در فلسفەی سارتر و نقد آن، ص٥٧

[3] سارتر، ژان پل، کلمات، ص١١٠

[4] هەمان سەرچاوە، ص١١٦

[5] شهرآیینی، سیدمصطفی، زینلی، راضیه، وجود برای دیگری از دیدگاه سارتر، ص١١٧

[6] Sartre-Jean-Paul, L’enfance d’un chef,1939

[7] شهرآیینی، سیدمصطفی، زینلی، راضیه، وجود برای دیگری از دیدگاه سارتر، ص١١٦.

[8] ئاسۆس ساڵح محمود، ئازادی بوون لە ڕوانگەی بوونخوازی سارتەرەوە لە شیعری بەکر عەلیدا، ل٧٧

[9] شهرآیینی، هەمان سەرچاوەی پێشوو، ص١٢١

[10] علوی تبار، هدایت، نگاە مطلق خدا در فلسفەی سارتر و نقد آن، ص٦٣

[11] احمدی، بابک، سارتر کە می نوشت، ص٢٢٠

[12] علوی تبار، هدایت، ملحدشدن سارتر در کودکی، ص٦٥

[13] علوی تبار، هدایت، نگاە مطلق خدا در فلسفەی سارتر و نقد آن، ص٦٦

سەرچاوەکان:

[١]Sartre-Jean-Paul, L’être et le néan, Essai d’ontologie phénoménologique, ÉDITION CORRIGÉE AVEC INDEX PAR A RLETTE ELKAÏM-SARTRE, Éditions Gallimard, 1943.

[٢] علوی تبار، هدایت، نگاە مطلق خدا در فلسفەی سارتر و نقد آن، پژوهشگاە علوم انسانی و مطالعات فرهنگی، تهران، شمارە٢، پاییز و زمستان ١٣٨٢.

[٣] سارتر، ژان پل، کلمات، ترجمە حسینقلی جواهرچی، انتشارات کاوە، ١٣٤٤.

[٤]شهرآیینی، سید مصطفی،زینلی، راضیه، وجود برای دیگری از دیدگاه سارتر، نشریەی پژوهشهای فلسفی، دانشگاه تبریز، سال ٥،پاییزوزمستان ٩٠، شماره مسلسل٩

[٥]Sartre-Jean-Paul, L’enfance d’un chef© ÉditiOns Gallimard, Paris, 1939.

[٦] سارتەر، ژان پۆل، بوون و نەبوون، وەرگێڕانی د. محەمد کەمال، سلێمانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ٢٠١١.

[٧] ئاسۆس ساڵح محمود، ئازادی بوون لە ڕوانگەی بوونخوازی سارتەرەوە لە شیعری بەکر عەلیدا، گۆڤاری کەلێن، ژمارە ٧، ٢٠٢٠. https://dengekan.info/archives/14351

[٨] احمدی، بابک، سارتر کە می نوشت، چاپ پنجم، تهران، نشر مرکز،١٣٨٣.

[٩] علوی تبار، هدایت، ملحدشدن سارتر در کودکی، به نقل از کتاب رهیافتهای فکری- فلسفی معاصر در غرب، به کوشش حسین کلباسیاشتری جلد اول، تهران، انتشارات پژوهشگاه علوم انسانی و مطالعات فرهنگی، ١٣٨٨.