ئەو ئافرەتەی بە دڵخۆشی مرد

لەعەرەبیەوە: هێمن مەحمود

پێش ئەوەی ژن بهێنم پەیوەندییەکی عاتیفی و پتەوم لەگەڵ ئافرەتێکی قەڵەودا هەبوو، لەڕاستیدا ئەوکات هەردووکمان قەڵەو بووین، هەربۆیە زۆر بە باشی و ئاسانی بەیەکەوە دەگونجاین.

هاندانی ئەم ئافرەتە وایکرد هەردووکمان پێکەوە بۆ ماوەیەکی درێژ چەندین جۆری رێجێمکردن بەکاربهێنین بۆ ئەوەی هەندێک لە کێشمان دابەزێنین، بۆ نموونە زۆربەی کات ئەناناس و میوە و سەوزەمان دەخوارد، تەنانەت زۆرجار چەندین کیلۆمەترمان بە پیاسە دەبڕی. هەموو ئەمانەش وایانکرد وردە وردە ئەو کێشی کەم بکات و کتوپڕ چەورییەکانی چواردەوری ورگی نەمێنێت. بەهۆی ئەوەشەوە وای هەست دەکرد کەسێکی تری وەک ئەو خۆشبەخت و دڵخۆش لە ژیاندا بوونی نییە.

من ئەوکات زانیم ئەگەری ڕوودانی شتێک لەئارادایە و کۆتایی بەم پەیوەندییەمان دێت.

ئێوە ئاشنای ئەم هەستەن: کاتێک کەسێکتان خۆشدەوێت خۆشحاڵن بە خۆشبەختی ئەو. بەڵام من دەمزانی کۆتایی پەیوەندییەکەمان لەلای ئەوەوەیە، چونکە ئەو ئێستا بووەتە خاڵێکی ڕووناک و بە چواردەوری پیاوانی تردا دەدرەوشێتەوە، ئەو پیاوانەی خاوەن پارە و دڵنیایی تەندروستی و کارێکی بەڕێزانەن.

بیرمە پێشووتر ڕوخسارێکی سەرنجڕاکێشی هەبوو، بەڵام ئێستا کە باریکتر بووە خاوەن توانایەکی بەهێزترە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو کەسانەی توانا و ئاستیان لە من زیاترە.

هاوڕێکانم هاوکاری منیان نەدەکرد بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو گرفتەدا، بەڵکوو تەنانەت ئەوانیش بە دەوروخولیدا دەخولانەوە و چاوەڕوانی جیابونەوەمانیان دەکرد بۆ ئەوەی هەر یەکێک لە ئەوان شانسی خۆی تاقیبکاتەوە و بەدەستی بهێنێت بۆ خۆی.

دوای ماوەیەک دەرکەوت خۆشەویستەکەم تووشی شێرپەنجە بووە، هەر ئەو نەخۆشیەش وایلێکردبوو لاواز بێت و کێشی دابەزێت و حەزی لە هەرچی بوو لە بەری بکات.

 لەکۆتاییدا هەر بە دڵخۆشیش مرد.

تابلۆی هونەرمەند گۆستاڤ کلیمت (١٨٦٢-١٩١٨)