بابە

لە ئینگلیزییەوە: هیوا قۆچاڵی

نەمای، ئیدی نەمای

پێڵاوی ڕەش

کە تێیدا وەک پێ ژیام

بۆ سی ساڵ، لاواز و ڕەنگ پەڕیوو

بە ئاستەم دەوێرام هەناسە بدەم یان بپژمم

 

بابە، دەبوایە بتکوژم

تۆ مردیت و بۆم نەڕەخسا

مەڕمەڕی قورس، جانتای پڕ خوا

پەیکەری دێوی قامکێکی پێ ڕەشهەڵگەڕاو

مەزن چەشنی شێری دەریایی فریسکۆ

 

سەرێکت لەنێو ئەتڵەسیی بێ ئۆقرە

لەوێ کە تۆو دەپڕژێنێ سەوز بەسەر شیندا

لە ئاوە دڵگیرەکانی نۆسێت[I]

ڕاهاتبووم نزا بۆ چاکبوونەوەت بخوێنم

ئاخ لە تۆ

 

بە زمانی ئەڵمانی لەو شارۆچکە پۆڵەندییە

کە تەخت کرابوو بە باگردانی

شەڕ، شەڕ، شەڕ

بەڵام ناوی شارۆچکەکە باوە

 

هاوڕێ پۆڵەندییەکەم دەڵێ

هەر بەو ناوە دەرزەنێ یان دوو شارۆچکە هەن

بۆیە هەرگیز نەمدەزانی

پێت لە کام سەرزەمین دەنێی و ڕەگت دادەکوتی

 

هەرگیز نەمدەتوانی لەگەڵت بدوێم

زمانم لە شەویلاگم گیر دەما

لە تەلی دڕکاوی دەما

من، من، من، من

پەیڤێکم بۆ نەدەهات

وامدەزانی هەر ئەڵمانییەک تۆی

بەو زمانە دزێوەوە

 

مەکینەیەک، مەکینە

وەک جوو ڕاپێچم دەکا

جووی ئاوشڤیتز، داخاو، بێڵسن

دەستم کرد بە قسەکردن وەکو جوو

پێموایە دەکرێ جوو بم

 

بەفری تایڕۆڵ، بیرە سازگارەکەی ڤییەننا

هێندە بێگەرد و ڕاستەقینە نین

 

من کە لە دایکمەوە قەرەج و بەم بەختە سەیرەمەوە و

بە چارەنۆڕەکانی[II] دەستم، چارەنۆڕەکانی دەستم

پێ دەچێ کەمێ جوو بم

 

من هەمیشە لە تۆ ترساوم

بە جلی سەربازی و زمانە ئاڵۆزەکەتەوە

قەفی سمێڵ و

چاوی ئاریانیشت، شینی ئاسمانی

پیاوی شەڕ، پیاوی شەڕ

ئای لە تۆ

 

خوا نا بەڵکوو خاچە[III] شکاوەکەی نازی

هێندە ڕەش کە قیژەی هیچ ئاسمانێ نایبڕێ

هەموو ژنێ شەیدای فاشیستێکە

پۆستاڵ لەسەر ڕووخسار، دڕندە

دڵی ڕەقی دڕندەیەکی وەکو تۆ

 

لەبەردەم تەختەڕەشێ وەستاوی، بابە

لەو وێنەیەتدا کە هەمە

قڵیشێک لەسەر چەناگەتە لەبری پێت

بەڵام ئەوە ناتکاتە کەمتر لە شەیتان، نا نەخێر

ناتکاتە کەمتر لەو پیاوە ڕەشپۆشەی

دڵە سوورەکەمی کردە دوو کوتەوە

 

دە ساڵ بووم کە تۆیان ناشت

بیست ساڵ بووم هەوڵمدا بمرم و

بگەڕێمەوە، بگەڕێمەوە، بگەڕێمەوە لات

پێموابوو ئێسکەکانیشم وایان دەویست

 

بەڵام منیان لە تورەکەکە دەرکێشا

بە چەسپ پێکەوەیان نامەوە

ئەوجا زانیم دەبێ چ بکەم

 

وێنەیەکی تۆم کێشا

پیاوێکی ڕەشپۆش بە ڕووخساری مێینکامپف[IV]

ئەڤینداری چەکوچ و بزمار

بەخۆمم گوت ئەمە خۆیەتی

کەوایە بابە، دواجار ڕزگاربووم

تەلەفۆنە ڕەشەکە لە ڕیشەوە پچڕا

چیدی خشەی هیچ دەنگێکی لێوە نایێ

 

ئەگەر پیاوێکم کوشتبێ، دوانم کوشتووە

ئەو خوێنمژەی گوتی تۆیت و

ساڵێکی ڕەبەق خوێنی مژیم

حەوت ساڵ، گەر ڕاستیت دەوێ

بابە، ئەرخەیان پاڵی لێ دەوە

 

سنگێک[V] لە دڵی گۆشتنی ڕەشتدایە و

گوندییەکان قەت چارەی تۆیان نەدەویست

وا لەسەر گۆڕت هەڵدەپەڕن

هەمیشە دەیانزانی ئەوە تۆ بووی

بابە، بابە، هەی زۆڵ، لێت ڕزگاربووم

پەراوێزەکانی وەرگێڕ:


[I]  نۆسێت: کەناراوی نۆسێت لە شارۆچکەی ئۆرلینز- ویلایەتی ماساچوسێتس، ئەمریکا

[II] چارەنۆڕ: کارتی بەختگرتنەوە

[III]  خاچە شکاوەکە: مەبەستی لۆگۆی نازییەکانە

[IV]  Mein Kampf: ئەو کتێبەی هیتلەر نووسی و دواتر بووە مانیفێستۆی نازییەکان

[V] سنگ: مێخ، ئەو ئاسنەی دادەکوترێ و پەتکی وڵاخی لێ قایم دەکرێ. یان کەتەداری پێ دەقڵیشنێدرێ.

pp

سەرنجێک بنوسن