«نەفرەت»؛ ڤیدیۆ – پێرفۆرمانس

یەکێک لە کارە هاوچەرخەکانی هونەرمەند گەیلان عەبدوڵڵا

«نەفرەت» بەشداری هونەرمەند گەیلان عەبدوڵڵا لە پێشانگای (جەستەی بینراو، جەستەی نەبینراو)[1]

 ‌هونەرمەند گەیلان عه‌بدوڵڵا ناوی (نەفرەت)ی لە کارەکەی ناوە و لە شێوەی ڤیدیۆ- پێرفۆرمانس نیشانیداوە و لە هەمان کاتدا دەکرێ وەکو کارێکی ڤیدیۆ- ئه‌نستڵه‌یشنیش ببینرێ. ئەو ئەم کارەی لە ساڵی 2015 لە پاریس دروستکردووە و بۆ یەکەمجار لەم پێشانگایەدا بەشداری پێکردووە، تیایدا دوو مۆنیتۆری بەکارهێناوە و بەرامبەر یەک دایناون، هەریەکەی وێنەی دەموچاوی پیاوێک نیشان دەدا کە بەردەوام تف لەوەی دیکە دەکا، هەردوو پیاوەکە هونەرمەند خۆیەتی، لە یەکێک لە ڤیدیۆکاندا بە ڕەنگی ئەکریلیكی ڕەش دەموچاوی خۆی داپۆشیوە و لەوی دیکەیان بە ڕەنگی ئەکریلیكی سپی، بەمەش هونەرمەند دەیەوێ نیشانی بینەرەکانی بدا کە ئەم دوو مرۆڤە سەر بە دوو ڕەگەزی جیاوازن.

گەیلان عەبدوڵڵا؛ نەفرەت؛ ڤیدیۆ-پێرفۆرمانس. پاریس؛ ٢٠١٥

وەکو وێنەی مرۆڤەکان و ڕەنگی سەر دەموچاوەکان نیشانی دەدەن ناوەڕۆکی کارەکە حاڵەتێکی سایکۆلۆژی دژوارە، جۆرێکە لە تووڕەیی و ڕق و ڕەفزکردنی توندی دوو مرۆڤ بۆ یەکدی، بۆیە دەشکرێ ‌ئەم کارە وەکوو ڕەفزکردنی ئەو دوو ڕەگەزە بۆ یەکدی ببینرێ، بەڵام لەڕاستیدا هونەرمەند نایەوێ ئەم دوو ڕەگەزە تف لە یەكتر بکەن و یەکتر ڕەت بکەنەنەوە.

تفکردن لە یەکدی لە ژیانی ڕۆژانەدا لە ڕقەوە دێت، لە چرکەساتی دەروونێکی لاواز و ڕووخاوەوە دێت، نە عەقل و نە ڕۆح و نە هەست و نە ئەخلاق لەو چرکەساتەدا ئامادەییان هەیە، ئەم ڕەفتارە لە ژیانی ڕۆژانەدا لە کەسێکەوە دێت کە دەیەوێت کەرامەتی ئەوی دیکە بشکێنی، لە ڕووی سایکۆلۆژیشەوە لەو چرکەساتەدا کەسەکان خۆیان نرخ بۆ خۆدی خۆیان دانانێن، بە واتایه‌کی تر هەست بە کەرامەتی خۆیان ناکەن.

گەیلان عه‌بدوڵڵا هۆشمەندە بەوەی کە کارەکەی بەهۆی تفکردنەکەوە شعوری قێزەوەند بە بینەر دەگەیەنێ و خۆی دەڵێت: هێندە تفم کرد تاکوو خۆم هێڵەنجم هاتەوە.

گەیلان عه‌بدوڵڵا ئەم حاڵەتە ناشیرین و دژوارەی ژیانی ڕۆژانەی کردووە بە کارێکی هونەری، واتا ئەو توانیویه‌تی ئێسێتیک لە ناشیرینی و دژواری و حاڵەتێکی قێزەوەند بدۆزێتەوە و بیانگۆڕێ بۆ جوانی، ئەمەش پێویستی بە تەکنیک و شێوە و هۆشمەندییه‌کی هونەری دەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنی مەتریاڵ و ڕاومی گونجاو، بۆیە هونەرمەند گشت پێداویست و کەرەستە و مەتریاڵی پێویستی بۆ ئەم کارە بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کە مەبەستی ئەو تەنها کارێکی هونەرییە و نەک کارێکی دۆکیۆمێنیاری. گەیلان عه‌بدوڵڵا هۆشمەندە بەوەی کە کارەکەی بەهۆی تفکردنەکەوە شعوری قێزەوەند بە بینەر دەگەیەنێ و خۆی دەڵێت: هێندە تفم کرد تاکوو خۆم هێڵەنجم هاتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆیەش ئەو لە گشت هونەرمەندەکانی دیکەی ناو پێشانگاکە زیاتر جەخت لەسەر ئەوە دەکا کە ئەم کارە دەبێ وەکوو هونەر ببینرێ و دەڵێت: ئەوەیشی وەکو هونەر سەیری نەکا با نەیبینێ، بەمەش ئەوە ئاشکرا دەکا کە ئەو تف لە بینەرەکان ناکات.

ئەو مەتریاڵانەی کە لەم کارە دەبینرێن پێکهاتوون لە دوو مۆنیتۆر، دەموچاوی دوو پیاو، ڕەنگی ئەکریلیک و تفی هونەرمەند خۆی. لە کاتی دروستکردنی کارەکەیشدا هونەرمەند کامێرایه‌کی ڤیدیۆ و باغەیه‌کی ئاوی (شفاف)ی به‌کارهێناوە کە لە ڤیدیۆکاندا نابینرێن، باغەکەی لەنێوان کامیراکە و دەموچاوی خۆی داناوە بۆ ئەوەی لەکاتی تفکردنەکەدا، تفەکان بەر کامێراکە نەکەون، پاشان کارەکەی بە دوو مۆنیتۆر بەرامبەر یەک لە قەد دوو دیواری کۆریدۆری ژێرزەمینەکەی ئەمنە سوورەکە لە ئاستی چاوی بینەر داناوە، بە جۆرێک كه‌ بەرچاوی گشت بینەرانی پێشانگاکە بکەوێ و کەس نەتوانێ لێی هەڵبێ، لەبەر ئەوەی گشت بینەرەکان لە کاتی هاتووچۆیان لەناو پێشانگاکەدا دەبوایە بەو کۆریدۆرەدا تێپەڕن کە کارەکەی  گەیلان عبدوڵڵای تێدایە بۆ ئەوەی بتوانن كاره‌ هونه‌رییه‌كانی دیکە ببینن. 

شێوە زۆرجار وەکوو ڕێزگردن بەکار دێت نەک تەنها لە کاری هونەری بەڵکوو لە ژیانی ڕۆژانەشدا، بەڵام لە ژیانی ڕۆژانە دەبێت بە ئێتیک، لە کاتێکدا لەم کارەی گەیلان عبدوڵڵادا دەبێت بە بەشێک لە ئێستەتیکی گشتی کارە هونەرییه‌کە.

ئەم کارە هونەرییە سیفەتێکی دیکەیشی تیدایە کە لە کارەکانی دیکەی ناو پێشانگاکەی جیا دەکاتەوە ئەویش شێوەی کارەکەیە کە لە تیۆرییه‌کانی هونەری هاوچەرخدا و بە تایبەت لە بابەتی (مەتریاڵ وەکو شێوە، مەتریاڵ وەکو میدیۆم) لە کتێبی پێشانگاکەدا باسمکردووە.[2] گشت کارە هونەرییه‌کانی پێشانگاکە شێوەیه‌کی هێندە ڕەقیان لە نێوان خۆیان و بینەرەکان (ئامادەبووان) دانەناوە بە ئەندازەی کارەکەی گەیلان عەبدوڵڵا، ئەمەیش بە هۆی دژواری و قێزەوەندی ئەو هەستەیە کە کارە هونەرییه‌كە دەریدەبرێ لەلایه‌کەوە و ئەو ڕێزە تایبەتییەی کە هونەرمەند لە بینەرەکانی دەگرێ لەلایه‌کی دیکەوە. شێوە زۆرجار وەکوو ڕێزگردن بەکار دێت نەک تەنها لە کاری هونەری بەڵکوو لە ژیانی ڕۆژانەشدا، بەڵام لە ژیانی ڕۆژانە دەبێت بە ئێتیک، لە کاتێکدا لەم کارەی گەیلان عەبدوڵڵادا دەبێت بە بەشێک لە ئێستەتیکی گشتی کارە هونەرییه‌کە.

لە ڕووی پەیوەندی شێوە و ڕاوم و مەتریاڵەوە هونەرمەند (وەکو گوتمان) دوو مۆنیتۆری بەکارهێناوە و لە قەد دوو دیواری بەرامبەر بە یەك داناون.، بەڵام ئەم جۆرە دانانە کارە هونەرییه‌کە ناکات بە دوو بەشەوە، نایکات بە دوو کاری هونەری جیاواز، بەڵکوو کارەکە وەکوو یەک كاری هونه‌ری دەمێنێتەوە، وەکو یەک کاری هونەریش دەبینرێ و مامەڵەیشی لەگەڵدا دەکرێ، لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە دانانە لەلایه‌کەوە بەشێک لە شێوەی گشتی کارە هونەرییه‌کە پێکدێنێ، لەلایه‌کی دیکەشەوە ئەو ڕاومەی نێوان هەردوو مۆنیتۆرەکانیش کە بینەرەکانی تێدا تێدەپەرن نابێت بە بۆشایی بەڵکوو وەکو ڕاومی گشتی کارە هونەرییه‌کە دەمێنێتەوە، واتا بەشێکی دانەبڕاو و گرینگ لە سەرجەم کارە هونەرییه‌کە پێکدێنێ، لەم حاڵەتەدا شێوە و ڕاوم دەبن بە یەک و بینەرەکان بەناو ڕاوم (فەزا) و شێوەی کارە هونەرییه‌کەدا تێدەپەڕن بەمەیش ڕاومی کارە هونەرییه‌کە دەجوڵێنن، دەیشڵەقێنن، کە ئەمەیش دیسانەوە مەبەستی هونەرمەند بووە بۆ درککردنی جەستەیی بینەرەکان بە کارە هونەرییه‌کە وەکو لە کۆنسێپت و بیرۆکەی پێشانگاکەدا هاتووە (جەستەی بینراو، جەستەی نەبینراو). ئەم پەیوەندییەی (بەریەککەوتنە)ی کارە هونەرییه‌کە لەگەڵ ئامادەبووانی پێشانگاکە ڕەهەندێکی هاپینینگ بە کارە هونەرییه‌کە دەبەخشێ کە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە کاری پێدەکرێ. جگە لە ڕاومە واقیعییه‌کەی کارە هونەرییه‌کە کە باسمان لێیکرد لەم کارەی گەیلان عەبدوڵڵادا دوو ڕاومی دیكه‌ش بەدی دەکرێن کە ڕاومی وەهمین و لەناو هەریەک لە مۆنیتۆرەکاندا بوونیان هەیە.

بینەر ئازادە چەند دەتوانێ لە ناو کۆریدۆرەکە (لەناو ڕاومە واقیعییه‌کەی کارە هونەرییه‌کە) دەمێنێتەوە و کات بەسەر دەبا، یان بتوانێ بەرامبەر ئەم کارە هونەرییە دژوارە خۆی ڕاگرێ، هەر بینەرێک بە توانای خۆی، بە چاوی خۆی وەکوو تاک ئەم کارەی گەیلان عه‌بدوڵڵا دەبینێ، بە جەستەی خۆیشی وەکو تاک هەستی پێدەکا و مامەڵەی لەگەڵ دەکا،

بینەر ئازادە چەند دەتوانێ لە ناو کۆریدۆرەکە (لەناو ڕاومە واقیعییه‌کەی کارە هونەرییه‌کە) دەمێنێتەوە و کات بەسەر دەبا، یان بتوانێ بەرامبەر ئەم کارە هونەرییە دژوارە خۆی ڕاگرێ، هەر بینەرێک بە توانای خۆی، بە چاوی خۆی وەکوو تاک ئەم کارەی گەیلان عه‌بدوڵڵا دەبینێ، بە جەستەی خۆیشی وەکو تاک هەستی پێدەکا و مامەڵەی لەگەڵ دەکا، بەڵام ئەو سیفەتە ئیستیفزازەی کە لە کارەکەدا هەیە شتێک نییە بشاردرێتەوە، ئەمە لەگەڵ گشت ئەو هونەرانەدا دەردەکەوێ کە دەیانەوێ شعوری قێزەوەند دەربڕن ئیدی دەشێ بینەر بەمە توڕەبێ یان مچوڕکە بە لەشیدا بێ و تووشی حاڵەتێکی قێزەوندی بکا، وەکو مەبەستی هونەرمەند بۆ دەستنیشانکردنی سنوورەکانی جەستەی بینەرە جیاوازەکان، بۆ ئەوەی بینەر خۆی وەکو تاک بتوانێ درک بە لایەنە لاواز و بەهێزەکانی خۆی بکات، وەکو ئەوەی کە هونەرمەند ڕەنج حیکمەتیش (لە هەمان پێشانگادا) ئەمەی بە جۆرێکی تر لە کارەکەیدا نیشانداوە. هەندێ لە بینەرەکان بوێرانە بەرامبەر کارەکە دەوەستن بە واتایه‌کی دی دەتوانن لەناو کارە هونەرییه‌کەدا چەند چرکەساتێک زیاتر بمێننەوە کە ئەستەمە لەو چرکەساتانەدا بینەر ئەوە بزانێ ئەم کارە نەک تەنها بۆ بینینە بەڵکوو بۆ تاقیکردنەوەی جەستەیشە، بۆ هەستکردن بە سنوورەکانی لەشێتی لە ڕووی دەروونی و فیزیکییەوە. هەندێ لە بینەرانیش بە پەلە لە بەینی ڤیدیۆکانەوە تێدەپەڕن و تەحەمولی بینینیان ناکەن و لەوانەشە پێی تێکچن یان توویشی شەڕانگێزی بن و لە دڵی خۆیانیشدا لەوانەیە هونەرمەندەکە بەر تف و نەعلەت بکەن بۆ ئەوەی کە خۆیان لەو شەڕانگێزییە بەتاڵ بکەنەوە، ئەم دیاردەیەیش هونەرمەندە فوتوریستەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم دێنێتەوە یادمان کە مارینێتیان بەر تف و نەعلەت کرد[3]. بەم جۆرە لەم کارەی گەیلان عەبدوڵڵادا ڕەهەندێکی فوتوریستی نوێیش بەدی دەکرێ.  

blank

گەیلان عه‌بدوڵڵا جەستەی خۆی بۆ ئەم کارەی بەکارهێناوە و سوودی لە جەستەی ئامادەبووان (بینەران)ی پێشانگاکەش وەرگرتووە وەکوو ئەوەی لەکارەکانی ئاڤان سدیق و ڕەنج حیکمەتدا لە هەمان پێشانگا هاتووە. بەمجۆرە جەستە لێرەدا میدیۆمیشە بۆ گەیاندنی مانای کارە هونەرییه‌کە. بینەر لەم حاڵەتەی کارەکەی گەیلان عه‌بدوڵڵادا ڕاستەوخۆ بەرجەستەی هونەرمەند ناکەوێ وەکوو لە حاڵەتی هونەری پێرفۆرمانس بەڵکوو تەنها وێنەی دوو دەموچاو لە نێوان دوو مۆنیتۆرەوە دەبینێ کە سنووریکی توند جیایان دەکاتەوە ئەوەیش خودی مۆنیتۆرەکەیە، ئەمەیش ئەو جیاوازییەیە لە نێوان هونەری پێرفۆرمانس و هونەری ڤیدیۆپیرفۆرمانس.

هێنانە ناوەوەی بینەریش بۆ ناو ڕاومی کارە هونەرییه‌کە، کە بە ئەڵمانی (ئه‌نتەردیرتن بتراختەر Intendierten Betrachter) پێدەگوترێ وەکوو ئەوەی کە لە کارەکەی رەنج حیکمەت و ئاڤان سدیقیشدا لە هەمان پێشانگا دەبینرێن دیاردەیه‌کی‌ هونەری هاوچەرخە کە زیاتر لە هونەری پاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە لە کاری هونەرمەندەکانی هەپینینگدا دەرکەوتووە، ئەمەیش دەشێ وەکوو بەشێ لە پەیامی کارەکە بۆ بەستنەوەی هونەر بە ژیانەوە ببینرێ، وەکوو لایەنێ لە پەیامی پێشانگاکە بە گشتی کە لە گشت ئەو دوای کارە هونەرییه‌كاندا بە جۆری جیا جیا بەدی دەکرێ، بە واتایه‌کی دی وەکو پەیوەندی کارە هونەرییه‌کە بە بینەرەکانییه‌وە‌.

بەم جۆرە گەیلان عەبدوڵڵا بە کارێکی هونەی بەشداری لەم پێشانگایە دەکا کە گشت سیفەتەکانی هونەری قێزەوەند (ئەبجەکت ئارت Abject art)  لەخۆ دەگرێ، ئەمەیش جۆرێکی نوێیە لە هونەری شێوەکاری پاش دووەمین جەنگی جیهانی و زیاتر لە کارەکانی هونەرمەندی ئەمریکی هاوچەرخ سندی شێرمان Cindy Shermann دەرکەوتووە و فەیلەسوفی فەرەنسی (بەڕەچەڵەک بولغاری)  ژولیا کرستیڤا  Julia Kristeva یەکێکە کە کاری تیۆری لەسەر کردووە، هەرچەندە لە رووی شێوە  و راوم و مەتریاڵەوە ئەم کارە پەیوەندی لەگەڵ کارەکانی (سندی شێرمان)دا نییە.

لە کۆتاییدا هونەرمەند گەیلان عەبدولڵا نەیویستووە بە کارێکی هێمن و خامۆش لەم پێشانگایەدا بەشداربێت بەڵکوو بە کارێکی دژوار و هار و هاج. ئەمە کارێکە نەک تەنها بۆ بینین بەڵکوو وەکوو گشت ئەو دوای کارەکانی پێشانگاکە بۆ درکپێکردن لە نێوان جەستەوە، بەم کارەش هونەرمەند گەیلان عەبدوڵڵا مەبەستی خۆی و بیرۆکەی پێشانگاکەی پێکاوە.

پەراوێز:


[1] ئەم پێشانگایە لە ئەمنە سوورەکەی شاری سلێمانی لە 19بۆ25ی مانگی 11 ساڵی 2016 لە بیرۆکە و ڕێکخستنی هونەرمەند ئاڤان سدیق نیشاندرا.

[2] ئەم کتێبە هێشتا چاپ نەبووە.

[3] هونەرمەندە فوتوریستەکان هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە خواستی هونەری جوڵاوەیان هەبوو. بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ئەم بابەتە بڕوانە کتێبی هونەری شێوەکاری مۆدێرن لاپەرە 186 بۆ222 کە لەلایەن نووسەری ئەم وتارەوە نووسراوە و لە ساڵی 2005 لە دەستگای ئاراس لە هەولێر چاپکراوە.

تێبینی:

١-لەم نووسینەمدا ناوی سەرچاوەکانم نەنووسیوە، لەبەر ئەوەی ئەمە بەشێکە لە پرۆژەی کتێبێک دەربارەی پێشانگاکە (جەستەی بینراو، جەستەی نەبینراو) کە چاوەڕوانی چاپکردن دەکات، لەوێ من ناوی گشت سەرچاوە زانستییه‌کانم نووسیوە.

٢- ئەم نووسینە جارێکیتر لە گۆڤاری رامان لە ئاداری ٢٠٢٠، ژمارە ٢٧٤ بڵاوکراوەتەوە.

1 سەرنج

  1. blank Fatima barznge لە 27ی كانونی یه‌كه‌م، 2020 کاتژێر 8:01 pm

    تيكستيكي زور جوا نه رونه سو باس بو كارا ره سول كه به ر ده وام كاري باش بيشكه ش ده كات!!!



سەرنجێک بنوسن