ئەوانی دی و ئێمە: ئایا مۆڵتی کولتوور بوون، لە جەوھەردا بوونێکی ڕێژەییە؟

لە ئەڵمانییەوە: ئەسعەد عەلی

تێگەیشتن لە مانا و ڕەھەندەکانی «ئەوی دی»، یەکێکە لە گەورەترین قەیرانەکانی سەدەی بیست و یەک. چیدی ئەوە بەسەر چوو، کە ڕۆژئاواییەکان بتوانن، ئەزموون و کولتووری خۆیان وەک نۆڕم و جەوهەری پێشکەوتن نمایش بکەن و، کولتوورەکانی دی وا لە قەڵەم بدەن، کە گوایە لە سەرەتای گەشەی کولتووریدان (گەشەی کولتووری ڕۆژئاوایی). بە پىچەوانەوە، ئێستا خودی ڕۆژئاواییەکان، درکیان بەوە کردووە، کە ئەم باوەڕەیان، لەخۆبایی بوون و ئەنانییەتێکی بەرچاوی تێدایە. 

ئەگەرچی بۆ تێگەشتن لە کولتوور و ترادیسیۆنەکانی دی، ئەم درکە نوێیە، یان ئەم خاکەڕاییە نوێیەی ڕوژئاواییەکان، پێویستییەکی جیدییە، بەڵام دیسانەوە ئەمە هەڵگری خاڵێکی بێزارکەرە، بەو مانایەی، کە ئەمجۆرە خاکەڕایی یان درکە نوێیەی ڕۆژئاواییەکان، تۆمەتبار دەکرێت بە «ڕێژەیی بوون» و، ئەم چەشنە تۆمەتبارکردن و بارگاویی کردنەش، وەک هەڕەشەیەکی جیددی، ڕاستگۆیی و ئەساڵەتی بابەتە مرۆییەکان دووچاری قەیران و گومان و دواجار ڕووبەڕووی پرسیاری دەکاتەوە. چونکە وادیارە، پێکەوە هەڵکردن و هاوکاتیش ناسینی جیاوازییە بنەڕەتی و فیکرییەکانی کولتوورەکان لە یەکدی، کارێکی ئەستەم بێت. بۆیە وا لێکدەدرێتەوە، گوایە کرانەوەی کولتووری، لە نۆڕم و بەهاکانی خۆمان، دوورمان دەخاتەوە.

دەبى بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ئەم گرفت و دوالیزمە، سەرەتا لە پێگە و ڕۆڵی کولتوور لە ژیانی مرۆڤدا تێبگەین. کولتوور، خۆناسین و زمان؛ هەرکامێک لەمانە کومەڵێ نوڕم دەگوازنەوە، کە ئێمە بە گوێرەی سروشتی مرۆڤ، بە کۆمەڵێ نۆڕم و بەهای ژیارییان هەژمار دەکەین و، پێمانوایە لە ژیانی مرۆڤەکاندا بەکار دەهێنرێن. ئەم نۆڕم و بەها و بگرە دەرفەتانەش، بە درێژایی مێژوو، هۆکاری سەرهەڵدان و هاتنەگۆڕی، کۆمەڵێ داهێنانی ناوازە و فرەچەشنن.

هەندێ کەسیش، بۆ شیکردنەوەی ئەم فرەچەشنییە، تێگەشتن و خوێندنەوەی ئێمە لە سروشتی مرۆڤ، بە تێگەشتنمان لە کولتوور، لێکدەدەنەوە. بۆ نموونە سۆسیۆبایۆلۆجیستەکان تێدەکۆشن، لە میانەی پڕۆسەی «گەشەسەندن»دا، بزوێنەر و هۆکار و پاڵنەرە مرۆییەکان بدۆزنەوە. لایەنگرانی ئەم بۆچوونە، پێیانوایە، کە گۆڕانکاری کولتووریی، چ نییە، جگە لە ئاڵوگۆڕ لە ڕووکەشی دیاردەکاندا.

بەڵام ئێمە هەرگیز ناتوانین دان بە یاساگەلێکی گشتگیردا بنێین، کە هەموو جۆرە کولتوورێک لە خۆی بگرێت، چونکە ئێمە چ لەبارە مێژووییەکە و چ لەبارە کولتوورییەکەوە، ناتوانین لە دەرەوەی تێگەشتنە پێشوەختەکەمانەوە، لە مانای مروڤبوون تێبگەین. دیارە وێناکردن و تێگەشتمان لە کەوتنی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆما، ناتوانێ وێنەیەکی هاوشێوەی ئینگەلتەرای سەدەی هەژدەیەم بێت. دیارە ئەم وێنەیەش جیاواز دەبێت، لەوەی لە سەدەی ٢٢ لە بەڕازیل یان لە سەدەی ٢٥ لە چاینا ڕوو دەدات.

ئەو بۆچوونە بە تەواوەتی هەڵەیە، کە پێیوایە، دەبێ بۆ قبوڵکردنی جیاوازییەکان، پشت لە پابەندبوونمان بە حەقیقەت بکەین. داهێنانی ڕێچکەیەکی نوێ بۆ گفتوگۆکردن لەمەڕ سروشت، یەکێک لە دەستکەوتە مەزنەکانی شۆڕشی زانستی سەدەی ١٧ بوو. ئەم شێوازە نوێیە، کۆمەڵێ چەمکی گرنگی لەنێو زمانی زانستی کۆندا سڕییەوە، کە هێز و وزەیان لە کولتوور و شارستانییەتەکانی پێش خۆیان وەرگرتبوو.

چیدی لێرەوە لۆمەکردن و تۆمەتبارکردنی «ڕێژەییگەرایی» دێتە گوڕێ. سەرباری ئەمەش، دیسانەوە ئەو بۆچوونە بە تەواوەتی هەڵەیە، کە پێیوایە، دەبێ بۆ قبوڵکردنی جیاوازییەکان، پشت لە پابەندبوونمان بە حەقیقەت بکەین. داهێنانی ڕێچکەیەکی نوێ بۆ گفتوگۆکردن لەمەڕ سروشت، یەکێک لە دەستکەوتە مەزنەکانی شۆڕشی زانستی سەدەی ١٧ بوو. ئەم شێوازە نوێیە، کۆمەڵێ چەمکی گرنگی لەنێو زمانی زانستی کۆندا سڕییەوە، کە هێز و وزەیان لە کولتوور و شارستانییەتەکانی پێش خۆیان وەرگرتبوو. ئەمانەش کۆمەڵێ چەمک بوون، کە ئەفلاتون و ئەرەستۆ خستبوویانە نێو زمانە کۆنەکەی زانستەوە.

بەڵام ئەم زمانە نوێیەی «زانستە سروشتییەکان» بۆ بەکارهێنان لە باری لێکۆڵینەوە لەسەر مرۆڤ دەست نادات، چونکە توانای ئەم خۆگۆڕینەی نییە، چ جای ئەوەی بۆ زمانی لێکۆڵینەوە لەسەر مرۆڤ سوودی لێوەر بگیرێت، کە سیخناخە بە چەندین تیۆر و هەڵوێستی سازش هەڵنەگر و هەمیشە لە ململانێدا. هۆکارێکی ئەم حاڵەتەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە زمانی «زانستە مرۆییەکان» لەسەر بناغەی تێگەشتنمان لە مرۆڤبوون، ژیان لەنێو کۆمەڵگا، بیروباوەڕە ئەخلاقییەکان و گەڕان لەدووی بەختەوەری و… هتددا بنیاتنراوە. بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی، ئاخۆ چۆن لە ژیانی ڕۆژانەماندا، دید و تێڕوانینمان بۆ تیۆرە جیاجیاکان ڕووبەڕووی ئاریشە و تەنگەژە دەبێتەوە، دیسانەوە دەگەڕێینەوە بۆ تێگەشتنمە پێشوەختەکەمان لە تایبەتمەندی و مۆرکە بنەڕەتییەکانی ژیانی مرۆیی. یانی کۆمەڵێ تایبەتمەندی و مۆرکی پێشوەختە گریمانەکراو، کە لای هەمووان ڕوونە و پێناچێت پێویستیان بە ڕێکخستن و پۆلێنکردن بێت. ڕێک ئەم تێگەشتنە پێشوەختە، نەگوتراوە، ڕێککەوتن لەسەر نەکراوانەیە، دەبنە ڕێگر لەبەردەم تێگەشتنی مرۆڤەکان لە «کاتێکی دی» و «شوێنێکی دی».

نەتەوەگەرایی (Ethnozentismus)ش بەرهەمی ئەمجۆره تێگەشتنە پێشوەختەیە، کە بەبێ ئەوەی خۆشمان هەستی پێبکەین، لە کۆڵمان ناوە و، تەنانەت بە هیچ هەڵوەستە و بڕیارێکی نوێ و جیاواز، دیسانەوە لە فەزا و دەرهاویشتەکانی ڕزگاریمان نابێت و، هەر بە کۆڵمانەوە دەمێنێتەوە. ئەگەر هەستەکانمان بەرامبەر بە هەر دیاردە و دەرکەوتنێکی مرۆیی، ببێتە هۆکارێک بۆ لاوازبوونی تێگەیشتنمان لە چەمک و ڕەهەندەکانی «ئەوی دی» و، هاوکاتیش ئەم هەست و تێگەشتنەشمان بە بەردی بناغەی «بوونمان» هەژمار بکەین، چیدی  ناکاتە ئەوەی، وەها گیرۆدە و قەتیسبووی بیروبۆچوونەکانمانین، کە تەنانەت توانای ناسینی «ئەوی دی»ـشمان نییە؟

درک و تێگەشتنێکی حەقیقی لە بابەتە مرۆییەکان، پێویستی بە هاودڵییەکی پشوودرێژ و هەروەها پێویستی بە وەلاوەنانی بۆچوونە نەگوتراو و باس نەکراوەکانمانە. یانی ئەو بۆچوونە نەگوتراوانەی، کە حەقیقەتی «ئەوی دی»ـمان لێ ئاوەژۆ و لێڵ دەکات. ئەمەش کاتێ ڕوو دەدات، کە ئێمە -هەر کامێک لە ئێمە- بوونی خۆمان وەکو حەقیقەتی خودی خۆمان لەبەر چاو بگرین، نەک وەکو حەقیقەتی هەموو مرۆڤایەتی. هاوتەریب لەگەڵ ئەم پڕۆسەیە، پێویستە ئێمە تایبەتمەندییەکانی «ژیانی ئەوانی دی»، وەکو خۆی، دەقاودەق و بەبێ هیچ ئاڵوگۆڕ پێکردنێک، قبوڵ بکەین.

شێوازی ژیانی ئێمە، تاکە شێوازی سروشتیی ژیان نییە، بەڵکوو فۆڕمێکە لە چەندین فۆڕمی ژیان. بۆیە چیتر ناتوانین، بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان، پشت بە فۆڕمی ژیانی خۆمان ببەستین و پێداگری لەسەر بکەین، وەک ئەوەی بڵێی، ئەوەی ئێمە تاکە فۆڕمی سروشتی ژیانە.

سەرباری کۆمەڵێ کەموکورتی، بەڵام تێگەشتنمان بۆ «ئەوی» دی، بەمجۆرە چاکسازیانە، بەرەو باشی دەڕوات. خۆ ئەگەر ئەوەی لە سەدەی ٢٥ لە چاینا لەبارەی مێژووی ڕۆماوە دەگوترێت، جیاوای بێت لەوەی، کە ئێستا ئێمە دەیزانین، چیتر مانای ئەوە نییە، کە فاکت و حەقیقەتە مێژووییەکان لە نێوان ئێمە و ئەوان گۆڕدراون یان جیاوازییان هەیە. بەڵکوو جۆری پرسیارەکان و تەنانەت جۆری ئاریشەکان جیاواز دەبن و، تەنانەت ئەو تایبەتمەندییانەی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆما، کە ئێستا سەرنجی ئێمەی ڕاکێشاوە، لە چاینای سەدەی ٢٥ یان بەڕازیلی سەدەی ٢٢ ، جۆرێکی دەنوێنن و، بگرە هەر لە داهاتوودا چەند تایبەتمەندییەکی دیی لەم ئیمپڕاتوورییەتەدا بدۆزرێتەوە. هەڵبەت بەدڵنیاییەوە، چ لە چینای سەدەی ٢٥ یان بەڕازیلی سەدەی ٢٢، وەکو ئێستای خۆمان، کۆمەڵێ خوێندنەوەی نەتەوەگەرایانە و هاوکاتیش کۆمەڵێ خوێندنەوەی ڕووکەشیانەس بوونیان دەبێت. بە کورتییەکەی، هەندێ لە خوێندنەوەکان «ڕاست و دروستترن» و زیاتر لەوانی دی لە حەقیقەت نزیک دەبنەوە.

هەڵبەت بۆ ئەوەی بەدوور بین لە ئاوەژۆ و بەلاڕێ بردنی حەقیقەت، دەبێ دانی پێدا بنێین، کە شێوازی ژیانی ئێمە، تاکە شێوازی سروشتیی ژیان نییە، بەڵکوو فۆڕمێکە لە چەندین فۆڕمی ژیان. بۆیە چیتر ناتوانین، بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان، پشت بە فۆڕمی ژیانی خۆمان ببەستین و پێداگری لەسەر بکەین، وەک ئەوەی بڵێی، ئەوەی ئێمە تاکە فۆڕمی سروشتی ژیانە. بۆیە هیچ تێگەشتنێک بۆ «ئەوی دی» بوونی نابێت، ئەگەر گوڕانکاری لە خۆمان و وێناکردنمان بۆ «ئەوانی دی» لە خۆماندا نەهێنینە دی و، گۆڕانکاری لە شوناسی خۆماندا نەکەین. گۆڕانکاری لە شوناسدا، بە مانای گۆڕانکاری لە تێگەشتنمان بۆ خۆمان، بۆ ئامانج و بەها و بیروباوەڕەکانمان. ئەمجۆرە گۆڕانکارییانە پێویستین، بۆیە زۆر کەس، دژی مۆڵتی کلتوری یان فرەکولتوورین. ئێمە گرنگی و بەهایەکی زۆرمان بە دید و تێڕوانینە هەڵە و ناڕاستەکانمان لەمەڕ ئەوانی دی داوە.

کاتێ تاک دەتوانێت، جیاوازییەکانی ئەوی دی ببینێتەوە، چیتر ئەم جیاوازییانە وەکوو کەموکوڕی، وەکو هەڵەی ئەوی دی و دواجار ئەوی دی، وەکوو جۆرێکی دواکەتوو دانانێت، بەڵکوو وەکوو فۆڕمێکی گوزەرای مرۆیی سەیری دەکات.

زۆربەشمان درکمان بەوە کردووە، کە تێگەشتن و درککردنی دەرفەتە مرۆییەکان، دەوڵەمەندمان دەکات. سەرباری ئەمەش، ئەوە حاشاهەڵنەگرە، کە ڕێگەی ناسینی ئەم دەرفەتانە و، ناسینی بەها و پێگەی «ئەوانی دی»، ڕێگەیەکی دژوار و پڕ لە تەنگ و چەڵەمەیە. بەڵام دواتر و پاش ئەم پڕۆسەیە، ئەنجامێکی زۆر گرنگ بەدەردەکەوێت و، ئەویش ئەوەیە، کاتێ تاک دەتوانێت، جیاوازییەکانی ئەوی دی ببینێتەوە، چیتر ئەم جیاوازییانە وەکوو کەموکوڕی، وەکو هەڵەی ئەوی دی و دواجار ئەوی دی، وەکوو جۆرێکی دواکەتوو دانانێت، بەڵکوو وەکوو فۆڕمێکی گوزەرای مرۆیی سەیری دەکات.

کۆمەڵگاکانی دی، چەندین جۆر ڕێگەی جیاواز و بگرە ئاڵۆز و پڕ پێچ و پەنای مرۆڤبوونمان پیشان دەدەن، بەڵام ئەرکی ئێمەیە، دان بە مرۆیی بوونی ئەو ڕێگایانەشدا بنێین و پشتگیریشی لێوە بکەین و هاوکاتیش درێژە بە شێوازە تایبەتەکەی ژیانی خۆشمان بدەین. ڕەنگە گەشتن بەم قۆناغە ئەستەم بێت و پێویستی بە گۆڕانکاری لە خودی خۆمان و دواجاریش بخوازێت، شێوازی ژیانمان بگۆڕین، بەڵام هەرچۆنێک بێت، ئەمە ئالنگارییەکەو دەبێ لە داهاتوودا، کۆمەڵگاکان بیرێکی جیددیی لێبکەنەوە.

سەرچاوە:

https://www.project-syndicate.org/commentary/the-other-and-ourselves–is-multi-culturalism-inherently-relativist/german?barrier=accesspaylog