بەسەرکردنەوەیەکی خێرای مێژووی شێوەکاری لە کوردستان لە نێوان ڕەخنە و هونەری شێوەکاریدا

ئەم نووسینەی دەیخوێننەوە وەڵامی (زامۆئا داەاغا)ی هونەرمەندی شێوەکار و نووسەرە بۆ پرسیارێکی تەوەری ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری ماڵپەڕی ژنەفتن.

سەرەتا دەبێت لەوە تێبگەین ئێمە کێشەى (دەقى پیرۆز)مان هەیە واتا بەپێى ئەو کولتوورەى کە زیاد لە ١٤٠٠ ساڵە ئەم کۆمەڵگەیە پەیرەوى دەکات، تاکى کورد نەیتوانیوە بە شیوەیەکە ئازادانە ڕەخنە لە دەقى پیرۆز بگرێن، هەر لەم بۆچوونەوە ڕەخنە لەلاى ئێمە زۆر لاوازە و کاریگەرى زۆرى نییە لەسەر کولتووری ئێمە، ئەوەی کە هەیە جۆرێکە لە ستایش و پیاهەڵدان و وەسف کردنە، ئەوەندە ڕەخنەى بابەتى و جیددى نییە.

هەموومان دەزانین بەبێ کارى هونەرى ئەستەمە (ڕەخنەى هونەرى شێوەکاری)ش بوونى هەبێت. هەر لەم ڕوانگەیەوە هاوتەریب بە هۆکارەکانى نەبوونى ڕەخنەى هونەرى باسى مێژووى هونەرى شێوەکارى لەناو کۆمەڵگەى ئێمەدا دەکەین.

هونەرى شێوەکارى لە کوردستان تازەیە و مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەدەى ڕابردوو، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەم ناوچەیەی کە کورد تێیدا نیشتەجێ بووە وەک جوگرافیا لە بەشى باکوورى ڕۆژهەڵاتى (میزۆپۆتامیا)دا بەشێک بووە لەو مێژووە گەورەکەى شارستانى میزۆپۆتامیا لە هەموو سەردەمەکانیدا.

بەڵام بەهۆى شەر و ململانێى زلهێزەکانى دەورووبەرى هەمیشە دەست بەسەر بووە و، لە هەندێ کاتى مێژووییدا کورد دەسەڵاتى خۆجێیى خۆى هەبووە و لە هەندێ کاتدا وەک داگیرکەراو خۆى بینیوەتەوە.

بەپێى ئەو گەڕان و پشکنینانە کە ئیستا دەکرێت و ئەو پاشماوانە کە دەدۆزرێتەوە لەم ناوچەیەدا چەندین ئاسەوارى مێژوویى لەخۆ گرتووە کە دەیسەلمێنێت خەڵکى ئەو سەردەمە هونەریان بەرهەم هێناوە و پەیوەندییەکى زۆر باشیان هەبووە لەگەل هونەر و کارى هونەرى وەک پەیکەر و سیرامیک و کەلوپەلى ڕۆژانەى ناو ماڵ و خشڵ و زێر و زیوو و بیناسازى. لە هەموو سەردەمەکانى میزۆپۆتامیا و هەموو شارستانیەتەکان کە دەسەڵاتیان هەبووە وەک (بابل و سۆمەر و ئەکەد و ئاشورەکان) تا دەگاتە سنوورى دەسەڵاتى یونان و ساسانییەکان و فرعەونییەکان و چەندین شارستانى گەورە و بچوکى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کە بوونیان هەبووە لەو سەردەمەدا لەم ناوچەیە.

هونەر بە گشتى و هونەرى شیوەکارى بە تایبەتى بە قۆناغەکانى خۆیدا ڕۆیشتووە وەک هەموو شارستانیەتەکانى دونیا، هونەر تێکەڵاوى کۆمەڵگە بووە لە زۆربەى زۆرى بوارەکانى ژیانى ڕۆژانەدا، هەم وەک کەلوپەلى ڕۆژانە تا دەگاتە کۆشکى پاشاکان و مەلیکەکان و پەرستگاکانى خواوەند و شوێنە گشتییەکانى شارەکان.

بە هاتنى دەسەڵاتى ئیسلام بۆ ئەم ناوچەیە پیش ١٤٠٠ ساڵ گۆڕانکارییەکى گەورە ڕووى دا بە تایبەتى لە بوارى هونەرى شێوەکارى کە دەتوانم بڵێم لاوازبوونى هونەرى شێوەکارى بە شێوەیەکى بەرچاو، کە وایلێهات وێنەکێشان و پەیکەرسازى ببن بە شتێک و بابەتێکى قەدەغەکراو و نەفرەت لێکراو و، لە هەندێ شوێندا ئەو کارە هونەریانەى کە هەبوون هەمووى شکێندراو و لەناو براون لەژێر بیانووی جواروجۆرى دیندا، بەم شیوەیە هونەرى شێوەکارى بوو بە شتێکى نامۆ و قەدەغەکراو بۆ خەڵکى ئەم ناوچەیە.

ئەوەى لەبەرچاو بوو شکێندرا و فەوتا و ئەوەی مایەوە خرایە خزمەت دەسەڵاتە ئایینییەکە و بەرگى ئایینى وەرگرت و بەلاڕیدا برا.

ئەم دەسەڵاتە ئایینییە وایکرد هونەرى شێوەکارى زۆر لاواز ببێت و لە هەندێ قۆناغى مێژوویی دەسەڵاتە ئیسلامىیەکان دابڕان و نەمان ڕووى دا، ئەوەى کە مایەوە ڕەگى داکوتى لە کولتوورى ئێمەدا (ئەدەب) بوو کە ئەویش بارگاوى بووبوو بە کولتوورى ئیسلامەوە، بەم شیوەیە نەبوونى کارى هونەرى شێوەکارى بووە هۆى نەبوونى ڕەخنەى هونەرى و بە تایبەتى تیورى هونەرى شێوەکارى لە هەموو ڕووییەکەوە.

ئەم مێژووە بەم شێوەیە بەردەوام بوو تا ڕووخانى دەوڵەتى عوسمانى لە جەنگى جیهانى یەکەمدا لەلایەن بەریتانییەکان و فەرەنسییەکانەوە.

ئیدى جارێکى تر بەهۆى ئەم داگیرکردنەوە لەژێر ناوى ئیستعماردا هونەرى شێوەکارى هاتەوە ناوەوە لە ڕێگەى بەریتانییەکان بۆ ناو عێراق بە تایبەتى.

لەبەر ئەو دابرانە زۆرەى کە ڕوویدابوو لە مێژووى هونەرى شێوەکارى بە شێوەیەکى نامۆ هاتووە و بە بەرگێکى ڕۆژئاوایى خۆى ناساند لەناو کۆمەڵگەى ئێمەدا هەم وەک فۆرم هەم وەک بابەت، لە سەرەتادا وەک وێنە و بینین، خەڵکى ئەم ناوچەیە بەرى کەوتن، واتە ئەم هونەرە کە لە هونەرى ڕۆژئاوادا خۆى دەبینیەوە لە ڕێگەى داگیرکەرى ئیستعمارى بەریتانییەوە هاتە ناوەوە کە پەیوەندى هەبوو بە کەسە (ئەرەستۆکراتى و دەسەڵاتى مەلەکى و مەندوبى سامى بەریتانى و خێزانەکانیان و سەربازەکانیانەوە) هاتە ناو وڵاتى عێراقەوە کە لەژێر (ئینتدابى بەریتانیدا) خۆى دەبینیەوە.

لە دواى ڕووخانى دەوڵەتى عوسمانى و دروست بوونى وڵاتى عێراق مێژووى هونەرى شیوەکارى دروست دەبێت، بەڵام بە شێوەیەکى سست و لەسەر خۆ هەنگاوی ناوە.

لە ساڵى ١٩٣٦ پەیمانگای مۆسیقای وەتەنى دروستکراوە، لە سااڵى ١٩٣٩ بەشى وێنەکێشان و بەشى پەیکەرسازی تیاکرایەوە و، لە ساڵى ١٩٤٠ ناوەکەی گۆڕدرا بە پەیمانگاى هونەرە جوانەکان و عێراق پەیوەندى کولتوورى و هونەرى دروست دەکاتەوە بە دونیاى دەرەوەى خۆى، بە تایبەتى ئەوروپاى ڕۆژئاوا، بە ناردنى هونەرمەندانى عێراقى بۆ خوێندنى هونەر لە فەرەنسا و بەریتایا و ئیتالیا، کردنەوەى قوتابخانە و پەیمانگا و خوێندنى وانەى هونەر لە هەموو بەشەکانى پەروەردەدا.

ئەوەى جێى سەرنجە هونەرى شیوەکارى لە نێوان هونەرمەنداندا مایەوە، واتە هونەر لە نیوان خوێندکارەکانى هونەر و مامۆستاکانى هونەر و هونەرمەنداندا مایەوە و ڕێژەکە زۆر کەم بوو بە تایبەتى لە هونەرمەندانى شێوەکاردا و نەچووە ناو کۆمەڵگەوە یان تواناى ئەوەى نەبوو ببێتە بەشێکى کاریگەر لە ژیانى ڕۆژانەى خەڵک، تەنیا لە پایتەختى عێراق لە بەغداد مایەوە، ئەمەش بووە هۆى ئەوەى کە هونەرى شیوەکارى بەو شێوە سنووردارە بمێنیتەوە و نەتوانێت پێشکەوێت لەهەر دوو بوارەکەدا هەم وەک کارى هونەرى و هەم وەک تیورى هونەرى، لە زۆربەى کاتەکاندا هونەر بە نامۆیى دەبینرا وەک (هونەرى هاوردە) کە تواناى پیشکەوتن و چوونە ناو هونەرى جیهانی نەبێت بە شێوەیەکى لۆکالى ناجێگیر بمێنێتەوە.

یەکێک لە هۆکارەکانى ئەم چەق بەستنە نەبوونى (تیۆرى هونەرى) و (ڕەخنەى هونەرى) بوو وەک پیشتر باسم کرد لە ئەنجامى ئەو دابڕانە گەورەیە کە تووشى ئەم ناوچەیە بوو بە هۆى (دەسەڵاتى ئیسلام)ەوە. هونەرى شیوەکارى کە گەڕایەوە بە شیوازى (کارى هونەرى) هاتەوە ناو کۆمەڵگەى عێراقى موسڵمان کە کوردیش بەشێک بوو لەو پێکهاتەیە، واتە مومارەسەکردنى هونەر وەک کردار ئەنجام دەدرا، هونەرمەندان کاری هونەریان بەرهەم دەهێنا و نمایشیان دەکرد، بەبێ نووسراوێک یان مانیفێستێک کە گوزارشت لە کارە هونەرییەکان بکات و لە ڕێگەى ئەم کارە هونەریانەوە ڕەخنە لە کۆمەڵگە بگیرێت یان تیۆرى هونەرى لەگەڵ بێت تەنیا نمایش بوو و ئەم نمایشانەش زۆر سنووردار بوون.

مێژووى هونەرى جیهانى لە خوێندنگاکاندا بە شێوەیەکى ڕۆتینى دەخوێندرا وەک (زانیارى گشتى) نەک وەک پسپۆڕى و زانستى هونەرى و تیۆرى هونەرى.

لە سەرەتاى سەرهەڵدانى هونەرى شیوەکارى عێراقىدا، تیۆرى هونەرى پشتگوێ خرا و گرنگیان پێنەدا، لەگەڵ دروست بوونى چەندین هونەرمەندى عێراقى و بەرهەمهێنانى کارى هونەرى لۆکاڵى  تیۆرە هونەرى و ڕەخنەى هونەرى بۆ کارى هونەرمەندانى عێراقى دروست نەبوو، کە دەکرا بە شێوەیەکى تەریب بە یەک لەگەل کارە هونەرییەکاندا خوێندنەوە بۆ چالاکى و کارە هونەرییەکان بکرایە، هونەرى شێوەکارى لەو کاتەدا تەنها لە کاتى پێشانگا و نمایشى هونەرییەکاندا بوونى هەبوو.

هونەر کە هاتە ئەم ناوچەیەوە بە شیوەیەکى فرمى نەبوو واتە سەرەتا لە ڕیگەى لەشکرى ئینگلیزەکانەوە هاتە ناوەوە، هیچ دامودەزگاى کولتوورى تایبەت بە هونەرى شێوەکارى بوونى نەبوو، ئەمە هۆکارێکى گرنگ بوو کە لە دواى چەندین ساڵ لە ئەزموونى هونەرمەندانى ئەم ناوچەیە نەتوانرا کارەکان کۆبکرێتەوە بە واتایەکى تر عەقڵەیەتى ئەرشیف کردنى کارى هونەرى بوونى نەبوو، ئەم هۆکارە زۆر زیان بەخش بوو نەک تەنیا بۆ ئەو ڕۆژگارە بگرە بۆ دواڕۆژیش بوو بە کێشەیەکى گەوڕە لە مێژووى هونەرى شێوەکارى عێراقیدا.

لە سەرەتاکانى ساڵى پەنجادا نمایشى شێوەکارى لە زۆربووندا بوو ئەم چالاکیانە لە ساڵی ١٩٥٦ بووە هۆى دامەزراندنى سەندیکاى هونەرمەندانى عێراقى، بەڵام هیچ تیۆرى ڕەخنەى بەرهەم نەهێنا لەسەر ئاستى هونەرى شێوەکارى عێراقى. 

یەکێک لە بنەما گرنگەکانى ڕەخنەى هونەرى بوونى (ئەرشیف و دیکۆمێنت) کردنى کارى هونەرییە، بۆ نموونە کردنەوەى مۆزەخانە و دەزگاى هونەرى حکومى و ناحکومى بۆ پاراستنى مێژووى هونەرى شێوەکارى

دەبێت ئەوەش لەیاد نەکەین، یەکێک لە بنەما گرنگەکانى ڕەخنەى هونەرى بوونى (ئەرشیف و دیکۆمێنت) کردنى کارى هونەرییە، بۆ نموونە کردنەوەى مۆزەخانە و دەزگاى هونەرى حکومى و ناحکومى بۆ پاراستنى مێژووى هونەرى شێوەکارى! کە بە باوەڕى من ئێستاش ئێمە لە هەمان کێشەداین لە دواى ئەو هەموو ساڵە لە مێژووى هونەرى شێوەکارى لە عێراق و هەرێمى کوردستان دەزگایەک نییە کارى ئەرشیف و دیکۆمێنت کردنى هونەرى شێوەکارى بکات، ئەم عەقڵیەتە لە سەردەمى مەلیکى بوونى نەبوو، کە تواناى ئەرشیف کردن و دیکۆمێنت کردنى کارە هونەرییەکانى هەبێ.

لە دواى ڕووخاندنى حوکمى مەلیکى لە عێراق بۆ یەکەم جار لە ساڵى ١٩٥٨ وەزارەتى ڕۆشنبیرى  بە ناوى (وەزارەتى الارشاد) دروست کرا. سەرهەڵدانى فیکرى نەتەوەیى و بە تایبەتى فیکرى (نەتەوەیى ئیشتراکى عەرەبى)، کولتوور بە گشتى و بە تایبەتى هونەرى شێوەکارى گۆڕانکارى بە سەردا هات و بە موئەسەساتى کرا لە عێراقى تازەدا.

فیکرى نەتەوەیى عەرەبی، هونەرى وەک ناسنامە هەڵگرتەوە واتە: ویستى لە ڕێگەى هونەر و کولتوورەوە فیکرى نەتەوەى بڵاو بکاتەوە لەسەر هەردوو ئاستەکە وەک کارى هونەرى و تیۆری هونەرى، بەڵام لە کۆتاییدا بوو بە فیکرێکى فاشیستى دیکتاتۆرى کە لە خزمەت مانەوەى (سەرۆک)دا مایەوە و پێشنەکەوت، بەڵێ کارى جیددى و باشى کرد لە دروست کرنى مۆزەخانە و گەلەرى و شوێنى تایبەت بە هونەرى شیوەکارى، بەڵام ڕەوشە سیاسییەکە هاندەر نەبوو لەگەل بوونى شەڕوشۆرى زۆر لە نێوان ساڵانى ١٩٦٠ تا ٢٠٠٣ کەوتنى ڕژێمى بەعسى فاشى.

ئەمە وایکرد هونەر بکەوێتە ژێر کاریگەرى حیزبێکەوە لە کۆتایى ساڵانى شەستەکان بۆ سەرەتاى ساڵى نەوەتەکان لە خزمەتى حیزب و سەرۆکدا بێت.

بەم شێوەیە ڕەخنەى هونەرى بووبوو بە ئامرازێکى ستایش کردن و وەسف کردن و پیاهەڵدانى دەسەڵاتى ئەو کاتە و ڕەخنەى هونەرى وەک دژایەتى بەکار دەهێنرا بەرامبەر بە نەیارانى دەسەڵات، دەتوانم بڵیم لەو ٣٠ سی ساڵەى کە (حیزبى بەعسى عەرەبى ئیشتراکى) حکومى کرد زۆرترین جوڵانەوەى هونەرى و چالاکى هونەرى بەڕیوە چوو، هەروەها دروست کردنى دامودەزگاى هونەرى حکومى و ناحکومى کە هەردووکیان حیزب چاودێرى دەکرد و سەرپەرشتى دەکرد لەسەر ئاستى هونەرى ناوخۆ و لەسەر ئاستى هونەرى دەوڵەتانى عەرەبی و هونەرمەندانى عەرەبی و عێراقى.

(حیزبى بەعسى عەرەبی ئیشتراکى) هەر زوو هەستى بە گرنگى هونەر و کولتوور کرد لە ناو کۆمەڵگەدا بە تایبەتى کاریگەری لەسەر منداڵان و مێردمنداڵ و گەنچ و هەموو چینەکانى کۆمەڵگە، هونەر و کولتوور بە شیوەیەکى بەرچاو پیشکەوتنى بە خۆیەوە دى بە کردنەوەى زانکۆ و پەیمانگاکان و چالاکى قوتابخانەکان کردنەوەى دەورەى هاوینە و هەروەها دروست کردنى چەندین مۆنۆمێنتى گەورە و مۆزەخانە و گەلەرى و دانانى پەیکەر لە شوێنە گشتییەکاندا و پەیکەر و وێنەى گەورەى سەرۆکى فەرماندە و وێنەى دیواربەندى (جیدارى) جەنگەکانى ئەو سەردەمە و سەرکەوتنەکانى (سەرۆکى فەرماندە) و (وێنەى شەخسى) سەرۆک و سازدانى سەدان پیشانگاى حیزب و سەدان نمایشى هونەرى بۆ بۆنەى نەتەوەیى و حیزبیەکان و خۆشەویستى (سەرۆکى فەرماندە) و زیندووکردنەوەى مێژووى میزۆپۆتامیا لە ڕوانگەى فیکرى نەتەوەیەوە و درێژەدان بەو مێژووە وەک لەسەر دەستى (سەرۆکى فەرماندە وەک ڕابەرێکى گرنگى مێژووى لە ناوچەکە و جیهاندا).

دەبێت لێرەدا یەک تێبینى باس بکەم ئەویش ئەوەیە بە ڕووخانى حوکمى مەلەکى و (ئینتیدابى بەریتانى وەک ئیستعمار) ئەو هاوسۆزی و هەماهەنگییە نەما لەگەڵ وڵاتانى ئەوروپاى ڕۆژئاوا، سیستمەکە گۆڕدرا بۆ حوکمى (ئیشتراکى) واتە: سیستمى دیکتاتۆرى ئیشتراکى کە لە شیوازى حوکمى (ستالین)یدا خۆى دەبینیەوە کە دەبێت هونەر لە خزمەت حیزب و دەسەڵاتدا بێت، تەنیا کارى جوانکردنى ڕوخسارى دەسەڵات و پەرستنى سەرۆک بێت، هەروەها ببێت بە براگەورە (پۆلیسى هونەر) کە چاودێرى ڕەوشى هونەرى بە وردى بکات. لێرەوە ڕەخنەى هونەرى بە ئاراستەیەکى تر هەنگاو دەنێت ئەویش دەچێتە ناو ستایش و دەستخۆشى و بە بەرز زانینى ئەو فیکرەیە کە دەیەوێت لە ڕێگەیەوە کۆمەڵگە بگەوجێنێت، بۆ دڕیژەدانى دەسەڵاتى خۆى.

ئەمەش لە ساڵانى هەشتاکاندا بە جوانى دەبینرا، هەروەها لەگەڵ دروست بوونى (سانسۆر و پۆلیسى هونەرى) لەسەر هونەر و کایەى هونەرى بە گشتى لە کۆتایى ساڵى حەفتاکاندا هونەرمەندانى ئەم ناوچەیە دوچارى ڕاکردن و ئاوارە بوون بوونەوە لەسەر ئاستى هەموو عێراق و بە تایبەتى هەرێمى کوردستان لە تاو سەرکوت کردن نەبوونى ئازادى ڕادەربرین لەلایەن حیزب و دامودەزگا هونەرییەکانى وڵات و زۆربەیان ڕوویان کردە ئەوروپا بە تایبەتى ئەوروپاى ڕۆژئاوا.

لەگەڵ هەڵگیرساندنى شەڕى نێوان عێراق و ئێران، هەم لە عێراق و هەم لە کوردستان هونەر بە گشتى گۆڕانکارییەکى گەورەى بەسەردا هات، لێرەوە هونەر و ڕەخنەى هونەرى و تیۆرى هونەرى بابەتەکانى دەگۆڕدرێن و بەرەو (هونەرى جەنگ)، ڕووبەڕوو بوونەوەى فیکرى قەومى عەرەبی لەگەڵ ئێراندا کە لەو کاتەدا هەموو هونەرەکان لە خزمەت ئەو جەنگەدا بوون.

***

ئێمەى کورد وەک میللەتێکى خاوەن زمان و کولتوور لە دواى ڕووخانى دەوڵەتى عوسمانى لە ژێر هێزى چەک و چەندین پەیماننامەى نێودەوڵەتیدا بەش بەش کراین بەشی باشوور خرایە سەر وڵاتى عێراق لەژێر سایەى (ئینتیدابى بەریتانیدا) و دروست بوونى حوکمى مەلەکیدا بەڕێوە دەبرا.

ئەوەى کە لە سەرەوە باسکرا بەشێکە لە مێژووى هونەر و تیۆرى هونەرى ئێمە و کاریگەرى زۆرى لە سەر هونەر و کولتوورى ئێمە هەبووە و هەیە و، بە تایبەتى هونەرى شێوەکارى، بەڵام بە حوکمى ئەو کێشانە کە لە سەرەتاى دروست بوونى دەوڵەتى عێراقییەوە دروست بوون و کێشەى نێوان کوردستان و حکومەتى عێراقى لە بەغداد و بەرهەڵستى خەڵکى کوردستان لەگەڵ (ئینتیدابى بەریتانى) بووە هۆى پشتگوێ خستنى لەلایەن هەم  بەریتانییەکان و هەم حکومەتى عێراقى لەسەر هەموو ئاستەکان، بەدڵنیاییشەوە بەشى هونەر و کولتووریش تووشى ئیهمالى گەورە بووە، واتە ئینتیدابى بەریتانى و حکومەتى مەلەکى لە بەغداد بە مەبەستى سیاسى ناوچە کوردییەکانیان لە هەموو ڕووییەکەوە، ڕامیارى و ئابووى و کۆمەڵایەتى و کولتووری پشتگوێ و ئیهمال کرد، ئەمەش وایکرد کۆمەڵگەى کوردى لەژێر سایەى وڵاتى عێراقدا دووچارى کیشەى گەورە ببێتەوە لەسەر ئاستى سیاسى کە تاکە میللەت بوو لە ناوچەکە لە دواى جەنگى جیهانى یەکەم و پارچە پارچە کردنى دەوڵەتى عوسمانى نەبوو بە دەوڵەت و، ئەم ململانێیە وایکرد کە ئەوەندەى تر لە ڕووى کولتوورى و هونەرییەوە دوابکەوێت.

زامۆئا داراغا، هونەرمەندی شێوەکار،

لەگەڵ ڕووخانى حوکمى مەلیکى لە کۆتاییەکانى ساڵانى پەنجاکاندا و گۆڕینى حوکمى عێراق بە کۆمارى و دروست بوونى فەزاى دیموکراتى و بنیاتنانەوەى عێراق لە هەموو بوارەکاندا، بە تایبەتى هونەر و کولتوور کە پێشکەوتنێکى گەورەى بە خۆیەوە بینى لەسەر ئاستى هەموو عێراق و شارى بەغداد بە تایبەتى، لە ساڵى ١٩٥٨ بۆ ١٩٥٩ یەکەم ئەکادیمى هونەرە جوانەکان لە بەغداد دروست کرا.

لە سەرەتاى ساڵانى شەستەوە چەند خوێندکارێک چوون بۆ شارى بەغداد بۆ خوێندنى هونەر لە ئەکادیمى هونەرە جوانەکان و پەیمانگاى هونەرە جوانەکان، لێرەوە سەرەتاى دروست بوونى جووڵەى هونەرى شێوەکارى لە کوردستان دروست بوو و، زۆربەیان کە ئەکادیمى هونەرە جوانەکان تەواو کردبوو، گەڕانەوە بۆ شارەکانى خۆیان و بوون بە مامۆستاى (هونەر) لە قوتابخەنەکان و ئەوەى خوێندبوویان بە خوێندکارەکانیان وتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا لێرە و لەوێ بە شیوەیەکى سنووردار و کەم لە شارەکانى سلێمانى و هەولێر و کەرکوک نمایشى هونەرى کرانەوە.

لێرەدا دەبێت ئەوە بڵێن ئەم جووڵە هونەرییە زیاتر بەرهەمهێنانى کارى هونەرى بوو واتە: تەنها خۆى دەبینییەوە لە کارى هونەری و نمایشکردنى کارە هونەرییەکان، بە بێ ڕەخنەى هونەرى یان تیۆرى هونەرى، سەرەتا هەوڵەکان کەم بوون هەم وەک کارى هونەرى یان وەک نمایشى هونەرى شێوەکارى، ئەوەى لەو سەردەمەدا لە پێشکەوتن و پەرەپێداندا بوو (ئەدەب) بوو، کە ئەمە بووە هۆى ئەوەى کە لە ڕیگەى زمانى ئەدەبییەوە گوزارشت لە هونەرى شێوەکارى بکرێ کە ئەم نەریتە تا ئێستا ماوە و پەیڕەو دەکرێت لەلایەن هەندێک لە هونەرمەندان و ڕۆشبیرانەوە.

لەگەڵ دروست بوونى خەباتى چەکدارى و گەورە بوونى ئاڵۆزییەکان لە نێوان کوردستان و حکومەتى عێراقیدا و بەرهەڵستى کردنى فیکرى نەتەوەى عەرەبی لە عێراق و دروست بوونى دیکتاتۆریەت و جینۆسایدکردنى میللەتى کورد، هونەر چووە قۆناغێکى ترەوە ئەویش داکۆکى کردن بوو لە (ئەدەنتییەتى کوردى) هەویەى کوردى کە لە ڕێگەى هونەرەوە شەرى مان نەمانى کولتوورى خۆى دەکرد.

لە دواى شکستى شۆڕشى کورد لە ناوەڕاستەکانى ساڵانى حەفتادا هونەر بە گشتى بەرەو (هونەرى بەرگرى) چوو، کە لێرەدا ئەدەب و بە تایبەتى (ئەدەبى بەرگرى) پشکى شێرى بەرکەوت، هەر لە دەقى ئەدەبى و شیعر و چیرۆکەوە تا کۆڕ و کۆبوونەوەکانى ناو ڕۆشنبیران گەڕانەوە بۆ ناو خودى تاکى کوردى لە ڕێگەى ئەدەبەوە. بە هەمان شێوە هونەرى شێوەکارى چووە ناو ئەو جەنگەوە هەموو تواناکانى خۆى بەکارهێنا بۆ ئەوەى هونەرێکى بەرگرى بەرهەم بهێنێت کە هەڵقوڵاوى کۆمەڵگەکەی بێت و جیاواز دەرکەوێت لە هونەر و کولتوورى دراوسێکانى و بە تایبەتى کولتوورى نەتەوەیى عەرەبی ئیسلامى بۆ ئەوەى بیسەلمێنێت کە کورد خاوەن کولتوور و فەرهەنگی خۆیەتى.

ئەم ڕەوت و بزاوتەی کە لە دواى شکستى شۆرشى کوردى ڕووى دا زۆر زەرەرى بە هونەرى شێوەکارى دا، کە وای کرد هونەرى شێوەکارى لە قۆناخێکدا بوەستێ و لە جووڵە بکەوێت، ئەوەى کە ڕووى دا لە ساڵانى حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، هونەرى شێوەکارى ئەو هونەرەی بەرهەم دەهێنا کە لە ساڵانى شەستەکاندا پەیڕەو دەکرا

بە باوەڕى من ئەم ڕەوت و بزاوتەی کە لە دواى شکستى شۆرشى کوردى ڕووى دا زۆر زەرەرى بە هونەرى شێوەکارى دا، کە وای کرد هونەرى شێوەکارى لە قۆناخێکدا بوەستێ و لە جووڵە بکەوێت، ئەوەى کە ڕووى دا لە ساڵانى حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، هونەرى شێوەکارى ئەو هونەرەی بەرهەم دەهێنا کە لە ساڵانى شەستەکاندا پەیڕەو دەکرا و لە پەیمانگا و ئەکادیمییەکانى شارى بەغداد فێرى بووبوون و دەخوێندرا، ئەم هونەرمەندانە زۆربەیان لە دواى گەڕانەویان لە ئەوروپا بووبوون بە مامۆستا لە زانکۆ و پەیمانگاکان لە بەغداد، ئەوەى دەبینرا وەک ڕەوت هەمان ڕەوتى هونەرى بوو، بەڵام بە فۆرم و فیگەرى  کەسایەتى کوردە و بەکارهێنانى جلى کوردى و ئەو کەرەستانەى کە کورد لە ژیانى ڕۆژانەدا بە کارى دەهێنا لەگەڵ سروشتى کوردستان بە گشتى جیایى دەکردەوە لەوانى تر.

هۆکارى ئەم چەق بەستنە دەگەڕێنمەوە بۆ دوو هۆکار:

یەکەم: نەبوونى تیۆرى هونەرى هەم وەک مێژوو، هەم وەک خوێندنەوەى کارە هونەرییەکان کە لەو سەردەمەدا بەرهەم دەهێنران، هەروەها دۆزینەوەى ئەو جیاوازییە کە هەبوو لەنێو هونەرمەندى کورد و هونەرمەندى عێراقى بە گشتى کە دەبوو چەندین شیکارى و نووسین و دیبەیتى لەسەر بکرایە.

دووهەم: بوونى ئەوە سانسۆرە گەورەیە کە حیزبى بەعس خستبوویە سەر هەموو ڕۆشنبیران و هونەرمەندانى عێراق و بە تایبەتى بۆ سەر ڕۆشنبیران و هونەرمەندانى کورد، کە ئەم دژایەتی کردنە لە هەندێ حاڵەتدا دەبووە هۆى گرتن و کوشتنى هونەرمەند، بە تایبەتى لە سەرەتاى سەرهەڵدانى جەنگى نێوان عێراق و ئێران و، ساڵانەش فشار و سانسۆر زیاتر دەبوو.

لەو قۆناغەدا هونەر زۆرتر بارگاوى بوو بە ئایدۆلۆژیا و سیاسەتەوە ئەوەندەى تر (هونەرى بەرگرى) چووە ناو خەڵکەوە بینەرى هونەرى شێوەکارى زۆرتر بوو، هۆڵەکان قەڵەباڵخ تر دەبوون، تا بە تەواوى هونەر و کولتوور بارگاوى بوون بە سیاسەتەوە.

بەڵام بووە هۆى ئەوەى کە هەندێک لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران لەژێر فشارى ئەو سیستمە دیکتاتۆریەتەدا ڕووەو ئاوارەیى هەڵبێن و وڵات بەجێ بهێڵن بە تایبەتى ئەو هونەرمەندانەى کە لە بەغداد لە ئەکادیمى و پەیمانگا هونەریان خوێندبوو، ئەمەش بووە هۆی لاوازبوونى هونەر و کولتوور کە بە شێوەیەکى لۆکاڵى داخراو هەژار مایەوە، هەم لە ڕووى کارە هونەرییەکانەوە و هەم لە ڕووى تیۆرىیەوە کە دەتوانم بڵێم لە قۆناغى ساڵانى هەشتاکاندا ئەدەب بە تەواوى دەستى گرتبوو بە سەر تیۆرى هونەرى شێوەکاریدا، لەگەڵ ئەوەی کە هەوڵەکان زۆر کەم بوو لە بوارى تیۆرى هونەرى و ڕەخنەى هونەرى بەڵام شێوەیەکى ئەدەبى ڕەمزى کە لە خزمەت بیرى نەتەوەیى و بەرەنگارى ڕژێمدا خۆى دەبینیەوە و، هونەرى شێوەکارى لە ڕێگەى پیناسەى ئەدەبییەوە دەناسرا بە خەڵک و بینەر.

ئەبوونى سەرچاوەى هونەرى شێوەکارى بە تایبەتى لە ساڵانى حەفتا و هەشتاکانى سەدەى ڕابردوو بۆ نموونە (کوراسى هونەرى) و (کتێبى هونەرى وەرگێڕدراو بۆ سەر زمانى کوردى) ئەوەى کە هەبوو هەندێ لە پەرتوکى هونەرى شێوەکارى بوو بە زمانى عەرەبی کە هەمووى هى ساڵانى شەستەکان بوو وەرگێڕدرابوونە سەر زمانى عەرەبی کە وەک قۆناغى هونەرى شێوەکارى جیهانى  نووسرابوو.

دەتوانم بڵێم (هونەرى بەرگرى) چەند هەڵوێست بوو بۆ دژى فاشیست و دیکتاتۆرى، ئەوەندەش زیان بەخش بوو بۆ هونەر خۆى، چونکە خوێندنەوەمان نەبوو بۆ ئەم هونەرە کە لە شەستەکانەوە خەڵکى ئەم هەرێمە پێ ئاشنابوون.

ئەم دابڕانە لەگەڵ جیهاندا بووە هۆى ئەوەى کە هونەرى شێوەکارى لە کوردستان لە شوێنى خۆى بووەستێ و تووشى (جووینەوە) بێت ئەم ڕەوشە تەنها ئێرەى نەگرتەوە بەڵکوو لە ناوەڕاستى ساڵانى هەشتاکاندا هەموو عێراقیشى گرتبووەوە بە هۆى ئەو حوکمە (دیکتاتۆریەی) کە گشت عێراقى بەڕێوە دەبرد، بەڵام بۆ کوردستان دوو بەرانبەر بوو، لێرەدا دەبێت ئەوە بڵیم لە کاتێک لە کاتەکانى شۆڕشى کوردى بە تایبەتى لە شارە کوردییەکاندا دابڕانێکى ترسناک ڕوویدا بوو ئەویش ئەوە بوو کە هونەرمەندى کورد نابێت کۆنتاکت و هەماهەنگى بکات لەگەڵ دەزگا حکومییەکانى عێراق و بە هیچ شێوەیەک کار و چالاکى هونەرى لەگەل بەغداد نەدەکرا. لەگەڵ ئەوەى کە هەندێ لە هونەرمەندان بە تواناى خۆیان ئەم دابڕانەیان دەپچڕاند و لەسەر ئاستى شەخسى کۆنتاکتیان دروست دەکرد بەڵام لەژێر ناوى تردا ئەم هەماهەنگییە دەکرا، چوونکە زۆر ئاسان بوو تومەتى (خیانەتکار و بەعسى بوون) بدرێتە پاڵ هەر کەسێک یان هەر هونەرمەندێک کە کارى لە دەزگا حکومییەکاندا دەکرد و چالاکى هونەریان ئەنجام دەدا.
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە مێژووى هونەرى شێوەکارى لە سەردەمى پێش نەوەتەکاندا بە تایبەتى لە ژیر دەستى ڕژێمى بەعسدا زۆر ئاڵۆز بوو، دەتوانم بڵێم (هونەرى بەرگرى) چەند هەڵوێست بوو بۆ دژى فاشیست و دیکتاتۆرى، ئەوەندەش زیان بەخش بوو بۆ هونەر خۆى، چونکە خوێندنەوەمان نەبوو بۆ ئەم هونەرە کە لە شەستەکانەوە خەڵکى ئەم هەرێمە پێ ئاشنابوون.

نەبوونى ڕەخنەى هونەرى شێوەکارى و لە هەمان کاتدا نەبوونى ئەرشیفێک بۆ ئەو مێژووە هونەرییە کە لەم ٣٠ سى ساڵەدا، واتە ساڵانى شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکان، وایکردووە کە ئێمە تا ئێستا باجى ئەو هەڵانە بدەین کە پێش خۆمان کراون

نەبوونى ڕەخنەى هونەرى شێوەکارى و لە هەمان کاتدا نەبوونى ئەرشیفێک بۆ ئەو مێژووە هونەرییە کە لەم ٣٠ سى ساڵەدا، واتە ساڵانى شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکان، وایکردووە کە ئێمە تا ئێستا باجى ئەو هەڵانە بدەین کە پێش خۆمان کراون و ئەوەى کە جێى سەرنجى منە، ئێمە تا ئەم کاتەى کە ئەم نووسینە دەنووسم بە هەمان هەڵەدا دەڕۆین وەک بەڕیوەبردنى سیاسەتى کولتوورى ئەم هەرێمە.

لەدواى شەڕى کەنداوى دووهەم، عێراق دەبێت بە دوو بەشەوە و بەشى کوردییەکە لە هەلومەرجێکى تایبەتیدا ڕادەپەڕێت و بە پاڵپشتى زلهێزەکانى ڕۆژئاوا، دەسەڵاتى خۆجێیی خۆى پێکدەهێنێت و، هەرێمى کوردستان/ عێراق دروست دەبێت وەک کیانێکى سەربەخۆ، لێرەوە مێژوویەکى تر دروست دەبێت، ئەم ناوچەیە لەڕووى کولتوورى و هونەرى و کۆمەڵایەتى و ڕامیارى و ئابوورییەوە کرانەوەیەکى خیرا بە خۆیەوە دەبیێت.

هونەر بە گشتى و شێوەکارى بە تایبەتی بەر ئازادییەکى زۆر کەوت، کە بە بڕواى من ئەمە یەکەم بەرکەوتە کە هونەرمەندى کورد بەر ئەو ئازادییە بکەوێت لە مێژووى هونەر و کولتووردا، ئەمە واى کرد کە هونەر ڕزگارى بێت لە قۆزاخەى (هونەرى بەرگرى) و هونەرى لۆکاڵى سونەتى و بتوانێت سەربەخۆ بێت و خۆى ڕزگاربکات لەو هەموو بارگاویى بوونەى کە لە پیش ڕاپەڕین تووشى بووبوو، یەکەم هەنگاو ئەو کرانەوەیە بوو کە ڕوویدا بە سەر هونەرى ڕۆژئاوادا. دەبێت ئەوەش بڵێم لەم قۆناغەدا جیهان بەرەو گۆڕانکارى گەورە دەچوو ئەویش نەمانى (بلۆکى ڕۆژهەڵات کە بە بلۆکى کۆمۆنیست) ناسرابوو.

ئەمە وایکرد کە هونەر لەم ناوچەیە بەرەو کرانەوە بۆ ئەودیو سنوور بڕوات ئەویش دوو هۆکارى لە پشت بوو.

یەکەم: هاتنى ڕێکخراوە مرۆییەکان و جورناڵیسەکان کە زۆربەیان لە ئەوروپاى ڕۆژئاواوە هاتبوون ئەم ڕیکخراوانە کارى خێرخوازیان ئەنجام دەدا لەناو هەموو هەرێمى کوردستاندا کە بووە هۆى ئەوەى خەڵکى بیانى بێتە ناو کۆمەڵگەکەمانەوە کە پیشتر نەمانبینی بوو یان مامەڵەمان لەگەڵ نەکردبوو.

دووهەم: گەڕانەوەى ئەو هونەرمەند و ڕۆشنبیرانەى کە لە ساڵانى حەفتا و هەشتاکاندا ڕوویان کردبووە ئەوروپا و تێکەڵ بوونەوەیان لەگەڵ هونەرمەندانى ناو هەرێم و هێنانى چەندین کتێب و کاسێتى ڤیدیۆیى سەبارەت بە هونەر، ئەمە سەرەتاى گۆڕانکارییەکان بوو لە هونەر بە گشتى و هونەرى شێوەکارى بە تایبەتى. ئەم کرانەوەیە دەرفەتێکى گەورە بوو بۆ هونەرى شێوەکارى کە بتوانێت ئیتر خۆى بێت واتە: هونەر گوزارشت لە تاک بکات و لە تاکەوە بڕوات بۆ کۆ و، ئازادانە گوزارشت لە خۆى بکات لە ناو کۆمەڵگەدا، لێرەوە هونەرى شێوەکارى بابەتەکانى گۆڕدرا و، هەروەها فۆرمەکان و شێوازەکانى لە گۆڕانێکى بەردەوامدا خۆى بینیەوە. هونەر لە سەرەتاى ڕاپەریدا بریتى بوو لە کارکردن و بەرهەمهێنانى کارى هونەرى و نمایشکردنى هونەرى کە ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم چالاکیانە لە زیادبووندا بوون، بە هەمان شێوەش ژمارەى هونەرمەندان بە شێوەیەکى بەرچاو زیادى کرد و بەردەوام خوێندکارى هونەر لە زیادبووندا بوو.

نووسەران یان ڕۆماننووس و شاعیرەکان لەسەر چالاکی هونەرییەکانى شێوەکارى دەیاننووسى، نووسەر لە دیدێکى ئەدەبییەوە دێت قسە لەسەر هونەرى شێوەکارى دەکات کە ئەو بۆچوونەت بۆ دروست دەبێت کە (هونەرى شێوەکارى زمانى خۆى نییە) و تواناى دەربڕینى نییە و (زاراوە و دەستەواژەى تایبەت) بە خۆى نییە تا بتوانێت گوزارشت لەو فۆرمە بکات کە دەبینرێت. ئەم دیاردەیە ئێستاش بوونى هەیە و بە ڕەخنەى هونەرى شێوەکارى ناسراوە

بەڵام دووبارە بە هەمان شێوە کەوتینەوە هەمان هەڵە، ئەوەندەى گرنگیمان بە کارى هونەرى دەدا، ئەوەندە گرنگیمان بە تیۆرى هونەر و ڕەخنەى هونەرى نەدەدا و، بە هەمان ڕیتم بە زمانى ئەدەب و بە شێوازى ئەدەبى سۆزدارى (ڕۆمانسى) لەسەر هونەرى شێوەکارى دەنووسرا و، تێکەڵاوکردنى شیعر و تابلۆ لە زۆربەى نمایشەکاندا دەبینرا، وەک فۆرم و شێوە و مەتریاڵ گۆڕانکارى بەسەردا هاتبوو، بەڵام وەک ڕەخنە و تیۆرى هونەری هیچ گۆڕانکارى بەسەردا نەهاتبوو، بگرە لە زۆربەى نمایشەکاندا هونەرى شێوەکارى وەک (پاشکۆ) دەبینرا، کە ئەمە وایکرد هونەرى شێوەکارى لە هەردوو شێوەکەدا لاواز دەرکەوێت و ببێتە پاشکۆى ئەدەب.

لە زۆربەى کاتەکاندا نووسەران یان ڕۆماننووس و شاعیرەکان لەسەر چالاکی هونەرییەکانى شێوەکارى دەیاننووسى، نووسەر لە دیدێکى ئەدەبییەوە دێت قسە لەسەر هونەرى شێوەکارى دەکات کە ئەو بۆچوونەت بۆ دروست دەبێت کە (هونەرى شێوەکارى زمانى خۆى نییە) و تواناى دەربڕینى نییە و (زاراوە و دەستەواژەى تایبەت) بە خۆى نییە تا بتوانێت گوزارشت لەو فۆرمە بکات کە دەبینرێت. ئەم دیاردەیە ئێستاش بوونى هەیە و بە ڕەخنەى هونەرى شێوەکارى ناسراوە، کە ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە ئەم جۆرە لە نووسین هیچ پەیەوەندییەکى بە ڕەخنە و تیۆری هونەری شێوەکارییەوە نییە.

لە ناوەڕاستى ساڵى نەوەتەکاندا و بە تایبەتى لە ساڵانی شەڕى براکوژى، شەپۆلێکى گەورەى ترسناک لە (کۆچ کردن) و ڕاکردن لەم هەرێمە ڕووەو تاراوگە دەستى پێکرد، کە ڕێژەیەکى زۆرى هونەرمەند و ڕۆشنبیرى ئەم هەرێمە بوون

لە ناوەڕاستى ساڵى نەوەتەکاندا و بە تایبەتى لە ساڵانی شەڕى براکوژى، شەپۆلێکى گەورەى ترسناک لە (کۆچ کردن) و ڕاکردن لەم هەرێمە ڕووەو تاراوگە دەستى پێکرد، کە ڕێژەیەکى زۆرى هونەرمەند و ڕۆشنبیرى ئەم هەرێمە بوون و، زۆرینەشیان لە سەرەتاى تەمەنى هونەریاندا بوون، قەیرانێکى گەورەى کولتوورى و هونەرى تووشى ئەم هەرێمە بوو هەم لەسەر ئاستى براکوژى، ئارامى  و ڕامیارى و ئابوورى هەم لە سەر ئاستى پسپۆڕى واتە: ئەو کەسانەى کە پسپۆڕبوون و خەڵکى تەکنۆکرات بوون کە کۆچیان دەکرد بۆ دەرەوەى وڵات، ئەم قەیرانە ترسناکە هەموو سێکتەرە کانى ناو کۆمەڵگەى وەستان، یەکەم شت کە کەوتە ژێر پرسیارەوە ئازادى و دۆخیى ئابوورى خەڵکى ئەم هەرێمە کە پێش هەموو شتێک پرسیارى نان لە هەموو شتێکى تر گرنگ تر بوو.

لەگەڵ هەڵکشانى شەڕى براکوژى و لەت بوونى هەرێمى کوردستان بەسەر دوو بەشدا و هونەرى شێوەکارى ئەو گرنگیەى نەما کە پیشتر هەیبوو و بەهاى کەم دەبووەوە کارە هونەرییەکان لە ڕووى کوالیتییەوە ئاستیان نزم دەبووەوە جمووجوڵى هونەرى بەرەو کەم بوونەوە دەڕۆیشت.

بەڵام لەلایەکى ترەوە ئەو هونەرمەندانەى کە ڕوویان کردبووە ڕۆژئاوا زۆربەیان دەستیان کردەوە بە هونەر و خوێندنى هونەرى لە زۆربەى بوارەکانى هونەرى شێوەکاریدا بە جۆرێک لە کۆتاییەکانى ساڵى نەوەتەکان و هێوربوونەوەى شەڕى براکوژى ئەم خوێندکارانە بە سەردان دەهاتنەوە بۆ هەرێمى کوردستان و چالاکى هونەریان دەکرد بە دوو شێوە:- شێوەى یەکەم، کارە هونەرییەکە لە ڕۆژئاوا کرا بوو و لە هەرێم نمایش دەکرایەوە .

شێوەى دووهەم، کارە هونەرییەکە لە هەرێمى کوردستان ئەنجام دەدرا و لەوێش نمایش دەکرا واتە: بە مەتریاڵى ناوخۆیى کارەکە ئەنجام دەدرا.

ئەم قۆناغە لە هونەرى شێوەکارى لە هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکى زۆر هەستیار دەستنیشان دەکەم، چونکە ئەو کارانەى کە لە کوردستان دەکران هەمان ئەو ڕەوتە هونەریانە بوو کە لە ڕۆژئاوا لە زانکۆکان دەخوێندرا و بەرهەم دەهێنرا، ئەمەش بە هۆى هاتنەوەى ئەو هونەرمەندانە کە لە ڕۆژئاوا دەیانخوێند.

ئەوەى لێرەدا گرنگە ڕووناکى بخەمە سەر، ئەوەیە ئەم پەیوەندییەى نێوان هونەرمەدانى ناوەوەوە لەگەڵ هونەرمەندانى دەرەوەى وڵات بووە هۆى دروست بوونى کۆمینکەیشنێکى تایبەت کە لە دیبەیت و کفتوگۆ و دیالۆگى شێوەکاریدا خۆى دەبینیەوە، گفتوگۆکان زۆربەى ڕەخنەیى بوو پرسیارى تازە دروست دەبووم کە ئایا بۆ ئێمە تا ئێستا تیۆرى هونەریمان نییە؟ بۆ زمانێکمان نییە تایبەت بە هونەرى شێوەکارى؟ گەڕان بەدواى سەرچاوەى هونەرى و هەڵدانەوەى مێژووە هونەر؟، لێرەوە ئەو عەقڵیەتە دروست بوو کە ئێمە پێویستمان بە ڕەخنەى هونەریى هەیە، پیویستمان بە ئەرشیف کردن و دیکۆمێنت کردنى کارى هونەرى و چالاکى هونەرى هەیە.

بە هەمان شێوە کارى هونەرمەندى کوردى دەبرایە دەرەوەى وڵات و لە گەلەرییەکاندا نمایش دەکرا و بینەرى ڕۆژئاواى قسەى لەسەر کارى هونەرى هونەرمەندە کوردەکان دەکرد و، ئەم ئاڵوگۆڕە کولتووریی و هونەرییە لە نێوان هەرێم و ئەوروپادا ئەو تێڕوانینەی دروست کرد کە گرنگە ئێمەش بتوانین تیۆرى هونەرى خۆمان و ڕەخنەى هونەریمان هەبێت و، هەروەها بە شێوەیەکى گشتى خوێندنەوەى تایبەت بە خۆمان هەبێت لەسەر ئەو هونەرەى کە ئێستا دەگوزەرێت لەسەر ئاستى لۆکاڵی و جیهانیدا.

هونەرى شێوەکارى لە بنەڕەتدا (وێنەیە، بینینە، فۆرمە، پانتایە، ڕەنگە، مەلمەسە، قەبارەیە) و، کارى هونەرى شێوەکارى ناگێڕدرێتەوە وەک چیرۆک واتە: نە وەسف دەکرێت و نە دەگێڕدرێتەوە.

ئەم هەستکردن بە گرنگى ڕەخنەى هونەرى و تیۆرى هونەرى وایکرد کە لەوە تێبگەین بە بێ ئەرشیفى هونەرى و دیکۆمێنت کردنى کارە هونەرییەکان و نەبوونى مۆزەى تایبەت بە هونەرى شێوەکارى ناتوانین شیکاریمان هەبێت لەسەر مێژووى هونەر لەم ناوچەیە.

هەر لەم ڕوانگەیەوە لە کاتى نووسینى ڕەخنەى هونەرى بە تایبەتى هونەرى شێوەکارى پیویستمان بە کارە هونەرییەکە هەیە واتە: بەبێ کارە هونەرییەکە ناتوانین ڕەخنەى بکەین و، ناتوانین تیۆری هونەرى شێوەکارى و مێژووى هونەرى شێوەکارى بنووسینەوە ، لەبەر ئەوەى هونەرى شێوەکارى لە بنەڕەتدا (وێنەیە، بینینە، فۆرمە، پانتایە، ڕەنگە، مەلمەسە، قەبارەیە) و، کارى هونەرى شێوەکارى ناگێڕدرێتەوە وەک چیرۆک واتە: نە وەسف دەکرێت و نە دەگێڕدرێتەوە.

بە باوەڕى من لەم قوناغەدا کە لە کۆتایى ساڵى نەوەتەکان تا سەرەتاى ساڵانى دووهەزار هونەرى شێوەکارى بە شێوەیەکى زۆر ڕادیکاڵانە گۆڕدرا و گرنگى زۆر درا بە تیۆرى هونەرى شێوەکارى، کرانەوەى سەفەر و وەرگرتنى (ڤیزە) بۆ وڵاتانى ڕۆژئاوا ئەوەندەى تر کاریگەرى هەبوو لەسەر هونەرى شێوەکاری و هونەرمەندان کە بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ بەر کارى (ئۆڕجیناڵ) دەکەوتن و چەندین مۆزە و گەلەری جیهانیان دەبینى.

لە دواى ڕووخانى ڕژێمى بەعسى و هاتنى (ئەمریکا) وەک داگیرکەر بۆ عێراق و باش بوونى بارى ئابوورى خەڵک، بە تایبەتى هەرێمى کوردستان و دروست بوونى ئارامیەکى (کاتى) لە هەرێمى کوردستان، هونەر بە گشتى و شێوەکارى بە تایبەتى کرانەوەیەکى زۆرى بەخۆیەوە بینى، لەبەر بوونى پارەیەکى زۆر و تەرخان کردنى بودجەى تایبەت بۆ کولتوور و هونەر، چالاکی هونەرى زۆر بوونى بە خۆیەوە بینى، چاپ کردنى کوراسى هونەرى و وەرگێڕانی کتێبى هونەرى بۆ سەر زمانى کوردى و هێنانى دەیان هونەرمەندى بیانى و ڕیکخراوى هونەرى ناحکومى بیانى بۆ ناو هەرێم و کردنەوەى سەدان سەنتەر و ڕیکخراوى ناحکومى لە شار و شارۆچکەکاندا.

ئەم زۆرى و بۆریە لە چالاکى هونەرى ئەوەندەى چەندێتى بوو ئەوەندە جۆرێتى نەبوو، ڕەوشى هونەرى و کولتوورى چووە دۆخێکى زۆر فەوزا و بێ سەروبەر، ئیتر هونەر نەتوانێت بەرهەمهێنەر بێت و داهێنەر بێت، ئەمەش هۆکارەکەى دەگەرێتەوە بۆ نەبوونى سیاسەتێکى کولتوورى پتەو.

بە باوەڕى من ئەم زۆرى و بۆریە لە چالاکى هونەرى ئەوەندەى چەندێتى بوو ئەوەندە جۆرێتى نەبوو، ڕەوشى هونەرى و کولتوورى چووە دۆخێکى زۆر فەوزا و بێ سەروبەر، ئیتر هونەر نەتوانێت بەرهەمهێنەر بێت و داهێنەر بێت، ئەمەش هۆکارەکەى دەگەرێتەوە بۆ نەبوونى سیاسەتێکى کولتوورى پتەو کە تواناى ئەوەى هەبێت لەگەل  گۆڕانکارییەکانى سەردەمەکەى خۆى هەڵ بکات.

ئەوەى کە گرنگە لێرەدا باسى بکەم لەناو ئەم فەوزاى بەڕێوەبردنە هەوڵى باش و جیددى دەدرا لەناو کایەى هونەریدا، بۆ نموونە پڕۆژەى (تواناسازى) ئەم هەنگاوە من بە هەنگاوێکى زۆر باش وەسفى دەکەم کە خوێندکار بۆ بەدەست هێنانى (ماستەر و دکتۆرا) بە تایبەتى لە بوارى هونەریدا دەچوو بۆ خوێندن لە دەرەوەى وڵات، ئەم پڕۆژەیە پرۆژەیەکى زۆر باش بوو و یەکێک لە ئامانجەکانى دروستکردنى ئەو پەیوەندییە لە نێوان هونەرى جیهانى لەگەڵ هونەرى لۆکاڵیدا، هەروەها بینینى ئەو ڕاستییەى کە هونەر تەنها کارى هونەرى نییە بەڵکوو تیۆرى هونەرییە. هەروەها پەروەردەى هونەرییە کە لە ئەنجامدا ڕەخنەى هونەرى دروست دەبێت و پرسیارى نوێ و بیرى نوێ بەرهەم دەهێنرێت لەناو کایەى هونەریدا ئەم دوو جەمسەرە (پڕاکسیس و تیۆرى) لە هونەرى ئێستادا (هونەرى هاوچەرخ) زۆر گرنگە.

هەروەها بوونى ئەو هەوڵانەى کە لە دەرەوەى سیستمى (دەسەڵاتى کولتوورى هەرێم) ئەنجام دەدران واتە: ئەو هەوڵانەى کە شەخسین یان لە ڕێگەى (گروپێکى بچوکەوە) بە ئەنجام گەیاندراون، ئەم هەوڵانە بەرز دەنرخێنم و پێم وایە توانیوێتى ئەو باڵانسە ڕاگرێت لە نێوان ئەو فەوزایەى کە دەسەڵاتى سیاسى کولتوورى دروستى کردبوو و ئەو کارە جیددیانەى ئەم کەس و گروپانە کردوویانە.

بۆ نموونە: سەرەتاى دروست بوونى تیۆرى هونەرى و ڕەخنەى هونەرى و وەرگێڕانی کتێبى هونەرى بۆ سەر زمانى کوردى و دروست کردنى دیبەیت و هەوڵدان بۆ نووسینەوەى مێژووى هونەرى ئەم ناوچەیە و بە ئەرشیفکردن و دیکۆمێنت کردنى هونەرى شێوەکارى، ئەمانە زۆربەى خودى هونەرمەندانى شێوەکار لە دەرەوەى سیستمى دەسەڵاتى کولتوورىیەکە و دامودەزگاکانى حکومى ئەنجامی دەدەن.

ئەو هەوڵە جدیانە وەک ڕێژە زۆر کەمن، بەڵام دروست بوونى ئەو بەرپرسیاریتییە کە وایکردووە لە هونەرمەندى شێوەکارى لەگەڵ ئەنجامدانى کارى هونەریدا، خۆى سەرقاڵ بکات بە تیۆر و ڕەخنە و نووسینەوەى مێژوو لە هەمان کاتدا بە ئەرشیف کردنى کارە هونەرییەکان لە دەرەوەى سیستم و دژ بە سیستم ئەم کارانە ئەنجام بدات.

ئێمە لە دواى سى ساڵ نەمانتوانیوە کایەى هونەرى بە تایبەتى هونەرى شێوەکارى و تیۆرى و ڕەخنەى هونەرى پێش بخەین و بیکەین بە سیستماتیک و بە موئەسەساتى کردنى هونەر و کولتوور لەم هەرێمەدا.

بەڵام ئەوە ئەو ڕاستییەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە ئێمە لە دۆخێکى زۆر خراپ و هەستیارداین لە غیابى (دەسەڵاتى کولتوورى و دامودەزگاکانى حکومى)داین و کێشەى بەڕێوبردنمان هەیە و، ئێمە لە دواى سى ساڵ نەمانتوانیوە کایەى هونەرى بە تایبەتى هونەرى شێوەکارى و تیۆرى و ڕەخنەى هونەرى پێش بخەین و بیکەین بە سیستماتیک و بە موئەسەساتى کردنى هونەر و کولتوور لەم هەرێمەدا.

بەڵام بە داخەوە ئەوەى کە دەرکەوت لە ئەنجامى ئەم ئەزموونە سى ساڵەیەدا کە سیاسەتى کولتوورى هەرێمى کوردستان فەشەل بهێنێ و نموونەى (بەڕێوەبردنى سیاسەتى کولتورى سەردەمى ڕژێمى پێشوو) بەکار یهێنێت لەپێناوى مانەوەى دەسەڵاتى خۆى لە هەرێمدا.

واتە دەسەڵاتى کوردى هەمان سیاسەتى کولتوورى ڕژێمى پێشووى بەغداد پەیڕەو دەکات، بە دەستێوەردانى حیزب لە کایەى هونەرى و کولتوورى و بەڕێوەبردنى سیاسەتى کولتوورى بۆ بەرژەوەندى حیزب، قورخکردنى دامودەزگاى حکومى و ناحکومی لەلایەن حیزبەوە و دروست کردنى ڕێکخراو گرووپ و سەنتەرى هونەرى لە ژێر چاودێرى حیزدا بووە هۆى پەکخستن و فەشەل هێنانى کایەی کولتوورى بە تایبەتى هونەرى شێوەکارى، ئەم فەشەلە لە هەموو ڕووەکانەوە دەبینرێت بە تایبەتى بەشى پەروەردەى هونەرى کە لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا خۆیان دەبیننەوە هەروەها لە بەشى دامودەزگاکان کە لە وەزارەتى ڕۆشنبیرى خۆی دەبینێتەوە.

ئێمەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کۆمەڵگەیەکى دینی و خێڵەکین و تا ئێستا نەمانتوانیوە ڕەخنە بکەین بە بەشێک لە کولتوورى خۆمان کە تواناى ئەوەمان هەبێت ڕەخنە بگرین لەو ڕووداوانەى کە لە چواردەورمان ڕوو دەدەن.

ئەم مۆدێلە لە بەڕێوەبردنى سیاسەتى کولتوورى درێژکراوەى هەمان سیاسەتى بلۆکى ڕۆژهەڵاتە، کە بە سیاسەتى ستالینى ناو دەبرێت و هەموو دەسەڵاتە تۆتالیتاریاکانى دونیا پەیڕەوى دەکەن کە هونەر و کولتوور لە خزمەتى دەسەڵاتى سیاسى خۆیدا بێت. 

لە کۆتاییدا دەبێت ئێمە ئەو ڕاستییە بدرکێنین کە ئێمەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کۆمەڵگەیەکى دینی و خێڵەکین و تا ئێستا نەمانتوانیوە ڕەخنە بکەین بە بەشێک لە کولتوورى خۆمان کە تواناى ئەوەمان هەبێت ڕەخنە بگرین لەو ڕووداوانەى کە لە چواردەورمان ڕوو دەدەن. هەروەها کولتوورەکەمان پشتى بەستووە بە گێڕانەوە لەسەر شێوازى زارەکى، لە دەمەوە بۆ گوێ کە ئەم حاڵەتە پێ دەڵێن لەبەرکردن (دەرخ) لە سەر ئەم بنەمایە ئێمە تواناى هەستى بینین لە دەست دەدەین تا بە شێوەیەکى سروشتى بەکاری بهێنین، بۆیە کە کارێکى هونەرى دەبینین ئەوەندەى بەدواى چیرۆکى پشت کارە هونەرییەکەوەین ئەوەندە تواناى بینینى کارە هونەرییەکەمان نییە وەک فۆرم و شێوە، لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت بەپێى ئەو مێژووەى کە هونەرى شێوەکارى بڕیوێتى تا ئێستا نەمانتوانیوە ڕەخنەى هونەرى بنیادبنێین و بیکەین بە بەشێکى سەربەخۆ لەسەر بنەماى زانستى و مێژوویى، کە تواناى مامەڵەکردنمان هەبێت لەگەڵ هونەرى شێوەکارى بە گشتى، هەروەها هەڵقوڵاوى مێژووى ئەم ناوچەیە بێت و تواناى ئەوەى هەبێت پرسیارى جیددى دروست بکات لەسەر کایەى هونەرى بە گشتى و کاریگەرى هەبێت لەسەر کۆمەڵگە.

سەرنجێک بنوسن