تەنیایی بەرەو کوێمان دەبات؟

لە ئینگلیزییەوە: لەیلا سەمەدی

هانا ئارێنت چێژی لە تەریکبوونەوەی[1] خۆی دەبرد، بەڵام پێی وابوو کە تەنیایی[2] دەتوانێ مرۆڤ ئامادەی توتالیتاریزم بکات.

سێڵف پۆرترێتی فێلیکس نۆسباوم (١٩٠٤-١٩٤٤) هونەرمەندی شێوەکاری پۆڵەندی-ئەڵمانییە کە لە ساڵی ١٩٤٠ لە کەمپی ئاشویتس (ئۆردوگای کاری زۆرملێی ئەلمانیای نازی) کێشاویەتی.

«ئەو شتەی کە مرۆڤ بۆ زاڵبوونی توتالیتاریتە لە جیهانی ناتوتالیتاردا ئامادە دەکات لە ڕاستیدا ئەوەیە کە تەنیایی دەبێتە ئەزموونێکی ڕۆژانە، ئەزموونێکی نێوانگیر کە پێشتر لە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی تایبەت و پەراوێزخراو وەک تەمەنی بەساڵاچوو تووشی دەبوو…»

“بنەماکانی تۆتالیتاریزم (١٩٥١)؛ هانا ئارێنت”

«تکایە بەردەوام نامەم بۆ بنێرە؛ دەنا لێرەدا دەمرم». هانا ئارێنت بە شێوەی ئاسایی نامەکانی بەم جۆرە دەست پێ نەدەکرد، بەڵام لە بەهاری ساڵی ١٩٥٥، خۆی لە “چۆڵەوانییەک”دا بینییەوە. دوای بڵاوبوونەوەی “بنەماکانی تۆتالیتاریزم”، وەک مامۆستای میوان بۆ زانکۆی کاڵیفۆڕنیا لە بێڕکێڵی بانگهێشت کرا. ئارێنت حەزی لە کەشی ڕۆشنبیری ئەوێ نەدەهات. هاوڕێیانی زانکۆی شۆخ و قسەخۆش نەبوون و هەوری مەککارتیزمی (ئاماژەیەکە بە چالاکییەکانی دژە کۆمونیستی جۆزێڤ مەککارتی لە سەرەتای شەڕی ساردا) بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی ئەوێ قورسایی دەنواند. دەیگووت قەرار بووە کە سی خوێندکار لە پۆلەکانیدا بن، کەچی هەر یەک لە پۆلەکانی سەدوبیست کەسی گرتووەتەوە. ئارێنت ڕقی لەوە بووە کە هەموو ڕۆژێک وانە بڵێتەوە: «ناتوانم هەموو حەوتوویەک پێنج کەڕت لەبەر چاوی هەمووان دەرکەوم و لە ڕاستیدا هیچکات ناتوانم لەبەر چاویان ون بم. دەبێ شوێنێک بدۆزمەوە و بەدوای خۆمدا بگەڕێم». تروسکە هیوایەک کە ئارێنت لەو چۆڵەوانییەدا دییەوە کرێکارێکی بارداگرتن بوو بە ناوی ئێریک هۆفێر کە ڕووی هێنابوو بە خوێندنەوەی فەلسەفە و خەڵکی سانفڕانسیسکۆ بوو، کە زۆر لێشی دڵنیا نەبوو: ئەو بە کاڕێل یاسپرێس هاوڕێی ئاڵمانی وتبووی کە هۆفێر «باشترین شتێکە کە ئەم وڵاتە هەیەتی». هەڵبەت بە هاینڕیش بڵووشێر هاوژینی وتبووی کە هۆفێر “زۆر خوێنگەرمە بەڵام زیرەک نییە”.

ئارێنت لەگەڵ قۆناغەکانی تەنیایی، نامۆ نەبوو. ئەو هەر لە سەرەتای منداڵییەوە هەستێکی قووڵی بە جیاوازبوون، نامۆبوون، نەویستبوون کردبوو و زۆرتر پێی باش بوو کە بە تەنیا بێت. کاتێک کە تەمەنی حەوت ساڵان بوو باوکی بە نەخۆشی سفلیس مرد؛ ئەو بە درۆوە خۆی بە هەموو جۆرەکانی نەخۆشی دەخست تاکوو نەڕوات بۆ قوتابخانە و لەماڵەوە بمێنێتەوە. هاوژینی یەکەمی لە بێڕڵین دوای سووتانی ڕایشستاگ (پەرلەمانی ئاڵمان لە ساڵی ١٩٣٣)، بە جێی هێشت و بۆ ماوەی بیست ساڵ بە تەنێ ژیا. ئارێنت دەیزانی کە تەنیایی بەشێک لە مرۆڤبوونە و هەمووان جاربەجارێ هەست بەم تەنیاییە دەکەن.

blank
هانا ئارنێت (١٩٠٦-١٩٧٥) فەیلەسووفی ئەڵمانی

 زۆرترینی نووسینەکان لەبارەی تەنیاییەوە لە دوو ڕوانگەوەیە: بیرەوەری زۆر زێدەڕۆیانە، یان ڕوانگەی لۆژیکییانە لە ڕووی پزیشکییەوە، بە شێوەیەک کە تەنیایی چارەسەریی دەرمانی دەوێت. هەردوو شێوازەکە تاڕادەیەک خوێنەر دڵسارد دەکاتەوە. یەکێکیان کەسەکە لەنێو تەنیاییدا دەگەوزێت و ئەوی دیکەیان لە هەوڵ و تەقەڵای ئەوەدایە کە لە هەر ڕێگایەکەوە بکرێت ئەو تەنیاییە لەناو بەرێت. لە ڕاستیدا گواستنەوەی هەستی تەنیایی زۆر سەختە. هەر کە دەستت پێکرد کە لە تەنیایی بدوێی، قووڵترین هەستی مرۆڤ دەبێتە مژارێک بۆ تێڕامان و بیرکردنەوە. زمان ناتوانێت بەسەر تەنیاییدا زاڵ بێت، چونکوو تەنیایی زاراوەیەکی یونیڤێرساڵە کە بۆ ئەزموونییەکی تایبەت بەکار دەبرێت. هەر تاکێک تەنیایی ئەزموون دەکات، بەڵام ئەم ئەزموونە بۆ ئەوان جیاوازە.

لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی تەنیایی (Loneliness)، تاڕادەیەک وشەیەکی نوێیە. یەکی لە سەرەتاییترین کەڵک وەرگرتنەکان لەم وشەیە لە تراژێدیای هەمڵێتی ویلیام شێکسپیردایە کە دەورووبەری ساڵانی ١٦٠٠ نووسراوە. پۆڵۆنیوس لە ئوفێڵیا دەپاڕێتەوە: «ئەم کتێبە بخوێنەرەوە کە ڕەنگ و بۆنێکی تر بە تەنیاییت دەبەخشێت». (ئەو بە ئۆفێلیا پیشنیار دەدات کتێبێکی نزا بخوێنێتەوە تاکوو کەس گومان لە تەنیایی ئەو نەکات، کە لێرەدا واتای تەنیایی بە واتای هەست و حەزی ناخی تەنیایی نییە، بەڵکو مانای ئەوەیە کە لەگەڵ تاکەکانی تر بەسەر نەبات.)

بە درێژایی سەدەی شازدەهەم، وتەبێژەکانی کلێسە وشەی “تەنیایی”یان بۆ تۆقاندنی خەڵک لە گوناح دەورووژاندەوە و داوایان دەکرد کە خۆیان بە تەنێ لە جەهەندەم یان لەناو گۆڕدا ببیننەوە. لە کاتێکدا لە سەدەی حەڤدەهەم تەنانەت ئەم وشە لەم واتا سنووردارەش نابینرێتەوە. جان ڕایی ئینگلیزی لە پێشڕەوانی فەلسەفەی سرووشتی لە ساڵی ١٦٧٤دا، وشەی “تەنیایی” لە لیستی وشە دەگمەنەکان هێنا و وەک شوێن و خەڵکانێک کە “لە درواسێیەتی دوورن” پێناسەی کرد. سەدەی دواتریش ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆ لەبەکارهێنانی ئەم وشە بەدی نەهات. لە وشەنامەی زمانی ئینگلیزیی ساموئێل جانسۆندا (١٧٧٥)، ئاوەڵناوی (Lonely)، واتە “تەنیا”ی بە تەنیا بۆ شرۆڤەی بارودۆخی تاکبوون (وەک ڕێوی تەنیا) یان شوێنێک کە چۆڵەوانییە و خەڵکی لێ نیشتەجێ نییە (“تاشەبەردی تەنیا”) بەکاری هێنا کە زۆرتر لەگەڵ ئەو تەنیاییەی کە شکسپیر لە هەمڵێتدا ئاماژەی پێداوە، هاوواتا بوو.

کەواتە تا سەدەی نۆزدەهەم، تەنیایی ئاماژەیە بە کردەوەیەک -پەڕینەوە لە لێوارێک، یان گەشتێک بۆ شوێنیک لە دەرەوەی شار-، کە هەڵگری هیچ هەست و سۆزێک نەبوو. باسکردن لە تەنیایی و وازلێهێنراو بۆ ورووژاندنی ترس لە نەبوون لەنێو مرۆڤەکاندا بۆ تێگەیشتن لە دابڕینی پەتی لە جیهان و خۆشەویستی خودا کەڵکی لێ وەردەگیرا. کە لەم ڕوانگەوە مانای خۆی دەدا. یەکەمین وشە کە هەڵگری مانای نەرێنی دەدا سەبارەت بە درووستبوونی مرۆڤ لەلایەن خوداوە کە لە ئێنجیل، کتێبی ئاسمانی هاتووە، «باش نییە کە ئادەم(Man) تەنیا بێت، من هاودەمێکی بۆ دروست دەکەم».

لە سەدەی نۆزدەیەم لەنێو جەرگەی مۆدێرنیتەدا، وشەی تەنیایی پێوەندیی خۆی لەگەڵ ئاییندا لە دەست دا و بە هەست بە نامۆبوونی سێکۆلار پەیوەست بوو. کەڵک وەرگرتن لەم وشەیە دوای ساڵی ١٨٠٠ بە هاتنی شۆڕشی پیشەسازی بە خێرایی زۆر بوو و بەردەوام لە پەرەسەندندا بوو، تا دەیەی ١٩٩٠ کە وەستانێکی بە خۆیەوە دی و دیسان لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیستویەکدا پەرەی سەندەوە. وەک  تەنیایی لە “بارتلێبی، بەرپرسی نووسینگە: چیرۆکێک لەبارەی واڵ ستریت“، لە نووسینی هێرمان مێڵڤیل (١٨٥٣)، تابلۆ ڕێئالیستییەکانی ئێدوارد هۆپێر و، شێعری “زەوی پاشماوە” لە تی ئێس ئێلیۆت (١٩٢٢)، کە تەنیایی لە ناوەڕۆکیاندا دەبێتە کارئەکتێر و ئامانج. دەشبێتە هەوێنی دیمەنی سیاسیی و کۆمەڵایەتی، ڕۆمانسیانە، شاعیرانە و لاواندنەوە.

دەسەڵاتی تۆتالیتاریزم ڕێگایەکی بوو بریقەدارکردن و برەودانی ئەزموونی جاروباری تەنیایی بۆ دۆخێکی هەمیشەیی.

بەڵام هانا ئارێنت لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە لە تەنیایی ڕوانی. بۆ ئەو، تەنیایی کارێکە کە ئەنجام دەدرێت و ئەو شتەشە کە ئەزموون دەکرێت. ئارێنت لە دەیەی ١٩٥٠، کە خەریکی نووسینی کتیبێک سەبارەت بە کارل مارکس بوو، کە هاوکات لەگەڵ لووتکەی مەککارتیزمیدا بوو، تێفکرینی سەبارەت بە تەنیایی لە پێوەندیی لەگەڵ ئایدۆلۆژیی و تۆقیندا(ترس) دەستی پێکرد. ئارێنت پێی وابوو کە ئەزموونی تەنیایی خۆی لە هەلومەرجی توتالیتاریزمدا ئاڵوگۆڕی بەسەر هاتووە:

ئەو شتەی کە مرۆڤ بۆ زاڵبوونی تۆتالیتاریتە لە جیهانی ناتۆتالیتاردا ئامادە دەکات لە ڕاستیدا ئەوەیە کە تەنیایی دەبێتە ئەزموونێکی ڕۆژانە و بەردەوام جەماوەرێکی زۆر لە سەدەکەمان تووشی دەبێت، ئەزموونێکی نێوانگیر کە پێشتر لە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی تایبەت و پەراوێزخراو وەک تەمەنی بەساڵاچوو تووشی دەبوو.

 دەسەڵاتی تۆتالیتاریزم ڕێگایەکی بۆ بریقەدارکردن و برەودانی ئەزموونی جاروباری تەنیایی بۆ دۆخێکی هەمیشەیی بینییەوە. ڕژیمگەلی تۆتالیتاریزم لە ڕێگەی بەکارهێنانی گۆشەگیری (isolation) و ترس، ڕێگا بۆ پەرەسەندنی تەنیایی خۆش دەکەن و لە ڕێگەی پروپاگاندەی ئایدۆلۆژییەوە برەو بە تەنیایی خەڵک دەدەن.

ئارێنت پێش ڕۆیشتنی بۆ وانەوتنەوەی لە بێرکێڵی لە ساڵی ١٩٣٥دا وتاریکی لەژێر ناوی “ئایدۆلۆژیی و ترس” بڵاو کردەوە کە لەنێو ئەو وتارەدا بە هۆی یادی حەفتاساڵەیی لەدایکبوونی یاسپرێس، گۆشەگیری، تەنیایی و تەریکبوون (solitude)ی شرۆڤە کرد. ئەم وتارە لەگەڵ کتێبی بنەماکانی تۆتالیتاریزم، بوو بە بنەمای خولەکانی وانەوتنەوەی لە بێرکێڵی بە ناوی “تۆتالیتاریزم”. ئەم پۆلە بەسەر چوار بەشدا دابەش دەبوو: داڕمانی دامەزراوە سیاسییەکان، گەشەی جەماوەر، ئێمپێریالیزم و دەرکەوتنی پارتە سیاسییەکان وەک ئایدۆلۆژیی گرووپی خاوەن بەرژەوەندی. ئارێنت لە دەستپێکی وتارەکەی خۆیدا جەخت لەسەر ئەم بابەتە دەکات کە چۆن لە چاخی مودێڕندا پێوەندیی نێوان بیردۆزیی سیاسی و زانستی سیاسەت دەکەوێتە بەر گومان و پێداچوونەوە. ئەو دەڵێت کە حەزێکی لەڕادەبەدەر و گشتگیر هەیە بۆ وەلانانی بیردۆزەکە لە بەرژەوەندی باوەڕە پەتییەکان و ئایدۆلۆژییەکاندا. پێی وایە کە “زورێک لەسەر ئەم باوەڕەن کە وازهێنان لە بیردۆزی بە تەواوی مسۆگەرە؛ کە هەڵبەت تەنیا بەم مانایەدا تێپەڕ دەبێت کە ئەوان دەیانەوێت بیردۆزیی خۆیان کە بەردی بناخەی وتەکانیانە وەکوو حەقیقەتێکی پیرۆز وەربگیریەت”.

ئارێنت ئاماژە بە ڕەوتێک دەکات کە تێیدا “ئایدۆلۆژی” وەکوو حەز و خواستێک بۆ جیایی نێوان کردەوە و هزر بەکار دەهێنرا. “ئایدۆلۆژی” کە لە وشەی فەڕانسایی idéologie وە دێت، سەرەتا لە سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسا بەکار برا، بەڵام تا بڵاوبوونەوەی “ئایدۆلۆژی ئاڵمانی”، بەرهەمی مارکس و ئێنگڵز (لە ساڵی ١٨٤٦) و دواتر “ئایدۆلۆژی و ئۆیۆپیا” بەرهەمی کاڕێل مانهایم (لەساڵی ١٩٢٩)، کە ئارێنت لە ساڵی ١٩٣٠ لە گۆڤاری  “کۆمەڵگا”(Die Gesellschaft) لێکدانەوەیەکی لەسەریان بڵاوکردەوە، وەک چەمکێکی گشتگیر بەکار نەهێنرا.

ئارێنت لە ساڵی ١٩٥٨دا بە پێداچوونەوەی دەقی “ئایدۆلۆژی و ترس”ی وەکوو ئەنجامی نوێی بۆ چاپی دووەمی کتێبی بنەماکانی تۆتالیتاریزم زێدە کرد.

کتێبی بنەماکان بەرهەمێکی شەشسەد لاپەڕەییە کە سێ بەشی دژە سێمیتیزێم (دژەجوولەکە)، ئەمپریالیزم و تۆتالیتاریزم لەخۆ دەگرێت. ئارێنت بە بەردەوامی لەسەر ئەم دەقە کاری کرد و بە تێپەڕبوونی کات و زانیاریی نوێ سەبارەت بە هیتلێر و ستالین کە لە ئەوروپادا سەریان هەڵدا، گۆڕانکاری بەسەردا هێنا. ئەنجامی سەرەتایی لە ساڵی ١٩٥١ بڵاو بووەوە کە ئەم ڕاستییەی تێیدا ورووژاندەوە کە ڕژیمگەل توتالیتاریزم تەنانەت ئەگەر بە تەواوی لە جیهاندا نەمێنن بەڵام توخمە بنەڕەتییەکانیی بەردەوام دەمێنێتەوە. ئەو دەڵێت کە “ڕێگاچارەکانی تۆتالیتر لەوانەیە دوای داڕمانی ڕژیمەکانی تۆتالیتر لە فۆرمی هەڵفرێواندنی بەهێز زیندوو بمێننەوە تا هەرکاتێک وادەرکەوێت کە دەربازبوون لە چەرمەسەرییە سیاسی، کۆمەڵایەتی یان ئابوورییەکان بە شێوەی شیاو ناشێت، دیسان سەر هەڵبداتەوە.” کاتێک ئارێنت “ئایدۆلۆژی و ترس”ی بۆ کتێبی بنەماکان لە ساڵی ١٩٥٨ زیاد کرد، تێنۆری کتێبەکە گۆڕدرا. ئەگەرچی توخمە سەرەکییەکانی تۆتالیتاریزم بێ ئەژمارە بەڵام ئارێنت پێی وابوو کە تەنیایی بنچینەی حکوومەتی تۆتالیتاریزم و بەستێنی گشتی ترس و تۆقاندنە.

بەڵام بۆچی تەنیایی دیاردەیەکی دیار و ڕوون نییە.

ئارێنت لە وڵامدا دەڵێت: چونکە تەنیایی بە شێوەی بنەڕەتی پێوەندی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤ دادەبڕێت. ئارێنت تەنیایی وەکوو چۆڵگەیەک پێناسە دەکات کە تاک تەنانەت لەنێوان خەڵکدا هەست بە دابڕان لە دونیا و هاوڕێیەتی مرۆڤ دەکات. وشەیەک کە ئارێنت بۆ تەنیایی لە زمانی دایکی خۆی بەکاری دەبات Verlassenheit ە، کە بە واتای حاڵەتێک لە وازلێهێنراو یان تەریکخراوە. ئارینت پێی وایە کە تەنیایی “لە ڕادیکاڵترین و چارەنەماوترین ئەزموونی مرۆڤە”، چونکە لە تەنیاییدا ئێمە ناتوانین وەک مرۆڤێک توانستی تەواومان بۆ کردەوە وەگڕ بخەین. کاتێک ئیمە تەنیایی ئەزموون دەکەین توانمەندی ئەزموونکردنی هەرشتێکی دیکە لەدەست دەدەین و؛ لە تەنیاییدا توانای دەستپێکردنەوەی نوێمان نییە.

ئارێنت پێی وابوو کە دوورەپەرێزی یان گۆشەگیری هەندێجار بۆ چالاکی خولقێنەرانە پێویستە.

ئارێنت بۆ ئەوەی پیشان بدات کە تەنیایی بناخە و جەوهەری تۆتالیتاریزمە و بەستێنی گشتی ترسە، گۆشەگیری لە تەنیایی و، تەنیایی لە تەریکبووون (تاکبوون) جیاکردەوە. ئارێنت پێی وابوو کە دوورەپەرێزی یان گۆشەگیری هەندێجار بۆ چالاکی خولقێنەرانە پێویستە. ئەو دەڵێت تەنانەت بۆ خوێندنەوەی کتێبێک دەبێت تا ڕادەیەک دوورەپەرێزی بگریت. تاک دەبێت بەئەنقەست لە دونیا دوور ببێتەوە تاکوو کەشێک و شوێنیک بۆ ئەزموونی تاکبوون و تەریکبوونەوەی هەبێت بەڵام دوای ماوەیەک هەموو کاتێک دەتوانی بۆ دۆخی پێشووی بگەڕێتەوە:

  گوشەگیری و تەنیایی وەکوو یەک نین. لەوانەیە من گۆشەگیر ببم واتە لە هەلومەرجێکدا بم کە نەتوانم کارێک ئەنجام بدەم، چونکوو کەسێک نییە لەو کارەدا هاوڕێیەتیم بکات، بێ ئەوەی کە تەنیا بم. لەوانەیشە تەنیا بم واتە کە هەلومەرجێکدا بم کە وەکوو کەسێک کە هەست بکەم هەمووان منیان لە هاوڕێیەتیی ئینسانی بێبەری کردبێت بئ ئەوەی کە گۆشەگیر بم.

تۆتالیتاریزم بە کەڵک وەرگرتن لە دوورەپەرێزی (گۆشەگیری)، مرۆڤ لە هاوڕێیەتیی تاکەکانی دیکە بێبەری دەکات و کردەوە لە جیهاندا نەشیان دەکات و هاوکاتیش کەشی تەریکبوونەوە و تاکبوون لەناو دەبات. ئارێنت بە ناونانی تۆتالیتاریزم بە زنجیری ئاسنین، پێی وایە کە توانای جووڵەکردن، کردەوە و بیرکردنەوەی مرۆڤ لەناو دەبات و تاک لە دوورەپەرێزی خۆی لە بەرامبەر تاکەکانی تر و هەروەها خۆی جێگیر دەکات. بەم شێوەیە کە جیهان دەبێتە چۆڵەوانییەک و ئەگەری ئەزموون و تێڕامان لەناو دەچێت.

بزووتنەوەکانی تۆتالیتاریزم لە ئایدۆلۆژی بۆ گۆشەگیرکردنی تاکەکان کەڵک وەردەگرن. گۆشەگیربوون یانی “تاک بە تەنێ و جیا لە تاکەکانی دیکە ببێت یان بمێنێت’. ئارێنت بەشی یەکەمی وتاری “ئایدۆلۆژی و ترس“ی تەرخان کرد بە “دەستووری کاری ئایدۆلۆژییەکان” لەناو بەشە پێکهێنەرە سەرەکییەکانیان تاکوو پیشان بدات چۆن ئەم ڕەوتە جێبەجێ دەبێت:

  • ئایدۆلۆژییەکان لە جیهانی ئەزموونە ژیانپێکراوەکان جیا دەبێتەوە و دەرفەتی ئەزموونی نوێ لەناو دەبات؛
  • ئایدۆلۆژییەکان بە دوای کۆنتڕۆڵ و پێشبینیی ڕەوتی مێژوودان؛
  • ئایدۆلۆژییەکان ئەو شتەی کە هەیە شرۆڤە ناکەن بەڵکوو ئەوان ئەو شتەی کە پێیان گونجاوە، شرۆڤە دەکەن؛
  • ئایدۆلۆژییەکان لە هزرمەندیدا پشت بە پرۆسە لۆژیکیگە دەبەستن کە پێوەندییەکی بە ڕیاڵیتەوە(واقعییەت) نییە؛
  • هزری ئایدۆلۆژیکی لەسەر “ڕیاڵیتەی سەرڕاستتر” پێداگرن، کە لە پشت جیهانی شتە بینراوەکان شاردراوەیە.

شێوازی بیرکردنەوەی ئێمە سەبارەت بە جیهان لەسەر ئەو پێوەندییانەی کە لەگەڵ تاکەکان  و خۆمان هەمانە کاریگەری دادەنێت. بزووتنەوە ئایدۆلۆژیکییەکان دوای ئەوەی کە بە دەسەڵات گەیشتن بە تێڕشتنی مانایەکی شاردراوە بە هەر ڕووداو و ئەزموونێک ناچار دەکرێن بەپێی داواکارییەکانیان ڕیاڵیتەکان(ڕاستییەکان) بگۆڕن. ئەمە بەو مانایەیە کە چیتر کەس ناتوانێ بەو ڕاستییەی کە خۆیان بە ئەزموون پێی دەژییەن متمانە بکەن و، فێر دەبن کە متمانە بە خۆیان و خەڵکانی تر نەکەن و ئایدۆلۆژی بزووتنەوەکە وەک تاقانە سەرچاوەی جێی باوەڕ و درووست دادەنرێت.

بەڵام بۆ ئەوەی تاکەکان ئامادەی ئایدۆلۆژی بن، دەبێت سەرەتا پێوەندییان لەگەڵ خۆیان و تاکەکانی تر بە شک و گومانکردن وێران بکرێ، دواتر ئەوان چیتر متمانە بە داوەری خۆیان ناکەن:

ئەو ئامادەبوونە بۆ وەرگرتنی توتالیتاریزم کاتێک سەر دەکەوێت کە خەڵک پێوەندیی لەگەڵ مرۆڤەکان و ڕاستیی دەورووبەری بدۆڕێنێت

     هەروەها کە ترس و تۆقاندن تەنانەت لە قۆناغی پێش تۆتالیتاریزمیشدا بە شێوەیەکی سەرکووتکەرانە هەموو پێوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکان وێران دەکات، هەروەهاش خۆناچارکردن بە هزری ئایدۆلۆژیکی هەموو پێوەندییەک بە ڕیاڵیتەوە لەناو دەبات. ئەو ئامادەبوونە بۆ وەرگرتنی توتالیتاریزم کاتێک سەر دەکەوێت کە خەڵک پێوەندیی لەگەڵ مرۆڤەکان و ڕاستیی دەورووبەری بدۆڕێنێت؛ چونکە مرۆڤ بە دۆڕاندنی ئەم پێوەندییە توانایی بۆ ئەزموونکردن و بیرکردنەوە لە دەست دەدات. نموونەی ئایدیاڵی دەسەڵاتی تۆتالیتاریزم، نازیستی باوەڕمەند یان کۆمونیستی باوەڕمەند نییە، بەڵکوو کەسێکە کە جیاوازیی نێوان ڕاستیی و چیرۆک (واتە، ئەزموونی ڕاستەقینە) و جیاوازیی نێوان درووست و نادرووست (واتە، پێوانەکانی تێڕامان)ی دۆڕاندبێت.

تەنیایی ڕێکخراو بەرهەم هاتوو لە پەروەردەی ئایدۆلۆژی، سەر لە بیر و هزری سەرکووتکاری دەردێنێت و، توانایی تاک بۆ ناسینەوەی ڕاستی لە چیرۆک لەکاتی داوەریدا لەنێو دەبات. لە تەنیاییدا تاک ناتوانێت لەگەڵ خۆی بدوێت چونکە توانای بیرکردنەوەی کەوتووەتە مەترسی. هزری ئایدۆلۆژیکی ئێمە لە جیهانی ئەزموونی ژیانپێکراویدا دووردەخاتەوە و توانایی خەیاڵکردنمان لێ دەگرێت، نکۆڵی لە فرەچەشنی دەکات و، ئەو کەشەی کە ڕێگە دەدات بە مرۆڤەکان بە شێوەیەکی واتادار لەگەڵ یەکدی پێوەندییان بێت، دەڕووخێنێت. دوای ئەوەش کە هزری ئایدۆلۆژیکی لە هەموو شوێنیک ڕیشەی خۆی داکوتا، ئەزموون و ڕاستی چیتر پێوەندییەکیان لەگەڵ بیرکردنەوە و تێڕامان نابێت و بە پێچەوانە لەگەڵ ئایدۆلۆژی دەگونجێن. هەر بۆیە کاتێک ئارێنت لە تەنیایی دەدوێ، تەنیا سەبارەت بە ئەزموونی هەست بزوێن لە تەنیایی قسان ناکات بەڵکوو سەبارەت بە شێوەیەک لە هزر و بیرکردنەوە دەدوێ. تەنیایی سەرهەڵدێنێت کاتێک هزر و بیرکردنەوە لە ڕاستی جیا بێتەوە، کاتێک جیهانی هاوبەش لەگەڵ ستەمی داخوازییە لۆژیکییە زۆرەملێیەکان دەگۆڕدرێت.

ئێمە لەسەر بنەمای ئەزموونکردنە کە بیر دەکەینەوە و کاتێک ئەزموونی نوێمان بۆ بیرکردنەوە نەبێت پێوەرەکان بۆ تێڕامان کە لەکاتی بیرکردنەوەمان سەبارەت بە جیهان ڕینماییمان دەکەن، دەدۆڕێنین. کاتێکیش تاکێک خۆی ناچار دەکات بە بیر و هزری ئایدۆلۆژیکی، لە ڕاستیدا ناخی ئازادبوونی خۆی بۆ تێفکرین بە دەستەوە دەدات. لەم خۆ بە دەستەوەدانەوە بۆ زەبری ئاکامی لۆژیکییە کە “تاک لە بەرامبەر تاکەکانی دیکە خۆی ئامادەی دوورەپەرێزیی و گۆشەگیری” و ئامادەی وەرگرتنی سەرکووتکاری دەکات. هەڵسووڕانی ئازادیش لە تێفکریندا جێگای خۆی بە ڕەوتی پاڵ پێوەنەر و نامۆی بیر و هزری ئایدۆلۆژیکی دەدات.

ئاڕێنت لە یەکێک لە نووسراوەکانی خۆی پرسیار دەکات: «ئاخۆ شێوەیەک لە هزر و تێفکرین هەیە کە سەرکووتکەرانە نەبێت؟» و، بە جەختکردن لەسەر ئەم بابەتە کە ئامانجی سەرەکی، بەرگری کردن لە بەرامبەر شەپۆلە ئایدۆلۆژییەکانە، درێژە بە پرسیارەکانی خۆی دەدات. لەڕاستیدا چ شتێک مرۆڤەکان لەگەڵ خۆی دەبات؟ ئارێنت پێی وایە کە ترسی شاراوە کە تاک بەرەو ئایدۆلۆژیا هان دەدات، ترس لە خۆدژییە. چونکوو مرۆڤ بە تێفکرین و بیرکردنەوە دەتوانێت هەموو باوەڕ و ڕوانگەکانی خۆی و تاکەکانی تر سەبارەت بە جیهان لە بناخە بێ بنەما بکات، هەر بۆیە ئەم ترسە هۆکاری بنەڕەتی مەترسیداربوونی تێڕامانە. بیرکردنەوە دەتوانێت ئیمان، باوەڕەکان و هەستی خۆناسین بهەژینێت. تێفکرین دەتوانێت هەموو ئەو شتانەی کە لەلامان ئازیزە و پشتی پێدەبەستین، و بۆی نیگەرانین دابماڵێت. بیرکردنەوە دەبێتە هۆی ڕووخاندنمان.

ئەو کەسانەی کە خۆیان بە ئایدۆلۆژیاوە گرێ دەدەنەوە، بیرۆکەگەلێکیان هەیە بەڵام خۆیان ناتوانن بۆ خۆیان بیر بکەنەوە و تێڕامانیان هەبێت.

بەڵام ژیان پڕ لە شڵەژاوییە. ئێمە لەنێوان ئاژاوە و بێ متمانەبوونەی خۆماندا، پێویستمان بە جێگا و واتایە. مرۆڤەکان پێویستیان بە ڕەگ و ڕیشەیە و، ئایدۆلۆژییەکانیش ڕێک وەک سیڕنەکان لە ئۆدیسەی هۆمێر لە پێوەندیی ئەم پێویستییە وەدی دێن. بەڵام ئەو کەسانەی کە خۆیان دەدەنە دەستی بیرکردنەوەی ئایدۆلۆژیکی، دەبێت ماڵئاوایی لە ئەزموونی ژیانپێکراو بکەن. ئەوان بەم شێوەیە ناتوانن لە بیرکردنەوە و تێفکرین بەرەوڕووی خۆیان ببنەوە چۆن ئەگەر بەرەنگار ببنەوە ئەوا باوەڕە ئایدۆلۆژیکییەکەیان کە ئامانج و پلەیان پێدەبەخشی لەلایان دەڕووخێت. بە دەربڕینی ساناتر: ئەو کەسانەی کە خۆیان بە ئایدۆلۆژیاوە گرێ دەدەنەوە، بیرۆکەگەلێکیان هەیە بەڵام خۆیان ناتوانن بۆ خۆیان بیر بکەنەوە و تێڕامانیان هەبێت. ئەم نەتوانینە لە بیرکردنەوە و لە هاودەنگبوون و هاوسۆزبوون لەگەڵ خۆیاندا و واتادان بە ئەزموونەکانی خۆیان لە جیهاندایە، کە بەم شیوەیە تەنیایان دەکات.

لێکدانەوەی ئارێنت لە تەنیایی و تۆتالیتاریزم بە ئاسانی هەزم نابێت، چۆن جۆرێک لە ئاساییبوونەکان لە ڕاکێشانەکانی تۆتالیتاریزم دەردەخات کە برەو بە تەنیایی دەدات: ئەگەر تۆ قایل بە ڕیاڵیتە نیت، ئەگەر تۆ وازت لە چاکە هێناوە و بەردەوام شتێکی باشترت دەوێت، ئەگەر تۆ پێت خۆش نەبێت لەگەڵ جیهانێک کە بەو جۆرەی کە هەیە ڕوبەڕوو ببیتەوە، ئەوا تۆ ئامادەی تەنیاییەکی ڕێکخراوییت.

کاتێک ئارێنت نامەی بۆ هاوژینەکەی نووسی: «ناتوانم هەموو حەوتوویەک پێنج کەڕت لەبەرچاوی هەمووان دەرکەوم و لەڕاستیدا هیچکات ناتوانم لەبەر چاویان ون بم. دەبێ شوێنێک بدۆزمەوە و بە دوای خۆمدا بگەڕێم». ئەو بە خۆڕایی سکاڵای لەم ناوەندی سەرنجدانە نەدەکرد. کەوتنەبەر چاوی گشتی بە بەردەوامی دەبووە هۆی ئەوە ئارێنت نەتوانێ بۆ خۆی هاودڵییەک و وتووێژێکی لەگەڵ خۆیدا هەبێت. ئەو نەیدەتوانی کەشێکی تایبەت و پەنامەکییەکی دەروونی پێویستی بۆ بیرکردنەوە و تێفکرینی هەبێت. ئەو نەیدەتوانی خۆی لە خەڵک دوور بخاتەوە.

ئەو شتەی کە تەنیایی زۆر ئاستەم دەکات، لەدەستدانی خۆبوونە، کە لە تەریکبوونەوە و تاکبووندا دەتوانرێت بە دەستی بهێنرێت

ئەمە یەکێک لە لێکدژییەکانی تەنیاییە. تاکبوون و تەریکبوون پێویستی بە تەنیابوونە لەکاتێکدا تەنیایی لە بوون لەگەڵ تاکەکانی دیکە زۆرتر لە هەر کاتێکی دیکە هەستی پێدەکرێت. ڕێک بەو ڕادەیە کە بۆ تێگەیشتن پشت دەبەستینە جیهانی گشتی دەرکەوتەکان و دیمەنەکان، پێویستمان بە پانتاییەکی تایبەت بۆ تەریکبوونەوە لە تاکەکانی دیکە و بیرکردنەوە هەیە. ئەمەش ئەو خاڵەیە کە ئارێنت لێی بێبەری بووبوو کاتێک کەشێکی تایبەتی بۆ تەنیامانەوەی خۆی نەدەدییەوە. ئەو دەیگووت: «ئەو شتەی کە تەنیایی زۆر ئاستەم دەکات، لەدەستدانی خۆبوونە، کە لە تەریکبوونەوە و تاکبووندا دەتوانرێت بە دەستی بهێنرێت..»

لە تەریکبوونەوەدا تاک دەتوانێت لەگەڵ خۆیدا ببێت بە هاوڕێ و لەگەڵ خۆیدا وتووێژ بکات. لە تەریکبوونەوەدا تاک پێوەندیی لەگەڵ جیهاندا دانابڕێت چونکوو جیهانی ئەزموون هەموو کاتێک لە بیرکردنەوەماندایە. ئارێنت لە زمانی سیسرۆوە دەنووسێت: «مرۆڤ هیچکات زۆرتر لە کاتێک کە بێ ئیشە، ئیش ناکات و هیچکات کەمتر لە کاتێک  کە لەگەڵ خۆی بە تەنیایە، هەست بە تەنیایی ناکات». ئەم تەریکبوونەشە کە لەلایەن هزری ئایدۆلۆژیکی و سەرکووتکەرانە لەنێو دەبرێت؛ تەریکبوونەوەیەک کە لە نەبوونیدا، وەک توانمەندی بۆ بیرکردنەوە لەگەڵ خۆت و بۆ خۆت، دەبێتە بنەمای تەنیایی ڕێکخراو.


[1] solitude

[2] loneliness

سەچاوە:

https://aeon.co/essays/for-hannah-arendt-totalitarianism-is-rooted-in-loneliness