وەرگێڕانی ناوی بیانی

بە تەنها شارەزایی و زمان زانین بەس نییە بۆ ئەوەی لە زمانی کوردییشدا ناوی بێگانە بەو شێوەیە بنووسرێتەوە کە لە زمانی یەکەمدا ئەخوێنرێتەوە. لەبەر ئەوەیە زۆرێك لە وەرگێڕ و لێکۆڵەرەکانمان دووچاری خراپ نووسین و خراپ وەرگێڕانی ناو ئەبن. مەبەست لە ناو؛ ناوی کەس، کارەکتەر، شوێن، ئامێر یان هەر شتێکی ترە. هەندێ لە زمانە ئەورووپییەکان؛ پیتەکانیان چۆن ئەنووسرێن هەر بەو شێوەیەش ئەخوێنرێنەوە. بەڵام ئەمە بۆ هەندێك زمانی دی بەو جۆرە نییە، بە تایبەتی ئینگلیزی و فڕەنسی.

هیچ وەرگێڕێکی کوردم نەبینیوە ناوی شاعیری ئەمێرکی-بەریتانیT S Eliot  بەو شێوەیە بنووسێت کە لە زمانی ئینگلیزیدا بانگ ئەکرێت. ئەنووسن؛ ئەلیۆت، ئیلیۆت، ئیلیەت، کە لە عەرەبی یان فارسییەوە وەرگیراوە. بێگومان گەر لای ئینگلیزی-زمانێك بڵێی ئەلیۆت یان ئیلیۆت ڕەنگە نەزانێ باسی کێ یاخود چی ئەکەیت، لەبەر ئەوەی ئەو ناوە بە (ئێڵیەت) بانگ ئەکرێت. هەر گۆڕانکارییەك لە فۆنەتیکی وشەدا بکرێت رەنگە ببێتە هۆی لەیەك نەگەیشتن. بۆ نموونە، گەر ئینگلیزێك بە (ئیلیەت) بانگ بکەیت ڕەنگە بەگژتدا بچێت، لەبەر ئەوەی شێوەی بێژانی ئیلیەت لە وشەی idiot(ئیدیەت)ەوە نزیکە، واتە گێل!

بە هەڵە نووسین یا خوێندنەوەی ناو ئەبێتە هۆی هەست ڕووشاندن و بریندار بوونی ناو هەڵگر.. باڵێۆزی پێشووی ئەمێرکا لە عێراق، Christopher Hill)، لە میدیای کوردیدا بە “کریستۆفەر هێڵ” ناوی ئەبردرا. لە وڵاتانی ئینگلیزی-زماندا ناوی یەکەمی بە کریستفە (سێ بڕگە: کریس/ت/فە، سترێس لەسەر بڕگەی یەکەم) ئەخوێنرێتەوە. خوێندنەوەی ئەو ناوە بە شێوە کوردییەکەش رێی تێ ئەچێ، لەبەر ئەوەی لای زۆرێك لە ئەورووپییەکان بە “کریستۆفەر” ئەخوێنرێتەوە، بەڵام کێشەکە پتر لە ناوی دووەمیەتی، هیڵ (نەك هێڵ). جەنابی باڵێۆز پێی خۆش نابێ گەر بە هێڵ بانگی بکەی، لەبەر ئەوەی هێڵ واتە دۆزەخ!

زۆرێك لە میدیاکان ناوی سەرۆك وەزیرانی تورکیا (ئەردۆغان) بە (ئەردۆگان) ئەنووسن و ئەخوێننەوە. سەیر ئەوەیە هەندێ لە تورکیزانەکانیش تووشی ئەم هەڵەیە بوونە. ئەردۆغان بە تورکی و، کوردیی لاتینییش، بەم شێوەیە ئەنووسرێErdoğan. پیتی (ğ) لای کورد چەواشەکاریی دروست کردووە، لەبەر ئەوەی لە زمانی ئینگلیزی دا بە (گ) ئەخوێنرێتەوە، بەڵام لە زمانی تورکی و کوردیی لاتینی، کە حەوتی بچووکی لەسەر بوو، یان بە غ (غایەك لە ئا ئەچێت، تورکەکان ئەڵێن: ئەردۆوان)، یاخود بە (ی) ئەخوێنرێتەوە. گەر کەوتە نێوان دوو پیتی قورس، وەکو ئەردۆغان، ئەوا بە غ ئەخوێنرێتەوە، بەڵام گەر کەوتە نێوان دوو پیتی دەنگداری سووك، ئەوا بە (ی) ئەخوێنرێتەوە، وەکوو وشەی eğer کە بە ئەیەر ئەخوێنرێتەوە، واتە ئەگەر. بەڵام پیتی (g) بەبێ حەوت هەر بە گ ئەخوێنرێتەوە، وەکوو وشەی Garip گاریپ، واتە غەریب.

ناوی خانمە گۆرانیبێژی تورك Sibel Can  زۆر جار لای ئێمە بە (سیبەل کان) ئەخوێنرێتەوە، لەبەر ئەوەی پیتی (C) لە زمانی ئینگلیزیدا گەر لە پێش پیتی دەنگداری قورسەوە بێت ئەوا بە کاف ئەخوێنرێتەوە، بەڵام ئەم پیتە لە زمانی تورکیدا لە هەموو حاڵەتێکدا بە جیم ئەخوێنرێتەوە. کەواتە ناوی ئەو خانمە گۆرانیبێژە (سیبەل جان)ە، نەك سیبەل کان.

بە هەمان شێوە، ناوی رۆماننووسی تورك Orhan Pamuk، هەندێ لە وەرگێڕەکانی لای خۆمان بە (پامۆك)ی ئەنووسن. بەڵام پیتی (U) لە زمانی تورکیدا بە (و) ئەخوێنرێتەوە. کەواتە (پاموك) بەبێ حەوت ڕاستە. (پاموك واتە پەموو، لۆکە).

ناوی زانای فیزیای ئەڵمانی Albert Einstein بە زمانەکەی خۆی (ئاینشتاین)ە، لەبەر ئەوەی لە زمانی ئەڵمانیدا (ei) بە (ئای) ئەخوێنرێتەوە، هەروەها (st)و (sp) گەر لە سەرەتای وشەدا هاتنبە (شت)و (شپ) ئەخوێنرێنەوە. ئینگلیزەکان بە (ئاینستاین)ی ناو ئەبەن. کەچی لای کورد، کە لە عەرەبیان وەرگرتووە، بە هەڵە بووەتە ئەنشتاین. هەروەها John Steinbeck  لای عەرەب و، کوردیش، بووەتە جۆن شتاینبەك، بەڵام شتاینبەك رۆماننوسێکی ئەمێرکییە، ناوەکەی بە (ستاینبێك) ئەخوێنرێتەوە، گەرچی ڕەگێکی ئەگەڕێتەوە سەر ئەڵمان و سور ناوەکەی ئەڵمانییە. هەروەها Salinas، کە شارێکە لە کالیفۆرنیا و زێدی شتاینبێکەو لە زۆربەی رۆمانەکانیدا ناوی هاتووە، بە (سەلینەس) یان ڕاستتر (سڵینس) – سێ بڕگە، سترێس لەسەر:ڵی- ئەخوێنرێتەوە. بەڵام ناوی ئەو شارە لای وەرگێڕی عەرەب و کورد بووەتە (سالیناس). بە هەمان شێوە ناوی شاعیرو رەخنەگری مەکسیکی Octavio Paz لای کورد بووەتە ئۆکتاڤیۆ پاز، یان خراپتر، ئۆکتافیۆ باز. بەڵام پیتی Z لە زمانی ئیسپانی دا وەکو (ث)ی عەرەبی و (th)ی ئینگلیزی ئەخوێنرێتەوە. کەواتە (ئۆکتاڤیۆ پاث) تەواوە. بەڵام پیتی Z لە زمانی ئەڵمانیدا بە تسێ ئەخوێنرێتەوە، بەم جۆرە حیزبی نازی Nazi، بە ناتسی ئەخوێنرێتەوە، تەنانەت ئینگلیزی-زمانەکانیش بەم شێوەیەی ئەخوێننەوە. هەروەها پیتی W بە (ڤ) ئەخوێنرێتەوە، بۆ نموونە مۆسیقاری ئەڵمانی Wagner بە ڤاگنەر ئەخوێنرێتەوە.  Eu لە زمانی ئینگلیزیدا بە (یوو) ئەخوێنرێتەوە، بۆ نموونە Europe یوورپ، Euro یوورۆ، یان یۆرۆ.  بەڵام لە زمانی ئەڵمانیدا بە (ئۆی) ئەخوێنرێتەوە، بەم جۆرە بە یوورپ ئەڵێن ئەورووپا، بە یوورۆ ئەڵێن ئۆیرۆ، بەڵام Freud فرۆیدلەبەر ئەوەی ناوێکی ئەڵمانییە، ئینگلیز و هەموو جیهان هەر بەو شێوەیەی ناو ئەبەن.

بەڵام بە هەڵە ناوبردن هەندێ جار هەڵوێستی شەرمەزارکارانەی لێ ئەکەوێتەوە. بۆ نموونە Big Ben، تاوەری کاتژمێرە بەناوبانگەکەی لەندەن، بە (بیگ بێن) ئەخوێنرێتەوە، نەك (بیگ بین). Ben بێن ناوی پیاوە و کورتکراوەی Benjamin (بێنجەمین) ە. تاوەرەکە بە ناوی (سێر بێنجەمین هۆڵ)ەوە کراوە و ناوەکەی لەسەر زەنگە گەورەکەی ناو تاوەرەکەدا هەڵکۆڵراوە. واتە بیگ بێن ئیشارەتە بۆ ناوی بێنجەمین و زەنگە گەورەکە. گەر لای ئینگلیزێك بڵێی (بیگ بین) ڕەنگە بە تووڕەیی یاخود بە شێوازێکی ڕەق هەڵەکەت بۆ راست بکاتەوە، لەبەر ئەوەی بین bin بین (یای کورت) واتە زبڵدان!بە هەمان شێوە تاوەرە بەناوبانگەکەی پاریس، بورجی ئیڤڵ! بە فڕەنسی پێی ئەووترێLa Tour Eiffelلا توور ئیفێل (سترێس لەسەر بڕگەی دووەم؛ فێل). بە ئینگلیزییش پێی ئەووترێ Eiffel Tower ئایفڵ تاوەر. بەڵام ئیڤڵ، Evil واتە بەدکار، بە عەرەبی (شرير)!.. وەرگێڕ ئەبێ ئەو ناوە بیانیانە لە زمانی ڕەسەندا چۆن ئەوترێنەوە بەو شێوەیە وەریان بگێڕێ، یان لە زمانی کوردییان نزیك بکاتەوە. Paul لە زمانی ئینگلیزیدا بە پۆڵ ئەخوێنرێتەوە، بەڵام لە هەندێ زمانی تری ئەورووپیدا، وەك ئەڵمانی، بە پاوڵ بانگ ئەکرێ.

خەڵاتی نۆبێل Nobel Prize لای کورد بە هەڵە بووەتە نۆبڵ. نۆبێل ناوە، بەڵام نۆبڵ لە زمانی  ئینگلیزیدا پلەو پایەیەکی بەرزی سەردەمی دەرەبەگایەتی و پاشایەتییە و بە مانای بەگزادە (نبیل) دێت. هەروەها خەڵاتی بووکەر Booker Prize لای کورد بووەتە پۆکەر، کە یاریی قومارە.

هەندێ لەو ناوە بیانیانەی لای کورد بە هەڵە ئەوترێنەوە: هەمینگوەی Hemingway لای کورد بووەتە هەمەنگوای یان هەمینگوای. ئابرەهام لینکڵن Abraham Lincoln بە دوو بڕگە ئەخوێنرێتەوە (لین/کڵن)،لای کورد بووەتە لینکۆڵن. ) میلان کوندێرا Kundera لای وەرگێڕی کورد بۆتە کۆندێرا.  Ian ئییەن (سترێس لەسەر بڕگەی یەکەم: ئی) لای ئێمە بۆتە ئیان. Jeremy بە (جێرەمی) یان (جێرمی) بە سێ بڕگە ئەخوێنرێتەوە. هەروەها ناوی شاعیری بەریتانیBrian(Patten) بە (برایەن پاتن) ئەخوێنرێتەوە، نەك (بریان باتن)، وەکو هەندێ وەرگێڕی کورد بەکاری ئەهێنن، کە ئەویشیان هەر لە عەرەب وەرگرتووە، ئەوەش گومان ئەخاتە سەر دەسەڵاتی زمان و توانای وەرگێڕان لەلایان. هەروەها Pablo Neruda بە (پابلۆ نێرودا) ئەخوێنرێتەوە، نەك بابلۆ نیرۆدا. Lenin لێنین یاخود لەنین تەواوە نەك لینین. Communism کۆمونیزم یان کۆمیونیزم تەواوە، نەك کۆمۆنیزم. کیتس تەواوە نەك کێتس، یەیتس راستە نەک ییتس، لۆرد بایرن تەواوە نەك بایرۆن، تێنەسی ویڵیەمز تەواوە، نەك تینسی ویلیامز. جۆن لێنن تەواوە نەك لینۆن، Haiku هایکو تەواوە نەك هایکۆ. هەندێ وەرگێڕ Bejing وەك خۆی، (بێجینگ)، ئەنووسن، بێ ئەوەی بزانن کە مەبەست لە (پەکین)ی پایتەختی چینە. (رۆمیۆ و جوولیێت) تەواوە، نەك رۆمیۆو جۆلێت. McDonald’s بە چەند شێوەیەك ئەخوێنرێتەوە؛ ماکدۆنەڵدز، مەکدۆنەڵدز، بەڵام ئەمێرکییەکان ئەڵێن میکدۆنەڵدز، یان وردتر، میکدۆنەز یان میگدۆنەز، جەخت لەسەر بڕگەی دووەم؛ دۆ.Marilyn Monroe بە ماریلین (یای یەکەم کورتە) یان (ماڕلین بە سێ بڕگە) ئەخوێنرێتەوە و، ناوی دووەمی منرۆ یان منرۆو-ە، نەك مۆنرۆ. بەڵام خوێندنەوەی ئەو ناوە بە شێوە کوردییەکەشی قەبووڵکراوە، لەبەر ئەوەی ئەورووپییەکانیش هەر بەو شێوەیە ناوزەدی ئەکەن.. هەروەها ڕۆماننووسی کۆڵۆمبی Gabriel Garcia Marquez لای کورد بە (گابریل گارسیا مارکیز) ئەخوێنرێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ناوەکە ئیسپانییە ئەبێ بەم شێوەیە بنووسرێ: گابریێل گارثیا (وەکو “ث”ی عەرەبی و thی ئینگلیزی) مارکێز.بە هەمان شێوە پیتی J لە زمانی ئیسپانیدا بە (خ) ئەخوێنرێتەوە، بەم جۆرە Jose  ئەبێتە (خۆسێ).   Isaac Newtonی فیزیاناسی بەریتانی، خاوەنی تیۆری ڕاکێشانی گەردوونیی Gravity، لای خۆمان بە ئیسحاق نیووتن ناسراوە. گەرچی ئیسحاق ناوێکی جووە بەڵام نیووتن ئینگلیز بووە و ناوەکەی بە ئایزەك بانگ ئەگرێ(ئایزەك نیووتن)…ئەمانە و سەدان ناوی دیش.

بەڵام ئاخۆ ناو تەرجەمە ئەکرێ؟

گەر لای ئینگلیزێك باسی ئەفلاتون بکەیت بە دڵنیاییەوە نازانێ باسی کێ ئەکەیت، لەبەر ئەوەی ئینگلیز بە ئەفلاتون ئەڵێن Plato (پلەیتۆ)، کە لە زمانە ئەورووپییەکانی تردا ئەبێتە پلاتۆ. بەڵام ئێمەئەفلاتون و دەیان ناوی دیشمان لە عەرەب وەرگرتووە. بە هەمان شێوە ئەپیکۆروس Epicurus لای عەرەب بۆتە ئەبیقۆر. بە پێچەوانەشەوە، زۆربەی فەیلەسوفە کۆنەکانی عەرەب لە ئەورووپادا ناوی لاتینییان دراوەتێ، وەك (ئیبن روشد) کە بە ئاڤەرۆز Averroes ناسراوە، (ئیبن سینا)ش بە ئاڤیسێنا یان ئاڤیسینا Avicenna .

بەرامبەر بەوە زۆربەی ناوە ئاینییەکان، ناوی پێغەمبەران و قەدیسەکان، بە تایبەتی ئەو ناوانەی لە پەیمانی کۆن (تەورات) و پەیمانی نوێ (ئینجیل)دا هاتوون، لەبەر ئەوەی ناوی عیبری و ئارامین، لە ئەورووپادا ناوی لاتینییان دراوەتێ. بۆ نموونە مەسیح کە ناوی یەسوع (بە عەرەبی عیسا)یە لە زمانی لاتینییدا بووەتە Jesus، کە لە زمانی ئینگلیزیدا بە (جیزەس) ئەخوێنرێتەوە، لە زمانی ئەڵمانی بە (یەزوس) ئەخوێنرێتەوە، لەبەر ئەوەی پیتی J لە زمانی ئەڵمانی دا (یۆت)ەو بە (ی) ئەخوێنرێتەوە. هەروەها قوتابییەکانی مەسیح: پوتروس ئەبێتە پیتەر Peter، یۆحەننا (یەحیا) یان یوەننا ئەبێتە جۆن John، سیمعان یان شەمعون ئەبێتە سایمن یان سیمۆن Simon، یەعقوب ئەبێتە جەیمز James  یان جاکۆب/ جەیکەب Jakob، یەهودا Judas ئەبێتە جوودەس، بە ئەڵمانی یووداس. ناوی پێغەمبەرو قەدیسەکانی دیش؛ داوود ئەبێ بە دەیڤد یان داڤید David، یوسف ئەبێ بە جۆزێف Josef، پۆڵس ئەبێ بە پۆڵ Paul، مریەم ئەبێ بە ماری، مێری یان ماریا  Mary Maria،حەوا ئەبێ بە ئیڤ Eve، قابیل و هابیل ئەبێ بە (کەین)و (ئەیبڵ) Cain and Abel. هەروەها ناوی پاپای پێشووی ڤاتیکان، یۆحەننا پۆڵسی دووەم، ئینگلیزەکان بە Paul 11John ی بانگ ئەکەن. مەرقۆس، یەکێك لەوانەی چوار ئینجیلەکەیان نووسیوەتەوە، لای هەندێ لە گەلانی ئەورووپا بۆتە مارکس، لای گەلانی ئیسپانی زمان بۆتە مارکۆز، مارکیز. چاڕڵز لای ئینگلیز، لە ئەمێریکای لاتیندا ئەبێتە کارلۆس.بەڵام تەنها ناوە ئاینییە کۆنەکان تەرجەمە ئەکرێن. بۆ نموونە ناوی ئەکتەری هۆڵیوود John Wayne جۆن وەین ناکرێ بە یۆحەننا وەین یان یەحیا وەین!.

لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نییە وەرگێڕ لە بەریتانیا یا ئەڵمانیا یاخود ئیسپانیا بژی بۆ ئەوەی ناوی بیانی وەکو خۆی بنووسێتەوە. ئەمڕۆ لە سەردەمی ئینتەرنێت و گووگڵ و یووتیووبدا هێندە بەسە هەر وشەیەك بخاتە یووتیووب یان گووگڵەوە بۆ ئەوەی تەواوی زانیاریی لەسەر دەستکەوێ.

هەڵەی باو لە میدیای کوردیدا

PUK (Patriotic Union of Kurdistan) یەکێتی نیشتمانی کوردستان

وشەی پەیتریۆتیک Patriotic بە مانای نیشتمانپەروەری دێت، نەك نیشتمانی. لە بری ئەوە، ئەبێ وشەی National (ناشنەڵ) بەکار بهێنرێ، بەم جۆرە ئەبێتە: National Union of Kurdistan (NUK)

پارتی دیموکراتی کوردستان

وشەی پارتی، کە وشەیەکی ئینگلیزییە Party و بە مانای حیزب دێ، ئەبێ بە دوو (ی) بنووسرێ، ئەگینا ئەبێ بە پارت. هەڵەکە لێرەدایە کە کورد لە بری پارتی وشەی پارت بەکار ئەهێنن. بۆ نموونە ئەوترێ؛ پارتە سیاییەکان. لەکاتیکدا پارت Part واتە بەش. ئەبێ بووترێ؛ پارتییە سیاسییەکان.

میدیا، میدیاکان

لە میدیای کوردیدا زۆر جار وشەی میدیاکان بەکار ئەهینرێ، ئەمەش هەڵەیە، لەبەر ئەوەی وشەی میدیا لە زمانی ئینگلیزیدا Media کۆیە، تاکی ئەم وشەیە میدیەم Medium ە. بە هەمان شێوە بەکتریا Bacteria (باکتیریا) کۆیە و، تاکەکەی ئەبێتە Bacterium (باکتیریەم)… کەچی ئێمە کۆ، کۆ ئەکەینەوە (میدیاکان). لە بری ئەوە ئەشێ بڵێین (دەزگاکانی میدیا) یاخود دەزگاکانی ڕاگەیاندن. هەروەك لە زمانی عەرەبییشدا (‌إعلام) کۆ ناکرێتەوە، بەڵکو ئەوترێ (وسائل الاعلام).

کەناڵ

پێم وایە ئەم وشەیەمان لە زمانی ئینگلیزی وەرگرتووە بەڵام بە هەڵە بەکارمان هێناوە، بە هۆی لێکچوونی فۆنەتیکی وشەی کەناڵ Canal (کناڵ)، واتە ڕووباری دەسکرد، لەگەڵ وشەی چەناڵ Channel (چانڵ) کە، لە پاڵ مانای تریشدا، بە مانای کەناڵی تەلەڤزیۆنی دێ. کەواتە چەناڵ ڕاستە نەك کەناڵ.

کەپڵ

ئەم وشەیە پتر لە دەڤەری سلێمانیدا باوە و پێم وایە هەر لەوێش سەری هەڵداوە، بە مەبەستی کچە هاوڕێ و کوڕە هاوڕێ بەکار هاتووە. ئەمەش هەر بە هەڵە بەکار ئەهینرێ لەبەر ئەوەی کەپڵ، کە وشەیەکی ئینگلیزییە Couple، بە مانای دوو کەس یان دوو شت دێت، زیاتریش بۆ ژن و مێرد یان کچێك و کوڕێکی عاشق بەکار دێ، بۆ نموونە کە ئەوترێ   a couple واتە ژن و مێردێك، هتد… ئەوەی کە کورد پێی ئەڵێ (کەپڵەکەم)، لە ئینگلیزیدا ئەوترێ؛ my partner

کلاسیك

(لێرەدا باسی کلاسیك وەک قۆناغ ناکەم) کورد، بە تایبەتی نووسەران، کلاسیك بە مەبەستی کۆن و بەسەرچوو و بێفەڕ بەکار ئەهێنن. بەڵام لە زمانە ئەورووپییەکاندا، کە وشەکە لە ئەسڵا لاتینییە، بە مانای کۆن و نایاب دێ. بۆ نموونە کە ئەوترێ فڵان کتێب یان فیلم بۆتە کلاسیك، واتە چۆتە خانەی نەمرانەوە. لە ئینگلیزیدا وشەی ڤینتج Vintage یش بە هەمان مانا بۆ ڕۆمان بەکار دێنن، کە لە ئەسڵدا بۆ شەرابی کۆن و نایاب بەکار دێ.

کاندید

کاندید لە میدیای کوردیدا بە مانای خۆ پاڵاوتن بۆ هەڵبژاردن بەکار هاتووە، بەڵام وشەکە، کە ئینگلیزییە Candid دوور و نزیك پەیوەندیی بە خۆ پاڵاوتنەوە نییە، بەڵکو، لە پاڵ مانای تردا کە لە ژیانی ڕۆژانەدا کەمتر بەکار دێن، بە مانای نافەرمی یاخود بێ زانیاریی ئەویدی بەکار دێ. بۆ وێنە؛ Candid Camera واتە کامیرای شاراوە. وشەکە لە کوردیدا وەكو کردار verb بەکار هاتووە، بەڵام لە زمانی ئینگلیزیدا ئاوەڵناوە adjective. بە ئینگلیزی بە پاڵێوراو ئەڵێن Candidate کە دیسان، بە هۆی لێکچوونی فۆنەتیکی ئەم دوو وشەیەوە چەواشەکاریی دروست بووە.

تیرۆر

وشەی تێرۆر Terror (نەك تیرۆر)  کە وشەیەکی لاتینییە و لە زمانە ئەورووپاییەکاندا ناوە noun و مانای تۆقاندن ئەدا، لە میدیای کوردیدا ئەبێ بە کردار verb و بە مانای کوشتن بەکار دێ. ئەوترێ؛ فڵان تیرۆر کرا، واتا لەلایەن تێرۆریستانەوە کوژرا.

مانیفێست

مانیفێست هەڵەیە، بەڵکو (مانیفێستۆ) تەواوە. لەبەر ئەوەی مانیفێست کردارە verb واتە ئاشکرا کردن، دەرخستن، ڕوونکردنەوە یان ئیعلان کردن. بەڵام مانیفێستۆ Manifesto واتە بەیاننامە. بۆ نموونە (مانیفێستۆی سوریالیزم)ی ئاندرێ برێتۆن Manifestoes of Surrealism