ژنەفتن ژنەفتن
شیعر

ئامۆژگارییەکی دۆستانە بۆ زۆرینەی لاوان

نووسەر چاڕلز بوکۆوسکی
وەرگێر لە ئینگلیزییەوە: ژیار ئەسوەد

بچۆ تیبەت.

سواری وشتر بە.

پەرتووکی پیرۆز بخوێنەوە.

ڕەنگی کەوشەکانت بکە بە شین.

ڕدێن بھێڵەوە.

بە بەلەمێکی کاغەزیی جیھان تەی بکە.

ئابوونە بدە بە The Saturday Evening Post*.

تەنیا بە لای چەپی زارت شت بجوو.

ھاوسەرگیریلەگەڵژنێکییەک-لاقبکەوبەشفرەتەراشبکە.

لەسەرقۆڵیشیناویخۆتھەڵکۆڵە.

ددانت بە گازۆلین خاوێن بکەوە.

بە درێژایی ڕۆژ بخەوە و شەو ھەڵگژێ قەد درەختان.

ببە قەشە؛ بەکشۆت** و بیرە بخۆوە.

سەرت نوقمی ئاو بکە و کەمانچە بژەنە.

سەمای ڕۆژھەڵاتی بکە لە بەردەم مۆمە پەمەییەکان.

سەگەکەت بکوژە.

خۆت کاندید بکە بۆ پارێزگار.

لەناو بەرمیلێک ژیان بگوزەرێنە.

سەرت بە تەور بشکێنە و

گوڵەمێلاقە لەژێر باران بچێنە.

بەڵام ھەرگیز شیعر مەنووسە.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ 

*گۆڤارێکی ئەمێرکییە.

**جۆرە خوارنەوەیەکی مەکسیکییە، پێکدێ لە تێکەڵەی: تەکیلا و وێسکی و کرێمی ئیرلەندی و بیبەری ھاڕاو.

blank
دەربارەی نووسەر
چاڕلز بوکۆوسکی

چاڕلز بوکۆڤسکی؛ساڵی ١٩٢٠ لە وڵاتی ئەڵمانیا، لە دایکێکی ئەڵمانی و باوکێکی سەربازی ئەمەریکی-ئەڵمانی هاتووەتە دنیا. پاش دوو ساڵ بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکان کۆچ دەکەن. بوکۆفسکی زیاتر لە سۆنگەی ڕۆمانەکانییەوە ناوبانگی دەرکردووە. بەڵام هاوکات کە لەسەر نووسینی ڕۆمان خورت بووەتەوە، شیعر و کورتەچیرۆکیشی نووسیوە. پتر لە ٥٣٠٠ شیعر و کورتەچیرۆکی نووسیوە. حاڵ و هەوای فەزای شاری لۆس ئەنجڵس لەنووسراوەکانی بوکۆفسکیدا بە ڕوونی دیارە. ساڵی ١٩٥٧ لەگەڵ باربارا فیریی شاعیر و نووسەر هاوسەرگیری کردووە، بەڵام دوو ساڵ دواتر لێک جوێ بوونەتەوە. ئەم ڕووداوە بوکۆفسکی بەرەو شەرابخۆریی پتر ڕاکێشاوە. منداڵێکی بە ناوی فرانس سمیت لە مارینا لوییس بووە. ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ لیندا لی بەیلی ئاشنا دەبێت و پاشان هاوسەرگیری دەکەن. بوکۆفسکی پاش ئەوەی لەلایەن ناوەندی چاپی "بلەک سپەررۆ"وە پێشنیاری مووچەی مانگێ 100 دۆلار تا کۆتایی ژیانی پێ دەدرێت، دەست لە کاری ئیدارەی پۆست هەڵدەگرێت و لەوەبەدواوە سەرقاڵی نووسینی شیعر و چیرۆک دەبێت. ساڵی ١٩٩٤ لە سەند پێدرۆی کەلی فۆرنیا بە هۆی شێرپەنجەی خوێن کۆچی دوایی دەکات. ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی لەلایەن ڕاهیبێکی بووداییەوە بەڕێوەدەچێ. لەسەر کێلەکەی نووسراوە "هەوڵ مەدە!" کە بە وتەی لیندای ژنی بوکۆفسکی، واتە: لە بری ئەوەی هەوڵ بدەیت، دەست پێ بکە و کارەکە ئەنجام بدە''.

هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە