لە پێناو لەبیر کردنتدا
بەڵا نەما
بەسەر خۆمیدا نەهێنم
بەڵا پاشقولی لە بەڵای دوای خۆی دەگرت.
لە زوو خەوتن و زوو لە خەو ڕابوون
بگرە تا
وەرزشکردنی بەربەیانیان و
هەواڵپرسین و دەست بەرزکردنەوە بۆ
هاتووچۆکەرانی کۆڵانان و سەر شەقامان.
لە کتێب نەخوێندنەوە و
گوێ نەگرتن لە حەسەن زیرەک و گلێن گۆلد،
تا تەرککردنی جگەرە و مەشروب.
ڕۆژی دووجار دووش گرتن و
سێ ژەمە فرشەلێدان لە دەم و ددانەکانم،
وازهێنانی یەکجارەکی لە دەستپەڕلێدان
تا
لەبەرکردنی چاکت و پانتۆڵێکی ڕەساسی و
بۆینباخێکی سوور.
لە بزەکردن بۆ ئەو شۆفێرانەی
بەلەز بەلامدا تێدەپەڕن
تا
تاسەی چاوەڕێکردنی جەژن و بۆنەکان.
لەپێناو لەبیر کردنتدا
بەڵای دنیام بەسەر خۆمدا هێنا،
لە قەپ گرتن لە بانگی مزگەوتەکان
تا
بەشداریکردن لە پرسەکان و
دڵنەوایی بەشینەوە بەسەر خاوەن مردووەکاندا و
شەستوشەش جاریش لەبەرکردنی
سوورەتی بەقەرە.