To Be and to Do

بەرهەمی ژیانی جۆرجیۆ ئاگامبێن

لە ئینگلیزییەوە: لەیلا سەمەدی

(پێداچوونەوەیەک لەسەر کتێبی “بەکارهێنانی جەستە”،L’uso dei corpi. Homo sacer, IV, 2، لە کۆمەڵە نووسراوەی “هۆمۆساکێر”، جۆرجیۆ ئاگامبێن).

جۆرجیۆ ئاگامبێن لە تەمەنی بیستوشەش ساڵیدا لە ژووەنی ١٩٦٨، بۆ بەشداری لە یەکەمین سێمینار لە دوو سێمیناری نائاسایی ئەو ساڵە، پاریسی (کە ئەو دەم دیمەنێکی نائارام و سەرنجڕاکێشی لەخۆ گرتبوو) بەجێهێشت. ئەو سێمینارە کە لەلایەن هێنڕی کیسێنجێر لە زانکۆی هاروارد بەڕێوە دەچوو، میوانداریی بەشداربووانی لە سەرانسەری جیهان دەکرد کە دەوڵەتەکانیان ئەو کەسانەیان وەک “ڕێبەرانی داهاتووی جیهان” هەڵبژاردبوو. ئاگامبێن ڕۆژێک لەو پۆلانەدا، قسەی بە کیسێنجێر بڕی و پێی گووت کە تۆ “لە سیاسەت هیچ نازانیت”. کیسێنجێر بزەیەک دەیگرێت. لە کۆتایی ئەو ساڵەشدا، ئەو بووە یاریدەدەری سەرۆککۆمار نیکسۆن لە کاروباری ئاسایشی نەتەوەیی، کە یەکەمین پۆست بوو لە زنجیرە پۆستە حکوومەتییەکان لە ئاستی باڵا. سێمیناری دووهەم، بە میوانداریی ڕێنە شار، شاعیر و قارەمانی بەرگریی فەڕەنسا کە لە باشووری فەڕەنسا بەڕێوە چوو و وانەبێژی ئەو خولە مارتین هایدێگەری حەفتاونۆ ساڵە بوو کە بە éminence grise ی فەلسەفەی ئەورووپایی بەناوبانگ بوو واتە “دەسەڵاتی پشت تاج و تەخت”. سێمینارەکە هەشت ئەندامی هەبوو. ڕۆژێک هایدێگەر بە بەشداربووانی گووت کە ناتوانێت سنوورەکانی خۆی ببینێت ئەگەرچی لەوانەیە ئەوان بیبینن، چونکوو ئەوە سرووشتی سنوورە و، سرووشتی خوێندکارەکانە.

دوای بەشداربوونی لەو دوو سێمینارە، ئاگامبێن خوێندنەوە یاساییەکانی و هەروەها چالاکیی وەک شاعیر وەلا نا و وەک فەیلەسووفێک مامەڵەی کرد. لەکۆتاییشدا لە ساڵی ١٩٩٥، ئەو وەک فەیلەسووفێکی ناسراوا لە بازنەیەکی فەلسەفی تایبەت دەست ڕادەگرێت و لە باتی لە هەموو بەستێنەکاندا ناوبانگ دەردەکات. یاریدەدەری ئەم ناوبانگە کتوپڕە بڵاوکردنەوەی یەکەمین پەرتووکی لە کۆمەڵە نووسراوەکانی بە ناوی هۆمۆساکێر بوو، ئامانجی ئەم کتێبە پێوەندیدانی پرسە سیاسییەکان وەک ئەو پرسانەی کە لە سێمینارەکەی کێسینجێر هاتە گۆڕێ، لەگەڵ ئەو بابەتانەی کە هایدێگەر باسی کردبوون، بوو. بە شێوەیەکی ئابڕووبەرانە کەشی یاسایی ژیانی مۆدێڕنی لەگەڵ کەمپەکانی نازییەکانی شوبهاند. لە پەرتووکی دواتر واتە “پاشماوەکانی ئاشویتس“(١٩٩٩)، ئابڕووچوونێکی گەورەتری بەرهەم هێنا. ئێستا دوای بیست ساڵ ئەم پرۆژە فەلسەفیی و سیاسییە لە زنجیرەی هەشت پەرتووک بە ناوی هۆمۆساکێر، گەیشتووەتە کۆتایی دراماتیکی چاوەڕواننەکراودا. 

“هۆمۆساکێر” دەستەواژەیەکی یاساییە کە لە سیستەمی یاسایی ڕۆمای کۆنەوە وەرگیراوە و بە کەسێک دەوترێت کە بەهۆی ئەنجامدانی هەڵە و خراپەکاری لە شار دەردەکرێت. بەپێی نەریتی دەرکردنی(فڕێدان) بە پێی بڕیاری هۆمۆساکێربوون، دەتوانن ئەو کەسە بکوژن بێئەوەی لەسەر کووشتنی تاوانبار بکرێن، بەڵام ئەم کارەیان لە ڕێوڕەسمی نەریتی قوربانیدان کە پێویست بوو ژیانی کەسێک بگیریەت، بەڕێوە نەدەبرد (چۆن پێیان وابوو کە قوربانییەکە دەبێت نرخ و بایەخی هەبێت). ئەم “مرۆڤە قوربانی”ییەیان لە بازنەی چالاکیی کۆمەڵایەتی و یاسای گشتی وەلا دەنا و، تەنیا یاسای جێبەجێکراو بۆ ئەو کەسە یاسایەک بوو کە ئەویان بۆ هەمیشە فڕێ دەدا. ڕەنگە پێتان سەیر بێت کە ئاگامبێن هۆمۆساکێری وەک ڕێبەرێکی بێدەسەڵات بۆ ئامانجی پرۆژەکە و ئاراستەکردنی سیاسەت بە بناغەیەکی نوێیەوە هەڵبژارد، هەڵبەت پێوەندی بەمەوە هەیە کە بارودۆخی ئێستای جیهان چۆن دەبینین.

لە پەرتووکی یەکەمدا خوێنەر بە خێرایی لەگەڵ ئاوەها بیروبۆچوونی ڕادیکاڵ ڕادێت وەک “ئەمڕۆکە بناغەی پارادایمی ژینگەی سیاسی لە ڕۆژئاوادا لە بنەڕەتدا شار نییە بەڵکو کەمپی کاری زۆرەملێیە (concentration camp)”. ئەم تێڕوانینە بەم واتایە نییە کە ژیانی ئەمڕۆکە هەمووی یان زۆربەی لە ئەزموونی چڕوپڕی کەمپی کاری زۆرەملێدایە بەڵکو بە واتای دابەشکردنەکانی بەشی گشتی و تایبەتی و هەروەها پیرۆز و ناپیرۆزە کە بەرەبەرە تووشی گۆڕانکاری بێوێنە دەبن و، بە واتای شێوەگەلی نوێی یاسایی و ڕەواییە کە لە ئەنجامدا کەشێکی درێژخایەن لە ملکەچبوونی خەڵکانیکی زۆر بە توندوتیژی بێسنوور کە لەگەڵیدا ڕاهاتوون، دەڕووخێنێت. بە تێپەڕبوونی ساڵ دوای ساڵ، پەرتووکەکانی دواتری ئەم کۆمەڵە نووسراوەی هۆمۆساکێر زۆرتر وەک پاشکۆی تێزە سەرەتاییەکان بینرا نە گەشەپێدانی و، زۆربەیەک لە خوێنەران بە تەواوی چاوەڕوانی کۆتاییەکی ڕاستەقینە بۆ ئەم پرۆژانە نەبوون، وەک زنجیرە پەراوێزنووسینێک لەسەر بانگەشەی سەرەتاییەکە دەژمێردران کە بە تەواوی پشتگیری لێ نەکرابوو چونکە بە تەواوی شیاوی پشتگیری نەبوو.

ئەم کۆمەڵە بەرهەمە بە درێژایی بیست ساڵی ڕابردوو، ئاوڕدانەوە، بایەخدان، پیاهەڵدان، سەرکۆنەکردن و خراپ تێگەیشتن و تێکشکان و سەرنەکەوتوویی زۆری لێکەوتەوە. دڵساردیی و سەرنەکەوتووییەکانی دوو جۆرە. جۆری یەکەم سەروکاری لەگەڵ سرووشتی ئاژاوەچییەتی بڕێک لە ئیدعاکانی ئەم کۆمەڵە کتێبانەیە. جۆری دووەمیش لە لاوازبوونی نەخشە سەرەتاییەکە هەڵدەقوڵێت کە لە کتێبی یەکەم پێشنیار کراوە: پێوەندیی نوێی نێوان توانمەندی‌هاتنەدی و کردەوە، نێوان ژیانی پەتیی زیندەوەربوون و ژیانی مەرجی سیاسی، نێوان هەبوون و گەوهەر، نێوان تەکوزیی و ناتەکوزیی(ئاژاوە)، نێوان زانستی ڕامیاری و بوون‌ناسی(ئانتۆلۆژی). سەرەڕای ئەوە کە لە پەرتووکەکانی دواتر زۆربەیەک لە بابەتەکان ڕوون دەبێتەوە، بەڵام پێوەندی و ناپێوەندی مێتافیزیکیی بناغەیی وەک قۆناغی سەرەتایی پڕۆژەکە لە ساڵی ١٩٩٥، ناڕوون دەمێنێتەوە. بە لاوازبوونی نەخشە سەرەتاییەکە کە هەڵگری پیشنیارگەلی بوون‌ناسانە بوو هەست بە سەرلێشواوی دەکرێت، و ئاگامبێن گوناهبارە بەم سەرلێشێواندنە. هەر بۆیە دوای هەشتەمین پەرتووک و دوایین پەرتووکی ئەم کۆمەڵە بەرهەمە، واتە “بەکارهێنانی جەستە”، وەک شۆکێک دەژمێردرێت. ئەگەرچی زۆربەیەک درێژخایەن دژایەتیی دەکەن. ئەم پەرتووکە باشترین، دەوڵەمەندترین و سەرنجڕاکێشترینی ئەم کۆمەڵە بەرهەمەیە. بەڵام خاڵی زۆر جێی ‌سەرنج لەم پەرتووکەدا شێوەی کۆبەندی ئەو پرسانەیە کە لە بەرهەمەکانی پێشووتر هاتوونەتە گۆڕێ و، هەروەها لەگەڵ شیکارییەکی مەزن و زۆر ورد لەبارەی نەریتە یاساییەکان و نەریتە ئایینیەکان، لەبارەی شۆڕشەکان و سەرکوتەکان، فەلسەفەی کلاسیک، دەسەڵاتدارێتی، ئابووری، دەستوورەکانی ڕەبەنی(monastic orders)، هۆلۆکاست، و زۆر بابەتی دیکە. پەرتووکی “بەکارهێنانی جەستە“، لە سەرەتاوە بە خوێنەر دەڵێت: “ئەو کەسانەی کە بەشەکانی پێشووی ئەم پڕۆژانەی خوێندووەتەوە و لێی تێگەیشتوون، دەزانن کە لێرەدا نابێ چاوەڕوانی دەستپێکێکی نوێ یان تەنانەت کۆتایی بن.” ئەم خاڵە لە سەرەتای پەرتووکی کۆتایی کۆمەڵە بەرهەمێک زۆر جێی سەرسوڕمان نییە، بەڵام سەرسوڕمانییەکە لەوەدایە کە کۆتاییەکە ڕەچاو بکرێت، چۆن ئەو شتەی کە لە نێوان ئەم دووانەدا جێگیر دەبێت، لەلای هەموو جیهان وەک کۆتاییەکە و هەروەها دەستپێکێکی نوێ.

بە درێژایی چل‌وپێنج ساڵێک کە لە بڵاوبوونەوەی یەکەمین پەرتووکی ئاگامبێن تێپەڕ دەبێت، لەسەر دوو شت هیچ مشتومڕیک نییە: ئەو فەیلەسووفێکی زۆر شارەزایە  و نووسەرێکی زۆر توانمەندە کە لە وەرگێڕانی بەرهەمەکانی بەپێی پێویست و بەهێز دەردەکەوێت. ئەو خاوەن توانمەندییەکی زۆر بەرز و تەکنیکی لە بەستێنە بەرفراوانە زانستییەکان هەیە، لە فەلسەفەی کلاسیکەوە بگرە هەتا دادوەری مۆدێرن، لە یۆنانی کۆنەوە هەتا ئاڵمانی مۆدێڕن، لە ئایینناسی هەتا مێژووی هونەر هەتا شیعر و بوون‌ناسی. هەرچۆنێک بێت تێگەیشتن لە پرسیاری ناوەندی پەرتووکی “بەکارهێنانی جەستە”، ئاسانە و، داڕشتنی پێویستی نە بە زمانی یۆنانیی کۆنە و نە ئاڵمانی مۆدێڕن. پرسیار ئەمەیە: چ شتێک هی ئێوەیە و چۆن کەڵکی لێ وەردەگرن؟ بۆ نموونە، جەستەی ئێوە هی خۆتانە، هەر بەو جۆرەی کە ژیانتان هی خۆتانە؛ بەڵام تا چ ڕادەیەک و دەکەوێتە بەر چ سنوورگەلێک؟ و گرینگتر لە هەمووان، ئەم جەستە چۆن هەڵکەوتووە یان کورت دەکرێتەوە، بۆچی بەکار دەبرێت، و چ بەڵێنگەلێکی لە ئەستۆدایە و چ ئەرکگەلێکی لەسەر شانە؟

جۆرجیۆ ئاگامبێن (١٩٤٢- ..) فەیلەسووفی هاوچەرخی ئیتالیایی

شێوازێک کە ئاگامبێن بۆ هێنانەگۆڕی پرسیارەکان و وڵامدانەوەکان بەکاری دەهینێت، بە وتەی خۆی شێوازی “ڕەچەڵەکناسیانە”(genealogical)یە، کە مێژووییشی پی دەوترێت. ئەو ڕاستەوخۆ ئەم پێناسەیە لە فوکۆ وەرگرتووە، هەروەها کە فوکۆ بەکارهێنانی وشەی “ڕەچەڵەکناسی”(genealogy)، بە ڕاشکاوی لە نیچەی وەرگرت. ڕەچەڵەکناسیی ئاگامبێن زۆرتر لەوەی کە تەنیا هەڵگری چەمکێک بێ دەگرێتە خۆ و، هەڵگری بەستێنگەلێکی جیاواز و زۆر دوورترە. ئاگامبێن دەڵێت، “فوکۆ جارێک پێناسەیەکی جوانی سەبارەت بەم وشەیە دەربڕی، ئەو گووتی کە لێکۆڵینەوە مێژووییەکان وەک سێبەرێکن کە لە کاتی ئێستاوە بەسەر ڕابردوودا بڵاو دەبنەوە. لە ڕوانگەی فوکۆدا، ئەم سێبەرە تا سەدەی حەڤدەهەم و هەژدەهەم درێژ دەبێتەوە. بەڵام بە ڕای من لەوەش بەربڵاوترە.” پەرتووکی بەکارهێنانی جەستەیش، زۆربوونی ئەم بەربڵاویی سێبەرە پیشان دەدات. ناونانی ئەم بەستێنە لەلایەن ئاگامبێنەوە “ئانتڕۆپۆژێنسیس” یان مرۆگۆڕان‌ناسییە، یان ئێمە چۆن بووین بە ئێمە، کە بە دوورترین ڕابردوویەک پێناسەی دەکات کە بابەتی لێکۆڵینەوەی بوون‌ناسانە، ئایینناسی، فەلسەفە و شیعر پێکەوە لەبەر دەگرێت. ئەم باسە لە ناخی هەموو نووسراوە ناهاوتاکانی ئاگامبێن هاتووەتە بەرباس.

یەکێ لە وڵامەکان بۆ پرسیاری ئەوەی کە چ بابەتێکی جێ‌باس لە کتێبی بەکارهێنانی جەستە و کۆمەڵە بەرهەمی هۆمۆساکێر هاتووتە گۆڕێ، سووبژێکتیڤیتەیە. ئەم چەمکە لێکۆڵینەوەی ڕەچەڵەکناسیی وردبینانە و قۆناغە یەکلاییکەرەوەکانی پەیدابوونی لە فەلسەفەی یۆنانی کۆنەوە هەتاوەکو ئێستا، لە ئەفلاتوونەوە هەتا ئەرەستۆ، هەتا ڕەواقییەکان، پۆڵس و باوکانی کڵێس، فەلسەفەی قوتابخانەیی، لایبنیز و سپینۆزا و نەریتی ئایدیاڵیزمی ئاڵمان کە لە هایدێگەردا بە لووتکە گەیشت، لەخۆ دەگرێت. وشەی “سووژە” لە ڕووی وشەییەوە بە واتای شتێکی نرخ‌نزم یان ئاست‌نزمە. ئەم چەمکە لاتینییە میراتگری وشەی یۆنانی واتە هیپۆستاسیس( hypostasis)ە، کە ئەگەرچی لە سەردەمی ئەفلاتوون و ئەرەستۆ هیچ شوێنپێیەکی نییە، بەڵام کتوپڕ لە سەدەی دووەم و سێیەمی دوای زایین، لەگەڵ ڕەواقییەکان ناوبانگی دەرکرد و لەو کاتە بە دواوە تا ئێستا لە فۆرمگەلی جۆرواجۆر و ناوگەلی جۆرواجۆر، چەمکگەل و تێگەیشتنی مۆدێرنی “سووبژێکتیڤیتە”ی دیاریکردووە. لە یۆنانی کۆن، هیپۆستاسیس لە ڕووی وشەییەوە بە واتای پاشماوە(remnant) یان بەرماوە( residue)ی دۆخێک مانا دەکرا، وەکو پاشماوەی شتێکی جەستەدار (ماتریاڵ) یان شلەیەکی هەڵماوی (ئەرەستۆ ئەم وشەیە تەنیا لەم مانایەدا و لە باسی میز بەکاری دەهێنا). بەشی سێیەم و دوایین بەشی کتێبی ئاگامبێن، بە ناوی “شێوەی ژیان“ە کە واتایەکی جیاواز لە سووبژێکتیڤیتە ئاراستە دەکات کە لەسەر بنەمای تێگەیشتنی جیاواز لە چییبوونی ژیان بەو جۆرەی کە بەکاری دەهێنین و واتایەک کە وشەی “بەکارهێنان” دەتوانێ لە خۆی بگرێت. مامەڵەکردنی ئاگامبین لەگەڵ وشەی “بەکارهێنان” یان کەڵکوەرگرتن زۆر بە ئاسانی دەردەکەوێت ئەویش لە کاتێکدا کە لە بەرامبەر خاوەندارێتی دەیهێنێت، پارادایمێک کە ئاگامبێن زۆرجار باسی دەکات، ئەو جیاوازییەی کە مەبەستی دەستووری فڕانسیسکەنە لەسەر بنەمای ئەوەی کە ئێمە خاوەندارێتی شتەکانمان نییە بەڵکو تەنیا بەکاریان دەهێنین، ئەو جۆرەی کە مەسێح بەکاری دەبردن. ئاگامبێن لەبارەی بەکارهێنانی سوژە و ئەو شتەی کە هۆڵدرلین بە “بەکارهێنانی ئازادانەی شتەکان کە هی خۆمانە” شرۆڤەی دەکات، دەڵێت: لەوانەیە کە ئێمە لەژێر کاریگەری کەسایەتی، هزر یان خوا دڵڕەقەکان، جێبەجێکردنی ئەم کار یان ئەو کار بە چارەنووسی خۆمان بزانین؛ بەڵام لەوانەیە باشتر بێت کە خۆمان وەک کۆیەک لە بەکارهێنانەکانمان بە شێوەی کاتی وێنا بکەین کە بە بەکارهێنانی ئازادانە لە هەلومەرجێکدا کە تێیدا خۆمان دەبینیینەوە، گەورە دەکرێت. پێویست ناکات کە شێوەی ژیان بۆ خۆمان و خەڵکانی تر بە شێوەی سووژە و پاشماوە بێت. هەروەها لەوانەیە کە شتێکی بنەڕەتیی و لە هەمان کاتیشدا شوێنکەوتووی چەمکگەلی سیاسی بڕیاردەر (فەرماندەر) بێت کە لە ڕوانگەی ئاگامبێن چەمکگەلێکن کە تووشی قەیرانێکی توندوتیژ بوون. سەبارەت بە بارودۆخی لەناکاوی ئێستای ئێمە و، پێویستیمان بە تێگەیشتنی دووبارەمان لە بارودۆخی جیهانێک کە تێیداین، بێگومان ڕێگەپێدراوە. ئاگامبێن لە کتێبی ستاسیس، پەرتووکێکی دیکە لە کۆمەڵە بەرهەمی هۆمۆساکێر کە بە تازەیی بڵاو بووەتەوە، بارودۆخی ئێستای ئێمە وەک بارودۆخی “شەڕی هەمەلایەنی نێوخۆیی” شرۆڤەی دەکات. لە درێژەدا بۆ ئەوەی خوێنەر زۆر لە هەڵپەسێراویدا نەمێنێت، وردتر دەبێتەوە: “لەم قۆناغە لە مێژووی جیهاندا شەڕی نێوخۆیی فۆرمی تێرۆریزمی گرتووەتە خۆی”. و زۆر وردتر دەبێتەوە و دەڵێت، “تێرۆریزمی جیهانی بە قەوارەیەک لە شەڕی نێوخۆیی دادەنرێت، کاتێک کە ژیان ڕێک دەبێتە ئەو شتەی کە سیاسەت مامەڵەی لەگەڵ دەکات.”

ئەگەر دەوڵەتی خراپەکار(بکوژ) لە وەستاندنی یاسایی هەڵاواردە بێ، ئەو تەلارە پێویستی بە ئاڵوگۆڕ نییە بەڵکو دەبێ بڕووخێت.

بۆ ئەو کەسانەی کە نایانەوێت ئاوڕێک لەم خاڵە بدەنەوە، ئەم بانگەشە و بیروبۆچوونانە بێمانا و خەیاڵی دەبێت کە لێکدانەوەی بوون‌ناسانە لەگەڵ لێکدانەوە سیاسییەکان ئەویش لەگەڵ هەموو وردەکاریی دونیایی یان خراپەکارانە پێوەندیی نێزیکیان هەیە. کەواتە چۆن دەکرێ ئەم ڕاستییە، ئەگەر وەک ڕاستییەک داینێین، لەگەڵ باوەڕەکانی شرۆڤەکاریی تێرۆریزمی جیهانی هاوتەبا دەبێت، هەرچۆنێ بێت ئەم بیروڕانە جەخت لەسەر فاکتۆرگەلێک دەکەنەوە کە سرووشتێکی بەرهەستتریان هەیە وەکو سەرچاوە نەوتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، هاوپەیمانەکان کە لە ئەفغانستان ويڵ کراون، زۆربوونی ئیسلامی ڕادیکاڵ، پێکدادانی تیرەگەرییانە، بێبەشکردن لە بژاردەکانی ئابووری، لێشاویی سەرمایەی جیهانی و لیستێکی دوورودرێژ لە هۆکارە ڕاستەقینەکانی دیکە؟ ئاگامبێن پێی وایە کە تێرۆریزم سەرەڕای ئەوە کە دیاردەیەکی مۆدێڕنە، ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ دونیای کۆن و پیشاندەری مشتومڕە سنوورییە چارەسەرنەکراوەکانە کە نە تەنیا لە ناوچەیەکی تایبەت بەڵکو لە مێژووی جیهاندا هەبووە. ئەگەر بڵێین ئەزموونێک چ بە تاک و چ بە کۆمەڵ هەیە کە پێوەندیی بە ڕەوتی زیندەوەرزانیی پەتییەوە هەیە و لەدەرەوەی سەرنجە سیاسییەکانە و، لەهەمان کاتدا بە درێژایی مێژووی ڕۆژئاوا بە ڕابەرێتی کام لە دەوڵەتەکان دەردێت (هۆکارێک کە فوکۆ بە سیاسەتی مۆدێرنی دەگووت، “ژینگەی سیاسی)، وەک ئەوەیە کە باسی بارودۆخێک دەکەین کە ئاڵۆزە بەڵام نەگۆڕاو نییە. ئەم پەرتووکە و لە شوێنەکانی دیکەی هۆمۆساکێر هانمان دەدات کە دووبارە بیر لە بیروبۆچوونمان لەبارەی سیاسەت بکەینەوە چونکوو ئەمەی کە هەمانە کارتێکەر نییە و ئەم دووبارە بیرکردنەوە لە ڕیگەی جیاوازییە سەرەتاییەکان بێت، وەک پیرۆز و ناپیرۆز، مرۆڤ و ئاژەڵ و، دەبێ ئەم دووبارە بیرکردنەوەمانە درێژەی هەبێت. ئەگەر دەوڵەتی خراپەکار(بکوژ) لە وەستاندنی یاسایی هەڵاواردە بێ، ئەو تەلارە پێویستی بە ئاڵوگۆڕ نییە بەڵکو دەبێ بڕووخێت.

فەلسەفە دەبێ وەکو شیعر بهۆنرێتەوە“.

ئاگامبێن بە شوێنکەوتوویی لە مارکس و وێبێر و زۆر وردتر شوێنکەوتەی واڵتەر بنیامین و کاڕڵ شمیت، چەندین جار لە کۆمەڵە بەرهەمەکەیدا جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەکاتەوە کە چەمکە سیاسییەکان تا چ ڕادەیەک خاوەن ڕەچەڵەکێکی پیرۆزن و ئایینناسی سیاسی تا چ ڕادەیەک تێفکرین و دامەزراوەکانی ئێمەیان پێکهێناوە. بەڵام ئاگامبین پێوایە کە تەنیا چەمکە سیاسییەکان نیین کە لە کولتووری ڕۆژئاوا ڕەچەڵەکی پیرۆزیان هەیە بەڵکوو چەمکە ئەدەبیی و هونەرییەکانیش بەم شێوەیەن. کتێبە نوێیەکەی ئاگامبێن کە لە کۆمەڵە بەرهەمی هۆمۆساکێر نییە، بە ناوی “ئاگر و چیرۆک“(٢٠١٤)، چیرۆکێکە سەبارەت بە ئاگر. ئەم چیرۆکە پیشتر لە لایەن نووسەرانێک وەک شمووڵ یووسف ئاگنۆن، گێرشۆم شولێم، ئێلی ویسێل و کەسانی تر، وتراوەتەوە. کاتێک باڵ شیم تۆڤ، بنیاتنەری جوویسمی هاسیدیک(Hasidic Judaism)، لەگەڵ کارێکی دژوار ڕووبەڕوو دەبووەوە، دەڕۆیشت بۆ دارستان، ئاگرێکی ساز دەکرد، وشەگەلێکی پیرۆزی بە زمان دەهێنا و دواتر پێداویستییەکەی وەدی دەهات. نەوەی دواتر کاتێک خاخام مێزریتز ڕووبەڕووی کێشەی هاوشێوە بوو، ئەگەرچی چیتر نەیدەتوانی ئاگر ساز بکات و نزا بکات، بەڵام ڕۆیشتەوە بۆ ئەو شوێنە پیرۆزە لە دارستان و پێویستی خۆی وەرگرت. لە کۆتاییدا نەوەی دواتر، خاخام موش لیب لە ساسۆڤ، کاتێک ڕووبەڕووی گرفتی هاوشێوە بوو، وتی “ئێمە نە دەتوانین ئاگر بکەینەوە، نە دەتوانین نزا بکەین، تەنانەت نە دەشتوانین ئەو شوێنە پیرۆزە لە دارستانەکە بدۆزینەوە؛ بەڵام دەتوانین چیرۆکەکەی بڵێینەوە” و دەوترێت کە هەر ئەم کارە تەواوە.

“نووسین بە واتای بیرکردنەوە بە زمانە و ئەگەر زمانی خۆت نەبینیتەوە و خۆشت نەوێت، زایەڵەی هۆنراوەکەی نەبیستی، سیاچەمانە(Elege)ی نەرم و نیانی نەڵێیتەوە، کەواتە تۆ نووسەر نیت.”

ئاگامبێن ئەم چیرۆکی ئاگرەی وەک چیرۆکێکی نیشانەیی پیناسە کرد. هیچ جۆرە گواستنەوە یان ئاڵوگۆڕێکی کۆتایی نییە و زمان خاوەن هیچ جۆرە ناوەندی ئاگریی کۆتایی بە ناوی ئەدەبیات نییە کە بتوانین تەنیا بە زارهێنانی وشەی دروست لە شوێن و کاتی دروست و لەبەر ئاگری دروست لە بارودۆخێکی بەرزدا لە دارستانێکی نادیار و خەیاڵی بیدۆزینەوە. ئاگامبێن زۆر حەزی لەم تێبینییەی ویتگێنشتاین بوو کە “فەلسەفە دەبێ وەکو شیعر بهۆنرێتەوە“. هەڵبەت ئەمە بە واتای ئەوە نەبوو کە فەلسەفە دەبێ بە تایبەت لە چوارچێوەیەکی شیعریدا دەرببڕدرێت، بەڵکو مەبەستی ئەوەیە کە فەلسەفە لە بەرزترین شێوەی خۆیدا تەنیا دەبێ لە ڕێگەی زمانی داهێنەرانەوە درببڕدرێت. لە شوێنێکی دیکە لە کتێبی ئاگر و چیرۆک دەخوێنین: “نووسین بە واتای بیرکردنەوە بە زمانە و ئەگەر زمانی خۆت نەبینیتەوە و خۆشت نەوێت، زایەڵەی هۆنراوەکەی نەبیستی، سیاچەمانە(Elege)ی نەرم و نیانی نەڵێیتەوە، کەواتە تۆ نووسەر نیت.” ئاگامبین بە شیعر دەستی پیکرد و هەستیارییەکی شاعیرانەی بە زمان هەیە، بەڵام ئەم هەستیاربوونەی نە تەنیا لە ئاست زمانەکەیدا هەیە بەڵکو لە شێوازی پرسیارە فەلسەفییەکانیشی بە ڕوونی دەبینرێت. لە ڕوانگەی ئاگامبێنەوە شیکاری وردی زمانناسییانە لەبارەی دەستەواژەگەلی “شێوەی ژیان”، “بەکارهێنان”، “هیپۆستاسیس”، “ستاسیس”. “ژیانی ڕووت”( zoe)، “ژیانی سیاسی”( bios)، “ساکێر”(sacer)، و نموونەگەلی هاوشێوە، لادان لە بابەتەکە و کەوتنە ناو درێژدادڕیی نییە. لە بەرامبەردا، ئاگامبێن وتەکەی ویتگێنشتاین بەم شێوە دەڵێتەوە: “ئەگەر پرسە فەلسەفییەکان بە شێوەی پرسیارگەلێک سەبارەت بە واتای وشەکان داڕێژین، پرسە فەلسەفییەکان ڕوونتر دەبن”. لە ڕوانگەی ئاگامبێنەوە فەلسەفە کۆمەڵەیەکی بەستراو لە پرسەکان و نووسراوەکان نیین و هیچ جۆرە سنوور و دیاریکراویی ناوەکیی و دەرەکی بێجگە سنوورەکانی زمانی نییە.

دیاردەیەکی سرووشتی لە فەلسەفەدا ئەمەیە کە چەمکی بناغەیی واتە چەمکێک کە زۆرترین قورسایی هەیە و لە ئاکامدا زۆرترین هێزی بایەخدانی هەیە، وەکو “ئایدۆس”ی ئەفلاتوون، “کۆگیتۆ”ی دیکارت، “دازاین”ی هایدێگەر، کە هەموویان وەرناگێڕدرێنەوە، ئەوە یەکگرتنەوەی واتاییە کە ڕێگە بە فەیلسووف دەدات دەستەواژەیەک وەک دەستەواژەیەکی بناغەیی جێگیر بکات کە زۆرجار وەرنەگێڕاوبوونی بیمە دەکات. ئەم دەستەواژە بناغەییە بۆ ئاگامبێن “ئینۆپێرۆسیتا”( inoperosità)یە. کە ئینگلیزییەکەی دەبێتە “inoperative” بە واتای “ناکاریگەر”، ئەگەرچی لە ڕووی وشەناسییەوە نێزیکە، بەڵام لە ڕووی شێوەزمانی و زرنگانەوە جیاوازە. ئەم وشەیە بۆ ئاگامبێن نیشاندەری دۆخێکە کە ئۆپێرا( opera)یەک لە ئارادا نەبێت واتە کارێک (ئۆپێرا وشەیەکی لاتینییە بە مانای کارە)، چ لە مانای چالاکیی بەردەوام یان بەرهەمێکی تەواوبوو. هەروەها واتایەک کە ئاگامبین بۆ ئەم وشەیە تەرخان کردبوو، لەگەڵ چاویلکەیەک کە لە ئەرەستۆ وەریگرتووە، بە باشی دەبینرێت. ئەرەستۆ دەڵێت کە خۆشی و بەختەوەری خۆی ئامانجی کۆتاییە و لە کاروباری مرۆیی بێوینەیە. ئەو تەنانەت سەبارەت بە نموونەگەلێکی وەک ئابڕوو، چێژوخۆشی و هزر دەڵێت، حەز و ویستی ئێمە بۆ ئەم کارانە تەنیا بەهۆی خۆیانەوە نییە؛ بەڵکو “لەبەر بەختەوەرییە و پێمان وایە کە لە ڕێگەی ئەمانەوە دەگەینە بەختەوەری”. ئەرەستۆ قایل دەبێ بەمە کە “وتنی ئەمە کە بەختەوەری چاکەی سەرەکییە، قسەیەکی لاوەکی دەنوینێت” و دواتر دەڕواتە سەر پرسی ئامانجی بنچینەیی مرۆڤ. “هەروا کە پێمان وایە کە چاکەی ژەنیاری نای، پەیکەرتاش، یان هونەرمەند و بە گشتی هەر شتێک کە فرمان(ئیش) یان چالاکییەکی هەیە، چاکە لە کارکردنەکەیدا جێگیر بووە. سەبارەت بە مرۆڤیش، ئەگەر فرمانێکی هەبێت، ئەم خاڵە دەردەکەوێت. ئایا دارتاش، پێستەخۆشکەر فرمان یان چالاکیی تایبەتیان هەیە، بەڵام مرۆڤ هیچ فرمانێکی نییە؟ ئاخۆ مرۆڤ بە شێوەی سرووشتی بێ‌فرمانە؟ هەڵبەت دارتاشەکان و پێستەخۆشکەرەکان بە پیشەی دارتاشیی و پێستەخۆشکەری سەرقاڵن. بەڵام پرسیاری ئەرەستۆ ئەمەیە کە مرۆڤ لە ئاستێکی دیکە پیشە و فرمانێکی دیکەیان هەیە، واتە پیشەی مرۆڤبوون؟ کاتێک باس لە ئاوەها پیشە و فرمانێک دەکرێت، دەبێت ئەرکێک بۆ جۆری مرۆڤ دابین بکەین واتە چالاکییەکی پێناسەکەری بنچینەیی. جێگای سەرسووڕمان نییە کە ئەرەستۆ ڕاوەستێت و سەرسام بمێنێت کە ئاخۆ بە ڕاستی دەکرێ بڵێین کە مرۆڤ ئاوەها بانگهێشتنێکی گشتی هەیە؟ ئاگامبێن ئاماژە دەکات کە ئەرەستۆ پرسیارێک کە هەیەتی زۆرتر بەم شێوە وەردەگێڕیەتەوە کە “ئاخۆ مرۆڤ بە شێوەی سرووشتی بێ‌فرمانە؟” ئاگامبین دەڵێت کە دەکرێ ئەم پرسیارە وردتر بکەینەوە و بەم جۆرە بپرسین کە: “ئاخۆ مرۆڤ بێ‌فرمان لەدایک بووە؟”. وڵامی ئاگامبین بەم پرسیارە، “بەڵێ”یە و، دەستەواژەیەک کە بۆ ئەم بابەتە بەکار دەبا “ئینۆپڕۆستیا” بە واتای بێ‌فرمانییە.

لە ڕوانگەی ئاگامبێنەوە مەترسیی گەورە کە کۆمەڵەی هۆمۆساکێر و هەموو کتێبەکانی بە بۆنەی ئەوەوە نووسیوe، ئەمەیە کە ئاکامێک و کۆتاییەک بۆ جیهان ببینییەوە و مرۆڤایەتی چ وەک تاک و چ وەک کۆمەڵ پێویست بە جیبەجێکردنی ئەرکێکی تایبەت بزانین. سەرەڕای ئەوەش، هۆگرێتی هایدێگەر بەم بیر و تێڕاونینە کە هەر چاخێکی مێژوویی ئەرکێکی تایبەتی هەیە، بۆ ئاگامبێن پیشاندەری سنوورداربوونی فەلسەفەی مامۆستاکەی بوو. شیکاری هایدێگەر لە “دازاین”، لە کتێبی “بوون و کات“(١٩٢٧)، دەستی پێکرد و لە درێژایی نیوەی دووەمی کۆتایی تەمەنی ناتەواو ما. بەپێی شرۆڤەی ئاگامبێن لە پەرتووکی “بەکارهێنانی جەستە”دا، شتێک کە دەبووە هۆکاری ئەوە کە ئەم پرس و کێشانە ئاڵۆزتر بێت ئەوە بوو کە چەمکی دازاینی هایدێگەر هەڵگری ئاوەها ئەرکێک بوو، سەرەڕای ئەوەش هایدێگەر زەمانێک لەگەڵ ناسیۆناڵ سوسیالیزم هاوتەبا بوو. لە ڕوانگەی ئاگامبێنەوە مرۆڤ هیچ جۆرە ئەرکێکی  هەزارەیی [ئاماژەیەکە بە بەڵگەنامەی گەشەی ئابووری بە ناوی بەرنامەی گەشەسەندنی هەزارە لەلایەن ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان] یان ڕزگارکەریی(مەسێح ئاسایی) بۆ ئەنجامدانی نییە، هیچ ئەرکێکی دیاریکراوی ئاسمانی نییە، هیچ فرمانیکی بۆ مەشق کردن نییە. چونکوو هیچ شتێک نییە کە مرۆڤایەتی دەبێ جێبەجێی بکات، هیچ ئەرکێکی تایبەت و تاک نییە کە دەبێ تەواو بکرێت یان دەبێ بە ئەنجام بگات، هیچ بورجێک بۆ لەژێر پێنانی ئاسمانەکان نییە یان یەکگرتنی خاسەکان، تا ڕێگە بدات ببین بەوەی کە ئێستا هەین. کەواتە بۆ ئاگامبێن گرنگ ئەوە نییە کە چەندە دوور بووینەتەوە یان ون بووین و چەندە لە ئاگری گەشاوەی وتاری پیرۆز و بیرۆکەی خاوێن و ئەزموونی درەوشاوە دوورین. ئەو چیرۆکیک دەڵێتەوە کە هیچ کار و فرمانێک کە دەبێ ئەنجام بدرێت، تێیدا نییە، هیچ کارێک کە دەبێ تەواو بکرێت، نییە و، هیچ شوێنێکی تاک و وشەی پیرۆز و ئاگرێکی تایبەتی نییە.

ئایینی مەسێحییەت، کات وەک هێڵێک و نووکەکەی وەک تیرێک دەبینێتەوە. خاڵی بەیەکگەیشتنی هەڵگرەی مێژوویی(the vector of history) لەگەڵ هەڵگرەی هەتاهەتایی( eternity)، ڕازی مەسیحییەت و بیرۆکەی ڕابەرێتییەکەیە. یەکێک لە کاریگەرییەکانی ئەم بیرۆکە چاوەڕوانی هەمیشەییە بۆ بارودۆخیک کە لە کۆتاییدا بە یەکڕیزیی و یەکگرتوویی دەگات. جیهان بە کۆتاییەکەی خۆی دەگات و لەو کاتەدا جیهان بە شێوەیەکی دیاریکراو بەڕێوەدەبرێت. ئەنجامێکی سەیر کە کۆمەڵەی هۆمۆساکێر هەبووی، بانگهێشتکردنی ئاگامبێن بۆ قسەکردن لە کڵێسای گشتی نۆتێردام لە پاریس(٢٠٠٩) بوو کە لەوێدا ڕێک خەختی لەسەر ئەم بابەتە کردەوە و، وتارێکی توندی لە کڵێسای دایک ” Mother” لەبارەی سامانی زەوی و کاتی گۆڕانکاری ئاراستە کرد. بایەخدانی زۆری ئاگامبین بە باس و دەقی مەسیحییەت و ڕزگارکەرانە کە لەو وتارە ڕوون بوو، ڕەگ و ڕیشەی بۆ ئەم پرسیارە هەڵناگەڕێتەوە کە چۆن دەکرێ بۆ زەوی و ژیان، خوا یان خواگەلێک بهێنیت، یان چۆن مەسیحێک(مەبەستی ڕزگارکەرە) بۆ بە کۆتایی گەیاندنی مێژوو بانگهێشت بکرێت و مرۆڤایەتی ڕزگار بکات. ئەگەر هیچ کارێک نەبێت کە ئێمە واتە کۆمەڵگا یان جۆرێکی تایبەت لە بوونەوەران، بیکەین، ئەوا ئەوکات چالاکییە فەلسەفی، سیاسی و هونەرییەکان ڕواڵەتێکی دیکە بە خۆیان دەگرن، و ڕۆشناییەکی نوێ دیار دەبێ کە تێیدا هەموو شتێک لە یەک ئاستدا پیرۆز یان ناپیرۆز دەبێت. ئاگامبێن لە چەند شوێندا ئاماژە بەم بانگەشەیەی جیاکۆمیتی (Giacometti’s claim) وەک بەڵگەهێنانەوە دەکات کە هیچکات کارێک تەواو نابێت و تەنیا وێڵ دەکرێت. ئەگەر ئاگامبێن ئێستا پڕۆژەی هۆمۆساکێری وێڵ کردووە، ئەم وێڵکردنە بە هەمان شێوەیە کە جیاکومێتی(نیگارکێش و پەیکەرتاشی سوێسی) بەرهەمەکانی وێڵ کردووە و ئەویش لە لووتکەی ماستەریدا.

 سەرچاوە:

http://bostonreview.net/books-ideas/de-la-durantaye-agamben