ڕەخنە لە کوێی موزیکی کوردیدایە؟

ئەم نووسینەی دەیخوێننەوە وەڵامی (توانا حەمە)ی ئیتنۆمیوزیکۆلۆجیستە بۆ پرسیارێکی تەوەری ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری ماڵپەڕی ژنەفتن.

گەرچی ڕەخنە و ڕەخنە لە خۆگرتن، بە بناغەی تەواوی کایە فەرهەنگییەکانی وەک: (هونەرەجوانەکان، ئەدەب، کولتوور، ڕامیاری ..ھتد) دادەنرێت، بەڵام دەتوانم بڵێم:

ئەم چەمک و گوتارە لەنێو کایەی موزیکی باشووری کوردستاندا، لە ئاستی نەبوون یاخود سەرەتاییدایە.

هەرچی ئەو کەسانەی کە هەندێک جار لەم بوارەدا وتار دەنووسن، بە هۆکاری نەخوێندەواری کایەی هونەری موزیک و تێنەگەیشتن لە گرنگی ئەم چەمکە، نووسەرەکە بۆ ماوەی چەند ساڵێک بە کۆمەڵێک گرفتدا گوزەر دەکات، کە نەک بابەتەکەی گفتوگۆیەکی لۆژیکی و ئەکادیمی دروستی لێناکەوێتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆکاری ناکۆکی تەنانەت پچڕانی پەیوەندییە هاوڕێیەتی و کۆمەڵایەتییەکان، لە نێوان ڕەخنەگر و ڕەخنە لێگیراوەکەدا.

هەر ئەم هۆکارەیە کە ئاستی نوسین و گفتوگۆی ئەکادیمی لەم بوارەدا نەهاتۆتە کایەوە و ڕۆڵی خۆی نەگێڕاوە. گەرچی چەمکی ئەکادیمی لە بواری موزیکدا زۆر دەبیسترێت، کە بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی بواری ئەکادیمی، ڕەخنەگرتن و گفتوگۆی ئەکادیمییە، کەچی تەنانەت لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا نەک کاری بۆ ناکرێ بەڵکو خوێندکارانی ڕەخنەگر سەرکوت دەکرێن، کە لە ڕاستیدا زانکۆکان جگە لەوەی دەبێت سەرچاوەکی گرنگی دروست بوونی مەعریفە، دیبەیتی ئەکادیمی، هەڵسەنگاندن و گوتاری ڕەخنەیی بن. لە باسکردنی بابەتی ڕەخنەدا هەڵسەنگاندنی ئەم بوارە بەر لە هەر کەس و جێییەک پێویستە ڕوو بکەیتە ناوەندە ئەکادیمییەکان چونکە زانکۆکان لەسەر ئەم چەمکە بنیاتنراون.

بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی گوتار و چەمکی ڕەخنە، ئەم نموونە گچکەیە دەخەینە ڕوو:

کاتێک لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا باسی دانەرە موزیکییە جیهانییەکان دەکرێت، هەمیشە ژیانی لاوەکی و نا هونەری دەبنە جێی سەرنج و گفتوگۆی دەربارە دەکرێت.

بە نموونە: گەر بە هەر موزسیانێکی دەرچووی پەیمانگا و زانکۆکان، کە هەڵگری نازناوی ئەکادیمی و زانستین، ناوی (بێتهۆڤن) بهێنە دەزانن چۆن ژیانی کردووە، لە قۆناغێکی تەمەنیدا (نابیستە بووە، هاوسەرگیری نەکردووە)، بەڵام بڵێی ئەو ڕەخنانەی لە سەردەمی خۆی و دوایی کە لێیی گێراون چی بوون؟

بێگومان یان بێدەنگ یان وەڵامێکی کرچ و کاڵت دەست دەکەوێ. یاخود گەر بڵیی (ڤاگنەر) وەک دیارترین موزیکدانەرانی کۆتایی سەردەمی ڕۆمانتیک، کە ژیان و بەشێک لە کارەکانی بە زۆرینەی کەسانی ئەم ناوەندانە ئاشنایانە، بەڵام ڕەخنەکان دەربارەی ڤاگنەریزم و کێشەکانی لەگەل فەیلەسوف و موزسیانێکی وەک (نیچە) چییە؟ ئایا ئەو چوار پەرتوکە ڕەخنەییە توندە چین، کە نیچە دەربارەی ڤاگنەر نووسیوێتی؟ بە دەگمەن کەسانێکی موزسیان زانیاریان دەربارەی هەیە. جگە لەوە کە کاتێک پەرتوکەکانی نیچە بە ناوی:

کەیسی ڤاگنەر -( The Case of Wagner) لە ساڵی ١٨٨٨دا نیچە نوسیویەتی دەگەیتە کۆتا خاڵی ژێر سفر و بێ ئومێدی، کە بتەوێ تازەکی دەربارەی چەمکی ڕەخنە لە هونەری موزیکی کوردیدا بدوێی. بە نموونە:

(نیچە) لەم کتێبەیدا دەربارەی گەورە موزسیانی ئەڵمانی (ڤاگنەر) دەڵێت:

“ڤاگنەر هونەرمه ندى ئاستنزم (#کیچ)، ئەمه ئەوە گوزارشتە تەواوەکەیە. لێرەوە ئیدی گاڵتە و گەپەكان كوتاييان دێت؟ نەخێر. بەڵێ من ناتوانم ھەر وەک شایەتێکی بێلایەن لێرەدا بوەستم، لە کاتێکدا دەبينم ئەم ئاستنزمه دێت، كار بۆ وێرانکردنی تەندروستيمان دەکات، لە سەرووى ئەمەشەوە ، كار بۆ وێرانکردنی موزيك دەكات! ئەرێ بە ڕاستی ڤاگنەر لە بنەچەدا مرۆڤە؟

ناکرێت ھەر خۆی جۆرێک لە نەخۆشی بێت؟ چونکە کارێکی وا دەکات دەست بۆ ھەر شتێک ببات، نەخۆشی دەخات! ڤاگنەر موزیکی دووچاری نەخۆشییەکی کوشندە کردووە”[1].

لێرەدا ئەم زمانە توندەی نیچە لە ساڵی ١٨٨٨دا، بکەینە یەکێک لە نموونەکانی شێوازی رەخنەگرتنی هونەر چی ڕوودەدا؟ بە دڵنیایەوە زۆر خراپ دەکەوێتەوە.

لێرەدا دەگەیتە دەرئەنجامی ئەوەی ئاستی مەعریفی و خوێندەواری پێوەری سەرەکییە بۆ تێگەیشتن لە گرنگی وتاری ڕەخنەیی، گەر سەرەتا ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری موزسیانی کورد بەرز نەکرێتەوە، ئەم گوتارە لە دوو قۆناغدا دەمێنێتەوە.

یەکەم: پێداهەڵدان و موجامەلەی بەرژەوەندی خوازانەی نێوان ئەو کەسانەی کە بە کاری هونەری موزیکەوە سەرقاڵن.

دووەم: ڕەخنەگرتن و بە هەر شێوازێکی (نەرم، توند) لەلایەن ڕەخنە لێگیراوەوە و نەک گفتوگۆ دروست ناکات، بەڵکو کێشەی کۆمەڵایەتی و پچرانی پەیوەندییەکانی لێدەکەوێتەوە.

دەرئەنجام دەگەینە ئەو خاڵەی کە هێشتا چەمکی ڕەخنە و گرنگی بواری ڕەخنەی بۆ بەرەپێشبردنی کایەی موزیکی لەنێوان بوون و سەرەتایدایە، هەر بۆیە ئاستی هونەری و پێگەی هونەری موزیکی کوردی لە ئێستادا لە ئاستی خۆدووبارەکردنەوە و هونەری کۆپی کردنی نەتەوەکانی دراوسێدایە، بە ڕادەیەک بە دەگمەن کارێک دەبیستی کە لەنێو پێوەرە هونەرییەکاندا جێیی خۆی بکاتەوە.


[1] کەیسی ڤاگنەر، نیچە، و. لە عەرەبییەوە: رێبین رەسول، ھەولێر، ٢٠١٨.