پێنج کورتە چیرۆکی دانیل خارمس

١

شتێ لەبارەی پوشکینەوە

قسەکردن لەبارەی “پوشکین”ەوە بۆ کەسێک کە هیچ شتێکی لەبارەوە نازانێ بە ڕاستی ئەستمە. پوشکین شاعیرێکی مەزن بوو. ناپلیۆن هێندەی پوشکین مەزن نییە. بیسمارک لە ئاست پوشکیندا مرۆڤێکی خۆڕی و تۆڕییە. ئیلکساندەری یەکەم، دووەم و سێیەمیش بە بەراورد بە پوشکین مناڵێک زیاتر نین. لە ڕاستیدا هەموو خەڵکی بە بەراورد بە پوشکین مناڵن، جگە لە گۆگۆڵ. بە بەراورد بە ئەو، پوشکین مناڵێکە.

لەبەر ئەمە لە بری نووسین لەبارەی پوشکینەوە، پێم باشترە لەبارەی گۆگۆڵەوە بنووسم.

لە هەمان کاتدا، گۆگۆڵ هێندە مەزنە کە ناکرێ وشەیەک لەبارەیەوە بنووسرێ، بۆیە لەبارەی پوشکینەوە دەنووسم.

لە لایەکی دیکەوە، نووسین لەبارەی پوشکینەوە پاش قسەکردن لەسەر گۆگۆڵ، شوورەییە. بەڵام ناکرێ هەر شتێ لەبارەی گۆگۆڵەوە بنووسرێ. بۆیە پێم باشترە ببڕای ببڕ هیچ شتێ لەبارەی کەسەوە نەنووسم.

***

٢

حکایەتی پەرییان

سەردەمانێک پیاوێک هەبوو بە ناوی سیمیۆنۆف. ڕۆژێک سیمیۆنۆف بۆ پیاسەکردن ڕۆیشتە دەرەوە و دەسڕەکەی بزر کرد. سیمیۆنۆف بە دوای دەسڕەکەیدا دەگەڕا کە کڵاوەکەی بزر کرد. دەستی کرد بە گەڕان بە دوای کڵاوەکەیدا کە چاکەتەکەی بزر کرد. لە کاتێکدا کە بە دوای چاکەتەکەیدا دەگەڕا پوتینەکانی بزر کرد.

سیمیۆنۆف وتی: «خوایە گیان، ئاوا بڕوا هەموو شتێکم لە دەست دەدەم، باشترە بگەڕێمەوە ماڵەوە.»

لە ڕێی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، سیمیۆنۆف بزر بوو. سیمیۆنۆف وتی: «وای، نا. باشترە کەمێ دانیشم.»

سیمیۆنۆف لەسەر بەردێک دانیشت و خەوی لێکەوت.

***

٣

لەسێدارەدانی بێ دادگایی کردن

پێترۆف سواری ئەسپ دەبێ، ڕوو لە حەشامات، لەبارەی ئەوەی کە چی ڕوودەدا ئەگەر ئەوان لە بری پارک، هەوربڕێکی ئەمریکی دروست بکەن، گوتار دەدا. حەشامات گوێ دەگرێ و وادیارە کە لەگەڵیدا هاوڕایە. پێترۆف لە دەفتەرەکەیدا شتێ دەنووسێ. پیاوێک بە بەژنێکی مامناوەندەوە لەنێوان حەشامات دێتە دەرەوە و لە پێترۆف دەپرسێ کە لە دەفتەرەکەیدا چ شتێکی نووسی. پێترۆف وەڵام دەداتەوە کە ئەمە تەنیا پێوەندی بە خۆیەوە هەیە. پیاوە بەژن مامناوەندەکە پێداگری دەکا. خەڵک دەست دەکەن بە قسەکردن لەگەڵ یەکتری و کێشمەکێش دەست پێ دەکات. حەشامات لایەنی پیاوە بەژن مامناوەندەکە دەگرێت و پێترۆف بۆ ڕزگارکردنی گیانی خۆی، ئەسپەکە تاو دەدات و لە پێچەڵ پێچی جادەکە بزر دەبێ. حەشاماتی تۆقیو لەوەی کە قوربانییەکی دیکەی نییە، پیاوە بەژن مامناوەندەکە دەگرێ و سەری لە لەشی جیا دەکاتەوە. سەری بڕدراو تەپاوەتل بەرەو خوارەوەی شەقامەکە خلۆر دەبێتەوە و لە سەرقاپی زێرابێکدا گیر دەکا. حەشامات، کە کەفوکۆڵی دامرکاوەتەوە، پەرتەوازە دەبێ.

***

٤

دەفتەری شینی ژمارە ١٠

پیاوێکی مووسوور هەبوو کە نە چاوی هەبوو و نە گوێ. تەنانەت مووشی نەبوو، کەواتە بێ هیچ هۆیەک ناوی لێنرابوو مووسوور.

نەیدەتوانی قسە بکات، چونکە دەمی نەبوو. تەنانەت لووتیشی نەبوو. ئەو نە پێی هەبوو و نە دەست. نە سکی هەبوو، نە کەمەر، نە ستوونی فەقەڕات و تەنانەت دڵ و هەناویش. ئەسڵەن هیچ شتێ لەوێ نەبوو! بەم پێیە ئیدی دیار نییە لەبارەی چ کەسێکەوە قسە دەکەین.

لە ڕاستیدا باشترە لەمە زیاتر لەبارەیەوە قسە نەکەین.

***

٥

پێک گەیشتن

ڕۆژێک پیاوێک لە ڕێگەی ڕۆیشتنی بۆ سەر کار، لەگەڵ پیاوێکی دیکە پێک گەیشتن کە نانێکی پۆڵەندی کڕی بوو و دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە.

کەم یان زیاد، هەموو چیرۆکەکە هەر ئەمە بوو.