سێ کورتە چیرۆک

١

سیمفۆنی ژمارە ٢

 

ئانتوان میخایلۆڤیچ تفی کرد و وتی ئاه.

دووبارە تفی کرد و وتی ئاه.

دیسانەوە تفی کرد و وتی ئاه.

پاشانیش ڕۆیشت… رۆیشت؟ با بڕوا بەتوون! کێ وتویەتی ئەو پاڵەوانی چیرۆکەکەی منە؟ لێگەڕێن لە جیاتی ئەو لەبارەی “ئیلنا باولۆڤیچ”ەوە بۆتان بنووسم. ئەو لە ساڵی ١٨٩٣ لە قوستەنتەنیە لەدایک بوو. کاتێ هێشتا منداڵ بوو لەگەڵ بابودایکی کۆچی کرد بۆ سەن پێتەرسبۆرگ. لە خوێندگایەکی ئەڵمانییەکان لە شەقامی کریچیک درێژەی بە خوێندنەکەی دا. پاشان لە فرؤشگایەک دەستی بە کار کرد. پاشان چەند کارێکی تری کرد. پاشانیش کە شۆڕش کرا، کۆچی کرد بۆ دەرەوەی وڵات و ئێ… پێم وایە باشترە ئەویش بڕوا بەتوون.

ئەسڵەن لێگەڕێن لەبارەی “ئانا ئیگناتیونا”ەوە بۆتان بنووسم. هەڵبەتە نووسین لەبارەی ئانا ئیگناتیوناوە هیچ کات کارێکی ئاسان نییە. بۆ؟ چونکە هەوەڵ، من هیچی لەبارەوە نازانم و دووهەم، هەر ئێستا لەسەر کورسییەکەم کەوتمە خوارەوە و لەبیرم چوو کە ئەسڵەن دەمویست لەبارەی کێوە قسە بکەم. کەواتە لێگەڕێن لەبارەی خۆمەوە قسە بکەم. من بەژن بەرز، زۆر وریا و زیرەک، قۆز و کەشخەم. شەراب ناخۆمەوە و لەسەر ئەسپەکان گرەو ناکەم، بەڵام ژنم زۆر خۆشدەوێن، ژنەکانیش حەز دەکەن لەگەڵیاندا بچمە دەرەوە. سەرافیما ئیزمایلونا چەند جارێک داوەتی ماڵەکەی کردووم و زینایدا یاکولۆنا چەند جارێک بە ڕاشکاوی ئاماژەی بەوە کرد کە بە بینینی من خوشحاڵ دەبێ، بەڵام من بۆخۆم گیرۆدەی پێوەندییەکی سۆزداری ئەویندارانەی تایبەت لەگەڵ ماریانا پترۆڤنا بووم کە حەز دەکەم لەبارەیەوە قسەتان بۆ بکەم. بەسەرهاتێکی ئاسایی، بەڵام زۆر سەرنجڕاکێش. باوەڕ دەکەن کە ماریانا پترۆڤنا لەبەر ئەوینی من بە تەواوی کەچەڵ بوو؟  کەللەی بووە کتومت لاقوونی کۆرپەکی چەند مانگە. چۆن ئەمە ڕوویدا؟ زۆر سادە. جارێک کە چووم بۆ سەردانی. جا بڵێن چی! هەموو قژەکانی بێ هۆ هەڵوەرین. ئەمە هەموو چیرۆکەکە بوو.

***

٢

چیرۆکێک

 

پیاوێکی بەژن کورت وتی: “ئامادەم هەموو کارێک بکەم تا بەس کەمێک بەژنم بەرزتر ببێت”.

ئەمەی کە وت، ژنە جادووگەرێکی بینی کە لە بەرانبەریدا ڕاوەستاوە.

جادووگەرەکە وتی: “چیت دەوێ؟”

بەڵام پیاوە بەژن کورتەکە هێندە تۆقی بوو کە نەیدەتوانی قسە بکات.

جادووگەرەکە وتی: “دەی؟”

پیاوە بەژن کورتەکە هەر لەوێ ڕاوەستا بوو و هیچی نەدەوت. جادووگەرەکە بزر بوو.

پاشان پیاوە بەژن کورتەکە دەستی کرد بە گریان و جووینی نینۆکەکانی. سەرەتا هەموو نینۆکەکانی دەستەکانی جوی و پاشانیش نینۆکەکانی پێیەکانی،

——

خوێنەر! دووبارە بیر لەم چیرۆکە بکەرەوە، ئەو کات بێزار دەبی.

***

٣

سۆنات

 

ئەمڕۆ ڕووداوێکی سەیر قەوما: لەپڕێکا لەبیرم چووەوە کە کاتی ژماردن، کامیان یەکەمجار دەژمێردرێن:

حەوت یان هەشت؟

چوومە لای دراوسێکانم و لەوانم پرسی.

 تێگەیشتم کە ئەوانیش ڕیزبەندی ژماردنی حەوت و هەشتیان لەبیر چووەتەوە. هەمووان لەیادیان بوو کە:

١-٢-٣-٤-٥-٦

ئێ دوایی چی؟ هەمووان لەپڕێکا لەبیریان چوو بوویەوە کە پاش شەش، هەشت دێت یان حەوت.

هەموومان هاوڕا بووین کە تەنیا کەسێک کە لەم بارەیەوە قسەی کۆتایی بکات، بەقاڵی سەر چوارڕێیانی زامنسکیا و باسینایایە. داوام لە دەخیلەدارەکە کرد کە کێشەکەمان چارەسەر بکات. دەخیلەدارەکە لە کاتێکدا کە پشتی گوێی دەخوراند وەڵامی دایەوە:

-ئەگەر بۆچوونی منتان بوێ، حەوت پاش هەشتە، هەڵبەتە گەر هەشت پاش حەوت نەبێ.

سپاسمان کرد و بە خوشحاڵییەوە لە دوکانەکە هاتینە دەرەوە. بەڵام کە کەمێک بیرمان لە بۆچوونەکەی کردەوە، تێگەیشتین کە بۆچوونەکەی ئەویش هیچ یارمەتییەکمان نادات کە تێبگەین حەوت پیش هەشتە یان پاش.

هەنووکە دەبوایە چیمان بکردایە؟

چووینە باخچەیەک و درەختەکانمان ژمارد. بەڵام کاتێ شەش درەختمان دەژمارد، دیسانەوە جیاوازی بیروڕا دەستی پێدەکردەوە. هەندێک لەو بڕوایەدا بوون درەختی دوایی ژمارە حەوتە و هەندێکی تر لەو بڕوایەدا بوون درەختی دوایی ژمارە هەشتە.

باسێکی توند و درێژ هەڵایسا. خوشبەختانە منداڵێک لەسەر جۆلانەیەک کەوتە خوارەوە و چەناگەی شکا و ئێمەش کۆتاییمان بە باسەکەمان هێنا، تا خەریکی بابەتی گرنگتری ژیانمان بین.

ئیتر هەموومان گەڕاینەوە بۆ ماڵەکانمان.