لەیاد دەکرێیی، وەک ئەوەی هەرگیز نەبووە،
لەیاد دەکرێیی،
وەک لەناوچوونی باڵندەیەک،
وەک کڵێسەیەکی چؤڵ و هۆڵ
لەیاد دەکرێیی
وەک ئەوینێکی ڕاگوزەر،
وەک گوڵێک لە شەودا… لەیاد دەکرێیت
****
من لەو ڕێیەم… کە هەنگاوەکانی کەسێک لەوێ، لە پێش هەنگاوەکانمەوەن
کەسێک کە خەونەکانی درێژ دەکاتەوە تا سەر خەونەکانم، لەوێ کەسێک
بە سرووشتی خۆی قسە بڵاو دەکاتەوە، تاکو بچێتە ناو چیرۆکەکە
یان بۆ ئەوانەی ڕۆشن بکاتەوە کە بە دوایدا دێن،
بەرهەمێکی لیریکی و… پێشبینییەک
****
لەبیر دەکرێیی
وەک کەسێک، یان دەقێک کە هەرگیز نەبووە،
لەبیر دەکرێیت.
****
بە ڕێنمایی بینایی بە ڕێدا دەڕۆم، لەوانەیە
ژیاننامەیەک بە چیرۆکەکە ببەخشم، چون وشەکان
فریوم دەدەن و فریویان دەدەم، من شێوەی ئەوانم و
ئەوانیش دەرکەوتنی ڕەهان، بەڵام ئەوە دەڵێن، کە من دەیڵێم
لە پێشمەوەیە بەیانییەکی ڕابردوو، من پاشای دەنگم
جگە لە پەراوێزەکان، هیچ عەرشێکی ترم نییە، ڕێگا،
هەمان ڕێگایە، ڕەنگە سەرەتاییەکان بیریان چووبێت وەسفی
شتێک بکەن، کە من تیایدا یادەوەریی و سۆزێک دەبزوێنم.
***
لەبیر دەکرێیی، وەک ئەوەی هەرگیز
هەواڵێک و پاشماوەیەک نەبووە… لەبیر دەکرێیت.
****
من لەو ڕێیەم، لەوێ کەسێک هەنگاو بەسەر هەنگاوەکانی مندا،
دەنێت و دەڕوات، یەکێک کە بە شوێنمەوەیە، بەرەو لای خەونەکانم.
یەکێک کە شیعر بۆ ستایشی باخچەکانی مەنفا بڵێ،
لەبەردەم ماڵەوە، ئازادە لە پەرستنی دوێنێ،
ئازادە لە کینایەکانم و لە زمانی من، هەر بۆیە گەواهی دەدەم،
کە من زیندوو و
ئازادم
کاتێ کە لەبیر دەکرێم!
سەرچاوە: دیوانی: لاتعتذر عما فعلت، محمود درويش، منشورات رياض الريس، ط٢، سنة ٢٠٠٦