به‌رپرسیارێتی له به‌رامبه‌ر ئه‌ویتردا
لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ 'ئێمانوێل لێڤیناس'دا
ئه‌م گفتوگۆیه، كه له‌ژێر ناونیشانی «به‌رپرسیارێتی له به‌رامبه‌ر ئه‌ویتردا» ڕێكخراوه، به‌شی هه‌شته‌می كتێبی «ئه‌خلاق و له‌كۆتابه‌ده‌ری»یه، كتێبێك كه پێكهاتووه له ده گفتوگۆی فلیپ نیمۆ له‌گه‌ڵ لێڤیناسدا. له‌م به‌شه‌دا لێڤیناس قسه له‌سه‌ر چه‌مكگه‌لێكی تایبه‌تی وه‌ك ڕوو/سیما، به‌رپرسیارێتی، ئه‌ویتر، سوبێكتیڤیته و هتد ده‌كات.
ئێوه له دواهه‌مین به‌رهه‌می گرنگی خۆتاندا، «له سه‌رووی بوونه‌وه یا ئه‌ودیوی جه‌وهه‌ر»، ده‌رباره‌ی به‌رپرسیارێتیی ئه‌خلاقی قسه ده‌كه‌ن. هۆسرڵ پێشتر قسه‌ی له‌سه‌ر به‌رپرسیارێتی كردبوو، به‌ڵام یه‌ك به‌رپرسیارێتی له به‌رامبه‌ر هه‌قیقه‌تدا؛ هایدێگه‌ریش ده‌رباره‌ی ڕه‌سه‌نایه‌تی قسه‌ی كردبوو؛ به نه‌وبه‌تی خۆتان، پێم خۆشه بزانم تێگه‌یشتن و چه‌مكسازیی ئێوه بۆ به‌رپرسیارێتی چییه؟
من له‌م كتێبه‌دا وه‌ك بونیادی جه‌وهه‌ریی، یه‌كه‌مین و بنه‌ڕه‌تیی سوبێكتیڤیته[1] قسه له‌سه‌ر به‌رپرسیارێتی ده‌كه‌م. چون من به‌پێی زاراوه و كاتیگۆرییه ئه‌خلاقییه‌كان سوبێكتیڤیته وه‌سف ناكه‌م. لێره‌دا، ئه‌خلاق، به گرنگییه‌ك بۆ یه‌ك بنه‌ڕه‌تی ئۆنتۆلۆجیی له پێشتر هه‌ژمار ناكرێت؛ خودی چه‌قه‌هێزی سوبێكتیڤ له ئه‌خلاقدا وه‌ك به‌رپرسیارێتی ده‌رك ده‌كرێت و ده‌چنرێت.
له ڕوانگه‌ی مندا، به‌رپرسیارێتی واته به‌رپرسیارێتی له به‌رامبه‌ر ئه‌ویتردا و، دواجار واته به‌رپرسیارێتی له به‌رامبه‌ر ئه‌و شته‌دا كه كرده‌ی من نییه، یا ته‌نانه‌ت له به‌رامبه‌ر ئه‌و شته‌دا كه بۆم گرنگ نییه؛ یا ئه‌و شته‌ی كه به وردیی بۆم گرنگه و، له بیچمی سیمادا و وه‌ك سیما ڕووبه‌ڕووی ده‌بمه‌وه.
به چ شێوه‌یه‌ك، پاش دۆزینه‌وه‌ی ئه‌ویتر له سیمای‌دا، مرۆڤ ئه‌ویتر وه‌ك كه‌سێك كه له به‌رامبه‌ریدا به‌رپرسیاره، ده‌دۆزێته‌وه؟
به ناساندنی سیما به شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی و نه‌ك ته‌نها به شێوه‌یه‌كی نه‌رێنی. گفتوگۆی پێشوومان به‌بیر ده‌هێننه‌وه: دیدار له‌گه‌ڵ سیمادا، یا با بڵێین بینینی سیما، په‌یوه‌ست نییه به پانتایی ئیدراكی په‌تی و ساده‌وه، به پانتایی مهبهستمهندی یا ئاگایی مهبهستكراو كه به‌ره‌و هاوده‌قیی [فۆرمی سوبێكتیڤ و واقیعییه‌تی ده‌ره‌كیدا] ده‌چێته پێشه‌وه. به شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی، ئێمه ده‌ڵێین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌ویتر نیگای من ده‌كات، كه‌واته من له به‌رامبه‌ر ئه‌ودا به‌رپرسیارم، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هیچ بهرپرسیارێتییهكم سه‌باره‌ت به ئه‌ویتر په‌سه‌ند نه‌كردبێت، به‌رپرسیارێتیی ئه‌و له ئه‌ستۆی منه. ئه‌مه به‌رپرسیارێتییه كه له‌و شته‌ی كه ئه‌نجامی ده‌ده‌م، سه‌رتر ده‌ڕوات [و سنووری كرده‌ی من تێپه‌ڕ ده‌كات]. ئاسایی، مرۆڤ له به‌رامبه‌ر ئه‌و شته‌دا كه خودی خۆی ئه‌نجامی ده‌دات به‌رپرسیاره. له سه‌رووی بوون یائهودیوی جه‌وهه‌ردا، من وتوومه كه به‌رپرسیارێتی له بنه‌ڕه‌تدا جۆرێك بۆ ئه‌ویتره[2][یا به‌رپرسیارێتییه له به‌رامبه‌ر ئه‌ویتردا]. ئه‌مه به‌و مانایه‌یه كه من له به‌رامبه‌ر خودی به‌رپرسیارێتیی ئه‌ودا به‌رپرسیارم.
چ به‌شێك له‌م به‌رپرسیارێتییه له به‌رامبه‌ر ئه‌ویتردا ده‌ستنیشانكه‌ری بونیادی سوبێكتیڤیتهیه یاخود، بونیادی سوبێكتیڤیته پێناسه ده‌كات؟
له ڕاستیدا به‌رپرسیارێتی ته‌نها یه‌كێك له سیفه‌ته‌كانی سوبێكتیڤیته نییه، وه‌ك بڵێی كه سوبێكتیڤیته، به‌ر له شكڵگیریی په‌یوه‌ندیی ئه‌خلاقی، له خۆیدا پێشوه‌خت بوونی هه‌بووه. سوبێكتیڤیته پرسێك نییه بۆ خۆی؛ به‌ڵكه سوبێكتیڤیتهش، به نه‌وبه‌تی خۆی، له سه‌ره‌تادا بۆ كه‌سێكی تره. له‌و كتێبه‌دا [سه‌رووی بوون یائهودیوی جه‌وهه‌ر]، نزیكێتیی ئه‌ویتر وه‌ك ئه‌م فاكته ده‌خرێته ڕوو كه ئه‌ویتر ته‌نها له لایه‌نی شوێنییه‌وه له من نزیك نییه و، یا چه‌شنی نزیكیی دایك و باوك له منداڵ، به‌ڵكه ئه‌ویتر له بنچینه‌دا و له خۆیدا به هه‌مان ڕێژه‌یه‌ك كه خۆم له به‌رامبه‌ر ئه‌ودا به به‌رپرسیار هه‌ست پێ ده‌كه‌م- به هه‌مان ڕێژه‌یه‌ك كه له به‌رامبه‌ر ئه‌ودا به‌رپرسیارم- به‌ره‌و من نزیك ده‌بێته‌وه. ئه‌مه بونیادێكه كه هیچ هاوشێوه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندیی مه‌به‌ستمه‌ند[3]دا نییه، په‌یوه‌ندییه‌ك كه له پانتایی مه‌عریفه‌دا ئێمه گرێ ده‌دات به ئۆبژه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه- ئه‌ویش به چاوپۆشین له گرنگیی ئه‌م ئۆبژه‌یه كه ده‌شێت یه‌ك مرۆڤ بێت. نزیكێتی هیچ كات ناگه‌ڕێته‌وه بۆ پله‌ی ئه‌م مهبهستمهندییه یا په‌یوه‌ندییه مه‌به‌ستمه‌نده؛ به دیاریكراویش هیچ كات تا ئاستی ئه‌م فاكته دانابه‌زێت كه ئه‌ویتر بۆ من زانراو و ناسراوه.
به ده‌ربڕینێكی تر، من ده‌توانم كه‌سێكی تر به ته‌واوه‌تی بناسم، یا ناسینێكی كامڵی له‌باره‌وه به ده‌ست بهێنم، به‌ڵام ئه‌م مه‌عریفه [و ناسینه] به خودی خود هه‌رگیز هاوتای جۆرێك نزیكێتی نابێت؟
نه‌خێر. گرێدران به ئه‌ویتره‌وه ته‌نها وه‌ك به‌رپرسیارێتی گرێ ده‌درێت و ده‌به‌سترێت، ئه‌ویش به چاوپۆشین له په‌سه‌ندكردن یا ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌رپرسیارێتییه، به چاوپۆشین له زانین یا نه‌زانینی ڕێگه‌ی په‌سه‌ندكردنی ئه‌م به‌رپرسیارێتییه، به چاوپۆشین له توانایی یا ناتوانایی ئه‌نجامدانی كارێكی به‌رهه‌ست و دیاریكراو بۆ ئه‌ویتر. گوتن: من لێره‌م[4]. ئه‌نجامدانی كارێك بۆ ئه‌ویتر. به‌خشین. به ده‌ربڕینێكی تر، مرۆڤبوون و به‌هره‌مه‌ند بوون له ڕۆحی مرۆیی. به‌رجه‌سته‌بوونی سوبێكتیڤیته‌ی مرۆیی گه‌ره‌نتیكه‌ری ڕۆحانییه‌ت[ ـی سوبێكتیڤیته‌ی مرۆییه] (بۆ من ڕوون نییه كه فریشته‌كان ده‌توانن چ شتێك به یه‌كتر ببه‌خشن یا به چ شێوه‌یه‌ك ده‌توانن یارمه‌تیی یه‌كتر بده‌ن.) دیا-كرۆنی[5] به‌ر له هه‌ر چه‌شنه دیالۆگێك: من په‌یوه‌ندیی نێوان مرۆڤه‌كان به جۆرێك شیكار ده‌كه‌م كه وه‌ك بڵێی، له نزیكێتیی له‌گه‌ڵ ئه‌ویتردا- ئه‌ودیوی ئه‌و وێنه‌یه‌ی كه من خۆم له تاكێكی تر دروستی ده‌كه‌م- ئه‌و شته‌ی كه من له پیشه‌یه‌كدا داده‌مه‌زرێنێت كه خزمه‌تكاری ئه‌و بم، سیمای ئه‌ویتر، و خه‌سڵه‌تی ده‌ربڕ [expressive]ـه له ئه‌ویتردا (و له‌م مانایه‌دا ته‌واوی جه‌سته‌ی مرۆڤ كه‌م تا زۆر ڕۆڵی سیما ده‌گێڕێت). من به ئه‌نقه‌ست ئه‌م شكڵگیرییه زیاده‌ڕه‌وه به‌كار ده‌خه‌م. سیما فه‌رمان به من ده‌دات و من له پیشه‌یه‌كدا داده‌مه‌زرێنێت. مانا یا ده‌لاله‌تی سیما هه‌مان فه‌رمانێكه كه به شێوه‌ی مه‌دلول[6] ده‌رده‌كه‌وێت. وردتر بڵێین، ئه‌گه‌ر سیما بۆ من دال[7] بێت بۆ [ده‌ركردنی] یه‌ك فه‌رمان، ئه‌وا ئه‌م پرسه جیاوازه له ڕێگه‌ی ده‌لاله‌تی هه‌ر نیشانه‌یه‌كی ئاسایی بۆ مه‌دلولی خۆی[8]؛ ئه‌م فرمانه هه‌مان خودی ماناداربوون یا دهلالهتگهریی سیمایه[9].
ئێوه هاوكات ده‌ڵێن: «فه‌رمان به من ده‌دات» و «من له پیشه‌یه‌كدا داده‌مه‌زرێنێت.» ئایا ئه‌مه جۆرێك لێكدژیی نییه؟
سیما به هه‌مان شێوازێك كه مرۆڤ به كه‌سێك كه له‌ژێر باڵاده‌ستیی ئه‌ودایه فه‌رمان ده‌دات، فه‌رمان به من ده‌دات، بۆ نموونه كاتێك كه ده‌ڵێین: «كه‌سێك كاری به تۆیه.» یا «كه‌سێك تكا له تۆ ده‌كات.»
من به وردیی تا ئه‌و سنووره ملكه‌چی ئه‌ویترم كه په‌یوه‌ندیی نێوان من و ئه‌ویتر په‌یوه‌ندییه‌كی هاوسه‌نگ نییه؛ و له‌م مانایهدایه كه من به شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی و بنچینه‌یی یه‌ك «سوژه»م.
به‌ڵام ئایا «ئه‌ویتر»یش له پێوه‌ند به منه‌وه به‌رپرسیاره؟
ڕه‌نگه، به‌ڵام ئه‌مه گرفت[10]ـی ئه‌وه. یه‌كێك له تێگه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ته‌واوێتی و له‌كۆتابه‌ده‌ری كه تا ئێستا هیچ قسه‌یه‌كمان له‌باره‌یه‌وه نه‌كردووه، ئه‌وه‌یه كه په‌یوه‌ندیی نێوان-سوبێكتیڤیته یه‌ك په‌یوه‌ندیی نا-هاوسه‌نگ [non-symmetrical]ـه. له‌م مانایه‌دا، من له به‌رامبه‌ر ئه‌ویتردا به‌بێ هیچ جۆره چاوه‌ڕوانییه‌ك بۆ په‌یوه‌ندیی هاوسه‌نگ یا دوولایه‌نه به‌رپرسیارم، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر [ئه‌م به‌رپرسیارێتییه] به نرخی ژیانم ته‌واو ببێت. دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندیی هاوسه‌نگ گرفتی ئه‌وه. من به وردیی تا ئه‌و سنووره ملكه‌چی ئه‌ویترم [the subject to Other] كه په‌یوه‌ندیی نێوان من و ئه‌ویتر په‌یوه‌ندییه‌كی هاوسه‌نگ نییه؛ و له‌م مانایهدایه كه من به شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی و بنچینه‌یی یه‌ك «سوژه»م. ئه‌مه منم كه هه‌موو شتێكم له‌سه‌ر شانه و ده‌بێت یارمه‌تیی هه‌مووان بده‌م. ئێوه ئه‌و وته ناسراوه‌ی دۆستۆیڤسكی [له ڕۆمانی برایانی كارامازۆڤ] ده‌زانن: «ئێمه هه‌موومان بۆ هه‌موو شتێك و بۆ هه‌موو كه‌س له به‌رامبه‌ر هه‌موواندا كه‌مته‌رخه‌مین، و من زیاتر له ئه‌وانیتر.[11]» ئه‌م وته‌یه به مانای دانپێدانان به‌م یا به‌و گوناهه‌دا كه من به ڕاستی كردوومه، یا دانپێدانان به ههڵهگهلێكدا كه ڕه‌نگبوو بیانكه‌م نییه؛ به‌ڵكه بنه‌مای ئه‌م وته‌یه ئه‌وه‌یه كه من مه‌ینه‌تیی یه‌ك به‌رپرسیارێتیی ته‌واوم له‌سه‌ر شانه؛ به‌رپرسیارێتییه‌ك كه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌وانیتر و ته‌واوی كرده‌وه‌ی ئه‌وانیتر، و ته‌نانه‌ت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی به‌رپرسیاربوونی ئه‌وانیتره. و «من» هه‌میشه یه‌ك پله زیاتر له ته‌واوی مرۆڤه‌كان و ئه‌وانیتر به‌رپرسیار و وهڵامدهرهوهم.
ئه‌مه به‌و مانایه‌یه كه ئه‌گه‌ر ئه‌وانیتر به‌و شته‌ی كه ده‌بێت كاری پێ بكه‌ن، كار نه‌كه‌ن، كه‌مته‌رخه‌مییه‌كه‌ی له ئه‌ستۆی منه؟
پێشتر له شوێنێكی تردا وتوومه- و هێنده‌ش پێم خۆش نییه كه ئه‌م خاڵه به‌بیر بهێنمه‌وه، چون ده‌بێت به تێبینیگه‌لێكی تر كامڵ بكرێت- كه من له به‌رامبه‌ر ئه‌و سته‌مه‌دا كه لێم ده‌كرێت به‌رپرسیارم. به‌ڵام ته‌نها من! «خزمانی نزیك»ـی من یا «خه‌ڵكی من» پێشوه‌خت ئه‌وانیترن و من، بۆ ئه‌وان، خوازیاری دادپه‌روه‌ری و داواكاری جێبه‌جێكردنی هه‌قم.
ئێوه تا ئه‌م سنووره ده‌چنه پێش!
به‌ڵێ، چون من ته‌نانه‌ت له به‌رامبه‌ر به‌رپرسیاربوونی ئه‌ویتریشدا به‌رپرسیارم. ئه‌مانه كۆمه‌لێك فۆرمیوله و ده‌سته‌واژه‌ی زیاده‌ڕه‌ون كه نابێت جیا بكرێنه‌وه له زه‌مینه و به‌ستێنی خۆیان. له هه‌لومه‌رجی تایبه‌ت و به‌رهه‌ستدا، زۆرێك له تێبینییهكانی تر ده‌خرێنه ڕوو و به‌شداربوونی ئه‌م تێبینییانه ده‌بێته هۆكار تا ته‌نانه‌ت له باره‌ی منیشه‌وه داوای به‌دیهاتنی دادپه‌روه‌ری بكرێت. له پڕاكتیكدا، یاساكان و ڕێوشوێنه‌كان هه‌ندێك له پێشهات و ئه‌نجامه‌كان ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه. به‌ڵام دادپه‌روه‌ری ته‌نها له حاڵه‌تێكدا مانای هه‌یه كه ڕۆحی بێ-مه‌به‌ستی [dis-inter-estedness] بپارێزێت، ڕۆحێك كه ئایدیای به‌رپرسیارێتیی مرۆڤ له به‌رامبه‌ر مرۆڤه‌كانی تردا ده‌بووژێنێته‌وه. «من» له بنه‌ڕه‌ته‌وه خۆم له خه‌سڵه‌تی «یه‌كه‌م كه‌س»بوونی خۆم جیا ناكه‌مه‌وه؛ «من» مه‌ینه‌تیی جیهان به كۆڵ ڕاده‌كێشێت. سوبێكتیڤیته له زه‌مینه‌ی هه‌مان جووڵه‌یه‌كدا خۆی درووست ده‌كات كه له ڕێگه‌یه‌وه به‌رپرسیارێتی له به‌رامبه‌ر ئه‌ویتردا ده‌گوازرێته‌وه بۆ ئه‌و، به‌م شێوه‌یه سوبێكیتیڤیته تا سنووری جێگرتنه‌وه بۆ ئه‌ویتر ده‌چێته پێش. سوبێكتیڤیته ملكه‌چ ده‌كات بۆ دۆخ- یا نادۆخ[12]-ـی بارمته‌بوون. سوبێكتیڤیته له سنوری خۆیدا له سه‌ره‌تادا بارمته‌یه؛ سوبێكتیڤیته تا سنووری كه‌فاره‌ت دانه‌وه بۆ ئه‌وانیتر وه‌ڵامده‌ره‌وه‌یه.
به‌رپرسیارێتی ئه‌و شته‌یه كه به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ له ئه‌ستۆی منه، شتێك كه من، له لایه‌نی مرۆییه‌وه، ناتوانم ڕه‌تی بكه‌مه‌وه.
ئه‌م چهمكسازییه یۆتۆپی، و له دیدگای «من»دا، نامرۆییه، ده‌شێت ببێته هۆكاری تووڕه‌یی و ڕسوایی. به‌ڵام مرۆڤایه‌تیی مرۆڤ- ژیانی ڕاسته‌قینه- پرسێكی غایبه. حضوری مرۆڤایه‌تی له پانتایی بوونی ئۆبێكتیڤ و مێژوویی‌دا، خودی بنهگیربوونی پرسی سوبێكتیڤ و چالاكیی ڕۆحیی[13] مرۆڤ له دۆخی چاودێریی یا هۆشیارییه سه‌ره‌تاییه‌كه‌یدا، هاوتای هه‌مان بوونێكه كه دۆخی بوون یا بوونی خۆی وێران ده‌كات: [ئه‌مه واته] بێ-مه‌به‌ستی [14][dis-inter-estedness][یاخود له-بوون-ڕزگاربوون]. مه‌به‌ست له ناونیشانی كتێبه‌كه‌ی منیش هه‌ر ئه‌مه‌یه: سه‌رووی بوون. دۆخی بوونناسانه خۆی وێران ده‌كات، یاخود له دۆخی یا له نا-دۆخی مرۆیی‌دا وێران ده‌بێت. مرۆڤبوون واته ژیانكردن به شێوه‌یه‌ك كه وه‌ك بڵێی مرۆڤ بوونه‌وه‌رێك نییه له نێوان بوونه‌وه‌ره‌كاندا. وه‌ك بڵێی كه، كاتیگۆرییه‌كانی بوون، له ڕێگه‌ی پانتایی ڕۆحانییه‌تی مرۆڤه‌وه، ده‌گۆڕدرێن بۆ شتێك «له سه‌رووی بوون»ـه‌وه یا قڵپ ده‌بنه‌وه بۆ ناو یه‌ك «ئه‌ودیوی بوون». به‌رهه‌می ئه‌م جۆره تێڕامانه ته‌نها ده‌ستگه‌یشتن نییه به بوونێكی سه‌رووی بوونی پێشین؛ بوونی سه‌رووی بوونی پێشین هێشتا جۆرێك بوونه. هه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه كه «سه‌رووی بوون»، به‌ده‌ره له‌و فرمانه‌ی كه بتوانێت ڕووداوی نائارامی و په‌شێوییه‌كه‌ی[15]، بێ-مهبهستبوونهكهی- یا ڕزگاربوون و هه‌ڵهاتنی له‌م بوونه- و خستنه-ژێر-پرسیاری [putting-into-question] ئه‌م بوونه ده‌ستنیشان بكات.
ئه‌مه «من»م كه پشتیوانی له ئه‌ویتر ده‌كه‌م و له به‌رامبه‌ر ئه‌ودا به‌رپرسیارم. به‌م شێوه‌یه ڕوونه كه مافی یه‌كه‌مین له‌دایكبوونی من خۆی له بیچمی سوژه‌ی مرۆیی‌دا ئاشكرا ده‌كات و ده‌رده‌خات[16]، و ئه‌م پرسه له هه‌مان كاتدا ده‌ربڕی جۆرێك ملپێكهچكردن [subjection]ـی ته‌واوه. به‌رپرسیارێتیی من نه‌گوازراوه‌یه، هیچ كه‌س ناتوانێت شوێنی من بگرێته‌وه. له ڕاستیدا، به زه‌حمه‌ت ده‌توانرێت بگوترێت كه شوناسی مرۆیی «من» له به‌رپرسیارێتییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، واته له دانان[position] یا له دابڕینی [deposition] «من»ـی باڵاده‌ست له پانتایی خودئاگاییدا ده‌ست پێ ده‌كات، دابڕینێك كه به وردیی هاوتای به‌رپرسیارێتییه له به‌رامبه‌ر ئه‌ویتردا. به‌رپرسیارێتی ئه‌و شته‌یه كه به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ له ئه‌ستۆی منه، شتێك كه من، له لایه‌نی مرۆییه‌وه، ناتوانم ڕه‌تی بكه‌مه‌وه. ئه‌م ئه‌ركه یا به‌رپرسیارێتییه ده‌ربڕی شه‌ره‌ف و سه‌ربه‌رزیی بوونه‌وه‌رێكی تاقانه‌یه. من ته‌نها به‌م نرخه منم، ئه‌ویش منێكی شوێنپڕنهكراو[17]ـه كه به‌رپرسیارم[18]. من ده‌توانم ببمه شوێنگره‌وه‌ی هه‌موو كه‌سێك، به‌ڵام هیچ كه‌سێك ناتوانێت خۆی بكاته شوێنگره‌وه‌ی من[19]. ئه‌مه هه‌مان شوناسی جیانه‌كراوه‌ی منه وه‌ك یه‌ك سوژه. به وردیی له‌م مانایهدایه كه دۆستۆیڤسكی ده‌ڵێت: «ئێمه هه‌موومان بۆ هه‌موو شتێك و هه‌مووكه‌س له به‌رامبه‌ر هه‌موواندا به‌رپرسیارین، و من زیاتر له ئه‌وانیتر.»
پەڕاوێزەکان:
[1]. subjectivity
[2]. For the Other
[3]. Intentional realation
[4]. لێڤیناس «من لێره‌مme voice-»، له كتێبی موقهدهسـهوه ده‌هێنێت: كتاب مقدس، سفری په‌یدابوون، ده‌روازه‌ی ٢٢، دێڕی ١، ٧، ١١، و كتێبی ئه‌شعیا، ده‌روازه‌ی ٦، دێڕی ٨. له كتێبی موقه‌ده‌سدا، زیاتر له ده‌یان جار ئه‌م ده‌سته‌واژه له‌لایه‌ن په‌یامبه‌رانه‌وه دووباره كراوه‌ته‌وه: «… ئه‌وه بوو دوای ئه‌م هه‌موو شتانه، خودا ئیبراهیمی تاقی كرده‌وه. پێی فه‌رموو: ئیبراهیم! ئه‌ویش وتی: من لێره‌م. ئینجا فه‌رمووی: كوڕه‌كه‌ت، كوڕه تاقانه‌كه‌ت، ئه‌وه‌ی كه خۆشت ده‌وێت، ئیسحاق، له‌گه‌ڵ خۆتی به‌ره و بڕۆ بۆ زه‌وی مۆریا. له‌وێ بیكه‌ره قوربانی له‌سه‌ر یه‌كێك له چیاكان كه خۆم پێت ده‌ڵێم…» ده‌سته‌واژه‌ی «من لێره‌م» واته به‌رپرسیارێتیی ڕه‌ها له به‌رامبه‌ر هه‌موو كه‌سێكدا. لێڤیناس ده‌ڵێت: «كاتێك له حضوری ئه‌ویتردا ده‌ڵێم «من لێره‌م!»، ئه‌م «من لێره‌م!»ـه هه‌مان ئه‌و پانتاییه‌یه كه پرسی لهكۆتابهدهر له ڕێگه‌یه‌وه پێ ده‌نێته ناو قه‌ڵه‌مڕه‌وی زمانه‌وه، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی كه خۆی بخاته به‌رده‌م بینرانه‌وه.» به ده‌ربڕینێك، ده‌سته‌واژه‌ی «من لێره‌م»، پانتاییه‌كه كه تێیدا خودا دێته ناو قه‌ڵه‌مڕه‌وی زمانه‌وه. (و. كوردی)
[5]. dia-chrony، كاتمهندی، له‌ناو-كاتدابوون یا په‌یوه‌ستبوون به كاته‌وه وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی به‌رمه‌رگ.
[6]. signified، مه‌دلول، ئاماژه‌پێكراو.
[7]. داڵ: ئاماژه‌كه‌ر.
[8]. «ده‌لاله‌تی سیما فه‌رمانێكه كه به شێوه‌ی مه‌دلول ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌گه‌ر سیما له نیگای مندا دال بێت بۆ یه‌ك فرمان، ئه‌وا ئه‌م كاره جیاوازه له شێوازی ده‌لاله‌تی هه‌ر نیشانه‌یه‌كی ئاسایی بۆ مهدلولهكهی خۆی؛ ئه‌م فرمانه هه‌مان خودی دهلالهتگهریی سیمایه.»
[9]. Signifyingness of face
[10]. Affair مسأله:
[11]. Fyodor Dostoyevsky, Ther Brothers Karamazov, transl by Constance Garnett (New York: New American Library, 1957), p. 264.
[12]. Condition or uncondition
[13]. psychism
[14]. به‌شی سێیه‌می ئه‌م زاراوه‌یه كه جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه، له فرمانی «بوونto be-»ـه‌وه داڕێژراوه؛ له‌م ڕووه‌وه، چه‌مكه ئه‌خلاقییه‌كانی «مه‌به‌ست-غرض» و «بێ مه‌به‌ستی-بیغرضی»، مانایه‌كی بوونناسانه و ئۆنتۆلۆژیكی وه‌رده‌گرن. لێڤیناس له ئاڕاسته‌ی جووڵه‌ی ته‌واوی فه‌لسه‌فه‌ی خۆیدا، كه له‌سه‌ر یهكهمێتیی ئه‌خلاق له‌چاو بوونناسی دامه‌زراوه، چه‌مكی ئه‌خلاقیی «بێ مه‌به‌ستی» وه‌ك هه‌وڵێك بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر بووندا ڕاڤه ده‌كات. هه‌ر له‌م ڕووه‌وه، له به‌شی سێ‌دا ئه‌م زاراوه‌یه‌مان به «له-بوون-ڕزگاربوون» وه‌رگێڕا، چون، به ڕوانگه‌ی لێڤیناس، بێ مه‌به‌ستیی ئه‌خلاقی پێویستی به ڕۆنه‌چوون به‌ناو بووندا هه‌یه، پێویستی به تێپه‌ڕاندنی بوون به‌ره‌و «سه‌رووی بوون» هه‌یه.
[15]. Un-rest
[16]. ڕه‌نگه، مه‌به‌ستی لێڤیناس ئه‌وه بێت كه هه‌ر یه‌كێك له ئێمه، وه‌ك سوژه‌ی مرۆیی، ته‌واوی ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی منداڵی گه‌وره‌تر به میرات ده‌بات، و ده‌بێت له به‌رامبه‌ر ئه‌وانیتردا ببێبهته لهئهستۆگری به‌رپرسیارێتی.
[17]. Non-interchaneable
[18]. «من ته‌نها به‌م پێوه‌ره منم كه به‌رپرسیارم، یه‌ك مرۆڤی ئاڵوگۆڕپێنهكراو.»
[19]. «من ده‌توانم شوێنی هه‌ر كه‌سێك پڕ بكه‌مه‌وه، به‌ڵام هیچ كه‌سێك ناتوانێت شوێنی من وه‌ك مرۆڤێكی شوێننهگیراو پڕ بكاته‌وه.»