نامەی مردوویەک کە یەکەمجارە تۆ بیخوێنیتەوە!

لە لادێیەکی دوورە دەستی شارێکی دووری وڵاتی نەرویج و لە وێستگەیەکی لەکارکەوتووی شەمەندەفەرێکدا و لە شەوێکی زستاندا پەنابەرێک گیانی لەدەست دا.

پۆلیس دوای ئەوەی تەرمەکەیان پشکنی و بە ئەمبوڵانسێک ڕەوانەی پزیشکی دادوەرییان کرد بۆ لێکۆڵینەوە، بینیان مۆبایلەکەی ناکرێتەوە.چەند شارەزایەکی بواری مۆبایلیان بانگکرد و کۆدی مۆبایلەکەیان کردەوە بۆ ئەوەی بزانن ڕەحمەتیەکە کێیە و خەڵکی چی وڵاتێکە.

پۆلیسەکان یەکەمین شتێک بەرچاویان کەوت، فەیسبووکەکەی بوو، کرابوویەوە و پەنابەرەکە لە هەژمارەکەی خۆیدا بەبێ ئەوەی بهێڵێت کەس بیبینێت نامەیەکی نوسیبوو.

ئەوان نەیاندەزانی بەچی زمانێک نووسراوە، ناچار نوسخەیەکیان لەبەر گرتەوە بۆ ئەوەی پیشانی کەسێکی شارەزای بدەن بزانن چی نووسراوە؟

دوای ساڵانێکی زۆر وەرگێڕێکی کورد (کە حەز ناکات کەس بیناسێت بۆ ئەوەی کارەکەی لەدەست نەدات) لە ئەرشیفی خۆیدا نامەی پەنابەرەکەی پاراستبوو دوای ئەوەی پۆلیس پێیاندابوو تا بزانن چی نووسراوە، وەرگێڕەکە دواجار بۆ دڵنەوایی خۆی دەقی نامەکەی بە تایبەت بۆی ناردووم و حەزیکرد وەک یەکەم کەس لەلای خۆم بڵاوی بکەمەوە و ئێوەش بیخوێننەوە. (دەبێ ئەوەش بڵێم من وەک خۆم گومانم هەیە وەگێڕەکە ناونیشانی نامەکەی لادابێت و بۆی نەناردبم بەڵام با ئەمە نێوانی خۆمان بێت).

دەقی نامەکە:

“ئەو جارەی تۆ هاتیتە ناو خەونەکانمەوە… لەسەر سەفەر بووم.. پەلەم بوو.. هەموان پەلەیان بوو… تەنانەت شەویش پەلەی بوو زوو ڕۆژبێتەوە، تەنها تۆ نەبێت بە کاوەخۆ هاتیت.

دەمـەو بەیانبوو..

ساردبوو.. جانتاکەم پێچابوویەوە و دەمویست سەرخەوێک بشکێنم. لە وێستگەی شەمەندەفەرەکەدا تاق و تەنها چاوەڕوان بووم.. چاوەڕوانی تاقە شەمەندەفەرێکی تەنها.

تۆ هاتیت و هەروەک جاران لە تەنیشتمەوە وەستایت..

گەدەم ئازارێکی زۆری بڵاوکردەوە، دڵم داخورپا.. لێدانەکانی زیاتریان کرد.. سەرم گێژی خوارد و ئەوەی دەیان ساڵە لە دڵی خۆمدا دەیڵێمەوە بۆ ئەوەی کە تۆم بینی پێتی بڵێم لەبیرم چوونەوە… من سوور هەڵگەڕام و تۆش… هەروەک جاران هیچت نەوت و تەماشایەکت کردم و لە تەنیشتمەوە وەستایت.

دەنگی شەمەندەفەرێک لەدوورەوە هات.. وەک هەمیشە.. پێم سەیربوو.. تۆ چیتدەکرد لەوێ… ویستم بپرسم تۆ چی دەکەیت لێرە.. ڕووت لێ وەرگێڕام و هیچت نەوت.. وەکچۆن هەمیشە هیچ ناڵێت. وەک سێبەرێکی بێ گیان.. هیچت نەوت.

من پەلەم بوو..هەموان پەلەیان بوو.. تەنانەت شەمەندەفەرەکەش پەلەی بوو.. لەم وێستگەوە بۆ ئەو وێستگە.. بەردەوام موسافیرەکانی دادەبەزاند و تەنهاکانی سەردەخست.. بۆچی پەلەم بوو..؟ خۆشم نەمدەزانی.. نە بۆ ڕابوردوو دەگەڕامەوە و نە بۆ داهاتوو.. نە بیری شەوم دەکرد و نە خەمی ڕۆژم بوو..کەچی هەر پەلەم بوو، تۆ نەبێت.

هەموان پەلەیان بوو.. ساردبوو.. تەنانەت هەورەکانیش پەلەیان بوو.. جاروبار نمە نمە بارانیان دەباراند و دەڕۆیشتن… شەویش پەلەی بوو.. کەچی تۆ نەبێت.. وەک هەمیشە، بە بێدەنگی، بەبێ ئەوەی هیچ بڵێیت هاتیتە نێو خەونەکانمەوە و نەدەڕۆیشتی. دەمایتەوە و سەیرێکی تاریکی ئاسمانت دەکرد و لەژێر لێوەوە هەنێ قسەت دەکرد.. تێنەگەیشتم … دووربوویت.. بەڵام بەلێو جوڵانەوەکەتدا هەستم دەکرد نزا دەکەیت.

لە زۆر شوێندا تۆ لەگەڵمدا بوویت.. وەک سێبەرێکی چەسپیوو بە ڕۆحەوە.. وەک باڵێک بەلاشەیەکەوە، وەک خەونێکی تەواونەکراو کە هەمیشە خۆی بە شێوەی جیاواز جیاواز دووبارەکاتەوە و هەرگیز تەواو نەبێت، تۆم لەگەڵبوو..بەڵام ئەو دەمەوبەیانەی هاتیتە نێو خەونەکانمەوە.. بیرم لە تۆ نەدەکردەوە.. چاوەڕوانیشت نەبووم. حەپەسام… وەک کەسێکی نوێ.. وەک خەونێکی نوێ لەناو خەونێکی کۆندا… وەک مروارییەکی غەریب لەناو دەریایەکی گەورەدا خەریکبوو نەمدەناسیتەوە. باشبوو پەلەت نەبوو.. هێشتت بیرم بکەوێتەوە.

کورت و پوخت، هاتیت و وەستایت و تەماشات کردم و هیچت نەوت و بیرم کەوتیتەوە.. لە دڵی خۆمدا پرسیم بۆ لێم نابیتەوە. حەزیشم دەکرد لێم نەبیتەوە، هیچت نەوت.

هەر لە دڵی خۆمدا دەموت بۆ لێم نابیتەوە، من لە دەستی تۆ شارە و شار دەکەم، شەمەندەفەر شەمەندەفەر دەکەم، وێستگە وێستگە دەکەم.. لەدەستی تۆ هەڵدێم، کەچی حەزیشم دەکرد لێت هەڵبێم… حەزم دەکرد بەهۆی تۆوە ئازار بچێژم.. دەربەدەر بم.. شارە و شار بکەم و شەمەندەفەر شەمەندەفەر بکەم و وێستگە وێستگە بکەم.

ساردبوو.. دەمەوبەیان بوو.. تۆ لە شوێنێکی زۆر دوورەوە.. لە زەمەنێکی زۆر دوورەوە… لە دنیایەکی دوورترەوە هاتبوویت و لە تەنیشتمدا وەستابوویت.. من پەلەم بوو جێنەمێنم.. پەلەم بوو سەرخەوێک بشکێنم و فریای شەمەندەفەرەکە بکەوم.. تۆ هاتیت. بەبێ ئەوەی تاقە وشەیەکیش بڵێیت.. بۆ هەمیشە لەو وێستگە چۆڵەدا بەتاق و تەنها جێتهێشتم و لەگەڵ دەنگی هاتنی شەمەندەفەرەکەدا بۆ هەمیشە ئاوابوویت.. ئێستاش نەمزانی ئەوە من بووم هاتمە ناو خەونی تۆوە هیچم نەوت یان تۆ بوویت هاتیتە ناو خەونی منەوە و بۆ هەمیشە ئاوا بوویت.”