دەروونناسی چۆن دەڕوانێتە تیرۆر و توندڕەوی

تیرۆر چییە؟ تیرۆریستان كێن؟ گرووپە تیرۆریستەكان چۆن دروست دەبن؟

 بۆ خەڵك دەچنە ئەو گرووپانەوە؟

دەكرێت لە زۆر گۆشەنیگاوە سەیری تیرۆر بكەین وەك (سۆسیۆڵۆژی، ئەنسرۆپۆلۆژی، سیاسی، دەروونشیكاری)  و، ھەر چەندە تیرۆر دیاردەیەكی ئالۆزە و ئەگەر تەنھا لە گۆشەنیگایەكەوە سەیری بكەین دیاردەكە بچووك دەكەینەوە و ڕەنگە بە تەواوی تەفسیری نەكەین بەڵام لێرە لە گۆشەنیگای دەروونناسی لێی دەڕوانین.

تیرۆر چییە؟

بەپێی ئەو دنیا میدیاییە گەورەیەی كە ئەمڕۆ لەبەر دەستمانە و ھەر سایت و بلۆگ و سۆشیال میدیایەك لە زۆر ڕوودا  لێی دەڕوانن تووشی جۆرە تێكەڵ بوون و لێ تێكچوونێك دەبین بۆ پێناسەی تیرۆر تەنانەت وێنەی كەسێكی تیرۆریست ڕەنگە لای تۆ شتێكی زۆر خراپ بێت، بەڵام لای كەسێكی تر وەك قارەمانێك سەیری ئەو كەسە بكات كە پێی وایە داكۆكی لەمافی خۆی و ئازادی و پێناسی خۆی دەكات.

گەر بمانەوێت جیاكاری لەنێوان تیرۆر و ھەڵسوكەوتە توندوتیژەكانی تری مرۆڤ بكەین ئەوا وەسفی تیرۆرناس برایان جنكز یارمەتی دەرمان دەبێت كە دەڵێت: “ئەوەی تیرۆر لە ھەڵسوكەوتە توندوتیژەكانی تری مرۆڤ جیادەكاتەوە ئەوەیە كە تیرۆر بە شێوەیەكی درامی كار دەكات بۆ ئەوەی سەرنجی جیھان بەلای خۆیدا ڕاكێشێت، تیرۆر كەشێك لە ترس و تۆقین دروست دەكات ئەو قوربانیانە تێدەپەڕێنێت كە لە كردە تیرۆرییەكەدا زیانیان پێ گەیشتووە، لە ڕاستیدا پێناسی قوربانییەكان گرنگ نییە بەلای تیرۆریستەكانەوە، چونكە بە پلەی یەكەم مەسیجی كارە تیرۆرییەكەیان بۆ ئەو خەڵكەیە كە لە دەرەوەی كردە تیرۆرییەكە بینەر و بیسەری كارە تیرۆرییەكەن. كەواتە جیاكردنەوەی قوربانییەكان و جەماوەر سیمایەكی سەرەكییە لە تیرۆردا، ئەمەش وادەكات تیرۆر لە باقی ململانێ چەكدارییەكانی تر جیاواز بێت، چونكە تیرۆر بە سرووشتی خۆی كردەیەكی شانۆیی و سینەمایی ئامێزە.

بەواتا لە كردەوەی تیرۆرستیدا ئامانجە ڕاستەقینەكە جەماوەرە كە قوربانییەكان دەبینێت، چونكە تیرۆریستان لە ھەوڵی ئەوەدان مەسیجێك بگەیەننە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی، بەم پێیەش بۆمان دەردەكەوێت كە ئەوان بۆ ئەو مەسیجە قوربانێ دەخەنەوە نەك وەك ئەوەی كە بە تایبەت مەبەستیان لە قوربانییەكان بێت و تیرۆریان بكەن.

تیرۆر جیاوازە لە (جینۆساید) كۆمەڵكوژی، چونكە ئامانجی (جینۆساید) كوشتنی گرووپێك یان كۆمەڵێك یان تایەفەیەكە بە تەواوی، بەڵام ئامانجی تیرۆر كوشتنی ھەڵەشەیی فەوزاییانەی بەشێكی كەمە لە گرووپێك یان كۆمەڵێك بۆ ئەوەی ترس و تۆقین و كاریگەری بكەنە سەر بەشێكی فراوان لەخەڵك یان گرووپێك یان تایەفەیەك،..ھتد

ئایا كەسایەتی تیرۆریست ھەیە؟

مەیلێكی سرووشتی ھەیە بۆ بە شێت زانینی ئەو كەسانەی كە كاری تیرۆریستی ئەنجام دەدەن چونكە كەسانێك كە تەقینەوە لە میترۆیەكدا یان لە بازاڕێكدا یان ھەر شوێنێكی گشتیدا دەكەن بە شێت و دەروون پەشێو دادەنرێن، بە تایبەتی كاتێك لە كەناڵەكان و میدیاكانەوە وەك كەسانێكی دڵ خۆش كە ھەر خەریكی دروست كردنی نیشانەی ڤیكتۆری و سەركەوتنن بە پەنجەیان بە زەردەخەنەیەكی پانەوە لەسەر لێویان دیارە، وادەكات كە بپرسین ئەمانە سەرەڕای ئەو كارە تۆقێنەرانە كە دەیكەن واتای چی ھێند ئارام و دڵ خۆش دەردەكەون؟

پێشتر دەروونناسەكان  زۆر جەختیان لەوە دەكردەوە كە كەسانی تیرۆریست كەسانێكی دەروون پەشێون ( سایكۆپاسی)[1]ن و كەسانێكی پەڕگیرن و كاری لادەر (اعمال شاذة) ئەنجام دەدەن. بەڵام كۆمەڵێك تیۆرسیستی تر وتیان كە ئەو ڕاڤەیەی دەروونشیكاران مەرج نییە تەواو بێت و كەموكورتییەك ھەیە لە تەفسیركردنیان بۆ كەسایەتی تیرۆریست.

لێرەدا مایەی شەرمەزاركردنە گەر بڵێین: كەسایەتی تیرۆریست كەسایەتییەكی تەندروستە یان بەلانی كەم بڵێین: كەسایەتییەكی دەروون پەشێو نین!

بەڵام، لای زۆربەی دەروونناسان و بوارەكانی تری زانستە كۆمەڵایەتییەكان و لێكۆڵەران لە بواری تیرۆردا پێیان وایە كە كەسێتی تیرۆریست كەسێتییەكی تەندروستە و دەروون دروستە و سایكۆپاسی نین. ئەندرۆ سیلك توێژەر لە بواری تیرۆردا دەڵێت: لەدوای سی ساڵ ئینجا دەروونناسەكان وتیان كەسێتی تیرۆریست كەسێتییەكی تەواوە و دەروون پەشێو نییە!

چونكە گەر وا نەبوایە و كەسێتی تیرۆریست عەقڵانی نەبا و نەزانێت چی دەكات و بۆ دەیكات، ئیدی بۆچی كەسانی دەروون دروست و ھۆشمەند و زیرەك دەچنە ڕیزی گرووپە تیرۆریستەكانەوە؟

دەتوانین ئەو تیۆرانەی ڕاڤەی تیرۆر و توندوتیژی دەكەن بكەین بە دو بەشەوە.

تیۆری تیرۆر لە ئاستی تاك theoriesindividual-level و تیۆری  تیرۆر لە ئاستی سۆنگە و بارودۆخ و دەورووبەر contextual-level theories.

كە ئەمانەش دەبن بە چەند بەشێكەوە:

تیۆری كەڵكەڵە (النزوعیە)

مەبەست لەتیۆری كەڵكەڵەیی ئەوەیە كە پێی وایە تیرۆر لە ئەنجامی بیروبۆچوون و ئەو وێنانەیە كە چەند كەسێكی دیاریكراو ھەڵیان گرتووە و كاریگەری بەھێزی لەسەر دەروونیان داناوە. كە دەكرێت بە سێ بەشەوە.

یەكەم: تیۆری نائومێدی-دوژمنكاری (لإحباط- العدوان)

تیۆرێكی سادەیە و برەوی زۆرە لە نێوەندە زانستییەكاندا لەسەر دەستێ دەروونناس جۆن دۆلارد پەرەی سەندووە.

ئەم تیۆرە پێی وایە كە دەستدرێژی دوژمن كارانە (العدوان) ئەو كاتە ڕوودەدات كە خواست و ئارەزووەكانی كەسی تاك بەر پەرچ دەدرێنەوە وڕێگریان لێ دەكرێت.

ئەم تیۆرە لەسەر (خستنەبری) بەندە واتە شتێك دەخەینە بری یان جێی شتێكی تر( الاحڵاڵ – الابدال) ئەمەش میكانیزمێكی دەروونییە لای فرۆید بۆ نمونە: وایدابنێ كە تۆ ھەرئێستا كارەكەت لەدەست داوە و بەمەش توڕەیی و ھەستێكی ناخۆش داتدەگرێت، بەم ھەستەوە دەچیتەوە بەرەو ماڵ و لە داخان شەقێك لە پشیلەكەی بەردەرگای ماڵەوە دەدەیت، یان بە توڕەییەوە شتێك لە ماڵەوە دەشكێنیت، بەمە دەڵێن: خستنەبری. واتە ئەو دوژمنكارییەی پێشتر لە كارەكەت تووشی بووی لە شتێكی تردا بەرەنگاری دەبیتەوە، پشیلەی داماو ھیچ پەیوەندییەكی بەدەركکردنت لەكارەكە نەبووە یان ئەو شتانەی كە لە داخا دەیشكێنیت ھیچ پەیوەندیان بە لەدەستدانی كارەكەتەوە نییە.

ئەم تیۆرەیە دەڵێت: تیرۆر كاردانەوەیەكە لەسەر دوژمنكارییەك دەخرێتە پاڵ شتێكی تر كە ھیچ پەیوەندی بە دوژمنكارییەكەوە نییە. بەمپێیە ئەو كەسایەتییە دەروون پەشێوەی كە تیرۆریستان ھەیانە لە ئەنجامی نائومێدییەكانیانەوەیە كە لە ژیاندا تووشی بوون و ئەم نائومێدیانەش پاڵیان پێوە دەنێت كە توندوتیژ بن و دوژمنكاری بەرامبەر بە كەسانی تر بكەن. لای تیرۆریستانیش كاتێك ڕوودەدات كە سیستمی سیاسی وڵاتەكەیان كراوە نییە و ڕێگەیان نادات چالاكی سیاسی خۆیان بكەن.

.

دووھەم: تیۆری نێرگزی –دوژمنكاری ( النرجسية العدوانية)

زاراوەی نێرگزی بۆ ئەفسانەی یۆنانی كۆن (نارسیسیۆس) دەگەڕێتەوە، ئەفسانەكە باس لەو لاوە قۆزە دەكات كە دەكەوێت بەسەر عیشقی وێمەكەی خۆیەوە كاتێك لەسەر ڕووی ئاوێك عەكسی وێنەكەی خۆی بۆ یەكەمجار دەبینێت. بەپێی دەروونناس و تیرۆرناس ڕیتچارد بیرلشتاین لە كتێبەكەیدا بە ناوی(ئەقڵی تیرۆری سیاسی) دەڵێت: كەسی تیرۆریست ئەوەیە كە نێرگزی بوونی گەیشتۆتە لوتكە.

لێرەدا و بەپێی ئەم تیۆرە كەسی تیرۆریست بڕوای تەواوی بەوەیە كە ئەم كەسێكی زۆر گرنگە لەم جیھانەدا و، دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت و حسابی بۆ بكرێت، بەڵام لەبەد بەختی ئەودا جیھان و دەورووبەری ئەم ڕێز و حورمەتەی لێ ناگرن ئەمەش وا دەكات تووشی توڕەبوونی نێرگزیانە ببێت و ئیتر لە داخا دەست دەكات بە دەستدرێژی و دوژمنكاری، چونكە ھەستی شكست خواردن لای كەسی نێرگزی كاردانەوەی توندوتیژی لێ دەكەوێتەوە و كەسەكە دەیەوێت سەرچاوەی شكستەكە لەناو بەرێت، سەرچاوەی شكستەكەش جیھانی دەرەو و ھەموو ئەو كەسانەن كە لە نرخی ئەمیان كەم كردۆتەوە بەم ھۆیەشەوە دەست دەكات بە تۆڵەسەندنەوە.

سێھەم: تیۆری دەروونشیكاری فرۆیدی

بە لای فرۆیدەوە مرۆڤ پاڵنەرەكانی ناو ناخی خۆی دەچەپێنێت و دەیانشارێتەوە و زۆرجار درك بەو پاڵنەرانەی ناخی ناكات كە بۆ ھەندێك كار و ھەڵسوكەوتی پێدەكات، ئەو پاڵنەرانە لاشعورین و پڕن لە حەزی چەپێنراو چونكە ئەو حەزانە لەلای كۆمەڵگە قبوڵكراو نین.

گرێی ئۆدیب یەكێكە لەو حەزە چەپێنراوانە كە لە قۆناغێكی ھەستیاری گەشەسەندی دەروونی – سێكسی لە ساڵەكانی منداڵیدا دروست دەبێت.

لەم گرێیەدا منداڵ وەك دژێك و ناحەزێك سەیری باوك و سیمبولەكانی باوك دەكات كە لەوێدا باوەك وەك ململانێ كار دەبینێت لەسەر بردنەوەی خۆشەویستی دایك بۆ خۆی نەك بۆ ئەمی منداڵ. ئەگەر باوك وریا نەبێت لەم قۆناغەدا و ئەو ھەست و بۆچوونە نێگەتیڤە لای منداڵەكەی خۆی نەڕەوێنێتەوە ئەوا لای منداڵەكە گرێی ئۆدیب دروست دەبێت و ئیتر منداڵەكە بە درێژایی ژیانی پێوەی دەناڵێت و تووشی كێشەی زۆری دەكات لە ژیاندا، كە بە داخەوە بەشی زۆری باوكان ئەم زانیارییە نازانن.

دەروونناس كۆنراد كیلین دەڵێت: زۆربەی تیرۆریستان ڕق و كینەیەكی لاشعوری یان شعوریان ھەیە بۆ باوكیان كە پاڵیان پێوەدەنیت یاخی بن لە دەسەڵات، چونكە دەسەڵاتیش سیمبول و ڕەمزێكی باوكانەیە كە ئەنجامی ئەم یاخی بوونەش كەوتنەوەی توندوتیژییە.

كەواتە كەسەكان بە شێوەیەكی ناشعوری ململانێكانی ناخیان دەڕێژن بەسەر جیھانی دەرەوەی خۆیان.

تیۆری ھەڵوێستگەرا

ئەم تیۆرە وای دەبینێت كە تیرۆر لە ئەنجامی بارودۆخی دەرەوەی تاكەكان دروست دەبێت و كاردەكاتە سەر بڕیارەكانیان و بەھۆی بوونی ھێزی دەرەكی لە دەوری كەسەكان ناچار دەبن بەپێچەوانەی ئەو بەھاو باوەڕ و مەبدەئانە ھەڵسوكەوت بكەن كە باوەڕیان پێیەتی، ئەم تیۆرەیە ھێزی خۆی لەو چاوپێكەوتنانەوە وەردەگرێت كە لەگەڵ تیرۆریستەكاندا كراوە و تیایدا وتویانە كە بۆیە ئەو كارانەیان كردووە چونكە دەرگاكان بەڕوویاندا داخراوە و ھەستیان كردووە كە ھیچ ڕێگایەكی تریان نەدۆزیوەتەوە جگە لە كاری تیرۆریستی نەبێت ، چونكە لە سیستمە سەركوتكەر و ستەمكارەكاندا ئەوانەی كە دەیانەوێت گۆڕانكاری بكەن ھیچ ڕێگەیەكیان نییە جگە لە ئەنجامدانی تیرۆر وەك ھەوڵێك بۆ گۆڕانكاری لەو سیستمانەدا.

 تۆم بۆرگۆی تیرۆرناس لیستێكی داناوە ناوی ناوە ھۆكارەكانی دروست بوونی تیرۆر: لەوانە

شكست یان لاوازی دەوڵەت، نەبوونی دیموكراسی، نەبوونی دادپەروەری و یەكسانی

پەیدا بوونی سەركردەی كارزیمای ئایدۆلۆژیخواز، ھەژاری و بێكاری و ڕاسیزم، حكومەتی گەندەڵ و ناشەرعی، دەركەوتنی گرووپی پەڕگیر چ دینی یان نادینی، دەستتێوەردانی ھێزی دەركی لە كاروباری ناوخۆی وڵات، كەوتنەبەر ستەمی داگیركاری زلھێزەكان.

تیۆری (كردەیی) Process Model

تیرۆرناسێكی تر بەناوی ھورگان دەڵێت: تیرۆر لە ئەنجامی یەكگرتنی نێوان  بارودۆخی دەوروبەر و سیفەتە كەسایەتییەكانی كەسێك یان گرووپێك ڕوودەدات و، پێی وایە زۆر گڕنگە كە لەو ھەڵوێستامە تێبگەین كە پاڵ بە كەسێكەوە دەنێن كە ئامادەییان زیاتر بێت لە كەسانی تر بۆ ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی.

ھۆرگان وای دەبینێت كە كەوتنە چاڵی تیرۆرەوە كارێكی ھێواشە و ھەنگا و بە ھەنگاوە واتە كەسێك ھەر لە خۆیەوە بە شەوێك بڕیار نادات بۆ ئەوەی بەیانی ببێت بە تیرۆریست.

لەو ھەنگاوانەی كە دەبنە ھۆی بوونی كەسێك بە تیرۆریست:

ھەستیاری كەسەكە بۆ ئەو قازانجە دەروونی و پۆزەتیڤەی كە وەری دەگرێت لە و گرووپەوە كە دەبێت بە ئەندامی: وەك: پاداشت وەرگرتن و ناوبانگ، ھاوڕایی ئایدیۆلۆژی و بیری ھاوبەشی نێوان ئەندامانی گرووپەكە، پەستانە كۆمەڵایەتییەكان و نەبوونی ھەل بۆ باشتركردنی واقع، كاریگەری و ھاندانی كەسانی نزیكی دەورووبەری كەسەكە بۆ ئەوەی پەیوندی بەو گرووپانەوە بكات، ..ھتد

تیرۆری خۆكوژی

تیرۆری خۆكوژی بەوە وەسف دەكرێت كە ئەو كردەوە توندوتیژانەن كە ئەو كەسەی پێی ھەڵدەستێت دڵنیایە لەوەی كە لە دوای كارەكەی ناگەڕێتەوە و، سەركەوتنی كارە تیرۆریستییەكە بەندە بە لەناوچوون و مردنی ئەو كەسەی كە ئەنجامی دەدات.

زیاتر كارە تیرۆریستییە خۆكوژییەكان بەندن بە گرووپە ئیسلامییەكانەوە، چونكە لە ساڵی ١٩٨٠ تا ساڵی ٢٠٢٠ ئەو گرووپە ئیسلامیانە زیاتر لە (١٠٠٠) ھەزار ھێرشی خۆكوژیان ئەنجام داوە.

تیرۆری خۆكوژی پێچەوانەی دیدی ئەقڵانی مرۆڤە، چونكە سوودی چییە گەر كەسێك خۆی بدات بە كوشت لە كارێكدا كە ھەم ژمارەیەك خەڵكی بێتاوان دەكوژێت و ھەم گەرەنتی ئەوەش بەدەست ناخات كە ئایا لە ئەنجامی كارەكەی داواكانی جێبەجێ دەبن یان نا.!؟بەڵام ئەوە ھەیە كە ئەم ھێرشە تیرۆریستە خۆكوژیانەوە وەك بۆمبی زیرەك وان و مەسرەفێكی كەمیشی تێدەچێت.

ھەندێك بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم كارە نائەقڵییە بدەنەوە دەڵێن: ئەو كەسە خۆکوژانە بۆ قازانجێكی ئەو دنیا ئەم كارە دەكەن كە خۆیان  باوەڕیان پێیەتی، وەك (بەھەشت و پەری و حور العین) بەڵام ئەوانە بەپێی دەروونزانی ھەمووی وەهمن.


[1] سایكۆ پاس/ دەروون پەشێویەكە لە كەسایەتیدا دروست دەبێت كە كەسەكە دژی كۆمەڵگا و بەھاكانی كۆمەڵگە كار دەكات و كاری خراپە زۆر دەكات و ستەم و زوڵمێكی زۆر لە كەسانی دەوروبەری خۆی دەكات بەبێ ئەوەی بە ھیچ جۆرێك ویژدانی ئازاری بدات ئەمەش وای لێدەكات تاوان كردن زۆر ئاسایی بێت بەلایەوە.