مەرگی داهێنەر لە بووتیقای ئەدەبی نوێدا

گومانی تێدا نییە تەنیا خەسار و زیانی ڕەخنە بە هۆی لادانه لە ئاخێزگەی سرووشتی خودی ڕەخنە. بەڵام ئەم خەسارانە نابنە هۆی دووركەوتنەوە و بەربەستی ڕەخنەگران لە ڕەخنە و شیكردنەوەی بەرهەمە ئەدەبییەكان. بە وتەی گراهام هوف: «بڕیارە ئەدەبییەكان بە تەنیا دەرەنجامی سەلیقە نییە… ئێمە دەتوانین بۆ بیر و بڕوای ئەدەبی خۆمان، باس لە هۆكارەكان بكەین و هیوادار بین بەوەی كە یەكەمجار خۆمان ڕازی بكەین و لەم ڕێگایەوە بە دەرەنجامێكی دروست بگەین. ئاكامێ كە دەرەنجامی لۆژیکی ئەدەبی بێت». 

بەشداری لە پۆلەكانی فێركاری بووتیقای ئەدەبی و تەنانەت ڕەخنەگرتن لە دەقێکی ئەدەبی، ئاكامێكی باشی نابێت مەگەر لە سەرەتاوە بە پێویستی و گرینگی ڕەخنە بگەین واتە وەک حوسەین پایندە لە ڕەخنەی ئەدەبی و دیموکراسیدا دەڵێ: (پەی بە تێگەیشتنی گشتی وشە و كێگەی وشە لە ژیانی تاكی و پەیوەندیمان لەگەڵ كۆمەڵگادا ببەین).

لێكۆڵینەوە گشتییه‌کان سەبارەت بە نووسین و ڕەخنەی ئەدەبی و تەکنیکی مۆدێڕن (ئەدەبیات واتە تەكنیك؛ تزڤێتان تۆدۆرۆف)، لە بابەتێكدا كە تا ئێستا بە شێوازێكی بە بایەخ و گرینگی پێدراو لەبەرچاو نەگیراوە. هەڵنەهاتن و لانەدان لە كۆی نەریتە كۆنباوە ئەدەبییەكان لە لایەن ڕەخنەگرانی نەخوێندەوار و ناچالاكەوە، بووەتە هۆی نووسینی كۆچەكی وتار و كتێبگەلێ لەسەر بەرهەمی دیكەی نووسەران كە زیاتر دەربڕینی هەستی پەسەندكردن یا ناڕەزایەتییە، تاكو شیكاری و هەڵوەشاندنەوە و هەڵسەنگاندنی دەق بەپێی پێوەرەكانی بووتیقا و ڕەخنەی ئەدەبی. پێشكەوتن لە هەموو ژانرەكانی ئەدەبیاتدا مویەسەر نابێ مەگەر بە لەبەرچاوگرتن و تیگەیشتنی ڕ استەقینە لە تەکنیک له‌و ژانره‌دا، كە وەكوو هایدێگر باسی دەكات: «هونەر بە ئاسایی و ئاسانی تەكنیك ناو دەنرێت» بەڵام وەك ڕەزا بەراهەنی دەڵێ: «لەكاتێكدا بۆشایی ئەم بابەتەمان بۆ دەردەكەوێت كە هونەرمەندانی ئەدەب و هونەر ئاماژە بە گرینگی تەکنیک لە خوڵقاندنی بەرهەمێكی ئەدەبیدا دەكەن، بەڵام خۆیان تیۆر و زانیارییان لەسەری بڵاو نەكردوەتەوە.»  

لە ڕوانگەی هەندێ لە لێكۆڵەرانی ئەدەبیدا ڕەخنە شێوازێك لە ڕاڤەی ئەدەبییە كە چەند شێوازی هەیە. بە بۆچوونی ئەوان كەلامی ئەدەبی دەربڕی مانا و لەفزی بەینی وشەكان و ڕستەكانە، كە نووسەر دەتوانێت بە زانیاری یان بە بێ زانیاری لەو چەشنەدا بەكاری هێنابێت. بەپێی مانا كۆنەكان شرۆڤەدانی تێكەڵبوونی لەفزی و مەعنایی بەینی وشەكان و ڕستەكانە. بەڵام ئاڵووگۆڕ بوونی ئەدەبی نوێ لە یەك جیاكردنەوەی ئەم پێكهاتە (ساختار) و پەیوه‌ندیانەیە. 

«فۆرمالیزم» هاوكات بە واتای بیردۆزی ڕەخنەگرانەیه كە بیرۆكەداڕێژەرانی فۆرمالیزم «ئەنجومەنی زمانناسی مسكۆ» و «ئەنجومەنی توێژەرانی زمانی شیعری»یە. شكلۆفێسكی و ئایخێنباوم كە بنیاتنەرانی قوتابخانەی فۆرمالیزمن و و بە بیردۆزی گرووپێك كە پێكهات لە ڕەخنەگرانی ئەمریكی لە كۆتایی  ١٩٣٠ دیاریكرا و پەرەی پێدرا. گرووپی یەكەم «فۆرمالیزمی ڕووسی» و گرووپی دووەم «فۆرمالیزم» یا «ڕەخنەی نوێ» ناو دەبرێ. لەم نووسینەدا زاراوەی فۆرمالیزم ئاماژەیە بە گرووپی دووەم سەبارەت بە ڕەخنەی نوێیە. 

ڕەخنەی ئەدەبی تاپێش سەدەی بیستەم و دامەرزاندنی فۆرمالیزم، پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ بابەتە نائەدەبییەكاندا هەبوو. وەك بابەتگەلی فەلسەفی، مێژوویی، ئەخلاق و … . 

ڕەخنەگرانیش چوار گرووپ بوون:

١. بەرهەمە ئەدبییەكان بە بەرهەمێكی مێژوویی و دەركەوتەی سەردەمی خۆی دەزانن و بە بەڕێوەبردنی ڕوانینی مێژوویی بنەمادار، بە گەڕان بە دوایی كارەسات و ڕووداوەكانی سەردەمی بەرهەمەكە، لەم ڕێگایەوە نووسراوەكە لەگەڵ بەستێنە مێژووییەكانیدا گرێی دەدەنەوە.

۲. بەرهەمە ئەدەبییەكان بە بەیانگەری فەلسەفەی سەردەمی خۆیان دەزانن. 

٣. لەبەرچاوگرتنی ناوەڕۆك و وەرگرتنی دروشم و نوكتەیەكی ئەخلاقی. بە بڕوای ئەم گرووپە، هەر كتێب و بەرهەمێكی ئەدەبی دەبێت هەڵگڕی پەیام و درووشمێك بێت. لە دەستەی ئەم ڕەخنەگرانەدا ڕەخنە، بە مانای دۆزینەوە و كەشفی دروشمی كتێبەكەیە. 

٤. بیوگرافی و ژیاننامەی نووسەرەكە بە پێوەری كارەكە دەزانن، پێیان وایە ڕەخنە لەهەر بەرهەمێكی ئەدەبی لەژێر تیشكی ئەو زانستەدایە كە ڕووداو و كارەساتگەلێك كە بەرهەمەكەی پێ نووسیوە. هەر بەرهەمێك ڕەنگدانەوەی كەسایەتی نووسەرە و کەسایەتی ئەم نووسەرە لە ڕووداوگەلێك كە ڕوویداوە شكڵی گرتووە. شوێن پێی كەرەسات دەگرن و دەسپێك و كۆتایی بەرهەمێك بە ژیاننامەی نووسەرەكەیەوە گرێ دەدەنەوە.

خاڵی هاوبەش لەنێوان ئەم چوار گرووپە ڕەخنەگرەدا ئەوەیە كە دەقەكە وەك خۆی لەبەرچاو ناگیرێت و دەقەکە كاتێك مانا پەیدا دەكات كە بە مێژوو، فەلسەفە، كارەسات و ڕووداوێکەوە… ببەسرێتەوە. ڕەخنەگرانی سوننەتی پێیان وایە كە كاتێك بەرهەم واتای ڕاستەقینەی خۆی دەگەیەنێت كە پەیوەندی بە بەستێنەگەلێکی سەرووتر ببێت؛ واتە بەستێنی مێژوویی، فەلسەفی، ئەخلاقی و … هتد. لە بەرانبەردا خاڵێك كە فۆرمالیزمەكان لە قۆناغی سەرەتای ڕەخنەگرانەی باوی پێش لە خۆی جیادەكاتەوە، لە ڕەخنەدا گرنگی و بایەخ و سەرنج خرایە سەر خودی دەق و بەرهەم. فۆرمالیزم، نە تەنیا ڕەخنەی ئەدەبی ئاسایی تا پێش لە مۆدێڕنیزمی بە گشتی گۆڕی، بەڵكو كاریگەرییەكی زۆریشی لەسەر پرۆسەی دامەرزاندنی قۆناغی سەرەتای دوای خۆی هەبووە.

لەبەرچاو گرتنی پێگەی نووسەر لە دەق و بەرهەمدا لە بووتیقا و ڕەخنەی ئەدەبیدا پێشینەی مێژوویی هەیە؛ ئەفلاتوون، وەكو یەكەمین فیلسووف لە كتێبی کۆماردا ئەم باسەی هێنایە ئاراوە كە شاعیر كێیە و شیعر لە حوكمی ئەنجامی چ كارێكدایە. دوو هەزار ساڵە كە گەڕاندنەوەی نووسەر لە دەقدا لەبەرچاو دەگیرێت و لە سەردەمی ئەفلاتوونەوە تا ئێستا كە تیۆریسین و ڕەخنەگران لە هەر بووتیقایەكی نوێدا سەبارەت بە چیەتی و كاركردی ئەدەبیات یا چۆنیەتی تێبینینی نووسراوەیەك باس كرابێت، ئەم مەسەلەیان لەبەرچاو گرتووە و تێڕوانینێكیان لەم ڕوانگەوە خستووەتە ڕوو. 

ڕوانگەی نووسەرتەوەر (مؤلف مدار) نە تەنها لە ڕەخنەی دەقی ئەدەبیدا، لە ئێران و لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا (جیا لە چەند چالاك و ڕەخنەگرێكی ئەدەبی لە كوردستاندا، بە هۆی نەبوونی خوێنەری چالاكەوە ڕەخنە لە پرۆسەی دەقدا بەشدار نییە و ڕۆڵێكی نائەكتیڤ دەبینێت. ئەوەی كە نەتوانێت بە ڕاڤە و خوێندنەوە ڕۆڵێكی ئەكتیڤ و چالاك ببەخشێت پرۆسەی خوێندنەوەیە، بەڵكوو دەبێتە هۆیی مردنی ڕەخنە) بووەتە تەنها مانا و كاركردی ڕەخنە، بەڕێوەبردنی كارگەكان و ماستركلاس و ۆوركشاپەكان كە ڕۆڵێكی پۆزەتیڤ و گەورە دەگێڕن -بە تایبەت لە بواری فۆڕم و رەخنەی ئەدەبیدا- لە دروستكردنی ئەو شتەی كە پێی دەڵێین ئەدەبیات. ئەوەی كە جێگەی ئاماژەیە، شرۆڤە و شیكردنەوەی شیعر -بە گشتی بەرهەمە ئەدەبییەكان- لە لایەن خودی شاعیر یا بەرێوەبەر و ڕەخنەگرەكەیە. نووسەری چالاك لە لێهاتوویی نەرێنی بەهرەمەندە بەو مانایە كە پێشینە و ماهییەتی زێهنی خۆی لە ڕێگەی هاودڵییەتی سۆزدارانە و ئێرتجاڵی بە جۆرێك تێكەڵی بابەتی دەقەكەی بكات كە لە كاتی نووسیندا شۆناسێكی بۆ كەسایەتی خۆی نەبێت. كەواتە یەكەمجار، نووسەر كەسایەتی خۆی نەفی دەكات و پاشان ڕاستی و پێچاوپێچی تێگەیشتنەكان دەكات تا بە نووسراوەكەی خەسڵەتێكی ئۆبژەكتیڤ بدات و سیستەمی گرینگیدانی خۆی تێكەڵی دەق نەكات.

لێرەدا نووسەر لە كاتی نووسیندا شوناسێكی بۆ خۆی نییە. بەپێی وتارێكی جان‌كێیتس كە دەڵێت: «گەڕان بەدوای پێگەی شاعیر لە شیعردا كارێكی چەواشەكرانەیە، ئەو شاعیرە (نووسەر) بەتواناترە كە عەینی تر (بەبێ تێكەڵكردنی نەفسی خۆی لەگەڵ دەقدا) بنووسێت.»  

كێشەكە لێرەدایە كە لە ماستركلاسەكاندا لاوی ئاماتۆر لە چ شتێك سەرچاوە بگرێت بۆ ئەوەی كە خۆی تووشی هەڵە نەبێت؟ وەك حوسەین پایەندە دەڵێ: «تەنها شێوازی فەرمی فێرکردن ئەدەبیاتە لە مەكتەب و زانكۆ و  کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا»

ئەم تێڕوانینە ساكارانەی كە [هەر دەق و نووسراوەیەك لە مێشك و بیرەوەری كەسایەتی نووسەرەكەیەوە سەرچاوە دەگرێت،كەواتە یەكەمجار دەبێ ژیانی نووسەر بخوێنرێتەوە تاكوو مانای دەقەكە ڕوون ببێتەوە]ئەوەمان پێدەڵێت كە هێشتا ڕەخنە بەرز نەبووەتەوە بۆ پلەی ڕەخنەی نوێ، بەڵکو هێشتا کۆنباوانەیە.

بڕوا بەوەی كە مانای دەقە ئەدەبییەكان دەبێ كەشف بكرێت ئەوەمان پێدەڵێت كە مانا خۆی مەسەلەیەكی لەپێشدا دیاریكراو، شاراوە و جێگیرە هیچ جێگایەكی بۆ باسكردن نەهێشتووە لەبەر ئەوەی كە بیۆگرافی جێگایەك بۆ باسكردن ناهێڵێت. جیاوازییەكی زۆر لەنێوان ڕەخنەی ئەدەبی و بیۆگرافی‌ناسی لە قامووسی ئەدەبی سوننەتی تا سەرەتای سەدەی ١٩ نییە. زۆربەی پێداچوونەكان بە دەق و بەرهەمێكی ئەدەبیدا بۆ تێگەیشتنیی ژیانی نووسەر بوو. بەپێی بۆچوونەكانی ئەم بیردۆزانە؛ ڕەخنەگر، تاڕادەیەك كە لە كارەساتەكانی ژیانی نووسەر تێگەیشتبێت، تا ئەو  ئاستە دەتوانێت گومانەكانی دەق چارەسەر بكات و مانا دەر بخات. 

ڕەخنەی نوێ :

لە بووتیقا و بۆچوونگەلی ئەدەبیدا تاكو لە سەردەمی هاوچەرخ نزیك ببینەوە، پێگەی نووسەر لە دەقدا دادەبەزێت. لەنێوان گرینگیدان بە پێگەی نووسەر و چیەتی دەقێكی ئەدەبیدا، پێوەرێكی تا ڕادەیەك پێچەوانەیە.  كاتێك حوسەین پایەندە باس لە پێگەی  نووسەر دەكات دەڵێ: «لە زۆربەی ئەو بۆچوونانەی كە تا پێش لە دامەرزانی قوتابخانەی ڕەخنەی نوێ بڵاو كراونەتەوە (  ١٩٣٠)، نووسەر وەكوو خودای دەق دەناسرێت. وادەبینرا كە نووسەر داهێنەر و خولقێنەری دەقە. ئەگەر ئەم بۆچوونە بە دروست بزانرێت كە دەق لە بیرەوەری و خواستی نووسەرەوە سەرچاوە دەگرێت و نووسەر خاوەنی دەقە، ئەوكات مانای دەق تەنها بۆ نووسەرە و باس و لێدوان لەسەری تەنیا بە ئیزن و بە دروست زانینی خاوەن دەقە. ئێستا پرسیار ئەوەیە كە ڕەخنەگر كێیە و چ ڕۆڵێك دەبینێت؟» 

ڕەخنەی نوێ لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بوو بە خاڵی وەرچەرخان بۆ ڕوانینی سوننەتی سەبارەت بە نووسەر. گرینگترین تێشكاندنی ڕەخنەگرانی نوێ ئەوەبوو كە مانای دەق تەنها بە وردبینی و سەرنجدان بە خودی دەق و تەكنیكگەلێك كە بەكارهێنراوە كەشف دەكرێت. هەر جۆرە ڕاڤە و ڕوانینێك سەبارەت بە  دەرە دەقی (برون متنی) ژیاننامەی نووسەر و یا كارەساتگەلێكی مێژوویی و كەشفی پەیامێكی ئەخلاقی، هۆكاری یەكەمی مەرگی ڕەخنەیە. 

نووسەر یەكەمجار خۆی نەفی دەكات و ڕاستییەكان و ئاڵۆزی ئاگایی و ئاوەزی خۆی دەكات تا خەسڵەتێكی ئاشكرا ببەخشێتە ده‌ق و نووسراوەكانی و سیستەمی شەخسیەتی خۆی تێكەڵی دەق نەكات. 

بەپێی وتار و تێڕوانینی ڕەخنەگران و فەیلەسووفانی ئەم سەردەمە، پەیڕەوی دەق لە ویستەكانی نووسەر كارێكی هەڵەیە و پرۆسەیەكی تێكەڵ بە ماناسازی و شرۆڤەكردنە نە مەسەلەیەكی ناچالاك و، دژ وەستانەوەیە بەو مەسەلەیەی كە نووسەر ئاگاییەك سەرتر لە خوێنەر و ڕەخنەگری هەیە. لە تێڕوانینی ئەماندا، نووسەر هەر شیكردنەوە و باسكردنێك كە لەسەر نووسراوەكەی بدات، تەنیا لە حوكمی تەفسیرێك لە زنجیرە تەفاسیری هەیە و ڕەخنەگر لە بری دووبارە گەڕانەوەی مانای ئاماژەپێكراوی نووسەر، دەبێت واتای دەق هەڵسەنگێنێت.

بەڵام لە سەدەی  بیستەمدا، تی. ئێس. ئیلیۆت كە دژایەتی خۆی لەگەڵ تیۆری نووسەرتەوەری خستەڕوو و كاریگەرییەكی بەرچاوی لە دامەزرانی ڕەخنەی نوێ هەبوو بە دژایەتی  لەگەڵ كەسانێك كە دەڵێن بەرهەمی ئەدەبی ئاوێنەیەكی تەواو باڵای كەسایەتی و شەخسییەتی نووسەرە. ئیلیۆت بە نووسینی كتێبی سوننەت و بەهرەی تاکەکەسی ڕای وایە ئەو هونەرمەندە بە تواناترە كە لە بەرهەمەكەی خۆیدا لە خۆی تێپەرێت و بەردەوام كەسایەتی خۆیی بشارێته‌‌وە. لە كۆی بەرهەمەكانی ئێلیۆتدا بۆمان دەردەكەوێت كە بۆ تێگەیشتن لە دەقێكی ئەدەبی ناتوانین بە پشت بەسین بە نووسەر و بە ناسینی بیرەوەری و كەسایەتی نووسەر بەرهەمە ئەدەبییەكە هەڵبسەنگێنین. 

لە باسەكەی ئێلیۆت بەم ئاکامە دەگەین کە بۆ تێگەیشتن لە دەقێکی ئەدەبی ناتوانرێ پشت بە نووسەری دەقەکە ببەسترێت یان نابێت هەوڵ بدرێت هەتا زەینیەت و کەسایەتی نووسەر بناسرێت یا بە تاوتوێ و پێداچوونەوە لە دەق دووبارە دایبڕژێتەوە. نووسەر تەنیا لە ڕێگای چاوپۆشی لە خۆی و بوون بە نێونجی(ناوبژیکەر) ڕێگە بۆ نووسینی دەق خۆش بکات. بە ڕای ئێلیۆت، نووسەر کەسێکە کە بەهۆی خودئاگایی، لە دەروونەوە ئازار دەکێشێ بەڵام نووسەر گەر بیهەوێ بەرهەمی ئەدەبی دابهێنێ، دەبێت سەرەتا شەوق و هۆگرییەک بۆ نووسینی دەق لە خۆی دروست بکات و دواتر خەریکی نووسینی بەرهەم بێت. بە واتایەکی تر، هەتا کاتێ کە نووسەر زەینی خوڵقێنەری(داهێنەری) خۆی لە کەسایەتی ئازاردیتووی خۆی جیا نەکاتەوە، ناتوانی دەقەکە بنووسێت.

بۆ تێگەیشتن لە واتا یان ڕەخنە و تاوتوێی دەقێک، ناتوانرێ پشت بەو زانیارییانەی کە کەسایەتی یان باوەڕەکان و ئاکار و ڕەوشتی نووسەرمان بۆ دەردەخات، ببەسترێت، چون ئەو شتەی کە دەبێتە هۆی نووسینی دەقێک، لەبەرچاو نەگرتنی(چاوپۆشی کردن) هەر ئەو کەسایەتی و باوەڕ و ئاکار و ڕەوشتەیە. 

كەواتە لە بەرهەمی هەر نووسەرێكدا، ڕووبەڕووی ناوەڕۆکگەلێک دەبینەوە كە لەوانەیە لەگەڵ بیرەوەری و كەسایەتی نووسەر ئاوەها گرینگییەكی نەبێت، بەڵام بە هۆی كاتالیست بوونی مێشكی نووسەرەوە ئەو بابەتە لە بەرهەمەكەیدا بە شێوەیەكی بەرچاو تۆمار كراوە. دەق لێوارێكە لە كەسایەتی نووسەر. بەم بۆنەوە، ئەم باوەڕە كە نووسەر تەنها ناوەڕۆکیک لە بەرهەمەكەیدا پەروەردە دەكات كە بە شێوازێكی تایبەت نەزەری پێی ببێت و بۆ تێگەیشتنی ناوەڕۆک لە بەرهەمەدا ناچارەن چاودێرێ بیرەوەری و تێبینینی نووسەر بكرێت و كەسایەتی بە ناسینی ژیاننامە و زانیاری گەلێكی دەرە دەقی لەبەرچاو بگیرێت، بە تەواوی هەڵەیە و لە ڕەخنەی نوێدا جێگایەكی نییە.

کاتێ ئێلیۆت دەڵێت: «شیعر نووسین لە حوكمی دەربڕینی هەست و سۆزەکاندا نییە، بەڵكو هەڵاتن لە هەست و سۆزەکانە، شیعر بەیانی ئەسڵ و كەسایەتی شاعر نییە بەڵكو دەرچوون لە كەسایەتییە». بانگهێشتێكە بۆ پشتكردن لە قۆناغی سەرەتای سوننەتگەلێك كە دەق بە بەیانێك بۆ ئاشكراكردنی بۆچوون و بیرەوەرییەكانی نووسەر دەزانن  و ڕوو هێنانێكە بۆ ڕەخنەی فورمالیزم كە دەق بە تەنیا سەرچاوەیەكی متمانەپێكراو بۆ باسكردن سەبارەت بە مانا دەزانن. 

لەبەر ئەوەی كە مەبەستی نووسەر بە متمانەوە جێگای باس نییە؛ ئەركی ڕەخنەگری ئەدەبی دۆزینەوەی مەبەستی نووسەر نییە. لە ڕاستیدا دۆزینەوەی مەبەستی نووسەرگەلێك كە لە ژیاندا نەماون زیاتر لێكۆڵینەوەی مێژووییە تا ڕەخنەی ئەدەبی. لە ڕەخنەی ئەدەبی نوێدا مەبەستی نووسەر تا ئەو ڕادە لەبەرچاوە كە لە كردەوەدا لە دەقی نووسراودا گرینگە بۆ هەڵسەنگاندنی دەق، هەر ئەوەندە كە لەگەڵ زمانی دەق و كولتووری سەردەمی بەرهەمەكە ئاشنا ببن، گەیشتن بە بەشێك لە پێوەری ڕەخنەی نوێیە، هەر وەكوو ویمست و بیردزلی دەڵێن: «مێشكی  داهێنەری شاعیر، هۆكاری دروست بوونی  شیعرە، بەڵام نابێت وەكوو پێوەرێك بۆ مەبەستی شاعیری بزانین و ڕەخنەگر، بە پێوەرێك بۆ گرینگی و بایەخی نووسراوی شاعیرەكەی بزانێت». بە پێچەوانەی ئەو شتەی كە تا پێش دامەرزاندنی ڕەخنەی نوێ ڕەخنەگران و چالاكانی ئەدەبی بڕوایان پێی بووە، بۆ تێگەشتن لە دەقێك، ئاوڕدانەوە لە ژیان و زەمانی سەردەمی نووسەر یاخود بۆچوونی ئەدیبان و فەیلەسوفانی ئەو سەردەمە و بە گشتی گەڕان سەبارەت بە هەر لایەنێكی ئەدەبی كە پەیوەندی بە دەرەوەی دەق  ببێت، پەیوەندییەكی بە ڕەخنەی ئەدەبی و زانستی ئەدەبییەوە نییە، بەڵكو لە بازنەی مێژوودا دەگونجێت (هەروەها كە پۆل والێری باسی دەكات؛ کوانەی مێژوویی ئەدەبی، كۆكردنەوەی سوننەتگەلی ئەدەبییە). ئەمەش تەنها لە مێژوودا دەگونجێت تەنانەت نەوەك مێژوویی ئەدەبیات. 

ویمسات و بیردزلی لە كتێبی سەفستە لەبارەی مەبەستی دانەردا ئاماژە بەوە دەكەن كە سەفسەتە لە بەرهەمێكی ئەدەبیدا كاتێك ڕوو دەدات كە ڕەخنەگر لە ڕوانگە و كاریگەربوونی دەق لەسەر هەست و سۆزی خۆیەوە لەسەر بەرهەمێك قسە بكات. بەكارهێنانی وشەگەلی (شادی‌هێنەر، خەم‌هێنەر، ورەدان) چ جێگایەكی لە ڕەخنەدا نییە. ئەم جۆرە كاریگەریانە كە لەسەر خوێنەر هەیەتی بەهۆی بەكارهێنانی تەكنیكگەلێكە كە بە زانیاری نووسەرەوە بەکار هێنراوە. ڕەزا بەراهەنی سەبارەت بە كاریگەری دەق لەسەر هەست دەڵێ: «دەتوانین دەقی ئەدەبی بە بۆنەیەکی ڕووكەشیانە بزانین كە لەنێوان بەشەكانی دەق یەکێتی و فرەیی و مانادار بۆ خوێنەر دەربخات». هەرچەند لێرە مەبەست جۆری ئەدەبی نییە. تەنها لەبەر ئەوەی كە ئەدەبیات، بە جۆرێك ئێمە بە دەرەوە ئیرجاع دەدات، بەڵام ئێمە لە دەقی دەروونی بەرهەم قسە دەكەین كە بەرهەمی تەكنیك و فەنی بەكار هێنراو لە دەقە. ئاوەها ڕەخنەگرگەلێك دەق و هەست تێكەڵ دەكەن كە ویمسات و بیردزلی دژ بەم بۆچوونە دەوەستن. دەق لە بەرهەمێکی هونەریدا ئاكامی ئەو تەكنیكانەیە كە لە بەرهەمەكەدا بەكار هێنراوە. حوسەین پایەندە سەبارەت بەم بابەتە دەنووسێت: «دوو خاڵ سەبارەت بە ئەدەبیات دەبێ لەبەرچاو بگیردرێن، ئەدەبیات بۆ نیشاندانی هەستەكان و سۆزەكان نییە، بەڵكو هەر بەرهەمێكی ئەدەبی لە واقیعدا دەقێكە بە تایبەتمەندییەكانی خۆیەوە كە دەبێ لەبەرچاو  بگیرێت». كاریگەری دەق لە هەموو ڕاڤە و لە لای هەر خوێنەرێکدا بە یەك ڕادە نییە. شێوازێك لە ڕەخنە كە تەنیا سەبارەت بە كاریگەر بوونی دەق لەسەر خوێنەر لێدوان بدات، هیچكات ناتوانێت بگات بە ئاكامێكی گشتی. نووسین سەبارەت بە كاریگەرییەك كە دەق تەنیا لەسەر تاك هەیەتی و دەتوانێت بە ژمارەی خوێنەران جیاواز و هەر یەك بە شێوازێك بێت، ڕەخنەگر دەتوانێت سەبارەت بە مانا لە شتێكەوە باس بكات كە گشتی بێت و لەسەر تاک نەوەستا بێت.

لە سەردەمی دەركەوتنی فۆرمالیزمەكاندا، زانستی ئاكادیمی پرەنسیپ و نەریتە كۆنباوەكانی بەكاردەهێنا، كە لە جوانیناسی، دەروونناسی و مێژوو وەریگرتبوو، هێزی دەركی بابەتەكانی خوێندەواری خۆی لە دەست دا. هەر ئەم دەرفەتە بوو بە تەرخانكردنی فەزایەكی بڵاو بۆ فورمالیزمەكان كە بووە هۆی دامەرزاندنی فورمالیزمەكان. 

ئازادكردنی وشەی بووتیقا  (بووتیقا خەسڵەتەكانی بابەتێکی ئەدەبی تاوتوێ دەكا؛ تودۆرۆف)  لە ڕێباز گەلی فەلسەفی و مەزهەبییەكان لای سیمبۆلیستەكانەوە بە زۆری پلەیەكی سەرتری هەبوو، مەبەستێك بوو كە یەكەمین گرووپی فورمالیزمەكانی دامەرزاند.

فۆرمالیزمی ڕووسی دەبێ وەک لف و دوانەی ڕەخنەی نوێ ئاماژە پێ بدەین؛ بەو شرۆڤەوە کە نە دانەرانی تیۆری فۆرمالیسمی ڕووسی لە ھەبوونی تیۆرییەکی لفانە بە نێوی ڕەخنەی نوێ ئاگادار بوون و نە ڕەخنەگرانی نوێ دەیانزانی کە کەسانێک کەم تا زۆر ھاوکات لەگەڵ ئەوان لە ڕووسیادا ڕێدۆزێکی نوێ بنیات دەنێن، کە سەبارەت بە جێگە و پێگەی دانەر (دانەر لێرەدا مەبەست دانەری بەرھەمی زانستی وەک کتێب و …) ڕوانگەیەکی ھاوشێوە ڕەچاو دەکەن. فۆرمالیرمی ڕووسی لە دەیەی دووھەمی سەدەی بیستەمدا و وەک نەیار و بەرەنگاری قوتابخانە سونەتییەکان پێکھات، کە دەقە ئەدەبییەکانیان بە شێوەیەکی ڕەھا لەژێر تیشکی زانیارییە مێژووییەکان و سەردەم و کاتی دانرانی بەرھەم یان لەژێر تیشکی زانیارییە دەروونناسانەکانی پێوەندیدارە بە دانەر، دەخستە بەر تاوتوێ و لێکۆڵینەوە. دانەرانی تیۆری ئەم ڕێدۆزە نوێیەدا دوو ئامانجی سەرەکییان پەیجۆری دەکرد: یەکەم ئەوەیکە دەیانویست، لەگەڵ دەستنیشانکردنی شێوازناسی تایبەتیی ئەدەبیات، جیاواز لە شێوازناسی بوارەکانی دیکەی زانستە مرۆییەکانی وەک مێژوو و ھتد، بۆ تاوتوێکردنی دەقە ئەدەبییەکان، بنیاتێکی زانستی داڕێژن و شێوازی جیاواز پێشنیار بدەن؛ لەلایەکی دیکەشەوە دەیانویست نەیارێتی ئەو ڕوانگەیە بکەن کە ئەدەبیاتی بە شێوەکی ڕەھا وەک کاردانەوە و ھەڵگەڕانەوەی ڕاستەقینەکان دەھێنایە ئەژمار .

فۆرمالیزمه ڕووسەکان بۆ گەیشتن بە ئەم دوو ئامانجە ھەوڵیان دەدا تاكوو وتووێژ سەبارەت بە ئەدەبیبوونی زمانی دەقە ئەدەبییەکان وەک تەوەری سەرەکی تاوتوێ و ڕەخنە بخەنە ڕوو. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، بەرھەمەکانی نووسەر دەرەنجامی ژیاننامەی ئەو نییە و ناوەندی سەرنج و ئاوڕدانەوەی ڕەخنەگریش نابێ کەسایەتی دانەر(نووسەر) یان ڕووداوەکانی ژیانی ئەو بێ. ئەڵبەت فۆرمالیزمه ڕووسەکان نەیاری کۆڵینەوەی ژیاننامە نەبوون؛ بەڵام- ھەر بەو جۆرەی کە بووریس توماشفسکی یەک لە فۆرمالیزمە بەناوبانگەکانی ڕووس لە وتارێکدا لەژێر ناوی ئەدەبیات و ژیاننامەدا ئاماژەی پێ دەدات، ژیاننامەی شاعیر یان چیرۆک‌نووس گرنگییەکی زیاتری (یان نیشانەیەکی تایبەتتر) بەرامبەر ژیاننامەی داھێنەر یان سەردارێکی گەورەی هێزێکی چەکدار (سوپایەک) نییە.

خاڵی گرنگتر ئەوەیکە، لە ڕوانگەی فۆرمالیزمەكانی ڕووسەوە و بە پێچەوانەی بیرۆکەی باوی ڕوانگە سونەتییەکان سەبارەت بە ژیاننامەی دانەر(نووسەر)و بەرھەمەکانی، جار جار چالاکییە ئەدەبییەکانی شاعیر یان نووسەرەکە ڕێگا یان ئامانجەکانی ژیانی ئەو دەستنیشان و دیاری دەکات. 

فۆرمالیزمە ڕووسەكان لە شیكاری بەرهەمی شاعیران و نووسەران بە ژیاننامەی ئەوان -لە هەر شوێنێك كە پێویست بێت ژیاننامەكە بە بەرهەمەكەوە پەیوەند بدرێت- ئاماژە دەكەن بەڵام  جەخت دەكەنەوە كە ئەم ژیاننامە بەس بە دواهاتنی پەراوێزی بەرهەمە كە نووسەر خوڵقاندوویەتی نە بە پێچەوانەوە. پەیوەندی دێرینەی ژیاننامە و بەرهەمە ئەدەبییەكان پێچەوانە دەكەنەوە و ئاماژە دەكەن كە خودی نووسەر بەرهەمی دەقە ئەدەبییەكەیە نە سەرچاوەی دەق. 

مشتومڕكردن لەنێوان «ڕەخنەی نوێ» و فۆرمالیزمە ڕووسەكان لەسەر مانای خوازراوی نووسەر، یا پەسەندنەكردنی پێگەی نووسەر لە دیاریكردنی مانای دەق بووە هۆی ئاڵوگۆڕی لە بووتیقاگەلی ئەدەبی لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم، كە پێناسە و تایبەتمەندی گەلی دەق ببێتە ناوەندی ڕەخنە.

بەڵام لە كاتی درووسبوونی پاش پێكهاتەخوازی -دەیەی ١٩٦٠ تا ئێستا- لە بنەڕەتدا بەكەڵك بوونی تێكۆشان بۆ بەدەستهێنانی مانایەكی  تاك و مسۆگەر، بووە بە بابەتێك كە جێگایەكی زۆری لە بووتیقا و ڕەخنەی ئەدەبیدا بۆ باسكردن هێشتۆتەوە.

پێكهاتەخوازەكان هێماگەلی زمانی وەكوو شێوازێكیتر لە یاسای هێمای -سیستەمی هێما- دروست بوو لە دوو بەشی -دال و مەدلول- دەزانن. بەڵام پاش پێكهاتەخوازەكان لە یەكجارەكی و جێگربوونی –مەدلول- گومانیان هەیە. بەپێی بیروڕای ئەمان هەر دالێك نە بە یەك مەدلولی تایبەت، بەڵكو  دەیگەڕێنێتەوە بۆ دالێكیتر كە هەر هەمان دال بە زنجیرەیەك لە دالگەلێكیتر پەیوەند دراوە. هەر بەم بۆنەوە هێماگەلی زمانی لە بری دروستكردنی مانایەكی یەكجاری، ماناکه دوا دەخەن.

بە بڕوای ڕەخنەگرە پێكهاتەخوازەكان بە كاریگەری لە ژاك دێریدا ئەدەبیات و فەلسەفەی باشوور لەسەر ئەساسێكی هەڵە دامەرزاوە كە زمانی ئامێری متمانە پێكراو بۆ دەنگدانەوەی حەقیقەتە.  

ژاك دێریدا ئەم ڕوانگە هەڵە بە وتەتەوەری (كلام محوری) ناو دەنێ و بە جۆرێك بەوەهمی دەزانێت، وەهمێك كە لەسەر ئەو ئەساسە مانا لە زماندا لە حەقیقەت سەرچاوە دەگرێت و دەتوانێت ڕوونكەرەوەی پێكهاتەكانی حەقیقەت بێت. لە ڕوانگەی دێریدا-دا ئەم گریمانەیەە كە زمان دەتوانێت ئاوێنەیەكی ڕوون بێت بۆ پێشاندانی مێتافیزیكی حزوور، هەڵەیە. لە ڕوانگەیەكی ترەوە نووسەر لە كاتی نووسینی دەق، ئەندێشەگەلێك كە پێشتر لە مێشكیدا شكڵی گرتووە تۆمار ناكات كە بە خوێندنەوەی دەق بتوانێت ئەو ئەندێشەگەلە وەرگرێ. حوسەین پایندە لە گوتاری ڕەخنەدا دەنووسێ: «خوێندنەوەی دەق و مەدلولگەلی ناوبراو لە دەقدا خوێنەر بە دالگەلێكی تایبەت و دیاریكراو ڕێنوێنی ناكات بەڵكو نووسەر تەنها دالگەلێك بەكار دەهێنێت كە سەربەخۆیانە مەدلولگەلێك بە زێهنییەت و بیری خوێنەر دەست پێ دەكات.»  

    هەر بەم بۆنەوە دەتوانین هەر دەقێك بە كایەیەكی ئازادانە لە بەینی هێماگەلی بەكار هاتوو لە دەقدا بزانین. بەپێی بڕوا و باوەڕی پێكهاتەخوازەكان ناتوانین نووسەر لە جێگەی مانا دابنین. بەم كارە لە واقیعدا بە جۆرێك لە وتەتەوەرانە زنجیرە ماناكان سەرتر لە دیكەی ماناكان دەزانین. میشێل‌ فوكۆ و ڕۆلان‌بارت دوو بیرمەند لە ڕوانگەی پێكهاتەخوازەكان بوون كە كاركردی زمانیان لە دەقدا  تێبینی كرد. ڕۆلان‌ بارت پێگەی خوێنەر لە ڕاڤەی ڕەخنەگرانەی دەقدا بەرز دەكاتەوە و دەڵێت: «مانای دەق، تەفسیری تێگەیشتنی خوێنەرە نە دەنگدانەوەی ئەندێشەگەلی نووسەر. هەر دەقێك یەك -پەیام- و – درووشم- نییە بەڵكو درامێك لە هێماكانە كە هەر خوێنەرێك بە شێوازی -تایبەتی- خۆی دەتوانێت کنە و پشكنین بۆ بكات». بوونی نووسەر لە خوێندنەوەی ئەدەبیدا تێكەڵ بە تۆتالیتارە، بە ئامادەیی نووسەر دەنگە جیاوازەكان نابیستین و نووسەر لە جێگای سەرچاوەدا خۆی بەسەر خوێنەر دەسەپێنێت . ڕۆلان ‌بارت دەڵێت: ئێستا دەزانین كە ده‌ق، زنجیرەیەك لە وشەکان نییە كە مانای -لاهوتی- (پەیامی نووسەر-خوا)  ڕۆشن دەكاتەوە، بەڵكو دەق فەزایەكی چەن ڕەهەندییە كە هەموو شێوازە نووسراوەكان لەوێدا پێكەوە ئاوێتە دەبن. دەق تانوپۆیەك لە گواستنەوەگەلی جیاوازە كە لە ناوەندگەلی زۆر جیاوازی كولتوورەوە وەرگیراون. 

لە بۆچوون و ڕوانگەی پێكهاتەخوازایانه‌ی بارتدا، دەق وەكو گۆڕەپانێكە كە كۆی بێ ئەژماری گواستنەوە و زایەڵە لەوێدا پێكەوە كۆدەبنەوە و خوێنەر ئازادە لەسەر هەر كورسییەك كە پێی خۆش بوو دابنیشێت. ناتوانین هیچ خوێندنەوەیەكی -دروست- بۆ  مانای دەق هەڵبژێرین. خوێنەر بۆ خوێندنەوەی دەق، پێویستی بە كەشفی مەبەستی نووسەر نییە.