مۆدێرنەی شل

ڕێگایەك بۆ تێگەیشتن لە تیۆرە سۆسیۆلۆژییەکەی زیگمۆند باومەن

وەرگێڕانی: ھوشیارشێخ ئەنوەر

(زیگمۆند باومەن) ١٩٢٥ -٢٠١٧ زانای سۆسیۆلۆژی پۆڵەندی و پرۆفیسۆری وانەكانی سۆسیۆلۆژیا لە زانكۆی ( لیدز) لە بەریتانیا، تێزەکەی خۆی لەبارەی (مۆدێرنەی شل- پۆست مۆدێرن)ەوە لە زەنجیرە کتێبێکی هەشت بەرگیدا دەخاتە ڕوو. ئەم بابەتە خوێندنەوەیەکە بۆ ئەو هەشت کتێبە.

     لەو زنجیرەیەدا (باومەن) بە دیدگای تایبەتی خۆی باس لە ھەردوو چەمكی مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنە دەكات، كە دواجار دەیانگۆڕێت بۆ دوو چەمكی تر كە شتێكی نوێن بەلای خوێنەری خۆرھەڵاتییەوە ئەویش چەمكی (مۆدێرنەی ڕەق  (پتەو) لەگەڵ چەمكی مۆدێرنەی (شل). مۆدێرنەی رەق مەبەستی لەو قۆناغەیە لە مۆدێرنە كە تیایدا “ئەقڵ دەسەڵاتی ڕەھای بەسەر ھەموو شتێكەوە ھەیە” و مۆدێرنەی شل مەبەستی ئەو قۆناغەیە كە پێی دەڵێین: (پۆست مۆدێرنە) و تیایدا  چەمكە پتەوەكان یان ڕەقەكان ھەڵوەشێندراونەتەوە و ئازاد بوون و ڕزگار بوونی مرۆڤ  لە دەسەڵاتی ھەموو حەقیقەت و موقەدەسەكان و پێناسە و چەمكەكان ئامانجی سەرەكییەتی.

زیگمۆند باومەن(١٩٢٥-٢٠١٧) فەیلەسوف و کۆمەڵناسی پۆڵەندی

بەم  پۆلێنكردنە باومەن توانی زنجیرە كتێبەكەی خۆیمان بۆ بنووسێت كە لە ھەشت كتێب پێكھاتوون و تیایدا باسی ئەو دۆخی شل بوونەوەیەمان بۆ دەكات كە چۆن تووشی ھەموو جومگەكانی ژیان بۆتەوە لەم سەردەمەی خۆماندا لە جومگەكانی وەك: (مۆدێرنەی شل، ژیانی شل، شلە ئەوین ، ئەخلاقی شل، شلە كاتەكان(زەمەنەكان)، شلە ترسی شل، چاودێری شل و شەڕانگێزی شل).

كتێبی یەكەم: مۆدێرنەی شل

باومەن لە یەكەم كتێبی زنجیرەكەدا بە ناوی (مۆدێرنەی شل) پێناسەی ئەم شل بوونەوەیەمان بەم جۆرە بۆ دەكات: “جیا بوونەوەی توانا لە سیاسەت، واتە ئەوەی كە “ئێستا ئەوەی ئێمە دەتوانین بیكەین جیابووەتەوە یان دابڕاوە لەوەی كە دەبێت بیكەین”.

بە واتایەكی ئاسان تر: (جاران لە مۆدێرنەی (ڕەق)دا دەوڵەت بەرپرسیار بوو لە وەبەرھێنان و پەرەپێدانی چەپاندنی تاك لە پێناو كۆمەڵگە، بەڵام لە ئێستادا كە ناوی ناوە مۆدێرنەی شل، دەوڵەت وازی لەو ڕۆڵ و كارانەی خۆی ھێناوە و بازاڕی بە ڕووی سەرمایەی ئازادا كردۆتەوە و بێ ئامانج و مەبەستێكی دیاریكراو ھانی بەرخۆری و نوێكردنەوەی بەردەوامی شمەكەكان دەدات لە پێناو تێركردنی كاتی و خێرایی حەز و ئارەزووكان ئیش دەكات.   

لەم كاتەی ئێستادا باومەن وای دەبینێت كە: بەرخۆری لە كاڵای ماددییەوە سەریشی كێشاوە بۆ بەرخۆری لە ھەست و سۆز و پەیوەندییە مرۆییەكان و تەكنەلۆژییەكانیش، بە ڕادەیەكی وا كە كاریگەرییەكی زۆری خستۆتە سەر مانای ژیان و خۆشەویستی و ئەخلاق، چونكە ئێستا بەھۆی بەكارھێنانی لە ڕادەبەدەرمان بۆ تەكنەلۆژیای نوێ ھەموومان سانسۆرمان لەسەرە و چاودێری دەكرێین، ئەمەش وای كردووە (ترس) وەك شلەیەكی ڕژاو لە ئەنجامی بەرخۆری و نیگەرانییەوە و ترس لەوەی كە بەیانی چی دەبێت و چی ڕوو دەدات، بە ناوماندا بڵاو ببێتەوە، ئەم بڵاو بوونەوی ترسە كە وەك شلەیەك ڕژاوەتە ناومانەوە وای كردووە كە تووشی تێكچوونێكی ئەخلاقی ببین كە تیایدا شەڕ و خراپەكاری بەھانە و پاكانەی خۆیان ھەیە تەنانەت لەلایەن دەوڵەتیشەوە بەھانەی خۆی ھەیە. كەواتە باومەن چۆن ئەم  ھەموو دیمەنەی دەستنیشان كرد لە زنجیرەكەیدا؟

       كاتێك تەنھا گۆڕان بەردەوامە و ناوەستێت ئەوا نادڵنیایی دەبێتە تەنھا دڵنیایی و ئەو دۆخی شلبوونەوەیەی باومەن مژدەی پێدەدات ھەمو شتێك دەگرێتەوە لە زنجیرە كتێبەكەیدا، لەوانە كتێبی مۆدێرنەی شل كە لە پێنج بەش پێك ھاتووە و لەبارەی (ئازاد بوون، تاكێتی، دووانەی كات و شوێن، كار، كۆمەڵگە) دەدوێن. لێرەدا باومەن لەو مۆدێرنەیەوە كە تەنھا ئامانجی بۆ ئەوەیە بگەین بە كامڵ بوون دەمانبات بەرەو مۆدێرنەی شل كە تەنھا ئامانجی ئەوەیە بەردەوام و بێسنوور شتەكان باش بكات و پەرەیان پێ بدات واتە پێشكەوتنی بەردەوام، كە لێرەدا ناگەینە دۆخێكی كۆتایی یان ھەرگیز ناگەینە كۆتاییەك بۆ مانای شتەكان.

مەبەستێكیش لەم بەردەوام بوونە بوونی نییە تەنانەت مۆدێرنەی شل حەزی بە ئامانجێكی دیاری كراویش نییە.

باومەن دەڵێت: “ئێستا بەھۆی بەجیھانی بوونەوە مانای قوڵی شوێن و بەھاكان و شتەكان و پەیوەندییە مرۆییەكان بوونەتە بابەتێكی (بەکاربردن-استھلاك)ی و ئێستا پرۆسەی بەكاربردن و بەرخۆری ئەو شتانە بووە بە سەنتەری ژیان، واتە بەرخۆری بووەتە سەنتەری ژیان. و ئیدی نوێكردنە و ئەپدەیت كردنی بەردەوامی شتەكان بەبێ بوونی ئامانجێك لەپشت ئەو نوێكردنەوەیە بوونی ھەبێت، بوو بە مەبەست و ئامانجی كۆتایی ژیان، واتە ئەوەی شێوە ژیانی ئەمڕۆ لە ژیانی پێشتر و ڕابردوو جیادەكاتەوە ئیدمان و ئالودە بوونە بە نوێكردنەوە و ئەپدەیت كردنی بەردەوامی بەھای شتەكان و پەیوەندییەكانی مرۆڤ و مرۆڤ تووشی وەسواسێكی قەھری بووە بۆ بەرخۆری و نوێكردنەوە.

ئێستا پەیوەندییەكانی نێوان مرۆڤەكانیش كاتین و زوو زوو دەگۆڕدرێن و بە ئاسانی كەسەكان پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و سۆزدارییەكانیان واز لێ دەھێنن و ھەڵی دەوەشێننەوە، زوو زوو واز لە ئەرك و فەرمانەكانیان دەھێنن و لێی پاشگەز دەبنەوە،

بەپێی باومەن ئەم گۆڕانە لە دۆخی ڕەقییەوە بۆ دۆخی شلی كاری كردۆتە سەر دوو بەھای تر كە بریتین لە ( مانەوەی درێژخایەن و زوو نەمان).

ئێستا كۆمەڵگە وای لێ ھاتووە كە حەزی بە میانڕەوی و شل ڕاگرتنی شتەكانە كە زوو زوو ئەم شتانە دەگۆڕێت و خێرا دوای بەكارھێنانیان فڕێیان دەدات، ئیتر بەھا مرۆییەكانیشی گرتۆتەوە واتە ئێستا پەیوەندییەكانی نێوان مرۆڤەكانیش كاتین و زوو زوو دەگۆڕدرێن و ئێستا بە ئاسانی كەسەكان پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و سۆزدارییەكانیان واز لێ دەھێنن و ھەڵی دەوەشێننەوە، زوو زوو واز لە ئەرك و فەرمانەكانیان دەھێنن و لێی پاشگەز دەبنەوە، ئێستا یاسای گەمەكان ھەر بە ھێندەی كاتی گەمەكانەوە بەردەوامە، لە دوای گەمەكەوە یاساكان بەردەوام نابن، ئێستا ھەموومان خراوینەتە ماراسۆنی ڕاكردن بەدوای شتە نوێكاندا، چونكە لە سایەی ئەم مۆدێرنە شلەدا ھەموو شتێك ئەگەری ڕوودانی ھەیە، بەڵام ھیچ شتێكیش نییە كە بە متمانە و دڵنیاییەوە بیكەین.

  ئەم ئەپدەیتە یەك لەدوای یەكانە بۆ بەھا و شتەكان بووەتە ھۆی ئەوەی كە دۆخێك لە تاكێتی پەیدا ببێت كە گرنگی كۆمەڵگەی سڕیوەتەوە، ئیتر ئێستا ھەر كەسە و بە تەنھا ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆی دەبێتەوە و، كۆمەڵگەش بووە بە تنھا گروپێك كەس كە بە تەنھا ڕووبەڕووی كێشەكانی خۆی دەبێتەوە، واتە لەناو گرووپەكەدا ھەریەك لە ئەندامانی گرووپەكە بە تەنھا كێشەكانی خۆیان چارە دەكەن، واتە ئێستا لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا و لە مۆڵەكان و لە گۆڕەپانەكان و لە یاریگاكان خەڵك زۆر ھاشوھوش و دەنگیان بەرزە بەڵام ئامادەبووانەكە ھیچ پەیوەندییەكی مرۆییانەیان لەگەڵ یەك نییە، بەڵكو تەنھا پەیوەندییەكی ڕووكەشی (سطحي) لەنێوانیان دروست دەبێت كە بەندە بە پرۆسەكردنی ساتەكەوە كە تیایدان و خێرا كاتەكە بەسەربەرن بەبێ ئەوەی ھیچ پەیوەندییەكی قوڵ و ڕاستەقینە لەگەڵ یەك دروست بكەن.

ئیدی لە نەبوونی ئاسایشێكی درێژخایەن وای لێھاتووە بە تێركردنی كتوپڕی خێرایی خۆمان بۆ شتەكان ڕازی بین و پێمان وابێت شتێكی زۆر ماقوڵ و باشمان كردووە، ئیتر ھەر شتێك بكەوێتە دەستمان خێرا دەبێت بەكاری بھێنین و چێژی لێ وەبگرین چونكە نازانین بەیانی چی دەبێت و چی ڕوودەدات.

ئەمە سەردەمی ترس و نیگەرانییە كە لە ھەموو ساتێكی ژیانماندا لەگەڵماندایە و تەكنەلۆژیا و پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاش ناتوانێت ھەلی ژیانێكی جێگیر و ئاسودەمان بداتێ، بەڵكو بە پێچەوانەوە لەم سەردەمەدا ھەموو ئەگەرەكانی پەرەسەندی خودی خۆمان لەدەست داوە، چونكە ئەو دۆخە شلەی لەبەر دەممانە زۆر ھەڵبژاردە و ئۆپشنی بێكۆتامان دەخاتە بەردەست كە زیاتر نیگەرانمان دەكات، كە چیتر ئارامی و ئاسودەییمان نامێنێت بەھۆی نەبوونی شتێكی ڕوون و تێكەڵ بوونی شتەكان بە یەكتری و نەبوونی تێگەیەك و مانایەكی جێگیری شتەكان.

كتێبی دووھەم: ژیانی شل

لە دوای ڕێخۆشكردن بۆ چەمكی شلی لە كتێبی یەكەمدا مۆدێرنەی شل “باومەن” كتێبی دووھەممان پێشكەش دەكات بە ناوی ژیانی شل بۆ ئەوەی بە كورتی پێمان بڵێت: ئەم ژینەی ئێستای جیھان بریتییە لە ژیانێكی شل، كە پێشەكی زنجیرەیەك لە سەرەتای نوێن، كە مەبەستی لەو سەرەتایانە ئەوەیە ئێستا ژیانمان ھەمووی بووەتە بەرخۆری بەردەوام ، بێكۆتا.

كەسەكان لەنێو کۆمەڵدا لەڕێی بەرخۆرییەوە بەھا وەردەگرن، واتە تاچەند بەرخۆر بیت ئەوەندەش مرۆڤیت

ژینی شل بەپێی باومەن ژیانێكی بەرخۆرییە وا لە جیھان دەكات كە ئەوەی تیایەتی لە گیاندار و بێگیان ھەمووی ببنە بابەتی ئیستیھلاكی و بەرخۆری، كە ھەركات بەكارمان ھێنان ئیدی بەھا و سیحر و جوانییەكەی خۆیان لەدەست دەدەن، لێرەدا كەسەكان لەنێو کۆمەڵدا لەڕێی بەرخۆرییەوە بەھا وەردەگرن، واتە تاچەند بەرخۆر بیت ئەوەندەش مرۆڤیت و حسابت بۆ دەكەن، چونكە مەرج نییە ئەوەی پارەی لەگیرفان بێت سەرفی بكات. [واتە  تا زیاتر بەرخۆری بكەیت زیاتر بەھات بەرز دەبێتەوە، لێرەوەیە مرۆڤ دەبێت بە كاڵا، چونكە بۆ دەبێت مرۆڤ نرخ و بەھای بۆ دابنرێت لە كاتێكدا مرۆڤ خۆی بەھایەكی ڕەھایە].

لێرەدا دەبنین مرۆڤ گەمارۆ دەدرێت بە ھەموو ئەو دۆخانەی كە ھیوای ئازادی پێ دەدەن [واتە لە ریكلامی كاڵاكاندا وای تێدەگەیەنن كە بەدەست كەوتنی ئەم كاڵایە ئینجا ژیانی خۆش دەبێت و ھەست دەكات كە ئازادە و كەسەكە خاوەن بڕیاری خۆیەتی]، كەچی لە ڕاستیدا گەمارۆ دەدرێت بە داھێنانی پێداویستییەكان بۆی.

باومەن كتێبی دوھەمی دەكات بە حەوت بەشەوە كە بریتین لە: تاك لەژێر گەمارۆدا، لە (گەشمرد)ە یان لە شەھیدەكانەوە بۆ قارەمانەكان و لەقارەمانەكانەوە بۆ بەناوبانگەكان، كولتوور لە دەرەوەی كۆنترۆڵ. گەڕان بەدوای پەناگەیەكدا لە سندوقی پاندۆرادا یان ترس و ئاسایش و شار. بەرخۆرەكان لە كۆمەڵگەی شلدا، فێربوونی ڕۆشتن بەسەر لمە جوڵاوەكاندا(الرمال المتحركە). بیركردنەوە و تێفكرین لە ساتە تاریكەكاندا.

  باومەن لە پێشەكی كتێبەكەیدا دەڵێت: پەیووندییەكی قوڵ لەنێوان مۆدێرنەی شل و ژیانی شلدا ھەیە، واتە ژیانی خەڵك لە كۆمەڵگەی مۆدێرندا شلە و ناكرێت شێوەیەكی چەسپاو و جێگیر وەرگرێت ناتوانێت بۆ ماوەیەكی درێژ شێوازی خۆی بپارێزێت. چونكە لەو دۆخی شلییەدا ژیان پڕە لە مەترسی و تیایدا مرۆڤ ھەمیشە لە بارێكی ناكام و ئاگاداری بەردەوامدایە.

هەروەها دەڵێت: لە ژیانێكی وەهادا مەترسیدارترین شت كە تووشی تاك ببێتەوە شكست ھێنانێتی لەوەی كە بەو شتە نوێیانە ڕانەگات كە دێنە پێشی و ئەمیش فریا نەكەوێت بەكاریان بھێنێت. كەواتە ژیان لە كۆمەڵگەیەكی وەهادا لە گەمەی (كورسی و مۆسیقا) دەچێت كە تیایدا كورسیەك دادەنێن و چەند كەسێك بە دەوری كورسییەكەدا دەسوڕێنەوە لەپڕ كە مۆسیقاكە وەستا، دەبێت خێرا كەسێك لەسەر كورسییەكە دابنێشێت و ئەوەشی فریا ناكەوێت لەسەری دابنیشێت دەردەكریت لە گەمەكەدا.

ئیدی تاك كەوتۆتە ناو ئەو گەمارۆی بەرخۆری و تاك وای لێھاتووە لەو ساتە بترسێت كە تیایدا فریا نەكەوێت شتەكان و پەیوەندییەكانی خۆی بە ماركەیەكی نوێ تر نەگۆڕێتەوە لەوەی كە ھەیەتی.

ئیدی لەم ژینە شلەدا مانای (گەشمردە یان شەھید) دەگۆردرێت لە مانایەك بۆ مردن لە پێناو بەھایەكی بەرزی مرۆڤانەدا بۆ ئەو قارەمانەی كە كاسپی بۆ دەوڵەت دەكات. واتە پارەی زیاتر سەرف دەكات بۆ بەرخۆری. چونكە لەم ژیانە شلەدا تا كەسەكە زیاتر بەرخۆری بكات ئەوا زیاتر بەھای لە بەھای شەھیدەكان بەرز تر دەبێتەوە، چونكە لەم ژینە شلەشدا چیتر سەركەوتن بە تەنھا سەركەوتنێك ناناسرێت بەڵكو بە ململانێیەكی نەبڕاوەی ڕۆژانە سەیر دەكرێت كە تیایدا سەركەوتنی كۆتایی بۆ كەس مسۆگەر نییە جگە لە بەرخۆری بەردەوام.

       كتێبی سێھەم: ئەوینی شل


لە ئاوازێكی دانەبڕاودا باومەن كتێبی سێھەممان پێشكەش دەكات بە ناوی ئەوینی شل كە گوزارشت لە بێھێزی و ناپتەوی و ناسكی پەیوەندییە مرۆییەكان دەكات لە كۆمەڵگەیەكی بەرخۆرەوە بۆ كاڵاكان بەرەو كۆمەڵگەیەكی بەرخۆریش لە ھەست و سۆز و پەیوندییە مرۆییەكان، چونكە ھەموو پەیوەندییە نەریتی و باو و چەسپیوەكان كۆنترۆڵیان لەدەست داوە و چیتر حەزپێكرا و ئارەزووكراو نین وەك جاران.

لەم سەردەمەدا مامەڵەی مرۆڤ لەگەڵ ھەست و سۆز و پەیوەندییەكاندا ھەمان مامەڵەیە كە لەگەڵ كاڵاكاندا دەیكات، كە تیایدا پەیوەندییە مرۆییەكان پەیوەندییەكی كاتی و تێپەرن

     خانمە دكتۆری مصری (ھبە ڕەئوف) لە پێشەكی ئەم  كتێبەدا وای دەبینێت كە گەشتەكەی باومەن لە فەلسەفەوە دەست پێدەكات بەرەو سۆسیۆلۆژیا و بە سیاسەت كۆتایی دێت. كتێبەكە لە چوار بەش پێك دێت لەوانە: كەوتنە ناو خۆشەویستی و ھاتنە دەرەوە لێی، بەستنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و ھاتنە دەرەوە لێی، دراوسێكەت وەك خۆت خۆش بوێت، ھەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵگەی مرۆیی.

  لەم كتێبەدا باومەن دەڵێت: لەم سەردەمەدا مامەڵەی مرۆڤ لەگەڵ ھەست و سۆز و پەیوەندییەكاندا ھەمان مامەڵەیە كە لەگەڵ كاڵاكاندا دەیكات، كە تیایدا پەیوەندییە مرۆییەكان پەیوەندییەكی كاتی و تێپەرن و ناوی دەنێت: “پەیوەندییەكانی گیرفانی سەرەوە”، وەك مانایەك بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ھەرجۆرە پەیوەندییەك دوای بەكارھێنانی و تێربوون لێی.

باومەن دەڵێت: ئێستا ھەر وەك بەرھەمێكی بەرخۆری دەكرێت واز لە ھەموو جۆرە پەیوەندییەكی مرۆیی بھێنین، ئێستا چاوەكان بەردەوام بۆ پشت چركەساتەكان دەڕوانن و ھەر بۆ ئەوە دەڕوانن كە چی جوانتر دەنوێنێت، چاو تێر نابێت بەوەی كە ئێستا ھەیە و لەبەردەستە. باس لەوەش دەكات كە چۆن جیھانی گریمانەیی و سۆشیال میدیا كۆنتڕۆڵی جیھانی ڕاستەقینەی ئێمەی كردووە، بەوەی ئێستا پەیوەندییەكانمان لەگەڵ یەكتر لە واقیعی ڕاستیدا بە پێوەری پەیوەندییەكانمان لە سۆشیال میدیادا دەپێوین، واتە بە كلیكی دوگمەیەك دەتوانین ھاوڕێیەكی ناو سۆشیال میدیا بسڕینەوە، یان بلۆكی بكەین، ھەر وەك ئەوەی ھیچ شتێك نەبوبێت، ھەروەھا زوو تووش بوون بە بێزاری و بێ تاقەتی لە نێوان ھاوسەرەكاندا بەھۆی تەشەنەكردنی بەھای بەرخۆری و بەكاربردنی شتەكان و پەیوەندییەكان لە دەروونی تاكەكاندا و كە ھەریەكێكیان بەردەوام  بەدوای چێژی خێرای كەمخایەندا دەگەڕێت  و ئێستا لە سایەی ئەم شل بوونەوەیە لە پەیوەندیەكاندا كۆمەڵگە بووە بە چەند گرووپێكی بچووك لەنێوان چەند كەسێكدا. ئیتر “باومەن” دەڵێت: «مرۆڤ لە ڕوونی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانەوە گۆڕاوە بۆ ناڕوونی پەیوەندییە تێپەڕەكان».

كتێبی چوارەم: ئەخلاق لە سەردەمی مۆدێرنەی شلدا


ئەم كتێبە لە چوار بەش پێك دێت: كام ھەل بۆ پاراستنی ئەخلاق لە سەردەمی بەرخۆریی بە جیھانیی بووندا، كوشتنی خێرا و میراتی سەدەی بیست و چۆن یادی بكەینەوە، ئازادی لە سەردەمی مۆدێرنەی شلدا، ژیانێكی بزێو و نەسرەوت كە ئەویش چەند بەشێكە لەوانە: «ئالانگارییەكانی مۆدێرنەی شل بۆ فێربوون، لەنێوان گەرمی و ئاگردا و یان ھونەر لەنێوان بەڕێوەبردن و بە بازاڕكردندا، سازكردنی گۆی زەوەی بۆ قبوڵكردنی نموونەی ئەورووپی».   

     كتێبی چوارەمیش وەك كتێبەكانی پێشووی دیدێكی ڕەخنەیی دەخاتە سەر ئەم سەردەمە شلە لەم كتێبەدا باومەن فۆكس دەخاتە سەر ئەخلاق و ھەڵسوكەوتە ئەخلاقییەكان و كاریگەری بەرخۆری لەسەرئەو ھەڵسوكەوتانە و كاریگەرییەكانی بە جیھانی بوون چین لەسەر ئەخلاق. چونكە باومەن پێی وایە كە: بەجیھانی بوون(گڵۆبەڵازەیشن) بووەتە ھۆی دروست بوونی ئەم دۆخە شلەی مرۆڤ چونكە بەجیھانی بوون ڕێ دەدات كە:

١- مرۆڤەكان بە ئاسانی ھاتوچۆ بكەن لەنێوان وڵاتەكاندا.

٢-ئاسانكردنی ھاتوچۆی پارە.

٣-نەمانی سنووری باوی نێوان دەوڵەتان، كە كاتی خۆی مۆدێرنەی ڕەق دروستی كردبوو.

٤- گۆڕانی خێرا و زوو زووی بەردەوامی پێناسەكان.

٥-گۆڕانی بەھا ئەخلاقییەكان بەھۆی بەرخۆرییەوە و كاریگەرییەكانی لەسەر ھەڵسوكەوت و بیروباوەڕی مرۆڤ.

تەنانەت ئەخلاقیش شل بووەتەوە و توانای بەرگریكردنی لە بەھا ڕەق و چەسپاوەكانی جارانی خۆی نەماوە.

باومەن لەم كتێبەیدا ھەوڵی تیۆریزەكردنی دۆخی ڕەقی و شڵیی دەدات بۆ ئەوەی بیانخاتە بری مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنە. “باومەن” لەكتێبەكەدا ئەم پرسیارە دەكات:« ئایا ئەخلاق لەم سەردەمە بەرخۆرەدا ھیچ چانسێكی ماوە لەسەر بەھاكانی خۆی بمێنێتەوە؟». وەڵامەكەیشی بە «نەخێر» دەداتەوە و دەڵێت: ( تەنانەت ئەخلاقیش  شل بووەتەوە و توانای بەرگریكردنی لە بەھا ڕەق و چەسپاوەكانی جارانی خۆی  نەماوە).   

چونكە لە جیھانی شلدا بەھا و پێناسەكان دەگۆڕدرێن و سنوورە سیاسییەكانیش دەتوێنەوە و بەھۆی ھاتوچۆی ئازادی سەرمایەوە لەمپەرە باوەكان گرنگی و كاریگەریان نامێنێت و كۆچی بەردەوامی خەلك بۆ وڵاتان لە پێناو قازانجی خێرادا دەبنە ھۆی كاریگەری لەسەر بەھا ئەخلاقییە جێگیر و چەسپاوەكان چونكە ئەو بەھایانەش دەكەونە بواری سوود و قازانجەوە و ئیدی شكست دەھێنن و دەستەمۆی خلۆكی وەبەرھێنان دەبن (عجلە الإنتاج) تا بزاوتی بەرخۆری خێرا نەوەستێت.

      كتێبی پێنجەم: كاتە شلەكان… ژیان لە زەمەنی نادڵنیایی

ئەم كتێبەش لە پێنج بەش پێك دێت لەوانە: (ژیانی شلی مۆدێرن و مەترسییەكانی، بزوتنەوەی مرۆڤایەتی كۆڵنەدەر، دەوڵەت و دیموكراسی و بەڕێوەبردنی ترس،  بەیەكەوە.. بەڵام بەجیا، یۆتۆبیا لە سەردەمی (نادڵنیایی)دا. “باومەن” دیدی خۆیمان لەبارەی ئەم زەمەنەی ئێستا بۆ ڕوون دەكاتەوە، دەڵێت: زەمەنە شلەكان بریتین لەم ژیانە ھاوچەرخەی خۆمان كە بەدەست گۆڕانی بونیادە ناوەكییەكانییەوە دەناڵێت و پایەكانی لە پتەوییەوە بەرەو شل بوونەو دەگۆڕێن. باومەن ئەم گۆڕانانە لە ھەڵوەشاندنەوەی بونیادە كۆمەڵایەتییەكان و دامەزراوەكانی ناویدا دەبینێت كە پێشتر ئەو بونیادانە بەرپرس بوون لە ڕاگرتنی نەریتە كۆمەڵایەتییەكان و شێوازەكانی ھەڵسوكەوتی تاك و گرووپەكان كە ئێستا چیتر توانای درێژ ڕاگرتنی ئەو نەریت و ھەلسوكەوتانەی نەماوە وەك جاران، ئەمەش بووە بەھۆی ئەوەی كە كێرڤی مەترسییەكان بەرز ببێتەوە بەھۆی نەمانی پێشبینی كردن و دابونەریتە كۆمەڵایەتییەكانەوە.   

ئیدی باومەن لێرەوە دەچێتە سەر ئەو جیابوونەوەیەی كە لەنێوان دەسەڵات و سیاسەتدا ڕوویداوە واتە لەنێوان ئەوەی كە (دەتوانین بیكەین) و ئەوەی كە (دەبێت بیكەین)، واتە جیابوونەوەی ئامانجەكانمان لە ھەڵسوكەوتەكانمان ئەمەش كە بەھۆی ئەو خستنە ڕووە بێ ئامانج و مەبەستە دیاریكراوەی بەرخۆری دروست بووە، ئەمەش وای كردووە دەوڵەت لە ڕۆژئاوا دەست لە ئەركە كۆمەڵایەتییەكەی بكشێنێتەوە و تەنھا فەرمانی بۆ ئەوە بێت كە كەفالەتی ژیانی تاكە زۆر ھەژار و بێ تواناكانی كۆمەڵگە بكات ئەم تەنھا فرمانەش وادەكات كە چەمكی كۆمەڵگە ھەڵبوەشێتەوە. تا ئیدی دواجار دیارترین سیفەتی زەمەنە شلەكان دەبینین كە تیایدا بیركردنەوەی قوڵ و پلانی ستراتیژی درێژخایەنی تیا نەماوە، چونكە كەلوپەل و شتەكان بەرواری ئێكسپایەریان كورتە.

      كتێبی شەشەم: ترسی شل

وەك ئەنجامێكی چاوەڕوانكراو لەم سەردەمە شلە كە تیایدا پەیوەندییە مرۆییەكان كاتی و تێپەڕن و لەم ساتوەختی نادڵنیابوونەدا باومەن ڕەخنەیەكی تر لە شلە مۆدێرنە دەگرێت لەسەر ئەو ترسەی كە مرۆڤی ھاوچەرخ دووچاری بووەتەوە. لەم كتێبەیدا ترسی شل دەڵێت: (مۆدێرنە نەك تەنھا نەیتوانی ئەو بەڵێنەی كە پێی داین بەوەی كە مرۆڤ ڕزگار بكات لە ترس جێبەجێ بكات بەڵكو پێچەوانەشی كردەوە  و ئەمجارە مۆدێرنە لە بری دەوڵەت خۆی ھەستا بە دابەشكردنی ترس بەسەر تاكەكانی كۆمەڵگەدا).

ئایندە بووە بە ھەڕەشە بۆیان لەو چارەنووسە نادیارەی خۆیان دەترسن بەدەست ئەو دۆخە شلەوە كە تیایدا خێرا شتەكانی تیا دەگۆڕێن و بەرخۆریان زۆرتر و خێراتر دەبێت.

چونكە ئەو تاكانەی كە كەوتنە زیندانی ترسەوە، دوای ئەوەی مۆدێرنە بەڵێنی ڕزگاركردنی پێدان لەو ترسە ئێستا وایان لێ ھاتووە بەردەوام ھەست بە ھەڕەشەی ئایندە بكەن واتە ئایندە بووە بە ھەڕەشە بۆیان لەو چارەنووسە نادیارەی خۆیان دەترسن بەدەست ئەو دۆخە شلەوە كە تیایدا خێرا شتەكانی تیا دەگۆڕێن و بەرخۆریان زۆرتر و خێراتر دەبێت. نووسەر كتێبەكە دەكات بە شەش بەشەوە لەوانە: (ترس لە مردن، ترس و شەڕ، ترس لەو شتانەی كە بەڕێوە نابرێن یان ئیدارە نادرێن، نەھامەتییەكانی بەجیھانی بوون، ئەندێشەدان بە ترس، بیركردنەوە لەبەرامبەر ترس: پوختەیەكی ناكۆتا بۆ سەرلێشێواوەكان).             

ھەر لەبارەی ئەم گۆڕانەوە باومەن دەڵێت: دەوڵەت لە چاخی مۆدێرنەی ڕەقدا بە تایبەتی لە ڕۆژئاوا بەڵێنی بە ھاوڵاتیانی خۆی دەدا كە ڕزگاریان بكات لەو ترس و تۆقینەی كە لە سەدەكانی پێش ڕۆشنگەریدا ھەبوون مەبەست لە ترسەكانی پێش ڕۆشنگەری (ترس لە سرووشت، ترس لە نەخۆشی و مەرگ، ترسی مرۆڤەكان لە یەكتری) وەك فەیلەسوفی ئینگلیزی ھۆبز دەڵێت: «مرۆڤ گورگە بۆ برای مرۆڤی خۆی».        

بە دیدی باومەن سەرەڕای ھەوڵەكانی دەوڵەتی مۆدێرنەی ڕەق بۆ لابردنی ئەو ترسانە لەڕێی پێشكەوتنی پزیشكی و تەكنەلۆژی و لێپرسینەوەی یاسایی لە تاوانكاران كەچی دەوڵەتی مۆدێرنەی شل لە ڕۆڵە كۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕۆشنبیرییەكەی خۆی دووركەوتۆتەوە و تاك و ھاوڵاتییەكانی خۆی خستۆتە بەر ڕووبەڕووبوونەوەی بەجیھانی بوونی ئابووری و سەرمایەداری و ھاوڵاتیانی خۆی ملكەچی ئابووری دەكات و سەرمایەیان بەسەردا دەسەپێنێت. ئەمەش كە دەبێتە ھۆی ئەوەی ترسێكی بەردەوام لە ئایندەیەكی نەزانراوەوە لەلای ھاوڵاتیان دروست ببێت، واتە (ترس لە لەدەستدانی كاسپێك بۆ كاسپییەكەی، فەرمانبەرێك بۆ وەزیفەكەی خۆی، ترسی لەدەستدانی پێگەی كۆمەڵایەتی، ترسی لەدەستدانی كاڵاكان) ئیدی بەمە ترس بووەتە شتێك كە كۆنتڕۆڵ ناكرێت و ئیدارە نادرێت.

   كتێبی حەوتەم: چاودێری شل

باومەن لە دیمانەیەكدا كە لەگەڵ سۆسیۆلۆژیستێكی تر بەناوی دەیڤد لیۆن ئەنجامی دابوو، لەم كتێبەشدا ھەردووكیان دیدگای خۆیان لەبارەی چاودێریكردنی شل دەخەنە ڕوو كە دەستنیشانی ئەوەدەكەن چۆن چۆنی شێوازەكانی چاودێری كردن ڕژاوەتە ناو ھەموو وردەكارییەكانی ژیانی ڕۆژانەوە.

ئەمە كتێبێكە لەسەر كۆمەڵناسی ئامێرەكان و كاریگەریان لەسەر ئاگایی تاك بە خودی خۆی، كتێبێكە لەبارەی پەرەسەندن و بەكارھێنانی تەكنەلۆژیا بۆ ئەو بەرنامە سیاسیانەی كە لەڕێی مۆبایل و ئامێرە دیجیتاڵییەكان و سۆشیال میدیاكانەوە دەستدرێژی دەكەنە سەر ئازادی تاك

كتێبەكە حەوت بەشە لەوانە: (فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و سۆشیال میدیا، چاودێری شل و قۆناغی دوای (بانۆ بتیكۆن)، ڕەھەندەكانی كۆنترۆڵی ئەلیكترۆنی، بێ ئاساییشی و چاودێری، كەڵكەڵەی بەرخۆری و سایتەكانی ئەنتەرنێت و بردنەوەی كۆمەڵایەتی، چاودێری لە دیدی ئەخلاقییەوە، توانا و ھیوا).

      خانمە دكتۆری سۆسیۆلۆژی (ھبە ڕەئوف)  لەبارەی ئەم كتێبەوە دەڵێت: ئەمە كتێبێكە لەسەر كۆمەڵناسی ئامێرەكان و كاریگەریان لەسەر ئاگایی تاك بە خودی خۆی، كتێبێكە لەبارەی پەرەسەندن و بەكارھێنانی تەكنەلۆژیا بۆ ئەو بەرنامە سیاسیانەی كە لەڕێی مۆبایل و ئامێرە دیجیتاڵییەكان و سۆشیال میدیاكانەوە دەستدرێژی دەكەنە سەر ئازادی تاك و سنووری كەسایەتیی دەبەزێنێت بەوەی كە لەناكاو ڕیكلامێك دێتە سەر سكرینەكەت كە ڕیكلام بۆ ئەو شتە دەكات كە دوێنێ لەگەڵ ھاوڕێیەكتدا باست كردووە و بەبێ ئەوەی بزانیت، داگرتنی دوگمەی بەڵێ بۆ ڕیكلامەكە دەتخاتە ژێر چ چاودێرییەكەوە.  

   كتێبەكە بە تێۆرەی زیندانی (بانۆ بتیكۆن)ی میشێل فوكۆوە دەست پێ دەكات كە تیایدا ئەو كەسەی كە چاودێری زیندانەكە دەكات لەپشت جامخانەیەكی تاریكدا كە لەسەر تاوەرێك دانراوە، دانیشتووە و چاودێری كۆمەڵێك ژووری زیندان دەكات كە بە دەوری تاوەرەكەوە دروست كراون، كە ھیچ كام لە زیندانی كراوەكان ناتوانن یەكتر ببینن و بێگومان ناشتوانن ئەو كەسەش ببینن كە چاودێریان دەكات، ئەم چاودێرییە نموونەی چاودێریكردن بوو لە مۆدێرنەی ڕەقدا، بەڵام لە مۆدێرنەی شلدا ئێمە لەناو ھەمان (بانۆ بیتیكۆن)داین، بەڵام ئەم جارەیان لە فۆرمی دانیشتوانێكی بەرخۆرداین و وەك زیندانیكراوێكی سەركوتكراو لەناو ئەو ( بانۆ بیتیكۆنە)دا نین بەڵكو وەك زیندانیكراوێكی پارە خەرجكەر و چێژوەرگر لە بەرخۆری لەوێ دانیشتووین بێ سەركوتكردن، كە تیایدا پێویستمان بە پەیوەندییە لەگەڵ جیھانی دەرەوەدا بەڵام بەبێ ئەوەی ھیچ باجێكی ماددی لەسەرمان بكەوێت.         

ئیدی لەم چاودێرییە شلەدا تاك دەبێتە كەسێك كە ھەموو تایبەتمەندییەكانی خۆی لادەبات بۆ ئەوەی لە جیھانی سۆشیال میدیادا ھیچ جۆرە نادیاری و ناڕوونییەكی پێوە دیار نەبێت و بۆ ئەمەش ھەموو وردەكارییەكانی ژیانی خۆی لە سۆشیال میدیاكاندا نمایش دەكات و بڵاویان دەكاتەوە تا وای لێھاتووە ئامادەیی و بزر بوونی كەسەكان بەندە بە كاتژمێرەكانی مانەوەیان لەو سایتانەدا، ئیتر تاكەكان بەبێ ئەوەی بە خۆیان بزانن ھەموو زانیارییەكیان لەبارەی خۆیان ئاشكرا كردووە. ئەمەش ھەمان ئامانجی ئەجێندا سیاسییەكەی دەوڵەتی مۆدێرنەی شەلەیە كە پێشتر بە خەویش دەستی نەدەكەوت بۆ ئەوەی ھەموو تاكەكانی كۆمەڵگە بخاتە ژێر چاودێری خۆیەوە.

 ئیدی پرسیارێك لەبارەی ئەم چاودێرییە شلەوە كەدەبێت بكرێت ئەوەیە: كە چۆن ئەم چاودێرییە شلە كار دەكاتە سەر وێناكردنی سوبێكتی خۆمان و چۆن كاردەكاتە سەر ھەڵسوكەوتە كۆمەڵایەتییەكانمان و چۆن كاردەكاتە سەر پەیوەندییەكانمان و دنیا بینیمان؟

كتێبی ھەشتەم: شەڕی شل

  وەك كارێكی ھاوبەشی تر باومەن لەگەڵ فەیلەسوفی لێتوانی لیونیداس دۆنسكیس دوا كتێبی خۆیمان لە زنجیرەكەدا پێشكەش دەكات و تیایدا باس لە (شەڕی شل) دەكات كە دەوڵەتی مۆدێرن ئەم شەڕە دەكات و كتێبەكە چوار بەشە لەوانە: (برەودان بە كەڵكەڵەی نا شەخسی یان ناسوبێكتی، لە جیھانی كافكاوە بەرەو جیھانی جۆرج ئۆرێل، جەنگ ئاشتییە و ئاشتیش جەنگە، تارمایی كەسە لەیادكراوەكانمان كە پێش ئێمە بوون: یاخود پێداچونەوەیەك بۆ كەڵكەڵەی مانییەت).     

     كتێبەكە زیاتر لەسەر ئەوە دەدوێت كە ئێستا شەڕ بووەتە دیدگای سیاسیانەی دەوڵەت و دەوڵەت شەڕ فرۆشتن پیلانگێڕی بە شتێكی ئاسایی و بەھانە بۆ ھێنراوە دەیبینێت و پێی وانییە كە  دەبێت ھەمیشە شەڕ دژی خێر بێت، لێرەوە ھەردوو نوسەر وای دەبینن كە: لە دۆخێكی وا شلدا خیانەت كردن بەھانەی خۆی ھەیە، چونكە گەر دەوڵەت بتوانێت بە كوشتن و سەركوت كردن و خیانەت كردن  پارێزگاری لە دەسەڵاتی خۆی بكات یان بتوانیت بەو شتانە برەو بە دەسەڵاتی خۆی بدات ئەوا دەوڵەت خیانەتەكانی خۆی بە قوربانیدانێكی سەخت و تاڵ لە پێناو ئامانجێكی نیشتمانی باڵادا لەقەڵەم دەدات.     

چونكە گەر كودەتا و پیلانگێڕی سەری گرت ئەوا كودەتاچییەكان دەبنە پاڵەوان و سیمبولی دەوڵەت و مێژووش نەمریان دەكات، بەڵام گەرپیلانەكان سەریان نەگرت ئەوا بە خیانەتكار لەقەڵەم دەدرێن، بەڵكو مێژووش بە خراپی باسیان دەكات گەرچی كە پیلانەكانیشیان بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتێكی ستەمكاریش بێت، بەڵام كە سەر نەگرێت ئەوا بە خیانەت كار ناودەبرێن. نموونەی ئەمەش ئەو ھەوڵی كودەتا شكست خواردووانەی كە بەرامبەر بە «ھیتلەر» دەكرا لە جەنگی جیھانی دووھەمدا لەویادا كودەتاچییەكان دەكران بە خیانەتكار چونكە «ھیتلەر» ھەمو جارێك سەردەكەوت.

ھەر دوو نووسەرەكە دەڵێن: لێرەدا بەتەنھا دەوڵەت نییە كە شەڕ و پیلانگێڕی دەكات بەڵكو، ھاوڵاتیانیش بە جۆرێك لە جۆرەكان دەستیان لەوانەدا ھەیە، چونكە وەك (ھبە ڕەئوف) دەڵێت: ئێستا شەڕ لە ھەموو ساتەكان و وردەكارییەكانی ژیانی ڕۆژانەماندا ھەیە، كە بووەتە شتێكی ئاسایی لە ئەمڕۆدا لەلای ئەوانەی دڵیان بە شەڕ خۆشە بە بەھانەی پاراستنی بەرژەوەندی باڵای دەوڵەتەوە.

ئەمە ھەمووی بەھۆی ئەو دۆخی شلییەوەیە كە بە ھەموو جومگەكانی ژیاندا بڵاوبۆتەوە واتە: (شل بوونەوەی ئەخلاق و بەھاكان و نەمانی مانا پتەوەكان لە دڵی زۆرینەی خەڵك)دا، تا باوەڕ بەو درۆیە بكەن كە ڕۆماننووسی ئینگلیزی جۆرج ئۆریەل لە ڕۆمانە ناوداركەی بەناوی(١٩٨٤) دا باسی دەكات و دەڵێت: «جەنگ ئاشتییە و زۆرەملێش پێگەیاندنێكی سۆزدارانەیە».        

باومەن بەم كتێبەی كۆتایی بەگەشتەكەی دەھێنێت لەبارەی دیاردەی شل بوونەوە. كە تۆڕی عەرەبی بۆ توێژینەوە و بڵاو كردنەوەئەم زنجیرە كتێبەی وەرگێڕا و بڵاوی كردەوە.

سەرچاوە: ئەم بابەتە لەم وتارەوە وەرگێڕدراوە بۆ زمانی كوردی:

https://www.aljazeera.net/midan/intellect/sociology/2018/1/22/مجموعة-السوائل-طريقك-إلى-نظرية-باومان