گیلگامێش و سەتەلایتی ڕۆزێتا

کاتێک دیکۆر سازکراوە؛ ئەکتەرەکان، کارمەندەکان، بێ بزوان، هەر یەکەیان لە جێی خۆیان  هەڵوەستاون. دەرهێنەرەکە لە شاشەیەکەوە چاوی لەسەر ئەو دیمەنەیە، کامێرامانەکە دەستی لەسەر پەلەپیتکەی کامێراکەیە. کوتوپڕ، بە دەنگێکی بڵند، دەرهێنەر ئێژێت: ئەکسیۆن، ئەوسا گشتیان دەکەونە کار بە گوێرەی وێنای ئەوەی پێشنیاری بۆ کراوە لەوە بەر، بە پێێ سینارۆیەکی بڕیاردراو.

شەوانە، وەختەکی خەوم لێ دەزڕێت، دێمە ناو ساڵۆنەکەم، خۆم ئاڵاندەکەم بە کارێکەوە؛ کتێبێک، گۆڤارێک دەگرم بە دەستمەوە، یانژی بابەتێک دەنووسم. ئەو شەوە بەبێ ئەوەی پێش وەخت بڕیارم دابێت، سیناریۆیەکی بەر وەختم سازکردبێت، وەها دڵخوازیم دەکرد بە وشەیەک هەر پێ بکەم، وەک جۆرج لاکان؛ لاکان، بەراوەژوی وتار و تێکستی ئامادەکراو و نەبزاوکراو بوو، وەک خۆی نڤی لێ نابوو؛ وتاری سەرۆک. هەندێک جار لە بەردم خوێندکارەکانیدا نەیدەزانی بە چ باسێک دەست پێ بکات، داوای لە خوێندکارێک دەکرد، پرسیارێکی ئاراستە بکات، یانژی وشەیەک بدرکێنێت، ئێدن، لەو وشەیەوە باسەکەی درێژە پێ ئەدا.

یان وەک کەسێکی بوودیست، وەهام ئارەزووم دەکرد بە جیهانی هزر و هۆشمدا گەشت بکەم؛ بودیستەکان، لەسەر کورسییەک دادەنیشن، چاوانیان دادەخەن، بە ناخی خۆیاندا دەچنە خوارەوە، ئینجا بە پای کورسییەکەدا، پاشان لەوێوە بۆ ژوورەکە و، لە ژوورەکەوە بۆ باخچەکە و ئێدن بەهەموو جیهاندا گەشت دەکەن. بۆ ئەوەی کە پێمان بێژن؛ هەموو تەنەکان دەگەڵ یەک گرە دراون؛ هەر تەنێک بکەین بە نوختەی دەستپێک، دەتوانین بە گشت جیهاندا گەشت بکەین.

بۆیە بەبێ بیرکردنەوە، خۆڕسکانە، وشەی؛ ئەکسیۆنم کرد بە خاڵی بنەچە. ئێدن لەو وشەیەوە، ڕستە پێک هات، پاشان پەرەگراف، ئینجا چیرۆکێک. هەرگیز نەمدەزانی وشەی ئەکسیۆن ئەم سەرگوزشتە بەدوای خۆیدا دێنێت. هەمو ئەو باسانەی، ئەو کتێبانەی دەمخوێندنەوە لەو سەردەمەدا و لە ڕابوردوودا، دەگەڵ کەرەسەی ماڵ و مێزی ساڵۆنەکەم وەک دیکۆر، یەک بەدوای یەک نۆرەیان دەگرت و جێگای خۆیان دەکردەوە لە باسەکەمدا، وەکی ئەکتەری شانۆکان؛ هەریەکەیان دەوری خۆی دەبینی، بەڵام بەراوەژوی شانۆوە، چیرۆکەکە لەوەبەر  بڕیاری لەسەر نەدرابوو. خۆم لە تخوونی ئەو باسەش نەدا، کە کێ ئەو وێژەیەی چرپاند بە گوێما، وەکی چۆن هەرگیز بە گوریسی ئەو باسەدا ناچمە خوارەوە؛ کێ و چۆن یەکەم ئەکسیۆنی ڕوای دا، گرنگ ئەوەیە ئێمە لە جیهانێکداین پڕە لە چیرۆکی هەمە جۆر، ئەم چیرۆکەش یەکێکە لەو چیرۆکانە. گرنگی چیرۆک و ئەدەب و فەلسەفەش جگە لە شکڵە ئەدەبییەکەی، گەواهی ڕۆژگارێکە. ئەم چیرۆکە شایەتی گەشتی مرۆڤێکی ساپیانە، لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، لە کەڵچەرێکەوە بۆ کەڵچەرێکی تر، وەک تەنەکان چۆن لە گەردووندا بە یەکدا دەکێشن لە ژێر هێزێکی نادیاردا بۆ پێکهانینی تەنێکی تر، جیهانێکی تر.

سەفەر سەلامەت.