تێچووی تراژیدیی پابه‌ند نه‌بوون به زانسته‌وه
تابۆ مبێكی به درێژای ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كردنی ئه‌فریقای باشوور، ئه‌و كۆده‌نگیه زانستییه‌ی ڕه‌تده‌كرده‌وه كه ده‌ڵێت ڤایرۆسی نه‌مانی به‌رگری مرۆڤ (HIV) هۆكاره بۆ توشبوون به ئایدز، و ڤاكسینه‌كانی دژ به‌م ڤایرۆسه له توانایاندایه ژیانی ئه‌وانه ڕزگار بكات كه تووشی ئه‌م ڤایرۆسه بوون. له بری ئه‌وه، مبێكی چووه پشتی كۆمه‌ڵێكی بچووك له زانایانی دژبه‌ر كه هۆكاری دیكه‌یان بۆ تووش بوون به ئایدز خستبووه ڕوو.
مبێكی به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆی هه‌رچه‌نده هه‌موو به‌ڵگه‌كان له دژی ئه‌و حاشاهه‌ڵنه‌گربوون. لایه‌نگرانی مبێكی هێرشیان ده‌كرده سه‌ر هه‌ر كه‌سێك كه گومانی له بۆچوونه‌كانی ئه‌و هه‌بێت، هه‌تا كه نێڵسۆن ماندیلای پاڵه‌وانی خه‌باتكاری دژ به جیاكاری نه‌ژادی و یه‌كه‌مین سه‌رۆكی ڕه‌شپێستی ئه‌فریقیای باشووریش- به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا گومانی خۆی له سیاسه‌ته‌كانی مبێكی ده‌ربڕی- لایه‌نگرانی مبێكی به توندی بهگژییدا چوون.
هه‌رچه‌نده بۆستوانا و نامیبیا كه دوو دراوسێی ئه‌فریقای باشوورن، ڤاكسینی دژ به ڤایرۆسی ئایدزیان بۆ هه‌موو ئه‌و هاونیشتمانیانه‌یان دابینكردبوو كه تووشی نه‌خۆشی نه‌مانی به‌رگی مرۆیی بووبوون، به‌ڵام ئه‌فریقای باشووری ژێر سایه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی مبێكی له‌وه‌دا شكستی هێنا. به‌مدوایانه تیمێك له توێژه‌ره‌كانی زانكۆی هارڤارد لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كیان له‌باره‌ی ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌م سیاسه‌ته ده‌ست پێكرد. به به‌كارهێنانی گریمانه‌یی جێگیر، خه‌مڵاندنه‌كان گه‌شتن به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه ئه‌گه‌ر حكومه‌تی ئه‌فریقای باشوور ڤاكسینی گونجاوی پێشكه‌شی نه‌خۆشانی ئایدز و ئه‌و ئافره‌ته دووگیانانه تووشبووانه‌ی كه ده‌شێت منداڵه‌كانیشیان تووش بكه‌ن، بكردایه، ئه‌وا ده‌كرا ڕێگه بگیرێت له مردنی پێشوه‌ختی ٣٦٥٠٠٠ نه‌خۆش.
ئه‌م ژماره‌یه به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و باجه قورسه‌ی كه ده‌كرێت له ئه‌نجامی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی زانست یان نه‌زانینه‌وه بیده‌ین. ئه‌م ژماره زۆره له قوربانی تا ڕاده‌یه‌ك هاوشانه به‌و كوژراوانه‌ی كه له ڕووداوی كۆمه‌ڵكوژی دارفۆر كه‌وتنه‌وه و، نزیكیش ده‌بێته‌وه له نیوه‌ی ژماره‌ی قوربانیانی كۆمه‌ڵكوژی (توتسی)ێكان كه له ڕواندا له ساڵی ١٩٩٤دا ڕوویدا.
قه‌سابخانه‌ی شارپڤیڵ كه له ساڵی ١٩٦١دا([1]) ڕوویدا یه‌كێك بوو له گرنگترین ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه ڕای جیهانی دژ به هه‌ڵاوێردنی نه‌ژادی له باشووری ئه‌فریقا گۆڕی، له‌و ڕووداوه‌دا پۆلیس گوله‌بارانی ئاپۆرای خۆپیشانده‌رانی كرد و بوو به هۆی كوشتنی ٦٩ كه‌س و برینداربوونی ژماره‌یه‌كی زیاتر. مبێكی هه‌روه‌ك ماندێلا یه‌كێك بوو له خه‌باتكاره چالاكه‌كانی دژ به هه‌ڵاوێردنی نه‌ژادی. به‌ڵام لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له زانكۆی هارڤارد ده‌ریده‌خات كه مبێكی لێپرسراوه له مردنی ژماره‌یه‌كی گه‌وره له خه‌ڵكانی ڕه‌شپێست كه ٥٠٠٠ جار زیاتره له‌و ڕێژه‌یه‌ی كه پۆلیس له ڕووداوی خۆپیشاندانه‌كه‌ی شارپڤیڵدا كوشتنی.
ئێمه چۆن پیاوێكی ئاوا هه‌ڵبسه‌نگێنین؟
ده‌كرێت له به‌رگری له مبێكیدا بڵێین، ئه‌و مه‌به‌ستی ئه‌وه نه‌بووه هیچ مرۆڤێك بكوژێت. وا دیاره ئه‌و به ڕاستی باوه‌ڕی وایه- ده‌شێت ئێسته‌ش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه مابێته‌وه، كه ڤاكسینی دژ به ڤایرۆسه‌كان ژه‌هراویین. پێویسته ددان بنێین به‌وه‌دا كه مبێكی هیچ ڕقێكی له‌وانه نه‌بووه كه به ده‌ست ئایدزه‌وه گیرۆده بوون. ئه‌و ئاره‌زوویه‌كی شاراوه‌ی له ئازارگه‌یاندن به نه‌خۆشه‌كان نه‌بووه، له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره پێویسته داوه‌رییه‌كی دیكه له‌باره‌ی كه‌سایه‌تی ئه‌وه‌وه بكه‌ین كه جیاواز بێت له‌وانه‌ی كه ئامانجیان ئه‌وه بووه زیان به ئه‌وانی تر بگه‌یه‌نن، ئیدی ئه‌مه ئه‌گه‌ر پاڵنه‌ره‌كه‌یان ڕق و قین بێت یاخود بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ته‌كانیان بێت.
به‌ڵام نیه‌تی چاك به‌س نییه، به تایبه‌ت ئه‌وكاتانه‌ی مه‌ترسییه‌كان گه‌وره‌ن. و مبێكی شایسته‌ی ئه‌وه‌یه به تاوانبار دابنرێت، نه‌ك له‌به‌ر پێشوازیكردنی له ڕای كه‌مینه‌یه‌كی بچووك له زانایان، به‌ڵكو له‌به‌ر سووربوونی له‌سه‌ر ئه‌م بۆچوونه به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕێگه به خۆی بدات ئه‌م ڕا و بۆچوونه‌ی له گفتوگۆیه‌كی دادپه‌روه‌رانه و كراوه‌دا له‌گه‌ڵ شاره‌زایاندا بخاته به‌ر گفتوگۆكردن و تاقیكردنه‌وه‌وه. كاتێكیش پڕۆفیسۆر مالیگاپۆرۆ ماكگوبای گه‌وره زانایی ڕه‌شپێستی ئه‌فریقای باشوور هۆشداری ئه‌وه‌ی دا كه سیاسه‌ته‌كانی سه‌رۆك وا ده‌كات ئه‌فریقای باشوور ببێته جێگای گاڵته پێكردن له لایه‌ن جیهانی زانسته‌وه، یه‌كسه‌ر نووسینگه‌ی مبێكی ئه‌م پڕۆفیسۆره‌ی تاونبار كرد به‌وه‌ی كه به‌رگری له بیركردنه‌وه نهژادپهرستییهكانی ڕۆژئاوا ده‌كات.
له كاتی له سه‌ركار لابردنی مبێكییهوه له مانگی سپبتهمبهرهوه([2])، به په‌له حكومه‌ته نوێیه‌كه‌ی كهگالیما مۆتلانتێ ده‌ستی كرد به جێبه‌جێكردنی پلانه كاراكانی بۆ قه‌ڵاچۆكردنی ئایدز. یه‌كسه‌ریش وه‌زیری ته‌ندروستی سه‌رده‌می مبێكی له‌سه‌ر كار لابرد، ئه‌و وه‌زیره‌ی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه نه‌خۆشانی ئایدز ده‌كرێت له ڕێگای سیر و شه‌ربه‌تی لیمۆ و چهوهندهرەوە چاره‌سه‌ر بكرێن. به‌لام كاره‌ساته‌كه له‌وه‌دایه ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی ئه‌فریقی كه پارتی هه‌ره باڵاده‌ستی ناو ئه‌فریقای باشووره ئه‌وه‌نده ملكه‌چی مبێكی بووه ساڵانێكی زۆره نه‌یتوانییوه له‌سه‌ر كاری لابدات.
وانه‌كانی ناو ئه‌م چیرۆكه له توانادایه له هه‌ر شوێنێكی تریش دووباره ببێته‌وه ئه‌گه‌ر بێت‌و زانست له داڕشتنی سیاسه‌تی گشتیی‌دا ڕه‌چاو نه‌كرێت. ئه‌مه‌ش مانایی ئه‌وه نییه كه كۆده‌نگی زۆرینه‌ی زانایان هه‌میشه ڕاست بێت. مێژووی زانست به ئاشكرا پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه ده‌رده‌خات. زاناكان مرۆڤن و ده‌شكه‌ونه هه‌ڵه‌وه. هه‌روه‌ك مرۆڤه‌كانی دیكه ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری مێگه‌له‌وه، و ده‌شترسن په‌راوێز بكه‌ون. به‌ڵام شكستی شایسته‌ی لۆمه كردن، به تایبه‌ت ئه‌و كاته‌ی ژیانی خه‌ڵكی له مه‌حه‌كدا بێت، ئه‌وه نییه كه پێچه‌وانه‌ی زانایان بین، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه كه زانست وه‌ك ئامرازێكی لێكۆڵینه‌وه ڕه‌تبكه‌ینه‌وه.
مبێكی ده‌بوو بیزانیایه كه ئه‌گه‌ر بۆچوونه سه‌یروسه‌مه‌ره‌كه‌ی له‌باره‌ی هۆكاری ئایدز و كارایی ڤاكسینه‌كانی دژ به ڤایرۆسه‌كه هه‌ڵه بێت، ئه‌وا سیاسه‌ته‌كانی ئه‌ویش هه‌ر به خۆڕایی ده‌بێته هۆی له ده‌ستدانی ژیانی ژماره‌یه‌كی بێشووماری خه‌ڵكی. ئه‌م زانینه ده‌یخسته به‌رده‌م پابه‌ندبوونی ته‌واوه‌تی به‌وه‌ی كه ڕێگه بدات هه‌موو به‌ڵگه‌كانی به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه بخاته ڕوو، پاشان به‌ڵگه‌كانیشی به بێ ترس و خاترگرتن بپشكێنرایهن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ی نه‌كرد، بۆیه ناكرێت مبێكی له لێپرسراوێتی مردنی سه‌دان هه‌زار له خه‌ڵكی هه‌ڵبێت.
ئێمه چ وه‌ك تاكه‌كان، چ وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆمپانیا، یاخود لێپرسراوانی حكومی، زۆر بوار هه‌یه كه نازانین چی بكه‌ین تێیاندا و چۆن هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ بكه‌ین به بێ هه‌ڵسه‌نگاندنی كۆمه‌ڵێك له به‌ڵگه زانستییه‌كان. هه‌رچه‌نده لێپرسراوێتیمان گه‌وره‌تر بێت، ئه‌وا ئه‌و ده‌رئه‌نجامه كاره‌ساتبارانه‌ی له بڕیاره هه‌ڵه‌كانمانه‌وه ده‌كه‌ونه‌وه زیاتر ده‌بێت. له ڕاستییدا، ئه‌گه‌ر بیر بكه‌ینه‌وه له ده‌رئه‌نجامه چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا كه به هۆی چالاكییه مرۆییه‌كانه‌وه دروست بووه، ئه‌وا ژماره‌ی ئه‌و قوربانیانه‌ی له ئه‌فریقای باشوور كه‌وتنه‌وه زۆر بچووك ده‌بێت له ئاستی ژماره‌ی ئه‌و قوربانیانه‌ی له ئه‌نجامی بڕیاره هه‌ڵه‌كانمانه‌وه له‌م بواره‌دا ده‌كه‌ونه‌وه.
[1] كوشتار و قه‌سابخانه‌ی شارپڤیڵ له ٢١ی ئاداری ساڵی ١٩٦٠ ڕوویداوه نه‌ك له ساڵی ١٩٦١ كه به هه‌ڵه له‌م وتاره‌دا هاتووه.
[2] كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م وتاره به زمانی ئینگلیزی بۆ یه‌كه‌مجار ١٥/١٢/٢٠٠٨ بووه.
سه‌رچاوه:
بيتر سينغر، أخلاقيات عالمنا الواقعي، ت:أحمد رضا، 86 مقالاً موجزاً عن أشياء تهمنا.