شوختێك لەسەر ئیمانى سفت

سەرنجێك دەربارەى سەماكەى شەقامى سالم

  1. كچ و كوڕێكى گەنج لەسەر شەقامێكى گشتى ژێست دەنوێنن و لەنێو كۆمەڵگەیەكى دواكەوتوو و “دواخراو”دا، لە شەوێكى مانگى ڕەمەزاندا، بۆ چەند دەقەیەك سەما دەكەن. مومارەسەیەكى سادە و ئاسایى، بەڵام بۆ زەینى مرۆڤى موسوڵمان و كوردەوارى كە بە قەدەغە و حەرام، بە هەوەسبازییەكى شاراوە و گەنیوو، قانگ دراوە، دەبێتە “جەریمە”یەك و درزێك لە یەكپارچەیى موتڵەقى ئەخلاق و ئیماندا دروست دەكات. كەناڵێكى كۆنەپارێز دەستبەجێ نووسى كە ئەمە دژ بە ئادابى گشتییە و پیلانى دەسەڵاتە بۆ مەشغوڵكردنى خەڵك؛ هەندێ كەسیش بەوە پاساویان بۆ شپرزەبوونەكەیان هێنایەوە، گوایە ئێستا موسوڵمانان لە مانگى ڕەمەزاندان و ئەم كارە دژ بەو مانگە پیرۆزەیە.. بێ هیچ گومانێك دەتوانین بڵێین ئەمە تەنیا بیانوویەكە؛ گەر مانگى ڕەمەزانیش نەبووایە، ئەم كاردانەوانە هەر بەو ڕادەیە و بەو جۆرە لەو سەمایە دەكەوتنەوە. وەها جەریمەیەك، كە بە گوتەى یەكێك لە خوشكە پارێزەرە پرۆ-ئەردۆگانییەكان، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاكارى جوانى كوردەواریمان، ئەوە دەسەلمێنێت كە ئەم ئاكار و ئیمانە خۆى لەسەر بناغەیەكى فشۆڵ و پاتاڵ دامەزرازە؛ بە هەڵكردنى شنەبایەك دەڕووخێت؛ هەر مورویەك بەرى بكەوێت وەك ئەوەیە تەلارەكەى سەرلەبەر بڕمێت.
دوو سەماکارەکەی شەقامی سالم؛ کاری دیجیتاڵ ئارتی سامان جەلال

بۆ شەوى دواتر بە پێشەنگى هەندێ قوتابى زانكۆ و بە پێشنوێژیى تازەلاوێكى خوێندنى ئیسلامى، كە بە جۆرێكى چارەهەڵنەگر بیمار بووە، نوێژى جەماعەت و تەراویح دەكرێت؛ وەك بڵێى شوێن پێى ئەو كچ و كوڕە پیرۆز دەكەن كە پیرۆزییەكى چەقبەستوویان شكاندووە؛ گەرچى ئەمە تەنیا لە “وەك بڵێیت”ـێك زیاتر نییە و بێگومان هەر لەرزوتایەكى لەم جۆرە ڕەوایەتى بە كوشتن و مومارەسەكردنى ئارەزووى فاشیزمى داعشئاسا دەدات. گەر نوێژى تەراویحەكە قەرەبوویەكى دەروونى پیرۆزكردنى شوێنى سەماكە بێت یاخود ڕێكکەوتێك بێت لە پەڕگیریى ئایینەوە بۆ سڕینەوەى ئەو شوێنە؛ ئەوا بەرجەستەبوونى ئەو پارادۆكسەیە كە لە خودى وشەى پیرۆز “sacer”ـدا هەیە: sacred  بە ماناى پیرۆزكراو دێت، هاوكات بە واتاى قوربانیشە. Sacrifice واتە بابەتى قوربانییەكە یان قوربانیكراوەكە. داگیركردنى شوێنەكە ئاماژەى لەنێوبردنە. ڕوونتر دەریببڕم: هیچ ئیسلامییەكى میانڕەو بوونى نییە؛ گوتارى میانڕەوترینیان لە پێچێكى ترەوە و كەمێك ناڕاستەوخۆ ڕەوایەتى بە كوشتن و تووندڕەویى و پەڕگیرى دەدات. ئەوەى هەیە فشۆڵی ئیمانە كە بۆ سەلماندنى خۆى پەنا بۆ تووندڕەویى دەبات.

فەزاى گشتى لاى ئارێنت فەزایەكى سیاسییە، واتە شوێنى پیادەكردنى ئازادى، بەڵام وەختێك كایەى كۆمەڵایەتى، واتە شتانێكى وەكو خێزان، نەریتى كوردەوارى، ئایین، بنەماڵە و خێڵ داگیرى دەكەن، ئەوا وەك فەزاى سیاسى لەنێو دەچێت و دەبێت بە ڕووبەرى پیادەكردنى ستەمكارى.

  • ٢.       ململانێى گوتارەكان ڕەنگە پێش هەموو ململانێكانى تر و پێش ململانێى چینایەتى كەوتبێت. گوتاریش هەموو كات پێویستى بە ئەندامگیرى و حزب نییە بۆ ئەوەى بەهێز بێت. زۆرینەى كۆمەڵگەى كوردى لەسەر هەمان هێڵى بەرژەوەندیى گوتارى ئیخوانیزم و سەلەفیزمن، بەبێ ئەوەى ئەو زۆرینەیە ڕاستەوخۆ ئەندام و لایەنگرى حزب و ڕەوتە ئیسلامییەكان بن و بگرە هەندێكیان هەر هۆشیارییان بەوەیش نییە كە گوتارێكیان هەڵگرتووە. گوتار وەك ئاو دزە دەكاتە نێو بیركردنەوە و دەروونى كەسەكانەوە؛ پرسە دەروونشیكارییەكان تا چ ڕادەیەك زەمینەسازن، ئەوەیش ڕەنگە كاریگەریى هەبێت، بەڵام تەنیا لەدواى ئەوەى گوتار شتەكان دەبزوێنێت. لە ئێستادا گوتارى ئیسلامیزم، بە پاڵپشتى ئادابدۆستانى كوردەوارى، گەمەى سەركەوتووانەى خۆی دەكات. ئەم گوتارە بەرەبەرە فەزاى گشتى و كەلێنە بچووكە داگیرنەكراوەكان لە خەڵك دەسەنێتەوە؛ فەزاى گشتى لاى ئارێنت فەزایەكى سیاسییە، واتە شوێنى پیادەكردنى ئازادى، بەڵام وەختێك كایەى كۆمەڵایەتى، واتە شتانێكى وەكو خێزان، نەریتى كوردەوارى، ئایین، بنەماڵە و خێڵ داگیرى دەكەن، ئەوا وەك فەزاى سیاسى لەنێو دەچێت و دەبێت بە ڕووبەرى پیادەكردنى ستەمكارى. گوتارى ئیخوان-سەلەفى هەتا زیاتر بۆ نێو ئەم فەزایانە بخشێت بەهێزتر و سەركوتكارتر دەبێت. گوتارەكانى دیكەى وەكو ناسیۆنالیزم و ڕیفۆرمیزم بە تووڕەهاتى بەرژەوەندیى خۆیانەوە خەریكن و بگرە لەگەڵ ئەم گوتارە ئیسلامییەدا تەریب دەڕۆن. گوتارى سۆسیالیزمیش كە هەر خەریكى چینى كرێكار و ڕەخنەى ئابووریى سیاسی بوو، بێ ئەوەى بە خۆى بزانێت ژێر پێى چۆڵ و بەتاڵ كرا. كاتێك لە نووسین و وەرگێڕانەكاندا، یان لە گفتوگۆكانمان لەگەڵ هەندێ لەو هاوڕێیانەدا كە نەوەى نوێى سەر بە سۆسیالیزمى ئۆرسۆدۆكس بوون (و ڕەنگە ئێستا خۆیان حاشا لە بۆچوونەكانیان بكەن)، ئەم پرسانەمان بۆ گرنگ بووبێت، بەوە وەڵامیان دەداینەوە گوایە ئەمە ڕەخنەى كولتوورییە و ئەم ڕەخنەیەیش بۆرژوازانەیە؛ هاوڕێیەتى و مۆسیقا و هونەر و سینەما و سەما و هتد سەرقاڵكردنى گەنجانە بەشتى بچووكەوە تاوەكو نەزانن چەندە كرێكارى زەحمەتكێشن و ناعەدالەتیەكە لە كوێدایە. گوایە ڕیشەى ئەم ڕەخنەیە وا لە سەرهەڵدانى “توێژینەوە كولتوورییەكان” و “سیاسەتى ئێستاتیكى”ـدا و پیلانى بۆرژوازییەت و پۆستمۆدێرنیزمە دژ بە ڕەخنەى ئابووریى سیاسى. گوایە ئەمانە خەریكى ڕەخنەى كولتوورى و سیاسەتى ئێستاتیكى بوون، لەبەرئەوە ڕادیكاڵ نین و پێویستە بگەڕێینەوە سەر ڕەخنەى ئابووریى سیاسیى سەلەفى ساڵح. هەندێكیتریشیان كۆمیدیتر دەیانگوت فۆكۆ و دۆلۆز و دێریدا و بارت و بۆدریار (بە پریشكەكانیانەوە لاى ئاگامبێن و لاكلاو و نێگرى و هیتر)، با بڵێین بە گشتى فەلسەفەى فەرەنسى، سەر بە “سى ئاى ئەى” و دژ بە سۆڤییەت و ماركسیزمن. بەهەرحاڵ سۆسیالیزم هەرگیز لە وڵاتى ئێمە نەبوو بە بەشێك لە پیادەكردنى ژیانى ڕۆژانە و نەچووە نێو كۆمەڵگەوە، ئێستایش هیچ پەیوەندیی بە خەڵكى گشتى و بەتایبەت گەنجانەوە نەماوە.

لە ماوەى دە ساڵى ڕابردوودا داواى لێبووردن هۆكارێكى سەرەكیى بەهێزبوونى ئەوان و پاشەكشەى گەنجانێكى بەهرەمەند بووە لە فەزاى گشتى و بەجێهێشتنى نیشتمان.

  • ٣. لە ڕووى دەروونشیكارییەوە ئەم كردارانە تا زیاتر بچەپێنرێن بەهێزتر و شێواوتر دەگەڕێنەوە. ئەمە بە شێوەیەكى جوزئى دروستە. بەڵام سەردەمى نوێ خەریكە بەرەبەرە ئەمەیش تێدەپەڕێنێت؛ هیچ حەتمییەتێك وەك سەردەمانى پێشتر گەرەنتى ناكرێت و ڕەنگە تەكنیك و شێوازەكانى كۆنترۆڵكردن هێندە گشتى ببینەوە كە ڕێگرى لەم گەڕانەوانەیش بكرێت یان دەستبەجێ بۆ جێى دیكە ئاراستە بكرێن یان لانیكەم بێكاریگەر بكرێن. ئێستا ئەوەى لە بەرامبەر ئەم شەپۆلى ئیسلامیزمە هەیە هەندێ كردەى ناكاوى لێرە و لەوێیە، هەندێ گەنجى سەركێش و بوێر (تەنانەت ئەگەر بۆ نماییش و خۆدەرخستنیش بێت)، كە وەك بروسكە دەردەكەون و ئارەزوویان بۆ ئەم كردانە چالاك دەبێت. بەشێك لەمانە ناتوانن بەرامبەر چاوسووركردنەوە و فشار و هەڕەشەكان خۆڕاگرى بنوێنن؛ بە داواى لێبوودرنێك لەبەر ئەو كارەى كە كردوویانە پۆزش دێننەوە و سازش بۆ كۆنەپارێزى دەكەن. لەگەڵ ئەوەیشدا بۆ كۆمەڵگەیەكى داخراو و كۆنەپارێزى وەك ئێمە، ئەم كردارانە ئەگەر بكەرەكانیان دواتر حاشاشیان لێ بكەن، هێشتا هەر درزێك دروست دەكەن، شوێنەوارێك لەسەر زەین و ئاكارى شێواوى ئیماندار بەجێ دەهێڵن كە بۆ گەیشتنەوە بە ئیمانێكى سفت و لووسى یەكپارچە، خۆى دەپڕوكێنێت. خۆ ئەگەر ئەمە لە ڕووى دەروونشیكارییشەوە دروست بێت، هەرگیز پۆزەتیڤ نەكەوتۆتەوە. داواى لێبووردن، گەرچى شوێنەوار و درزى كردارەكە ناسرێتەوە، بەڵام هێندەیتر گوتارى كۆنەخوازى و ئیسلامییەكان بەهێز دەكات. لە ماوەى دە ساڵى ڕابردوودا داواى لێبووردن هۆكارێكى سەرەكیى بەهێزبوونى ئەوان و پاشەكشەى گەنجانێكى بەهرەمەند بووە لە فەزاى گشتى و بەجێهێشتنى نیشتمان. ئەم گوتارە ئیسلامییە بە ترس و لەرزى زیاتر و تووندوتیژى زیاتر و ناهاوسەنگى زیاترەوە، بۆ داپۆشینى ئەو شوێنەوار و برینە كە ئەم جۆرە كردە سەرپێى و خۆڕسك و ناكاوانە دروستى دەكەن، دەكەوێتەگەڕ. هەتا كۆمەڵگەیش زیاتر سفتولووسى بخوازێت، ئەوا زیاتر هەستیارتر و بە ئازارتر دەبێت، تەنانەت شوختێكى تەواو كاڵ و بە ئاستەمیش وەك چەقۆى سەر دڵ و دەرزیئاژنكردنى پاژنەى پێ سوێ دەباتە دڵییەوە؛ ڕەهاگەرییەك كە بۆدریار ناوى دەنێت “موتڵەقى فشۆڵ” یان “موتڵەقى ناسك” و ژیژەكیش ناونیشانى كتێبەكەى لێ وەرگرتووە. بەڵام لەم دۆخەدا ئەوەى بەهێزتر دێتەوە گەڕانەوەكان نین، بەڵكو دیسپلینەكان، یاسا و نەریتەكان، كۆنترۆڵەكانن. چیدى حەتمییەتى نێو ماركسیزم و دەروونشیكارى، ڕوانگەى ئارەزوو وەك گەڕانەوەى چەپێنراو، پێناچێت هیچ ئومێدێك بۆ گۆڕانى كۆنكرێتى بدەن بەدەستەوە.

من هیچ دەسەڵاتێكم پێ شك نایەت، هێندەى دەسەڵاتى كوردى جڵەوى بۆ زێدەڕەویى ئیسلامییەكان شل كردبێت و درەفەتى بە داگیركردنى بوارى گشتى دابێت.

  • ٤. گەر ئێمە بڵێین بۆچى نوێژ لە شەقامێكى گشتى وەك سالم بكرێت؟ ئیسلامییەكان دەڵێن ئەى بۆچى سەماى لێ بكرێت و نوێژى لێ نەكرێت؟ بۆچى بۆ بەرەڵایى كراوە بێت بەڵام بۆ خواپەرستى نا؟ لە ڕاستیدا سەنگى هەردوو لاى ئەم هاوكێشەیە هەمان بەهایان نییە. لە ڕووى بنەماییەوە، خواپەرستى كات و شوێنى بۆ نییە، هەركەس، لەهەر كوێ، بە هەر جۆرێك، لەهەر كات، بیەوێت دەتوانێت بیكات؛ خواپەرستى، لە ڕووى پرەنسیپەوە، پەیوەندیى بە مرۆڤەكانى ترەوە نییە و كەسییە (ئەگەرچى هیچ باوەڕدارییەك نییە بە بێ ڕیاكارى). بەڵام سەما هونەر و پێڕفۆرمانسە، واتە شتێكى گشتیترە لەنێوان خەڵكیدا. بكەر و بینەر هەیە و چێژیش دوولایەنەیە. بەڵام لەمەیش بگوزەرێین، ئەو كەسانە بێ شەرمانە “درۆ دەكەن” كە دەڵێن گوایە ئاساییش و حكومەت ڕێیان نادات كۆبوونەوەى ئایینى هەبێ. من هیچ دەسەڵاتێكم پێ شك نایەت، هێندەى دەسەڵاتى كوردى جڵەوى بۆ زێدەڕەویى ئیسلامییەكان شل كردبێت و درەفەتى بە داگیركردنى بوارى گشتى دابێت. لە كوردستان هەموو شتێك چۆتە خزمەتى گوتارى ئایینییەوە؛ مەلا ئەبارێت، مزگەوت ئەبارێت، ڕوو لەهەر كوێ بكەیت كۆلكە مەلا و فەقێ، بانگخواز، تەلەبەى سەلەفیى زانكۆ، واعیز، مامۆستاى گەشەپێدانى مرۆیى ئیسلامى، پزیشكى خێرخواز، سەیدەلانى شەرواڵكورت، كە بازێجار نایانەوێت كۆندۆمیش بفرۆشێت، دەبینیت. ئەوان هەموو شوێنێكیان تەنیووە، فەزاى گشتییان بە سیمبول و ڕەمز و خواستى خۆیان گرتووە و تەنانەت شەقامەكانى سەرەڕێیش، هێندەى ڕیكلامە بازرگانییەكان ڕیكلامى بۆ خوا تیایە و بە تابلۆى تەزبیحات و شەهادەت و ناوەكانى خودا پڕكراون. هەر لە پێشى تەكسییەوە تاوەكو مەجلیسى ژنوژنخوازى؛ هەموو سەكۆكانیان خراوەتە بەردەست، لە مینبەرى مزگەوتەوە بۆ كەناڵە دزێو و بێ ئاكارەكەى NRT، بۆ هۆڵەكانى زانكۆ و سۆشیال میدیا و هتد. بەڵام ساڵێك لە شارى ڕۆشنبیریدا بێ و بچۆ كیژ و لاوێك نابینیت سەما بكەن یان تەنانەت ڕیزێك هەڵپەڕكێى ڕەشبەڵەكیش، مەگەر هى بنەماڵەیى، نابینیت. كچ و كوڕانێك كە بیانەوێت سەما بكەن هیچ ڕووبەرێكیان بەدەستەوە نییە و هیچ دەرفەتێكیشیان پێنەدراوە، تەنانەت لە سەنتەر و قوتابخانە و ناوەندە هونەرییەكان و زانكۆیشدا؛ سەدان ڕێگریى خێزانى و كۆمەڵایەتى و یاسایى (بە گوێرەى بۆڵەبۆڵى ئەو پارێزەرانەى دوێنێ) و ئەمنییان لەبەردەم دانراوە؛ بۆ هەر كارێكى لەم جۆرە دەبێت بەنێو ئاو و ئاگردا بڕۆن. ڕەنگە لەبەر ئەمە بێت ئەو دوو گەنجە سەماكەرە، وەك فەقێى تازەلاو وتى “لەخوا بەزیاد بێت خەڵكى سلێمانى نەبوون”. كچان و كوڕانێك هەن بێگومان دەیانەوێت سەما بكەن، بەڵام هیچیان تا ئێستا بوێریى ئەوەیان نەبووە لە شوێنێكى گشتى لەو جۆرەدا دەستپێشخەر بن. گەنجان لەمەودوا یان دەبێت بوێر بن و دەستبەجێ ئەنتى گوتارى ئیسلامیزمى لە كولتووردا گەشە پێ بدەن، یان دەبێت چاوەڕوان بن لە دە ساڵى داهاتوودا زانكۆكایش جودا بكرێنەوە و نەوێرن سڵاو لە ڕەگەزى بەرامبەریان بكەن بە شێوازە سەلەفى و ئیخوانییەكەى نەبێت.