وێندیگۆ

ئاخری کوشتم. چەند خولەک لەوە پێش ئەو کەسەم کوشت کە بیست ساڵی تەواو لەگەڵم ژیابوو. لە یەکەم ڕۆژەوە بە هیوا بووم بیکووژم، بەڵام تا چەند خولەک لەوە پێش بوێری ئەو کارەم نەبوو. کاتژمێرە نەخشاو بە ئاییەتەلکورسیەکەی ژوورەکە کاتژمێر 3:27 خولەکی نیشان دەدا. پاش‌نیوەڕۆیەکی زۆر گەرمە. ئارەقە و خوێن و تف و لیک لە دموچاو و دەستم دەتکێ. هەوا زۆر گەرمە. تەنانەت باڵندەکانی نێو قەفەسی ژوورەکەش ناوێرن جووڵە بکەن. تەلەڤیزیۆنی ژوورەکە لە ڕووبەڕووم باسی شەڕ و کوشت و کوشتاری چوار گۆشەی دونیا دەکات. وا هەست دەکەم تەواوی دونیا بوەتە مەیدانێکی زۆر گەورەی شەڕە سەگ و هەر سەگێک پەلاماری یەکی دی دەدات. وەک من کە پەلاماری خێزانم دا و کوشتم ڕەنگە هەر ئێستا سەدان و بگرە هەزاران سەگ پەلاماری یەکدیان داوە. چەقۆکەی نێو دەستم فڕێ دەدەمە عەرزی و لەسەر کورسیەکە پاڵ دەدەمەوە.

لە ڕاستیدا خێزانم نەمردووە، تەنیا لای من مردووە. دایک و باوکیشم هەر وا کوشتوە. تەنانەت سەرۆکی دایرەکەشم لە ناو بردووە. کوشتنی زۆر کەسی تریش لە خەیاڵم دایە. ئەو هەستەی لە کوشتندا هەیە لە هیچ کار و ئیشێکی دیکەدا نییە. ئەو ڕۆژەی باوکم کوشت، ڕۆژی جێژن بوو. نازانم کام جێژنی کام ساڵ بوو، بەڵام لەبیرمە پشت لێوم تازە سەوز هەڵگەڕابوو. دایکم هەرای لە باوکم کرد و گوتی:

– قادر، ئەگەر تۆ نامانبەیەوە، بۆ خۆم لەگەڵ مناڵەکان دەچمەوە بۆ ماڵی باوکم!

باوکم کە دەستی بە دۆخێنەکەیەوە بوو گوڕاندی:

– تۆ گوو دەخۆی لەگەڵ حەوت پشتت. لاق بەریە دەرێ دەیبڕمەوە.

کەس هیچی نەکوت. کەوتمە بیری چەن ڕۆژ لەوە پێش کە باوکم لە مەزرا لەبەر ئاغا دەپاڕاوە و ئاغا پێی دەکوت:

– تۆ گوو دەخۆی بە قسەم ناکەی. بنێرم بێن بە شەق لە ئاوایی دەرت کەن گەواد!؟

نازانم من کە بە خوێڕی‌ترین بەشەری دنیا ناسراو بووم چۆن بوو لە دەمم دەر هات و گوڕاندم:

– ئەی بۆ لە مەزرا ئەوندە پیاو نەبووی لەگەڵ ئاغا ئاوا قسە بکەی؟!

تا ماندوو بوو لە من و دایکمی دا. دەتکوت لە وڵاغ و کەر دەدا بەو شووڵکە. دوای ئەوەی من و دایکمی خوری شۆر کرد ڕۆیشتە دەرێ. تەواوی گیانم دەیزریکاند. پاڵم بە کۆڵەکەکەی ژوورەکەوە دا. بۆ یەکەم جار جگەرەیەکم لەوانەی باوکم لە ڕفەکە داگرت و دامگیرساند. چەقۆت لێ دابایەم خوێنم لێ نەدەهات. نەمدەزانی دەبێ چ بکەم. هیچم لە دەست نەدەهات. بیرم دەکردەوە. بیری ئەوەی چۆن بیکووژم و لە ناوی بەرم.

 هێزم لە خۆم دا و چوومە دەرێ. پاش گەڕانێکی زۆر لە کۆڵانەکانی ئاواییدا دیتمەوە. لە کۆڵانێک پەتم خستە ملی باوکم و بەدوای خۆمدا ڕامکێشا تا دەرەوەی ئاوایی. دەتکوت سەگم و کەلاک ڕادەکێشم. لەوێ ڕامکێشا و بە بەردێک سەریم پان کردەوە. دواتر دەستم کرد بە گاز لێ گرتن و بۆ یەکەم جار تامی گۆشتی مرۆڤم چێشت. هەر لەو کاتەدا هەستم دەکرد جەستەم خەریکە ئاڵوگۆڕی پێدا دێ. نەمدەزانی چیم لێ دێ. سەرم قورس بوو. بەلادا هاتم. دوای چەن خولەکێک هاتمەوە هۆش و دەستم کرد بە خواردن. دەمدی کە دەست و لاقم درێژ دەبنەوە. ددانەکانم وەک کەڵپی سەگ و گورگ تیژ و درێژ دەبنەوە. هەستم بە هێز و ورەیەکی زۆر لە جەستەمدا دەکرد. نەمناشت. کوتم با سەگ و پشیلەی ئاواییش جێژن بگرن. هەستی خۆشییەکی لە ڕادەبەدەر تەواوی گیانی داگرتم. لەسەر کەلاکی خوێناوی باوکم دانیشتم و تێر تێر گریام. خۆشم نازانم بۆ!

لای نیوەڕۆی چەن ڕۆژ لەوە پێش کە وەک بیست ساڵی ڕابڕدوو لە دایرەوە هاتمەوە ماڵێ. دیسان دایک و باوکم لە ماڵی ئێمە بوون. خێزانم تازە لە قوتابخانە هاتبووەوە. مێشکم کاری نەدەکڕد لەو هەوا گەرم و تاقەت پڕووکێنەدا. لە‌گەڵکوو دانیشتم دایکم بە نووزە نووزەوە کوتی:

– ڕۆڵە ئەو دێڵە بگۆڕە. مەهێڵە تۆوی تایەفە و تۆرەمەی باوکت بفەوتێ. سەد جارم دەنگ داوی لە سەر ئەو دێڵە. پیاو نی!؟

کەس هیچی نەکوت. ڕەنگە کەس بۆی گرینگ نەبوو دایکم چی دەکوت. ئەودەم تەنیا کێشەی من گەرما و دەوام و دووپات بوونەوەی ژیانم بوو نەک قسەکانی دایک و باوکم.

دایکم زۆری پێخۆشە منداڵم هەبێ. دەڵێی خۆی دووبارە لە دایک دەبێتەوە. زۆرجار بیری لێ دەکەمەوە: تۆ بلێی دایکم جادووگەر و سێحرباز نەبێ و بیهەوێ ڕۆحی خۆی بخاتە لاشەی منداڵەکەمەوە؟ یان بڵێی نەیهەوێ ڕۆحی منداڵەکەم دەستەمۆ کات؟  هەر چەند لە کۆتایی تەواوی ئەو بیر و خەیاڵانەدا دەگەیشتمە وشەی بیسمیلا و تەواو. ناحەقی دایکم ناگرم دڵی بە منداڵەوە بێ، ئاخر لە حەوت منداڵی خۆی تەنیا من ماوم. منیش کە وەجاق‌کوێرم. هەر چەند زۆرم پێخۆشە منداڵم هەبێ و بیکەمە کەسێکی گەورە و نێو بەدەرەوە و شانازی پێوەبکەم و فیز و ئیفادەی پێوە لێدەم، بەڵام تەنیایی و بێدەنگی زۆر خۆش و سەیر و سەمەرەیە.

هەر لە سەردەمی منداڵییەوە خووم بە تەنیایی گرتووە. لە بیرمە کە منداڵ بووم دایکم لەنێو ئەو خوشک و برایانەدا بەقەد تەواویان ڕقی لە من بوو. دەتکوت من لە هەوێی ئەو بووم و دایکم مردووە. هەمیشە دەیکوت:

– نازانم ئەو هەتیوە ڕەق و تەقە ناحەزە لە کێ دەچێ و دەڵێی سەگی گڵاوە. هەر دەڵێی نەوەکامە.

منیش ئەو دەم لە ڕقی دایکمدا سەگە بەڕەڵایەکم پەیدا کرد و نێوی دایکمم لێنا. هەموو جارێ کە وردکەنانم بۆ دەبرد هەرام لێ دەکرد، کووت کووت مەنیج. داوتر کە گەورە بووم زانیم ئەو سەگە هەر بۆ وردکەنانەکە دەهات و کلکە سووتێی دەکرد دەنا ئەگەر بانگشم دەکرد قادر هەر دەهات. خۆم پێکەنینم بە خۆم دەهات کە ئاوا گەمژەم. جار جار حەقم بە دایکم دەدا کە ڕقی لێم بێ. بۆیە هەمیشە خۆم لە چاویان ون دەکرد و وەک شەمشەمە کوێرە و مشک و جاوجاڵۆکە هەر لە کەلێن و قوژبنەکانی ماڵ و گەڕەک و ئاوایی خۆم دەشاردەوە. هەرچەند زیاتر ڕووم دەکردە شاخ و کێوەکان. ئاخر لەوێ، لە دونیای ئازاددا تەنیا بووم و کەس نەبوو گاڵتەم پێبکات.

تەنیایی ئەوەی باشە کە کەس کاری پێت نییە. ئاخ چەند خۆش بوو خێزانیشم ئەوەی بزانیبا و پاپێچی تەنیایی من نەبوایەت. خێزانم کابانێکی زۆر دەست ڕەنگینە، هەر چەند خۆی زۆر ناحەزە. ڕەنگە لە منیش ناحەزتر بێ. ئەو ڕۆژەش حوکمی لێ کردبووم تۆ بۆ کەم‌وکورتییەکانی من باس ناکەی؟!

بەڵام من نەمدەزانی چۆنی حاڵی کەم هیچ کەموکورتییەکی نییە و ئەوە منم کورتیم زۆرە. ئاخر من هەمیشە لەگەڵ خۆم قسە دەکەم و کەم وا هەیە دەنگم لە هەناوی خۆم زیاتر بڕوات. خێزانم قەت لە خۆی ڕازی نییە و هەمیشە بە هیوایە کەسێک ڕێ نیشاندەری بێت و ئامۆژگاری کات. بەڵام من لەو ڕۆژەوە کە چوومە خزمەت باوکم و ئامۆژگارییەکەی داهاتوومی بە قوڕ گرت، لە هەر چی نەسیحەت و موعیزەیە بێزم هەڵدەستێ بۆیە نەمدەتوانی هیچ بە خێزانم بڵێم.

لەو سەردەمەدا دواناوەندیم تەواو کردبوو، ژنیشم هەبوو، بەڵام وەک زۆربەی لاوەکانی ئەو سەردەمە بە هیوای زانکۆ نەبووم. نازانم کام ڕۆژی کام مانگ بوو کە گۆڤارێکم لە دووکانێک دزی و خوێندمەوە. نە نێوی گۆڤارەکەم لەبیر ماوە نە هیچ شتێک لە نێوەڕۆکەکەی، بەڵام ئێستاش ئەو لاپەڕەیەم لەبەر چاوە کە باسی فەڕەنسا و جوانییەکانی دەکرد. وێنەیەکی شەقامی شانزەلیزەی تێدابوو کە هێندەم چاو لێکرد شەوانە خەونم دەدی لەگەڵ کچێکی ناسک و جوان لەوێ پیاسە دەکەم و جار جار ماچی دەکەم. هۆگری چوون بۆ فەڕەنسا بووم.

– باوکە من دەمهەوێ لەم وڵاتە بڕۆم.

باوکم پاش کەمێک بیرکردنەوە لە وڵاممدا گوتی:

– جارێکی دیکە لەو گووانە بخۆی، خۆم بە شەق کەلاکەکەت دەبەم.

ئەو دەم هەستم دەکرد باوکم دیکتاتۆڕی وڵاتێکە و من و دایکم و خوشک و براکانم تەنیا تاکەکانی ئەو حکوومەتەین. بۆیە فکرم لە کوودەتا دەکردەوە. دەمویست وەک ناپێلئۆن حکوومەتی گەندەڵ و ڕزیوی باوکم وەدەست بگرم و زیندووی کەمەوە. بەڵام دواتر زانیم هیچم پێ ناکرێ، چونکە برا و خوشکەکانم بەوە قایل نەبوون کە بەردەن، بۆیە منیش گوێی خۆم لێ خەواند و وەک ئەوان سەری خۆم داخست. لەو دەمەوە زانیم خوێڕی ئەو کەسەیە کە ناوێرێ بە تەنیا هیچ بکات.

جارجار لەبیری خۆمدا پەشێو بووم و جارجاریش هێمن. هەرچەند هەمیشە خوزگەم دەخواست هێمن بم نەک پەشێو. ترسم لە ژێردەست بوون بوو، بەڵام ژێردەست بوون تەنیا میراتی من لە باوکمەوە بوو. ئەوندەی لە بیرم بێ باوەگەورەم سەرکێش و ڕامنەکراو بوو. دەیانگێڕاوە مەڕ و ماڵاتی لە ماڵی یەک ئاغادا نەهێشتبوو. ماڵ و مەنزڵی لە شاخ و کێو بوو. بەڵام نازانم باوکم چۆن بوو ملی بۆ دەسەڵات دانەواند و هاتەوە ئاوایی و نێو خەڵک و دواتریش بووە نۆکەری ئاغا.

– ڕوڵە ئەوە بە سەد پاڕانەوە سەرۆکی فڵان دایرەم ڕازی کردووە بچی لەوێ دەوام کەی. ئیدی وەک بەشەر، بێ ئەمریان نەکەی و هەر شتێکیان کوت بڵێ بەسەرچاو. لە پەناشەوە شتێک بخە گیرفانت. تۆ ژنت هەیە و خەرجت دەبێ. وەک مەڕ سەرت داخە و کارت بە کەس نەبێ.

باوکم ئەو قسانەی دەگوت بەڵام من هەمیشە بیرم لای باوە گەورەم بوو کە دەیگوت:

– ڕوڵە هەمیشە گورگ بە گورگ. نەکەی مەڕ بی! گورگێکی کز و لاواز لە مەڕێکی تێر و تەسەل بەشەڕەف‌ترە.

من نەمدەزانی بۆ گورگ بم یان بۆچی مەڕ بم. نە ئەودەم زانیم نە ئێستا. بەڵام ئەو ڕۆژەی لە ژووری دەوامەکەم خەوتبووم -وەک هەموو رۆژەکانی تر- سەرۆکی دایرە خۆی بە ژوورێدا کرد و دوای هەزار جنێو و تف و لەعنەت گوتی:

– خودا بە قوربانی پێڵاوی بابتت کا دەنا تۆم بە خۆڕاییش ڕانەدەگرت.

تۆزقاڵێک تێک چووم. چونکە تەنیا من نەدەخەوتم، هەموو فەرمانبەرەکانی تریش دەخەوتن. تەنانەت سەرۆک بۆ خۆشی دەخەوت. جگەرەیەکم داگیرساند و دووکەڵەکەیم بە ڕووخساریدا کرد و هاتم بڕۆمە دەرێ کە گوتی:

– قوڕمساخی، کەر، کوڕی کەر.

کەوتمە بیری قسەی باوە گەورەم، بۆیە کە گەڕامەوە لە دم و فڵچم وەک گورگ لیک دەچۆڕا. دەستەکانم لەسەر مێزەکە دانا و لە هەناوی خۆمدا گوڕاندم:

– من گورگم گورگ. من مەڕ نیم سەرت بۆ داخەم. ئاگاداری خۆت بە دەنا زگت هەڵدەدڕم.

چاوم لێکرد، بە بێ دەنگی سەرم داخست و هاتمە دەرێ. لە چەن ڕۆژی داهاتوودا لە گورگ بوونی خۆم پەشیمان بوومەوە. مووچەی خێزانم نەبوایە لە برسا قڕمان دەهات. ئەو دەم بە قسەی باوکم گەیشتم کە مەڕ بوونیش خراپ نییە. شەوێک لە جێگادا کە هەر بیرم دەکردەوە و جێگا برینی ئەو قسانە لەسەر دڵم دەکزایەوە وەک گورگ بە لوورە لوور بەرەو ماڵی سەرۆکی دایرە چووم. لە پەنجێرەوە خۆم فڕێ دا ژوورەکە و بە گازێک لە باوەشی ژنەکەی دەرم هێنا و لە بەر چاوی ژنەکەی دم و کەڵپم لەنێو زگیدا دێنا و دەبرد. جار جار ڕامدەکێشا بۆ ئەم‌لا و ئەولا و ژوورەکەم لە خوێندا گەوزاند. دیسان جەستەم ئاڵوگۆڕی پێدا هات و زانیم بوومەتەوە دڕەندە بەهێزەکە وا خۆم دەمویست. وەی لەو شەوە خۆشە. قەتم لەبیر ناچێ. کوشتن تامێکی زۆر خۆشی هەیە. ئەویش کوشتنی کەسێک کە تۆی پێ کەم بێت.

دوای چەن وەخت لەبەر پاڕانەوەی باوکم لە سەرۆک و کەوش جووت کردن بۆی چوومەوە سەر دەوام. سەرۆک چەن ڕۆژی هەوەڵ بە تانەوە چاوی لێدەکردم و لێوی دەکرۆشت.

ئەوەی کە هەموومان بەیانییان هەڵدەستین و وەک هەموو ڕۆژانی پێشووتر، دەچینە دەرێ و تا کاتی خەوتن دێین و دەچین، لەگەڵ ترسی تێکهاڵاو لەگەڵ ژیانمان، تەنیا خاڵی هاوبەشی ژیانمانە. لووتێکی پان و دووچاوی شین و ترسێکی لە ڕادەبەدەرم لە باوکم وەرگرتبوو. هەر چەند لە تەواوی ژیانمدا دەمویست وەک ژێگواڕا و کاستڕۆ و لۆتێرگینگ و قازی بم، یان لانی کەم وەک باوەگەورەم بم، بەڵام هەموو کات دیوارێکی بڵیندی ترس و لەرزم لە بەرانبەر خۆمدا دەدی و دەکەوتمە بیری ئەو قسەی باوکم کە دەیگوت:

– هەژار درۆی دەکرد. قەل بوون لە هەڵۆ بوون باشترە.

نەبوونی باوەڕ بە باوکم و نەبوونی توانا تا وەک باوەگەورەم بم، هەمووکات سەر لێ شێواوی دەکردم و هەر لاکەی سەرم دەهات. ڕەنگە هەمووی هی ئەوە بێ بیریان لێ دەکەمەوە. ڕەنگە ئەگەر من منداڵی باوەگەورەم بوایەم ئەلان وەک ئەو بوایەم. نازانم. جار جار هەست دەکەم ئێمە هەموومان ڕۆباتی منداڵێکی زیرەک و ئازاین کە بە کەیفی خۆی سازی کردووین و بەیەکی توانا و هێز داوە و ترس و لەرزی خستووەتە نێو دڵی یەکی تر. وەک من و باوکم.

دوای ئەوەی ملی باوەگەوەرەمیان بە پەتەوە کرد، باوکم تەنانەت نەیوێرا بە ڕۆژیش جەنازەکەی بنێژێ و لە تاریکی شەودا ناشتی. ڕەنگە لە ترسا کفنیشی نەکردبێ و یاسین و تەڵقینی لەبیر چووبێ. کێ دەزانێ؟!

تەنیایی و ئارامی، ئەو هەستانەی لەمێژ ساڵەوە دوایان کەوتووم و هیچ بۆنێکم پێوە نەکردوون. لە چەند ساڵی نێوان نێر بوون تا زەماوەندەکەم هێمن و ئارام دەژیانم بەڵام لە شەوی پەردەوە بۆ ئێرە، تەنانەت بۆ یەک چرکەش ئەو هەستانەم نەدیوەتەوە. تۆ بلێی بۆ؟!

– ڕۆڵە سوننەتی پێغەمبەرە. ئێمەش ئۆمەتی ئەوین. پیاو تا ژن نەهێنێ ئیمانی کامڵ نابێ.

منی داماو وەک ڕۆژانی پێشوو لە شاخ و کێو وەک بزن ئەم شاخ و ئەو شاخم دەکرد و بە دوای بەردی کۆندا دەگەڕام. بێ خەبەر لەوەی دایک و باوکم کچێکی خزمێکی دووریان لە شار بۆ مارە کردووم. من کە تا ئەو دەم تێخ لە گیانم نەکەوتبوو ئێستا دەبوایە خۆم بۆ پیاوەتی حازر کردایەت.

– نێوچاوانی شەوق دەداتەوە. هەم دەخوێنێ و هەم تەون دەکات. دەست و مست قەویی وەک خۆی کەمە.

من کە تەنیا خەمم ئەوە بوو ئەوجار چۆن بچم بۆ کێو هیچم نەکوت و قسەشم کردبا لەگەڵ قسەی دایک و باوکم هیچم پێ نەدەکرا. من هیچم نەدەزانی و خەڵک دەیانکوت وەک هەنگوێنە. بەزۆری پەتیان لەمل کردم و لەگەڵ پیرە ژنێکی چەماوە خستیانینە ژووری پەردەوە. پەشۆکابووم. بووکەش هەروەها. ئەو ژنە پیرەش کە لە مەیموون دەچوو، زوو زوو دەیگوت:

– دەی زووکە قارەمان. دەی ڕوو سوورمان کە و ئەو پەڕۆیە سوور کە.

ئەو شەوە تەواو بوو بەڵام پەیکەرەی ئارامی من بە دەستی دایکم شکا. هێندەی دیکە ڕق و بوغزم لە دایکم هەڵگرت. ڕق و نەفرەت و بوغز لە دڵمدا زاوزێی دەکرد. دوای چەن وەخت بە ئەمری دایکم هاتینە شار و من چوومە زانکۆ. بیری کوشتنی دایکم دیسان هاتەوە مێشکم. بەیانییەکی زوو یەک دەبە نەوتم برد و بە دایکممدا کرد. دوای ئەوەی سینگ و مەمکیم خوارد، ئاورم دا. دەنگی قیژە و هاوارەکەی دەگەیشتە تەشقی ئاسمان. قرچە قرچی ئاورەکە ئەو گەڕەکەی تەنیبوو. سەیر بوو کەس نەدەهات بە هاواری دایکمەوە. مرد. تۆڵەی شکاندنی پەیکەرەی ئارامی خۆمم لێستاندەوە. لەبیرمە هیچ کە بۆ دایکم نەگریام وەک باوکم، تەنانەت قاقاشم دەکێشا. قاقایەک لە قووڵایی دڵەوە. ئەوە ئاکامی ئەو کەسانەیە وا ئارامی مرۆڤ تێک دەدەن.

ئێستاکە ئەو قەلەڕەشە چکۆڵەیە لەمێژ ساڵە هاوژینمە و هەموو شەوێ چاوم بە چاوی دەکەوێ و مانگی جارێک لاقمان تێک دەهاڵێ. لەم دواییانەدا لە ڕابردووی دووشکم و لێی دەترسم. تۆ بلێی کەس پێش من ماچی نەکردبێ!؟ تۆ بلێی کەس پێش من بۆنی بە بناگوێیەوە نەکردبێ!؟ دوای ئەو هەموو ساڵە ئەو هەستە وەک خۆرە کەوتووەتە نێو گیانم و خەریکە دەمکووژێ. لە ڕووی ناچارییەوە حوکمی لێ دەکەم، تەنانەت لای دایک و باوکیشی چارشێوێکی ڕەش لە خۆی بهاڵێنێ و قەت قەت لە خۆی دوور نەخاتەوە. دایدەپۆشم. ناهێڵم کەس بیبینێ. ئاوا ئاسوودە دەژیم. دەبێ ئاگام لێی بێ.

_ جا من چۆن وا دەکەم.

بەڵام خاتر جەمم بە قسەم ناکات. هیچم لە دەست نایەت. قسمەت وای لێکردووم هیچم لە دەست نەیەت. تەنانەت دەسەڵاتی ژنەکەشمم نییە، بۆیە بڕیارم داوە بیکووژم. لە ناو بردن تەنیا دەرمانە بۆ ئەو برینەی سەر دڵ و مێشکم. تۆ بڵێی ئەوجار بە ئارامی بگەم؟! ئاخری کوشتم. چەند خولەک لەوە پێش…

وێندیگۆ (wendigo) بوونەوەرێکی دێوئاسای ترسناک و خەیاڵی ئەفسانەکانی سوورپێستەکانی ئەمریکا. لەم ئەفسانەیەدا هەر کەسێکی مرۆڤخۆر دەگۆڕدرێت بۆ وێندیگۆ