خەونی سەمای شارێک

خەونی سەمای شارێک

سەمافڕکێکانی یادەوەریی سەماکارێک

ن: کاروان عومەر؛ سەماکار

١

سەرەتای جەستەناسینم بوو، ورشەی شەپۆلی تیشکی خۆر،

مەلۆتکەسەمای

وەک وزەی ڕاستەقینەی جەستە

پێ سپاردم

سەما منداڵێک بوو، دەبوو دەستی بگرم وهەنگاو بە هەنگاو

فێری بکەم: خەمم بخوا و خەمی بخۆم

دایکم بە پێکەنینەوە دەیووت:  ‘وازی لێبێنن، تازەخوی پێوەگرتووە و

با بە ڕووتی لە ماڵەکەدا بۆ خۆی هەر خەریکی هەڵبەز و دابەز بێت!’

٢

ئەو منداڵە چەتونە بەنازە بێنازە

هەمیشە پڕی دەکردم لە وزەی ژیان

هەمیشە فێری دەکردم خۆم بم، بەڵام نەرم

وزەی سەما مەست بوونێکی تێداهەڵدەگیرساندم

کە بتوانم دواڕۆژێک لە بۆتەی خەیاڵدانمدا بنەخشێن

٣

خاڵێکی درەوشاوەی دوور

لەنێوان من و ئەودا مەودایەکی دوور زۆر دوور و

پڕ لە هەوراز و نشێو

پڕ لە کێشمەکێش و کەوتن

بەڵام بە هەستانەوەی بەهێز

سەما ڕیشەی ڕاستگۆیی تێدا ڕوواندم و

بەشی مێینەیی خۆمی پێناساندم

شیرینتر لە تیشکی خۆر و بریسکانەوە

٤

وزەی سەما، مەستبوونێکی تێدا هەڵگیرساندم تا

باز بەسەر گوێسەبانەی ماڵە کۆنەکەماندا بدەم!

بەسەر سەربانە گڵینەکانی گەڕەکی چوارباخدا،

گەڕەکاوگەڕەک سەما بکەم…  جارجارەیش، بە بزەی سێبەرێک

بە وێنای یەک چرکە جەستە سەمایەک،

بە ناو حەوشەی ماڵەکاندا بە ئەسپایی گوزەربکەم

٥

کەس بەفریای وەڵامە فڕینێکم ناکەوێ

بە سووڕان و بەرزبوونەوەی بازێک

خۆڵی پێشەپێکانم لەدواهەمین بەرکەوتن و خشاندنی پێش جێهێشتن دەخەمە سەما

چەند کۆڵانێک هەر بە سەماکردن جێدەهێڵم و شوێنپێکانیشم بزردەکەم

لەناو ‘قەراغ شار’دا لەپاڵ ئەسپسوارێک

لەسەر پردەکەی بۆگەنە

پاڵەوانبازی و کێبڕکێی سەرکێشی

بە پڕتاو، بە تەقلە چەشنی کۆترە ڕۆکی کێوی

بە ناو هەڵم و هاڵاوی گالۆپە بازهەنگاوێ

بەرزدەبمەوە و بە ئەسپایی پێ لەسەر

خێرایی غارغارێنی ئەو هەشاماتەدا دەنێم و

بە شێنەیی پێشە پێیەک بەناو بادا دەهاوم و دەکەومەوە سەرزەوی

٦

من هەروام، بەردەوام باز

بەسەر دیوار و سنوورەکانی شاردا دەدەم

بەسەر کێڵگە و مەزراکانی قەراغ شاردا دەپەڕێمەوە و

ڕاستەوخۆ بەلای چەپدا بەسەر بەرزاییەکانی سەرشەقامدا بەرەو سەرەوە

بەسەر گۆڕستانی بە زۆر داپۆشراوی جووەکاندا

هەر بە بازە سەما هەڵدەگەڕێمەوە

٧

تێپەڕ بە سەرای شاردا بۆ یەکەمین و دواهەمینجار

بە ناو مەڵکەندیدا وچانێک بۆ ناوی ئەمشارە دەکەم و

هەر لەوێدا

بە ناو دڵی ئەودا دواتر بەدەم سەماوە دەرباز دەبم

هەرلە سەرەوەم و لە فڕیندام و دەبینم

لەبەردەرکی سەرادا سەما ڕژانێکە پڕ پڕە لە هەشاماتێک

بەڵام

ڕاچەنینێک لە گوللەی وێڵ دایبڕاندم

٨

گوللەیەک دەردەچێ و دەنگەکەی یاوەری بازە سەمایەکە

ئاسکە بازێکم زامداری دەنگێکی ڕەق بوو

پەلە زۆر بە پەلە

بۆ هەڵهاتن و نیشتنەوەم کەوتمە ناو دارەبازێکی خاڵیی،

سەردیوارێکی فەرامۆشکراوی گڵینی شار

٩

بە ناو کۆڵانە بەرتەنگەکانی قەزازەکان سەمافڕکێمە

 بە چەشنی شاباز، کە سێهەمین بازمە سەمافڕکێمە بەرز، زۆر بەرز

 دیسانەوە بە فڕینێک تێهەڵئەچمەوە

بە ئاسکە بازێکی دی گەیشتمە سەر کانی ئاسکان

هەر لەو شوێنەوە دوای نیشتنەوە دەمویست و

 بەردەوام

من دەمەوێت پەڕبازییەک بە باڵەکانم بکەم، گەمەیەک بێت بۆ فێرە فڕینێکی ناکۆتا

بەسەر شەقامەکاندا بە ڕاکردنە سەما بەرەو خوارێ

جادەیەک چۆڵ و سێبەر بوو

تاکو گەیشتن بە باخی گشتی

١٠

جار جارە  وچانێکی بەردەم دیوارێک و زوو زوو وێناکردنە سەمایەک

وچانە جوڵەیەکی کورتتری بەردەم کۆڵەکە کارەبایەک

ئەوەندەی تر مەستبوونی گەیاندە لێرەدەرچوون و

گەیاندمیە دەم گەیشتن بە میدیا و یادەوەرییەکانم

  ساتی کۆرسی سێهەمی منداڵانی بالێت

ئەو زەردەپەڕەی جوانتر و نامۆتر کرد

بەرەو دوا نزیکە سەدمەترێک و وچانێکی توند لە ناوەڕاستی جەستە وزە، تەواو لە سێ بەندەوە قوڵپی دەدا

ئەوەی لە جەستەمەوە ئاماژەی دەدا و

هانی دەدام

بازەپەتێکی دەم بای کەوانە ئاسا بوو بە درێژایی ئەو ڕاستەڕێیە

کە سەمافڕینێکی نوێی پێناساندم

لەگەڵ کەوانەی جەستەم پێچەوانەیەک بوو لە وێنا چاوێکی خەمبار

١١

من لەو کەوانە سەمایەدا بەسەر شاردا گەز گەز باڵام دەکرد

بای سازگار و باڵدار و پەڕەندەکان پێشوازم بوون و

دەنگدانەوەی فڕین و بای ئەو ئێوارە فڕینە

موسیکی بازەپەتێک و سەماکردنم بوون

موسیکێک پڕ لە ڕیتم لەسەر پەیژە و بە جیاوازی ئاواز

پڕ هارمۆنی و هەمانکات پڕ یاخیبوون، توڕەیی و

ڕازاوە بە بیرۆکە و پرسیار و وەڵامەکانی ئەو ئێوارە دەم بایە

 کە جار جارەش هەوری سپی ناسکی ئەو ئێوارەی

دەبوونە پۆشاکی جەستەی ڕەها و ڕووتم لەو ئاسمانە بەرینەدا

ئاواز، پێوانەی کات و خێرایی، هێز و گرێدانی دەنگ، هارمۆنی، ڕازاندنەوە و لێکدانەوەکانی

١٢

ئەو ئێوارە و ڕۆژگارە موسیکە سەمایەم بێ مەرامەت نەبوون

وەک چۆن بێ گاشە و گێچەڵ تێنەپەڕین

ئەوەندەی نەبرد دەنگی زبری وردە بەرد

تێکەڵ بوو بە تێکڕای جوانی ئەو ئێوارەیە

دەنگی هاڕەی ڕەقی ڕەشەبەرد

جار جارەش خڕە و دەستەبەرد

سەرتاپا

 سەمای شادی پەرەندە و باڵندەکانی دەم بای ئەو ئێوارەیەی زامدار کرد

دواتر لەوە تێگەیشتم ئەو بەردانە تێگرتنێکی بە مەبەستە و

هاوڕێکانی ئەو گەشتەم خۆیان دەدایە دەم بەردەکان

ئەوان بەنیازی پاراستنی سەما

زامدار دەبوون

وردتر سەیرم کرد دارلاستیک بەدەستەکان

لە مەڵبەندێک کە بۆ تێکدانە و

لە دامەزراوەیەکەوە کە دژە هونەرە

دزەیان کردۆتە سەر شەقامی بەرد بارانکردنەی ئەو ئێوارە سەما فڕینە

ڕەش ئەچونەوە کە لەسەرەوە لێم دەڕوانین بچوک زۆر بچوک و گرگن

خەسیوتریش لە ژێر زەبری گەدای نان و ئازادییدا

بە دارولاستیکەکانیانەوە هاتبوون

جەستەی فڕینێکم هەپروون بە هەپروون بکەن

ئەوان نەیاندەزانی سەمایەک بە وزەی خۆر و ڕیتمی خۆشەویستییەوە بکرێت

  هەردەم بەرەو ئازادبوون لە باڵە فڕێدایە و

هەرگیز نیشتنەوەی نابێتە کۆیلە بۆ ڕەنگ زەردەکانی ونبوو لە خەیاڵدانی

کۆنەپەرستی و خود پەرستی و دوور زۆر دوور

لە ژیانپەرستی و خۆشەویستی

١٣

هەر لەوێدا وەک باڵندەیەکی سەماکاری کۆچەری

بەزمانی جەستە و بە هاوئاهەنگی ووزەی خۆر و هەورەکان 

لەو ئێوارە سەمایەدا بۆم نوسین

کەسێک کە هەوەسبازانە تابۆ و تەوتەمەکانی خۆی بکاتە وانەی شانۆ

 کەسێ دەنگێکی ڕەوانی موسیکی دەرنەهێنابێ بەر گوێ نەکەوتبێ

کەسێ لێبووکی دەم زەمەن و گەمە سەپێنراوەکان بێ

کەسێ خۆی دەداتە ناو هەموو گەمەیەک بەگەمەی هەواڵدزیشەوە

هیچ کات ناتوانێت بچێتە ژێر باری گرانی

ئازادی جەستە و دەربڕینەوە

هیچ کاتێکیش چونکە ناتوانن گوێ لە موسیک بگرن

گاڵتەجاڕانە و نەزانانە لە ئازادی دەڕوانن.

١٤

ئەوەی مەستی و سەراسیمەی کردم

بینینی چەند هاوڕێیەک بوو

بە چاوێک پەسەندی ئەوانیان نیشان دەدا و

بە چاوێکی زۆر پڕ گومان و ترسنۆکیەوە

کە ڕیشەیەکی لە دیندا و ڕیشەیەکی لە خودپارێزیدا بوو

 پاشان خەیاڵیانم دەخوێندەوە

پێیان دەوتم وتمان بفڕە، بەس ئەوەندە بەرز نا

وتمان سەما بکە، بەڵام ئەوەندە پڕ لە خۆشەویستی و ڕاستگۆیی نا

وتمان بەرز بفڕە بەڵام تۆ بەم سەرتاپا فڕینەت ئێمەت تێپەڕاند

ئای ئەوان نەیاندەویست دان بەوەدا بنێن

من لەدوای دەرچوونمەوە لە ئاوی بەپیت

لەدوای بەرکەوتنم بە یەکەمین ورشەی تیشکی خۆر

ڕاستەوخۆ پیتاندنی جەستە و زەویم پێکەوە لەسەر ڕووبەرێکی بەفەڕ نەخشاند

فڕین تاوان نییە

ڕاستەوخۆ جەستە بە ئاماژەکان دەسپێرم

سەماکردن لێکدانەوەی چیرۆکی ژیانە

ڕاستەوخۆ زمانی جەستە بە دەربڕین دەناسێنم

بێ ئەوەی ئاوڕ لەدواوە

لە گوناه

لە تاوان

لە هەڵە و

لە پەتا بدەمەوە.. بازدەدەم و سەمادەکەم

چۆن لە فڕین تێدەگەن؟

چۆن لە درشتی سەرهاوردنی زمانم تێدەگەن؟

وەڵامتان گەر هەبێ یان نا چی ڕوودەدا؟

من سەمای شار دەکەم

تۆ شار وێران دەکەیت

من شانۆ بە سەما دەکەم

تۆ سەر شانۆکان تاریک و شەرمەزار دەکەیت

من زەمەن و میلۆدی و هارمۆنی موسیک بە جوڵەوە گرێدەدەم

تۆ ئارەزووی مەستبون بە موسیک ئەتخنکێنیت

من شێوەکاری ناخم و لە قوڵاییەوە وزە دەدەمە سەماکان

تۆش هێڵی وێنەکان لەبار دەبەیت

 حەوت کەرەت بەرەو قوڵایی ئاسمان دەفڕم و بازدەدەم من

هیچم بەدی نەکرد

تەنانەت حەوت نهۆمەکەی ناو وەهمی ئێوەش دیارنەبوون

 ئیتر هەتا لێ دەدات

من بازدەدەم و سەمادەکەم

تەنانەت ئەو خەسیوانەی بەردیشم تێدەگرن

لەبەردەم وزەی وەستانە سەمایەکدا بەرگە ناگرن

تەنانەت من ورشەیەکیشیان تێناگرم

 ئیتر ئاوا ئەو ئێوارە سەرمەستبوونە بەردەوامە

بە سەما کەوتن و

چەند خولانەوەیەک تەبا بە ڕاکێشانی هێزی کێشکردنی زەمین

بڕیاری نیشتنەوەیەکی کتوپڕم دا

لە شار چیم دی؟

هۆڵی شانۆکان وەک

ماڵەکان کە خاڵییە… شارێک تەواو خاڵی لە سەما و خامۆش

 بەڵام یادەوەری سەمای جوڵەی یەکەمی تیا بەدی دەکرێ

کە لە تەنیشتیشەوە

بارەگایەک بە ئاڵای سوور و بە دڵ چەوساوە

 بە ناوی ئازادییەوە

کە هەڕەشەی کوشتنی خۆشەویستی و ئازادی تیا کرا

ئەوانیش دەیانەوێت لە هەواڵە گرنگەکانی ئێوارەدا

بەر ئەنجامی بەردی ڕەش و بەردی دەستی هەوەسبازەکان بڵاو بڵاو بکەنەوە

ئەمەش ناشرینی چیرۆکی شار و سەمایەک بوو

ئەوەی تەنها هەناسەبەخش بوو نووسینەکەی شێرۆ بوو

لەگەڵ ئەوەشدا من بۆ باخچەکانی ئازادی شار دەفڕم

چیمداوە لە باخچەی پاشای نەفام

پێیان گووتم : هەنگاوە سەمایەک بنێ

باخچەی پاشا ئەوەتا لەوێیە لەوبەر ئاوە

 ئەوەی بەردیشم نەفامانە تێدەگرێت

من لەم سەرەوە فڕینێکی شێتانەی تێدەگرم

بەڵام من هەمیشە لە ڕێگای جوانی کچێکدا سەمادەکەم

ئەمجارە سەرەتا بە باز دواتر فڕین

هەر لەوێوە بەسەر دیوار و لێواری باڵەخانەکاندا

تێکڕا بە ڕوانگە و بەسەر هەزارمێردا

بە سەمای تارماییەکانی شەو

تارمایی جوڵەکان لە پانتاییە سپیەکانی ئەشکەوتەکەدا

توانەوەی جەستەی منداڵانی سەمادا بەسەر بەردەکاندا، کەوتمە ناو گێژاوێ

لە یادەوەری و ئەسرین

نەمهێشت لەوە زۆرتر هەستەکان سۆزەکان بمبەنەوە

بەڵکو جوڵە و سەماکان بردیانمەوە

بەرەو گۆڕەپانی سەرەتایی سەرچنار و

خولی سەمای منداڵان هێشتا لەوێ بوو

سەما و گۆرانی ئارامی گیانە

خەندە و پێکەنین گوڵە لێوی منداڵان بوو

دوابڕیارە و ئیتر دەبێ

باز بەسەر دیوار و سنوورەکانی جیهاندا بدەم

ڕاستەوخۆ

بە ناو دڵی ئەودا دەرباز بم

 بەڵێ، سەر لەنوێ ئالێرەدام من

بە لێدانی حەوت هەستە سەمادەکەم

و

لەو پێناوەشدایە شاخ و دەشتەکان تەوژمم پێدەدەن و دەمبزوێنن

ئەو دۆخەی هەموو مەینەتی و ئازارەکان پاڵپێوەنەرن بۆ ئارام بوونەوە

ماچم کە ئەی تاریکە ڕێ ماچم کە

ماچم کە ئەی تاریکە زەمەن ماچم کە

ئەوە منم سەمام

لە ڕوناکییەکی بزربووەوە بەرەو پشکۆی خۆشەویستییەکی نوێ

هەڵگرتووە و بڵندی ئەکەم

سەماکردن تاوان نییە مرۆڤ، بەڵکو ئارامگە و ئاراستەی جەستەیەکە

 لەناو ئاوی پیاتندنەوە هاتۆتە دەر

بەرە و زەوییەکی بەپیت کەوتۆتە ڕێ

هەروەک چۆن لە دوای باران زەوی هەڵم دەکات

هەروەک چۆن لە دوای هەڵم گوڵ خونچە دەکات

هەروەک چۆن گوڵ لە دوای خونچە لێوەکانی دەکرێنەوە

 مرۆڤ تۆش وابە و باش بە

تۆش ئیتر بۆ هەمیشە مەبە بە فیۆنا و واز لە وێرانکردنی سەندریللاکانی سەما بێنە و

 خۆت وەک مەزڵوم پیشان مەدە

وازبێنە لە تەرەکردنی باڵندە دەستپێکردووەکانی سەما

ئەوەندەی تر ناشیرینی مەکە ئەو سەکۆیە

ئاە ماوەیەکی زۆر بوو لە بیرمکردبوون

چونکە لە ئێستادا سەما دەکەم من

هەمو وشتێک وەک دیاری بۆ ئێوەیە

ئەوەی تەنها دەمێنێتەوە هەناسەیە

ئەویش ڕێنمایی هەستەکانمە

بۆ ئێوە منداڵانی شار

بۆ ئێوە گەنجانی شار

مرۆڤە جوانەکانی شار

بازووەکانم بەرەو ئاسمان بەرز زۆر بەرز فڕی دەدەم

سەرم بەرەو خوار بەرەو ناوملم دادەبەزێ و

نقوم دەبێت

دەمم فراوان دەبێ و دەخوازێ شەرابی جوڵە لەدوای خوماربوون بخواتەوە

دەخوازێ بە ریتم و ناسکی و شنە تەزووی وزەی سەما مەست بێت

جەستەم دەخوازێ

تەلیسمە بریقەدارەکانی تیشکی دەرچوو

تیشکی بەیەک گەیشتنی وزەی جەستە و جەستە

تیشکی منداڵی ناومنداڵدانی ئێسک و ماسولکە و پێستم

تیشکی پیتێنراوی ناو ئاوی بەپیتی جەستە و با و زەمین و خۆڵ

 دواتر 

تۆ

بخواتەوە

ئەی سەمای سەرمەستبوون و بەختەوەری

من لێرەم بەردەوام

ئەی سەمای ناکۆتای شار!

پەراوێزەکان:

کۆترە ڕۆکی: هەموو کۆترێکی ماڵی دەچنەوە سەر کۆتری ڕۆکی.

گالۆپە باز: گالۆپە باز یان هەنگاو بازێکە کە لە سرووشتی ئەسپدا هەیە و لە کاتی غارداندا، سەماکارانی کلاسیک و مۆدێرن بە شێوەی جیاواز پێی هەڵدەستن.

ئاسکە باز: یەکێکە لە بازە سەماکانی سەماکارانی سەمای کلاسیک و مۆدێرن

دارەباز: تابووت، دارەمەیت

پەرباز: بەواتای فڕین، بۆ باڵندە بەکاردێت بە تایبەت کەو کەڵەشێر لە کاتی شەڕدا.

بازەپەت: ئەو بازەیە کە زۆرتر لە شوێنی بەرزەوە بە خۆبەستن بە پەتێکی لاستیکەوە بۆ خۆ خستنە خوارەوە ئەنجام دەدرێت، جەستە شێوەی کەوانە وەردەگرێت بەدەم باوە.

سەرهاوردن: تێڕامان، بیرکردنەوە

فیۆنا: باوەژنی سەندرێللایە لە جیرۆکی سەندرێللادا، کە هەمیشە کچە نەزان و ناشرینەکانی خۆی دەباتە پێش و سەندرێللاش دەچەوسێنێتەوە.

سەندریللا: ئەو کچە جوان و شیرینەیە کە باوەژنەکەی هەول دەدات بیشارێتەوە بۆ ئەوەی کچە ناشرین و نەزانەکانی ببنە هاوسەری شازادە

ئاوی بەپیت: ئەو ئاوەی لەسکی دایکدا کۆرپە تێیدا دەژی پێش لەدایک بوون

*ئەم تێکستە لە هەندێ شوێندا، دەق ئاوێزانی تیاکراوە بە دەقی چەند هۆنەرێکی کورد بیرۆکەی ئەم تێکستە لە ساڵی ٢٠٢٠ داڕێژراوە و لە سەرەتای ساڵە ٢٠٢١ دەستکراوە بە نووسینی و ٢٨ی ٤ی ٢٠٢١ نووسینی کۆتایی پێ هاتووە.

photo_٢٠٢١-٠٤-٢٩_٠٢-٣٧-٥٨

سەرنجێک بنوسن