ئەودیوی چاکە و خراپە
“هیچ ڕاستییەک بوونی نییە، تەنیا لێکدانەوەن“
نیچە
تافی لاویی نیگارکێشێکی شکستخواردوو
کۆڵەپشتەکەی کردەوە، پڕ بوو لە قتووی ڕەنگاوڕەنگی بچووک، ئەو قتووانەی کە پاقلە و نۆک و ماسییان تێدا بوو، کۆی دەکردنەوە. سەری قتووەکەی کردەوە، سەیرێکی چواردەوەی کرد. تەماوی و سارد و خۆڵەمێشی. مشتێک گڵی فەڕەنسای هەڵگرت، کردیە قتووەکە و سەرەکەی داخست و بۆ نێو کۆڵەپشتەکەی.
دەگەیشتینە هەر ناوچەیەک، هەر شەڕگەیەک ئەمەی دەکرد، دەیگوت کە نیگارکێشە و دوای کۆتایهاتنی جەنگ، لەو گڵانە نیگارێک دروست دەکات، وەک یادگارێک بۆ ڕۆحی سەربازە کوژراوەکان.
لاوێکی باریکەلەی زەردەڵەی باڵا مامناوەند بوو، لە ڕاستیدا هێندە لاواز بوو، باڵای بەرز دەینواند، وەک هەر ئەڵمانییەک، دوو چاوی شین و قژێکی زەردی خاوی هەبوو. سمێڵکی باڤاری پڕی هێشتبۆوە. دەیگوت بەر لە جەنگ لە ڤییەنا نیگارکێش بووە، گوزەرانی خراپ بووە، جوولەکەیەک بەناوی مۆرتیگسن کڕیاری بەردەوامی تابلۆکانی بووە، هەرچەندە دەست قرچۆک بووە و پارەی کەمی پێداوە. کینەیەکی توند و سەرسوڕهێنەری بەرامبەر جوولەکە هەبوو.
لە جەنگەکاندا، لەنێو دەنگی تۆپ و فیشکەی فیشەکەدا، لەنێو سەنگەرەکاندا خۆی کوشمەڵە دەکرد و دەستی دەخستە سەر گوێچکەکانی، یان منی لە باوەش دەکرد و هەڵدەلەرزی، هەستم بە چەقوچۆقی ددانەکانی دەکرد لەسەر شانم. کاتێک تەقە دەوەستا و دونیا ئارام دەبۆوە، کاغەزەکانی لە گیرفانم دەردەهێنا و دەستی دەکرد بە کێشانی ڕووخساری ماندوو و خەمگینی سەربازەکان، دووکەڵ و ئاگری نێو سەنگەرەکان و جەستەی زامداری بریندارەکان. یان کتێبەکەی نیچەی دەردەهێنا و بێدەنگ دەیخوێندەوە، لە کاتی خوێندەوەیدا کەفوکوڵ دەیگرت و چاوەکانی دەبریسکایەوە. نەمدەزانی نیچە کێیە، چۆن بزانم؟ لێ دەیخوێندەوە، کەمێک ڕادەما و دەیگوت: “بێگومان جوولەکەکان داهێنەری ویژدانی بەدن.” شەوان لە ترسی هێرشی دوژمن نەیدەتوانی ئارام بنوێت، بە خشپەی مار و مێروو ڕادەچڵەکی. شەوێک کەروێشکێکی داماوی دایە بەر ڕێژنەی گوللە، پێیوابوو دوژمنە؛ بێچووە بچووکەکانی هاتنەسەر کەلاکی خوێناوی دایکیان. خوێنساردانە سەیری دەکردن، هیچ بەزەییەک لە چاوە ساردەکانیدا نەبوو.
لەبەرەی خۆرئاوا بووین، بەرەی پێشەوەی جەنگ لە یپرێسی بەلجیکا، لە هەر ساتێکدا مەترسی هێرشی بەریتانییەکان هەبوو. هەواڵ گەیشت دوژمن گازی کیمیایی بەکاردەهێنێت، جۆرێکی نوێی ماسکی گاز بەسەر سەربازەکاندا دابەشکرا، فەرمانکرا هەمووان ماسکەکە ببەستن، بەهۆی سمێڵە پڕەکەیەوە ماسکەکە لەسەر دەمی جێگیر نەدەبوو، فەرمانی پێکرا سمێڵی بتاشێت، ئەمەی زۆر بۆ سەخت بوو، بەڵام فەرمانە و دەبێت جێبەجێ بکرێت. دڵی نەهات سمێڵە باڤارییەکەی بە تەواوی بتاشێت، تەنیشتەکانی تاشی و لە ناوەڕاستدا پارچەیەکی چوارگۆشەی هێشتەوە. لەو ساتەدا فڕۆکەکان هێرشیان کرد و ناپاڵمەکان دابارینە خوارەوە، بۆنێکی تیژ چواردەورمانی تەنی، ئەوانەی فریای پۆشینی ماسکەکان نەکەوتن، چاویان پڕ بوو لە ئاو و کەوتنە سەر زەوی و شین و مۆر بوونەوە، من لە پاڵیدا کەوتم، ماسکەکە باش ڕوخساری دانەپۆشیبوو، دەستی بە چاوەکانییەوە گرتبوو و هاواری دەکرد” کوێر بووم، هیچ شتێک نابینم.”
دەستێک هەڵی گرتم، کە چاوم کردەوە لەتەنیشتی بووم. لەسەر چەرپایەک پاڵکەوتبوو، چاوەکانی بە برینپێچ بەسترابوو، ئاه و ناڵەی بوو، سەری بە ئەملا و ئەولادا دەسووڕاند، دوو پەرستار تووند گرتبوویان و داوایان دەکرد ئارام بێت. کەس بە لای مندا نەدەهات، ئارام و بێ جووڵە لەسەر کورسییەکە دانیشتبووم، هەموو جەستەم تۆز بوو، سەر شانەکانم دڕابوو، سەر سنگم خوێنی پێوە وشکببۆوە.
جار جار هۆشی دەهاتەوە و دەیبزڕکاند، هاواری دەکرد و جنێوی بە مۆرتگسن و بەریتانییەکان دەدا. پەرستارەکان هەوڵیاندەدا ئارامی بکەنەوە، سوودی نەبوو؛ گازەکە کاری لە هۆشی کردبوو، گینگڵی پێدەدا و ئارامی لێ بڕیبوو. چاوەکانی بەسترابوون، پزیشکەکان دەیانگوت دووچاری کوێربوونی کاتی هاتووە، لێ چاکنەدەبۆوە. دەرووناسێکیان بانگ کرد، گوتی کوێڕییەکەی هێسترییە نەک جەستەیی. مۆمێکی گڕدراوی لە پیش چاوەکانی ڕاگرت، گوتی “تۆ مرۆڤێکی ئاسایی نیت، تۆ لە هەموو مرۆڤەکانی دیکە بەهێزتریت، تۆ دەبیتە ڕزگارکەری ئەڵمانیا، تۆ سەربازێکی ئازایی ئەڵمانیت، ئەگەر بتوانیت ڕووناکی مۆمەکە ببینیت، دەبیتە مرۆڤێکی مەزن و ئێمە لە تاریکی دەردەکەیت.” دەرووناسەکە کاری خۆی کرد، ئاگری مۆمەکەی بینی و بە پەنجەکانی کوژاندییەوە. شەوێک بە گرمەگرمی بەئاگا هاتم، لەتاریکیدا لەسەر چەرپاکە دانیشتبوو. لە ژێر لێوەوە دەیگوت “تۆڵەی هەموو ئەمانەتان لێ دەکەمەوە جوولەکە چەپەڵەکان!” بۆ جوولەکە؟ خۆ بەریتانییەکان بوون هێرشیان کرد، تێنەدەگەیشتم. دیاربوو گازەکە تەواو داخانی کردبوو هۆشی لە خۆی نەمابوو و وڕێنەی دەکرد.
مانگێک دەبوو یان نەدەبوو، کۆتا ڕۆژ لەسەر جێگەکەی هەڵسا و برینپێچەکانی لێ کرایەوە. خاچی ئاسنینی پێبەخشرا، لەبەرامبەر ڕزگارکردنی سەربازێکی زامداری هاوڕێیدا. دەستی خستە ژێر باڵم و لە نەخۆشخانەکە هاتینە دەر. گەشتینە لای گاشەبەردێکی سپی کەنار ڕێگاکە، بێ ئاوڕدانەوە لەوێ فڕێی دام، تەنانەت نیگارەکانیشی نەبرد. ئەوە زۆر خەمگین و تووڕەی کردم. لاڵ بووم، بمتوانیایە دەمگوت، “جێمەهێڵە! چۆن دەتوانی؟ ئێمە لە سەرەتای جەنگەوە هاوەڵی یەکتر بووین، لە ئاگر و خوێن، شەختە و سەرما، گاز و دیتۆڵدا پێکەوە بووین، چۆن وا سانا و بێباک لەم چۆڵەوانییەدا جێمدەهێڵیت.” بەڵام جەخار نەمدەتوانی بدوێم.
لە بەردەم گاشەبەردەکە هەڵکوڕمابووم، پشتم بە دیوارە سارد و سپی و شێدارەکەیەوە دابوو. باران نم نم دەباری، لێواری شانەکانم شەڵاڵ بوو، دڵۆپ دڵۆپ دەیدا لە تەپڵی سەرم و بە جەستمدا دەخشایە خوارەوە، هێڵیکی تەڕی دروست دەکرد. کیژێکی شۆخی لاو، بە عەزیەکی سپی و قژێکی زێڕینی پەخشانەوە بەلامدا تێپەڕی. ئاوڕێکی بۆ لای من دایەوە، کونجکۆڵ لێم نزیک بۆوە، “دەبێت بۆ بەم گاشەبەردەدا ئاوا هەڵپەسێردرابێت؟” سەیرێکی چواردەوری کرد و دەستی خستە بن باڵم، بردمیەوە بۆ ماڵەوە، خانوویەکی سپی خنجیلە لە کۆتایی ڕێگەکە. بردمیە ژوورەوە و لەبەردەم ئاگردانەکە وشکی کردمەوە، وێنەکانی دەرهێنا و سەراسیمە سەیری دەکردن، قتووە بچووکە پڕ گڵەکانیش. بەو جۆرە ژیانی نوێم لە لای هاوەڵی نوێم دەستی پێکرد.
گەڕایەوە بۆ فرانکفۆرت، ناوی ئەلما بوو، چەند ساڵ دواتر هاوسەرگیری کرد، یەکسەر هاوسەرەکەیم ناسییەوە، هەمان ئەو جوولەکەیە بوو کە لە بەرەی خۆرئاوا لەگەڵمان بوو و بەردەوام نامەی ئەویندارانەی دەنووسی. دوای ساڵێک، ڕێبیکا لە دایکبوو، سێ ساڵ دواتر جولی. بیرمە نیوەڕۆیەکی درەنگ، ئەلبێرت گەڕایەوە ماڵ و ڕۆژنامەیەکی بە دەستەوە بوو، شێواو و دڕدۆنگ بە ئەلمای گوت هیتلەر بووەتە ڕاوێژکار. دەبێت هەتا زوو ئەڵمانیا بەجێبهێڵین و بڕۆین بۆ هۆڵەندا. بینیم لەسەر ڕووپەلی ڕۆژنامەکە بە هەمان سمێڵە چوارگۆشەکەی و نیگا ساردەکەی، ئەرێ خۆی بوو، هەمان هاوەڵی جەنگ، ئەدۆڵف هیتلەر.
یاداشتنامەی کیژۆڵەیەکی لاو
١٢ی حوزەیرانی ١٩٤٢
یاداشتنامەی ئازیز، هیوادارم بتوانم لە هەموو شتێکدا متمانەت پێ بکەم، چونکە هەرگیز نەمتوانیوە متمانە بە کەس بکەم. هیوادارم ببیتە سەرچاوەیەکی مەزنی پاڵپشتی و دڵنەواییم. تۆ ئازیزترین دیاری لەدایکبوونی لە ژیانمدا وەرمگرتبێت. دەبیتە ئەو باشترین هاوڕێیەی هەرگیز نەمبووە، ناویشت دەنێم کیتی.
٢١ی حوزەیرانی ١٩٤٢
نووسین لە یاداشتنامەدا ئەزموونێکی سەیرە بۆم، نەک لەبەرئەوەی پێشتر هیچم نەنووسیوە، بەڵکو لەبەرئەوەی پێموانییە کەس گرنگی بە نووسینە کرچ و کاڵەکانی کچێکی ۱۳ ساڵان بدات، بەڵام گرنگ نییە، نووسین بۆ من ئەوینە، پێویستەکی مەزنە بۆ خستنە سەر کاغەزی هەموو ئەو شتانەی لە سنگمدا پەنگیان خواردووە. کاتێک گەورەتر دەبم، دەمەوێت ببمە ڕۆژنامەنووس و دواتریش نووسەرێکی مەزن، تەنانەت بیرم لەوەش کردۆتەوە لە لەندەن هونەر و وێژە بخوێنم.
٢٨ی حوزەیرانی ١٩٤٢
ئەمڕۆ بە تەنیشت سینەماکەدا تێپەڕیم، خۆزگەم دەخواست وەک جاران بتوانم بچمە سینەما. لەو کاتەوە کە هیتلەر هۆڵەندای داگیرکردووە، جوولەکەکان بۆیان نییە بچنە سینەما، بۆیان نییە بچنە پارک و مۆڵەکان، بۆیان نییە ئۆتۆمۆبێل و پاسکیل بەکاربهێنن، تەنانەت شەمەندەفەر و گواستنەوەی گشتیش، دەبێت لە خوێندنگای جوولەکەکان بخوێنن، نابێت لە ٥ی ئێوارەوە هەتا ٦ی بەیانی لە ماڵەکانیان بێنەدەر، تەنانەت لە باخچەی ماڵەکانیشیاندا ناتوانن دابنیشن، دەبێت ئەستێرەی زەردی داودیش بپۆشن، هەتا لە خەڵکی ئاسایی جیابکرێنەوە.
٥ی تەموزی ١٩٤٢
ئەمڕۆ ڕێبیکای خوشکم ئاگادارینامەیەکی لە گۆستاپۆوە پێگەیشت کە دەبێت بگەڕێتەوە ئەڵمانیا و لە کامپێکدا کار بکات، بێگومان ڕێگە بەوە نادەین، باوکم پلانی دانا کە خۆمان بشارینەوە، بەڵام نازانم لە کوێ.
٦ی تەموزی ١٩٤٢
دایکم بەیانی زوو خەبەری کردینەوە، دەبوو زۆرترین پۆشاک لەبەر بکەین، هەتا جانتاکانمان گومان دروست نەکات، بێگومان یەکەم شت یاداشتنامەکەم خستە ئەو کۆڵەپشتەوە کە دایکم پێی دابووم، بەڵام دەبوو ڕەشۆ (پشیلەکەم) بۆ دراوسێیەکمان جێبهێڵم، باوکم تێبینییەکی نووسی کە دەڕۆین بۆ سویسرا و ئاگاتان لە ڕەشۆ بێت.
**********
دەرکەوت شوێنی خۆشاردنەوەمان پاشکۆیەکی نهێنی بوو لە کۆمپانیاکەی باوکم، لە پشتی ڕەفەیەکی کتێبەوە دەچوویتە ناوەوە، چوار لە هاوکارەکانی باوکم یارمەتیان دەداین و خواردن و کتێب و هەواڵی دەرەوەیان بۆ دەهێناین. شوێنەکە پڕ بوو لە سندووقی شکاو و چینێک تۆزی لێ نیشتبوو. من و باوکم پاکمان کردەوە. چوار ژوور و هەورەبانێک بوو، هەورەبانەکە شوێنی دڵخوازم بوو، چونکە تاکە دەرچە بوو ئاسمان و باڵندەکان و درەختەکانم لێوە دەبینی، کڵێسایەک ڕێک بەرامبەری بوو، منارە بەرزەکەی لە ژێر تیشکی خۆردا دەدرەوشایەوە.
٨ی تەموزی ١٩٤٢
لە ڕۆژدا دەبوو هیچ دەنگێک نەکەین، تەوالێت بەکارنەهێنین و بە پێخواسی هاتوچۆ بکەین، چونکە کارمەندەکانی خوارەوە ئاگاداری بوونمان نەبوون، نەک ئەوەی هەواڵ بە گۆستاپۆ بدەن. خەریکی خوێندنەوە و نووسین و وانەکانمان دەبووین هەتا ئەو کاتەی دوا کارمەند دەڕۆیشت و ئیتر دەمانتوانی قسە بکەین و تەنانەت بە دەنگی نزم گۆرانیش بڵێین.
١٢ی تەموزی ١٩٤٢
میپ، سکرتێرەکەی باوکم، خواردن و کتێبی بۆ هێناین. گوتی کە بەشە خۆراکی سێ کەس لە حکومەت وەردەگرێت، بەڵام بەناوی خوازراوەوە. ئەمڕۆ ڕادیۆیەکیشی هێنابوو، ئیتر تەنیا بۆ میوزیکی ناوازە گوێ لە کەناڵە ئەڵمانییەکان دەگرین، بۆ هەواڵی دونیا گوێ لە بی بی سی دەگرین.
١٣ی تەموزی ١٩٤٢
ئەمڕۆ خێزانی ڤان پێلەکان هاتن لەگەڵمان بژین، بەڕێز مایکڵ و خاتوو ڕەیچڵ و ئیبنی کوڕیان، ئیبین کوڕێکی شەرمن دیارە، بڕوا ناکەم بتوانم هاوڕێیەتی بکەم، پشیلەیەکی لەگەڵ خۆی هێناوە، ناوی موشییە.
١٧ی ئەیلولی ١٩٤٢
خاتوو ڕەیچڵ ژنێکی نالەبارە و بەردەوام دەمەبۆڵەیەتی لەگەڵ مێردەکەی، کاک مایکڵیش زوو هەڵدەچێت و بەردەوام جگەرە دەکێشێت، سمێڵی بە دووکەڵ زەردهەڵگەڕاوە، ئیبین بەردەوام لە ژوورەکەی لە ژێر هەورەبانەکەدا دەمێنێتەوە خواردن بە پشیلەکەی دەدات، زۆر بێزارم، هەمووان سەرقاڵن و کەس نییە قسەی لەگەڵدا بکەم.
١٦ی تشرینی دووەمی ١٩٤٢
ئەمڕۆ کەسێکی تریش هات لەگەڵمان بژی، بەڕێز گاڤی، پزیشکی ددانە، کابرایەکی درێژی گرژومۆنە، گوتی کە حاڵی دەرەوە زۆر خراپە، هەزاران جوولەکە ڕەوانەی ئەڵمانیا کراونەتەوە بۆ کارکردن لە کەمپەکاندا، لەوەوە زانیم کە جولیای هاوڕێشم گیراوە، جولیا کە بە نزیکترین هاوڕێی خۆم دەزانی، گیرانی زۆر دڵتەنگی کردم.
٢٠ی نیسانی ١٩٤٣
ناتوانم سەیری دەرەوە بکەم، تەنیا دەتوانم لەتەنیشت پەنجەرەکە ڕاوەستم و هەوای خاوێن هەڵمژم، هەست بە گۆڕانکارییەکی سەیر دەکەم لە جەستە و ناخمدا، شەوان ئارەزوویەکی بەهێزم هەیە دەست لە مەمکەکانم بدەم، هێندە بەهێزە کە دەستدەکەم بە گریان. ئارەزوویەکی شیرین کە ناخم گەرم دەکاتەوە و وام لێ دەکات خۆزگەی فڕین بخوازم. ناتوانم بۆ کەسیشی باس بکەم، دایکم بە هیچ جۆرێک لێم تێ ناگات، ژنێکی سەرکزی کۆنەپارێزە، هەمیشە پێم دەڵێت جولی ئەوە بکە و جولی ئەوە مەکە، جوان نییە کچێکی لاو ئاوا ڕەفتار بکات، نابێت زۆر قسە بکەیت، دەیەوێت هەمیشە بەڵێی بۆ بکەم، بەڵام ناتوانم، نامەوێت وەک ئەو بم، دەمەوێت کەسێکی ئازادبم و ژیانێکی خۆش بۆ خۆم دروست بکەم، ژیانێک کە دوای مردنیشم بەردەوام بێت، خەونی گەورەم هەیە، دەمەوێت گوتەکانی ناخم بخەمە سەر کاغەز، دەنا دەخنکێم.
٧ی ئەیلولی ١٩٤٣
جولیام بینی، سەربازەکان دەیانخستە شەمەندەفەرێکەوە، دەستی بۆم درێژ دەکرد و هاواری دەکرد: جولی؟! جولی؟! نەمدەتوانی یارمەتی بدەم، بردیان، قژە خاوە درێژەکەییان تاشی، ڕووتیان کردەوە، بردنیانە ژوورێکی بێ پەنجەرەی سیخناخ لە ژنی ڕووت، دەستیان بە مەمکەکانیانەوە گرتبوو، خەمگین سەیریان دەکردم، لە ساپیتەکەوە چەند دوشێک شۆڕببوونەوە، وەک ئەوانەی گەرماو، لە پڕتاو فیشکەیان کرد، ژوورەکە تژی بوو لە دووکەڵ، یەک یەک کەوتن و خنکان، جولیا زەردەخەنەیەکی خەمگینی کرد و بەلادا هات. بە دەنگی ناپاڵم و دۆشکە خەبەرم بۆوە، بیناکەی دەهەژاندەوە، ڕامکرد بۆ ئامێزی باوکم و بە چاوانی پڕ گریانەوە سەرم بە سنگیەوە نا.
٢٥ی شوباتی ١٩٤٤
دوێنێ شەو گفتوگۆیەکی توند بەرپا بوو لەسەر نیچە و هیتلەر؛ بەڕێز مایکڵ گوتی: “نیچە دژە جوو بوو، هەر بۆیە بووە ئیلهامی هیتلەر.”
باوکم گوتی: “نەخێر وانییە، هیتلەر بە هەڵە نیچەی خوێندۆتەوە، وەک جۆرج ئۆروێڵ دەڵێت’ هیتلەر پێویستی بە فەیلەسوفێک بوو ڕەوایەتی بە دۆزەکەی بدات، وەک چۆن کۆمەنیستەکان سوودیان لە مارکس وەرگرت.’ نیچە خۆشی دەڵێت کە بە هەڵە لێکی دەدەنەوە، هیچ فەیلەسوفێک نییە هێندە ناحەقی بەرامبەر کرابێت.” باوکم هەموو کتێبەکانی نیچەی خوێندبۆوە، فەیلەسوفی دڵخوازی بوو.
“بەڵام نیچە دەڵێت ئایندارەکان ڕەوشتی کۆیلەیان هەیە، دەبێت کۆیلە بکرێن و ئاریانەکان ببنە سەردار!”
“هەر دیارە نیچەت نەخوێندۆتەوە، ڕاستە دەڵێت ڕەوشتی مێگەلیان هەیە، بەڵام هەرگیز ناڵێت دەبێت بکرێنە کۆیلە و لەناوببرێن، ئەوە تەنیا بۆچوونی هیتلەرە بۆ ڕەوایەتیدان بە کینەکەی لەهەمبەر سامییەکان.”
٦ی حوزەیرانی ١٩٤٤
لە ڕادیۆوە بیستمان کە هاوپەیمانان گەیشتوونە نۆرماندیی فەڕەنسا، بەمزووانە ئازاد دەبین. دووبارە پڕ بە سینەم هەوای پاکژ هەڵدەمژم و هەموو ئەو شتانە دەکەم کە دڵم دەیخوازێت. سەرباری هەموو شتێک، هێشتا بڕوام وایە مرۆڤەکان لە دڵەوە چاکەخوازن.
من و یاداشتنامەی دۆستم
لە نیوەی شەودا گۆستاپۆ هاتن و هەموویانیان دەستگیر کرد، بە زیلە سەربازییەکان بردیانن، من و یاداشتنامەکە بەجێمایین. بیناکە کشت و مات، دەتگوت هەرگیز کەسی تێدا نەبووە. هەردووکمان چیرۆکی خۆمان بۆ یەکتر گێڕایەوە؛ من چیرۆکی هیتلەر، ئەویش جولی. نازانم چەندێک تێپەڕی، ڕۆژێک بەڕێز ئەلبێرت گەڕایەوە، خەمگین و داتەپیو، بە نێو ژوورەکاندا دەگەڕا، میپی لەگەڵدا بوو، دەیگوت کچەکانی و هاوسەرەکەی و هەموو ئەوانی تر لە کامپەکاندا مردوون. میپ یاداشتنامەکە و چوار تیانووسی دیکەی دەرهێنا و دای بە بەڕێز ئەلبێرت، “ئەمە یاداشتنامەکەی جولیە، هەڵمگرتووە، جولی دەیوست ببێتە نووسەر.” بەڕێز ئەلبێرت بە دەستی لەرزۆکەوە وەری گرت و خوێندیەوە، کاتێک تەواو بوو بە چاوانی پڕ فرمێسکەوە گوتی، “میپ، هەرگیز کچەکەمم نەناسیوە!”
ئێستا یاداشتنامەکەی هاوڕێم بەناوبانگ بووە، بەڕێز ئەلبێرت پاکنووسی کرد و چاپی کرد، بۆ نزیکەی ۷٠ زمان وەرگێڕدراوە، هەر بەڕاستی جولی دوای مردنی دەژی و لە دڵی هەموواندا دەمێنێتەوە. منیش لێرە گیرم خواردووە. هەر کاتێک کەسێک دێت بۆ مۆزەخانەکە، ئاماژەم بۆ دەکات و لە ڕێبەرەکە دەپرسیت، “ئەم کۆڵەپشتە ئەڵمانییە چەپەڵە چی دەکات لەنێو یادەوەرەکانی جولی پاکژدا؟!”