جیاوازی نێوان «وۆمەنیزم» و «فێمینیزم»

وەرگێڕانی: سارا سەردار

ڕەنگە ئێوەش لەم ساڵانەی دوایی واژەی (وۆمەنیزم womanism)تان بیستبێت و ئەو پرسیارەتان لا دروست بووبێت کە ئەم وشەیە چ واتا و ئامانجێکی هەیە و جیاوازی چییە لەگەل « فێمینیزم»؟.

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ساڵی ١٩٧٩. ئالیس والکێر شاعیر و چالاکوانی ڕەش پێست لە ئەمریکا بۆ یەکەمجار ئەم وشەیەی دروستکرد و بەکاری هێنا. والکێر لە نەبوونی هەمەجۆری ڕەگەزی لە فێمینیزم ڕەوتی سەرەکی ئەو کاتە لە ئەمریکا، ناڕازی و ماندوو بوو.

ئەو، ڕەوتی سەرەکی فێمێنیزمی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە لە ساڵی ١٩٠٠ەوە و شەپۆلی یەکەم و داواکاری مافی دەنگدانی ژنان، پێشکەوتن و گۆڕانکاری وای بە خۆیەوە نەبینیوە و وەک هەمیشە گۆڕەپان لە دەستی ژنانی سپی پیستی چینی ناوەند و لەگەڵ باوەڕ و دیدەکانی ئەوانەدایە. هەروەها ئەو بڕوای وا بوو کە (ژینگەی کولتووری)ی ژنان گرنگە و نابێت دوور لەم ژینگە کولتوورییە، خەبات بکرێت.

والکێر لە کورتە چیرۆکی (coming apart)، وشەی (وۆمەنیزم)ی بەکار هێنا، بەڵام وشەکە لەگەڵ واتای سەرەتایی و مەبەستی والکێر هەندێ جیاوازی هەیە.

ئەو لە پێناسەی وشەی (وۆمەنیست)دا نووسی، کە «ۆومەنیستدا ژنێکی ڕەش یان ڕەنگین پێستە، هەڵسوکەوتی ‘ژنایە’یە کە ڕیشەکەی لە کولتووریی ژینگەکەیەتی. ژنێکە کە ژنەکانی دیکەی خۆشدەوێت (سەڕەرای هەبوون یان نەبوونی حەزی سێکسی)، ژنێکە کە هێز و توانایی و هەستەکانی ژنەکانی دیکە بە بایەخ دادەنێ. ژنێکە بە هەمان ڕادە کە گوڵی وەنەوشە، ڕەنگی بەنەوشە، ئەویشە فێـمینیستە».

ئالیس والکێر بڕوای وابوو کە ۆومەنیزم شتێکی فراوانتر و بەرزترە لە  فێمینیزم و،  فێمینیزم بەشێکە لە وۆمەنیزم. وۆمەنیزم بە پێچەوانەی فێمینیزم، هەموو هێزی بۆ نایەکسانی جێندەری تەرخان ناکات بەڵکو تەرکیز لە نایەکسانی، جیاوازی و سەرکوتی ڕەگەزی و چینایەتی دەکات و نایەکسانی جێندەری بەشێک لە جۆرەکانی سەرکوتکردن دەبینێت. والکێر، ۆومەنیزمی بە ئایدیایەکی جیهانیی دادەنا، نەک وابەستەی وڵات یان کولتوورێکی تایبەت.

دواتر والکێر لە وتارەکان و کورتە چیرۆکەکانی تری پەرژایە سەر خستنەڕوو و برەوپێدانی چەمکی وۆمەنیزم؛ لەگەڵ ئەوەشدا ڕوونکردنەوە و گێڕانەوەکانی لەبارەی وشەیەک کە دروستی کرد، یەک شێواز و پێڕەوی پرۆسەیەکی لۆژیکی نەبوو. ئەو هەندێ جار شتێکی زیاد دەکرد کە لە دژی قسە و وەسفی پێشووی خۆی لە چەمکی وۆمەنیزم بوو.

“کلێنۆرا هودسۆن وێمز” مامۆستای ئەدەبیاتی ئینگلیزی لە زانکۆی میزۆری، لە ساڵی ١٩٩٥ ژێرلقێکی تر لە زاراوی وۆمەنیزمی ناساند بە ناوی: (ئەفریکانا وۆمەنیزم). هودسۆن وێمز، ئەفریکانا وۆمەنیزم وەک باوەڕێک پێناسە کرد کە سەر بە ژنانی ڕەشپێستی بە ڕەچەڵەک ئەفریکییە. ئەو ١٨ تایبەتمەندی بۆ ئەفریکانا ۆومەنیزم دانا کە (پێناسەی شوناسی خود لە لایەن خودەوە، بنچینەیی خیزان، ڕێزگرتن لە زەوی و خاوەن ئەزموونەکان، هێزی خۆگونجاندن و خوشکایەتی لەنێوان ژنانی ڕەش پێست) کۆمەڵێ لە تایبەتمەندییەکانیەتی.

چیکوێنی ئۆکۆنجۆ ئۆگونیمی، مامۆستای ئەدەبیاتی نێجیریایی، لە توێژینەوەیەکی زانستی گرنگدا پەرژایە سەر ڕوونکردنەوەی فراوانتری ۆومەنیزم. ئەو پێی وایە ۆومەنیزم وڵامی کۆتایی بە پرسیاری چۆنییەتی دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات لەنێوان نەتەوە و ڕەگەز و زایەندە جیاوازەکانە. ئۆکۆنجۆ ئۆگونیمی لە پێناسەکەیدا زۆرتر لە هودسۆن وێمز نزیک بوو و هەردووکیان لە پێناسەی سەرەتایی والکێر دوور بوون. والکێر یەکگرتن و و نزیک بوونەوەی فێـمینیستە ڕەش پێست و سپی پێستەکانی بە مومکین دەزانی، بەڵام ئۆگونیمی و وێمز لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە لە کۆتاییدا هیچ کاتێک ناکرێ لەگەل  فێمینیستە سپی پێستەکان بە ڕاستی یەکگرتوو و هاودەنگ بن.

وۆمەنیزم هەمیشە زیاتر لە هەموو شتێک گڕێدراوە بە ژنانی ڕەش پێست و لە ڕاکێشانی ژنانی ڕەنگین پێست زۆر سەرکەوتوو نەبووە.

لەگەڵ ئەوەی والکێر و توێژەرەکان و خەڵکی ئەکادیمی دیکە تا ئەمڕۆ چەند جار دووپاتیان کردووەتەوە کە ۆومەنیزم تەنیا تایبەت بە ژنانی ڕەش پێست نییە، بەڵکو خاڵی دەستپێک و سەرەکییەکەی ژنانی ڕەش پێستن، بەڵام وۆمەنیزم هەمیشە زیاتر لە هەموو شتێک گڕێدراوە بە ژنانی ڕەش پێست و لە ڕاکێشانی ژنانی ڕەنگین پێست زۆر سەرکەوتوو نەبووە. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە لەنێو ژنانی ڕەش پێست، زۆرینەی ژنان ئەوەیان پێ باشتر و پەسەندتر کە خۆیان بە ۆومەنیزم بزانن هەتا فێمینیزم. وۆمەنیزم دەرفەتی زیاتری پێداون تا بتوانن هاوکات بڕوا ئایینییەکانیان، رۆلێ گرنگی خێزان لە کولتوورەکەیان، پێویستی رێزگرتن لە گەورەکانیان، مەعنەویەت هتد.. بپارێزن و هاوکات لە دژی هەڵاواردن هەڵوێست وەربگرن.

فێمینیستەکان لە دژی پیاوسالاری ڕەگ داکوتاو و تۆمەت و بیرتەسکی و نایەکسانی لە دژی ژنان خەبات دەکەن

جیاوازی سەرەکی ۆومەنیزم لەگەڵ فێمینیزم دەبێ لە ئایدۆلۆجییەک بزانین کە هەر تاکێک لە ڕوانگەی خۆی بۆی تێدەکۆشێ. فێمینیستەکان لە دژی پیاوسالاری ڕەگ داکوتاو و تۆمەت و بیرتەسکی و نایەکسانی لە دژی ژنان خەبات دەکەن، وۆمەنیستەکان لە دژی جیاوازی و نایەکسانی ڕەگ داکوتاو لە ڕەگەز، رەنگی پێست و چینی کۆمەڵایەتی خەبات دەکەن. ئایا وۆمەنیستەکان بە ناچاری فێمینیستن؟ نا و بە پێچەوانەوە زۆربەیان هۆشیارانە لەوەی کە خۆیان بە فێمینیست ناوزەد بکەن، پاراستووە و هەندێ لە پێناسەکانیان لە دایکایەتی، چاودێری کردن لە کەسانی تر و ژن وەک بنچینەی خیزان لێکدژە لەگەڵ باوەرە فێمینیستییەکان. لە زۆربەی کات ۆومەنیستەکان پێوەندی باشیان لەگەڵ کڵێسا هەیە و ئەوە شتێکە کە زۆربەی بەشەکانی فێمینیزم بە شێوازێکی مێژوویی لێی دوور کەوتوونەتەوە و کڵێسا و مەزهەبەکان بە یەکێک لە پێگەکانی سەرکوتی ژنان و هۆکاری نایەکسانی دەزانێت.

بۆچی زۆربەی ژنانی ڕەش پێست خۆیان بە وۆمەنیست نازانن و شوناسی خۆیان بە فێمینیستی دەزانن؟ لەبەر ئەوەی فێمێنیزم ڕوو لە گەشەیە و چەندین جار گۆڕانکاری و گەشەی هەبووە و خۆی نوێ کردووەتەوە و دەکاتەوە. فێمینیزمی ئێستا لەگەڵ فێمێنیزمی دەیەکانی ١٩٧٠ یان ١٩٨٠ مەودایەکی زۆری هەیە، بابەتی گرنگی تێکەڵبوونی زۆرداری و هەڵاواردنی لە ئێستادا یەکێک لە تەوەرەکانی زۆربەی فێمیمینستەکانە. تێکەڵبوونی زۆرداری فێرمان دەکات کە ژنان بە تەنیا لەبەر ژن بوون، هەموویان بە یەک شێوە و پێوانە هەڵاواردنیان ئەزموون ناکەن. هەر ژنێک پێوەندیدار بە پیشینەی کولتووری، سیاسی، ڕەگەزی، ئایینی، نەتەوەیی، ڕەنگی پێست و دۆخە ئابوورییەکەی رووبەرووی جۆڕ و ئاستە هەمەچەشنەکانی هەڵاواردن و زۆرداری دەبێتەوە و ناتوانین لە خەباتی فێمینیستی ئەم خاڵە گرنگانە پشت گوێ بخەین. دەبێ ئەم فەزای تێکەڵ بوونە کراوەتر بکرێت هەتا ژنانی ڕەنگین پێست لەگەل فێمێنیزم هەست بە نزیکی زیاتر بکەن و فێمینیزم ڕەنگاوڕەنگتر و فرەئاراستەیی بکرێ و باشتر لەگەڵ بزووتنەوە مەدەنی و سیاسییەکانی تر ببەسترێنەوە.