ئەلبێر کامۆ و کۆمۆنیزم

و: ڕەنج حەمە جەزا و دیار عەبدولباقی خەلیل

بە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی (ئەلبێر کامۆ)، ئەوە بە ڕوونی بەرچاو دەکەوێت ئەو فەیلەسوفی سەردەمەکەی خۆیەتی. واتە پرسە سەرەکییەکانی ئەو ڕەوش و بارودۆخەی تێدا ژیاوە، بۆتە هەوێنی تێڕامانە فەلسەفییەکانی و لە دەقی ئەدەبی شایستە دایڕشتوون.

ڕەنگە هەتا ئێستاش بۆ توێژەرانی کامۆ، هۆکاری ئەندامێتی کامۆ لە حزبی کۆمۆنیست و دواتر جیابوونەوە لێیان جێی پرسیار بێت. لە ڕاستیدا ئەم وتارەی لەبەر دەستی ئێوەی خوێنەری بەرێزدایە گرنگی دانە بەم پرسە و هەوڵدانێکی (دکتۆر ڕامین جەهانبەگلوو)ە لەمەر شرۆڤە و شیکاری ئەم پرسە.

ئەم وتارە بەشێکە لە زنجیرە سیمینارەکانی جەهانبەگلوو لە بەرنامەی ئاگۆرا، کە بە شیوەی تۆمارکراو بوونی ھەیە. ئەم بەشە لە سیمینارە لەژێر ناونیشانی (کامۆ و کۆمۆنیزم) بەڕێوە چووە، کە بە مۆڵەت و ئاگاداری بەڕێزیان بە شێوەی نووسین داڕێژراوە و وەرگێردراوەتە سەر زمانی کوردی.

ئەم بابەتە نەک هەر بۆ تێگەیشتن لە کامۆ گرنگە، بەڵکۆ بۆ چۆنێتی تێڕوانینی، ڕەخنە و پێشنیار و تێڕامانە فەلسەفییەکانی کامۆ، لە مەر ئەو ڕەوشەی تێیدا ژیاوەش جێی بایەخە. لە هەمانکاتدا دەکرێت دەروازەیەک بێت بۆ دروست تێگەیشتن لە پەیامە فەلسەفییەکانی.

وەرگێرەکان

***

تێڕامان دەربارەی هونەر و هونەرمەند و نووسەر بێگومان یەکێکە لەو گۆشەنیگایانەی، بۆ خودی کامۆ و تێگەیشتن لە کامۆ زۆر گرنگە. ھونەری نووسین بۆ کامۆ، تەنھا بابەتی بەهرەمەندی جوانیناسیانە (ئیستاتیکی) نییە، بەڵکو لە پێش هەموو شتێکەوە ئامانجی نووسین، جۆرێکە لە بەرگری ئاکاری و سیاسی لە بەرامبەر دەسەڵات، درۆ و ئایدیۆلۆژیا. ئەمە ئەو سێ لایەنەن کامۆ جەختیان لێ دەکاتەوە، واتە دەنووسم بۆ ئەوەی بتوانم خەبات بکەم لە بەرامبەر درۆ و ھەموو جۆرە دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان.

لە گوتارەکەی سویدی، کە لە ساڵی (١٩٥٧) نووسراوە وتەیەکی زۆر سەنجڕاکێش بەرچاو دەکەوێت، ئەو دەڵێت: شکۆی پیشەی ئێمە، (ئەو نووسین بە پیشە لە قەڵەم دەدات) ڕەگی لە دوو جۆر پەیمان داکوتاوە:

یەکەم: دوورکەوتنەوە لە درۆ.

دووەم: بەرگریکردن لە بەرامبەر سەرکوت و بێدەنگ کردن.

لە ڕوانگەی کامۆ هەموو نووسەرێک پێویستە ئەم دوو کارە بکات. لە ڕاستیدا ئەو قسەیەی کامۆ دەیکات، بۆ ھەمووان گرنگ و بە بەهایە و بە تایبەتی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست زۆر گرنگترە.

 کامۆ بە جۆرێکی دیکە پێناسەی سیاسەت دەکات و لە ئاست تێگەیشتنی خۆی دەربارەی سیاسەت دەڵێت: ئیدراکی ھەستی گشتییە لەمەڕ کەرامەتی مرۆیی. لە دید و گۆشەنیگای کامۆ سیاسەت بریتییە لە دوو شت: (ئەم لایەنە زۆر سەرجی ڕاکێشام کاتێک کامۆم دەخوێندەوە و هاوڕابووم لەگەڵی و خۆم تێدا دەدیتەوە) یەکێکیان هونەری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایە. وەک خۆی دەڵێت، سیاسەت وەک بەڕێوەبردنی خێزان و ماڵ وایە، واتا لە ڕاستیدا بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنە. دووەمیش بابەتی هەستی گشتی سەبارەت بە کەرامەتی مرۆییە. ئەمە لە ڕوانگەی کامۆوە زۆر گرنگە. واتا لە ڕاستیدا سیاسەت لە بەرەی بەرامبەر ئایدیۆلۆژیا دادەنێت؛ چونکە لەو باوەڕەدایە لەوێدا، کە ئایدیۆلۆژیا کەرامەتی مرۆیی دەخاتە ژێر پێ، سیاست لە بەرامبەردا پێویستە ھەستی گشتی و تێگەیشتنی گشتی لە کەرامەتی مرۆیی ببووژێنێتەوە و بانگەشەی بۆ بکات.

جا هەموو ئەو کەسانەی بە تەواوەتی ئاشنایی بیروبۆچوونەکانی کامۆن و بە باشی خوێندوویانەتەوە، دەزانن کامۆ باوەڕی بە ھیچ جۆرە ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی نەبووە و گێرۆدە نەبووە پێوەی. لە ڕاستیدا باسی سەرەکیمان لێرەدا دەربارەی ئەم لایەنەیە و گومانی تێدا نییە، کاتێک لەم لایەنە تێدەگەن، کە بە شێوەیەکی ڕاست لەو تێگەیشتبن. بۆ ئەوانەی زمانی فەرەنسی نازانن کۆی نووسینەکانی کامۆ وەرنەگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی وەک هەموو نامە و وتارەکانی، بەڵام هەر چۆنێک بێت بۆ ئەوانەی ئینگلیزی دەزانن بەشێکی زۆری ئەوەی باسی لێوە دەکەین بە زمانی ئینگلیزی دەتوانن وەدەستی بخەن.  بۆ نموونە یەکێک لەو بەرهەمانەی کە لێرەدا قسەمان لەسەر نەکردووە یاداشتەکانی کامۆیە، کە زۆر گرنگن. ئەو خۆی لە بەرگی دووەمی یاداشتەکاندا لە لاپەڕە (٢٧٣) دەڵێت: “من بە پێچەوانەی خواستی خۆم پەلکێشی نێو سیاسەت بووم.” ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: “بە هیچ شێوەیەک قەڵەمم لە خزمەتی ھیچ دەوڵەت یان حیزبێکدا نەبووە”. بەم شێوەیە، کەواتە ئێمە لێرەدا ڕووبەڕووی چ جورە مرۆڤێک بووینەتەوە، لە ڕاستیدا ئێمە سەروکارمان لەگەڵ ڕۆشنبیرێکی سیاسی، کە بێزارە لە سیاسەت و ئایدۆلۆژیا.

لەگەڵ نووسەر یان ھونەرمەندێکی بەرپرسیار ڕووبەڕووین، کە خۆی دەخاتە بارودۆخی جۆراوجۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕای خۆی دەربارەیان دەردەبرێ و دادوەریان لەبارەوە دەکات. بۆ نموونە شەڕی جەزائیر، ئەو پرسانەی لەنێو فەڕەنسا هاتبوونە ئاراوە، جەنگی جیھانی دووەم، بەرەنگاری لە دژی نازیزم، جەنگی ئیسپانیا و هەژاری و هەتا دوایی.

 کامۆ بەردەوام دەربارەی هەموو ئەم بابەتانە نووسیوێتی، بەڵام ئەوە زۆر سەرنجڕاکێشە، کە وەک خۆی دەڵێت: “قەڵەمی من لە  خزمەتی ھیچ حیزب و سیاسەتێک نییە”. بۆچی ئەمەی بەلاوە زۆر گرنکە، لەبەر ئەوەی وەک کامۆ خۆی ئاماژەی پێدەدات دەستەواژەی (سیاسەتی شکۆ و شەرەف) بەکار دەهێنێت. ئەو دەڵێت “من لایەنگری سیاسەتی شکۆ و شەرەفم نەک سیاسەتی حیزب و ئایدیۆلۆژیا”. کەواتە ئەو بە شێوەیەکی تەواو تاکەکەسیانە لە بەرانبەر فەزایەکی ئایدۆلۆژیدایە.

هەر دەربارەی سیاسەت لە ساڵی (١٩٤٤) وتارێک دەنووسێت و لە ڕۆژنامە (کۆبەک) (زۆربەی نووسینەکانی لەوێدا بڵاو کردۆتەوە، لە ساڵانی جەنگی دژ بە نازییەکان و بەرگری فەرەنسا) لەوێدا دەڵێت: (سیاسەت گوتاری مرۆڤێکە بۆ مرۆڤەکانی تر). زۆرێکتان، کە تێگەیەکی سیاسییان هەبووە یان کەسێکی سیاسی بوونە بە دڵنیاییەوە ئەم جۆرە تێگەیشتنەتان لەمەڕ سیاسەت نەبووە. بۆ نموونە کەسێک پرسیارتان لێ بکات سیاسەت چییە و ئێوە لە وەڵامدا بڵێن سیاسەت گوتاری کەسێکە بۆ کەسەکانی تر. بەڵام کامۆ تێگەیشتن و تێگەیەکی جیاوازی هەیە دەربارەی سیاسەت و لە ڕاستیدا ئەو بە جۆرێک لە جۆرەکان سیاسەت بە هونەر و فەلسەفە دەزانێت. واتا جۆرێک لە قسەکردن و دایەلۆگی نێوان کەسەکانە. سەرنجڕاکێشی کامۆ لەوەدایە، کاتێک بەرهەمەکانی دەخوێنیتەوە بابەتەکان لەنێو یەکدی بەدیار دەکەون و تەواوکاری یەکدین و دەبنە بنەما و هەنگاوێک بۆ تێگەیشتن لە کۆی فەلسەفەکەی کامۆ.

کامۆ پێی وایە ئێمە لە چاخێکدا دەژین، کە دووچاری بێهوودەیی و پووچی بووە، لە هەمان کاتدا پرە لە ترس و تۆقین، سەدەی کوشتن و بڕینە و چاخی تۆتالیتاریزمە. کامۆ لە سەدەی بیستەم ژیاوە و نووسیویەتی، ستالینیزم، فاشیزمی دیوە و خۆی لە بەرامبەر ئەم بابەتانە دیوەتەوە. کاتێک دەربارەی سیاسەت دەدوێت لە پشت بیرکردنەوەکانییەوە، دوو سیستەمی تۆتالیتاریزمە بەھێزەکەی سەدەی بیستەم واتە (ستالینیزم و فاشیزم یان نازیزم) بوونی ھەیە. چەواشەکاری و بە تەفرەبردنی خەڵکی بوونی ھەیە. واتە کامۆ بە تەواوەتی لە سیاسەتی بە تەفرەبردنی خەڵکی بە دوورە و ڕەخنەی لێدەگرێ. ئایدیای سەرەکی کامۆ بابەتی کوشتن و لەناوبردنی مرۆڤە. سیاسەت (مەبەستی لەو فۆرمە سیاسیانەیە، کە کامۆ ڕەخنەی لێدەگرێت. وەرگێر) زەمینەیەکی مرۆڤکوژە. هەر وەک ئێستا دەیبینی وەهاشە. کامۆ لە بەرەی بەرامبەریدا دیالۆگ و گفتوگۆ دادەنێت. لە وتاری “نە قوربانیان، نە بکوژەکان” کامۆ دەربارەی (شارستانیەتی گفتوگۆ) دەدوێت. شارستانی گفتوگۆ بۆ ئەو، واتە شارستانیەتی دیموکراسی؛ چونکە پێی وایە پێکھاتەی دیموکراسی پێکهاتەیەکی گفتۆگۆیانەیە (دیالۆگییە) و جۆرێکە لە ڕاھێنانی کۆمەڵایەتیی سیاسییە، کە تێیدا دەتوانرێت گفتوگۆ بکرێت. بەڵام لە ھەمان کاتدا چەمکێکی نوێ دێنێتە گۆڕێ، کە زۆر سەرنجڕاکێشە ئەویش بابەتی سینگفراوانییە، خاکەڕایی(تواضع).

کامۆ دەڵێت: (دیموکراتی سیستەمێکی سینگفراوانە)، ڕژێمێکی هەڵەشە و شەڕانگێز نییە، هەروەها سیستەمێکی لە خۆبایی و خۆبەگەورەزان و تێکدەر نییە. لە دیدی ئەوەوە ئەم سینگفراوانییە خەسڵەتێکە پێویستە لەنێو ھونەرمەند و نووسەریشدا هەبێت و هاوکاتە لەگەڵ بەرپرسیارێتییەکی تاکەکەسیانە. لە گۆشەنیگای کامۆ بەرپرسیارێتی تاکەکەسیانە باشترین ڕێگایە بۆ داکۆکیکردن لە دادپەروەری لە زەمینەی نێودەوڵەتی.

 ئەلبێر کامۆ لە ساڵی (١٩٤٧) وتارێکی بە ناوی (دیموکراسی و سینگفراوانی) نووسیوە و تێیدا باس لەوە دەکات: “تەنانەت گەرچی شتێک بە ناوی ڕژێمی سیاسی باش بوونی نییە، بەڵام بێگومان دیموکراسی ڕژێمێکی سیاسییە، کە لە ھەموو ڕژێمەکانی تر کەمتر خراپە”.

هەرچەندە ئەمە لە قسەی چەرچڵەوە نزیکە؛ بەڵام هەر چۆنێک بێت کامۆ ئەم گووتەی نووسیوە.

هەڵبەتە دەبێت ئاماژە بەوە بدرێت، کامۆ نووسەرێکی ئاڵۆزە. چونکە ڕەنگە بتوانرێت بگووترێت گەر کامۆ لایەنگری دیموکراسی بێت، کەواتە ڕەنگە لایەنگری (جەنەڕاڵ دۆگۆل Charles de Gaulle) بیت، بەڵام لە ڕاستیدا وانییە. کامۆ ناتەبایە لەگەڵ ڕەوتی چەپەکان، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئەو سەر بە ڕەوتی ڕاستڕەو بێت و داکۆکیان لێبکات. هەروەک چۆن ناتەبا و ناکۆکە لەگەڵ ڕەوتی چەپڕەو بە ھەمان شێوە لەگەڵ ڕاستەکانیش ناتەبا و ناکۆکە. هەر ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی لەو ڕەوش و بارودۆخەی ژیاوە خۆشەویست نەبێت.

کامۆ دەڵێت: “دیموکراسی لەبەر ئەوەی سنووری نییە ھەمیشە لە ھەموو لایەکەوە لە مەترسیدایە. لەبەرچی؟ چونکە لە بەرامبەر دیموکراسیدا (دەسەڵاتی دڕندەکان) یان دەسەڵاتی مرۆڤە وەحشییەکان بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان دیموکراسی خاپوور بکەن و لە ناوی ببەن. لە ڕاستیدا مەبەستی کامۆ لە دەسەڵاتی دڕەندەکان ئاماژەیە بە سەرجەم ئایدۆلۆژیاکانی سەدەی بیست، کە دەیانەوێت دیموکراسی ئەوروپا لە ناو ببەن وەک فاشیزمی مۆسۆلۆنی، نازیزمی هیتلەری و ستالینیزمی یەکێتی سۆڤیەت. کامۆ پێی وایە پێویستە لە بەرامبەر ئەمانەدا بەرگری لە دیموکراسی بکەین. لێرەدا دووبارە بابەتی توندوتیژی و کوشتار دێنێتەوە گۆڕێ.

ئەو ئاماژە بەوە دەدات تەنانەت گەر ئێمە نەتوانین بە یەکجارەکی کوشتن و بڕین بنەبڕ بکەین، بەڵام کوشتار هەرگیز ڕەوایەتی نییە. بەم شێوەیە ئێمە ناتوانین باس لە ڕەوایەتی کوشتن بکەین؛ تەنانەت گەر نەشتوانین کوشتن لە شارستانی مرۆڤایەتی بنەبڕ بکەین.

لێرەدا دوو پرسی سەرەکی بۆ کامۆ دێتە ئاراوە:

یەکەم: بوونی ناچاریانەی توندوتیژی لە مێژووی مرۆڤایەتی. ئەو پێی وایە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی توندوتیژی بە ناچاریانە بوونی هەبووە. بەڵام هاوکات دەڵێت بە هیچ جۆرێك پاساو نادرێتەوە و شایانی پەسندکردن نییە؛ جا لەژێر دروشمی هەر ئایدۆلۆژیایەک بێت. لە ڕاستیدا کامۆ ئەمە لە دژی کۆمۆنیستەکان دەڵیت. کەواتە ناتوانێت بە بانگەشەی لە پێناو شۆڕش، پاساو بۆ توندوتیژی بهێنرێتەوە. توندوتیژی لەژێر هەر دروشمێک بێت شۆڕش بێت یان نە، هەر توندوتیژییە و ڕەوایەتی پێ نابەخشرێ و هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەل توندوتیژییەکانی تر، وەک ئەوەی فاشیستەکان دەیانکرد.

دووەم: خاڵێکی دیکە، کە زۆر گرنگە ئاماژەی پێ بدرێت، کامۆ لە سیمینارێک لە تەلاری (باگرامی پاریس) ئاماژە بەوە دەدات، لە کۆمەڵگای تۆتالیتار هەرگیز گۆڕانکارییەک ڕوو نادات؛ گەر  گۆڕانکارییەکیش ببێت تەنها ئاراستەی ھەنگاونانە بەرەو هاتنە ئارای دڕندەیی و ترسی زیاتر، واتە لە کۆمەڵگای تۆتالیتاریزم هەمیشە لە خراپەوە بۆ خراپ تر دەڕۆین. بەم شێوەیە کامۆ پێداگری لەسەر ئەوە دەکات ناتوانین لەو باوەڕەدا بین لە کۆمەڵگایەکی تۆتالیتاری وەک یەکێتی سۆڤیەت،  ھیچ کات گۆڕانکارییەک ڕوو بدات لەم سیستەمەدا بەرەو ئاراستەی شتێکی  باشتر، چونکە ئەم ترس و تۆقینە دەرفەتی ئەوە نادات.

ئەلبێر کامۆ (١٩١٣-١٩٦٠) نووسەر و فەیلەسووفی فەڕەنسی

لایەنێکی زۆر گرنگ، کە کامۆدا باسی لێوە دەکات، پەیوەستە بە کایەی فەلسەفەی سیاسی و ناڕەوایەتی توندوتیژییەوە، بریتییە لە پەیوەندی نێوان ئامانج و ئامراز. (گاندی و لۆتەرکینگ ھتد…) بە گشتی هەموو ئەو بیرمەندانەی لەم کایە و پاوانانە لێکۆڵینەوەیان کردووە جەختیان لەم لایەنە کردۆتەوە؛ کامۆش لەمە بەدەر نەبووە. ئەو لەو باوەڕەدا بوو ترس و تۆقین کاتێک خۆی بە ڕەوا دەزانێت کە ئامانج، ئامڕاز ڕەوا بکات. لە ڕاستیدا لێرە ڕووی گوفتاری ڕووەو (لینینیزم و مارکسیزمی لینینیزمییە). لە کتێبی مرۆڤی یاخیدا ناوی (لینین) دەھێنێت. کامۆ بە تەواوەتی دژی ئەو جۆرە بیرکرنەوە فەلسەفیانەیە، کە تێیدا ئامانج، ئامراز ڕەوا دەکات. هەروەها دژی هەموو ئەو جۆرە گۆشەنیگا فەلسەفیانەیە، کە بەڵێنی (یۆتۆپیایەک) بەھەشتێکی ونبوو یان بەھەشتێکی نوێ دەدەن. بەم شێوەیە کامۆ ناکۆکە لەگەڵ ئەوانەی بەختەوەری مرۆڤەکان لە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا یان لە مرۆڤی باڵای نازیزم دەبینن.

کامۆ باس لەوە دەکات، چ شتێک دەبێتە هۆی ئەوەی ئێمە لە سیاسەتێکی میانەڕەوەوە، کە پێویستە دانوستانکار بێت، لەپڕا ڕوو دەکەینە زەمینەیەکی نێودەوڵەتی، کە تۆتالیتاری تێدا بوونی هەیە و ناخۆویستانە دەکەوینە بەرامبەر دەمارگیری ئایدۆلۆژیاوە؟ وەڵامی کامۆ لێرەدا ئەوەیە هۆکاری ئەوەی ڕووبەڕووی دەمارگیری و ئایدیۆلۆژی دەبینەوە ئەوەیە، چونکە بەرپرسیارێتی ئاکاری لە ناو دەچێت. بەم شێوەیە دەمارگیری و ئایدیۆلۆژی ھیچ جۆرە بەرپرسیارێتییەکی ئاکاریانەیان نییە، واتە بە بانگەشەی ئەوەی من بڕوام بەمەیە و تۆ لە ناو دەبەم، گەر تۆش بڕوات بەوە نییە، پەیوەندی بە منەوە نییە، دەبێت وەک منت لێ بێت. بۆ کامۆ پرسێک زۆر جێی بایەخە ئەگەر دیموکراسی لەسەر بنەمای گفتوگۆ و دانوستانە، کەواتە پێویستە دەوڵەت بەرپرسیارێتی ئاکاری ھەبێت و وەڵامدەرەوە و بەرپرسیار بێت بەرامبەر بە ھاوڵاتیان. لە کاتێکدا لە تۆتالیتاری و سیستەمی ئایدیۆلۆژییەکان هەرگیز وەها نییە و بە پێویستی نازانن بەرپرسیار بن و وەڵامدەرەوە بن. لە ڕاستیدا لەم جۆرە سیستەمانەدا ھاوڵاتیان بە مرۆڤ هەژمار ناکرێن و بە سووکی و بچوکی تێێ دەڕوانن. 

“من فێربووم، ھیچ حەقیقەتێک لەسەرووی ژیانی مرۆڤێکەوە دانەنێم”.

پرسیارێک، کە لێرەدا دەتوانین بخەینەڕوو ئەوەیە، ئەو دەمارگیری و ئایدیۆلۆژیەی کامۆ باسی لێوە دەکات لە چ کاتێک بە دیار دەکەوێت؟ کامۆ وەڵامێکی سەرنجڕاکێش دەداتەوە و دەڵێت: “کاتێک لەسەرووی ژیانی مرۆیی حەقیقەتێک دابنرێت”. لە بری ئەوەی لەسەر تاکە کەسەکان قسە بکریت، باس لە حەقیقەتگەلێک بکرێت، کە مرۆڤ نییە و شێوەی نییە، لە بنەڕەتدا کەسیش نازانێ ئەمە چییە و لە هەمان کاتدا حەقیقەتێکی ڕەهایە و ھیچ کەسێکیش دەستی پێناگات. کامۆ لێرەدایە، کە ھەڵوێستی خۆی وەردەگرێت و دەڵێت: “من دوو ساڵێک دەبێت فێربوومە، ھیچ حەقیقەتێک لەسەرووی ژیانی مرۆڤێکەوە دانەنێم”. ئەمە لەو کاتەدایە، واتە لەو قۆناغەیە لە ژیانی کامۆ، کە بۆ ماوەی نزیک بە دوو ساڵ دەبوو وازی لە ئەندامێتی کۆمۆنیستەکان هێنابوو.

بەرهەمەکانی کامۆ تەواوکاری یەکدین، ئەو لە پاڵ قسەکانی پێشووی، بە هەمان شێوە لە شانۆنامەی (Etat de Siège) گووتەیەکی ھەیە کە زۆر لەمە دەچێت و دەڵێت: “ھیچ کەسێک ئەوەندە زاڵ نییە بەسەر خۆیدا (تقوا)، بشێت دەسەڵاتی ڕەهای پێ بدرێت).

ھەر بەو جۆرەی دەزانن لەو ساتەوەختەدا دەسەڵاتی سەربازی لە ئیسپانیا دەست بەکار بووە، هاوکات کامۆ لە ڕووی ڕیشەییەوە زۆر لە ئیسپانیا نزیک بووە، پرسە سەرەکییەکەشی دژایەتی کردنی دەسەڵاتی (فرانکۆ) و پشتیوانی کۆماریخوازان بوو. ئەم ڕەهەندەش پرسی سیاسەت و حەقیقەت دەوروژێنێت، کە نابێت دەسەڵاتی ڕەها بدرێت بە هیچ کەسێک، چونکە ئەگەر دەسەڵاتی بێ سنووری پێ بدرێت، بەرپرسیارێتی ئاکاری و سیاسی نامێنێت.

پێویستە ئاماژە بەم لایەنەش بدرێت بەر لەوەی وردتر باسی کۆمۆنیزم و مارکسیزم بکەم لە ڕوانگەی کامۆ، ئەو گۆشەنیگا و ئاسۆیەکی دیکە بۆ خوێنەرانی دەخاتەڕوو، کە زۆر نزیکە لە بیروبۆچوونەکانی (کارل پۆپەر) لە (کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی)، بەبێ ئەوەی پۆپەری خوێندبێتەوە، ئەم لایەنەش پرسی فەلسەفەی مێژوو یان مێژووباوەڕییە (historicism ).

کامۆ یەکێکە لە ڕەخنەگرانی مێژووباوەڕی، ئەو لەو باوەڕەدایە ناکرێت چەند یاسایەکی مێژوویی ناچارەکیانە هەبێت و بگووترێت لەسەر بنەمای ئەم یاسایانە، ڕەوەندی پەرەسەندنی مرۆیی لە کۆیلایەتییەوە دەگۆڕێت بۆ دەرەبەگایەتی (فیودالیزم) و دواتر بۆ سەرمایەداری و لە سەرمایەداریەوە بۆ سۆسیالیزم. کامۆ پێی وایە ئەمە بێ واتا و بەهایە؛ بەڵام ئەو ڕەهەندەی بۆ ئەو گرنگترە دەرەنجامی مێژووگەراییە، کاتێک خۆی وەک هاوکێشەیەک دەخاتەڕوو، لێرەدا دووبارە دەکەوێتە سەرووی مرۆڤەکانەوە، بەم شێوەیە خۆی دەسەپێنێت و بەهۆی ناچارەکی مێژووییەوە چارەنووسی ژیانی مرۆیی دەستنیشان و لە قاڵب دەدات. لە ڕاستیدا ئەمەش شایانی پەسندکردن نییە.

لێرەدایە ئاراستەی ڕەخنەی کامۆ لە ڕژێمی سۆڤییەتییەوە بەرەو ڕەخنە لە مارکسیزم دەڕوات وەک زۆر کەسیتر بۆ نموونە (ئۆکتاڤیۆ پەز=Octavio Paz Lozano) و سوریالیستەکان، کە لە ڕەخنەگرتن لە سۆڤیەت دەستیان پێکرد و پاشان بەرەو ڕەخنەگرتن لە مارکسیزم و خودی مارکس هەنگاویان ناوە. کامۆش هەمان ڕەوەند و ئاراستەی گرتۆتەبەر.

لێرەدا سەرنج دەخەینە سەر پەیوەندی کامۆ و کۆمۆنیزم، کە پەیوەندییەکی زۆر گرنگە و زۆری دەربارە نووسراوە. بەپێی ئەوەی لە پێشترەوە گووتمان لەسەر زاری کامۆ، لەسەر بنەمای ئەو ھەستەی کامۆ هەر لە سەرەتاوە لە بەرامبەر بەدبەختی مرۆڤەکان هەیەتی، چونکە ئەو لە چینی کرێکار و ھەژارە دێت و زۆر ھەوڵیداوە تاکو ببێت بە کامۆ، تەواوی قۆناغەکانی زۆر بە ئەستەم بڕیوە، لەگەل ئەوەی نەخۆشی سیلی هەبووە؛ بەڵام بەهەر حال ئەم خاڵە زۆر گرنگە، چونکە دوو خاڵی تری لەخۆ گرتووە و ئەو بنەمایانەن کامۆیان کردۆتە کامۆ و پێیانگەیاندوە.

کامۆ لە ساڵی (١٩٣٥) پەیوەندی دەکات بە حیزبی کۆمۆنیست و لە ساڵی (١٩٣٧) وازیان لێ دێنێت. لەبەرچی دەبێتە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیست، چونکە کاتێک دەڕواتە ئامادەیی و دواتریش زانکۆ، بە درێژایی ئەو کاتەی خوێندوویەتی کاری کردووە بۆ دابینکردنی تێچووی خوێندنەکەی. بەهۆی زیرەکییەوە بۆرسەی خوێندنی پێدەدەن. بنەماڵەکەی ناتوانن تێچووی خوێندنەکەی بۆ دابین بکەن و باوکی کامۆ لە جەنگی جیھانی یەکەم کوژراوە. (کامۆ لە ھەرزەکاریدا یاریزانێکی زۆرباشی تۆپی پێ بووە، تەنانەت لە تیپێکی جەزائیری یاری کردووە و هاوکات مەلەوانێکی زۆرباش بووە؛ بەڵام کاتێک نەخۆشی سیل دەگرێت دکتۆر پێی دەڵێت مەترسی مردنت لەسەرە نابێت ئەم دوو یارییە بە شێوەی پیشەیی ئەنجام بدەی، لەبەر ئەمەش وازیان لێ دەھێنێت).

blank
ئەلبێر کامۆ لە تیپی تۆپی پێی RUA سێیەم کەس لە چەپەوە، دانیشتووەکان.

کامۆ کاتێک دەڕواتە قۆناغی ئامادەیی ئاشنای مامۆستای فەلسەفە (ژان گرۆنییە) دەبێت. کاریگەری زۆر ڕیشەیی هەبووە لەسەر کامۆ و لە هەموو یادەوەرییەکانیدا باسی لێوە دەکات. (ئەم مامۆستایە دواتر دەبێت بە مامۆستا لە زانکۆی سۆربۆن). گرۆنییە، کامۆی ئاشنا کرد بە ئەدەبیات و فەلسەفە و خودی کامۆش خوێندکارێکی زۆر بە توانا بووە، ئەم مامۆستایە پشتگیری دەکات و یارمەتی دەدات بۆ وەرگیرانی لە زانکۆ و دواتر خودی ژان گرۆنییەش دەچێتە زانکۆی سۆربۆن و لەوێشدا دووبارە دەبێتەوە مامۆستای.

لێرەوە پەیوەندی بە چەپەوە واتادار دەبێت، گرۆنییە خۆی دەچێتە ناو حیزبی کومۆنیست و بە کامۆش دەڵێت تۆش وەرە و بەشدار بە، بەڵام کاتێک کامۆ دەبێت بە ئەندام لە حیزبی کۆمۆنیست، ژان گرۆنییە واز دەهێنێت و دەکشیتەوە لە کۆمۆنیست. دواتر کامۆ نامەی بۆ دەنووسێ و دڵگران دەبێت، چونکە لە ڕاستیدا لەسەر داوای مامۆستاکەی بۆتە کۆمۆنیست. لەنێوان ئەم قوتابی و مامۆستایە نامەگەلێک ئالوگۆر بوونە و ماونەتەوە و دەتوانن بیخوێننەوە.

blank
ئەلبێر کامۆ و ژان گرۆنییە

پاش وازهێنانی لە کۆمۆنیست لە ساڵی (١٩٣٧) پاش ساڵێک واتە (١٩٣٨) لە نامەیەک بۆ مامۆستاکەی دەڵێت: “تاکە بیانووی من لە پەیوەست بوونم بە حیزبی کۆمۆنیست ئەگەر بیانووم ھەبێت ئەوەیە، ناتوانم خۆم لەوانە جیابکەمەوە، کە لە ناویاندا لە دایک بووم (چینی کرێکار و ھەژار)؛ بەڵام کۆمۆنیست بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە ئامانجی ئەوانی خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە”. بۆ یەکەمجار نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت و دواتر بەردەوامیش دەبێت. کامۆ بە بەردەوامی باسی ئەوە دەکات، کە بەشدار بوونی لە حیزبی کۆمۆنیستی بە هەڵکەوت بووە و پەشیمانی و ڕەخنەکانی تا کۆتایی ژیانی بەرچاو دەکەوێت. لە بەرامبەردا کۆمۆنیستەکانیش زۆر بە توندی ململانێی دەکەن و ڕێگری لە چالاکییەکانی دەکەن.

کامۆ، مارکسیزم بە یەکێک لە خوداسالارە تۆتالیتاریزمەکان دەزانێت، واتە مارکسیزم وەک ئایینێکی نوێ دەبینێ.

کامۆ لە کتێبی مرۆڤی یاخی بەشی یاخیبوونی مێژوویی، گەنگەشەی مارکس و مارکسیزم دەکات. من لێرەدا باس ڕەهەند و گۆشەنیگا جیاوازەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی کامۆ دەکەم، وەک گووتمان یەکێکیان میژووباوەڕییە، یەکێکی تریان پرسی حەقیقەتە و ئەویتریان تێڕوانینی جیاوازی بۆ سیاسەتە. لێرەدا ئەوەی بۆ ئەو زۆر جێی بایەخە پرسی (خوداسالاری تۆتالیتاریزمی سەدەی بیستەمە). کامۆ، مارکسیزم بە یەکێک لە خوداسالارە تۆتالیتاریزمەکان دەزانێت، واتە مارکسیزم وەک ئایینێکی نوێ دەبینێ. لە ڕاستیدا ڕەخنەیەکی ئەو بریتی بوو لەوەی مارکسیزم ئایینێکی نوێیە و ئاراستەی بەرەو مەسیحیەتی نوێیە، هەروەها فەلسەفەی مێژووەکەشی ھەر ئەوەیە، تاکە جیاوازی ئەوەیە لە بری بە پیرۆزکردنی خودا، مێژوو بە پیرۆز دەزانێت.

لێرەدایە لەگەڵ کارل پۆپەر زۆر لێک دەچن. لە ھەمان بەشی یاخیبوونی مێژوویی، (لینین) بەوە تاوانبار دەکات، کە ھەنگاوێکی گرنگی بە ئاڕاستەی ئیمپراتۆریەتی سەربازی ناوە.

دواتر لە نووسینەکانیدا باس لە دوو ئیمپریالیزم دەکات و ئەم دوو وشەیە بەکار دەھێنێت، ئیمپریالیزمی سۆڤیەتی و ئیمپریالیزمی خۆرئاوایی. ئەو لەگەڵ ھەردووکیان ناکۆک و ناتەبایە، واتە هەم لەگەل سیستەمی داگیرکاری فەرەنسی و داگیرکارییەکانی دیکە ناتەبایە، هەم لەگەڵ سیستەمی سۆڤییەت و ڕێچکەگرانی؛ چونکە ئەو لەو باوەڕەدایە کۆمۆنیزم نەک هەر نادادپەروەری لە ناو نەبردووە، بەڵکو پەرەشی بە نادادپەروەری داوە. ئەمەش پرسێکی زۆر گرنگە لە دیدی ئەوەوە.

کامۆ خۆی دەخاتە بارودۆخ و پێگەیەکەوە، وەک چۆن لە خوارەوەی کۆمەڵگاوە ھاتووە و خۆی بە نوێنەری بەدبەخت و لێقەوماوانی کۆمەڵگا دەزانێت و دەڵێت، ئێوە لەبەر چی تەنها بۆ بەدبەختی مرۆڤەکان قسە دەکەن. ئەو چەمکەی بۆ ئەم بێ هەڵویستە قسەکەرانە دادەنێت بریتییە لە (on chair philosopher) فەیلەسوفانی سەر کورسی یان فەیلەسوفانی تەماشاکەر. ئێوە تەنها لە ماڵەوە دانیشتوون و قسە دەکەن، مرۆڤەکان بەدبەختن وا دەمرن، بەڵام ئێوە بە ناونیشانی ڕۆشنبیرانی چەپ، تەنھا قسە دەکەن. دەبێ ئاماژە بەوە بدەم کامۆ ئەمانە زۆر بە توڕەییەوە دەڵێت، ئەم توڕەییە لە نووسینەکانیدا هەست پێدەکرێت. تەنانەت مامۆستاکانی من (جەهانبەگلوو)، کە ھاوسەردەمی کامۆ بوون ئەم تورەییەیان تێدا دەبینرا، چونکە ئەوانیش لە قۆناغێکی ژیانیاندا چەپ بوون و دواتر جیابوونەتەوە، دواتریش ڕەخنەی توندیان لە مارکسیزم دەگرت. لەم نێوەندەدا شتێک سەرنجی ڕاکیشام، کامۆش هاوشێوەی مامۆستاکانم لایەنگری بزوتنەوەکان بوو، وەک بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی (ھەنگاریا) لە ساڵی (١٩٥٦) کە یەکەم شۆڕشی دژ بە کۆمۆنیزمی و (ستالینی) بوو. کامۆ وتارێکی لەم بارەیەوە نووسیوە و بەرگری لەم بزوتنەوەیە دەکات. زۆرێک لە نووسەر و ڕۆشنبیرانی ئەوروپا (کەمتر ئەمریکا) دوورکەوتنەوەیان لە کۆمۆنیزم لەوێوە دەستی پێکرد، واتە پێش ڕووداوی پراگی (١٩٦٨) لە چیک. کامۆ لە ساڵی (١٩٦٠) لە ڕووداوێکدا پێش بەھاری پراگ دەمرێت. ڕەنگە کۆمەڵە کەسێک بڵێن کامۆ بۆ تەنها دژایەتی کۆمۆنیستەکان دەکات و لە ئاست ئیمریالیزمی ڕۆژئاوایی خۆی بێدەنگ کردووە؟ بەڵام لە ڕاستیدا ئەو لە بەرامبەر ئیمپریالیزمی خۆرئاوایی بە ھەمان شێوە ڕەخنەیی ھەبووە. گەر وردبین بین دەبینین کامۆ لە ساڵی (١٩٥٣) دەربارەی ڕۆزەنبێرگەکان، ئەو ژن و مێردە کۆمۆنیزمەی بە تۆمەتی سیخۆری ئەمریکییەکان گرتنیان و کوشتنیان، لە سەردەمی مەک کارتیزم، وتارێک بڵاو دەکاتەوە و تێیدا لۆمەی ئەم تاوانە دەکات و ڕەخنە لە ئەمریکا و کوشتنی کۆمۆنیزمەکان دەگرێت.

هەروەها لە بەرامبەر ئاندرێ مالرۆ، گەورە بیرمەندی ئەدەبیات و وەزیری ڕۆشەنبیری، هەروەها فەرانسۆ مۆریاک، کەسێک وەک کامۆ و خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی بردۆتەوە، دژایەتی گۆلیزم دەکات. (مەبەست ڕەوتی هزری جەنەرال دۆ گۆلە. وەرگێر) لە سەردەمی پاش جەنگ گەورەترین کەسایەتی سیاسی فەرانسا جەنەرال (دۆ گۆل) بوو. هەر ئەم جەنەرالەیە کۆماری پێنجەم بوونیاد دەنێت و کۆتایی بە جەنگی جەزائیر دێنێت، لەگەل هەموو ئەو دژایەتییەی کە لەگەڵیدا کرا.

کامۆ دژی ڕەوتی گۆلیزمە، واتە دژی نەریتی سیاسی ڕیچکەگرانی جەنەرال دۆ گولە ، کە تەنانەت هەتا ئێستاش بەردەوامە، بە جۆرێک لە جۆرەکان (سارکۆزی) سەر بەو ڕەوتەیە.

مەبەستم لێرەدا ئەوەیە، لە دید و گۆشەنیگای منەوە لە بری ئەوەی بڵێین کامۆ سەر بە ڕەوتی چەپ، کۆمۆنیزم یان ڕاستە، دەبێت بڵێین کامۆ، کەسێکی ڕادیکاڵە؛ بەڵام ڕادیکاڵ بە واتای ئەوەنا تیشێرتی ڕادیکاڵ بپۆشێ، بەڵکو بە واتای زەینی و هزری. واتە مرۆڤێکە گوفتاری، کرداری، هزر و بیروبۆچوونەکانی، نووسەریەتی و ھونەرمەندییەکەی ڕادیکاڵییە. لە دەرەوەی ھەر حیزب و ئایدیۆلۆژییەک ئەم ڕادیکاڵییەی ھەیە، هەر ئەمەش سەرنجراکێشتری دەکات.

 کۆتا خاڵ لە درێژەی ڕەخنەکانی کامۆ دەربارەی کۆمۆنیزم مابێت ئاماژەی پێ بدەین، بریتییە لەو تێڕوانینەی لە ساڵی (١٩٣٧) لە یاداشتەکانی لە درێژەی باسی فەیلەسوفانی سەر کورسی، وەک من ناوم ناوە فەیلەسوفانی یەکشەممان. دەڵێت “من ماندووم بوومە لە وتارەکانی ڕابەرانی کۆمۆنیزم” و ئەم ڕستەیە دەڵێت: “ھەر کاتێک وتاری ڕابەرانم دەبیستم یان دەخوێنمەوە لەوەی ساڵانی ساڵە ھیچ پەیامێکی مرۆییم بەر گوێ نەکەوتووە ترس دامدەگرێت.” کامۆ ھەژاری و بەدبەختیەکان بە تایبەت هی جەزائیرییەکان لە تای تەرازووی قسەکانی حیزبی ڕاست یان چەپ دادەنێت.

سێ ساڵ بەر لە مردنی، تێڕوانینەکانی ڕادیکاڵتر دەبن، بە تایبەت لە بەرامبەر مارکس و مارکسیزم، لەم بارەیەوە دەڵێت: “من ئەگەرچی سەردەمانێک کومۆنیست بووم، بەڵام هەرگیز مارکسیست نەبووم”.

هەروەها لە یەکێک لە نامەکانی بە (ژان گرۆنییە)ی مامۆستای دەڵێت: “من ھەمیشە دژی ئەو بابەتەم، کە بەرگێک لە کتێبی سەرمایەداری مارکس لەنێوان ژیان و مرۆڤەکان دابنێم”. وەک دووبارە دەیبینن بەردەوام دژی هەموو جۆرە ئایدلۆژییەکە.

“لە ڕاستیدا من لە مارکسەوە فێری ئازادی نەبوومە، لە ھەژارییەوە فێری ئازادی بووم”.

وەنەبێت تەنها کامۆ ڕەخنەی لە کۆمۆنیستەکان گرتبێت، بەڵکو کۆمۆنیستەکانیش لەبەرامبەردا لە کاتی بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانی کامۆ ڕەخنەیان ئاراستە دەکرد. بۆ نموونە (ئیمانوێل ئەستی) لە کاتی بڵاوبوونەوەی وتاری کامۆ لە دژی کۆمۆنیزم، وتارێکی تێروتەسەل دەنووسێت و  کامۆش وەڵامی دەداتەوە و تاکە کەسیشە وەڵامی درابێتەوە. یەکێک لەو ڕەخنانەی لە کامۆ دەگرێت ئەوەیە دەڵیت، تۆ هیچ لەبارەی ئازادییەوە نازانی، چونکە مارکست نەخوێندۆتەوە. کامۆ لە وەڵامدا دەڵێت: “لە ڕاستیدا من لە مارکسەوە فێری ئازادی نەبوومە، لە ھەژارییەوە فێری ئازادی بووم”. ساڵێک دواتر لە ساڵی (١٩٥٨) لە یاداشتێک لە گۆڤاری (سپێکتەک) بەراوردی نێوان کارل مارکس و دۆستۆیڤسکی دەکات و هەروەها لە مرۆڤی یاخیش هەندی شت بەرچاو دەکەوێت و دەڵێت: “بۆ ماوەیەکی درێژ ئێمە پێمان وابوو مارکس پەیامبەری سەدەی بیستەمە، بەڵام ئێستا دەزانین پێشبینی مارکس شکستی ھێناوە و پەیامبەری ڕاستەقینە دۆستۆیڤسکی بووە”. بەدڵنیاییەوە کەسانێک دۆستۆیڤسکیان خوێندبێتەوە دەزانن چەندە کامۆ سەرسامە بەو و لەمە باشتر تێدەگەن. من ئەنجامگیری دەکەم، ڕەخنەی کامۆ لە ئایدیۆلۆژی، کۆمۆنیزم، مارکسیزم و ئایدیۆلۆژیای ڕەوتی ڕاست، دوو ئاراستەی ھەیە: ئاراستەی یەکەم ئەگەر کۆمۆنیزم لەبەرچاو بگرین، ڕەخنەی لە حزبی کۆمۆنیستی جەزائیر و فەڕەنسایە، واتە خودی حیزب، دەڵێت من نەفرەت لەم ڕابەرانە دەکەم و بێتاقەتم لێیان. ڕەخنەی دووەمی ڕووەو ئایدیۆلۆژییە، ئەم دووانە لێکدی جیاوازن، یەکێکیان ئەزموونی تاکەکەسیانەیە، کە شکستی ھێناوە، ئەو شتەی بیری لێکردۆتەوە بە دەستی نەھێناوە، واتە کۆمۆنیستەکان دەڵێن ئێمە لایەنگری کەسانی بەدبەختین، بەڵام ھیچ بەرگرییەک ناکەن. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە لە دوایی مردنی کامۆ، زۆر نووسەر، کە تەنانەت ھەندێکیان فەرەنسیش نین، چاوپێکەوتن لەگەڵ چەند عەرەبێکی جەزائیری موسڵمان دەکەن، کە کۆمۆنیست بوون، ئەوان دەڵێن کە کۆمۆنیستە فەڕەنسییەکان ڕێگەخۆشکەر نەبوون لەوەی عەرەبەکان بێنە نێو حیزبەکە و بەربەستیان دانابوو بۆ عەرەبەکان بۆ گەیشتن بە پلەی باڵا لەناو حیزبی کۆمۆنیستی. یەکێک لەوانە (عەمار ئۆزگان) بوو و لەم بارەیەوە دەڵێت: “ئێمە وازمان لە وەهمی کۆمۆنیزمی و حیزبی کۆمۆنیستی جەزائیر هێناوە”.

“مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی ھەڵەکانیانە، نەک مێژووی دیاردەکانیان”

 کامۆ لە وەڵامی (جۆن ماری دۆمیناک) لە گۆڤاری تێموا لە ژمارەی ٩ ھاوینی  ساڵی (١٩٥٥) دووبارە باس لەوە دەکات بۆ کۆمۆنیست بووە و دەڵێت: “من لە خێزانێکی چەپ لە دایک بووم و بەداخەوە خۆم لەم زەمینەیەدا دەبینمەوە، ھەمیشەش داڕووخانیم بینیوە، کە ئەم داڕووخانە دڵگرانم دەکات”. مەبەستی داڕووخانی ڕەوتی چەپە. دژایەتی کامۆ لەگەڵ کۆمۆنیزم و سەرمایەداری سێ ھۆکاری ھەیە: ١.تێڕوانینی کامۆ بۆ بابەتی مێژووە. ئەم بابەتە لە کتێبی(قەیرانی مرۆڤ) تاوتوێ دەکات و دەڵێت: “مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی ھەڵەکانیانە، نەک مێژووی دیاردەکانیان”.

٢. تێڕوانینی کامۆ بۆ بابەتی حەقیقەت، کە ھەر لەم وتارەدا (قەیرانی مرۆڤ) دەڵێت: “حەقیقەت وەک بەختەوەری سادە و بێ مێژووە”.  ھەموو ئایدیۆلۆژیەکان دەڵێن حەقیقەت مێژووی ھەیە و مێژووییە، ڕەوتی حەقیقەت دیاریکراوە ھەر بەو شێوەی ڕەوت و ڕەوەندی پێشکەوتن دیاریکراوە؛ بەڵام کامۆ دەڵێت هەرگیز بەم شێوە نییە.

٣. تێڕوانینی سێیەم و کۆتایی بابەتی سیاسەتە، کە کامۆ دەڵێت: “ئامانجی سیاسەت ئامادەکردنی جیھان و گونجاندنی لەگەڵ ئینجیلی (دەقی پیرۆزی) سیاسی و ئاکارینییە). واتا سیاسەت ئەوە نییە ئینجیلێک بێنیت و بڵێیت من دەمەوێت بەم ئینجیلە دونیا بگۆڕم. دەڵێت: “سیاسەت بوژانەوەی ماڵی ئێمەیە نەک گرنگیدان بە پرسە درۆیینەکانمان”.

ئێوە لێرەدا نووسەرێکتان هەیە، کە هزرینێکی تۆکمە و یەکگرتووی هەیە، لە هەمان کاتدا وەک هونەرمەندێک زۆر هەستیارە و زۆر ڕەنج و چەرمەسەری دیوە، بەڵام هەوڵ دەدات لە دژی ئەو ئایدلۆژیانەی لە ئارادابوونە (کۆمۆنیزم و سەرمایەداری) بوەستێتەوە و فەلسەفەیەکی نوێ پێشکەش بکات.